گفتوگۆی کراوە "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسانی نرخ"

PM:03:56:18/03/2019
دۆسیە: پانێل


بۆردی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕاگه‌یاندن
ناوه‌ندی چاوی كورد بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی

بەرەنگاربونەوەی بەرزبونەوەی نرخ

پاش ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە ماوەی ٤ ساڵی پڕ ھەوراز و نشێوی بەڕێکرد لە شەڕی دژی داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا و بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم لە لایەن دەستەڵاتی ناوەنده‌وە و، ھاتنی لێشاوی ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و جێگیربونیان لەشارەکانی ھەرێمی کوردستاندا، حکومەتی ھەرێم بە ناچاری لە مانگی ٢/٢٠١٤ دا بڕیاری پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی دەرکرد.



سەرەتا بەشێکی زۆر لە مانگانەکانیان دەبڕا و دواترگۆڕنکای تێداکرا و بەشێکی کەمی بەڕێژەی ٣٠% بۆ ٤٠% لێیان دەبڕدرا و، بەناوی پاشەکەوتەوە موچەخۆران وەریان نەدەگرت، پاش ئەوەی لە بازاڕەکانی جیھان نرخی نەوت بەرزبونەوەی تۆمارکرد و شەڕی داعش تاڕادەیەک لە ھەرێمی کوردستان دورکەوتەوە و ئاستی پەیوەندییەکانی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەند ئاسایی بونەوە و بەرەوپێشچونی بە خۆیەوە بینی، لە ڕێکەوتی ٨/٣/٢٠١٩ سەرۆکی ئەنجومەنی وه‌زیرانی ھەرێمی کوردستان " نێچیرڤان بارزانی" بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئاشكراكرد.



ئەم بڕیارە خەندە و خۆشی گێڕایەوە بۆسەر لێوو دڵی دانیشتوانی کوردستان کە کۆتایی بە نەھامەتییەکان ھاتوە و ئەستێرەی بەختی ھەرێم لە گەشانەوەدایە، بەڵام ئەمیش بەدەر نەبو لە دوودڵی و گومان و ڕاڕایی لای خەڵک، بەو پێیەی ھەر لەسەرەتاوە نرخی شتومەک و کاڵا و پێداویستی ڕۆژانە گران دەبێت و دیسان موچەخۆران زیانمەند دەبن، لەوانیش زەرەرمەندتر ئەو خەڵکە ئاساییەن کە نەک پاشەکەوت، بگرە خودی موچەشیان نییە و گرانی بازاڕ ڕاستەوخۆ ئەوان دەکات بە قوربانی.



ئەگەرچی لایەنی حکومەت لەڕێگای لیژنەی تایبەتەوە ھەستان بەڕێگریکردن و گەڕان و لێکۆڵینەوە بەسەر بازاڕدا، بەڵام ده‌ركه‌وت ئەمەش چاره‌سه‌ر نیه‌، به‌ڵكو پێویستە ڕێکخراو و ناوەندەکان ھەستن بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی پێویست و بەرچاو ڕونی بدەن بەلایەنی جێبەجێکار، بۆئەوەی بەرگری لە قۆرخکاری و تێکچونی سەلامەتی بازاڕ بگیرێت.



ئێمە لە (ناوەندی چاوی کورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی) بە ئەرکی خۆمان زانی و خۆشبەختانە یەکەمین کەسی واتایی بوین لە ڕێکەوتی ١٧/٣/٢٠١٩ ھەستاین بە سازدانی گفتوگۆیەکی کراوە لە ھۆڵی ھوتێل "ھایکرێست" ی شاری سلێمانی بۆ مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی ئابوری، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، خاوەنکار و بازرگانەکان، قایمقام و لایەنی حکومیی، سەندیكای ئابوریناسانی کوردستان، یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان، توێژەر و چالاکوانی ڕێکخراوی مەدەنی و تەنانەت لیژنەی فەتوا لە پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی دانانی چارەسەرێک بە ناوی (ڕێگریکردن لە بەرزبونەوەی نرخ).



سەرباری کەش و ھەوای تەڕوتوش و باراناوی بە سوپاسەوە ژمارەیەکی زۆر لەو بەڕێزانی ئامادەی مێزگردە کراوەکەی ناوەندمان بوون کە شێوازێکی نوێی کاری بەیەکەوەییە و، ھەموو ئامادەبوان دەرفەتی قسەکردنیان وەک پێدەدرێت بەبێ جیاوازی و ھەموو میوانەکان ھەست دەکەن خۆیان خاوەن پرۆژەکەن و ڕا و بۆچونیان وەرگیراوە.

ئێمە لایەنی جێبەجێکارنین و تەنھا لێکۆڵینەوە دەکەین و پاش تەواوبونیش لەم خاڵانەدا ڕێنمایی و بەرچاوڕونییەکان بەخاڵ دەخەینە بەر دیدەی لایەنی پەیوەندیدار:




یەکەم: بەرچاوڕونی بۆ دانیشتوان و خەڵکی ئاسایی:

١- لەبەر ئەوەی ئابوری و سەرچاوی داھاتی ھەرێمی کوردستان جێگیر نییە و پشت بە نەوتی خۆمان و کاڵای وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت، کەواتە نابێ بێخەمبین و خەڵک و حکومەتیش نابێت ئەرخەیان بن لەوەی کێشەی داراییمان نەماوە و بگرە لەھەر تێکچونێکی کتوپڕ و نەخوازراودا بەداخەوە دەبێ چاوەڕوانی دوبارە بونەوەی ھەمان قەیران بکەینەوە.



٢- پێویستە ھاوڵاتیان خۆشیان چاوکراوەبن و، لە ئێستا بەدوا خۆیان پاشەکەوتی خودی بکەن و ئەو شێوازی دەستپێوەگرتنەی لەو چەند ساڵەی ڕابردوو پەیڕەو دەکرا درێژەی پێبدرێت و، ئەوەی شمەکی پێویستی و جوانکارییە لەیەکی جیابکەنەوە و، داھاتی مانگانەی خۆیان لە شمەک و کاڵای لاوەکیدا خەرج نەکەن، بۆ ئەوەی ئێمەش وەک میللەتانی تر بتوانین لە کاتی ڕودانی قەیراندا توانای بەرگریمان ھەبێت.



٣- دانانی پلان لە لایەن خەڵکەوە، ڕاستە ئێمە ماوەی ٤ ساڵ ژیانمان بە سەختی بەڕێکرد بەڵام ئەزمونێکی باشیشمان وەرگرت لەوەی دانیشتوانی لادێ و جوتیارەکان دیسان پەنایان بردەوە بەر کشتوکاڵ و بەرھەمھێنانی ناوخۆیی، کە پێویستە ئەم لایەنە فەرامۆش نەکرێت و، بەردەوامی پێبدرێت لەلایەن خەڵکەوە .



٤- وشیاری ڕۆشنبیری لای تاک پەرەی پێبدرێت و تاک ھەوڵبدات لە لایەنی پەروەردە و فێرکردنەوە بەرژەوەندی و زیانەکانی خۆی بزانێت و، ھۆکار و ھاوکاری پشتیوانی خودی خۆی و خێزانەکەی و حکومەتیش بێت لە ئایندەدا.



٥- خواست و خستنەڕو بنەمایەکی زانستییە و تاوەکو خواست لەسەر شمەکێک زۆربێت نرخەکەشی بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەبێت ھاوڵاتیان لە کاتی قەیرانەکاندا خواستی خۆیان زۆر نەکەن، بگرە بە پێچەوانەوە دەبێت خۆیان نرخەکان دابەزێنن و، لەکاتی قەیراندا خواستیان زۆرنەبێت.



دووەم: بەرچاوڕونی بۆ بازرگان و خاوەنکار:

١- لەکاتی سەرھەڵدانی قەیرانەکاندا ھەندێکجار خاوەنکار و بازرگانەکان زیانمەندی گەورەدەبن و سەرمایەکەیان لەدەست دەچێت، بۆیە ئەو بارودۆخانە بەدەرلەوەی ھەژار زیانی لێدەکات ئەوانیش دەگرێتەوە، بەڵام لە کاتی ئاساییدا دەتوانن پەرە بە بازاڕی خۆیان بدەن، ئەویش بەجۆرێک وەک بازرگانە جولەکەکان زۆرترین فرۆشتن بە کەمترین قازانج بۆ خەڵکی ئاسایی سودی زۆرە و وڵات بەرەوپێش و بوژانەوە دەچێت ئەوانیش سودمەندی یەکەم دەبن.



٢- پێویستە ئێمەش وەک جولەکە بیربکەینەوە، لەکاتی پلاندانان بۆ دروستکردنی دەوڵەت تیودۆ ھێرتزل پێشنیاری دروستکردنی کۆگای فرۆشیاری (سۆپەرمارکێت) ی کرد بۆ ئەوەی خەڵک ناچارنەبن چەندین دوکان بگەرَێن و لەیەک کۆگادا بازاڕبکەن و کاتیان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لای ئێمە کۆگاکان بۆ گرانکردنی نرخ و زیانگەیاندنە بە خەڵکی ئاسایی، پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکرێت.



سێیەم: ڕاگەیاندنەکان

١- بەداخەوە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ھەندێکجار ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕن لە بەرزبونەوە نرخ و تەنانەت دروستکردنی قات و قڕی لای ھاوڵاتیان! ئەویش بەوەی ڕاستەوخۆ دیمەنی گرانبونی شمەک دەگوازنەوە وەک لەکاتی ڕاپرسی ھەرێمی کوردستاندا بینیمان بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد ھاوڵاتیان ھەمویان ئازوخە کۆدەکەنەوە لەماڵەکانیاندا، پێویستە بە بەرپرسیاریەتیەوە کاری خۆیان بکەن و ھانی خەڵک نەدەن بۆ ترس و دڵەڕاوکێ.



٢- لەکاتی دیاریکردنی بودجەدا ڕۆڵی خۆیان ببینن و لایەنە باش و خراپەکانی بەشە بودجەی تەرخانکراو بۆ ساڵی ئایندە دەستنیشان بکەن.



چوارەم: مینبەری مزگەوت و مامۆستای ئایینی

١- لەبەرئەوەی کۆمەڵگای ئێمە باوەڕدارە و زۆربەی خەڵک ئامادەیە ھەفتانە یەک کاتژمێر کاتی خۆی بدات بە مامۆستایانی ئاینی و فەرمانی ئاسمانیان لێوەربگرێت، پێویستە لەسەر مزگەوتەکان ئەم ھەلە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ڕێگا ڕاستەکان بە خەڵک پیشانبدرێت.



٢- بەھیچ شێوەیەک ئاین لەگەڵ زیادە خەرجی خەڵکدا نییە و، پێویستە مرۆڤ دوربکەوێتەوە لێی.



٣- بۆ بازرگان و خاوەنکارەکانیش، دەبێت بزانن کە ئاین بە ھەموو شێوەیەک دژایەتی قۆرخکاری و برسی کردنی خەڵک دەکات.



پێنجەم: لایەنی حکومەت

ئەوەی زۆرترین بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ لایەنی جێبەجێکارە و دەبێ ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر، ئەویش لە خاڵانەدا دەردەکەوێت:

١- بەپلانێکی ورد و بەردەوام بەبەردەوامی نرخ دیاریبکات و بینێرت بۆ یەکە ئیدارییەکان بۆ ئەوەی کەسانی ھەلپەرست کات نەقۆزنەوە و بازاڕ و نرخ گران بکەن.



٢- لەڕێگای لیژنەکانییەوە بەردەوام بەدواداچون بۆ نرخەکان بکات، واتە خاڵی یەکەم ڕێنمایی بدات و لەخاڵی دووەم لێپرسینەوە بکات.



٣- لەبەر ئەوەی بەشێکی گرانی نرخ پەیوەندی بە بونی چەند پیشەیی و چەند موچەییەوە ھەیە و گرانی نرخی بازاڕ کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو جۆرە موچەخۆر و خاوەن پیشانە نییە، دەبێت حکومەت چارەسەری بکات و وەک لە یاسای کارپێکراوی ھەرێمدا ھاتوە (نابێ کەسێک دوجۆر کار بکات) پێویستە ئەویاسایە جێبەجێبکات و سەرپێچیکاران سزا بدات.



٤- بەھۆی نەمانی پاشەکەوتەوە جۆرە ڕقێک دروستدەبێت لەنێوان موچەخۆر و بێموچە و ئیشکەرەکاندا و دوکاندارەکان لە ئەنجامی ئەو ڕقەوە نرخی کاڵا بەرزدەکەنەوە کاتێک ببینن موچەخۆر کڕیارییانە، کاری حکومەتە ئەوە نەھێڵێت ئەویش بە نزیککردنەوەیان لەیەک واتە ڕاگرتنی ھاوسەنگی لە نێوانیاندا.



٥- جیاوازی زۆری نێوان موچەخۆران لە بڕی وەرگرتندا جیاوازی چینایەتی دروستدەکات و ئەندامانی کۆمەڵگا لەیەک دور دەخاتەوە بۆیە دەبێت ھاوسەنگی دروستبکات لە نێوان موچەخۆراندا.



٦- ڕێکخستنەوەی خەرجی و نەھێشتنی زیادە خەرجییەکان حکومەت بەتایبەت دوای ئەم قەیرانی ڕابردوە خەڵک بە شێوازی دەستپێوەگرتن ڕاھاتوە دەبێت حکومەتیش ھەمان پلان جێبەجێبکات.



٧- کۆنترۆڵی نرخەکان بکات لە سنورەکان و ڕێگا نەدات شمەک و کاڵای خراپ ھاوردەی ھەرێم بکرێت.



٨- دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە ڕێگای ھاوردنی چەندین کۆمپانیای خاوەن متمانە بۆ وەگەڕخستنی ھێزی مرۆیی لە ناو ھەرێمدا.




٩- پاش نەمانی پاشەکەوت ڕاستەوخۆ ڕێگا و بانەکان فشاری گەشت و سەیرانیان لەسەر زیاد دەبێت، پێویستە حکومەت وەک پاشەکەوت کار لەسەر باشترکردنی ژێرخانی ئابوری بەتایبەت ڕێگا و بانەکان بکات.



١٠- ئەگەرچی ئەم خاڵە زۆرجار دوبارە دەکرێتەوە بەڵام زۆریش پێویستە: جیاکردنەوەی سیاسی لە بازرگان، واتە سیاسی بازرگان نەبێت و بازرگانیش سیاسی نەبێت.



١١- لەھەموی گرنگتر و کاری لە پێشینەی حکومەت ئەوەیە سیستمی بانکەکان ڕێک بخات، واتە بانک تەنھا وەک سندوقێک نەبێت بۆ دانانی نەختینە (پارە) و لێدەرھێنانی بەڵکو دەبێت خەڵک و خاوەن سەرمایەکان متمانەیان بۆ دروست ببێت کە پارەی خۆیان لە بانک دابنێن نەک لە ماڵەکانیاندا.



١٢- دروستکردنی کارتی ئەژماری بانکی تایبەت بە موچەخۆران بۆ ئەوەی مانگانە پارە دەستاو دەست نەکات و کارەساتی تاڵانکردن و ڕوتکردنەوەی ھاووڵاتی و بانکەکان ڕوبدات بەڵکو بڕی موچە ڕاستەوخۆ بخرێتە سەر ئەژماری بانکی موچەخۆر و ئەویش متمانەی ھەبێت بە بانک و تەنھا بڕی پێویستی لێ ڕابکێشێت نەک لە ماڵەوە لای خۆی دایبنێت و بانکیش چۆڵ و بێ نەختینەبێت.

ئەمانە بەشێک لە ڕاسپاردە و پێشنیاری خەڵکی پسپۆڕ و خەمخۆری شاری سلێمانی بوون بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی ھەرێمدا و ئێمەش سەرباری ئەوەی لە ماڵپەڕی خۆمان بە کراوەیی بلاَِویدەکەینەوە و ھەمو کەس دەتوانێت بیبینێت و سود مەند بێت لێی، بە ڕێگای دەستیش دەیگەیەنین بەلایەنی پەیوەندیدار.




ئه‌م بابه‌ته 215 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر