شکستى ئەردۆگان لە کەیسى ڕۆژهەڵاتى فورات و جۆلاندا

بە سروشتی حاڵ، یەکێک لە خەسڵەتەکانی سیاسەتی ڕۆژگاری ئێستا، گۆڕانی خێرا و لەناکاوی ڕووداوە جیهانیيەکانە، بە جۆرێک کە هەندێک جار نەک چاودێران و ڕاڤەکارانی بواری سیاسەت، بەڵکو خودی سیاسەتوانانیش لە هەندێک ڕەوشدا توشی شۆک دەبن.
PM:09:24:24/03/2019
دۆسیە: شیکار
ئەردۆگان لە دۆسیەی مەنبج و ڕۆژهەڵاتی فوراتدا لەڕووی سەربازی و دیپلۆماسیەوە شکستی هێنا.

داهۆ سالم
نوسەر

بە سروشتی حاڵ، یەکێک لە خەسڵەتەکانی سیاسەتی ڕۆژگاری ئێستا، گۆڕانی خێرا و لەناکاوی ڕووداوە جیهانیيەکانە، بە جۆرێک کە هەندێک جار نەک چاودێران و ڕاڤەکارانی بواری سیاسەت، بەڵکو خودی سیاسەتوانانیش لە هەندێک ڕەوشدا توشی شۆک دەبن.

ئەوەی مەبەستە لێرەدا سیاسەتی وڵاتێکی زلهێزی خاوەن هەژموونی گەردوونی وەک ئەمریکایە، کە هەندێك جار بە پێچەوانەی پێشبینی و پێدراوەکانەوە، مامەڵەی کوتوپڕ و خێرا لەگەڵ ڕووداوەکان دا دەکات. 

هەرچەندە ئەمە بەشێکە لە کاریگەرییەکانی تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنەکانی بواری گەیاندن، بەڵام لە دەورانی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ دا لە کۆشکی سپی، ئەم دیاردەیە لە بواری سیاسەت دا بە سروشتی کەسێتی ئەم سەرۆکە لە هەڵسوکەوتی ئەمەریکادا زۆرتر زەق بووەتەوە و ڕەنگی داوەتەوە.

 

لێرەدا، ئاماژە بە دوو بڕیاری گرنگ و شۆکهێنەری کۆشکی سپی دەکەین، کە لە ماوەیەکی نزیک و پەیوەست بە ناوچەیەکی دیاری کراوی جیهان کەڕوژهەڵاتی ناوەڕاستە داویەتی. یەکەمیان ڕاگەیاندنی بڕیاری پاشەکشەی سەربازانی ئەمریکا بوو لە سوریا و بەتایبەت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی چۆمی فورات، لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابووردودا، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ترامپ و ڕەجەب تەییب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا هات.

ئەوەی ساغی دەکاتەوە کە ئەو بڕیارەی ترامپ دوور بوو لە سیناریۆ ئەو کاردانەوە جیهانی و نێوخۆییەی خودی ئیدارەکەی کۆشکی سپی بوو، بە جۆرێک بووبە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی کەسایەتییەکی گرنگی وەک جەیمس ماتیسی وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر بڕیاری چۆڵکردنی سوریا و جێهێشتنی کوردەکان لەبەردەستی سوپای ئەسەد لە لایەک و هێزی سەربازی تورک و گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تری سوریا لەلایەکی تر، جگە لەوەی هەڵایەکی لەنێو کۆنگریس دا نایەوە کە ئەندامانی سەربە پارتی کۆماری دەسەڵاتداریشی گرتەوە. هەروەها ئەو بڕیارە تەنانەت دۆستەکانی ئەمریکای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هێنایە سەر هێڵ و بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان نیشاندا لەمەڕ وەها هەڵوێستێک، بەتایبەت "ئیمانوێل ماکرۆن" ى سەرۆکی فەرەنسا.

ئەمە جگە لەو پەلەقاژە و بێ هیواییەی ڕووی لە هەسەدە و ئێدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان کرد، بە ڕادەیەک بۆ بەرگرتن لە هێرشی تورک و سوپای ئازاد، خێرا شاندییان ڕەوانەی دیمەشق، تاران و مۆسکۆ کرد.


دووهەمیان ئەو بڕیارە کوتوپڕە هەستیارە بوو لەمەڕ ئاریشەی مێژووی "جۆلان" دەریکرد و بڕیاری دا بە داننان بەسەروەری دەوڵەتی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلانەوە. ئەمەش باس وخواسەکانی تەنها لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا هاتە گۆڕێ، ئەوەش دوای سەردانێکی سیناتۆری کۆماری "لیندسی گراهام" بۆ بەرزاییەکانی جۆلان هات بە یاوەری بەنیامین نەتەنیاهۆ و باڵوێزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل.

ئەمەشیان پەرچەکرداری نەرێنی لەنێو دۆستەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا لێکەوتەوە، بەتایبەت یەکێتی ئەورووپا کە هەر زوو بڕیارەکەی ترامپیان ڕەتکردەوە.

 

بەڵام دوای بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا، هەوڵەکان لە ناوەوەو  دەرەوە بۆ پاشگەزکردنەوەی سەرۆک ترامپ چڕ بووەوە، لەسەر ئەرزیش بوونی سەربازی بەرفراوانی ئێران لە سوریادا ئەمریکای دڕدۆنگ کردبوو، بە تایبەت لە باشوری خۆرئاوای سوریا، لە ناوچەکانی دەرعا و قونەیترەی هاوسنوری ئیسرائیل، کە دەکەونە نزیک بەرزاییەکانی جۆلانەوە. هەموو ئەمانە وایان لە ئیسرائیل کرد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ قایل کردنی ترامپ بە مانەوە لە سوریا. 


دوای هەوڵە نێوخۆی و دەرەکییەکان، هێواش هێواش هەست بە ساردبوونەوەی کۆشکی سپی دەکرا سەبارەت بە کشانەوە لە سوریا. لەلایەکی تر دوای ماوەیەک کاروانی ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستی پێکردەوە. دوای ئەوەش ئەمریکا بڕیاری دا بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە سوریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات و بنکەی تەنەف لە سەرسنوری وڵاتی ئوردون بهێڵێتەوە. هەروەها لە ئێستادا ئەمریکا نەک هێزەکانی لە سوریا پاشەکشە پێنەکرد، بەڵکو بڵاوەپێکردنی هێز عێراقیشی گرتەوە،  لەهەمانکاتدا باس لە جێگیرکردنی هێزی سەربازی ئەمریکی لە سنوری نێوان ئیسرائیل و سوریا بە دیاریکراوی بەرزاییەکانی "جۆلان" یش دەکرێت.

ئەوەی ئاشکرایە لەم دۆخەدا، ئەمریکا بەردەوامە لە بەهێزکردنی سەربازی خۆی لە شەش بنکەدا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای عێراق، کە پێشتر ئاژانسی
Debka لە ٩ی مارس و ٢٠ مارس دا زانیاری لەوبارەیەوە بڵاوکردبووەوە، لەوکاتەی سەرۆک ترامپ بڕیاری دا بە هێشتنەوەی ٤٠٠ سەربازی ئەمریکا لە سوریا، ٢٠٠ لە باکور و ٢٠٠ تریان لە بنکەی تەنەف لە سەر سنوری ئوردون.

"بەڵام لە بارەی ئەو ٢٠٠وە کە بەفراوانی باسکرا بوو لە سنوری ئیسرائیل جێگیریان بکات هیچی نەووت."


پێشتر چەند سەرچاوەیەکی سەربازی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، باسیان لەوە کردبوو کە ئەمریکا ١٥٠٠ سەربازی وڵاتەکەی لە باکوری سوریا جێگیردەکات.

 

سەرچاوە سەربازی و هەواڵگریەکانی ئاژانسی Debka  بەدوواداچونیان بۆ ئەو ڕاپۆرتانە کرد کە دەیسەلمێنن کەوا بەشێوەیەکی هەستپێکراو ئەمریکا پێگە سەربازییەکانی لە عێراق و سوریا تۆکمەدەکات لە شەش بنکە دا:

سیانیان دەکەونە خاکی عێراقەوە. بۆ یەکەمجار لەدوای تێکشکانی داعش لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٦ دا، هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا لە بنکەی ڕەمادی ناوەندی پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق جێگیرکران.

 

تۆکمە کردنەوەی سەربازی ئەمریکا، بە هەمان شێوە بنکەی K1 ی لە کەرکوک گرتۆتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە سوپای ئەمریکا ئەم پێگەیەی گۆڕیوە بۆ عەمباری سەرەکی دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان و ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی لە سوریا دەیانکشێنێتەوە.

لەو کاتەوەی باس لە کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا دەکرێت لە سوریا،
K1بونیادنرایەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەشی باکوری سنوری عێراق-سوریا لە کوردستانی عێراقەوە.

 

سێیەم بنکەی سەربازی لە عێراق کە لەم هەفتەیەدا تۆکمەترکراوە، بنکەی ئاسمانی "عەین ئەل ئەسەد"ە (ئەوەی کە سەرۆک ترامپ لە جەژنی کریسمسی ڕابردوودا سەردانی کرد).

 

بەپێی ووردبوونەوە لەم نەخشەیە، دەردەکەوێت بە بڵاوەپێکردنەوە و تۆکمەکردن، هێزەکانی ئەمریکا، دەتوانن کۆنترۆڵی تەواوی ناوەڕاست، ڕۆژئاوا و باکوری عێراق بۆ فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین بکەن.

 

ئەو پێگە ئەمریکییانەی لەم مانگەدا لە سوریا بەهێز کراون دەکەونە ئەم جێگایانەوە:

بنکەی "ئەلتەنەف" لە باشور، کە دەکەوێتە ٢٤ کیلۆ مەتری ڕۆژئاوای سێگۆشەی سنوری سوریا - ئوردون - عێراق، بە هێزی مارێنز و تۆپخانە قایمکراوە.

بنکەی ڕەققە، کە تاکو وەدەرنانیان لە ساڵی٢٠١٧ لەلایەن ئەو هێزەکوردیانەی ئەمریکا پاڵپشتی دەکردن، پێگەی داعش بوو لە سوریا، دەبێتە دووەم بنکەی ئەمریکا.

سێیەمیان، بنکەی ئاسمانی "ڕوومێلان" ە لە باکوری خۆرهەڵاتی حەسەکە کە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی کوردەکانە.

 

ئەم شەش پێگە سەربازیە خاڵی درشتی کۆنترۆڵکردنی فەرماندەیی سەربازی ئەمریکایە لە ناوچەیەکی ١٥٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەدا، لەنێوان ڕەمادی لە ناوەڕاستی عێراق، بۆ سەرەوە حەسەکە لە باکوری سوریا و لە خوارەوە ئەلتەنەف لە باشور. ئەم ناوچە سێگۆشەیە، ناوەندی سنوری نێوان عێراق و سوریا لەت دەکات.

 

ئەم بڵاوەپێکردنە سەربازییە نوێیە لە سوریا و عێراق، ئەو قسانەی سەرۆک ترامپ پشتڕاست دەکاتەوە کە وتی" کاتی ئەوەیە دان بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر جۆلان دا بنێین." زۆر بە ڕوونی دیارە، ئەوە گەورەترین کۆسپە لەبەردەم ئەو پلانەی لەنێوان تاران و ئەسەد دا داڕێژراوە کە دوای کردنەوەی سنوری نێوان عێراق و سوریا، هەرچی زووە بەبێ دواخستن پردێکی زەمینی ئێرانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەریای ناوەڕاست دروست بکرێت.

ژەنەڕاڵە ئێرانی، عێراقی و سوریاییەکان دەستیان بەو پلانە کرد کاتێک لە ١٨ مارسی ئەمساڵ دا لە دیمەشق کۆبوونەوە.

دواجار دۆخەکە گەشتە ئەو ئاستەی لە ئێستادا ئەردۆغان بێ هیوا بووە لە قایل کردنی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شارۆچکەی مەنبج و خۆرهەڵاتی فورات. ئەو پێشتر کاڵای هەرە گرنگ و کرۆکی وتارەکانی بۆ چەواشەکردنی شەقامی تورکی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بوو، بەڵام دوای ئەوەی نەیتوانی کۆشکی سپی و خودی سەرۆک ترامپ قایل بکات، ئێستا لەگەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانیەکانیشدا، زۆر بە دەگمەن خۆی لە قەرەی خۆرهەڵاتی فورات دەدات. چونکە لە ڕاستیدا ئەردۆگان لە دۆسیەی مەنبج و ڕۆژهەڵاتی فوراتدا لەڕووی سەربازی و دیپلۆماسیەوە شکستی هێنا.



ئه‌م بابه‌ته 680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر