بزافی ئیسلامیی سیاسیی له‌كوردستان، زه‌روره‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌؟

ھەڵکشان و داکشان، یاخود پاشەکشەوچوونە پێشەوەی ھەر حیزب وڕێکخراوێکی سیاسی، پەیوەندی ئۆرگانێکی ھەیە بەفاکتەرەکانی سەرھەڵدان وپاشان حەقانیەتی نوێنەرایەتکردنی ئەو چین وتویژە کۆمەڵایەتییەی دەبێتە نوێنەرو نومایندەی و خۆی بەخاوەنی دەزانێ.
PM:08:11:28/03/2019
دۆسیە: شیکار
سەرھەڵدان ودروست بوونی حیزبی ئیسلامیی لەکوردستاندا، زەرورەتی مێژووی، کۆمەڵایەتی، سیاسی نەیھێناوەتەوە، بەڵکو فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی بنچینەیی لەدروستبوونیدا گێراوەتەوە.

فوئاد مەجید میسری
نوسەر

ھەڵکشان و داکشان، یاخود پاشەکشەوچوونە پێشەوەی ھەر حیزب وڕێکخراوێکی سیاسی، پەیوەندی ئۆرگانێکی ھەیە بەفاکتەرەکانی سەرھەڵدان وپاشان حەقانیەتی نوێنەرایەتکردنی ئەو چین وتویژە کۆمەڵایەتییەی دەبێتە نوێنەرو نومایندەی و خۆی بەخاوەنی دەزانێ.


حیزبی ئیسلامی، لەھەر جێگەیەکی دنیادا پەیدابووبێ بەکوردستانیشەوە خۆی بە نوێنەرو دەمڕاستی کۆمەڵگای بەئایین موسوڵمان دادەنێت وگوایە تاقەھێزە بەرگری لە بەھا ئایینییەکان دەکات، ئامانجیشی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی دەوڵەتی ئیسلامییە
.


بۆیە دەبێت لێرەدا بەرلەوەی قسەوباسێک لەپاشەکشەی بکەین بەتایبەتی لەکوردستاندا، ئاوڕێک لەسروشتی سیاسی وھەقانیەتی دروستبوونی بدەینەوە
.


ھەرکەسی شارەزاییەکی ھەبێت لەمێژووی کۆمەڵگەی کوردستاندا، ئەوحەقیقەتەی لەبەرچاوە کەبیری ئوسوولیی ئیسلامی ھەرگیز پێشینەیەکی مێژوویی نەبووەو ئایینی ئیسلام وەک بەشێک لەکلتوری میللی پەیڕەوکراوە وڕێبەرانی ئایینییش سنووری ئەم فۆرمەیان تێنەپەڕاندوە (ئیخوان)کەلە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەمیسر دامەزراوە، ھەرلەسەرەتاوە ھەوڵیدا ببێتە ڕێکخراوێکی سەرتاسەری، نزیکەی بیست و پێنج ساڵی تێپەڕاند ئەوجا توانی لقی خۆی لە عێراق دابمەزرێنێ
.

 
ئەمەلەکاتێکدا دەوڵەتی پاشایەتی عێراق، بەمیان بەوشێوەیە، پشتگیری لەبوون وچالاکییەکانی دەکرد و بە فاکتەرێکی باشی زانیووە بۆدژایەتی کردنی ھێزە چەپ و دیموکرات خوازەکان.

 
ئەوەندەی کە پەیوەندی بە کوردستانەوە ھەیە، ئەم ڕەوتە سیاسییە بە پیرەوەچوونێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەدیوەو نەیتوانیوە ببێتە ئەلتەرناتیڤی ھیچ کام لەوھێزە سیاسییانەی خاوەنی گۆڕپانی سیاسی بوون.


واتە نەبووەتە خاوەنی بنکەیەکی جەماوەریی وا، کەڕۆڵێکی سیاسی بەچاو بگێڕێ لە کوردستاندا. لە کاتێکدا کوردستان لە سایەی دەوڵەتی تازە دامەزراوەیی عێراقدا ڕووبەڕووی چەوسانەوەی نەتەوەیی  و چینایەتی بووبوو
.

 
ئەوچەند مەلایانەش کە ژمارەیان لە پەنجەکانی ھەردوو دەست تێناپەڕێت، ئەوکات بەئیخوانەوە پەیوەست بوون. بۆخۆیان ئەم حەقیقەتە ناشارنەوە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و لە گەرمەی ململانێی نێوان ھێزە سیاسییەکانی عێراق و کوردستاندا لە ساڵی ١٩٦٠، ئیخوان خۆی ناو دەنێت (حیزبی ئیسلامی)و بەڕەسمی خۆی دەناسێنی. بەڵام چونکە دروشمەکانی دووربوون لەخواست و ئامانجی کۆمەڵانی خەڵک و لەدەوری زیندووکردنەوەی دەوڵەتی ئیسلام و ژیاندنەوەی بەھا ئایینییەکان دەخولانەوە، ھەر نەیتوانی ببێتە خاوەنی پێگەیەکی جەماوەری ئەوتۆ کە جێدەستی بەسەر ڕەوتی سیاسی ئەوسای عێراقەوە دیار بێت.

 
ھەرچی کوردستانە، پێگەی ئەم ڕەوتە لەسنوری چەند مەلایەک کەژمارەیان لە پەنجەی دەست تێپەڕِ ناکا نەچووەتە دەرەوە.


لەکاتێکدا گەلی کورد کەتبووە بەر شاڵاو ھێرشی ڕژێمی (عبدالکریم قاسم) بەئاگرو ئاسن وەڵامی داخوازیە ڕەواکانی گەلی کوردی دەدایەوە (حیزبی ئیسلامیی) نەک ھەر پشتگیر لەبزوتنەوەی ڕەوای گەلی کورد نەکرد، دروشمی دژایەتیکردنیشی بەرزکردەوە بەفاکتەری تێکدانی ڕیزی موسوڵمانان ناوزەدی کردووە. لەم سۆنگەیەوە سەنگەری لێگرتووە
.


مێژووی ڕووداوەکان دەیگێڕنەوە کە دوای کودەتاکەیبەعس (١٩٦٨) بەرپرسی یەکەمی ئیخوان (عەبدولکەریم زێدان) لەیەکەم حکومەتی بەعسدا دەبێتە وەزیری ئەوقاف وبەیاننامەیەکی شەرم ئاوەریش لە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دەردەکات
.


ئەوانەی شارەزاییەکیان لە مێژووی دروستبوون وگەشەکردنی ڕەوتە ئیسلامییەکاندا ھەیە، لەوباوەڕەدان کە ساڵانی ھەشتای سەدەی ڕابردوو دە ساڵی زێرینی تەمەنی ئیسلامیی سیاسییە لەسەرتاسەری دنیای عەرەب وئیسلامدا
.


دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران وژیانەوەی شیعەگەرایی و لە چەندین وڵات وبەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا، یەکێکە لەوفاکتەرانەی ھەلی بۆ دەوڵەتێکی وەک عەرەبستانی سعودی ڕەخساند، بەکردەوە خۆی بکاتە نوێنەرو نومایندەی ڕەوتی سونەگەرا لەدونیای عەرەب وئیسلامییدا
.


ئەوکاتەی کە (حیزبی ئیسلامیی)دە ساڵ بوو لە عێراق وکوردستاندا وجودی نەمابوو، خۆی ھەڵوەشاندبوەوە، چەند کەسێک کە پێشتر سەر بەو ڕەوتەبوون، ئەم ھەلەیان قۆستەوە و بە عەرەبستانی سعودی و دەوڵەتانی کەنداوەوە پەیوەست بوون. بەکەڵک وەرگرتن لە جەنگی عێراق- ئێرانیش، دەرگای کۆمەک ویارمەتیان لەلایەن جەمھوری ئیسلامی ئێرانەوە بۆخرایە سەرپشت و بەقسەی خودی ئەوانەی بەشدارییان لەپڕۆسەی دامەزراندنی (بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی)دا کردووە، لەناوخاکی ئێران بەکۆمەک و یارمەتی جمھوری ئیسلامی ئێران کارەکەیان ئەنجام داوە
.

 
خودی ئەم رێکخستنەیش دایکی شەرعی تێکرای باڵەکانی تری ئەم بزووتنەوەی ئیسلامگەرایەیە کە دواتر ڕەوتی (نەھزە) و(بزووتنەوە) و(یەکگرتوو) و(کۆمەڵ)ی لێکەوتەوە.

 
ئاماژەکردن بەم مێژووچەیە بەڵگەو دەلیلی ئەوەیەکە


یەکەم: سەرھەڵدان ودروست بوونی حیزبی ئیسلامیی لەکوردستاندا، زەرورەتی مێژووی، کۆمەڵایەتی، سیاسی نەیھێناوەتەوە، بەڵکو فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی بنچینەیی لەدروستبوونیدا گێراوەتەوە
.


دووەم: ئایدیای تێکرای ڕەوتە ئیسلامگەراکان لەئیخوانەوە سەرچاوە دەگرن
.


سێیەم: ھەڵوێستی ئەم ڕەوتە بەدرێژایی مێژووی دروست بوونی، لەبەرامبەر بزووتنەوەی ڕەوای گەلانی موسوڵمانی غەیری عەرەب، ھەڵًوێستێکی شۆفێنیانەی عەرەبی بووە، بەکردەوە لەسەنگەری دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلانی غەیری عەرەبدا بووە لەجیھانی عەرەبیدا
.


بەدرێژایی ساڵانی ھەشتای سەدەی ڕابردوو، لەگەرمەی جەنگی (عێراق - ئێران) دا،  کوردستان بەشێک بوو لەمەیدانی جەنگ، سەرەنجام ڕووبەڕووی پاکتاوکردن و جینۆساید بووەوە
.


ڕەوتی ئیسلامگەرا بە کردەوە بووە بەشێک لە ستراتیژی ئەو جەنگە لەسەر داوای جمھوری ئیسلامی ئێران چەند کەس لە دیارترین ڕابەرەکانی ئەو ڕەوتە بوونە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی لە عێراق (المجلس الاعلی للثورة الاسلامیة فى العراق)
.


ئەم ڕابەرە ئایینییانە کە لەسەر ئاستی باوەڕ، نەک ھەر شیعەگەرایی ڕەت دەکەنەوە بەڵکو بە کافرو لە دین ھەڵگەراوە وڕافزی دادەنێن، بوونە ئەندامی ئۆرگانێکی سیاسی- سەربازی شیعە مەزھەب. دیارە ئەمیش بۆخۆی بەڵگەیەکی تری ئەوحەقیقەتەیە کە ئیسلامگەرایی لە کوردستاندا ڕێشەی مێژووی نەبووە و نییە، ھەمیشە فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی لە دروستبوون ولەبرەو پێدانیادا ھەبوو
.


لەماوەی سەدەیەک خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردا، ڕەوتی ئیسلامگەرا نەک ھەربەشداری خەباتی نەپساوەی خەڵکی کوردستانی نەکردوە، وجودیشی نەبووە
.


بۆیە دەتوانین بڵین بوونی ڕەوتێکی لەوجۆرە خۆی لە خۆیدا تەنێکی نامۆیەو ھاتۆتە ناو کۆمەڵگایەکەوە پێی ئاشنا نییە
.


کەواتە، ئەوفاکتەرە سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتییانە چی بوون، یارمەتی ڕەوتێکی ئیسلامگەرایان دا لەگۆڕپانی سیاسی کوردستاندا خۆی بنوێنی و ببێتە جەمسەرێکی ھاوکێشەی سیاسی لە بەرامبەر ھێزە سیاسیەکانی تردا؟
.


یەکێک لە خەسڵەتەکانی کاری سیاسی ڕەوتی ئیسلامگەرا، ئەوەیە ھەمیشە ڕوو لەوجێگایانە دەکا، لەڕووی ئابورییەوە ھەژارو، لە باری رۆشنبیرییەوە دواکەوتوون وئاستی ھۆشیاری کۆمەڵایەتییان نزمە
.


کوردستان ھەم لەسایەی سیاسەتی ناڕەوای دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق،ھەم لەسایەی شەڕی ناوخۆی دوو ھێزە سیاسییە باڵا دەستەکەی و ھەمیش لەئەنجامی ئابڵۆقەی ئابوری ڕژێمی عێراق و ھێزە نێودەوڵەتیەکانەوە، دووچاری نەھامەتییەکی گەورە بوو
.


برسێتی و بێکاری و نەبوونی مووچە وئاوارە بوونی سەدان ھەزار کەس، ھەلێکی زێرینی ڕەخساند، تاوەکو عەرەبستانی سعودی و دەوڵەتانی کەنداو لە ڕێگەی ڕەوتە ئیسلامگەراکانەوە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ئوسوولی ھەناردەی کوردستان بکەن
.

 
پەترۆ دۆلاری دەوڵەتانی کەنداو لەشێوەی خۆراک و ئازووقەوە جارجاریش وەک مووچە و بەرات دابەشکردنی بەسەر دانیشتوانی گوندنشین وئۆردوگاکانی کوردستاندا، وایکرد ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی کورد بەحیزبە ئیسلامییەکانەوە پەیوەست ببن .


دیارە میللیبونی ئایینی ئیسلامیش وەک کلتوری کۆمەڵایەتی فاکتەرێکی باش بوو، ھێزی ئیسلامگەرا توانی کەڵکی لێوەربگرێ، بۆیە لەسەرەتاوە ئەم ھێزانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  بەخۆیاندا دەھاتن و گەشەیان دەکرد و لەپرۆسەی ھەڵبژاردندا، کێرفی بەشداریکردنی ھەوادارانیان ژمارەیەکی بە چاو بوو
.


ھەرچی ئەنجامەکانی دوو ھەڵبژاردنی دوایی، دەریان خست ئەم ڕەوتە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو ڕەونەقەی پێشووی لە دەست داوە
.


ئەگەرچی حیزبە ئیسلامییەکان بۆخۆیان دان بەم حەقیقەتەدانانێن و بەگزی وساختەی ھەڵبژاردن پەردە پۆشی دەکەن
.


پەرەسەندنی زانست و بەرھەمەکانی تەکنۆلۆژیای سەردەم، دنیای ھێناوەتەوە یەک. سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی وڵاتان وئاستی گوزەران وژیانی خەڵک لەڕێگەی ماس میدیاوە لەئان وساتدا بەجیھاندا پەخش دەبێ و، مرۆڤ بەچاوی خۆی دەبینێ چی دەگوزەرێ و، مرۆڤایەتی بەرەو چ ئاقارێکی پەرەسەندوو ھەنگاو دەنێت. ئەم پەرەسەندنە خۆی لەخۆیدا فاکتەرێکی کاریگەرە، ئاستی وشیاری مرۆڤ لەبارێکەوە دەباتە بارێکی تر
.


دابەزینی کێرفی حیزبی ئیسلامی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا دیاردەیەکی گشتگیرەو بەتەنھا کوردستان ناگرێتەوە. ھەڵوێستی بەکردەوەی ڕەوتە ئیسلامگەراکان لەسەرتاسەری دونیادا بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی بەناوبەھاری عەرەبی، لە لیبیا ومیسرو تونس و سۆماڵ و پاشان لەسوریا
.


ھەڵوێستی حیزبی ئیسلامی بەناو میانەڕەو لەتورکیا، چ بەرامبەر مەسەلەی ڕەوای گەلی کورد و چ لە ئاست نەیارە سیاسیەکانییدا، سیاسەتی ناوخۆی عەرەبستانی سعودی وھەڵوێستی لە مەسەلە بنەرەتییەکانی مافی مرۆڤ ویەکسانی وپرنسیپەکانی سیستەمی دیموکراسی و، لەسەر ئاستی دەرەوەیش سیاسەتی خۆپرچەککردن و ڕووبەڕوو بەڕووبونەوەی لەگەڵ ئێران ودەستوردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەو ھەڵگیرساندنی ئاگری جەنگ لەیەمەن
.


ھەڵوێستی ھێزە ئیسلامگەراکانی عیراق بەسوننەو شیعەوە لەبەرامبەر گەلی کورد بەتایبەت وگەلانی عیراق بە گشتی، سەرھەڵدانی داعش وکاروکردەوەی نامرۆڤانەی لەسەر ئاستی ناوچەکەو دنیا. ھەڵوێستی ڕەمز ئیسلامییەکانی کوردستان لە ئاست کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش و پاساو ھێنانەوەیان بۆگشت کارە نامرۆڤایەتییەکانیان، ئەم ڕووداو و دیاردانەش بەگشتی حەقیقەتێک دەیسەلمێنن کەنەسەردەم سەردەمی حیزبی ئایینیەو، ونە حیزبی ئایینیش دەتوانێ چارەسەری دەردە سیاسی و ئابوری وکۆمەلایەتییەکان بکات
.


نکوڵی لەوە ناکرێ کە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی بەئایین وموسڵمانەو، ئایینی ئیسلام بووە بەشێک لەکلتوری کۆمەڵایەتی و، پەیڕەوکردنی نەریتەکانی خەسڵەتێکی میللی پێ بەخشیوە و، خەڵکی پێوەیان پاپەندن وپەیڕەویان دەکەن
.

 
بەڵام ئەم شێوەئاییندارییە بە ھیچ شێوەیەک ئەوەناگەیەنێ، کۆمەڵان بە گشتی ئاواتەخوازی گەرانەوەی دەوڵەتی خەلافەت بن و، بەدەستی خۆیان ھەوڵی لە بەینبردنی ھەموو بەھا نەتەوەییەکانی خۆیان بدەن کەشوناسی بوونی نەتەوەییانە.


ئەودروشمانەی ئیسلامیی ئوسووڵی پیادەیکردن و، دەیان مروڤی ناھۆشیاری پێ دەسخەڕۆ دەکا، لەبابەتی (دادپەروەری) و(ئیسلام تەنھا چارەسەرە)لەسەر زەمینەی واقیع کاڵبوونەتەوە و، تەنانەت خەڵکی ئاسایی تێگەشتون لە عەوام فریوی بەولاوە شتێکی تر نییە!. داھاتوویش ئەم حەقیقەتە باشتر بەرجەستەدەکات
.

ئەم شیكاره‌ دەبێتە بەشێک لە دۆسیەى ئیسلامییەکان



ئه‌م بابه‌ته 218 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر