بۆچی سیستەمی پەڕلەمانی بۆ هەرێم گرنگە؟

ماوەیەکی زۆر مشتومڕ لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکاندا بوو دەربارەى سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان، ئەم کێشەیە هەتا ئەم دواییەش لەوپەڕی گەرموگوڕیدابوو، کە ئایا سیستەمی حوکم لە هەرێمی کوردستان، جۆری سەرۆکایەتى بێت یاخود پەرلەمانی.
PM:05:04:06/04/2019
دۆسیە: دەوڵەت سازی
بەڕای زۆربەی پسپۆڕانی بواری دەستوری و یاسایی، سیستەمی پەرلەمانی گونجاوترین جۆرە بۆ هەرێم

لوقمان موستەفا صالح
پارێزەرى ڕاوێژکار

ماوەیەکی زۆر مشتومڕ لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکاندا بوو دەربارەى سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان، ئەم کێشەیە هەتا ئەم دواییەش لەوپەڕی گەرموگوڕیدابوو، کە ئایا سیستەمی حوکم لە هەرێمی کوردستان، جۆری سەرۆکایەتى بێت یاخود پەرلەمانی.

لەسەر ئەم بابەتە لایەنە سیاسییەکان بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بووبوون، لایەنێک لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی، لایەنی دووەم سیستەمی سەرۆکایەتی.


سیستەمى پەرلەمانى

سیستەمی پەڕلەمانی، مۆدێلێکی دیموکراسی حوکمکردنە، کە تێیدا حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکار) شەرعییەت لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان) ەوە وەردەگرێت‌، بەرپرسیشە لە بەرامبەریدا، واتە پەرلەمان وەک دەزگایەک، کە نوێنەرایەتی گەل دەکات، چاودێری‌و لێپێچینەوە لە حکومەت دەکات.

لەم حاڵەتەدا حکومەت‌و پەرلەمان تەواوکەری یەکدین، لە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی سەرۆکی دەوڵەت کەسێکی جیایە لە سەرۆکی حکومەت. لەم جۆرە سیستەمەدا دەکرێت (پاشا یان ئیمپراتۆر یان حاکمێک) ببێت بە سەرۆکی دەوڵەت (هەرێم) ‌و ڕۆڵێکی تەشریفاتی وەربگرێت، وەکو: مالیزیا، بەریتانیا، سوید، یابان. یان کەسێکی هەڵبژێردراو، لەلایەن پەرلەمانەوە ببێت بە سەرۆک‌و ڕۆڵە تەشریفاتییەکە بگێڕێت، وەکو: ئێرلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سەرۆک وەزیرانیش دەبێت بە سەرۆکی حکومەت.

هەرچۆنێک بێت، لە سیستەمی پەرلەمانیدا حکومەت‌و پەرلەمان پشتبەیەکدی دەبەستن، چونکە دەبێت حکومەت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە پشتیوانی لێبکرێت‌ و دەشڕووخێت ئەگەر متمانەی لێوەربگرێتەوە، هاوکات حکومەت، زۆرجار بە هاوکاری لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت، دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە‌و دەتوانێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.


سیستەمى سەرۆکایەتى

سیستەمی سەرۆکایەتی پێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانییە، کە فەزای ئازادی تاڕادەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، هەروەها ئەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستەی ئەو سیستەمە دەکرێن( سیستەمی سەرۆکایەتی) لەوانە:-

یەکەم:
سەرۆکایەتی لەڕوانگەی بنچینە یاساییەکانەوە(دەستورییەوە) سەقامگیر نییە و دەکرێ سەرۆکایەتی بەرەو تۆتالیتاری و دەسەڵاتی داسەپێنەرانەدا بەرێت .

دووەم: سیستەمی سەرۆکایەتی، دامەزراوی سەرۆکایەتی و یاسادانان وەکو دوو سترەکتوری تەریبی لەیەکترجودا دادەمەزرێنێت. ئەوەش دەکرێت ببێتەهۆی گیرخواردن و چەقیبەستنی نەخوازراو، لەکاتێکدا سەرۆکایەتی پێشنیار بکات و یاسادانان ڕەتیکاتەوە. ئەوە لەئەگەری نەبوونی پشتگیری زۆرینەی پەرلەمان بۆ سەرۆک
.

سێیەم: سەختی لابردنی سەرۆکی خراپ لەسەرکار پێش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی تەواوبێت
 .

بەڕاستی خاڵی سێیەمە کە هێزو و لایەنەسیاسییەکان وکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کەهەمیشە لەدڵەراوکێ ومەترسیدان لەم سیستەمە، کە بەسیستەمی سەرۆکایەتی ناسراوە، چونکە خراپ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە لە وڵاتێکی وەکو هەرێمی کوردستان کەپاشماوە دەرەبەگایەتی ودیکتاتۆرەکانی تری ناوچەکەین، ئاسایی یەو مافێکی ڕەواشە ئەگەر گومان بکەین، کە پێداگرانی سیستەمی سەرۆکایەتی ونیەتی خودی سەرۆکی وڵات مەبەست لێی قۆرخکردنی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی بەرێوەبردن بکات، لە چوارچێوەی سنوری دەسەڵاتەکەیدا، لەگەڵ خۆ بەخاوەنزانینی سەرجەم بوارەکانی بەرهەمهێنان، کەخۆی لەداهاتی گشتیدا دەبینێتەوە، هەرلە کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە بگرە تا دەگاتە داهاتی تاکەکەسی.



تایبەتمەندیەکی تری سیستەمی سەرۆکایەتی ئەوەیە خەڵک لە ڕێگای دەنگدانی نھێنی و ئاشکراوە سەرۆک ھەڵدەبژێرن، واتا سەرۆک ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە متمانەی پێ دەدرێت، پێگەی بەھێزی سەرۆک وا دەکات ھیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نەتوانێت متمانە لە سەرۆک وەرگرێتەوە، تەنیا لە چەند حاڵەتێک نەبێت ئەگەر ھاتوو سەرۆک ماوەی سەرۆکایەتی تەواو بوو، یاحود ناپاکی بکات و بەڵگەی ناپاکیەکەی لەبەر دەست دابێت، یان توشی نەخۆشییەکی درێژ خایەن بێ و توانای ڕایی کردنی کارەکانی نەبێت، یان عەقڵی لە دەست دابێت، تەنھا ئەو ڕێگایانە دەتوانن سەرۆک لە دەسەڵات دوورخەنەوە، لە سیستەمی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان بە جیا، کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، دەسەڵاتی یاسا دانان (پەرلەمان) دەست لە کاروباری سەرۆک وەرنادات و ناتوانێ متمانە لە سەرۆک و یاریدەدەرەکانی یاخود وەزیرەکانی وەربگرێتەوە، لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەست وەرنادات لە کاروباری پەرلەمان و دەسەڵاتی دواخستنی دانیشتنەکان و ھەڵوەشانەوەی پەرلەمانی نییە.


لە سیستەمی سەرۆکایەتی جیاکاری ڕەھا لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان ھەیە، بەجۆرێ، لەو سیستەمە سەرۆک دەسەڵاتی فراوانە، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانە، دامەزراوە گشتی و باڵاکان ئاڕاستە دەکات، داڕێژەری ستراتیژی دەرەوە و ناوەوەیە، دەسەڵاتی لێپرسینەوە و لابردنی وەزیر و یاریدەدەرەکانی ھەیە، مافی دەرکردنی لێبوردنی گشتی و تایبەتی ھەیە، مافی ئەوەی ھەیە پێشنیاری پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان بکات
.


بۆیە سیستەمی سەرۆکایەتی هەر شکست و نەهامەتیی بووە لەرۆژهەڵاتدا بەگشتی، و کوردستان بەتایبەتی. لە وڵاتێک دا کە سەرچاوەی سەرەکی بودجەی وڵات و داهاتی هاوڵاتییان زیاتر بەروبوومەکانی نەوت و غاز بێت، کارەساتە سیستەمی بەرێوەبردنی وڵات سەرۆکایەتی بێت و چارەنووسی میللەتێک بخرێتە ژێر مەترسییەوە، چونکە هەمیشە سەرۆکەکان بەتایبەتی لەوڵاتە دواکەوتووەکاندا وابەئاسانی دەست بەرداری کورسییەکانیان نابن، لەمێژووی ناوچەکە دا ڕووی نەداوە دەسەڵاتیان بەشێوەی دیموکاسیانە جێهێڵابێت،

دواتر بونەتە دیکتاتۆر، چونکە خۆیان لە سەروی گەلەوە بینیوە. کاتێک کەسێک لە دەرەوەی لێپێچینەوەی پەرلەمان بێت، سەرۆکی هێزە چەکدارەکان بێت، دەزگای هەواڵگریی لەژێر چەتری خۆیدابێت، بودجەی وڵاتیش لەڕێی سەرچاوە سروشتییەکانەوە بێت، بە هێچ شێوازێک بەوەڕازی نابێت وقبوڵناکات لە داهاتوودا ئەو پۆستە بەجێبهێڵێت.

بۆیە پێداگرتن لەسەرسیستەمی سەرۆکایەتییەکی لەم چەشنە، بەڕاستی خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت، چونکە زۆرجار شارەزایانی بواری یاسایی، بەکارهێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی بەشێوەی ناتەندروست، کەلە خزمەتی خۆی و دار و دەستەکەیدا بێت، بە (کلیپتۆکراسی) دەچوێنن
.


زاراوەی( کلپتۆکراسی، جاروبار بە
 Cleptocracy دەنوسرێت) (ڕەگی ئەم وشەیە لە کلپتۆ Klepto واتە دز و جەردە، کراسی Cracy واتە فەرمانڕەوایەتی ھاتووە بە مانای فەرمانڕەوایەتی دەوڵەت لەلایەن دزوجەردەوە)، زاراوەیەکی نەخوازراوی نافەرمییە و بەکاردەھێندرێت بۆ حکومەتێکی گەندەڵ لە بەڕێوبردنی داھاتی گشتیدا، بە مانای ئەوەی بەڕێوبردنەکەی وا نەخشە بۆکێشراوە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی ھەڵدەستێت بە بەخێوکردن و پشتگیریکردنی دەوڵەمەندی تاکەکەسی و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە حکومییەکان و دارودەستەکانیان (کلپتۆکراتەکان). 

دروستکردنی سیستەمێکی کلپتۆکراسی، پشتگیریکراو لەلایەن دکتاتۆریەتەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێتە مایەی چەندین ساڵ لە قاتوقڕی و ئێش و ئازار، بۆ بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان، وەک لەناوچونێک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و سەروەری یاسا دادەنرێت.

سەرەڕای ئەمەش، کلپتۆکراتەکان، بەشێوەیەکی ڕۆتینی گرفتە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان پشتگویَ دەخەن، لە ڕێگەی گەڕانیان بەدوای کۆکردنەوەو بەدەستھێنانی سامان و دەسەڵاتی زیاتر
.

ھەندێک لە چاودێران، زاراوەی (کلپتۆکراس) بەکاردێنن بۆ بە بێبایەخدانانی ئەو پرۆسە سیاسییانەی رێگە بە کۆمپانیا گەورەکان دەدەن تا کاریگەر بن لەسەر سیاسەتە سیاسییەکان.

(رالف نادر) بە پیَ ی ئەم مانایە بۆ ئەم وشەیە، وڵاتە یەکگرتووەکان بە کلپتۆکراس لە ماوەی ھەڵمەتەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٠دا ناودەبات.


دەرەنجام


بەڕای زۆربەی پسپۆڕانی بواری دەستوری و یاسایی، سیستەمی پەرلەمانی گونجاوترین جۆرە بۆ هەرێم، کەواتە
بۆڕێگرتن لەسیستەمێکی لەم جۆرە واتە Cleptocracy) )، هەمووجۆرە فشارێک، بەگرنگ دادەنرێت، بۆسەقامگیرکردنی ئاسایشی وڵات وئاشتی وتەبایی، تەنها جێگرەوە سیستەمی پەرلەمانییە، کەزامنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەکات و لەسەر بنەمای دیموکراسی وڵات بەرەو پێشەوە دەبات.

 

 



ئه‌م بابه‌ته 133 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر