شەریف پاشاى خەندان

PM:06:59:28/03/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

شەریف پاشای خەندان بە باوکی ڕۆحی دەوڵەتی کوردی ودەستەبەرکاری ماددەکانی(٦٢و٦٣و٦٤)ی پەیماننامەی سیڤەرناسراوە.

ژەنەڕاڵ وسیاسەتمەدارێکی کوردپەروەری ناوداری کوردانە.

ناوی تەواوی:مەحمەد سەعید پاشای حوسێن کوڕی ئەحمەد ئاغای خەندانە، بە شەریف پاشای خەندان ناسراوە.

 

لەدایک بوون وگەشە


شەریف پاشا لەساڵی(١٨٦٥ز)لەشاری ئەستانبوڵی پایتەختی ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانییەکان لەدایک بووە، کەبنچینەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆشاری سلێمانی ناوەندی پارێزگای ئێستای سلێمانی، باوکی شەریف پاشای ھاوکاری دوایین میری میرنشینی بابان میرعەبدوڵڵای سێیەم(١٨٤٧-١٨٥١ز)بووە، دوای ڕوخاندنی میرنشینی بابانییەکان، سلێمانی بەجێ ھێشتووە وڕووی کردۆتە شاری ئەستانبوڵی پایتەختی ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانییەکان
.


لەنێوان ساڵانی(١٨٧١-١٨٧٥ز)لەشاری سلێمانی لەقوتابخانەی خواجەکاندا لەگەڵ شێخ مەحمودی نەمر بەیەکەوە خوێندۆیەتی وفێری زمانەکانی تورکی عوسمانللی وعەرەبی وفارسی بووە
.


دواتر دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئەستانبوڵی پایتەخت ولەنێوان ساڵانی(١٨٧٦-١٨٨٤ز)لەوێ خوێندۆیەتی وفێری زمانەکانی ئیتاڵی وفەرەنسی وگریک(یۆنان)ی بووە
.


دەچیتە شاری پاریسی پایتەختی ئێستای فەرەنسا لەنێوان ساڵانی(١٨٨٥-١٨٨٩ز)لەپەیمانگای سەربازی سانت-سیر درێژە بەخوێندنی سەربازی داوە وھەرلەوێ پلەی ژەنەڕاڵی وەرگرتووە
.


زمانەکانی بێجگە لەزمانی کوردی زمانەکانی تورکی وفارسی وعەرەبی وئیتاڵی وفەرەنسی وگریک(یۆنان)ی وئینگلیزی وسویدی زانیووە
.

 

پۆست وبەرپرسیارێتییەکان

لەساڵی(١٨٨٤ز)یەکەم بەرپرسیارەیەتی وەرگرتووە بەڕوتبەی فەریق.


لەساڵی(١٨٩٠)گەڕاوەتەوە بۆ شاری ئەستانبوڵی پایتەخت وبووەتە یاوەری پاشا
.


لەنێوان ساڵانی(١٨٩١-١٨٩٨ز)چەندین پلەوپۆستی سیاسی وسەربازی وەرگرتووە
.

باڵوێزی دەوڵەتی عوسمانللی بووە لەسوید.

لەڕیکەوتی(١٨٩٨/٣/٤)تاساڵی(١٩٠٨ز)کاتێک لەسوید باڵوێز بووە، بووە ھاوڕێیەکی زۆر نزیکى پاشای سوید ئۆسکاری دووەم(١٨٩٢-١٩٠٧ز)، لەسویدەوە بەنھێنێی پەیوەندی بەپارتی ئیتیحادوتەرەقی عوسمانللیەوە دەکات وھاوکارییان دەکات لەدژی دەوڵەتی عوسمانییەکان.

لەساڵی(١٩٠٢ز)لەگەڵ د.عەبدوڵڵا جەودەت لەبارەی چارەنووس وداھاتووی دەوڵەتی عوسمانی ومافەکانی کورد سەرقاڵی نامە گۆرێنەوە بووە، کاتێک ئەحمەد ڕەزا لەنێوان ساڵانی(١٩٠٣-١٩٠٤ز)، کەیەکێک بووە لەسەرکردەکانی ئیتیحادوتەرەقی تورکی دەچێتە شاری ستۆکھۆڵم پایتەختی سوید وچاوی بەشەریف پاشا دەکەوێت، لەڕێگەی موختاربەگی سکرتێری شەریف پاشا سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم(١٨٧٦-١٩٠٩ز)ئاگادرا دەکاتەوە لەو دیدارە، داوا لەشەریف پاشا دەکات کەئەحمەد ڕەزا دەستگیر بکات وڕەوانەی شاری ئەستانبوڵی پایتەختى بکات، ئەویش ڕەتی کردووە بۆیە نێوانی لەگەڵ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم(١٨٧٦-١٩٠٩ز)تێکچوو، بۆیە سوڵتان فەرمانی دەرکرد کە شەریف پاشا بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆشاری ئەستانبوڵ ولەسوید بمێنێتەوە، پاشان ئاشت بونەوە و لەساڵی(١٩٠٧ز)لەگەڵ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم(١٨٧٦-١٩٠٩ز).

دوایی کەپارتی ئیتیحادوتەرەقی(تورکیای لاو)لەمانگی(٩)ی ساڵی(١٩٠٨)بەسەرۆکایەتی ھەریەکە لەئەنوەر پاشا و تەڵعەت پاشا و جەمال پاشا حکومەتی دەستوری عوسمانللییان دروست کرد، ئەوەش بووە ھەڵێک بۆگەڕانەوەی بۆشاری ئەستانبوڵ
.


ئەندام بووە لەپارتی ئیتحادوتەرەقی(تورکیای لاو)
.


ئەندامی باڵای کۆمەڵەی(کوردستان تەعالی عەزمی قەوی جەمعیەتی)بووە کەبەھاوبەشی لەگەڵ ھەریەکە لەبەرێزان(ئەمین عالی بەردخان وشێخ عەبدولقادری شەمزینی)لەڕێکەوتی(١٩-٩-١٩٠٨)دایانمەزراندووە
.


ئەندامی باڵای کۆمەڵەی(کورد تەعالی وتەرەقی جمعیەتی)بووە کەبەھاوبەشی لەگەڵ ھەریەکە لەبەرێزان(ئەمین عالی بەردخان وشێخ عەبدولقادری شەمزینی وداماو ئەحمەد وزولکەفەل پاشا)لەڕێکەوتی(٢٥-٩-١٩٠٨)دایمەزراندووە، ڕۆژنامەی(کورد تعاون وترقی غزتەسی)زمانحاڵی کۆمەڵەکە بووە، نوسەر وشاعیری ناوداری کورد(پیرەمێرد)سەرنوسەری بووە
.


سکرتێری پارتی ڕادیکالی عوسمانی بووە لەنێوان ساڵانی(١٩٠٩-١٩١٤ز)کەلەشاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا دایمەزراند، ئەمانیش ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی پارتی ئیتیحادوتەرەقی(تورکیای لاو)بوون
.


سەرۆکی وەفدی کوردی بووە لەکۆنگرەی ئاشتی لە پاریس. لەنێوان(١٨-١-١٩١٩)تاسەرەتاکانی (کانونى دووەمى١٩٢١)بەردەوام بووە لەئامانج لە چەسپاندنی ئاشتی جیھانی ودیاری مافی چارەنووسی نەتەوە ژێردەستەکان بووە
.

 

ئەزموونی سیاسی


سیاسەتمەدار ودیپلۆماتکار بووە.


ژەنەڕاڵ بووە
.

 

چالاکییەسیاسیەکانی


لەساڵی(١٩٠٠ز)ھاتە ناو دنیای سیاسەت، پەیوەندی بە پارتی ئیتیحادوتەرەقی(تورکیای لاو)ەوە کردووە لەوڵاتی سویدەوە، بووە بە ئەندامیان، دەستی کردووە بەچالاکی سیاسی کەھەوڵی داوە لەناوچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانییەکان مافی کورد دابین بکرێت.

دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیری کورد لەئەستانبوڵ کۆمەڵەی(کوردستان تەعالی عەزمی قەوی جەمعیەتی)وکۆمەڵەی(کورد تەعالی وتەرەقی جمعیەتی)دامەزراندووە.

دوای ئەوەی کەپارتی ئیتیحادوتەرەقی(تورکیای لاو)کۆمەڵەی(کورد تەعالی وتەرەقی جمعیەتی)لەمانگی(١٢)ی ساڵی(١٩٠٨ز)داخست، بەوەش پەیوەندی لەگەڵ پارتی ئیتیحادوتەرەقی(تورکیای لاو) تێکچوو، ئەمەش بووە سەرەتا بۆگۆڕانکاری لەھزری دا ودواتر لەمانگی(١)ی ‌ساڵی(١٩٠٩ز)بەیەکجاری پەیوەندی پچڕا پێیانەوە، ئەوەش دوای ئەوەھات کەئیتیحاد وتەرەقی ڕازی نەبوون کەببێتە باڵوێزی عوسمانییەکان لەشاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا.

دواتر لەگەڵ ھاوسەرومنداڵەکانی بەرەو پاریس کۆچی کرد، لەوێ لەساڵی(١٩٠٩ز)پارتی ڕادیکالی عوسمانی دامەزراندو بووە ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئیتیحادییەکان وگۆڤارێکی بەناوی(مەشرووتیەت)کەئۆرگانی پارتەکەی بوو لەپاریس بڵاوکردەوە بەزمانی فەرەنسی، تاوەکو مانگی(٢)ی ساڵی(١٩١٤ز)نزیکەیی(٥٥)ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە، وبەھیچ شێوەیەک تێدا باسی(سەربەخۆیی کوردستان ودەوڵەتی کوردی)ناکات، بەڵکو هەوڵى داوە کە بەدیدێکی لیبرالی وڕادیکالی پێشکەش بکات بۆچارەسەری کێشەی کورد، لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی دەستوریی عوسمانیی ڕادیکاڵی دا.

لەساڵی(١٩١٢ز)لەلایەن حکومەتی ئیتحیادییەکان تۆمەتبار کرا بەکۆشتنی مەحمود شەکەوت پاشا سەدری ئەعزەم(سەرۆک وەزیران)ی دەوڵەتی عوسمانییەکان، لەشاری ئەستانبول بەبێ ئامادەبوونی دادگایی کراو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، ھاوکات پارتی ئیتیحادوتەرەقی(تورکیای لاو)کەسێک بەناوی(کەمال)دەنێڕن بۆشاری پاریس بەمەبەستی کۆشتنی، بەڵام زاواکەی شەریف پاشا کەناوی ساڵح بەگ بووە ودەستوبرد تاوانباری کوشت، لەساڵی(١٩١٤)ھەوڵی نزیک بوونەوەی لەئینگلیزەکان دا بۆچارەسەرکردنی کێشەی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانییەکان، وھەوڵەکە سەرناگرێت.

دواتر لەگەڵ بیرس کۆکس باڵوێزی بەریتانیای مەزن لەپاریس کۆبووە، وئامادەیی خۆی پیشاندا بۆھاوکاری کردنی حکومەتی بەریتانیا لەبارەی نەخشەدانان بۆچارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانییەکان، کورد لایەنگری دەوڵەتە ھاوپەیمانان دەبێت لەجەنگی جیھانی یەکەم، بەمەرجێک ئەگەر بەڵێن بدەن ھاوپەیمانانیش کێشەی کورد چارەسەر بکەن.

لەناوەڕاستی ساڵی(١٩١٤ز)پارتی ڕادیکالی عوسمانی ھەڵوەشاندووە، بۆماوەیەکى کاتی سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی ڕاگرت تاساڵی(١٩١٨ز)بەردەوام بوو، لەسەرەتاکانی ساڵی(١٩١٨ز)گۆڕانکاریێکی تەواو لەھزرى سیاسییدا ڕووی دا لەپان عوسمانیزمەوە بۆ ناسیونالیزمی کوردی، وپەیوەندی کرد بەژمارەیەک لەسەرکردە شۆڕشگێڕە کوردەکانی وەکو: شێخ مەحمودی نەمر لەباشوری کوردستان، وسمکۆی شکاک لەخۆرھەڵاتی کوردستان، وسەید تەھای نەھری لەباکوری کوردستان، وڕاوێژی پێ کردن لەمەسەلەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

مانگی(٦)ی ھەمان ساڵ لەشاری مارسێلی باشوری فەرەنسا دووبارە چاوی کەوت بەبیرس کۆکس وکێشەی کوردی بیرخستەوە، وداخوازی لێکرد کەبەریتانیا لەداخوازییەکانی کورد بکۆڵێتەوە، وچارەنوسی کورد دەست نیشان بکات.

لەنێوان ڕێکەوتی(٢/٢ تا١٩١٩/٢/٢٣)خۆی ئامادە دەکرد بۆ بەشداری کردن بۆ کۆنگرەی ئاشتی لەپاریس وەکو نوێنەری کوردان، کەشێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری لەگەڵ ئەمین عالی بەردخان، بەناوی کۆمەڵەی(کوردستان تەعالی عەزمی قەوی جەمعیەتی)لەئەستانبوڵ، لەڕێگەی کۆمیسیاری ئەمریکی وئینگلیزی وفەرەنسی لە ئەستانبوڵەوە ڕایانگەیاند، کەشەریف پاشا نوێنەری کوردانە لەکۆنگرە ولەوبارەیەشەوە نامەکەیان بۆڕێکخەرانی کۆنگرە نوسی، لەباشوری کوردستان شێخ مەحمودی نەمر، کەخۆی وەکو پاشای کوردستان ناساند بوو مەزبەتەکی بەئەھالی وعەشایەری کورد مۆر کرد، کەشەریف پاشای وەکو نوێنەرى کوردان دیاریکرد ومەزبەتەکەی لەگەڵ نامەیەک بەڕەشید زەکی بەگ وسەید ئەحمەد بەرزنجی ڕەوانەی پاریس کرد، بەڵام ئینگلیزەکان داوایان لەفەرەنسییەکان کرد کەوا ئەو کەسانە نابێت بگەنە پاریس، وئەوە بوو لەحەڵەب ڕاگیڕان ودەست بەسەر کران.

لەڕێکەوتی(١٩١٩/٣/٢٢)شەریف پاشا یاداشتنامەیەکی گرنگی پێشکەشی ئەنجومەنی باڵا وئامادەبووانی کۆنگرەی ئاشتی کرد، وداخوازیی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستانی کرد.

لەڕێکەوتی(١٩١٩/٥/٢٦)کەسایەتییەکی کورد بەناوی عارف پاشا گەیشتە پاریس کەلەشاری قاھیرەوە لەلایەن دەستەیەکی کورد ھەڵبژێرا لەڕێگەی کۆمەڵەی(کوردستان تەعالی عەزمی قەوی جەمعیەتی)گەیشتە پاریس، بۆئەوەی ببێتە ھاوکاری شەریف پاشا،ھەروەھا ھەمان کۆمەڵە واتە کۆمەڵەی(کوردستان تەعالی عەزمی قەوی جەمعیەتی)لەئەستانبوڵەوە ئەندامێکی چالاکی خۆی نارد بەناوی فەخری بەگ بۆھاوکاری شەریف پاشا.

لەھەردوو ڕێکەوتی(١٩١٩/٧/٢٩و١٩١٩/١٠/٩) شەریف پاشا دوو نامەی بۆ ڕۆبەرت فانسیتارتی سکرتێری یەکەمی باڵوێزخانەی بەریتانیا لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا نوسی، بۆئەوەی بیخاتە بەردەم بلفۆری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کەلەو دوو نامەیەک ڕوونی کردووە کەکوردان ئەوەیان وەکو(سەرۆکی دەوڵەتی کورد)ھەڵبژرادووە.

ناکۆکی کەوتە نێوان وەفدی کوردان ووەفدی ئەرمەنییەکان لەسەر سنوری نێوان لە کوردستان وئەرمینیا ولەڕێکەوتی(١٩١٩/١٢/٢٠)شەریف پاشای سەرۆکی وەفدی کوردان، لەگەڵ نۆبارپاشای سەرۆکی وەفدی ئەرمەنییەکان ڕێککەوتننامەیەکی دوو قۆڵییان واژۆ کرد، کەبەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە شەریف پاشا دەستی لەچەند شارێکی کوردی ھەڵگرت بۆ ئەرمەنەکان.

لەڕێکەوتی(١٩٢٠/٣/١)بۆجاری دووەم یاداشتنامەیەکی دیکەی پێشکەش بەئەنجومەنی باڵای کۆنگرە کرد لەگەڵ نەخشەی نوێی گەورەی کوردستان، لەڕێکەوتی(١٩٢٠/٣/٢٣)وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نامەیەک بۆمەندوبی سامی بەریتانیا لەشاری بەغدادی پایتەختی عێراق دەنوسێت کەڕوونی دەکاتەوە کەحکومەتی بەریتانیا ئامادەیە دەوڵەتێک بۆکورد دروست بکات کەشەریف پاشا سەرۆکی بێت، بەڵام ئایا ئەوان کەسی دیکە بە شایستە دەبینن؟ لەڕۆژی دواتر مەندوبی سامی بەریتانیا لەشاری بەغدادی پایتەختی عێراق، وەڵامی داوەتەوە:(ھیچ کوردێک نییە کە بتوانێ بەناوی ھەموو کورد و کوردستانەوە قسەبکات)،(کورد بەگشتی ھەستی عەشایەرییان ھەیە نەک نەتەوەیی)وھەروەھا شێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری، بروسکەی بۆئەنجومەنی باڵای کۆنگرەی ئاشتی لەپاریس نارد، وداوای مافی ئۆتۆنۆمی کرد لەجیاتی پێکھێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

لەڕێکەوتی(١٩٢٠/٨/١٠)واژۆ کردنی پەیماننامەی سیڤەر لەنێوان دەوڵەتی عوسمانییەکانی ‌تورکیا ودەوڵەتانی ھاوپەیمانان کەبەندەکانی(٦٢و٦٣و٦٤)لەسەر بنەمای داخوازییەکانی شەریف پاشای خەندان داڕێژراوە، کەکورد مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام بەھۆی واژۆ کردنی پەیماننامەی لۆزان لەڕێکەوتی(١٩٢٣/٧/٢٣)لەنێوان تورکیا ودەوڵەتانی ھاوپەیمانان پەیماننامەی سیڤەر لەباربرا، وئەو خەونەی کورد بەدی نەھات.

لەڕێکەوتی(١٩٤٠/٤/٢٧)شەریف پاشا بەشێوەیەکی چاوەڕان نەکراو بەشاندی بەریتانیای ڕاگەیاند کە ئەو چیتر سەرۆکی وەفدی کوردان نییە ونوێنەرایەتییان ناکات لەکۆنگرەی ئاشتی، ئەوەش بەھۆی ناکۆکی لەگەڵ شێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوەهات.

 

کۆچى دوایی

-شەریف پاشا لەڕێکەوتی(١٩٥١/١٢/٢٢)لەتەمەنی(٨٦)ساڵیدا لەشاری ناپۆلی ناوەندی پارێزگای ناپۆلی لەھەرێمی کامپانیای وڵاتی ئیتاڵیا کۆچی دوایی کرد ودواتر ھێنرایەوە بۆشاری قاھیرەی پایتەختی ئێستای میسر لەگۆڕستانی خدێوییەکان بەخاک سپێدرا.

ئامادەکردنى: چۆمان حەمە تەقی الدین

 



ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر