ڕۆڵی سیاسی ئایین لەسەرخستنی دۆزی نەتەوەیی کورد

ئایین لەژیانی مرۆڤدا حاڵەتێکی چەسپاوە ودەرھاوێشتە وکاردانەوەی سروشت وھیچ سەردەمێک نییە، ئایینداری بەشێکە لەغەریزەی مرۆیی، وەک چۆن مرۆڤی سەرەتایی پێویستی بەئایین ھەبووە،‌ بەھەمان شێوە مرۆڤی سەردەمی کارەبا وتەکنەلۆژیا ومانگی دەستکردیش پێویستی بەئایین ھەیە.
AM:12:00:20/09/2018
دۆسیە: نەتەوەسازی
پێویستە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ولایەنەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە بزانێت کەئایین پایەیەکی بەھێزی شوناسی نەتەوەیی گەلەکەمانە

کامیل محمود
توێژه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار

ئایین لەژیانی مرۆڤدا حاڵەتێکی چەسپاوە ودەرھاوێشتە وکاردانەوەی سروشت وھیچ سەردەمێک نییە، ئایینداری بەشێکە لەغەریزەی مرۆیی، وەک چۆن مرۆڤی سەرەتایی پێویستی بەئایین ھەبووە،‌ بەھەمان شێوە مرۆڤی سەردەمی کارەبا وتەکنەلۆژیا ومانگی دەستکردیش پێویستی بەئایین ھەیە.

 

لای ئیسلام ئەمە حاڵەتێکی زکماکییە وخوای گەورە دەفەرموێت:[فأَقِمْ ۆجْهکَ لِلدِّینِ حَنِیفًا فِطرَة اللَّەِ الَّتِی فَطرَ النَّاسَ عَڵیْها ...](١). واتە: ئەی مرۆڤ بەڕاستی ودروستی ڕوو لەئایین بکە کەخوای گەورە فیترەت وسروشتی خەڵکی لەسەر خوڵقاندووە. (فراس السواح) لەکتێبی (دین الإنسان)دا وا پێناسەی مرۆڤ دەکات کە: (بریتییە لەبوونەوەرێکی ئاییندار-متدین-) (٢).

 

توێژینەوە زانستییەکان وزانایانی ئەنسرۆپۆلۆژیا ولەدەرەنجامی ھەموو ئەو حوفەر‌ییات وشوێنەوارە کۆنانەی دۆزراونەتەوە ودەدۆزرێنەوە دەربارەی مێژووی گەلان، بەڕوونی دەلالەت ونیشانە ئایینییەکان دەردەکەون وبوونی کاریگەری ئایین لەسەر گەل ونەتەوە کۆن ودێرینەکان دیار وئاشکرایە.

 

مرۆڤی سەرەتایی خاوەنی شارستانییەت وژیانی شار نەبووە، بەڵام خاوەنی ئایین وعەقیدەی ئایینی بووە، واتە ئایین پێش شارستانییەت کەوتووە وھەر ئایینیش بنەمای یەکەم وسەرەکی دروستبوونی شارستانیەتەکان بووە.

 

ھیچ توێژینەوەیەکی شوێنەوارناسی ومێژوویی تائێستا دەری نەخستووە کەسەرەتای ئایین وسەرھەڵدانی بیروباوەڕی ئایینی لەناو کام گەل ونەتەوە وگروپی مرۆییەوە سەری ھەڵداوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەئایین داھێنراوی ھیچ ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی وکلتوری ونەتەوەیی نییە وپەیوەستە بەبوونی مرۆڤ وپەیدابوونیەوە لەسەر ئەم ھەسارەیە.

 

لەدێر زەمانەوە مێژوونوسی یۆنانى(بلوتارگ) وتوویەتی: لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا چەندین شاری بێ شورا ودیوارم بینیوە، شاری بێ کۆشک وتەلارم بینیوە، شاری بێ قوتابخانە وخوێندنگەم دیوە، بەڵام شارم نەدیوە بەبێ پەرستگا.

 

(برجسون)یش ھاوشێوەی ڕایەکەی بلوتارگی ھەیە کەدەڵێت:چەندین کۆمەڵەی مرۆیی ھەبوون وئێستاش بوونیان ھەیە کەزانست وھونەر وفەلسەفەیان نییە، بەڵام ھەرگیز گروپێکی مرۆیی نەبووە ئایینی نەبووبێت.

 

زانای دەرووناس (سێرل بێرت) لەکتێبی(علم النفس الدینی)دا دەڵێت: پشکنینی وردی ھەموو حاڵەتێک ئەوە ئاشکرا دەکات کەھەموو کەسێکی گەڕاوە بۆ ئایینداری پێش ئەو گەڕانەوەیە ئەوە نەبووە کەگوێی بەئایین نەدابێت، بەڵکو ھەر لەسەرەتاوە ئیحساسێکی بەھێزی بۆ ئایین ھەبووە(٣).

 

ئەریک فرۆم دەڵێت: شارستانییەتێک لەرابردوودا نەبووە، لەئێستایشدا نییە، وا دەردەکەوێت لەئاییندەشدا نابێت کەبەبێ ئایین بایەخێکی ھەبێت (٤).

 

لای ئەریک فرۆم مرۆڤ بۆ بەردەوامی ژیانی خۆی پێویستی بەچوارچێوەیەکی ئاڕاستەکردن ھەیە کەئەویش ئایینە وبەشێکی پێکھێنەری کەسایەتی مرۆڤە، فرۆم دەربارەی ئەوانەش کەوا گومان دەبەن ئەم چوارچێوەیەیان نییە دەڵێت: ھەندێ کەس ئەوە ڕەددەکەنەوە کەئەم چوارچێوە و وێنە ھەمەگیرەیان ھەبێت، وای بۆ دەچن وخۆیان واپیشان دەدەن کەبەوشێوەیە ڕەفتار دەنوێنن وحاڵەت بەحاڵەت وەڵامی ھەموو دیاردە وڕووداوەکانی ژیان دەدەنەوە وەک ئەوەی خۆیان حوکمیان لەسەر دەدەن، بەڵام ئەوەش گران نییە بسەلمێنرێت کەئەوان خاوەنی فەلسەفەی خۆیانن کەباوەڕیان پێیەتی ولایان سەلماوە، ئەمەش بۆ ئەوان ھاوتای ئەو فیترەتە تەندروستییەیە کەخۆیان ئاگایان لەوە نییە ھەموو تێگەیشتن وبۆچوونەکانیان پشت بەچوارچێوەیەکی مەرجەعیانە دەبەستێت(٥).

 

کەواتە ئایین ڕووانگە وچاویلکەی مرۆڤ وکۆمەڵگایە بۆ بینینی خۆی ودەوروبەری وتێگەیشتن لەفەلسەفەی بوونی خۆی وئەم بوونەوەرەی تیایدا دەژی، ھیچ قۆناغێک نەبووە لەژیانی مرۆڤایەتیدا کەئایین تیایدا غیابی ھەبووبێت.

 

ئایین زەرورەتێکی فیتری وشعوورییە کەپەیوەندی بەدەرھاوێشتەکانی سەردەم وژینگەوە نییە. پێویستی مرۆڤە وپێویستییەکی زکماکی چەسپاوە لەسروشتی دەروونی ئەودا چێنراوە، لەناو شعوریدا وئاوێتەیە لەگەڵ خوێن ودەمارەکانی وھەستیدا، بەڵام ئەگەری ئەوەی ھەیە دەرک بەم حەقیقەتە نەکات ودواجار بێچارە وسەرسام ببێت وناسەقامگیری بکات(٦).

 

لەنێوان مرۆڤەکانی ئێستا وڕابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆر ڕوویداوە لەسەر ئاستی دەرک وھۆشیاری وئەزموونی ژیان، زۆرجار ئەو پرسیارە زەق دەکرێتەوە کەلەنێوەندی ئەم پانتاییە بەرفراوانانەی گۆڕانکارییەکاندا ئایین چۆن دەتوانێت ھەمان ڕۆڵی ڕابردوو ببینێت وببێتە ھەمان پێویستی ئەمڕۆ و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە؟

 

ئەم ڕوانینە بۆ زەمەن لەبەرامبەر ئاییندا ھەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ئەوەی لەژیانی مرۆڤدا گۆڕاوە پەیوەندی مرۆڤە بەسروشتەوە کەخۆی لەگۆڕانکارییە مادییەکاندا دەبینێتەوە، بۆ نمونە کشتوکاڵ کەکەناڵی پەیوەندی مرۆڤە بەزەوییەوە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، مرۆڤ ھەر مرۆڤە وزەوی ھەر زەوییە، ئەوەی گۆڕاوە ئامڕازی پەیوەندیکردنەکەی نێوان ئەو دووانەیە.

 

بەڵام پەیوەندی مرۆڤ بەخالقی خۆیەوە ھیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە نەدیووە، پەیوەندی مرۆڤ بەمرۆڤەوە بەدرێژایی مێژوو ئیشکال وگرێی خۆی ھەبووە، ئایین پێویستییەکی چەسپاوە بۆ ئەم جۆرە حاڵەتە مرۆییانە وبەردەوام چارەسەرە بۆ گشت کێشەکانی مرۆڤ.

 

لەم بابەتەدا قسە لەسەر ڕۆڵ وکاریگەری ئایین دەکەین لەناو ململانێ سیاسی وئەتنیکییەکان وتەوزیفکردنی سیاسی ئەم کایە ھەستیارەی ناو ژیانی کۆمەڵگای مرۆیی لەلایەن لایەنە ڕکابەر وناکۆکەکانەوە بۆ بەھێزکردنی پێگە وکاریگەری خۆیان لەپێناوی سەرکەوتن ویەکلاکردنەوەی دۆز وئاریشەکانی نێوانیان.

 

سەرەتا لەسروشت وپێناسەی ئایینەوە دەست پێ دەکەین بۆ ئەوەی لەواتا وماھیەتی تێبگەین.

 

ئایین چییە؟

 

پێش ئەوەی پێناسەیەک بۆ ئایین بخەینەڕوو دەبێت لەوە بگەین کەزاراوەی ئایین بەدیاریکراوی پێناسەیەکی وردی بۆ ناکرێت کەھەموو لایەک ڕازی بکات بەھۆی جیاوازی تێروانینەکانەوە لای کۆمەڵگەکان وخاوەن ئینتیما ئایینییەکان وپاشان توێژەرانی بواری ئایینناسی وسیۆسیۆلۆژیای ئایین وبوارەکانی دیکەی فەلسەفە کەپێشتر ئایین زیاتر کێڵگەی کاری فەیلەسوفەکان بووە، چونکە ئایین پەیوەستە بەقووڵترین سۆزی دەروونی وباوەڕێکەوە کەپاڵ بەمرۆڤەوە دەنێت بەمەرامی کەماڵبوون ھەنگاو ھەڵبگرێت،‌ ئایین پاڵنەر وھەڵسورێنەری مرۆڤە،‌ لەمرۆڤی سەرەتاییەوە تا مرۆڤی شارستانی وپێشەکەوتوو.

 

لەدوو ڕوانگەوە قسە لەسەر ماھیەتی ئایین وئامانج وھۆکاری پەیدابوونی ئایین وئایینەکان کراوە، ڕوانگەیەکی ئایینی کەخودی ئایینەکان مەبەست وئامانج وماھیەتی ئایینیان ڕوون کردۆتەوە ولەو چوراچێوەیەشدا زانایان وشارەزایان قسەیان کردووە، ڕوانگەیەکی مرۆیی دابڕاو لە‌ڕوانگەی ئایین بۆ خۆی کەتیایدا فەیلەسوفەکان وبیرمەندان وزانایانی بوارە جۆراوجۆرەکانی مەعریفەی ئینسانی دیدگا وڕوانینی خۆیان خستۆتەڕوو.

 

ئەوانەی لەدەرەوەی ئایین و لەڕوانگەی عەقڵ ودرک وتێگەیشتنی خۆیانەوە پێناسە وئامانج وھۆکاریان بۆ بوون وپەیدابوونی ئایین داتاشیوە ھەریەکەیان قسەو پێناسەکانیان پەیوەست کردووە بەو بوارەی کاریان تیادا کردووە، بەو ھۆیەشەوە چەندین قوتابخانە ومیتۆدی جۆراوجۆر بۆ توێژینەوە لەماھیەتی ئایین ومێژووی ئایینەکان پەیدابوون وپێناسەی جۆراوجۆریش بۆ ئایین کراوە. لەم بارەیەوە چەندین تیۆر وقوتابخانەی جیاواز ھەیە کەھەریەکەیان سەرەتای ئایین بۆ جۆرێک لەوابەستەیی مرۆڤ بەحاڵەت ودیاردەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەوانە قوتابخانەی سروشتی ماکس میلەر وقوتابخانەی رۆحی تایلۆر وھربرت سبنسەر وبیردۆزی تەوتەمی دۆرکایم وبیردۆزەکەی فرۆیدو...ھتد.

 

زۆربەی ئەو میتۆدو تیۆرانەش ئەوەیان ڕەتکردۆتەوە کەئایین لەئاسمانەوە سەرچاوەی گرتووە وبۆ داھێنانێکی مرۆیی دەیگەڕێننەوە، بۆ نمونە فرۆید پێی وایە ئایین لەئەنجامی تاوانێکەوە سەری ھەڵداوە، فرۆید دەڵێت لەنەوەیەک لەنەوە پێشووەکانی مرۆڤایەتیدا کوڕەکان ئارەزووی سێکسیان بۆ دایکیان جوڵاوە وباوکیان لەبەردەم مومارەسەکردنیدا کۆسپ بووە ودواجار باوکی خۆیان کوشتووە، بەڵام دواتر پەشیمان بوونەتەوە وکەوتوونەتە ژێر باری فشاری دەروونی و ویژدانییەوە وبەتێپەڕینی کات باوکیان تەقدیس کردووە وھەموو ئەو ئاژەڵ وشتە ماددیانەی دیکە کەجێگای بایەخ وگرنگی باوکیان بووە لای کوڕەکان پیرۆزکراون ‌وبایەخیان پێداوە ودواجار حاڵەتەکە سەری لەپەرستن ویەکەم ئایینەوە دەرچوو(٧).

 

زۆربەی ئەو تیۆرانە نەقد ونەفی یەکتریان کردووە وئەمەش بەسە بۆ ئەوەی دواجار ھەموویان ڕەدبکرێنەوە و لەڕووی بابەتی وزانستی ولۆژیکەوە نەبنە جێگای ڕەزامەندی ھەموو لایەک، پێناسەکانیشیان بۆ ئایین لەزۆربەی حاڵەتەکاندا تاک ڕەھەندییە، ئەوەی کۆمەڵناسە تەنیا ڕەھەندە کۆمەڵایەتییەکەی لەبەرچاو گرتووە کاتێک پێناسەیەکی بەئایین داوە، ئەنسرۆپۆلۆژەکان قسەی بوارەکەی خۆیان کردووە، ئەوەی دەروونناس بووە وەک فرۆید بنەمایەکی نەفسی وشعوریی ئاڵۆزی بۆ ماھیەت وسەرەتای پەیدابوونی ئایین خوڵقاندووە.

 

لەو پێناسانەی کەزانایان وبیرمەندان بۆ ئایین وئاییندارییان کردووە بەشێکیان تەنھا عەقڵ وبوارەکەی خۆیان سەرچاوەی بووە وبەشێکیشیان لەخودی ئایینەکانەوە پێناسەیان بۆ ئایین کردووە و لەم ڕووەوە دەتوانین دەیان پێناسە ڕیزبەند بکەین، لێرەدا ئاماژە بۆ ھەندێکیان دەکەین وپاشان قسەی ئاییندارەکان ودواتر ئایین خۆیشی دەخەینە ڕوو، بەتایبەتی ئیسلام.

 

سیسرۆن لەکتێبەکەی (دەربارەی یاساکان) دەڵێت: ئایین ئەو پەیوەندییەیە مرۆڤ دەگەیەنێت بەخوا. ھەروەھا لەکتێبی(ئایین لەسنووری عەقڵدا) دەڵێت: ئایین ھەستکردنە بەئەرکەکانمان بەو پێیەی کەئەو ئەرکانە فەرمانی ئیلاھین.

 

رۆبەرت سبنسەر لەکۆتایی کتێبی(بنەما سەرەتاییەکان)دا دەڵێت: ئایین باوەڕە بەھێزێک کەپێشبینی کۆتایی لەڕووی زەمانی ومەکانییەوە بۆ ناکرێت، ئەوەش ڕەگەزی سەرەکی ئایینە(٨).

 

زانای ئەنسرۆبۆلۆجی بەریتانیش (جێمس فرێزەر) دەڵێت: ئایین بریتییە لەپرۆسەی ڕازیکردن وداوای یارمەتی لەھێزێکی بەھێزتر لەمرۆڤ کەباوەڕی وایە ھەڵسوڕێنەری سروشت وژیانی مرۆڤایەتییە، ئەم پرۆسەیەش دوو ڕەگەز لەخۆ دەگرێت: یەکێکیان تیۆرییە وئەوی دیکەیان پراکتیکی کردەیی، لێرەدا یەکەمجار باوەڕە بەھێزێکی باڵا، پاشان ھەوڵەکان بۆ ڕازیکردنی ئەو ھێزە باڵایە، بەبێ بوونی ئەم دوو ڕەگەزە ھەرگیز ئایین بوونی نابێت، چونکە باوەڕێک بەبێ مومارەسە تەنھا لاھوتێکی فیکرییە، مومارەسەیەکی دابڕاویش لەبیروباوەڕ ھیچ پەیوەندییەکی بەئایینەوە نییە (٩).

 

فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی ئەمیل دۆرکهایم ڕەخنەی توند لەم پێناسەیە دەگرێت وپێی وایە مەرج نییە ھەموو ئایینەکان ئامانجیان ڕازیکردنی ھێزی باڵا ونادیاربێت، نمونەش بەئایینی بوزیەت دێنێتەوە کەپێی وایە سیستەمێکی ئەخلاقییە بەبێ یاسادانەر وباوەڕ بەخواوەندێک، بوزیەت گرنگی بەوە نادات کێ ئەم جیھانەی دروست کردووە، بەڵکو کار بۆ ئازادکرنی ڕۆح وڕزگارکردنی دەکات لەناو ئەو ئازار وسەرگردانیانەی ژیان، لەمەشدا پەنا بۆ ھیچ ھێزێکی باڵا نابات.

 

بەم ڕەخنەیە دۆرکهایم وای دەبینێت کەپێناسەیەک بۆ ئایین دەبێت ھەموو ئایینەکان بگرێتەوە، لەسەرەتاییترینیانەوە تا پێشکەوتووترینیان، بۆ فۆرمەلەکردنی ئەم جۆرە پێناسەیەش دەبێت بەدوای ھاوبەشەکانی ناو ھەموو ئایینەکاندا بگەڕێین، دۆرکهایم پێی وایە کەڕەگەزی ھاوبەشی پێکھێنەری ڕووانین بۆ ھەموو شتانی بینراو ونەبینراو لای ھەموو ئایینەکان ئەم دووانەیە: ڕەگەزی پیرۆز وڕەگەزی دنیایی(١٠).

 

دیکارت لەکتێبی(مقال عن المنھج)دا دەڵێت: پێویستە لەسەرمان شتێک وەک حەق وەربگرین کەعەقڵ ئەوە بسەلمێنێت. بەڵام لەکتێبی(مبادیء الفلسفة)دا باس لەوە دەکات کەپێویستە لەسەرمان کەخاوەنی بنەمایەکی پارێزراو(معصوم)بین، ئەوەی خوا بەوەحی ناردوویەتی زۆر بەتینترە لەھەموو شتێکی دیکە(١١). ئایین لای ھیگڵ ھونەرێکی ناوەکی مرۆڤە کەوێنای خواوەندمان لەناوەوە بۆ دەکات لەڕێی شعوری ناوەکییەوە(١٢).

 

لای فۆیرباخ ئایین شتێک نییە جگە لەپاشکۆیەتی، دەڵێت: ھەست بەپاشکۆیەتی لای مرۆڤ سەرچاوەی ئایینە، بەڵام بابەتی ئەم پاشکۆیەتییە کەمرۆڤ ھەستی پێ دەکات لەبنەڕەتدا جگە لەسروشت شتێکی دیکە نییە، بۆیە سروشت بابەتی بنەڕەتی ویەکەمی ئایینە، مێژووی ئایین ونەتەوەکانیش ئەمەی سەلماندووە(١٣).

 

قەشە ئەنسالم دەڵێت: باوەڕ ھێزێکە عەقڵ پشتی پێ دەبەستێت بۆ تێگەیشتن لەحەقیقەتەکانی گەردوون بەشێوەیەکی عەقڵانی. قەشە (تۆما ئەکوینی)ش وای دەبینێ عەقڵ و وەحی دوو ھۆکارن لەھۆکارەکانی مەعریفە و لەیەک بنەڕەتەوە سەرچاوەیان گرتووە، خوا عەقڵی داوە بەمرۆڤ و ھەر ئەویش حەقیقەتەکانی وەحی بۆ خەڵک ڕاگەیاندووە. لەھەمانکاتدا قەشە ئۆگستین بەم دەربڕینە گوزارشتی لەبۆچوونی خۆی کردووە ودەڵێت: عەقڵ پێش ئیمان دەکەوێت وئیمانیش دەکەوێتە پێش عەقڵ، منیش خاوەنی ئیمان وباوەڕم بۆ ئەوەی عاقڵ بم(١٤).

 

بەڵام موسڵمانان خاوەنی پێناسەی خۆیانن بۆ ئایین کەلەقورئانەوە سەرچاوەی گرتووە، یەکێک لەو زانایانەی ئایینی پێناسە کردووە (محەمەد عەبدوڵا دراز)ە لەکتێبی(ئایین)دا کەئایین بەبارودۆخێکی ئیلاھی ناو دەبات ودەڵێت: ئایین بریتییە لەبارودۆخێکی ئیلاھی ڕێنمونیکار بۆ حەق لەبیروباوەڕ بۆ خەیروچاکە لەڕەفتار ومامەڵەدا.

 

پێناسەی موسڵمانان بۆ ئایین ئەوەی لەگەڵدایە کەئایین لەنوحەوە تا محەمەد درودی خوای لەسەر بێت (بریتییە لەئیسلام بەو پێیەی خوای گەورە لەقورئاندا دەفەرموێت:[إِنَّ الدِّینَ عِنْدَ اللَّەِ الْإِسْڵامُ](١٥ )، ئایین لای خوای گەورە تەنھا ئیسلامە. بەم پێیەش ئیسلام واتە تەسلیم بوون وملکەچی بۆ خوا بەیەکتاپەرستی وگوێڕایەڵی وخۆپارێزی لەھاوەڵ پەیداکردن بۆ خوا.

 

چەمکی ئایین لەڕووانگەی قورئانەوە یەکە وخوای گەورە یەک ئایینی بۆ ھەموو پێغەمبەران ناردووە، تەنانەت لەقورئاندا بەھیچ شێوەیەک بەکۆ وشەی دینەکان(أدیان) نەھاتووە، بەڵکو ھەر بەتاک وشەی(دین) ھاتووە. ‌لەوبارەیەشەوە کەپەیامی پێغەمبەران لەیەکتر جیابووە، ئەم جیاوازییە تەنھا پەیوەست بووە بەزەمەن وقۆناغەکانی ژیانی مرۆڤایەتییەوە، واتە ئەوە تەنھا شەریعەتەکان بووە کەبەپێی ھەل ومەرج وقۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵگە ھاتوون، ئەم بابەتە دواتر بەدرێژی ولێکدانەوەی وردترەوە باسی دەکەین، چونکە ئەم لایەنە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەباسە سەرەکییەکەمانەوە ھەیە کەعەولەمە وپێغەمبەرایەتی محەممەدە درودی خوای لەسەر بێت.

 

بەشێوەیەکی گشتی ئایین لەڕووی کردەیی ولەسادەترین لێکدانەوەی ماھیەتیدا بریتییە لەو ھەست وسۆزە ناوەکییە و ئەو پەیوەست بوون وپشت پێ بەستنەی مرۆڤ بەھێزێکی باڵای دەرەوەی خۆی، ئەم ھەست وپەیوەست بوونە کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر بزووتنەوەی ژیانی ئەم مرۆڤە ودەبێتە پاڵنەر بۆ زۆرێک لەڕەفتاروھەڵوێستەکانی.

 

کەواتە ئایین لەسەر ئاستی تاک بریتییە لەباوەڕ و ئەو پەیوەندییەی لەنێوان باوەڕدار وخوادا ھەیە، لەسەر ئاستی گشتی وکۆمەڵگا بریتییە لە ئاییندارییەکی میللی وگشتی کەخۆی لەکۆمەڵێک نەریت وعیبادەت ومەراسیمی تایبەت وپابەندیدا دەبینێتەوە، یان وەک ئەوەی لەئیسلامدا ھەیە کۆمەڵێک سیستەم ویاسای شەرعییە کەھەژموونی بەسەر ژیانی خەڵکدا ھەیە وکاروبارەکانی تاک وخێزان وکۆمەڵگە ڕێکدەخات.

 

بەھۆی ئەم کاریگەری وڕۆڵە بەھێزەی ئایینەوە ھەمیشە ھەوڵ دراوە ئەم رۆڵ وکاریگەرییە لەناو کایە وململانێ سیاسییەکاندا تەوزیف بکرێت، یان سوود لەھێز وکاریگەرییەکەی وەربگیرێت، لەئەمڕۆشدا کەزۆربەی دەوڵەتەکانی جیھان بنەمایەکی سیکۆلاریان ھەیە لەئیدارە وبەڕێوەبردنی وڵاتدا ئەم بنەمایە نەیتوانیوە ڕۆڵی ئایین نەھێڵێت ودەسەڵاتە سیاسییەکان بێ منەتبن لەئایینی گەلەکانیان وشوناسە مێژووییەکەی.

 

گەورە ھێزی جیھانیی ئەمڕۆ ئەمریکایە کە وەک سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات و وەک کۆمەڵگەش عەلمانییە، بەڵام ئایین زۆرترین ئامادەباشی ھەیە لەناو کایە سیاسییەکان وسیاسەتی دەرەوە وناوەوەی وڵاتە یەکگرتووەکاندا، ئەم ئامادەباشییە لەوتار وھەڵوێست ومومارەسەی کردەیی سەرکردەکانی ئەمریکادا دیار وئاشکرایە.

 

سەرۆکەکانی ئەمریکا وئەندامانی کۆنگرێس وئەنجومەنی پیران لەوتار وقسەکانیاندا ھەمیشە ناوی خوا وکۆمەڵێک دەربڕینی ئایینی بەکاردەھێنن، بەرنامەی سیاسی کۆمارییەکان لەساڵی ٢٠٠٦ بەدەقی نووسراو ھاتووە کەیەکێک لەئامانجەکانی حیزب بریتییە لە(ھەڵوەشاندنەوەی ئەفسانەی جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت)، تەنانەت دیموکراتەکانیش لەبەکارھێنانی ھەندێ بابەتی ئایینی دانەبڕاون لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا.

 

سەرۆکەکانی ئەمریکا یان زۆربەیان بەشدارن لەڕێورەسمە ئایینییەکان وشێوازێک لەئایینداری پیادە دەکەن، ھەموو یەکشەممەیەک خۆیان وھاوسەر ومنداڵەکانیان ئامادەی مەراسیمەکانی کەنیسە دەبن. جۆرج بۆش ئاییندارترین سەرۆکی ئەمریکا بووە وبەھەڵوێست و وتارەکانیشییەوە دیاربووە، دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێبتەمبەریش جەنگی دژی تیرۆری ڕاگەیاند وشەرعییەتی ئایینی پێداو وەک جەنگی خاچپەرستی وێنای کرد.

 

ئەمریکییەکان بۆ ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان ھەمیشە ئایینیان تەوزیف کردووە، لەو پێناوەشدا چەندین چەمکی چەواشەکارانەیان داھێناوە لەنمونەی(ململانێی ئایینەکان وململانێی شارستانییەتەکان) ئەو وێنا شێواوەی ئەوان بەئایینەکانیشیان داوە بەشێک نییە لەسروشتی ئەو ئایینانە، تەنھا تەوزیفێکی سیاسییە بۆ بەھێزکردنی ھەژمون و
دەسەڵاتی خۆیان بەسەر جیھاندا
.



ئەو شاڵاوە سەربازیانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ھەریەک لەعێراق و ئەفغانستان وپرۆسەکانی ئیحتیواکردنی بزووتنەوە ئیسلامییە ئوسوڵییەکان لەڕێگای بەدواداچوونەکان بۆ ئامانجەکانی دەرکەوتووە کەکاریگەری ڕۆڵی ئایین لەو ئامانجانەدا ھەبووە، چەندین توێژەر وبڕیار دەربارەی ڕۆڵی گەورە وسەرەکی ئایین لەسیاسەتی دەرەوەی جۆرج بۆشی کوڕدا قسەیان کردووە، لەوێوە دەستیان پێکردووە کەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی جۆرج بۆشی کوڕدا خاوەن ئامانجی ئایینی بووە، ئەمەش بەرھەمی توندڕەوییەکی ئایینی گەشەکردووی کۆمەڵگەی ئەمریکی بووە(١٦).

 

بیگومان ئەم ڕۆڵەی بەئایین دراوە لەسەر ئاستی فەرمی لەناو دەوڵەتێکی عەلمانیدا سەرچاوەی لەکاریگەری ئایین لەسەر کۆمەڵگەی ئەمریکی وەرگرتووە، ئەم کاریگەرییە لەناو کایەی سیاسی وملمەلانێ جیھانییەکاندا تەوزیف کراوە بۆ زیاتر بەھێزکردنی ھێزی ھەژموون وباڵادەستی ئەمریکا لەسەرئاستی جیھانی 

بۆ دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئەمریکا وبەریتانیا وھێزە گەورەکان پێویست بێت ئایین بۆ بەھێزکردنی خۆیان ولەناو ململانێکان لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا بەکاری بھێنن، ئەی بۆ گەلێکی بندەست وبێ قەوارە وخاک دابەشکراوی وەک کورد چەندە سوود وەرگرتن لەم کایە کاریگەرە، چەندە گرنگ وپێویستە؟.

 

گەل ونەتەوە بێ قەوارە وبندەستەکان دەبن بەژێر پێی گەلە باڵادەستەکانەوە کاتێک یەکێک لەپایە سەرەکییەکانی شوناسی ئەو نەتەوەیە لاواز دەکرێت یان لەخەباتی سەلماندنی بوون ومانەوەی ئەو نەتەوەیەدا ناخوێنرێتەوە، ئەو پایە سەرەکیانەش بریتین لە: (مێژوو، ئایین، زمان).

 

محەمەد زاھید گول لەکتێبەکەیدا(التجربة النهضویة الترکیة)دا دەڵێت: بێگومان ھەستانەوە شوناسی خۆی ھەیە کەپەیوەستە بەگەل ونەتەوەکە خۆیەوە، ھەرکاتێک شوناسی نەتەوە لەگەڵ شوناسی ھەستانەوەکەیدا پێک نەھاتەوە ڕەوتی ھەستانەوەکە دەشێوێت وچارەنووسی دیار نابێت، بگرە ڕێچکەی ھەوڵەکانی لادەدات بۆ زیاتر لەڕێگایەکی لاوەکی ودواجار لەوانەیە بەبنبەست بگات(١٧).



بەم پێیە خەباتی نەتەوەیی وھەوڵدان بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی ھەر نەتەوەیەک لەدەرەوەی شوناسە ئایینی ومێژوویی وکلتوورییەکەی خۆیەوە دروستکردنی شوناسێکیترە کەدواجار لەبەرامبەر شوناسە نەتەوەییە ڕەسەنەکەدا تێکدەگیرێت وتوانا مرۆییەکانی گەل ونەتەوەش لەتێکگیرانێکی ناوخۆییدا بەھەدەر دەدا وئاڕاستەی خەبات وقوربانیدانی نەتەوە بەرەو لەناوبردنی خودی ئەو نەتەوەیە دەگۆڕێت
.

 

ھەمیشە لەناو ئەم تەناقوزاتە بێ مانایەشدا دوژمنانی نەتەوە سوودمەند دەبن وزەمینەی ھەموو شێوازەکانی جینۆسایدیان بۆ دەڕەخسێت بەرامبەر بەو گەل ونەتەوەیە پیادەی بکەن. لەمێژووی دوورودرێژی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورددا ئەمە ڕووی داوە وکاتێک شوناسی خەبات وھەستانەوە نەتەوەییەکە بەئاڕاستەیەکی نامۆ بەشوناسە نەتەوەییەکە یان نامۆ بەیەکێک لەپایەکانی ئەو شوناسەدا براوە، گرفتی ناوخۆیی زۆر بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان دروست بووە وداگیرکەرانی کوردستانیش ئەم ئیشکال وگرفتەیان قۆستووەتەوە بۆ وەشاندنی زەبری کوشندە لەبزووتنەوەی کوردایەتی وخەباتی نەتەوەییمان.

 

گرنگی وزەرورەتی تەوزیفکردنی ئەم کایە بۆ سەرخستنی دۆزی نەتەوەیی کورد وسوود لێوەرگرتنی لەچەندین ڕووەوە دەردەکەوێت:

 

١-  وەک گەل ونەتەوەیەکی خاوەن شوناس کاراکتەرە سیاسییە باڵادەستەکانی ناو بزووتنەوەی کوردایەتی وخەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی بیانەوێت یان نا، ئایینی ئیسلام بەشێکی پێکھێنەر یان پایەیەکی سەرەکی پێکھێنەری شوناسی نەتەوەیی کوردە وزۆرینەی زۆری کورد موسوڵمانە.

٢-  غیابی ئەو شوناسە لەگۆڕەپانی خەبات یان پێدانی شوناسێکی نامۆ بەیەکێک لەپایەکانی شوناسی نەتەوە ئاراستەی خەباتەکە بەلاڕێدا دەبات و چەندین ڕێچکەی دیکە دەخاتە بەردەمی کەتواناکانی نەتەوەی تیادا پرژوبڵاو دەبێت وکۆتاییەکەی تراژیدی دەردەچێت.

٣-  نەتەوە باڵادەستە خاوەن دەوڵەتەکان کەکوردیان بەسەردا دابەش بووە ھەمان شوناسی ئایینی گەلی کوردیان ھەیە وکورد وئەوان خاوەنی مێژوویەکی ھاوبەشی ژیارین، بۆیە دابڕانی کورد لەو شوناس ومێژووە دێرینە ھاوبەشە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەخراپ سوودی لێ وەردەگیرێت وئەم سوود وەرگرتنە بەچەندین نمونە لەمێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لەپێش چاومانە ولێرەدا ئاماژە بەھەندێکیان دەکەین.

 

لەمێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییماندا لەباشوری کوردستان چەندین جار ڕژێمەکانی عێراق وبەتایبەتی ڕژێمی بەعس ھەوڵی داوە لەڕێگای زانایان وھەندێ کلکە مەلای خۆیان ومیدیای ڕژێمەوە تەکفیری کورد وسەرکردەکانی بکەن بەخوڵقاندنی چەندین پاساو، ھەندێ جار پاساوی ئایینییان دەست نەکەوتووە بەتایبەتی لەسەردەمی سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی کەوەک کەسایەتییەکی ئایینی وسیاسی دەرکەوتبوو، پاساوی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیان دەخوڵقاند وڕەھەندێکی ئایینییان بەم پاساوە دەدا.

 

لەھەندێ سەردەمی دیکەدا کورد ولایەنە کوردییەکان خۆیان بەھانەیان داوەتە ڕژێمی بەعسی عێراق ئایین کەلەدژی کورد وشۆرش وخەباتەکەی بەکاربھێنێت، بۆ نمونە لەدوای نسکۆی ١٩٧٥ وسەرھەڵدانی شۆرشی نوێ ھەندێ باڵی چەپی توندڕەوی ناو یەکێتی نیشتیمانی کەوتنە دژایەتی ئیسلام وسوکایەتی بەحەرەمی مزگەوت وشەھیدکردنی ھەندێ مامۆستای ئایینی، ئەمەش وای لەبەعس کرد بەشێک لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی کورد بەناوی زاراوەی ئیسلامی ناوبنێت وەک پرۆسە سەربازییەکانی ئەنفال.

 

بەعس کەخۆی حزبێکی عەلمانی وبگرە ئیلحادی بوو لەزۆر وێستگەی تەمەنی دەسەڵاتەکەیدا ئایینی دژی نەیارەکانی بەکارھێناوە، تەنانەت لەجەنگەکەیدا دژی کۆماری ئیسلامی لێنەگەڕا ئێران عاتیفەی ئایینی خەڵکەکەى خۆی وعێراق بۆ سوودی خۆی بەکاربهێنێت ولەیەکەم ھەنگاودا جەنگەکەی ناونا جەنگی قادسییە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیشی بەناوی کەسایەتییە ئایینییەکانی مێژووی ئیسلامەوە ناودەنا ومووشەکەکانیشی ناو نابوو حوسەین.

 

دەمێنێتەوە ئێستا کەکورد چەندە سوودە لەئایین وشوناسی گەلەکەی وەرگرتووە بۆ پارێزگاری لەبوونی خۆی وئەو دەستکەوتانەی لەدوای جەنگی کەنداوی دووەمەوە دەستی کەوتووە، بەداخەوە وەکو پێویست سوود لەئایین وبەتایبەتی ئیسلام کەئایینی زۆرینەی کورد وگەلە باڵادەستەکانی ناوچەکە ودەوروبەرمانە وەرنەگیراوە وھەندێ جار خاڵی نێگەتیڤیش لەو بارەیە دەدەنە دەوروبەر، بەتایبەتی لەباکور وخۆرئاوا و
ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئایین ڕۆڵی کاریگەری پێدراوە لەململانێکاندا، بەڵام نەک لەلایەن کوردەوە بەڵکو لەلایەن دەوڵەتەکانی داگیرکەری کوردستانەوە، نمونە زیندووەکانی ئەم چەند ساڵە وبگرە ئەم چەند مانگەی ڕابردووی ناو دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە کەتایبەتە بەکوردەوە لەبەرچاومانەو ئاماژە بۆکردنیشی ناوێت
.

بەتایبەتی ناکرێت ئاماژە بۆ ئایدۆلۆژیای پەکەکە و یەپەگە وئەزموونی کاتۆنەکان وئەو دەستور ویاسایانە نەکەین کەبەشی ھەرەزۆریان نامۆیە بەفەلسفە وجیھانبینی کۆمەڵگای کورد وکۆمەڵگا موسوڵمانەکانی ناوچەکە، بەداخەوە ئەمەش بەخراپ لەسەر دۆزی کورد شکاوەتەوە سەرەڕای ئازایەتی وبەرخودانی شەرڤانانی ناو ئەو بزووتنەوانەی باکور وخۆرئاوای کوردستان، لەبەرامبەریشدا بینیمان دەوڵەتی تورکیا وسوپاکەی چۆن سورەت وئایەتی قورئانیان لەجەنگ وململانێکانیاندا دژی ئەو ھێزانە بەکارھێنا وەک ئەوەی کورد وتورک لەسەر دوو ئایینی جیاوازبن.

 

لەکۆتاییدا دەڵێم پێویستە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ولایەنەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە لەھەرچوار پارچەی کوردستان کەخاوەنی پرسی نەتەوەیەکی خاوەن شوناسن، ستراتیژیەتی خۆی لەخەبات وڕووبەڕووبونەوەی داگیرکەران بگۆڕێت بزانێت کەئایین پایەیەکی بەھێزی شوناسی نەتەوەیی گەلەکەمانە وفەرامۆشکردنی تەنھا بەسوودی دوژمنانی کورد تەواو دەبێت وئەوان بەکاری دەھێنن بۆ ڕووبەڕووبونەوەمان، لەڕابردوودا باجی ئەم فەرامۆشکردنەمان داوە وئێستاش ئەگەر بەمیکانیزمی خەبات وستراتیژی بزووتنەوەی کوردیەتیدا نەچنەوە باجی زیاتر دەدەین.

 

 

سەرچاوەکان:

(١) الروم: ٣٠.

(٢) دین الإنسان، فراس السواح، ل١٩.

(٣) قضایا فی الفکر الإسلامی المعاصر، د.محسن عبدالحمید، چاپی یەکەم، ٢٠٠١، ل١٢.

(٤) ھەمان سەرچاوە، ٢٠٠١، ل١٢.

(٥) ھەمان سەرچاوە، ل١٣٠.

(٦) علم الإجتماع الدینی، د.عبداللە الخریجی، چاپی دووەم، ١٩٩٠، ل٣٧.

(٧) قضایا فی الفکر الإسلامی المعاصر، د.محسن عبدالحمید، چاپی یەکەم، ٢٠٠١، ل١٥.

(٨) دین الإنسان، فراس السواح، ل٢٣.

(٩) ھەمان سەرچاوە، ٢٥.

(١٠) ھەمان سەرچاوە، ل٢٨.

(١١) علم الإجتماع الدینی، د.عبداللە الخریجی، چاپی دووەم، ١٩٩٠، ل٢٨.

(١٢) ھەمان سەرچاوە، ل٢٩.

(١٣) أصل الدین، فویرباخ، ل٤١.

(١٤) علم الإجتماع الدینی، د.عبداللە الخریجی، ل ٢٩.

(١٥) آل عمران: ١٩.

(١٦) تأصیر العامل الدینی فی السیاسة الخارجیة لإدارة الرئیس جورج دبلیو بوش تجاە منطقة الشرق الأوسط، موسی یوسف الغول، ل١٩٠.

(١٧) التجربة النھضویة الترکیة، محمد زاھد جول، چاپی یەکەم، ٢١٣، بەیروت، ل١٣.



ئه‌م بابه‌ته 1018 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر