گه‌مه‌ی هه‌واڵگرى - ئۆپەراسێۆنی (٠٠٧)ی موساد به‌نمونه‌

PM:05:37:06/04/2019
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی


یەحیا عیزەت
نوسەر

چالاكییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتان، یه‌كێكه‌ له‌ڕێگه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی پاراستن وپته‌وكردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆیان وكۆكردنه‌وه‌ی زانیاری وزانینی خاڵی لاواز وبه‌هێزی به‌رامبه‌ره‌كانیان، جا ئه‌گه‌ر ئیتر ئه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ر دۆست بن یان نه‌یار، هه‌بوونی زانیاری ده‌رباره‌یان سه‌رمایه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆده‌وڵه‌ت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یاربن، ئه‌وا سه‌نگ وبایه‌خی زانیاریه‌كان زۆرتر وبه‌سود تر ده‌بن، ئه‌گه‌ریش زانیارییه‌كان له‌باره‌ی چه‌ك وجبه‌خانه‌ وتوانای سه‌ربازیی نه‌یاره‌كانه‌وه‌بێت، ئه‌وان بێگومان  بایه‌خی گه‌وره‌ وسه‌نگی گه‌لێك زیاتری هه‌یه‌ و شایه‌نی ئه‌وه‌یشه‌ له‌پێناو وه‌ده‌ستهێنانیدا هه‌وڵی زیاتر به‌گه‌ڕبخریت وخه‌رجی زیاتری بۆ بكرێت.


ئیسرائیل سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی نوێیه‌ له‌ڕووی پێكهاته‌ ودامه‌زراوه‌ییه‌وه‌ له‌چاو ئه‌و پاشخانه‌ی ده‌وڵه‌تانی تری ناوچه‌كه‌ هه‌یانه‌ له‌ڕووی خاوه‌ندارێتی خاكی خۆیان وبه‌ڕێوه‌بردنی ژێرده‌سته‌كانیانه‌وه‌ وشاره‌زاییان ده‌رباره‌ی یه‌كتر، كه‌چی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌، وه‌ك هێزێكی شاراوه‌ی قه‌به‌ وێناده‌كرێت له‌ناوچه‌كه‌دا ویار ونه‌یاری ئیسرائیل حسابی بۆ ده‌كه‌ن.


له‌شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل، ئۆپه‌راسیۆنێكی گرنگ ئه‌نجام ده‌دات بۆ زانین وپه‌ی بردن به‌توانای فڕۆكه‌وانی وسه‌ربازی عێراق، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ باسێكه‌ له‌باره‌ی چۆنێتی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ودیوه‌ شاراوه‌كانی.

بیرۆكه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه وشكستی یه‌كه‌مجار‌


ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، گەڕێکی توندی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی جارانی بەخۆوە بینی، جەنگی ساردی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان، تیایدا گەشتە لوتکە. هەردوولا لە پێشبڕکێیەکی خێرادابوون بۆ بەدەستهینانی چەکی پێشکەوتوو مۆدێرن لەگەڵ ڕاکیشانی زۆرترین دۆست وهاوپەیمان بەلای خۆیاندا، لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەشدا یەکێتی سۆڤیتی جاران هەستا بە بەرهەمهینانی جۆرێکی ناوازەو پێشکەتوو لەفڕۆکەی شەڕکەر، بەناوی فڕۆکەی (میگ- ٢١)، کە هەڵگری چەند تایبەتمەندیەکی جیاوازو ئاستیکی بەرزی هونەری تەکنیکی بوو بە بەراورد بە جۆرەکانی تری فڕۆکەی بەرهەم هاتوو لەو سەردەمەدا، کە خێرایی فڕۆکەکە لە خێرایی دەنگ زیاتربوو، لە هەمانکاتدا لە ڕوی قەبارەوە گەورەتر بوو لە فڕۆکە فەڕەنسی وئەمریکییەکان، پێدانی ئەم جۆرە فڕۆکەیە بەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەدوای  بەستنی پەیماننامەیەک هات لەنێوان هەریەکە لە وڵاتانی(عێراق، میسر، سوریا) لە لایەکەوە و یەکێتی سۆڤیەت لەلایەکی ترەوە، لە چارەکی یەکەمی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کە دەرگای بەڕووی پەیوەندی دیبلۆماسی و ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان ئەم دولایەنە کردەوە، بۆ یەکەمن جار ساڵی( ١٩٦٥) یەکیتی سۆڤیەت هەستا بەفرۆشتنی ئەم جۆرە لە فڕۆکەیە بەو وڵاتانە بە مەرجی پاراستنی  تایبەتمەندی ونهێنیەکانی دروستکردنی فڕۆکەکە، ئەم هەنگاوە لەکاتێکدا بوو سەرانی ئەم سێ دەوڵەتە، لەشەڕدابوون لەگەڵ نەیارێکی نوێی ناوچەیدا کە دەوڵەتی ئیسرائیل بوو.


دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل(مۆساد) ودەزگای هەواڵگری ئەمریکا(
CIA) لەهەوڵی بەردەوامدابوون بۆ دەستخستنی زانیاری لەسەر ئەم فڕۆکە نوێیەی یەکێتی سۆڤیەت، بۆ ئەم مەبەستەش ئیسرائیل یەکەم هەنگاوی خۆی لە(میسر)ەوە نا لەڕێگەی ئەفسەرێکی بەکرێگیراوەوە بەتیچوی (یەک)ملێۆن دۆلاری ئەمریکی سەرەنجام هەوڵەکە شکستی هێنا وئەنجامدەرانی ئۆپەراسیۆنەکەیش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەوە.

پلانێكی نوێ بۆهه‌مان ئامانج


هەوڵەکانی دەزگای مۆساد بەردەوام بوون بۆ ئەم مەبەستە، بەتایبەت دوای دەستبەکاربوونی (مائێرعامێت)وەک بەرپرسی نوێی دەزگاکە لەوپێناوەدا هەوڵدرا لەڕێگەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە فڕۆکەکانی میسر وسوریا ناچار بەنیشتنەوە بکرێن لە فڕۆکەخانەی تەلئەبیب، بەڵام بەهۆی خێرایی فڕۆکەی میگەوە پلانەکە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.


دوای بێ ئاکام مانەوه‌ی هەوڵەكان، دەزگای مۆساد بیری لە ڕیگەیەکی دیکە  کردەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی، بۆ ئەم مەبەستە هەستا بەدانانی  پلانێکی تەواو بۆ ئەنجامدانی کردەکە، بە ئامانجی بەرز ڕاگرتنی شکۆی دەوڵەتی ئیسرائیل ولەهەمان کاتدا سەلماندنی لێهاتوی (مائیرعامیت )، وەک بەڕێوبەری نوێی دەزگاکە، پلانەکە پێکهاتبوو لەبەکرێگرتنی یەکێک لە فڕۆکەوانە عێراقییەکان، چوار کەس بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کران کە بریتی بوون لە(نەقیبی فڕۆکەوان شاکرمەحمود یوسف، ملازمی یەکەمی فڕۆکەوان حامید ضاحی، نەقیبی فڕۆکەوان محمدغالب، چوارەمیان نەقیبی فڕۆکەوانی مەسیحی مونیر روفا ) کە چوارەمیان بەلای دەزگاکەوە ئاسانترین ئامانج بوو، بەوپیەی ناوبراو لە پێکهاتەی ئاینی مەسیحی بوو کەڕووبەڕووی جیاکاریی ئاینی، چەوسانەوەی زۆر بووبوونەوە لەسەر دەستی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق.

نێچیره‌كان یه‌كه‌كه‌ ده‌بن به‌تۆڕه‌كه‌وه‌


ساڵی ١٩٦٥ دەزگای مۆساد بروسکەیەکی لە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا(جۆن میکۆن)وە پێگەیشت، کەدەزگاکەی ئاگادارکردبوەوە لەگەیشتنی دوو فڕۆکەوانی عێراقی لەبنکەی میگ٢١وە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تەکساس، بەئامانجی بەشداری کردنیان لە خولێکی ڕاهێنان، داوای هەماهەنگی کردن  کرابوو بۆ بەکرێگرتنی یەکێک لەوانە، شایانی باسە هەمان ڕاپۆرت لەلایەن سیخوری ئیسرائیلی لەعێراق (عیزرا ناجی زلیخا) پشتڕاستکرابووەوە، کە ڕاسپێردراوی دەزگای مۆساد بوو، بۆ چاودێری کردنی نەقیبی فڕۆکەوان شاکر محمود یوسف، بە هەماهەنگی هەردوولا، سیخورێکی  ئەمریکی جوو بە ناوی( کرۆسر هێڵکەر) شۆخوشەنگ بوو ئامادە کرا بەئامانجی نزیک بوونەوە لە ناوبراو لە ماوەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، توانی لێی نزیک بێتەوەو پەیوەندییەکی سۆزداری بنیات بنین، لەدوای گەڕانەوەی شاکر لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، هێڵکەر بەدوای کەوت بۆ عێراق، لە میوانخانەی ئەبوو نەواس دابەزی و پەیوەندی بە شاکرەوە کرد، لە هەمانکاتدا، دەزگای مۆساد (عیزرا)ی ڕاسپارد بە هەماهەنگی کردن وچاودێری کردنی هێڵکەر.

شاکر ئاپارتمانێکی لە کەڕادەی ڕۆژهەڵات  لەسەر ڕوباری دیجلە بۆ (هێڵکەر) بەکرێگرت و تێیدا نیشتەجێ بوو، هەوڵی زۆری لەگەڵدا بۆ ئەوەی ڕازی بکات بە گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا، بەهۆکاری ئەوەی کە شاکر خێزاندارە ودۆخی خێزانی لەبار نییە بۆ مانەوەی، بەڵام بێ سوود بوو، هاتوچۆ وسەردانی شاکر بۆلای خۆشەویستەکەی بەردەوام بوو لە کەڕادە و لەدواین سەردانیدا، هێڵکر داوای لە شاکر کرد کە کاریان لەگەڵ بکات و زانیاری تەواویان لەسەر فڕۆکەکە بداتێ، لەمەودوا وەک سیخوڕێک کار بۆ دەزگای مۆساد وهەواڵگری ئەمریکا بکات وهەڕەشەی لە ناوبراو کرد بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کارە ئابڕوبەرانە کە لەنێوانیان تۆمار کراوە لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، شاکر بەمە زۆر توڕە دەبێت و دەستبەجێ دەکەوێتە لێدانی (هێڵکەر)، بەتوندی ئازاری دەدات، لەو کاتەدا(عیزرا) دێتە ژورەوەو بە دەمانچەی بێ دەنگ شاکر دەکوژێت و(هێڵکر) بەرەو لەندەن بەڕێ دەکات، پاش تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لەم کردەوەیە تەرمی (هێڵکەر) بە کوژراوی لە لەندەن دۆزرایەوە کە سەرچاوەکان ئاماژە بە کوشتنی ناوبراو دەکەن لە لایەن دەزگای مۆسادەوە، بەهۆکاری ئاشکرا نەبوونی کردەکە، چونکە ئەم ڕووداوە لەسەر وەختی تیوەگلانی ئیسرائیل دا ڕووی دا بوو، لە کەیسی کوژرانی ئیبن برەکە لە فەرەنسا.


بەڵام سەبارەت بە(ملازم حامد ضاحی) تەمەن بیست و شەش ساڵ، بەوپێیەی کە لەخانەوادەیەکی ناوداری ئاینی بوو، لەهەمانکاتدا لەماوەی دەستگیرانیدا بوو، لەگەڵ کچەمامەکەی، بۆیە ئاسان نەبوو بتوانرێت لە ڕێگەی تەڵەی هەنگوینییەوە ڕاوبکرێت، هەربۆیە پیشنیاری مانەوەی لە ئەمریکا و  پێدانی کارو بڕێکی زۆر پارەی بۆ کرا لەبەرامبەر کارکردنی بۆ دەزگای هەواڵگرى ئەمریکا، ناوبراو ڕاستەوخۆ بەرپرسانی سەروخۆی لەم هەوڵە ئاگادار کردەوە، بەمەبەستی گرتنە بەری ڕێ و شوێنی پێویست لەلایەن دەزگای هەواڵگری عێراقەوە بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانی گەڕانەوەی بۆ عێراق، لەکاتێکدا ناوبراو پشووی کۆتایی هەفتەی لەیەکێک لە یانە شەوانییەکاندا بەسەر دەبرد، لەکاتی کوژاندەوەی گڵۆپی یانەکە و دەنگی بەرزی مۆسیقاو سەماکەرانی، ملازم حامد کرایە ئامانج و لەگەڵ هەڵکردنەوەی ڕوناکییەکاندا هەمووان سەرسام بوون بە بینینی لاشەی کوژراوی، و ناوبراو دوای پشکنین و گرتنە بەری ڕێکاری پێویست لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە، لاشەی حامد ضاحی ڕادەستی باڵوێزخانەی عێراق کرایەوە، لە ئەمریکاو گەڕێنرایەوە بۆ عێراق.


ئامانجی سێیەمی دەزگاکە نەقیبی فڕۆکەوان(محمەد مەغلوب) بوو، لە کاتێکدا ناوبراو بەمەبەستی بەشداریکردن لە خولێکی فڕۆکەوانی چووبووە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەزگای مۆساد لەرێگەی کارمەندێکیانەوە هەوڵی نزیکبوونەوەیان لە مغلوب داوە، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیاری پێدانی بڕی یەک ملێۆن دۆلاری بۆ کراوە، لەگەڵ دەستەبەری مانەوە، هەروەها پاراستنی  سەلامەتی ژیانی ناوبراو، لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەسەر تەکنیک و پێکهاتەی هونەری فرۆکەکە بە دەزگای مۆساد، بەڵام مەغلوب بەئامانجی دەرباز بوون و بەدەستهێنانی پاراستنی باڵێۆزخانە لە ئەڵمانیاوە بەرەو فەرەنسا هەڵهات، لەبەر ئاشکرا نەبوونی پلانەکە وبەدەستەوە نەدانی هیچ سەرەداوێک دەزگای مۆساد بەهاوکاری دەزگای ساواکی ئیرانی هەستان بە کوشتنی محمەد مغلوب لەڕێگەی فڕێدانە خواری ناوبراو لە فاڕگۆنی شەمەندەفەرێکەوە، وابڵاو کرایەوە کە بە هۆکاری کرانەوەی دەرگای فاڕگۆنەکەوە ناوبراو کەوتۆتە خوارەوە.

مونیر ڕۆفا وسه‌ركه‌وتنی پلانه‌كه‌ی مۆساد


لێرەوە ڕۆلی(مونیر روفا) دەست پیدەکات، مونیر کێ یە؟ ناوی تەواوی مونیر حەبیب جەمیل روفا یە، ساڵی(١٩٣٤) لە بەغداد لە خێزانێکی کلدانی کاسۆلیکی هەژار لە دایک بووە، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی تورکیا و لەوێوە کۆچیان کردوە بۆ عێراق و لەشارۆچکەی(تلکێف)ی سەربە پارێزگای موسڵ نیشتەجێ بوون، باوکی مونیر فەرمانبەرێکی ئاسای بوو لە فەرمانگەی کشتوکاڵ، کە بەهۆی وەرگرتنی بەرتیلەوە لە کارەکەی دەرکرابوو، ناوبراو وەک دواتر لە چەند چاوپێکەوتنێک دا ئاماژەی پێکردووە، بەهۆی بێزاری لە مامەڵەی خراپی عەرەبە مسوڵمانەکان و جیاکارو چەوسانەوەی ئاینی لەلایەک و بۆردومانی بەردەوامی گوندەکانی کوردستان لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراقەوە، بەردەوام لە هەوڵدابووە بۆ دەرباز بوون لە عێراق، دوای  ئەوەی لە ئاهەنگێکی هونەری دا لە یەکێک لە یانەکاندا خاتوو(باربارا)ی ناسی کە هاوسەری بەڕێوبەری گشتی گروپی کۆمپانیاکانی نەوتی عیراق بوو، مونیر بەهۆی لەشولاری سەربازی و کەسایەتی خۆیەوە، هەر زوو سەرنجی باربارا بۆ خۆی ڕادەکێشێت، وپەیوەندی نێوانیان پەرەدەسینێت، دەبێتە پەیوەندیەکی سۆزداری، ئامانج لەم پەیوەندیەی مونیر سوود وەرگرتن بوو لەپێگەی هاوسەری (باربارا) لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا بۆ هەڵهاتنی لە عێراق، زۆربەی یەکتر بینینەکانی ئەم دووکەسە لە کەنیسەیەک بوو لە موسڵ، بەمەبەستی خۆ شاردنەوەیان لە چاوی هەواڵگری عێراق و هاوسەری باربارا ولەهەمانکاتدا هەواڵگری بەریتانیاش.


دەزگای مۆساد لەڕێگەی سیخوڕێکەوە بە ناوی (ئوسف مەنشۆ) ئەمەی زانی بوو، دوای ئەوەی باربارا هاوسەرەکەی لە نیازی مونیر ئاگادار کردەوە کە نیازی دەربازبوونی هەیە لە عێراق ودەیەوێ بەرەو لەندەن هەڵبێت، هاوسەری بارباراش چیرۆکی پەیوەندی نێوان هاوسەرەکەی و مونیری بەرگوێ کەوتبوو، بۆیە دەیویست لەم کێشەیە ڕزگاری ببێت، ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە مەبەستی بوو کە مونیر بەرەو بازنەی هەواڵگری بەریتانیا کێش بکات بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر توانا سەربازییەکانی عێراق، پاش ماوەیەک باربارا بە مونیری وت کە هاوسەرەکەی دەیەوێ بیبینێت، هەروەها لەو دیدارەدا پلانی هەڵاتنی مونیرو پەیوەندی کردنی بە هەواڵگری بەریتانییەوە بۆ مونیر ڕوونکردەوە کە دو قۆناغ بوو:-


یەکەم:- پێویستە مونیر مۆڵەتی درێژخایەن  لە بنکەی سەربازی(ڕەشیدیە) وەربگرێت بە بیانوی نەخۆسی ژنەکەیەوە، کە پێویستە بیباتە سەردانی خزمەکانی لە موسڵ تا لەو ڕێگەوە خیزانەکەی بگەیەنێتە ئێران و لەوێوە وەک پەنابەر بیاننێرێتە بەریتانیاو پاشان بۆ ئەمریکا.


دوای قۆناغی یەکەم مونیر بەنهێنی بچێتە بەسرەو لەوێوە بچێتە بەریتانیاو لەگەڵ خێزانەکەی یەک بگرێتەوەو پاشان بچنە ئەمریکا.


دوای ئەوەی مونیر ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێ کردنی پلانەکە دەربڕی، هەستا بە پێشکەشکردنی داواکاری مۆڵەتی درێژخایەن بە بەرپرسانی سەرووی خۆی، بەڵام لەسەرەتادا  هەواڵگری سەربازی داواکەی مونیری ڕەتکردەوە، چونکە گومانیان لە هەستی نەتەوایەتی وهەڵسوکەوتی ناوبراو هەبوو، لەهەمانکاتدا بە هۆی ئەو ڕاپۆرتانەی دەگەیشتە بەرپرسانی هەواڵگری سەربازی لە هەوڵدابوون بۆ لابردن یان گواستنەوەی بۆبەشێکی دیکەی سەربازی، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەر تێوەگلانی لە خیانەت، نەتوانرابوو گواستنەوەکەی ئەنجام بدرێت، لەکۆتایدا داواکەی مونیر پەسەندکرا.


دەست کرا بە جێبەجێکردنی پلانەکە و مونیر خێزانەکەی بردە موسڵ و بۆ ئەوەی ببرێنە ئێران و خۆشی بە نهێنی بەرەو بەسرە ڕۆیشت، تا لەڕێگەی ئەو پاسپۆرتە ساختەیەی بۆی ئامادەکرابوو وەک کرێکارێکی کۆمپانیای نەوت بەرەو لەندەن بەرێ بکەوێت، دوای خەوێکی قوڵی چەند سەعاتی لەژێر کاریگەری ئەو مادە هۆشبەرەی پێی درابوو لەلایەن گروپێکی مۆسادەوە لەبری لەندەن بەرەو تەلئەبیب ڕفێنرا، دوای ئەوەی لیکۆڵینەوەی وردی لەگەڵدا ئەنجام درا، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کارە ئابڕوبەرانەی نیوان خۆی و سیخوری شۆخ و شەنگی دەزگای مۆساد ( لیزا )ی لێکرا کە  لەمیانەی گەشتێکی مونیر دا بۆ پاریس ناوبراو توانیبوی خۆی لێ نزیک بکاتەوەو چەند جارێک سەرجێی لەگەڵ دا بکات، ئەگەر ڕازی نەبێت بە داواکارییەکانی دەزگاکە، کە بریتی بوو لە فڕاندنی یەکێک لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراق کە تازە گرێبەستی کڕینیان ئەنجام درابوون،  لەسەرەتادا مونیر ڕەتیکردەوە کارێکی پڕمەترسی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، بە بیانوی بەهێزی هێزی ئاسمانی عێراقی و چاودێری وردی هەواڵگری سەربازی، بەڵام بەڵێنی ئاسانکاری تەواوی پێ درا بۆ جێبەجێکردنی کارەکەی، ئەمە لەکاتێکدایە خێزانەکەی ناوبراو بێ ئاگان لە بابەتەکە ولە شاری موسڵن، مونیر پێی ڕاگەیاندوون کە لە ئەركێکی سەربازی دایە وماوەی مانگێک دەخایەنێت، بۆیە پێویستە لەناو خزمەکانیان بن تا دەگەڕێتەوە.


سەرەنجام دەزگای مۆساد توانیان مونیر قایل بکەن بە ئەنجام دانی کارەکە بەمەرجی سەلامەتی خانەوادەکەی و دەربازکردنیان لە عێراق، دوای گەڕانەوەی ناوبراو دەزگاکە لەڕیگەی چەند سیخورێکی خۆیەوە لە عێراق توانیان خیزانەکەی مونیر لە موسڵەوە بگەیەننە شارۆچکەی قەرەداغی باشوری کوردستان و لەویشەوە دەربازی ئیرانی بکەن. پلانەکە بەم شێوەیە دەستی پێکرد:


بەیانی ١٦ئابی ساڵی ١٩٦٦ئەوکاتەی کە تیمێک فڕۆکەی میگ ٢١ لەبنکەی ئاسمانی ڕەشیدیە ئامادەبوون بۆ چەند کردەیەکی ڕاهێنان یەکێک لەوانە مونیر بوو، نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک ئەو دەرفەتە لەدەست بدات، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بەهۆی پشووی فەرمییەوە، بنکە ئاسمانییەکە چۆڵ بوو بە بەراورد بەڕۆژانی ئاسایی، کاتێک تیمەکە بەرەو ئاسمان فڕین بۆ ئەنجامدانی مانۆڕەکە، مونیر لە تیمەکەی جیابویەوەو بەخێرایەکی زۆر بەرەو سنورەکانی ئوردن فڕی، دوای ئەوەی چەند جارێک لەلایەن تیمەکەیەوە هۆشداری پێدرا بەوەی کە بگەرێتەوە بۆ ناو تیمەکەو چیدیکە سەرکێشی نەکات. هەوڵەکان بێ سوود بوون وناوبراو بە هەمان ئاڕاستەو خێرایی خۆی بەردەوام بوو، دوای ئەوەی ئاسمانی وڵاتی ئەردەنی بەزاند، هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە چەند فڕۆکەیەکی لە جۆری(هۆنتەر)یان بۆ وەستاندنی ناردە ئاسمان بەڵام بە هۆی خێرایی و تەکنیکی بەرزی فڕۆکەی میگ٢١ وە لە چاو فرۆکە ئەردەنییەکان بە خێرایی سنورەکانی ئەردەنی بەرەو سنورەکانی ئیسرائیل  تێپەڕاند بە ئاڕاستەی دەریای مردوو، بەو پێیەی کردەکە نهێنی بوو لەگەڵ گەیشتنی  فڕۆکەکە بە ئاسمانی وڵاتی ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە هەوڵیان دا بە هەر نرخێک بیت بی وەستێنن، لەم چرکەساتەدا  لە لایەن فەرماندەی هێزی ئاسمانی (مۆردیخای هود)ەوە  بە ڕێگەی بێتەل فەرمان بە فڕۆکەوانەکاندا کە ڕێگا بە نیشتنەوەی فڕۆکەکە بدەن و پێشوازی لێ بکەن ومونیر نیشتەوەو خۆی بەدەستەوەدا.


ئەم کردە سەرکەوتووانەی دەزگای مۆساد کاردانەوەی ناوخۆی و دەرەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە سەردێڕی ڕۆژنامەکانی جیهان، هەوڵە دیبلۆماسییەکان چڕکرانەوە بە ئامانجی وەرگرتنەوەی فڕۆکەکە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون لەوبارەیەوە دوای ئەوەی تەکنیکی فڕۆکەکە بە زانستیانە شیکرایەوە لەساڵی ١٩٦٨ شێوازی دروست کردنی بەرەو ئەمریکا نێردرا، لەسەر ئاستی ناوخۆ کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر بەرزکردنەوەی ورەی سەربازانی ئیسرائیل بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە کە لە شەڕدا بوون دژی ئەو وڵاتە.


دواتر وەک نمایشێک فڕۆکەکە لە لایەن فڕۆکەوانی ئیسرائیلی(دانی شاپێرا)وە فڕێنرایە ئەو پەڕی بەرزی ئاسمان وەک گاڵتەجاڕییەک بە فڕۆکەی میراجی فەڕەنسی، لە ئێستادا هەمان فڕۆکە لە مۆزەخانەی بنکەی هێزی (هاتزەریم )دانراوە بۆ پیشاندانی سەردانی کەران.


له‌كۆتاییدا مونیر لە تەلئەبیب بە خێزانەکەی شادبوویەوەو تاکۆتایی ژیانی لەوێ مایەوە، تا له‌ ساڵی ١٩٩٨دا بەهۆی جەڵدەی دڵەوە کۆچی دوای کرد.

 

 

 

 



ئه‌م بابه‌ته 435 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر