مافی دەوڵەتان لەبوارى دەریاکاندا

AM:11:13:29/03/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - بەڵگەنامەو رووداوەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

ناوچەکانى دەریاوانى نێودەوڵەتى لە دەریادا دابەش دەبێت بۆ ناوچە ئاوییە نێوخۆیی و هەرێمایەتییەکان، ناوچەى تێپەڕین وناوچەى ئابورى تایبەت و ڕۆچوونە کیشوەرییەکان، ئەو وڵاتانەى کە سنوریان بە دەریاکانەوەیە دەتوانن ئەو ناوچانە بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنن، لە سەروو هەموویانەوە ڕێککەوتننامەى جامایکا لە ساڵى ١٩٨٢، ئەو ڕێککەوتننامەیەى کەلە ساڵى ١٩٩٤ ەوە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

ئاوە ناوخۆییەکان

 

یاساى دەریاکانى ساڵى ١٩٨٢ پێناسەى ئاوە ناوخۆییەکان دەکات بەوەى کە بریتییە لەو "بەشەى دەریاکان کە ڕۆدەچێتە ناو سنورى دەوڵەتەکانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کە بەکارهێنانى ئەو دەریایانە ملکەچى یاسایەکى تایبەت بێت کەبریتی نییە لە یاساى دەریا دوورەکان و دەریای هەرێمایەتى وەکو پێشتر باسی لێوەکراوە"، ئەم جۆرە لە ئاوە ناوخۆییەکان بریتین لە بەندەرەکان و دورگەکان و دەریا ناوخۆییەکان وحەوزە ئاوییەکان.

 

ئاوە هەرێمایەتییەکان

 

ڕێککەوتننامەى جامایکا لە ساڵى ١٩٨٢ ئەوەى یەکلایی کردەوە کە ئاوە هەرێمایەتییەکانى هەر دەوڵەتێک دەتوانێت دەوڵەتان خۆیان یەکلایی بکەنەوە بەو مەرجەى کە لە دوورى ١٢ میلی دەریایی تێنەپەڕێت لەو هێڵە سەرەکییانەى کەلەم ڕێککەوتنە دەستنیشان کراون.

 

دەوڵەتان بۆیان هەیە تەواوى سەروەرى خۆیان لەناو دەریا هەرێمایەتییەکانى خۆیاندا پەیڕەو بکەن، لە پۆلیسی دەریاییەوە تاوەکو دیاری کردنى ئەو ڕێکارانەى پێویستن تایبەت بەتێپەڕبوونى کەشتییە دەریاییەکان بەو هەرێمەدا، لەگەڵ ڕێکخستنى کەشتیوانى و بازرگانى لەو سنوورەدا.

 

ئەم سەروەرییەش قووڵ دەبێتەوە بۆ ناخی دەریا، چونکە دەوڵەتان بۆیان هەیە سوود لەو سامانە سروشتییانە وەربگرن کە دەکەونە ناخى دەریاوە، لەم بوارەدا ڕێککەوتننامەى ١٩٨٢ ئاماژەى بەوە داوە کە سەروەرى وڵاتان بەرزدەبێتەوە بۆ ئەو بۆشایی ئاسمانەى کەدەکەوێتە ئەو ناوچەیەوە، هەروەها ناخى دەریاو چینەکانى ژێرەزەوى ناخى دەریاکەش.

 

تێپەڕبوونى بێتاوانانە

 

گرنگترین خاڵ کە ڕێککەوتننامەکان ئاماژەیان پێداوە، بە تایبەتى ڕێککەوتننامەى بەرشەلۆنە لە ٢٠ ى نیسانى ١٩٢١ و کۆنگرەى جنێڤ بۆ کاروبارى دەریاوانى کەلە ٢٧ ى نیسانى ١٩٥٨ دا بەسترابوو، بریتی بوو لە کردنەوەى دەریا هەرێمایەتییەکان بەمەبەستى تێپەڕبوونى کەشتییەکان لەکاتێکدا کە زانرا هیچ نیەتێکى خراپی نییە، لێرەدا پسپۆڕە یاساییەکان ڕاى جیاوازیان هەیە ژمارەیەکیان پێیان وایە کە ئەو مافە تەنیا بۆ کەشتییە بازرگانییەکان فەراهەم بکرێت، بەڵام لەکاتى تێپەڕبوونى کەشتى سەربازى دەوڵەتان بۆیان هەیە کەمەرجى تایبەت دابنێن بەسەر ئەو جۆرە کەشتییانەدا بۆ ئەوەى بەو ئاوانەدا گوزەر بکەن.

 

ئەو کەشتییانەى کەسوود لەم شێوە گوزەراندنە وەردەگرن پێویستە ڕێزى ئارامى و ئاسایش و یاساى ئەو دەوڵەتە بگرن کە ڕێیان پێدەدات، هەروەها زیان بە بەرژەوەندییە ئابورییەکەى نەگەیەنن، ئەمەو یاساش ڕێگاى داوە بە دەوڵەتان کە ڕێکارى یاسایی بگرنە بەر بەمەبەستى پاراستنى دەریا هەرێمایەتییەکانیان.

 

لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە پسپۆڕانى یاسا ڕایان وایە کە دەوڵەتان ناتوانن ڕێگا نەدەن بە کەشتییەکان تاکو بە ئاوە هەرێمایەتییەکانیاندا تێپەڕ نەبن ئەگەر ئەو کەشتییانە زیان نەگەیەنن بەو دەوڵەتانە.

 

هەروەها دەوڵەتان بۆیان هەیە کە شوێن هەر کەشتییەک بکەون لە دەرەوەى ئاوە هەرێمایەتییەکانیان ئەگەر بەڵگەى تەواو هەبوو کە ئەو کەشتییانە ڕێزیان لە ڕێکارە یاساییەکانى تێپەڕبوونى بێتاوانانە نەگرتووە و زیانیان بەبەرژەوەندى دەوڵەتەکە گەیاندووە.

 

ناوچەى بازرگانى تایبەت

 

بەپێی ڕێککەوننامەى ساڵى ١٩٨٢، ناوچەى بازرگانى تایبەت تاوەکو ٢٠٠ میلی دەریایی درێژدەبێتەوە، ئەو دەوڵەتانەى کە سنوریان دەریاکانەوەیە دەتوانن سوود وەربگرن لەو ڕووبەرە بەبێ ئەوەى کە کاربکاتە سەر بارودۆخى یاسایی ناوچەکە، ئەوەش لەبەر ئەوەى کە ناوچەى بازرگانى تایبەت ناکەوێتە ژێر سەروەرى ئەو دەوڵەتەوە.

 

ئەو دەوڵەتانە بۆیان هەیە کە دورگەى دەستکرد و دامەزراوە دروستبکەن و هەروەها سوود لە سامانە سروشتییەکانى ئەو ناوچەیەدا وەربگرن، بەو مەرجەى کە پڕۆژەکانى بە وڵاتانى دیکە ڕابگەیەنێت و ڕیگایان پێبدات کە ڕاوى ماسی و لێکۆڵینەوەى زانستى ئەنجام بدەن، هەروەها پێویستە ژینگەى سروشتى ناوچەکە بپارێزێت.

 

ڕۆچوون بۆناو کیشوەرەکان

 

سەرۆکى ئەمریکا هارى ترومان لە ساڵى ١٩٤٥ ئەم بابەتەى وروژاند، ئەوەش پاش ئەوەى کەلە جەنگى جیهانى دووەم بەسەرکەوتووى دەربازبوون، تیایدا ناوبراو باس لەوە دەکات کە دەوڵەتانى هاوسنوورى دەریاکان بۆیان هەیە سوود لە سامانى سروشتى دوورە دەریاکان وەربگرن، بەو پێیەى کە هاوسنورى ئەو دەریایانەن.

 

ئەم ڕاگەیاندنە بەشێکى دیکەى وڵاتانە هاندا کە پشتگیرى بکەن بەتایبەتى کە دەبووە هۆى بەجێ گەیاندنى بەرژەوەندییەکانیان وەک پیرۆ و چیللى و دۆمێنیکان، ئەمەش هانى پسپۆڕە یاساییەکانى دا کە بەدواى دەرەچەیەکى یاساییدا بگەڕێن بەمەبەستى چارەسەرکردنى ئەو پێشهاتانە.

 

بەیەک گەیشتنى مۆنتیگۆ لە جامایکا لە ساڵى ١٩٨٢ بووە هۆى پەسەندکردنى یاساى دوورە دەریاکان کە لە ١٦ ى تشرینى دووەمى ١٩٩٤ چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، پێناسەیەکى وردى ڕۆچوونى ناو کیشوەرکانى کردووە.

 

ماددەى ٧٦ ى هەمان یاسا دەڵێت کە " ڕۆچوونى ناو کیشوەرەکانى هەر دەوڵەتێک کە سنوورى کەنار ئاوى هەیە ناخ و چینەکانى سەرجەم زەوییە پڕبووەکان بە ئاوى دەریاکان دەگرێتەوە کەدەکەوێتە پشت ئاوە هەرێمایەتییەکانیەوە تاوەکو لاى دووەمى دەرەوەى قەراغى کیشوەرەکە، یان بە دوورى ٢٠٠ میلی دەریایی لەو هێڵە سەرەکییانەى کە ئاوە هەرێمایەتییەکان دیارى کردووە ئەگەر لایەنى دووەمى قەراغی کیشوەرەکە نەگەیشتبووە ئەو دوورییە".

 

ئەگەر قەراغی کیشوەرى دەوڵەتەکە دوورتربوو لە٢٠٠ میل، ئەوا لەو کاتەدا ڕۆچوونى کیشوەرى بەپێى پەیماننامەیک ڕێکدەخرێت بۆ ٣٥٠ میلی دەریایی.

 

سەرچاوە: الجزیرة  



ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر