پارتى گەلى کۆمارى CHP

PM:10:35:03/04/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - حیزب و رێکخراوەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

 

پارتێکى چەپڕەوە لەسەردەستى موستەفا کەمال ئەتاتورک لەساڵى ١٩٢٣ دامەزرا، دواى کۆچى دوایی دامەزرێنەرى هەندێکجار لە حکومەتدا بووە و چەند جارێکیش لەدەرەوە حکومەت، گەورەترین پارتى نەیارى پارتى داد و گەشەپێدانە ولە هەڵبژاردنەکانى ٢٠١٥ لەدواى پارتى داد و گەشەپێدانەوە هات.

 

دامەزراندن

 

لە ٩ ى ئەیلولى ١٩٢٣ لەلایەن موستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دامەزرا.

 

ئاڕاستەى ئایدۆلۆژى

 

پارتێکى چەپڕەوە و خۆى بە بەربریکارى پارتى داد و گەشەپێدان دەزانێت، بەهۆى داکشانى جەماوەرێتى پارتى چەپی دیموکراسی و پەرت بوونى پارتە چەپەکانى دیکەوە، زیاتر گەشەى کردووە، لەکاتى ئێستادا لەهەوڵى گۆڕینى وتارە سیاسییەکانیایەتى و هەروەها پەیمانى داوە کە سەرجەم توێژەکانى کۆمەڵگا بگرێتە خۆى.

 

ئەزمونى سیاسی

 

دواى کۆچى دوایی ئەتاتورک لە ساڵى ١٩٣٨، عیسمەت ئەنینۆ وەک سەرۆکى پارتەکە هەڵبژێردرا، تاوەکو ساڵى ١٩٤٦ پارتى گەلى کۆمارى تاکە پارتى فەرمانڕەوابوو، دواتر تورکیا بەرەو فرە پارتێتى چوو، لە هەڵبژاردنى پەرلەمانیدا ئەم پارتە بە زۆرینەیەکى زۆر لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنى بەدەستهێنا، بەڵام ساڵى ١٩٥٠ و لەبەرامبەر پارتى دیموکراتیدا کە لە لایەن عەدنان مەندەریسەوە سەرۆکایەتی دەکرا، هەڵبژاردنەکەى دۆڕاند، بۆیە لەماوەى ساڵانى ١٩٥٠ تاوەکو ١٩٦٠ وەک ئۆپۆزسیۆن مایەوە.

 

لە ساڵى ١٩٧٢ بڵند ئەجەوید وەکو سێیەم سەرۆکى حیزبەکە هەڵبژێردرا.

 

لەدواى هەڵبژاردنى ساڵى ١٩٧٣ ئەم پارتە لەگەڵ پارتى ئاشتى نیشتمانى کە نەجمەدین ئەربەکان سەرۆکایەتى دەکرد حکومەتێکى هاوبەینى پێکهێنا، لەساڵى ١٩٧٨ لە حکومەتێکى دیکەى هاوبەینیدا دەسەڵاتى گرتە دەست.

 

دواى کودەتاى سەربازى ١٢ ى ئەیلولى ١٩٨٠، سەرکردە سەربازییەکان وەکو سەرجەم پارتەکانى دیکە پارتەکەیان داخست، دواى ١٢ ساڵ و لە ساڵى ١٩٩٢ ئەم پارتە بە سەرۆکایەتى دنیز بایکل دەستى کردەوە بەکارەکانى.

 

لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى ١٩٩٥ بەڕێژەى ١١% سەرکەوتنى بەدەست هێنا و بەوەش توانى ٤٩ کورسی لە پەرلەمان مسۆگەر بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانى ١٩٩٩ شکستى هێنا و نەیتوانى بەربەستى هەڵبژاردن تێبپەڕێنێت، لەو هەڵبژاردنەدا ڕێژەى٨,٧% دەنگەکانى بەدەست هێنا، هەرچەندە لەهەندێک لە پارێزگاکان دەنگى زۆرینەى هێنابوو، بەڵام لەدەرەوەى دەسەڵاتدا مایەوە.

 

لە ساڵى ٢٠٠٢ ڕێژەى١٩,٣٩ ى دەنگەکانى بردەوە و بەوەش بوو بەخاوەنى ١٧٧ کورسی لەپەرلەمان، لە ساڵى ٢٠٠٧ ڕێژەى٢٠,٨٨% دەنگەگانى بەدەست هێنا بوو بەخاوەنى ١١٢ کورسى، بەڵام لەساڵى ٢٠١١ ڕێژەى٢٥,٩٨% دەنگەکانى هێنا و بوو بەخاوەنى ١٣٥ کورسی پەرلەمانى.

 

سەرچاوە: الجزیرة

 

  



ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر