خیانەتی شەرمهێنەری ڕۆژئاوا بەرامبەر کوردەکان

PM:02:31:27/03/2019
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

نوسینى: جولیۆ میۆتی*


وەرگێڕانی: کۆسار وەڵەدبەگی


جیهان قەرزداری کوردەکانە، بەڵام نایەوێت ئەو قەرزە بداتەوە.


ئەورووپا و ئەمریکا چۆن لە ئاوێنەدا سەیری خۆیان دەکەن کاتێک کە پشت دەکەنە کوردەکان، یەکەم جار لە کاتی ڕاپرسییاندا بۆ سەربەخۆیی کە ئیسرائیل تاکە وڵات بوو پاڵپشتییان بکات و ئێستاش کە کوردەکان لە عەفرین لە لایەن ئەردۆگانی ئیسلامیی فاشیستەوە بۆمباران دەکرێن دوای داگیرکردنی سوریا؟


ئەو کوردانەی کە لە جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ شان بە شانی سەربازە ئەمەریکی و ئیتاڵییەکان بوون.


ئەو کوردانەی کە لە جیاتی ئێمە لە جەنگی دژی خەلافەتدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، چونکە ئەورووپا زاتی نەبوو شەڕی جیهادییەکان بکات کە سەدان ڕۆژئاواییان کوشتبوو.


ئەو کوردانەی کە وەکو تبتییەکان شایستەی دەوڵەتن، نەک عەرەبە فەلەستینییەکان.  

ئەو کوردانەی کە بە کەرکوک دەڵێن (ئۆرشەلیمی ئێمە).

ئەو کوردانەی کە کیژەکانیان پەچە ناپۆشن و سەربەستن و جەنگاوەرانیان ڕەچەڵەکیان دەگێڕنەوە سەر زەینەفۆن لە کاتی ڕێڕۆشتنە  بەناوبانگەکەیدا.

لە جیاتی کوردەکان، بۆچی ڕۆژئاوا پشت لەو مەرزەوانە*ئەردۆگان ناکات کە دوژمنی ئەرمینییەکان، یۆنانییەکان ،جولەکەکان و کوردەکانە؟

ئەو ئەردۆگانەی کە ئەورووپا پڕ دەکات لە مزگەوت و منارە.

ئەو ئەردۆگانەی کە ئەوروپییەکانی بە هەڕەشەی کۆچبەران بە بارمتە گرتووە.

ئەو ئەردۆگانەی کە نوسەر و ڕۆژنامەوانان دەستگیر دەکات.

ئەو ئەردۆگانەی کە فەرهەنگی مەسیحی قوستەنتینیە دەسڕێتەوە، هەروەکو چۆن باوباپیرانی شارستانیەتی هەزاران ساڵەی یۆنانییان سڕییەوە و لە قوبرس کڵێساکانیان کرد بە تەویلە.

کاتێک بیرم لە ئەورووپا دەکردەوە، کۆمەڵێک ناوی یۆنانی وەکو ئۆمیرۆس، تالیس، فیساگۆرس، ئەسکیلۆس، ئەفلاتۆن، ئەرستۆ، هیپۆکرەتیز، ئەسکەندەری گەورە، ئەرخەمیدس، ئیکلیدیس، گالینۆس هاتە بیرم، بەڵام هیچ ناوێکی تورکی نەهاتە بیرم. ئایا دەکرێت کە ڕۆژئاوا زاتی یارمەتی دانی هاوپەیمانێکی نەبێت کە هەمان بەهاکانی ئێمەی هەیە؟

*جولیۆ میۆتی: نوسەر و ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی یە کە کار بۆ ڕۆژنامەی ئیل فۆگلیۆ دەکات .هەفتەی دوو جار ستونێک بۆ ئاروتز شەڤا دەنوسێت. نوسەری پەرتوکی (شوواهێکی نوێ) یە کە لێکۆڵینەوە یە لە چیرۆکە تایبەتەکانی قوربانیانی دەستی تیرۆر لە ئیسرائیل و لە لایەن دەزگای ئینکاونتەرەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها پەرتوکی (تاوانباری دەکەم: ڤاتیکان دژی ئیسرائیل) ی نوسیوە کە لە لایەن دەزگای پەرتوکی مانتوا وە بڵاو کراوەتەوە. نوسینەکانی لە زۆر بڵاوکراوەدا دەبینرێن، وەکو واڵ ستریت جۆرناڵ، لە لاپەڕەی یەکەم و بەشی کۆمێنتاری.  

* مەرزەوان: پارێزگار یان حوکمڕانی پارێزگایەک یان ناوچەیەک لە سەردەمی کۆنی فارس و  میدییەکاندا.

سەرچاوە: Israel National News



ئه‌م بابه‌ته 526 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر