کورتە باسێک لەسەر ھاوڵاتیبوون

کۆمەڵگە شوێنی ژیان کردنی تاک بەتاکی مرۆڤەکانی ناوێتی، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە بەبێ بوونی مرۆڤ ھیچ واتا مەبەستێکی نیە بۆ بوون ومانەوەی خۆی، چونکە مانەوەی کۆمەڵگە بەندە بەژیانکردن لەو کۆمەڵگەیەدا. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەدروستبوونی ژیانی سەرەتایی لای مرۆڤی سەرەتای دەرکەوتووە وھاتۆتەبوون. بوون ومانەوەشی بەند بووە بەو ململانێیەی کەمرۆڤەکان جەنگیان لەپێناو مانەوەدا کردووە. بۆیە مرۆڤی سەرەتایی بۆ مانەوەی خۆی ململانێی لەگەڵ ژیاندا کردووە.
PM:10:14:19/09/2018
دۆسیە: نیشتمانسازی
ھاوڵاتیبوون بریتییە لەخۆشەویستی تاک بۆ نەتەوە ونیشتمانەکەی, ئەو کاتەی کەماف وئەرک ئەبێتە بنەمای سەرەکی ھاوڵاتیبوون

ڕێیین عبدول ڕەحمان فەتاح قادر
توێژەرى سیاسی لەزانکۆى چەرمۆ

کۆمەڵگە شوێنی ژیان کردنی تاک بەتاکی مرۆڤەکانی ناوێتی، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە بەبێ بوونی مرۆڤ ھیچ واتا مەبەستێکی نیە بۆ بوون ومانەوەی خۆی، چونکە مانەوەی کۆمەڵگە بەندە بەژیانکردن لەو کۆمەڵگەیەدا. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دروستبوونی ژیانی سەرەتایی لای مرۆڤی سەرەتای دەرکەوتووە وھاتۆتەبوون.  بوون ومانەوەشی بەندبووە بەو ململانێیەی کە مرۆڤەکان جەنگیان لەپێناو مانەوەدا کردووە. بۆیە مرۆڤی سەرەتایی بۆ مانەوەی خۆی ململانێی لەگەڵ ژیاندا کردووە.

 

ئەمەش واتاى ئەوەیە کە تاک پێویستە و پێوەرە بۆ بوونی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەش تاک بە دەوڵەتەوە دەبەستێتەوە. دەیانکاتە دووانەیەکی پێکەوە گرێدراو، کە پەیوەستییەکی ڕوحی لە نێوان تاک وخاک ودەوڵەتدا دروست دەبێت. لێرەوە ڕۆحی پێکەوەیی ھاوڵاتیبوون دێتەدی، هەروەها ئەو پەیوەندی پێکەوەیی بوونەی لەنێوان ھاوڵاتی ودەوڵەتدا دروست دەبێت، یاسای دەوڵەتەکە رێکیدەخات، کە چ جۆرە پەیوەندییەکە ودەبێت چۆن وچۆن  بینابکرێت. چونکە تەواوی بنەمای ژیانی ھاوڵاتی لە دەوڵەتدا، لەسەر ئەو یاسایە دەوەستێت کەلە دەوڵەتدا ھەیە. بە درێژایی مێژوو، لە مێژووی زۆرێک لەوڵاتاندا، بەردەوام تاک یان ھاوڵاتی، داوای شتی باشتری کردووە لە دەسەڵاتی سیاسی، بۆیە نیمچە ململانێیەکی بەردەوام لە نێوان تاک وسیستەمی سیاسیدا بوونی ھەیە، تەنانەت لەوڵاتانی پیشکەوتوشدا. بۆیە گرنگە بتوانین خوێندنەوەیەکی ڕاست و واقعی وئەکادیمی بۆ ھاوڵاتیبوون وبنەماکانی بکەین .

 

ئەم کورتە باسە ئەم ناوەڕۆکەنە لەخۆدەگرێت:

یەکەم: مێژووی ھاوڵاتیبوون .

دووەم: چەمکی پێناسەی ھاوڵاتیبوون.

سێیەم: بنەما ومەبەستی ھاوڵاتیبوون.

چوارهەم: سیفاتەکانی ھاوڵاتیبوونی نێودەوڵەتی.

پێنجەم: دەرئەنجام.

 

یەکەم: دەستپێکی ھاوڵاتیبوون .



سەرەتایی ژیانکردن بۆ مرۆڤ، لە ژیانی سەرەتایدا شتێکی ئاسایی نەبووە. چونکە ھیچ پەیوەستییەکی یاسایی، هەروەها بنەمای یاسایی لەو ژیان کردنەدا بوونی نەبووە. لەبەرئەوەی کەشتێک نەبووە کەتاک، پەیوەستی خاک ودەوڵەت بکات. چونکە یاسا، پەیوەندی یاسایی نێوان تاک بەو چوارچێوەیەی کە تیادایەتی ڕێکدەخات، واتا یاسا ئەرک وماف بۆ ھاوڵاتی دروست دەکات، وای لێدەکات دەیکاتە تاکێکی خاوەن ماف. لەھەمان کاتدا ئەرکیشی لەسەر شان بێت، ھەموو ئەمانە بۆ تەواوکردنی ژیانە بەشێوەیەکی ڕاست ودروست ودوور لە ژیانکردن لە کۆمەڵگەی سەرەتایی، چونکە بنەمای یاسا وجێبەجێ کردنی سەرەتایەکە بۆ دروست بوونی پایەکانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو لەم جیھانە نوێیەدا
.

 

بۆیە مێژووی ھاوڵاتیبوون بەمانا سەرەتاییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ " یۆنانییە کۆنەکان وشارستانیەتی یۆنان، لەبەرئەوەی ئەوان گرنگیان بە تاک وھاوڵاتی داوە، ھەروەھا وشەی (polis) کەبەواتای شار ھاتووە، کە ئەمەش گوزارشت بووە بۆ بنەمای ھەبوونی ماف وبەشداری کردن لە کاروباری شاردا".(١)ھەروەھا چەمکی ھاوڵاتیبوون کەلە" هزرى سیاسی ھاوچەرخدا بەشێوەیەکی تەواو جێگیر بووە، چەمکێکی گشتگیر و وشکە، لەبەرئەوەی لەجوڵە کۆمەڵاتییەکانی مێژووەوە سەری ھەڵداوە.  بۆیە ڕوودانی ھەندێک گۆڕانکاری زۆر گرنگە. لە مێژووی سەرھەڵدانی دەوڵەت ودەوڵەتی نەتەوەییەوە، بنەما وپایەکانی ئەم چەمکە ھاتەبوون ودروستبوون، کە ئەویش خۆی لەسێ وەرچەرخاندا دەبینێتەوە:

 

وەرچەرخانی یەکەم: لەگەڵ کۆتایی ھاتنی جەنگی ئاینی وگرێدانی ڕێککەوتنامەی ویستڤالیا لە ساڵی ١٦٤٨.

 

وەرچەرخانی دووەم: لەگەڵ سەرھەڵدان ودەرکەوتنی بەشداری سیاسی، کە ڕۆڵێکی گرنگ وپڕبایەخی ھەبووە لەدەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.

 

وەرچەرخانی سێیەم: دەرککردن بەھێز وباڵای یاسا، هەروەها گشتگیرییەکەی کە بەسەر تەواوی ھاوڵاتیادا جێبەجێدەکرێت - کە یەکێکە لەبەرئەنجامەکانى هزرى سیاسی رۆژئاوا سەبارەت بەدام ودەزگاکان، وەک یەکێک لە ئەنجامی دروستبوونی دامەزراوەیی دەسەڵاتی سیاسی- لەژێر سایەی دەوڵەتی نەتەوەییدا.(٢)

 

بۆیە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ھاوڵاتیبوون کەواتا و وابەستیەی تاکە بەدەوڵەتەوە، لەژێر سایە وسێبەری یاسادا،  کەئەو یاسایە  بەشێوەیەکی ڕاست ودروست بتوانێت کە ماف و ئەرکی ئەو ھاوڵاتییە دابین بکات.

 

دووەم: پێناسەی ھاوڵاتیبوون 

 

پێناسە گەلێکی زۆر بۆ ھاوڵاتیبوون کراوە، لەبەرئەوەی ئەم چەمکە پەیوەندیدارە بەبواری فکری سیاسیەوە وبەو بوارەوە دەبەسترێتەوە، چەند پێناسەیەک لەو بوارەدا دەخەینە ڕوو.

 

ئینسکلۆپیدیاى عەرەبی جیھانی سەبارەت بە ھاوڵاتیبوون دەڵێت " ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ ھاوسۆزی (ئینتیما) بۆ نەتەوە یان بۆ نیشتمان". ھەروەھا دائیرەی مەعاریفی بەریتانی (Encyclopedia Britannica)، وا پێناسەی ھاوڵاتیبوون دەکات کە"بریتییە لە پەیوەندنی نێوان تاک ودەوڵەت کە یاساى ئەو دەوڵەتە دیاری دەکات، ئەو پەیوەندییە ئەرک وماف لەخۆدەگرێت".(٣)

 

ھەریەکە لەم دوو پێناسەیە ھاوسۆزی وپەیوەندی تاک بۆ نەتەوە ونیشتمان پیشان ئەدەن لەسەر ئەو بنەماییەی کە، تاک ھاوسۆزە بۆ نیشتمانەکەی. ھەر ئەمەشە کە پایەی پەیوەندی نێوان تاک ودەوڵەت دیاریدەکات ولەسەری ڕادەوەستێت.

 

ھەروەھا ئینسکلۆپیدیاى نێودەوڵەتى پێناسەی ھاوڵاتیبوون دەکات بەوەى کە" بریتییە لە ئەندامی تەواو لە دەوڵەتدا، یان ھەندێ یەکەی  فەرمانڕاوەیی کردن. ئەم ئینسکلۆپیدیایە جەخت لەوە دەکاتەوە لەوەی کە ھاوڵاتیان خاوەنی ھەندێ مافن وەکو: مافی دەنگدان، مافی وەرگرتنی پۆستی گشتی. ھەروەھا خاوەنی کۆمەلێ ئەرکین لەوانە: پێدانی باجە بەدەوڵەت".(٤)



ھەروەھا ئینسکلۆپیدیای (کولیر)ی ئەمریکی پێناسەی ھاوڵایتبوون دەکات بەوەى کە" ئەندامێتی تەواوە لەکۆمەڵێکی سیاسیدا".(٥)

لەهەمانکاتدا ھەندێ لێکۆڵەرەوان پێیان وایە کەھاوڵاتیبوون "بریتییە لەواتای دانپێدانانی شەرعی ودەستوری بەمافی تاک لە بەشداریکردن وبەڕێوەبردنی وڵات، لە بڕیاڕدان لەسەر کاروباری تاک خۆی، تەواوی پایەکانی ھاوڵاتیبوون پشتدەبەستێت بە کۆمەڵێ ئەرک وماف کە ئەمەش بنەمایە بۆ بەھای یەکسانی وبەخشینی ئازادییەکان و جێبەجێکردنی دادپەروەری".(٦) ھەروەھا دەکرێت سەبارەت بە ھاوڵاتیبوون بوترێت، بریتییە لەو پەیوەندییەى کەتاک دەبەستێتەوە بە دەوڵەتەوە بەپێی کۆمەڵێ بنەما وڕێسای یاسایی کەلە دەوڵەتدا کاری پێدەکرێت وبەرکارە. ھەربەپێی ئەم یاسایەی کەلە دەوڵەتدا ھەیە تاک یان ھاوڵاتی ماف وئەرکی ھەیە، کە یاسا ھەموو ئەمانە دیاری دەکات.

 

سێیەم: بنەما ومەبەستی ھاوڵاتیبوون.

 

مەبەستی ھاوڵاتیبوون لەھەر شوێن وجێگەیەک بێت، لەھەر یاسا ودەستورێکدا بێت، ئەوەیە کەتاک چۆن لەناو دەوڵەتدا دەبێتە ھاوڵاتی بەپێی بنەمایەکی یاسایی کەتاک یان ھاوڵاتی پابەند دەکات بە کۆمەڵێ ڕێسایی یاسایی ودەستوری، کە ھەرھەمان یاسا و دەستور کۆمەڵێکی زۆر ماف دەبەخشێت بەو تاکە کەھەست بکات بەدروستی وڵات خزمەت بەو تاکە کەسە دەکات ودەیکاتە خاوەن ماف. بەمەش ئەم کەسە دەبەستێتەوە بەم وڵاتەوە، دەبێتە تاکی ئەو نیشتمانە، ئەمە لەڕووی یاساییەوە، کەئەمە دیوی سەرەکی ودروستی ھاوڵاتیبوونە. کە چۆن ئەرک وماف بەسەر ھاونیشتمانیاندا دابەش دەکات.

 

بەڵام لەڕووی سیاسییەوە، ھاوڵاتیبوون، مافی سەرەکی ئەوەیە کەچۆن بەشداری کاروباری سیاسی وئیدارەدانی دەسەڵاتی سیاسی دەکات. لەبەرئەوەی کە ھاوڵاتیبوون لە سەردەمی نوێدا پەیوەستە بە بەشداریکردن لە ڕێڕەوی سیاسی وڵات وھەڵبژاردنی فەرمانڕاوەکان. بۆیە ئامانج ومەبەستی ھاوڵاتیبوون، ھیچ کات بەدی نایەت ئەگەر ئەم مەرجانەی تیادا نەبێت: 



١- یەکسانی ودابینکردنی دەرفەت، 
ناکرێت باسی ھاوڵاتیبوون بکرێت ھەتا یەکسانی لە دەرفەت بۆ سەرجەم  تاکەکانی کۆمەڵگە دابین نەکرێت، چونکە یەکسانی دەبێتە ھۆی ئەوەی کە تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە ھەست بەبوونی خۆیان بکەن بەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی لەناوخۆی وڵاتدا ڕێزی تاکەکانی خۆی دەگرێت. بۆیە "ناکرێت باسی ھاوڵاتیبوون بکرێت تەنیا ئەو کاتەی کە تەواوی ھاوڵاتیان لە ماف وئەرکەکانیاندا یەکسان دەبن، بۆ تەواوی ھاوڵاتیان دەرفەتی یەکسان دەرەخسێندرێت، واتا ھەموو ھاوڵاتییان بەبێ جیاوازی یەکسانبن لەبەردەم یاسادا کە ئەمە مەرجەعی سەرەکییە لە دیاری کردنی ماف وئەرکەکاندا.  بۆیە گرنگە کە مافی نێشتەجێبوون و پێکەوەژیان وھاوبەشی وھاوکاری ببنە بنەمای سەرەکی بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە ھاوسۆزیان بۆ نیشتمان ھەیە. چونکە ئەمانە دەبنە ھۆی ئەوەی کە وڵات لەناوخۆی خۆدا سەقامگیر دەبێت، چونکە پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە، کە نەبوونی یەکسانی سەر دەکێشێت بۆ نەبوونی ئارامی وسەقامگیری. لەبەرئەوە ھەستکردن بەبێ بەشکردن و نامۆبوون دەرگا لەبەردەم نایەکسانی دەکاتەوە".(٧)

 

ھەروەھا یەکسانی ودەرفەت دووانەیەکی لێک دانەبڕاوە بۆ بوونی ھەستی ھاوڵاتیبوون لای تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە بەبێ ئەوەی کە ھەموو جیاوازییەکان ڕەتبکرێتەوە، تەنانەت ئەمە دەبێت بۆ بێگانەکانیش ڕاست بێت وئەوانیش ھەست بەبوونی ھاوڵاتیبوون بکەن وخۆیان بە ھاوڵاتی ئەو نیشتمانە بزانن کە تیایدا دەژین.


٢- بەشداریکردنی لە کاروباری سیاسی وگشتیدا، 
ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە ئەو کاتەی ھەست بە ھەبوونی خۆیان دەکەن کەئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت کە بەشداری تەواویان ھەبێ لە تەواوی کایەکانی کۆمەڵگەدا. بەشداریکردن واتای "توانای بەشداریکردن لەژیانی گشتی ویەکسانی بوار لەبەردەم تەواوی ھاوڵاتیان لە بوارەکانی سیاسی وکۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری بەبێ ئەوەی کەھیچ جۆرە وجیاکاری وجیاوازییەک بکرێت، کەلە و خاڵەوە دەست پێدەکات کە منداڵ لە قۆناغی سەرەتاییدا دەبێت مافی خوێندن وفێربوونی ھەبێت، ئەمە بۆ خۆی سەرەتای مافی ھاوڵاتی بوونە. ھەروەھا سوودمەند بوونی ھەموو ھاوڵاتیان لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ھەروەھا وەکو سەربەخۆی لە بواری ئازادی ئابووری وئازادی داھێنانی فکری وڕۆشنبیری".(٩)



٣- ھاوسۆزی بۆ نیشتمان، خۆشەویستی بۆ نیشتمان، بریتییە لەو ھەستەی کە ھەموو تاکێکی بەپرسیار وخاوەن ویژدانی ڕاستەقینە دەبێت ھەیبێت، چونکە نیشتمان پێش ھەموو شتە، ئەمە بەواتای نەتەوەپەرستی نایەت، بەڵکو ھاوسۆزییە بۆ ئەو خاکەی کەتاک لێی دەژی وھەرچۆنێک بێت وھەرکات بێت پێویستە تاک بایەخ وگرنگی پێبدات، بەڵام بەبێ ئەوەی کە سەربکێشتێت بۆ ڕەتکردنەوەی نەتەوە ومیللەتانی دیکە، نەخێر دەبێت ئەو خۆشەویستییە، لەوەوە سەرچاوە بگرێ کە تاک لێپرسراوە بەرامبەر خاک ونەتەوەی خۆی.

 

بۆیە ھاوسۆزی بۆ نیشتمان خۆی دەبینێتەوە  لە" واتاى دڵسۆزی بۆ نیشیمان، چونکە ئەمە ئەو پەیوەندی وپەیوەستییەیە کەتاکەکان بە وڵات ونیشتمانەوە دەبەستێتەوە، ملکەچ نیە بۆ ھیچ بوارێکی دیکە مەگەر تەنھا بۆ سەروەری یاسا نەبێت. بۆیە بنەماکانی ھاوڵاتیبوون بە ھاوسۆزی دروست وڕاستەقینە دێتەبوون. ھەروەھا دەبێت ھەموو ھاوڵاتیەک ھەستی خزمەتکردنی نەتەوە ونیشتیمانەکەی بکات وکاربکات بۆ گەشەپێدان و بەرزکردنەوە وپارێزگارکردن لەبنەما ئاینی وزمانەوانی وشارستانێتی و ڕۆشنبیرییەکانی، ھەروەھا بەشداریکردن لە ھێنانەدی سوودی گشتی، پابەندبوون بەڕێزگرتنی ماف وئازادییەکانی ئەوانی دیکە، ڕێزگرتن لەو یاسایانەی کە پەیوەندی نێوان تاکەکان ڕێکدەخات.... ھتد".(٩)

 

     

سیفاتەکانی ھاوڵاتیبوونی نێودەوڵەتی

 

ھەندێ لە لێکۆڵەرەوان لەسەدەی بیست ویەکدا کۆمەڵێ خاسییەت یان سیفەتی داناوە وەکو سیفەتی ھاوڵاتیبوون کەخۆی لەمانەدا دەبینێتەوە: (١٠)

 

١.            داننان بەبوونی کەلتوورە جیاوازەکان.

٢.            ڕێزگرتنی مافی ئەوانی دیکە وئازادییەکانیان.

٣.            داننان بەبوونی ئایینە جیاوازەکان.

٤.            تێگەشتن وکارابوونی ئایدۆلۆجییە سیاسییە جیاوازەکان.

٥.            تێگەیشتن لە ئابووریە جیھانییەکان.

٦.            گرنگیدان بەکاروباری نێودەوڵەتی.

٧.            بەشداری کردن لە ھاندانی ئاشتی نێودەوڵەتی.

٨.            بەشداری لە ئیدارەدانی ململانێیەکان بەرێگەی دژەتوندوتیژی.

 

ھەروەھا دەکرێت بە شێوەیەکی دیار وبەرچاو ڕوون ھاوڵاتیبوون لە چەند خاڵێکدا دەربکەوێت، ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لەھەریەکە لەمانە: (١١)

١- ئینتیمابوونی تاک بۆ نیشتیمانێکی دیاریکراو.

٢- سوود وەرگرتنی تاک بەمافەکانی بوونی ھاوڵاتیبوون.

٣- جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ھاوڵاتیبوون لەلایەن تاکەوە.

٤- بەشداری کارا لەکاروبارە گشتییەکانی نیشتیماندا.

٥- چارەسەرکردنی جیاوازییەکان بە گفتوگۆ.

٦- ڕێزگرتنی بەرامبەر لە دید وبۆچوون وئینتیمای ئاینی وسیاسی وڕۆشنبیری ھەر چییەک بێت وھەرچۆنێک بێت.

٧- مومارەسەکردنی تەواوەتی ماف وئەرکەکان.

 

دەرئەنجام:

ھاوڵاتیبوون بریتییە لەخۆشەویستی تاک بۆ نەتەوە ونیشتمانەکەی کەئەو کاتەی کە ماف وئەرک ئەبێتە بنەمای سەرەکی ھاوڵاتیبوون، پێویستە ھاوڵاتیبوون بەپێی یاسا و دەستوری وڵات بچەسپێندرێت وکاری پێبکرێت، چونکە دەستور ویاساکان زامنی ھەبوون وپاراستنی ئەو مافانەن کە ھاوڵاتیبوون دەیبەخشێتە تاک، بەو پێیەی کە تاک چەقی سەرەکی وبوونی یاساکانە. ئەگەر یاساکان بۆ خواست وبەرژەوەندنی تاک کارنەکەن وھەوڵی بەدی نەھێنانی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە نەدەن ئەو کات تەنھا دەبنە مەرەکەبی سەر کاغەز وبێسوود دەبن. ھاوڵاتیبوون پەیوەندنی لەگەڵ دیموکراسیدا زۆرە، چونکە بنەماکانی ھاوڵاتیبوون لە دەوڵەتە دیموکراسییەکاندا زیاتر بوونی ھەیە وەکو لەوڵاتانی نادیموکراسی.

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان:

١.            تعریف المواطنة و شروط تحقیقھا، من الانترنت علی الرابط الاکترونی

ebn-khaldoun.com/article-details.php? Article =٦٩٣

٢.            علی الکواری، مفھوم المواطنة فی الدولة القومیة، مجلة المستقبل العربی، مرکز دراسات الوحدة العربیة، العدد ٢٦٤، ص ١١٢.١١٣

٣.            سعید عبدالحافظ، المواطنة حقوق و واجبات، ٢٠٠٧، القاھرة، ص ١١.

٤.            ملف شامل عن المواطنة (المفھوم، الاسس، الاھداف)، من الانترنت،

https://www.politics-dz.com/community/threads/mlf-shaml-yn-almuatn-almfxum-alssalxdaf.٦٣٦٣/

٥.            د.شروق بنت عبدالعزیز الخلف و د.محمد بن خلیفە اسماعیل، المواطنة وتعزیز العمل التطوعی، المرکز الابحاث الواعدة فی البحوث الاجتماعیة ودراسات المرأة، مکتب الملک فھد الوطنیة، ٢٠١٣، ص ٢٤.

٦.            ملف شامل عن المواطنة، المصدر سابق.

٧.            د. علاءالدین عبدالرزاق جنگو: المواطنة بین السیاسة الشرعیة والتحدیات المعاصر، ص٣٥-٣٦،  بحث منشور من الانترنت علی ربط:

http://sites.uhd.edu.iq/aladin-jenko/academic-research-and-publications/bhwth-almwtmrat/almwatnte-byn-alsyaste-alshryte-walthdyat-almasrte

٨.            نفس مصدر، ێ ٣٨.

٩.            عبدالقادر العلمی، المواطنة مفھومھا ومقوماتھا، من الانترنت

http// www.machahid٢٤.com/etudes/٧٤٥٢١.html

١٠.         ملف شامل ، مصدر سابق ذکرە

١١. عبدالعزیز قریش ولیث زیدان: مفھوم المواطنة فی النظام الدیمقراطی – التربیة المواطنة، الحوار المتمدن، من الانترنت

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=٩٨١٦٣

 



ئه‌م بابه‌ته 1046 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر