ئاماژەکانى گواستنەوەى داعش بۆ جەنگى پارتیزانى

دەوڵەتی ئیسلامی داعش، توانی لە چەند ساڵێکدا، وەکو ڕێکخراوێک بەشێوەیەک خۆی نیشان بدات کە دەتوانێت دەسەڵاتی جوگڕافی خۆی فراوان بکات لە سەرزەوی و ڕووبەرێکی زۆری داگیر کرد.
PM:11:18:24/03/2019
دۆسیە: تیرۆرناسی
داعش لە توانایدایە شوێنێکی پارێزراو دروست بکات تاوەکو دڵنیا دەبێت کە تواناى مانەوەى مسۆگەر دەکات بۆ چەند ساڵێکى داهاتوو.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

نوسینى: محەمەد بەسیونى

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: دونیا ئیبراهیم کەریم

دەوڵەتی ئیسلامی داعش، توانی لە چەند ساڵێکدا، وەکو ڕێکخراوێک بەشێوەیەک خۆی نیشان بدات کە دەتوانێت دەسەڵاتی جوگڕافی خۆی فراوان بکات لە سەرزەوی و  ڕووبەرێکی زۆری داگیر کرد.

دروست بوونی داعش لە دەوڵەتی خەلافەتەوە سەری هەڵدا، لەژێر دروشمی دەوڵەتی خەلافەتدا، ئەندامانی ڕێکخراوەکەی  کۆکردەوە کە چاوەڕوان دەکرا لە دەوڵەتێکی خەلافەتی پاک و بێگەردا بژین. بەڵام بیروڕای دروست بوونی دەوڵەتی خەلافەت گۆڕا بۆ دروست بوونی ڕێکخراوی داعش؛ ئەگەر ڕێکخراوەکە پاشگەزبێتەوە توشی سزای لە دەستدانی زەوییەکانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتە دروست کراوەکەی دەبێتەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی سەرەکی لەسەر سروشت و داهاتووی دیاردەی تیرۆرست هەیە.


داعش ئەگەری هەیە جارێکی تر خۆی دروست بکاتەوە، ئەوەش لە چەندین لێکۆڵینەوە نوێدا باسکراوە، ئەوهەڕەشانەی کە ڕێکخراوی داعش بە بەردەوامی دوبارەی دەکاتەوە بۆ خۆ نوێکردنەوەیە.


بەپێی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی بەرگری گشتی ئەمریکی لە مانگی ٢ ی ٢٠١٩دا دەریخستووە، کە داعش توانای هەیە جارێکی تر بە شێوەیەکی بەهێزتردەربکەوێتەوە. لە پاڵ ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکی لە ٤ی شوباتی ٢٠١٩ دەرچوون، ئاماژە دەدەن بەوەی کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی هەتا ئێستا هەڕەشەیەکی تیرۆرستی ئاشکرایە.


نیشانە گۆڕاوەکان


لەدوای لە دەستدانی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی داعش دا بوو، هەروەها ئابلوقەدانیان لە شوێنێکی دیاری کراوی هەندێک ناوچەی باکوری عێراق و گوندی باغوز لە باکورى سوریا. توانیان ستراتیژی بیروڕای دەوڵەتە ئیسلامییەکەیان کە لە بەڕێوەبردنی ناوچەیەکی پڕ دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٤ بەدەست هێنابوو، بگۆڕن و بە شێوەی مافیای تیرۆرستی جارێکی تر دەربکەونەوە.


ئەم دەرکەوتنەیان، دەرکەوتنێکی خێرا بوو بە تایبەتی لە دوای ئەو دەنگە تۆمارکراوەی کە لەلایەن "ئەبو محەمەد ئەلعەدنانى"وتەبێژی پێشووی داعش پێش کوژرانی لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوی کرایەوە لەژێر ناونیشانی (ویحیا من حیا على البینة)ئەو بڵاوکراوەیە بەو واتایەدێت کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە جارێکی تر خۆیان ئامادە بکەنەوە لە پاش لە دەستدانی ئەو زەوییانەی کە لە سوریاو عێراق داگیریان کردبوو،

بۆیە هەستان بە دامەزراندنی ستراتیژییەکی جەنگی جەردەگەرێتی نوێی داعش لە سوریا و عێراق، ئەوەش بە بیرکردنەوەیەکی قووڵی مێژووی بۆ هەردوو قۆناغی لاوازی و بەهێز بوون، لە ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧  لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی( أنباء)ی هەفتانەی داعش دا لە مێژووی ڕێکخراوەییان، بە دیاری کراوی لە ساڵی ٢٠٠٨دا لەو کاتەدا، هەستان بە دروست کردنی گروپێک بۆ شەڕکردن دژی سوپای ئەمریکی و عێراقی هەتا مردن.

لەو کاتەدا "ئەبو عومەر ئەلبەغدادی" بە بیری هێناونەتەوە کە لە ٢٠٠٨ دا هیچ شوێنێکیان نەماوە بۆبەرگری کردن بۆ چارەکە سەعاتێک، ئەمەش هانی ڕێکخراوەکەی دا بیرلە ڕێگەی کۆن نەکەنەوە، بەڵکو شێوازی چەتەگەری بگرنەبەر، ئەم فراوان بوونە لە ستراتیژی شەڕی چەتەگەری پەیوەستە بە باوەڕهێنانی ڕێکخراوی داعش، کە ناتوانن بەرگەی هێرشی ئاسمانی ئەمریکی بگرن، بۆیە داعش پەنای برد بۆ پاراستنی ئەو ئەندامانەی کە ماوەتەوە و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەیان لە بەرگی یاخییبوندا بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ لە ناوبردنی دوژمنەکەی، بەم شێوەیە داعش دەستى کرد بە بنیات نانەوەی ستراتیژی جەنگی چەتەگەری، ئەویش لەم چوار پێکهاتە سەرەکییە.  


یەکەم: پاڵپشتی جوگرافی


جوگرافیای سوریا و عێراق دەرفەت دەدات بە داعش بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیەکەی خۆی دوای خەلافەت، یان کە پێی دەوترێت "حسن حسن"( لێکۆڵەر لە بابەتی تیرۆرستدا) ستراتیژی بیابان ئەو دەرفەتە لە هەندێ ناوچەی ناو سوریا و عێراق، لە ناوچەی دێرەزور، ناوچەیەکە شاخ و دۆڵ و بیابانی زۆرە  کە ئەمەش بەرەو سنوری عێراق  درێژ دەبێتەوە، کە ڕووباری فوڕات دەیکات بە دوو بەشەوە، ئەم هۆکارانە یارمەتی داعش دەدات بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژی شەڕی چەتەگەری بە تایبەت کە زانیارییان هەیە دەربارەی تۆپۆگرافی ناوچەکە، لەوانەیە سنوری سوریا - عێراق کە درێژ دەبێتەوە لە دەێرەزورەوە بۆ ڕووباری فوڕات، بووبێت بە هەلێکی باش بۆ  داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە، بەتایبەتی کە بەرز و نزمی  ناوچەکە وەک بەرزو نزمی سنوری نێوان پاکستان و ئەفغانستانە.

بەم هۆیەشەوە داعش گرنگی دا بە چییای حەمرین و ئەو ناوچانەی کە هەمان تۆپۆگرافیایان هەیە لە باکوری عێراق، لەم ناوچانەدا داعش هەستا بە دروست کردنی بنکە و تونێل بۆ خۆشاردنەوە و ئامادەکردنی ستراتیژی سەربازی نوێ. 


دووەم: شەڕی لاوەکی


بەهۆی ئەو  پاڵەپەستۆ سەربازییەیەوە داعش  پەنای برد بۆ دەسەڵاتی خۆجێی لە چالاکی شەڕکردن لە سوریا و عێراقدا، ئەمەش لەلایەن ڕۆژنامەی (النباء) ئاماژەی پێکراوە، کە سەر بە ڕێکخراوی داعشە، لە ژمارەی ١٦ئابی ٢٠١٧ لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەکەدا لەگەڵ ئەمیری سەربازی بەشی ڕەقە، باسی ئەوەی کرد کە شارەکە دابەش بکرێت بۆ ناوچەی بچوک و دەسەڵاتی خۆجێی تێدا پەیڕەو بکرێت، کە خۆی سەربەست بێت لە بڕیاردان و پێویستیان بە جەنگاوەر و پاڵپشتی سەربازی ناوچەی تر نەبێت هەرکاتێک پێویستی کرد بڕیار بدەن.


سێیەم: شانە نوستووەکان


نیکۆلاس هیراس، لێکۆڵەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بەوە دەکات کە شانە نوستووەکان بەشێکن لە ستراتیژی داعش لە دێرەزوور بۆ بەرەو پێشچوونیان، کە ڕێکخراوەکە تۆڕێکی بەکرێ گیراویان هەیە لە ناو دانیشتوانی گەڕەکەکاندا هەرکاتێک پێویستیان پێیان بێت بۆ کاری تیرۆرستی، یان بۆ کاری پاراستن  بەکاریان دەهێنن، ئەرکێکی تری ئەم شانە نوستووانە ئەوە بوو کە زانیاری دەربارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بگەیەنن بە لێپرسراوەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی سوریا دەیانزانی کە شانەی نوستوو هەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، لەگەڵ ئەم هەموو ئاماژانەشدا، بەڵام هێزی سەربازی سوریای دیموکرات هەندێ لە ئەندامە گیراوەکانی داعشیان بەر ئەدا و هەندێکی تریان بەکاردەهێنا لە پاراستنی ئاسایشدا لەبەر سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە و لە پێناو بەهێزبوونی دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچە ڕزگارکراوەکان .

 
چوارەم: چالاکیە جۆراوجۆرەکان


لەگەڵ ئەوەی هێرشەکانی داعش لە ٢٠١٨ لە سوریا و عێراق کەم بوویەوە بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ڕێکخراوەکە توانای جێبەجێکردنی چالاکی جۆراوجۆر بۆ خزمەت کردنی ستراتیژی شەڕی چەتەگەری تایبەت بە خۆی هەیە.   ئەو کارانەی کە دەیانکرد بریتی بوو لە هێرشکردن و بریندارکردنی بە کۆمەڵ، تەقینەوەی کاریگەر، تێپەڕاندنی خاڵی پشکنین و شوێنی ئاسایش، کوشتنی خەڵک.


بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە مایکڵ نایتس لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەت لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست کردویەتی؛ داعش شانەی هێرش بەری هەیە کە بەردەوام ئیش دەکەن، لە ٢٧ ناوچەی جیاواز لەناو عێراق، ئەم ڕێکخراوە زیاتر لە ١٤٠٠ چالاکی جۆراوجۆریان لە ناو عێراقدا ئەنجام داوە، لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ کە ٧٦٢ ڕووداوی تەقینەوە، ١٣٥هەوڵدان بۆ بریندارکردنی بە کۆمەڵ، ٢٧٠چالاکی تەقینەوە بە  بۆمبی چێنراو لەسەر ڕێگاکاندا، لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراوە، هەروەها ڕێکخراوەکە هەوڵیدا کە ١٢٠ خاڵی پشکنین و شوێنی سەربازی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ببڕێت، جێبەجێکردنی کاری کوشتنی کەسی، وەکو سەرۆک عەشرەتەکان، ئەندامانی پارێزگا، سەرۆکی هێزە ئەمنییەکان.


ئەگەرەکانی سەرکەوتن


داعش خۆی نوێ کردەوە بە شەڕکردنی چەتەگەری کە پەیوەستە بە داهاتووی ڕێکخراوەکەیان بۆ دووبارە سەرکەوتنیان. ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەلایەن سەرپەرشتیاری گشتی وەزارەتی ئەمریکی کراوە، لە مانگی شوبات ٢٠١٩دا، لە دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، دەوڵەتی ئیسلامیی زۆر بەخێرایی هێزو تواناکانی خۆی نوێ کردەوە لەعێراق، ئەوەش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سوریا ڕوویدا، بەڵام بە نەمانی ئەو پەستانە بەردەوامەی کە هەبوو بۆ نەهێشتنی تیرۆرستان، جارێکی تر یاخیبونی داعش لە ناو سوریا لە ماوەی شەش بۆ دوانزە مانگ، دەست پێدەکاتەوە،  خۆئامادەکردنیان لە پانتاییەکی دیاری کراودا لە ناوەندی دۆڵی ڕووباری فوڕات.

ئەمەش لۆژیک نییە کە دەڵێن داعش کۆتای پێدێت لە ماوەیەکی کورت دا بەهۆی لەدەستدانی ئەو زەوییە زۆرانەی ژێر دەسەڵاتیدا بوو. کە ئەچوێنرا بە دەوڵەتێک، لە گەڵ ئەو هەموو هێزە مرۆڤی و پارە و سامانەی کە بە دەستیان هێنا بوو. مەرج نییە ئەو زەویە زۆرانەی لە داستیان داوە لە ماوەیەکی کەمدا بەمانای نەمانیان بێت، لەوانەیە بە هەمان سیناریۆی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلام لە ٢٠١٤ بگەڕێنەوە.

بەڵگەش بۆ سەرهەڵدانەوەی سیناریۆکانی داعش لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا ڕوون کراوەتەوە:


یەکەم- بیروڕای خەلافەت

داعش توانی بیروڕای شەریعەتێکی تیرۆرستی جیهانگیری لە بیروڕای خەلافەتەوە وەربگرێت کە لە ٢٠١٤ دایمەزراند، داوای لە موسوڵمانان کرد کە بڕوا بە ئەبو بەکر ئەلبەغدادى بکەن وەک خەلیفەی موسوڵمانان، کە زۆر بە خێرای ئەم خەلافەتە دەنگی دایەوە و خەڵکی زۆری ڕاکێشا و دەوڵەتێکی نوێی دروست کرد، هەلی هێنانەوەی ڕابردوو بوو بۆ ئێستا، دەرچوون لە ڕێڕەوی مێژوو بۆ ژیان لە دەوڵەتێکی نمونەییدا کە

 تۆمارە دەنگییەکەی ئەبو بەکر ئەلبەغدادى سەرکردەی داعش لە ئابی ٢٠١٨دا ڕوونی دەکاتەوە کە گرنگی بیروڕای خەلافەت وەک گەرەنتییەکە بۆ بەردەوام بوونی ڕێکخراوەکە، لەبەرئەوە لەو تۆمارە دەنگییەدا بەغدادی وشەی خەلافەی چەند جارێک دووبارە کردەوە، خۆی تەرخان کرد بۆ هێشتنەوەی ئیسلام بەیەکگرتووی، دژی دوژمنی دەرەکی.

لەم چوارچێوەیەدا، وەکو سەرچاوەیەکی بەهێزکردن ئامێری پڕوپاگەندەی بەکارهێناوە بۆ لێک نزیکردنەوەی ئەندامانی خەلافەتەکەی، بۆ دروست بوونی ئەو جۆرە پەیوەندیە کە (بندکت ئەندرسن) باسی کردووە لە کتێبەکەی بە ناوی " گروپی پێشبینکەر" لە نێوان کۆمەڵێک کەسی جیاواز .


دووەم - پێشبڕکێی ڕێکخراوەیی

هەر لە سەرەتاوە ڕێکخراوی داعش وا خۆی ناساند کە جیاواز بێت لە ڕێکخراوەی" قاعیدە" کە وەک ڕێکخراوێکی شەڕەنگێز و لاواز باسیان دەکات کە گونجاو نین بۆ بیروڕای خۆبەشی (الفکرة الجهادیة)، لە کاتێکدا قاعیدە لە وتارێکی دژدا  وەسفی ئەندامانی داعش دەکات وەک گروپێکی لادەر و خوێن ڕێژی مسوڵمانان، کە  بەشدار بوون لە دابەشکردن و پەرشکردنی جوڵانەوەی خۆبەخشی (الحرکة الجهادیة).


لەوانەیە پێشبڕکێی ڕێکخراوەی لە نێوان قاعیدە و داعشدا پارێزەرێکی سەرەکی بێت بۆ داعش بۆ بەردەوام بوون لە دروست کردنی توانا و هەوڵدان بۆ باشبوونەوە بۆ سەلماندنی توانای ڕێکخراوەی بە سەرکردایەتی سیستەمی تیرۆرستی جیهانی،  ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە مانەوە و بەردەوام بوونی بەغدادی لە سەرکردایەتی کردنی ڕێکخراوەکە، ئەگەر لەم ساتەدا بەغدادی لە پێگەکەی لاببرێت، ئەوا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ڕێکخراوەکە، لەوانەیە ببێتە هۆی کۆتای پێهێنانی ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی خێرا.


سێیەم - ململانێی  خێڵەکی


یەکێک لەو هۆکارانەی کە داعش لە ئێستادا پشتی پێدەبەستیت بریتییە لە وروژاندنی ململانێی خێڵەکی لە ناوچەکەدا بەتایبەت لە سوریا و عێراق. ئامانجی پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە بریتی بوو لە دووبارە بنیات نانەوەی تۆڕی تیرۆرستی و پاڵپشتیکردنی لە ڕێگەی نانەوەی پشێوی خێڵەکی، ناساندنی خۆی وەک پارێزەری موسوڵمانان و دژی ڕەشەکوژی کە ئەنجام دەدرێت لەلایەن ڕێکخراو و هێزی شێوە سەربازییەکەیەوە. 

ڕۆژنامەی "نباء" کە لە ٢٠١٨/٩/٢٧  دەرچووە، بە شانازییەوە باس لەو هێرشە دەکات کە لەلایەن ئەندامانی داعش ئەنجام داراوە بۆ سەرمانۆڕی سەربازیی ئێرانی لە شاری ئەهوازی باشوری ئێران.


وتاری پڕوپاگەندەی داعش، لەم نیوەندەدا، زاراوەى هاوشیوەى "سیستەمە هەلگەراوەکان (
الأنظمة المرتدة) لە سوریا و عێراق کە دژایەتی سوونە دەکات بەکار دەهینیت ،بەردەوام تۆمەتبارکردنی هێزی سوری، هاوپەیمانانی ڕوسی و ئێرانی، وێرانکردنی بالەخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی سڤیل و کوشتنی ژنان و مناڵان، دڵنیا بوونەوە لەوەی کە تاران و ملیشیا شیعەکان سیاسەتی پاکتاوکردن بەکاردەهێنێن دژی ئیسلامی سوونە لە سوریا و عێراق. دواتر ئەم وتووێژە گۆڕا بۆ چیرۆکی پاراستنی سوونە .

  

چوارەم - داهاتی ڕێکخراو

ئەو داهاتەی داعش دەستی دەکەوێت لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتیایەتی لە سوریا و عێراق، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە سیناریۆی دووبارە بنیات نانەوەی ڕێکخراوەکە، بەپێی هەندێ لێکۆڵینەوە، داهاتی مانگانەی داعش دەگاتە (٨٠ ) ملیۆن دۆلار، کریستینا لیانج وای دادەنێ ئەو پارەیەی کە ڕێکخراوەکە کۆی کردۆتەوە لە ساڵانی ڕابردوودا، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ لە داهاتوودا، بەتایبەت کە ڕێکخراوەکە هەستاوە بە هەڵگرتنی ئەو پارانە لە شوێنی نهێنی دا،  گواستنەوەی بۆ هەندێ لە وڵاتانی دراوسێی سوریا و عێراق. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سیاسی دەرکەوتووە کە پارە دەگوازنەوە بۆ دەوڵەتی دراوسێ، ئەمەش پاش لێکۆڵینەوە لە هێرشی سەر یانە شەوانەکەی ئەستەمبوڵ لە ٢٠١٧دا دەرکەوت، کە (١٠٠) ماڵ هەیە سەربە ڕێکخراوی داعش،  نزیکەی (٥٠٠) هەزار دۆلاری تیاهەڵگیراوە.


بەشێوەکی گشتی، داعش توانای مادی خۆی دەپارێزێت لە ڕێگەی دامەزراوەکانی لە بازاڕی ڕەشدا، کارکردن لەگەڵ هەندێ لە سەرۆک هۆزەکان یان لەگەڵ ئەو بازرگانانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا سودیان لە چالاکی بە قاچاخ بردنی نەوت و چەک و کاڵا و کەسەکان بینیووە. هەروەها  ترس هەیە لە بە هێزبوونی  ڕێکخراوەکە بەهۆی کارکردنی بە پارەی ئەلەکتۆنی (بتکۆین)، فراوان بوونی تاوانی ڕێکخراو زیاد دەبێت.  


٥- جوڵەی جوگرافی


ئەم دیاری کردنەش پەیوەندی هەیە بە توانای جوڵەی "داعش" بۆ دوورکەوتنەوە لەو ناوچە کۆنانەی کە ململانێی تێدایە وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەڕان بۆ ناوچەیەکی نوێ یارمەتی ڕێکخراوەکە دەدات بۆ جوڵەی زیاتر. هەروەک ئەوەی ڕێکخراوەکە گرەوی کرد لە دوای دۆڕانی لە عێراق و سوریا، کە توانای جوڵەی هەیە لە بیابانی باشوری ئەفریقا و ئاسیا وەک ناوچەیەکی پڕ لە تیرۆرست.


پڕوپاگەندەکانی ڕێکخراوەکە داوای لە جەنگەوەرەکانی دەکات کە بەرەو وڵاتەکانی تر کۆچ بکەن، لەپاڵ ئەمەشدا هانی دان بۆ فراوان کردنی چالاکییەکان لە ناو ڕۆژئاوا، لە مانگی ئابی ٢٠١٨ دا تۆمارێکی دەنگی سەرۆکی ڕێکخراوەکە (ئەبو بەکر ئەلبەغدادى) بڵاوبوویەوە کە تیایدا داوای لە شوێن کەوتوانی کرد هەستن بە هێرش کردنی (تاک ڕەوی گورگانە) لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، وای دادەنا یەک هێرش لە ڕۆژئاوا بەرامبەرە بە هەزار هێرش لە عێراق و سوریا.


لە کۆتاییدا کێشەکانی سوریا و عێراق هەر بەردەوامە ودووبارە مەترسی سیناریۆی سەرهەڵدانەوەی داعش زۆرە، ئەو کێشانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی داعش سەری هەڵدا تا ئێستا بەردەوامە، ئەگەر لە سوریا بێت کە ململانێکە فراوان دەبێت چەندین لایەنی تر بەشداری دەکات، یان لە عێراق بەرژەوەندی ئێرانی و کێشەی دوبارە یەکگرتنەوەی سوونە و جیاوازی نێوان حوکمەتی ناوەند و کوردەکان لە باکور. بەردەوام بوونی ئەم دیمەنانە لە بەرژەوەندی" داعش"ە، پێویست نییە ڕێکخراوەکە ئەو زەوییانەی کە لە ژێر دەسەڵاتیدا بوو بە دەست بهێنێتەوە، بەڵام لانی کەم دەتوانێت شوێنێکی پارێزراو دروست بکات بۆ خۆی تاوەکو دڵنیا دەبێت لە مانەوەی بۆ چەند ساڵێکى داهاتوو.

سەرچاوە: مرکز المستقبل


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر