ئەنجامی ھەڵبژاردنی شارەوانیيەکانی تورکیاو چەلەحانێی ئایدۆلۆژیی

PM:11:46:03/04/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی


دکتۆر سەلام عەبدولکەریم
مامۆستاى زانکۆ

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و تێبینی دروستبوونی چەلەحانێیەکی بێتامی ئایدۆلۆژی لەنێوان  دوو  تەوژمی ڕووکەشگەرای نەتەوەیی و ئیسلامیدا دەکەین، واتە ئەوەی ئەنجامەکان بەچاوی نەتەوایەتی و ئایینەوە دەخوێنێتەوە و ڕاڤەی دەکات، بەکورتی پێمخۆشبوو بەم چەند خاڵە ھەندێ زانیاری بابەتیانە بخەمەڕوو، بۆئەوەی تێبگەین ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە چەن ھەژارە لەڕووی شیکردنەوەی ڕووداوەکانەوە و چەند ئایدۆلۆژیا ژیان و بیرکردنەوە و ڕوانینی تەنیوە، بەجۆرێ ھەم ئایین و بیرکردنەوەی تاکی ئایینی و ھەم بیرکردنەوەی تاکی نەتەوەیی داگیرکردووە:

 

 

١- جارێ ئەوەی شکستی ھێنا زۆر بەکورتی ھەم ڕەوتی ئیسلامیی تورکیا بەرابەرایەتی ئاکەپە و رەوتی نەتەوەیی بەسەرکردایەتی ھەدەپە بوو، ئەوەشی براوە بوو تەوژمی نەتەوەپەرستی چ پارتی مەھەپەی ھاوپەیمانی ئاکەپە و چ پارتی چاکەی میراڵ ئەکشنار، لەگەڵ تەوژمی کەمالی جەھەپە بوو.

 

 

٢- ئەو چەلەحانێ ئایدۆلۆژییەی لەسەر ئەنجامەکان ھەیە، نەپەیوەندی بەئایین و نە پەیوەندی بەنەتەوەوە ھەیە، بەڵکو پەیوەندی بەدوو تێڕوانینی ئایدۆلۆژی کورتبین و بێ مەعریفەوە ھەیە، کە لەبنەڕەتدا پارتە دڵخوازەکانیان شکستی ھێناوە و نەیانتوانی ئاھەنگی سەرکەوتن بگێڕن ھاتوون بەم چەلەحانێ بێتامە ئایدۆلۆژیە مێشکیان بردوین و شکستەکە پینە و پەڕۆ دەکەن.

 

 

٣- نە ئاکەپە زۆرینەی برۆدتەوە لەھەموو تورکیا و نە ھەدەپەش زۆرینەی ناوچە کوردییەکان، چونکە ھەرچی ئاکەپەیە شارە گەورەکانی (ئەستەمبوڵ و ئەنکەرە و ئەزمیر و ئەنتالیا و مێرسین)ی دۆڕاندووە، ھەدەپەش سێ شاری گەورەی باکوری کوردستان، جگەلەوەی ئەگەر جاران لەناوچە کوردیەکاندا تەنھا ئاکەپە رکابەری بوو بێت، ئەوا ئەمجارە پارتە چەپ و کۆمۆنیست و جەھەپە و مەھەپەش لەھەندێ لەشارەکان ھەم رکابەری سەرسەختی بوون، ھەم شارەوانیشیان لێبردۆتەوە.

 

 

٤- ڕەخنەی ئەو ئایدۆلۆجیستانەی لەپەنای سۆزی ئایینی و ئیسلامیدا لەھەدەپە، کە گوایە بۆتە ھاوپەیمانی جەھەپەی کەمالی لەجێی خۆیدا نییە لەو ڕووەوە کە ئەوان دەیگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە بۆچی کورد دەنگی بەجەھەپە داوە، چونکە ئەگەر بنەمای کەمالی و نەتەوەپەرستی و عەلمانیەتی جەھەپە بکرێتە پێوەر و ھەدەپە و کوردی پێ تۆمەتبار بکرێت ، ئەوا خۆ پارتی مەھەپەی ھاوپەیمانی ئاکەپە ھەم نەتەوەپەرستە ھەم کەمالییە ھەم عەلمانیشە، بەس پرسیارەکە ئەوەیە، ئەو بەڕێزانە بۆ لەئاکەپە ناپرسن چۆن و بۆچی بووە ھاوپەیمانی پارتێکی کەمالی نەتەوەپەرستی عەلمانی نەک لەم ھەڵبژاردنە بەڵکو لەھەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیش؟! لەکاتێکدا گورزی گەورەی تریش مەھەپە وەشاندویەتی، چونکە زۆربەی بنکە جەماوەرییەکەی دەنگیان بەپارتی چاکە داوە، کە لە مەھەپە جیابوونەوە و پارتێکی نەتەوەپەرستن، بگرە ئاکەپە بەھۆی رێکەوتن و ھاوپەیمانی لەگەڵ مەھەپە لەھەندێ شاری تورکیا کاندیدی کشاندەوە و داینەناو  کادیر و ئەندام و لایەنگرانیان دەنگیان بەکاندیدی مەھەپەی نەتەوەپەرست و عەلمانی و کەمالی داوە و ئەوانیش گۆڵی خۆیان لەئاکەپە کرد.

 

 

٥- ئینجا ئەگەر دەنگدانی ھەدەپە بەجەھەپە پاڵنەری عەلمانی و نائایینییە، ئەی دەنگنەدانی پارتی سەعادەی ئیسلامی و ھوداپارتی ئیسلامی بەئاکەپە و بگرە بوونیان لەناو دوو  بەرەدا، کە پارتی شیوعی و چەپی تیابووە مانای چی دەگەیەنێت؟ ئەی کەس بۆ کۆمێنتی لەسەر ئەم دوو پارتە ئیسلامییە نییە و نەیاری ئاکەپەش بوون لەم ھەڵبژاردنەدا؟

 

 

٦- ئەو بەڕێزانەشی دڵخۆشن بەوەی کە ھەدەپە و کورد لەئەستەنبوڵ و ئەنکەرە و ئەو شارانەی تر، کە لەبەر ھاوپەیمانی و  بەحساب ڕێککەوتنیان لەگەڵ جەھەپە  کاندیدیان نەبوو دەنگیان بەکاندیدەکانی جەھەپە داوە و پێی خەنی بوون، باشترە  بەئاگا بێنەوە، چونکە یەکەم ئەو ڕێککەوتنە جگە لەوەی ڕێککەوتنێکی تاکتیکی و قۆناغیی جەھەپەیە، ھاوکات نافەرمیە و ھیچ وردەکاری و ناوەڕۆکێکیشی نییە و ھیچ بەڵێن و ئیلیتزام و پابەندیەکی جەھەپەی بەرامبەر بەکورد و مافەکانی و داخوازییەکانی کورد و پشتیوانی یاسایی نییە و ئەگەرچی ئەمە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانە، بەڵام بەپێی لێکدانەوەکان جەھەپە تەنھا بەڕووکەش موغازەلەی کورد دەکات ئەم چوار ساڵ و نیوەی تر تا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی وەکچۆن بەھاوکاری کورد و ھەدەپە توانیان ئاکەپە بخەن لەشارەوانی شارە  گەورەکانی تورکیا بەو شێوەیەش لەسیستەمی سیاسی و حکومڕانی تورکیادا ئەردوگان و ئاکەپە بخەن، ئەگەرنا جگە لەلێدوانی میدیای، جگە ختوکەدانی کوردەکان بۆ وروژاندنی ناکۆکی و دوژمنایەتی زیاتری ھەدەپە و کورد لەئاکەپە و نزیکخستنەوەیان لەخۆیان شتێکیان نەکردووە لەسەر زەمینی کاری سیاسی و بەجددی خواستی لاکردنەوەیان لەکێشەی کورد و داوا ڕەواکانی کورد ھەبێت، خەون بینینی ئەم ئایدۆلۆجیستانەش جگە لەوەی بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ خراپ مامەڵەکردنی ئاکەپە و ئەردۆگان لەماوەی کۆتاییھاتنی مەسەلەی پرۆسەی ئاشتی و گرتنەبەری سیاسەتی وێرانکردنی ناوچە کوردیەکان و ڕاگەیاندنەوەی جەنگ دژی قەندیل، ئەوەنەش پەیوەندی بەخەیاڵدانی ڕق لێبوونەوە و دژایەتی ئاکەپە و ئەردۆگان لەلایەک و خودی ئایینیشەوە بەشێکی ھەیە لەلایەکیترەوە.

 

 

٧- بەشێک لەو ڕەخنانەی لەھەدەپە و کورد دەگیرێت، کە گوایە دەنگیان بەجەھەپەی کەمالی و نەتەوەپەرستی تورکی داوە، ئەوا بێئاگایە لەم راستیانە:

 

 

- ئاکەپە خۆی پارتێکی تێکەڵە لەبیربۆچوونی ئایینی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی تورک و کەمالیزم، بەڵگەی ئەم قسەیەمان بریتییە لەپەیڕەو و پرۆگرام و دونیابینی سیاسی خودی ئاکەپە خۆی، کە چۆن بەمشێوەیە وەسفی کەمال ئەتاتورک و سیاسەت و کارەکانی دەکات لەماوەی لەدامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تاوەکو مردنی و دەقی پەیڕەو و پرۆگرام و دونیابینی سیاسی ئاکەپە لاپەرە (٩) دەڵێت:" حیزبمان جەخت دەکاتەوە، کەپرنسیپەکانی ئەتاتورک و گۆڕانکارییەکانی گرنگترین ئامرازن بۆباڵاکردنی تورک بۆ ئاستێک، کە لەسەرەوەی شارستانییەتی ھاوچەرخ بێت و وایدەبینێت، کە ڕەگەزێکی گرنگی ئاشتی کۆمەڵایەتییە".

 

 

- سەبارەت بەرایەڵە و بۆچوونە عەلمانی و سێکیۆلارەکەی ئاکەپە، دیسان پەنا دەبەینەوەبەر بەرنامە و پەیڕەو و پرۆگرام و دونیابینی سیاسی ئاکەپە، کە چۆن وەسفی سێکیۆلاریزم و عەلمانییەت دەکات و لەلاپەڕە(١٠) دەبێژێت:"حیزبمان وا تەماشی ئایین دەکات، کەیەکێک لەگرنگترین دامەزراوەکانی مرۆڤایەتییە، ھەروەھا واش تەماشای عەلمانییەت دەکات، کەمەرجێکی دیموکراسییە و ناکرێت وازی لێبھێنرێت، ھەروەک وادادەنێت، کەعەلمانییەت پارێزەری ئازادی ئاین و ویژدانە، حیزبمان دژی ڕاڤەکردنی عەلمانییەتە بەوەی دژی ئایینە، ھەروەک ناشیرینکردنی و زیان پێگەیاندیشی ڕەتدەکاتەوە ".

 

 

- دەربارەی لینکی نەتەوەپەرستیەکەش، جگە لەبەرزکردنەوەی دروشمی(یەک وڵات، یەک ئاڵا، ئەک زمان) لەلایەن ئاکەپە و خودی ئەردۆگانەوە، کە روونترین دروشمی نەتەوەپەرستی تورکییە، ھاوکات ھاوپەیمانییەکەشی لەگەڵ پارتی مەھەپەی نەتەوەپەرست بەڵگەیەکی تری ئەوەیە، کە ئاکەپە خۆشی پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکە، بەس ئایدۆلۆجیستە ئیسلامییەکان وادەزانن نەتەوەپەرستی بریتییە لەکردەی عیبادەت و پەرستش، بۆیە لەئاستی نەتەوپەرستی ئاکەپەدا بەھۆی دەمارگیری ئایدۆلۆژی و نەشارەزاییانەوە بێدەنگ بەرامبەری. ھەروەک گەورەترین بەڵگەی نەتەوەپەرستی ئاکەپە بریتییە لەدەستوری ھەموارکراوی تورکیا، کە پاش ھەموارکردنی بەمەبەستی گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و فراوانکردن و زیادکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار و دواتریش ڕاپرسی لەسەرکردنی و پەسەنکردنی و کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، ئەگەر سەیری دیباجەکە و ماددە دەستورەکانیش بکەین بەڕوونی ئەم نەتەوەپەرستییەی ئاکەپە دەبینین، چونکە ئەوان بەھاوپەیمانیان لەگەڵ مەھەپە و بۆ دڵرازیکردنی ئەوان دەستورەکەیان بەو شێوەیە ھەموارکردەوە، لەبەرئەوەی پاش کۆبوونەوەی ئاکەپە و ھەریەکە لەجەھەپە و ھەدەپە و مەھەپە، تەنھا مەھەپە لەبەرامبەر مەرجەکانیدا ڕازی بوو سیستەمی سیاسی لەتورکیا پاش ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە بگۆڕێت و جەھەپە و ھەدەپە رەتیانکردەوە و ھەر ئەوەش بووە بناغەی دروستبوونی ھاوپەیمانی نێوان ئاکەپە و مەھەپە  لەدواتردا، بۆیە دەقی دیباجەکە دێنمەوە بۆئەوەی کەس نەتوانێ نکوڵی لەرۆحی نەتەوەپەرستی ئاکەپە بکات و بەمشێوەیە دەڵێت:"ئەم دیباجەیە (بەو شێوە ھەموارکراوەی لەڕۆژی ١٧ى ئۆکتۆبەری ٢٠٠١)دا ھاتووە، ھاوڕێکە لەگەڵ ئەو چەمکی نەتەوەپەرستی و چاکسازییانەی، کەدامەزرێنەری کۆماری تورکیا موستەفا کەمال ئەتاتورک، سەرۆکی نەمر و پاڵەوانی بێوێنە دایناوە"".  ھەروەھا لەمادەی(٢)ی ئەو ڕەشنووسی دەستوری ھەموارکراو بۆ ڕاپرسی ھاتووە:" "کۆماری تورکیا، بریتییە لەدەوڵەتێکی دیموکراسیی‌و سێکیۆلار(عەلمانی)و کۆمەڵایەتی، کەسەروەری یاسا بەڕێوەی دەبات، چەمکەکانى ئاشتی گشتی‌و ھاریکاریی نیشتیمانی‌و دادپەروەریی‌و رێزگرتنی مافی مرۆڤ و دۆستایەتی بۆ نەتەوەپەرستی ئەتاتورک بەئیعتیبار دادەنێت..."

 

 

٨- لەمەڕ خەیاڵ و بیرکردنەوەی ئایدۆلۆجستە نەتەوەییەکانیش ڕاستە بردنەوە و سەرکەوتنی ھەدەپە لەڕووی ئیحساسی نەتەوەییەوە زۆر گرنگە و پێویستە بەچاوی بایەخەوە سەیر بکرێ، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە وەک وتمان سەرکەوتوو نەبووە و بگرە دوای ئاکەپە دۆڕاوی سەرەکی دووەمە، چونکە بەم دەنگدانەی بەجەھەپە لەلایەک کێرڤی دەنگی نەتەوەپەرستەکان بەرزتربۆوە لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا و کێبڕکێی سیاسی، کە خۆی لەپارتەکانی (چاکە و جەھەپە)دا دەبینێتەوە، ڕاستە جەھەپە میانڕەوترە، بەڵام لەئیحساس و جیھانبینی نەتەوەیی و نەتەوەپەرستی تورکیدا ھیچی کەمتر نییە لەخەیاڵدانی مەھەپە، لەبەرئەوەی ئەوەی دواجار تەحەکوم بەسیاسەت و کاری سیاسی و دەوڵەتداری جەھەپە و پارتی چاکەوە ھەیە  بریتییە لەبەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەی تورک و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، نەک سۆز و عاتیفە و تاکتیکی کاتی ھەڵبژاردن، ڕاستە ئەردۆگان بەھۆی کاریگەری پارتی نەتەوەپەرستی ھاوپەیمانی و دوورکەوتنەوە سیاسەتمەدارە بەدیمەنەکانی وەک (ئەحمەد داود ئۆغلو و عەبدوڵا گویل و عەلی باباجان) سیاسەت و ڕەفتاری سیاسی ئاکەپە گۆڕانی بەسەردا ھات، بەڵام بیرمان نەچێت جەھەپە و تەوژمی نەتەوەپەرست و کەمالییەکانی تورکیا ھیچ پێوەرێک نایانگرێتەوە و ھیچ پاساوێکی سیاسی و بابەتیش نییە ئەگەر دوای چوار ساڵ و نیوی تریش گەیشتنە دەسەڵات لانیکەم ھیچ نەبێ وەک ئاکەپە قۆناغێک تەرخان بکەن بۆ چارەسەری پرسی کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی.

 

 

٩- مەترسی سەرەکی سەبارەت بەکورد لێرەوە دەست پێدەکات، بەھۆی گەشەکردن و ھەڵکشانی ھەردوو تەوژمی نەتەوەپەرستی بەرابەرایەتی پارتی(مەھەپە و چاکە) لەگەڵ تەوژمی کەمالی بەسەرۆکایەتی جەھەپە، بەتایبەت یەکێک لەبۆچوونە باوەکانی پێش ھەڵبژاردن بریتی بوو لەوەی ڕەنگە لەئەگەری شکستی ھاوپەیمانی جمھوری ئاکەپە و مەھەپە ئەو بەرە و ھاوپەیمانییە ھەڵبوەشێتەوە، ھەروەک ڕاڤەیەکی دیکەی پێش ھەڵبژاردنەکان پێیوابوو، کەلەم ھەڵبژاردنە و لەم ھاوپەیمانییەی مەھەپە و ئاکەپەدا، تەنھا مەھەپە سەرکەوتوو دەبێت و بەھۆی مەھەپەوە بەشێک لەبنکەی جەماوەری ئاکەپە دەنگ بۆ ئاکەپە نادەن و بەکرداریش پاش ئەنجامەکان وادەرچوو، بۆیە پاش بینینی ئەم ئەنجامانە ھیچ دوور نییە لەبواری سیاسیدا تا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھاوپەیمانی ھەردوو تەوژمی نەتەوەپەرستی و کەمالییەکان دروست ببێت، واتە ھاوپەیمانی  سێقۆڵی نێوان(جەھەپە و مەھەپە و پارتی چاکە)، چونکە تەنھا ئەوان براوەی ئەم ھەڵبژاردنەن و لەسەر ئاستی تورکیاش جەماوەریان زیاتر بووە.

 

بۆیە ئەوکاتە مەترسی گەورە لەسەر کورد دێتە ئاراوە ئەگەری دروستبوونی ئەم ھاوپەیمانییە و گەیشتنیان بەدەسەڵات لەئایندەدا. جگەلەوەی ئەگەری دروستبوونی پارتی سیاسی نوێ، کە باس دەکرا پێشتر لەلایەن ھەریەکە لە(گویل و داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان) دەبێتە ئەگەرێکی نزیک و واقیعی، چونکە بۆچوونێک ھەبوو، کە چاوەڕێی ئەنجامی ئەم ھەڵبژاردنەن وەک ڕەچاوکردنێکی ئاکەپە و ئەردۆگان و بەدیاریکراویش لێکدانەوەکە بەوجۆرە بوو، کە لەئەگەری شکستی ئاکەپە ھێندە نابات ئەو پارتە سیاسیە پێکدێت و جاڕی دامەزراندنی  دەدا.

 

 

١٠- دوایین لێکدانەوە لەنێوان ئەم دوو بۆچوونە ئایدۆلۆژییە نازانستیەدا بریتییە لەوەی، کە ئەنجامەکانی ئەم ھەڵبژاردنە ئەوەی پێوتین، کە پرسی چارەسەری کێشەی کورد لەتورکیا تەنھا لەتوانای ئاکەپە و ئەردۆگاندایە و ساڵانی ھێمنی و گەشەکردنی تورکیا و باکوری کوردستان و پێدانی مافە کولتورییەکانی بەکورد لەلایەک بەڵگەی ئەم بۆچوونەی ئێمەیە و لەلایەکیتریشەوە بەردەوامبوونی ئاکەپە و ھاوکاریکردنی لەلایەن ھەم پەکەکە و ھەم ھەدەپە دەکرا ببێتە بناغەی دەستەربوونی مافە نەتەوایەتیەکانیش، بەتایبەت کە جەنگ دژی داعش ھاتەئاراوە پێشمەرگە و شەڕڤانان لەباشوری کورستان و ڕۆژئاوای کوردستان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و بەھاوکاری دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەناو خاکی تورکیا گەیشتە کۆبانێ بۆ بەرگری دیسان بەڵگەی تری ئەم بۆچوونەی ئێمەیە، بۆیە لێکدانەوەیەک ھەبوو، کە لەئەگەری شکستی ئاکەپە لەم ھەڵبژاردنە پێدەچێت ئەردۆگان سیاسەتی لێبراڵی زیاتر بگرێتە بەر بەرامبەر بەکورد و سەر لەنوێ پرۆسەی ئاشتی ببوژێنێتەوە، کە ئەم ئەگەر و لێکدانەوەیەش کەحاڵ نییە، چونکە شکستی ئاکەپە لەشارە تورکییەکان و دەنگھێنان و بردنەوەی سێ شارەوانی گەورەی کوردی لەباکوری کوردستان پەیامێکی گرنگ بوو بۆئاکەپە و ئەردۆگانیش، کەکوردەکان زیاتر لەتورکەکانی خۆیان جێگەی متمانە پێکردنن، بۆیە تورکەکان بەھۆی دابەزینی بەھای لیرەو ھەندێ ھۆکاری تر سزای ئاکەپەیان دا، بەڵام بەشێکی زۆر لەکوردەکان بەھۆی پابەندی ئایینیان بەپلەی یەکەم و ھەندی ھۆکاری تر پاداشتی ئاکەپەیان دایەوە، گرنگە ئەمە ببێتە سەرەتایەکی نوێ لەسیاسەتی ئاکەپە و ئەردۆگان، کە دەستپێشخەریەک بکات بۆ ھەدەپە و سەرلەنوێ ڕێگر بن لەبەردەم خەونی تەوژمی نەتەوەپەرست و کەمالییەکانی تورکیا، ئەویش سەرەتا بەوازھێنان لەبیر و سیاسەت و تێڕوانینی نەتەوەپەرستی بەرامبەر بەھەدەپە و کورد، ھەم ھەدەپەش لەو یاری و گەمەیەی جەھەپە و تەوژمی کەمالییەکان وردتر تێبگات، کە جگە سەیرکردنیان وەک ئامڕازی کاتی ھەڵبژاردنی مەچەکی خستنی ئاکەپە و خواستی گەیشتنیان بەدەسەڵات ئەرزشێکی راستی و واقیعی بۆ کورد و خودی ھەدەپەش دانانێن، چونکە دروستبوونی بەرە و ھاوپەیمانی تەوژمی نەتەوەپەرستی و کەمالیزم لەھەموو  ئەگەرێک نزیکترە، ھەروەک دەستبەردابوونی چەپگەرایی و دوورکەوتنەوە لەچەپی تورکی و نزیکبوونەوە لەباڵی ئایینی گرەنتی بەرزبوونەوەی دەنگ و سەنگی زیاتری کورد و گەشەکردنی خۆشیانە، کە ناکرێ دوای ئەم ئەنجامانەی شارە کوردیەکان و دەرچوونی کاندیدانی ئاکەپە مەسەلەی ئاین بەھەند وەرنەگرێت، چونکە تۆمەتبارکردنی کوردەکانی دۆستی ئاکەپە بەجاش و بەکرێگیراو لەقسە پێوتنێکی ئایدۆلۆژی زیاتر ھیچی تر نییە، ئەگەر ھەدەپە بەکردار لەم بابەتەدا ھەنگاو نەنێت.

 

 



ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر