ئەنوەر ئیبراهیم

PM:04:40:26/03/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

کەسایەتییەکى سیاسی مالیزیایە، کاتێک خوێندکاربووە لە زانکۆ چۆتە بوارى سیاسەتەوە، خەم و ئازارەکانى جوتیاران و نەدارانى وڵاتەکەى گرتۆتەخۆى، دواتر لە پۆستە حکومییەکاندا بەرزبۆتەوە، هەروەها بەیەکێک لە ئەندازیارانى گەشەسەندنى مالیزیا ئەژمار دەکرێت، بە پێی ڕیزبەندى ڕۆژنامەى "نیوزویک" بە بەهێزترین سیاسی ڕۆژهەڵاتى ئاسیا دیاریکراوە، کەسایەتى سیاسی ناوبراو لە هەڵکشانى بەردەوامدابوو تا ئەو کاتەى لەلایەن نەیارەکانیەوە پلانى بۆدارێژراو تۆمەتى شەرەفیان خستە پاڵى و دواتر خرایە زیندانەوە.

 

لەدایک بوون

 

ئەنوەر ئیبراهیم لە ١٠ ى ئابی ١٩٤٧ لە هەرێمى "بەنین" لە وڵاتى مالیزیا لەدایک بووە.

 

خوێندن

 

ناوبراو خوێندنى کۆمەڵناسی لە زانکۆى مالاوى لە مالیزیا تەواو کردووە، لەماوەى خوێندنەکەیدا سەرۆکایەتى  ژمارەیەکى زۆر لە خۆپیشاندانەکانى خوێندکارانى لە ماوەى ساڵانى "١٩٦٩-١٩٧٣" کردووە، ئەمەش بوو بەهۆى ئەوەى کە لەلایەن عەبدول ڕەزاقی سەرۆک وەزیرانى مالیزیاوە وەک نوێنەرى گەنجانى مالیزیا لە کۆمکارى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان دەسنیشان بکرێت. هەروەها لە ساڵى ١٩٧٣ وەک ئەندامى ڕاوێژکارى ئەمیندارى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى گەنجان هەڵبژێردرا.

 

ئاڕاستەى سیاسی

 

دواى کۆتایی هاتنى خوێندنى زانکۆ کۆمەڵەى لاوانى موسوڵمانى دامەزراند، بەوەش پەیوەندى بەژمارەیەکى زۆرى لەگەڵ ڕێکخراوە لاوەکان دامەزراند.

 

بۆ یەکەم جار لە ساڵى ١٩٧٤ بۆ ماوەى ٢٢ مانگ بەبێ دادگایی کردن و بەهۆى چالاکییە سیاسییەکانیەوە دەستگیرکرا، دواى ئازاد بوونى جارێکى دیکە دەستى کردەوە بە چالاکى سیاسی و بەرگریکردن لە مافى جوتیارە هەژارەکانى وڵاتەکەى، ئەمەش هانى "مەهاتیر موحەمەد" ى سەرەک وەزیرانى دا کە داواى لێبکات کە پەیوەندى بکات بە پارتى یەکیتى نەتەوەیی مالیزیا لە ساڵى ١٩٨٢دا.

 

لەو ماوەیەدا ئەستێرەى ئەنوەر ئیبراهیم بەخێراى گەشایەوە، تاکار گەیشتە ئەوەى کە کرا بە جێگرى سەرۆکى حیزبەکە ودواتر هەریەک لە وەزارەتەکانى لاوان و وەرزش و کشتوکاڵ و فێرکردنى پێسپێردرا، پاشان بوو بەجێگرى سەرۆک وەزیران و وەزیرى دارایی، بەشیوەیەکى گشتى دووەم کەسایەتى مالیزیا بوو.

 

لە ساڵى ١٩٩٨دا ڕۆژنامەى "نیوزویک" وەک یەکەم کەسایەتى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا ناوى هێنا.

 

لەو کاتەى کە قەیرانى دارایی ڕووبەڕووى وڵاتانى ڕۆژهەلاتى ئاسیا بویەوە لە ساڵى ١٩٩٧، نێوانى لەگەڵ سەرۆک وەزیران خراپ بوو بەهۆى ناکۆکیان سەبارەت بە شێوازى بەڕێوەبردنى وڵات، ئەمەش واى کرد کە مەهاتیر موحەمەد لە ساڵى ١٩٩٨ لە کارەکەى دوورى خستەوە بە تۆمەتى گەندەڵى و بەدرەوشتى، ئەو تۆمەتانەى کە ئەنوەر ئیبراهیم بە پلانى سیاسی ناوى دەبردن، ماوەى شەش ساڵ لە زیندانى تاکە کەسیدا مایەوە، تاوەکو لە ٢ ى ئەیلولى ٢٠٠٤ بەبڕیارى دادگا تۆمەتەکانى ڕەتکرایەوە و ئازاد کرا.

 

لەسالى ٢٠٠٨ دا جارێکى دیکە و دواى ئەوەى کە بڕیارى قەدەغەکردنى ئەنجامدانى چالاکى سیاسییان لەسەر هەڵگرت، گەرایەوە ناو گۆڕەپانى سیاسی، ناوبراو ڕابەرایەتى بەرەى ئۆپۆزسیۆنى کرد و بۆ یەکەم جار توانى زۆرینەى پەرلەمان بەدەست بهێنیت، کەئەوە بەیەکەم سەرکەوتن ئەژمار دەکرێت بەسەر بەرەى نیشتمانیدا لەماوەى پەنجا ساڵى ڕابردوودا لە مالیزیا.

 

لە کانونى یەکەمى ٢٠٠٩ جارێکى دیکە بە تۆمەتى بەدڕەوشتى تۆمەتبارکرایەوە بەڵام دادگاى باڵاى مالیزیا تێهەڵچوونەوەکەى رەتکردەوە.

 

لە شوباتى ٢٠١٠ بە تۆمەتى بەدڕەوشتى دادگایی کرا، ناوبراو ئەو دادگاییەى بە پلانى سیاسی ناوبرد، پاش چەند دانیشتنێکى دادگا، دادگاى باڵاى مالیزیا لە کوالالەمپور پێتاوانى ناوبراوى ڕاگەیاند.

 

جارێکى دیکە لە شوباتى ٢٠١٥ هەمان تۆمەت سەرى هەڵدایەوە و دادگاى باڵاى مالیزیا ناوبراوى بەزیندانى بۆ ماوەى پینج ساڵ حوکمدا، هەروەها هەمان دادگا تانەیەکى ڕەتکردەوە کە لەلایەن دادگایەکى نزمترەوە ئاراستەى کرابوو کە ئەو تۆمەتانەى لەسەر ئەنوەر ئیبراهیم لادەبرد.

 

ئەمە لەکاتێکدا کە پارێزەرەکانى ئەنوەر ئیبراهیم تانەیان لەبڕیارێکى دادگا دابوو کەلە ئادارى ٢٠١٤ سەبارەت بەهەمان تۆمەت دەرکرابوو.

 

لە ٧ ى ئادارى ٢٠١٥ هەزاران هاوڵاتى مالیزى لە کولالەمپور خۆپیشاندانیان کرد و تیایدا داواى ئازادکردنى "ئەنوەر ئیبراهیم"یان کرد. لەهەمانکاتدا خانەوادەى ناوبراو داوایەکى لێبووردنى دایە دەست بنەماڵەى پاشایەتى لە مالیزیا بەمەبەستى بەخشینى ئەنوەر ئیبراهیم.

 

هەریەک لە ئەنوەر ئیبراهیم و مەهاتیر موحەمەد هاوپەیمانییەتێکى سیاسییان پێک هێنا و پێکەوە بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانیان کرد لە ئایارى ٢٠١٨، ئەوەش بوو بەهۆى ئەوەى کە بتوانن لە کۆى ٢٢٢ کورسی پەرلەمانى ١١٣ کورسی بەدەست بهێنن، بەوەش جارێکى دیکە گەڕایەوە بۆ حوکمکردن کە پێشتر ماوەى ٢٢ ساڵ فەرمانڕەوایەتى کردبوو.

 

لە ١٦ ى ئایارى ٢٠١٨ ئەنوەر ئیبراهیم ئازادکرا پاش ئەوەى ماوەى سێ ساڵى لەزیندانى بەسەر برد بە تۆمەتى گەندەڵى وبەدڕەوشتى بەپێی بڕیارى دادگا لە شوباتى ٢٠١٥، دواى ئازاد کردنى سەردانى کۆشکى پاشایەتى کرد بەبێ ئەوەى هیچ لێدوانێک بدات.

 

بەپێی وتەى سەرۆکى ئەو تیمە پزیشکییەى کە سەرپەرشتى تەندروستى "ئەنوەر ئیبراهیم" یان کردووە، وا دەردەکەویت کە ناوبراو بارى تەندروستى جێگیرە و دەتوانێت کارە سیاسییەکانى ڕابپەڕێنێت.

 

سەرچاوە: الجزیرة

 

 

 

 



ئه‌م بابه‌ته 93 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر