کورد وکوردستان وئاسایشی ئاو

بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان ڕێژەی کورد لەجیھان زیاترە لە(٤٠) ملیۆن کەس. بەوپێیەش کورد سێھەم نەتەوەیە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسـتدا دوای عەرەب وتورک. کورد بەبەردەوامی لەگەشەکردندایە، بۆیە تورکیا وئێران وسوریا لەگەڵ داڕشتنی سیاسەتە ئاوییەکانیان توانیویانە کورد بکەنە ئامانجێکی سەرەکی بەمەبەستی لاوازکردنیان وناچارکردنیان بەکۆچکردن وتێکەڵکردنیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ونەھێشتنی مۆرکی کوردستانی لەناوچە کوردستانییەکاندا، ئەویش لەڕێی نیشتەجێکردنی نەتەوە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانە لەجێگاکانیان، ھەروەھا کۆتاییھێنان بەپرسی کورد لەو وڵاتانە. ئەمەش جۆرێکی ترە لەپێڕەوکردنی پرۆسەی جینۆسایدکردن، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز.
PM:08:51:19/09/2018
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
پێویستە حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو وەک پرسێکی ئایندەیی مامەڵە لەگەڵ ئاوی ھەرێمی کوردستان بکەن.

عبدولموتەلیب ڕەفعەت سەرحەت
نووسەر

بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان ڕێژەی کورد لەجیھان زیاترە لە(٤٠) ملیۆن کەس. بەوپێیەش کورد سێھەم نەتەوەیە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسـتدا لە دوای عەرەب وتورک.کورد بەبەردەوامی لەگەشەکردندایە، بۆیە تورکیا وئێران وسوریا لەگەڵ داڕشتنی سیاسەتە ئاوییەکانیان توانیویانە کورد بکەنە ئامانجێکی سەرەکی بەمەبەستی لاوازکردنیان وناچارکردنیان بەکۆچکردن وتێکەڵکردنیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ونەھێشتنی مۆرکی کوردستانی لەناوچە کوردستانییەکاندا، ئەویش لەڕێی نیشتەجێکردنی نەتەوە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانە لەجێگاکانیان، ھەروەھا کۆتاییھێنان بەپرسی کورد لەو وڵاتانە. ئەمەش جۆرێکی ترە لەپێڕەوکردنی پرۆسەی جینۆسایدکردن، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز.

 

بۆ نموونە: تورکیا ھەوڵی ئەوە ئەدا مێژووی کورد لەناوچە کوردستانییەکان لەناوبدات بەنوقمکردنی ناوچە کوردییە گرنگەکان وەکو (حەسەنکێف) وگواستنەوەی کوردانی باکور بۆ ناوەڕاستی تورکیا وتێکەڵکردنیان لەگەڵ نەتەوی تورک ودواتر نیشتەجێکردنی تورک لەناوچە کوردییەکان. ئەمەش یەکێکە لەسیاسەتە ئاوییەکەی تورکیا وپرۆژە گەورەکەی گاپ (GAP)، کەزۆربەی ئەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانەوە بەتایبەتی پرۆژەی بەنداوی(ئەلیسۆ) کەگەورەترین پرۆژەیە لەدژی کورد. ئەمە جگە لەوەی تورکیا دروشمی (ئاو بەرانبەر بە کەرکوک)ی بەرز کردۆتەوە لەسەدەی ڕابردووەوە. لەلایەکی ترەوە تورکیا مەسەلەی کۆتاییھێنان بەپرسی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان ودژایەتیکردن وسەرکوتکردنی ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ی کردبووە مەرجی سەرەکی بۆ بەردەوامبوون لەپێدانی ئاوی ڕووباری فورات بەسوریا.

 

بەھەمان شێوە ئێران ھەمان پلانی داڕشتووە بۆ گواستنەوەی ئاو لەڕووبارە نێودەوڵەتییەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ناوەڕاستی ئێران(پارێزگای قوم وئەسفەھان) وھەوڵدەدات زۆربەی ناوچە کوردییەکان وشک بکات وناچاریان بکات ڕوو لەناوچەکانی تری ئێران بکەن، بەمەش مۆرکی کوردبوون لەکورستانی ڕۆژھەڵات لاواز دەکات. ھەروەھا باشوری کوردستان(ھەرێمی کوردستان) بێبەش دەکات لەئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ڕووباری سیروان وئەڵوەند وزێی بچووک، کەچەند پرۆژەیەکی گەورەی لەسەریان دروستکردووە.

 

سوریا بەھەمان پلان دژایەتی کوردانی ڕۆژئاوای دەکرد پێشتر لەچوارچێوەی سیاسەتە ئاوییەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش بەنداوی (تەبەقە)وچەند پرۆژەیەکی ئاودێری تری لەگەڵیدا دروستکرد.

 

تەنانەت سیاسەتی ئاوی عیراق لەپێشدا کوتاییھێنانی پرسی کوردی کردبووە ئامانجێکی سەرەکی. بۆ نمونە بەنداوی (بەخمە) کەبەپێی پلانەکان بەنداوێکی گەورەیە وتوانای گلدانەوەى زیاتر لە(٨,٣٠کم٣) ئاوی ھەیە، لەگەڵ بەرھەمھێنانی(٦٠٠ مێگاوات) لەوزەی کارەبا. حکومەتی عێراق وای پیشاندەدا کەھۆکاری دروستکردنی بەنداوی(بەخمە) ھۆکارێکی ھونەرییە، بەڵام لەڕاستیدا ھۆکارەکەی سیاسی بوو. سەرەڕای ئەوەی دروستکردنی ئەم بەنداوە چەند قۆناغێکی بڕی بەڵام تەواو نەبوو بەھۆی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١. بەھەمان مەبەست پرۆژەی ئاودێری(حەویجە)دروستکرا بەمەبەستی نیشتەجێکردنی عەرەب وگۆڕینی دیمۆگرافی پارێزگای کەرکوک. بۆیە کورد بە درێژایی مێژوو قوربانی بووەوە ئێستاش جارێکی تر ئەبێتە قوربانی (گرفتی ئاو وژینگە).

 

ئاو یەکێکە لەپێداویستییە ھەرە گرنگەکانی ژیان وشوێنی تایبەتی خۆی ھەیە لەنەخشە وپلانی وڵاتاندا. ھەروەھا ڕۆڵێکی گەورەی ھەیە لەململانێی سیاسی وئابوری وڵاتاندا. ئاسایشی ئاو گرنگییەکی یەکجار زۆری ھەیە ویەکێکە لەو بابەتە ستراتیژییانەی کەپەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەیە لەگەڵ ئاسایشی خۆراک وئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی نیشتیمانی. سەرجەم وڵاتانی جیھان پێشووتر ھەوڵیان داوە گرنگییەکی تایبەت بدەن بەم چەمکە، وایان پێناسەکردووە کەھۆکارێکی پێکھێنەرە بۆ دەسەڵاتی نیشتیمانی وئاسایشی نەتەوەیی. ھەروەھا پەیوەندییەکی بەھێز ھەیە لەنێوان ئاسایشی ئاو وسەربەخۆیی ئابووری وسیاسی. بەدەستھێنانی ئاسایشی ئاو پاڵنەرێکە بۆ بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و ئابوری وسیاسی. ھەروەھا لەدەستدانی خاڵی یەکەم ئەبێتە ھۆی لەدەستدانی خاڵی دووەم وبەپێچەوانەوە.

 

ئاسایشی ئاو ھاوتای ئاسایشی خۆراکە چونکە ئاسایشی خۆراک بەدەست ناھێنرێت بەبێ ئاسایشی ئاو. بۆیە ئاسایشی ئاو پێویستی بەگەشەکردن وپاراستن وڕووبەڕووبونەوەی ئەگەرەکانی تێکچوونییەتی. چەمکی ئاسایشی ئاو بەواتای پەیداکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا لەئاو بەچۆنێتی وچەندێتی وپاراستنی بەرژەوەندی سامانە ئاوییەکان لەگەڵ بەردەوامبوونی بەبێ بوونی ھیچ کاریگەرییەکی نێگەتیڤ. ئەوەش لەڕێی بەکارھێنانی سەرچاوەکانی ئاو بەشێوەیەکی تەندروسـت  و پارێزگاریکردن لەبڕە ئاوی بەردەست(Available) وھەوڵدان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی نوێدا. بۆیە ئاسایشی ئاو ئەبێت پلانێکی ستراتیژیی هەبێت وھەموو ئامرازەکان وڕێگاکان بگیرێتە بەر بۆ جێبەجێکردنی وبەدەستھێنانی.

 

پێویستی مرۆڤ بەئاو ھیچی کەمتر نییە لەپێویستیی بەئۆکسجین، چونکە بەبێ ئەو دوو ھۆکارە ھیچ ئەگەرێک بۆ ژیان نامێنێت. لەکۆندا ئاو وەکو سەرچاوەیەکی سروشتی تازەگەر تەماشا دەکرا، چونکە زیاد لەپێویستبوونی ھەبوو، بەشێوەیەکی ئاسان بەردەست دەبوو، بەڵام گۆڕانکارییەکانی کەش وھەوا، دابەزینی ڕێژەی دابارین، زیادبوونی ڕێژەی بەبیابانبوون (بەھۆی وشکەساڵی وکەمی سەرچاوەکانی ئاو)، زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان، زیادبوونی گەشەی شارستانیەتی، سیاسەتی ئاوی وڵاتانی دراوسێ (لەڕێگەی دروستکردنی پرۆژەی ئاودێری گەورە ودروستکردنی بەنداو بەبێ گوێدان بەپێویستییەکانی یان مافە ڕەواکانی وڵاتانی ھاوبەش لەئاو)، ھەموو ئەو خاڵانە بوونە پاڵپشتێکی بەھێز وپێویست بۆ گەڕان بەدوای ستراتیژییەتێکی نوێ بۆ بنیاتنانی ئاسایشی ئاو.

 

ئەگەر باسی ھەرێمی کوردستان بکەین، ئەوە لەڕووی سەرچاوەکانی ئاوەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ عێراق بەگشتی، بەھۆی ئەوەی ڕووبارە سەرەکییەکان ولقی ڕووبارەکان لەوڵاتانی دراوسێوە دێنە نێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەمەش وادەکات کەھەمان مەترسی گرفتی ئاو کەتوشی عێراق دەبێت لەداھاتوویەکی نزیکدا بەھەمان شێوە توشی ھەرێمی کوردستانیش ببێت
.

 

ئەگەر بەراوردێکی ورد بکرێت لەنێوان ھەرێمی کوردستان وزۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی سەرچاوەکانی ئاوەوە، ئەوا بێگومان دۆخی ھەرێمی کوردستان زۆر چاکترە هەروەها بەناوچەیەکی پڕئاو دادەنرێت. بە پشتبەستن بەھەموو سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی (ئاوی سەرزەوی) بۆمان دەرئەکەوێت کەپێداویستییەکانی ئەم ھەرێمە دابین کراوە بەڵام کێشەی لاوازی یان نەبوونی سیاسەتی ئاو ھەیە لەبەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.

 

ئاوی سەرزەوی لەھەرێمی کوردستان توشی لەناوچوون دەبێت بەبێ ئەوەی سوودی لێ وەربگیردرێت بۆ زۆربەی سێکتەرەکان. بۆ نموونە: سەرەڕای بوونی ئاوی سەرزەوی (ڕووبار ودەریاچەکان) بەڵام لەزۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ئاوی ژێرزەوی بەکاردەھێنرێت وبە فیڕۆدەدرێت وزیاد لەڕێژەی دەرھێنانی تەنھایکراو (Safe Extraction) دەردەھێنرێت تەنانەت لەو ناوچانەی کەدەکەونە لێواری ڕووبارەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئاوی سەرزەوی بەپاشەڕۆ و پاشماوەکان (بەھەموو جۆرەکانییەوە) تێکەڵ دەکرێت. ئەم کارە ھەڕەشەیەکی زۆر ترسناکە بۆ ئاسایشی ئاو لەھەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو وەک پرسێکی ئایندەیی مامەڵە لەگەڵ ئاوی ھەرێمی کوردستان بکەن، ھەروەھا وەکو پرسێکی چارەنووسساز لێی بڕوانرێت و ھەوڵی جددی بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ھەنووکەیی.

 



ئه‌م بابه‌ته 870 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر