گەورەترین بەندەرەکانى سەر دەریای سوور

PM:11:48:27/03/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

دەریاى سوور بەیەکێک لە ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەکانى جیهان هەژمار دەکرێت، ئەم دەریایە هەرسێ کیشوەرەکانى ئاسیا وئەفەریقیا وئەورووپا بەیەکەوە دەبەستیتەوە، هەروەها کەناراوەکانى بەسەر سنوورى نۆ وڵاتدا دابەش بووە کە حەوت لەو وڵاتانە عەرەبین، ئەوانیش بریتین لە: سۆدان، میسر، سعودیە، ئوردون، یەمەن، جیبۆتى، سۆماڵ و هەردوو وڵاتى ئەریتریا و ئیسرائیل.

 

ئەو دەوڵەتانەى دەکەونە سەر ئەم دەریایە لە هەردوو بەرى دەریاکە چەندین بەندەرى ستراتیژییان دروست کردووە، هەندێک لەو بەندەرانە لە ڕووى بازرگانى نێو دەوڵەتییەوە گرنگى ستراتیژییان هەیە.

 

گرنگى ستراتیژى ئەو بەندەرانە تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە شوێنى گوزەرى دەریاوانییە، بەڵکو لە هەمانکاتدا ڕێڕەوێکى سەرەکى گواستنەوەى نەوتى کەنداوە بۆ بازاڕەکانى جیهان، لەگەڵ ئەوشدا خاڵى کۆکەرەوە و جوڵەى بازرگانى نێوان هەرسێ دەریای ناوەڕاست و هیندى و دەریای عەرەبییە.

 

گرنگترین بەندەرەکانى سەر دەریاى سوور ئەمانەن:

 

یەکەم: بەندەرى جەددەى ئیسلامیی لە سعودیە


بەگەورەترین و گرنگترین بەندەرەکانى شانشینى عەرەبی سعودیە ئەژمار دەکرێت، مێژووى دروست بوونى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى سەرهەڵدانى ئیسلام، ژمارەیەک لە توێژەران پێیان وایە کە مێژووى دروست بوونى ئەم بەندەر لەو بەروارە کۆنترە، ئەم بەندەرە لەکۆندا موسوڵمانان وەک خاڵى گواستنەوەى حاجییەکانى ئەفەریقیا بەکاریان هێناوە بۆ خاکى پیرۆز.

 

بەپێی ئاژانسى هەواڵى سعودیە، ئەم بەندەرە لە توانایدایە کە گەورەترین کەشتى جیهان تیایدا لەنگەر بگرێت بەجۆرێک کە کەشتییەک بە درێژى ٤٠٠ مەتر و کێشی بارکردنەکەى ١٩ هەزار تەن دەتوانێت لەم بەندەرە لەنگەر بگرێت، چونکە شۆستەکانى فراوانن و چەندین ئامێرى بارکردنى تیادایە.

 

بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەم بەندەرە ساڵانە دەتوانێت پێشوازى لە ٤٠٠٠ کەشتى بار هەڵگر بکات، لە ناوەڕاستى ساڵى ٢٠١٦ کەشتى " ئەلنفوز" لەم بەندەرەدا لەنگەرى گرت کە گەورەترین کەشتى بارهەڵگرەو درێژییەکەى ٤٠٠ مەتر دەبێت و لە توانایدا هەیە کە ١٩ هەزار تەن شمەک بگوێزیتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتى ئێستادا کار دەکرێت بەمەبەستى فراوان کردنى بەندەرەکە.

 

دووەم: بەندەرى سوێس لە میسر

 

ئەم بەندەرە دەکەوێتە بەشى باکورى کەنداوى سوێس، لە دەروازەى کەناڵى سوێسەوە بە هیڵێکى خەیاڵى لە کە(رأس المسلة) وە درێژ دەبێتەوە بۆ (رأس السادات)، هەروەها دەروازەى سنوورى ڕۆژهەڵاتى وڵاتى میسرە، لە کاتى ئێستادا و بەهۆى کردنەوەى چەندین بەندەرى دیکە لەسەر دەریای سوور گرنگى ئەم بەندەرە وەک پێشوو نەماوە.

 

کۆى ڕووبەرى بەندەرەکە ١٥٨,١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، و لە توانایدا هەیە ساڵانە پێشوازى لە ٦,٦ ملیۆن تەن شمەک بکات.

 

سێیەم: بەندەرى بۆرتسۆدان لە سۆدان

 

بە گرنگترین و دیارترین بەندەرەکانى سۆدان ئەژمار دەکرێت، دەکەوێتە شارى بۆرتسۆدان کە دەکەوێتە باکورى ڕۆژهەلاتى وڵاتەوە، هەروەها بەیەکەم دەروازەى سۆدان دادەنرێت کە دەکەوێتە کەنارى خۆرئاواى دەریاى سوور، لە کۆندا لەو بەندەرەوە حاجییەکانى ئەفەریقیا گواستراونەتەوە بۆ خاکى پیرۆز.

 

ئەم بەندەرە لەسەر دورگەیەکى سروشتى دروست کراوە کە درێژییەکەى ٦ کیلۆمەتر و پانتاییەکەى٢,٥ کیلۆمەتر دەبیت، بەوەش شارەکە دەکات بە دوو بەشەوە " ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا"

 

هەرچەندە شارەکە خاوەنى مێژوویەکى دێرین نییە بەڵام توێژەران پێیان وایە کە ئەو بەندەرە مێژوویەکى کۆنترى هەیە لە شارەکە، پێشتر ئەم ناوچەیە بە ناوى شێخ بەرغوتەوە ناوى دەرکردبوو، بە تایبەتى دواى ئەوەى کە ژمارەیەکى زۆر لە دەریاوانەکان دەچوونە  سەر مەزارگەى موساى شێخ بەرغوت کە دەکەوێتە ئەو شارەوە.

 

لە ساڵى ١٩٠٠ دەسەڵاتى بەریتانیا بە سەرپەرشتى لۆرد کرۆمرى کونسڵى گشتى بەریتانیا بڕیاردرا بە فراوانکردنى ناوچەکە وگۆڕینى بۆ بەندەرێکى دەریایی و گۆڕینى ناوەکەى بۆ بۆرتسۆدان.

 

چوارهەم: بەندەرى ئەلمەخاى یەمەنى

 

لە کۆنترین بەندەرەکانى نیمچە دورگەى عەرەبییە، هەروەها بە یەکێک لە سەنتەرە بازرگانییە کۆنەکانى سەر دەریای سوور ئەژمار دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونەکان بەو ئاڕاستەیەیە کە ئەم بەندەرە بۆتە هۆى ناساندنى قاوەى یەمەنى کە تاوەکو ئێستاش بە "ئەلمۆکا" ناو دەبرێت.

 

ئەم بەندەرە ڕووبەرێکى فراوانى هەیە، هەروەها لە هەرچوارلاوە کراوەیە، بۆتە هۆى گەشەسەندنى شارى ئەلمەخاى یەمەنى ئەوەش بە هۆى بوونى بە ناوەندێکى بازرگانى.

 

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانى ئەم بەندەرە لەوەدا کە نزیکەى شەش کیلۆمەتر لە ڕێڕەوى نیودەوڵەتى دەریاییەوە دوورە، بەوەش هەریەک لە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتى ئەفریقیا وباشورى ئاسیا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى بەیەکەوە بەستۆتەوە، هەروەها پێگەى جوگرافی ئەم بەندەرە و نزیکى لە ناوچەکانى باشور و ناوەڕاست و گەرووى بابولمەندەب وڵاتانى شاخى ئەفریقی و دەریای عەرەب کارێکى کردووە کە ئەم بەندەرە گرنگییەکى ستراتیژى هەبێت.

 

بەڵام ئەم بەندەرە لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەدا ئەو گرنگییەى خۆى لەدەست دا بەهۆى خاپورکردنى شارى ئەلمەخا لەلایەن داگیرکەرانەوە، هەروەها کەمبوونەوەى بەرهەمى قاوە لەو شارە ودروست بوونى چەند وڵاتێکى دیکە کە قاوەیان بەرهەم دەهێنا وەک مەکسیک و بەڕازیل، لەگەڵ کردنەوەى دوو بەندەرى دیکە کەبریتی بوون لە عەدەن و حەدیدە، ئەمانە هەموویان بوون بەهۆى ئەوەى کە ئەم بەندەرە گرنگییەکەى جارانى نەمێنێت.

 

پینجەم: بەندەرى حەدیدە

 

لە بەناوبانگرتین بەندەرەکانى سەر دەریاى سوورە، دەکەوێتە باکورى هێڵى کەمەربەندى زەوى لەسەر هێڵى پانى ١٤ بە دوورى ٥٠ خولەک بەرەو باکور و هێڵى درێژى ٤٢ بەدوورى ٥٦ خولەک بەرەو ڕۆژهەلات، ئەم بەندەرە لە توانایدایە کە پێشوازى لەو کەشتیانە بکات کە بارەکەیان دەگاتە ٣١ هەزار تەن، هەروەها دەتوانێت پێشوازى لە کەشتییە گەشتوگوزارییەکان بکات.

 

ئەم بەندەرە بەوە دەناسرێتەوەکە نزیکە لە هێڵەکانى دەریاوانى نێودەوڵەتى، هەروەها باى وەرزى لەو ناوچەیەدا چالاک نییە و پارێزراوە لە شەپۆلە دەریاییەکان.

 

شەشەم: بەندەرى عەقەبە لە ئوردون

 

بەندەرى عەقەبە تاکە دەروازەى ئاویی وڵاتى ئوردونە، ئەم بەندەرە دەکەوێتە باشورى وڵاتەوە، ٣٥٠ کیلۆمەتر لە عەممانى پایتەختەوە دوورە.

 

بەندەرى عەقەبە هاوسێی سنورى شارى ئیلاتە لە وڵاتى ئیسرائیل، هەروەها سنورى ئاوى ئەم بەندەرە بە هەریەک لە میسر وسعودیە و ئیسرائیلەوە بەستراوە.

 

سەرەڕاى گرنگییەکەى لەڕووى بازرگانییەوە، ئەم بەندەرە گرنگییەکى گەشتوگوزارى هەیە بۆ ئوردون، لەم ڕێگایەوە ئوردون زۆربەى کاڵاکانى لەم بەندەرەوە هاوردە دەکات و هەرلێرەشەوە کالاکانى وەک فۆسفات و بۆتاسیۆم هەناردە دەکات. هەروەها لێرەدا ناوچەیەکى تایبەت دابین کراو  بۆ ئەو گازەى لە میسرەوە هاوردەى ئوردون دەکرێت.

 

حەوتەم: بەندەرى جیبۆتى

 

تاکە بەندەرى ئاوى وڵاتى جیبۆتییە، لە ناوخۆى وڵاتدا بە بەندەرى "دۆرالە" ناسراوە، دەکەوێتە دەروازەى دەریای سوور لە خوارووى ئەو دەریایەوە، هەروەها تاکە بەندەرە کەسەرجەم مەرجە ئەمریکییەکانى بۆ سەلامەتى کەشتى و بەندەرەکانى تیادا بەدیى دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتى ئەفریقیادا.

 

لە نێوان ساڵانى ١٩٩٨ و ٢٠٠٠ دا و لەکاتى ململانێکانى نێوان ئەریتریا و ئەسیوبیا پێگەیەکى گرنگى داگیر کردبوو، کە تیایدا ئەریتریا دەروازە ئاوییەکانى بەسەر دەوڵەتى ئەسیوبیا داخست، شایەنى باسە کە ئەسیوبیا قەرەباڵەغترین وڵاتى ئەفریقیایە کە سنوورى بە دەریاوە نییە، لە ساڵى ٢٠٠٠ دا حکومەتى جیبۆتی مافی بەکارهێنانى بەندەرەکەى بەپێی گرێبەستێکى بیست ساڵى بەخشی بە گروپی بەندرەکانى دوبەی جیهانى.

 

ئەم بەندەرە کاریگەرییەکى گەورەى هەیە لەسەر بەرزبوونەوەى ئاستى داهاتى دەوڵەتى جیبۆتى، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کە داهاتى ئەو وڵاتە بەهۆى ئەو چاکسازییانەى کە بڕیارە لە بەندەرەکەدا ئەنجام بدرێت، بەرز بوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.

 

هەشتەم: بەندەرى موسەوع لە ئەریتریا

 

ئەم بەندەرە دەکەوێتە شارى موسەوع کە یەکەم پایتەختى ئەریتریایە و دووەم گەورەترین شارى ئەو وڵاتەیە، ئەم بەندەرە و شارەکەش لە لاى ئەریترییەکان بە شوێنێکى پیرۆز سەیر دەکرێت چونکە ئەم بەندەرە یەکەم شوێنە کە هاوەڵانى پێغەمبەرى ئیسلام، سەلامى خوایان لەسەر بێت، تیایدا گیرساونەتەوە پاش ئەوەى کۆچیانکردووە لە مەککەوە بۆ لاى پاشاى حەبەشە لە ساڵى پێنجەمى پێغەمبەرایەتیدا.

 

گروپی بەنداوەکانى دوبەى هەردوو بەندەرى عەصەب و فڕۆکەخانەکەى بەکرێ گرتووە بۆ ماوەى ٣٠ ساڵ لە ساڵى ٢٠١٥ەوە لەبەرامبەر پێدانى ڕێژەى ٣٠% ى داهاتەکەى بە وڵاتى ئەریتریا کە بڕیار وابوو لە ساڵى ٢٠١٨ ەوە بخرێنە کار.

 

نۆیەم: بەندەرى ئیلات لە ئیسرائیل

 

بەندەرێکى ئاوى ئیسرائیلییە دەکەوێتە سەر دەریاى سوور، دەکەوێتە بەرەى باکورى کەنداوى عەقەبە، لە ساڵى ١٩٥٥ ەوە ئەم بەندرەوە کراوەتەوە و بە "أم الرشراش" ناودەبرێت.

 

سەرچاوە: الجزیرة

 

 

      



ئه‌م بابه‌ته 187 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر