کارەساتى کیمیابارانى هەڵەبجە

PM:08:33:15/03/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - بەڵگەنامەو رووداوەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

١٦ ى ئادارى ٢٠١٩، سى و یەک ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کارەساتى کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە، لەو هێرشەدا کەکرایە سەر هاوڵاتیانى بێ تاوان شارى هەڵەبجەى شەهید، زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتى لەماوەیەکى کەمدا شەهید بوون، ژمارەیەکى دیکەشیان بەهۆى برینە سەختەکانیانەوە لە نەخۆشخانەکانى ئێران گیانیان لەدەست دا، یان کەم ئەندام بوون، یان دووچارى نەخۆشی درێژخایەن بوون و هەندێکیان شەهید بوون بەهۆى کاریگەرى برینەکانیانەوە، ژمارەیەکیشیان تاوەکو ئێستا بەدەم ئازارەوە ژیان دەگوزەرێنن، بەشی هەرە زۆرى شەهیدەکان لە ژنان و منداڵان و پیرە پیاوان و کەسانى سڤیل بوون، ڕۆژى شانزەى ئادار پەڵەیەکى ڕەشە بە نێوچەوانى ڕژێمى فاشیستى حکومەتى بەعسەوە.

 

وردەکارى ڕووداوەکە

 

لە شەوی ١٣و ١٤-٣-١٩٨٨ لە کەشێکی ئارامی بەھارەدا، دانیشتوانی شاری ھەڵەبجە گوێبیستی دەنگی تەقینەوەی گەورەبوون، لە پشتەوەی زنجیرە چیای "باڵامبۆ"، دیارە پێشتر رانەھاتبوون لە بیستنی دەنگی تەقینەوەی لەم شێوەیە، بەچڕی و بەبەردەوامی. چونکە پێشووتریش کە لایەنی ئێرانی تۆپبارانی ناوچەکەی بکردایە، بە شێوەی پچڕ پچڕو رێژەیی بوو، نەک بەم شێوەی ئێستا. بەڵام ئەمجارە دەنگی تەقینەوەو تۆپبارانەکان، زۆر بەچڕی و بەردەوامیەکەی ناخی دانیشتوانی شارەکەی داخورپان.



 

تۆپباران بەدرێژایی شەوو رۆژی دوای بەردەوامی ھەبوو، ھەروەک شاھێد حاڵەکان باسی دەکەن، رۆژەکەی تۆپباران بە تۆپی دوورھاوێژو سارووخی کاتێوشا دەستی پێکردو زۆربەشیان دەکەوتنە دەرەوەی نزیک شارەوە. سەرچاوەکانیش باسی ئەوە دەکەن ھەڵەبجەییەکان، پێش مانگێک ھەواڵی ئاڵۆزو ناخۆشیان بیستبوو، کە ھێرشێکی لەم شێوەیەیان دەکرێتە سەر لەلایەن ئێرانەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا ھێزەکانی ئێران لە شارەکەوە نزیک بوون، کە ئەمەش بۆ دەوڵەتی عێراق و سوپا سەرکوتکەرەکەی پاساوێکی باش بوو بەدەستیانەوە، کە رقی خۆیان بەسەر شارو دانیشتوانەکەی بڕژێنن.



 

زیاتر لەسەرچاوەیەک باسی ئەوە دەکەن، بۆ پرسیارکردن لە بارەی ھێرش بۆ سەر شارەکە شاندێکی شارەکە سەردانی دەزگای ئەمن و پۆلیس و ھەواڵگری و سوپاو جەیشی شەعبی دەکەن، بەشێک لەوانەی سەربە پارتی بەعس بوون، داوا دەکەن کۆمیتەیەک بۆ بەرگری لە شارەکە درووست بکەن، بەڵام وڵامی ئەوان ئەوە دەبێ "کە ئەمە ئیشی ئێوە نیە، بەڵکو ئیشی ئێمەیەو ئێمەش بەرگری لە شارەکە دەکەین و بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان". بەم شێوەیە دەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت و بەعس پێشوازییان لە شاندی شارەکە کرد. ئێتر لێرەوە ھەڵەبجە دەکەوێتە بەردەم دڕندەترین پەلامارو ھێرش، کە ئەمەش ھۆکارەکەی بۆ نابەرپرسیارێتی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و بەعس دەگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر بیویستایە دەیتوانی بەرگری لەشارەکە بکات لەبەرامبەر ھەرھێرش و پەلامارێکی ئێران کە لەجەنگدا بوو لەگەڵی نەک وێران، چونکە چەندین یەکەی سەربازی عێراق لە دەوروبەری شارەکەو ناوشار بوون، بۆنموونە "بارەگای لیوایەکی سەربازی لەناوشار، بارەگای یەکەی زریپۆش ناوشار، یەکەی تۆپی دوورھاوێژ لە گووندی دۆڵەمەڕ، بارەگای فەوجی سەربازی لە لوتکەی چیای باڵامبۆ، بارەگای فەوجی سەربازی لە گووندی عەنەب، بارەگای لیوایەکی سەربازی لە گووندی خرچانی، بارەگای فەوجی سەربازی لە گووندی بەڵخە، بارەگای لیوایەکی سەربازی لە قەزای سەید سادق، بارەگای سەربازی فیرقە لە سەرای سوبحان ئاغا، دەیان رەبایەی تری سەربازی لە چیاکانی دەوروپشتی ھەڵەبجە بەتایبەت لەسەر زنجیرە چیای بەفری میری، دەیان فەوجی جاش کە لەناوشارو دەرەوەی شارو دەورو بەری بوون".



 

ئەم زانیاریانەو چەندین زانیاری تر، لە گێڕانەوەکانی شاھێد حاڵ "عومەر عینایەت" لەبەردەم دادگا لە رۆژی ٢٨-٤-٢٠٠٩ و سکاڵاکار "فەخرەدین حاجی سەلیم" رۆژی ٢-٢-٢٠٠٩ لەبەردەم داگاو ھەروەھا ئیفادەی ھەندێکی تر لە سکاڵاکارەکان لەکاتی لێکۆڵینەوەو ئامادەبوونیان لەبەردەم دادگا سەلمێنراون، کە دانیشتوانی شارەکە ئامادەی بەرگریکردنن لەشارەکە، بەڵام دام و دەزگا ئەمنی و سەربازی و ھەواڵگرییەکانی بەعس رەدیان کردوەتەوە، ئەمەش دیسان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنی و پشتڕاست دەکاتەوە، کە دەوڵەتی عێراق و بەعس سەرقاڵی جێبەجێکردنی وێرانکردن و کیمیابارانکردنی شارەکە بوون نەک رزگارکردنی. بۆ راستی و دروستی ئەو قسانەی سەرەوە، لە یەکێک لە بەڵگەنامەکانی بەعس بە ژمارە "٢٤٩٣" زۆر نھێنی و تایبەت، کە لە رۆژی ١٨-٣-١٩٨٨ لەلایەن ھەواڵگری گشتی سەربازییەوە دەرچوەو "ش١، ق١، ٤٢٤"ی لەسەرە، لە خاڵی "٩" لیوا رووکن "عەلی حوسێن عوێد" تۆمەتبار دەکات، کە بەوەی نەیھێشتوە ھەڵەبجەییەکان داکۆکی لە شارەکەیان بکەن. ھەروەک "فرحان موتڵگە ئەل جبوری" لە یەکێک لە سوڕەکانی دانیشتنی دادگا، دانی بەمەدا ناو سەلماندی کە راستە.



 

لێرەوە سیناریۆی ھێزو سوپای عێراق دەستی پێکرد لە ھەڵەبجە، دەرفەتی رەخساند بۆ ھێرشی سوپای ئێران بۆ سەرشارەکە بەبێ ھیچ بەرگری و کاردانەوەیەک. دوای وڵامە شەرم ھێنەرەکەی دەزگاکان و سوپای عێراق، ھەڵەبجەییەکان چارەنووسیان دایە دەستی نادیار، ھەر لەم کاتەشدا تۆپی دوور ھاوێژو سارووخەکانی سوپای ئێران، بەشێوەیەکی بەردەوام و چڕ بەبێ وەستان لەماوەی سێ رۆژ واتا ١٣و ١٤و ١٥-٣-١٩٨٨ بۆ سەرسوپای عێراق بەردەوام بوو، ئەوەشی تێبینی دەکرا، وڵامەکانی سوپای عێراق زۆر لاوازو پچڕ پچڕ بوو، بەڵکو لەوەش خراپترو مەترسیدارتر، بەرە بەرە سوپای عێراق بەرەو خۆرئاوای ھەڵەبجە واتا دەشتی شارەزوور "شارۆچکەی سیروان و پردی زەڵم" پاشەکشێی کرد، بێگومان لەکاتی پاشەکشێ کردنی سوپای عێراقدا، وەک ئاکامی تۆپبارانی چڕو بەردەوامی سوپای ئێران بۆ سەریان زیانی مرۆیی و مادی زۆریان بەرکەوت.



 

دوا نیوەڕۆی رۆژی ١٥-٣-١٩٨٨ کەوتە دەستی سوپای ئێران، بەڵام سەرچاوەکان باسی ئەوە دەکەن سوپای ئێران نەچوەتە ناو شارەکەوە، بەڵکو بەدوای سوپای عێراقەوە بوون لە دەرەوەی شارەکەو راویان ناون، لەم کاتەدا شارەکە خاڵی بووە لە دام و دەزگا ئەمنی و سەربازی و مەدەنیيەکانی دەوڵەتی عێراق، سوپای ئێرانیش لە رووی سەربازییەوە پێویستی پێی نەبووە، بەڵکو بەرەو خۆرئاوای شارەکە پێشڕەوی کردووە، چونکە ئەمەیان لە رووی سەربازییەوە بۆ ئێران پێویست و گرنگتربووە. ئەمەش لە زمان و ئیفادەی سکاڵاکارانی دۆسییەی کیمیابارنی ھەڵەبجە ھەریەک لە "ستار حەیدەر، حمە فەرەج، گەلاوێژ ئادەم، فاتمە حمە ساڵەح، والی عەبدڵ رەحمان، سامان سادق" لەبەردەم دادگاو لە رۆژی ٢١-١٢-٢٠٠٩ سەلمێنراوە. ھەروەھا ئەوەش دەسەلێمنن کە شەوی ١٥-٣-١٩٨٨ دۆخەکە لەناو شاری ھەڵەبجەو دەوروبەری کەمێک ھێوەربوەتەوە، خەڵکەکە لەماڵ ھاتنە دەر بۆ زانینی چارەنووسی ئەو خەڵکەی تر، چونکە سێ رۆژ بوو بە چڕی تۆپباران بوو، رووخساری شارەکە بەتەواوی ماندوو بوو، بەتایبەت دیمەنی تۆزو خۆڵ و زریانی خۆڵ. ھەریەکەو بەدوای چارەنووسی کەس و کاریدا دەگەڕا، ھاوکات پرسیاری زۆر لەبارەی ئەوەوە دەکرا، کەبۆچی سوپای عێراق ئاوا بەم دەردو حاڵەی گەیاندن و بەم جۆرە دڵ رەق بوو بەرامبەریان، بەتایبەت بەرامبەر خەڵکی مەدەنی؟ بەڵام ئەوان بێئاگابوون لەوەی ھێشتا ئەمە سەرەتای دیمەنەکەیەو ھێشتا تەواو نەبوە؟ ھاوکات تیاشیاندا بوو بیری لەوە دەکردەوە ئەمە دووبارە بوونەوەی دیمەنە ترسناکەکانی تۆپبارانی شارەکە کە لە ٢٦-٣-١٩٧٤ و ١٣-٥-١٩٨٧یە کە کرایە سەریان و بوە ھۆکاری کوشتنی بەکۆمەڵ، چونکە مێژووی سوپای عێراق بەرامبەر بە کورد مێژوویەکی رەشەو پڕە لەتاوان بەرامبەر کورد، بۆ نموونە تۆببارانی شاری قەڵادزێ لە ١٩٧٤و تۆببارانی شاری سەردەشتی رۆژئاوای کوردستان لە ٢٨-٦-١٩٨٧، سەلمێنراوترین نمونە بوون بۆ ناسینی دڕندایەتی بەعس و سوپاکەی.



 

یەکێک لە ئەفسەرەکانی سوپای عێراق، کە لەم دۆزەخە دەرچووەو ئەوکات بۆ یەکێک لە سکاڵاکارەکانی ئێستای گێڕاوەتەوە، سکاڵاکارەکەش لە ئیفادەکەیدا دەڵێ: ئەم شارە جێبێڵن، لەبەر ئەوەی رژێم بەشێوەیەکی زۆر وەحشیانە لێتان دەدا، بەچەکی کیمیاوی بۆمبارانتان دەکات، لێرەوە مەترسی لەناو ھەڵەبجەییەکان دەستی پێکرد. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە خەڵکی مەدەنی چی بکات. بەشێکی کەم بیریان لەوە کردەوە بچنە گووندە رووخاوەکان و ئەشکەوتەکان و شوێنە بەرزەکان، کە دەیڕوانیە شار. ھەرلەم کاتەشدا شەڕی نێوان سوپای عێراق و ئێران، کەوتبوە سەر پردی "زەڵم" کە دەکەوێتە خۆرئاوای ھەڵەبجەوە.

 

بەیانی رۆژی ١٦-٣-١٩٨٨، خەڵک لەماڵ دەرچوون و بەشێک رۆشتنە سەرکارو دوکان و بازاڕ کرایەوە، شەقامەکان پڕ بوون و ترسی تۆڵەسەندنەوەش لەناو دانیشتوان بوونی ھەبوو. دوای کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ، فڕۆکە کەوتە ئاسمانی شارەکە، لەگەڵیدا تەقینەوەی گەورە گەورە دەرکەوت، بەڵێ ئەمانە فڕۆکەی عێراقی بوون و شاری ھەڵەبجەی کردە ئامانج، بەتایبەت گەڕەکەکانی "شەھیدان، سەرای، کانی قوڵگە". دەنگی بانگەوازو یارمەتیدان بەرزبووەوە، دوکەڵەکان رەش بوون و بەرز دەبوونەوە، بەشێک لە فڕۆکەکان لە لای "دەربەندیخان"ەوە ھاتن. بۆمبارانەکە خەست و تووندو وێران کەربوو، چەند دەقیقەیەکی خایاند، بەڵام شارەکەی بەگشتی و گەڕەکەکانی "شەھیدان و سەرای و کانی قوڵگە"ی بەتایبەت خاپوور کردو کردی بە گۆڕستانی دانیشتوانەکەی. ئاسمانی شار یەک پارچە دووکەڵی رەش بوو. ھێشتا دیمەنی بۆمبارانی یەکەم بەچڕی دووکەڵی لێھەڵدەستا، کەس نەیدەوانی کێ کوژراوەو کێ ماوە؟

 

کۆمەڵێک فڕۆکەی ترھاتن، بە بۆمب و ساروخی گەورە، ئەو دوای شارەکەو گەڕەکەکانیان بۆمباران کرد، ھیچ باڵەخانەو ماڵ و کەسێکی نەھێشت، بەرنەکەوێ. شارەکە غەرق بوو لە بۆمب و دەنگی تەقینەوەو لاشەی مرۆڤ و بریندارو ھاوارو گریان و شین. ماڵەکان رووخان و کاول بوون، تەرمی کوژراوەکان کەوتنە ژێر دارو پەردووی خانوە رووخاوەکان و لەژێر زەمینەکاندا بەسەریەکا کەوتن. فڕۆکەکان دەستی لە خەڵکی مەدەنی نەدەپاراست، شاھێدحاڵەکان دەڵێن، بەچاوی خۆیان بینیویانە فڕۆکەکانی عێراق شارەکەیان کیمیاباران و وێرانکرد. دیارە تەنیا پاساوی عێراق ئەوە بوو کە ئێران ھێرشی کردووە، لەکاتێکا لە پێشووتریش ئەوەمان ووت سوپای عێراق بەبێ ھیچ بەرەنگارییەک ھەڵەبجەی بۆ ھێزەکانی ئێران جێھێشت و پاشەکشێی کرد، ھەر ئەمەشە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە لەبنەڕتدا حکومەتی عێراق و بەعس ویستویانە ھەڵەبجە بەم شێوەیە بخنکێنن.

 

ھەڵەبجە لەم کاتەدا بۆنی مەرگی لێدێ، دوا نیوەڕۆی ١٦-٣-١٩٨٨ ئەوانەی بەرنەکەوتبوون، ئەوانەی نەمردبوون، ئەوانەی بریندارببوون، ئەوانەی گازی سیانیدو خەردەل لە لێواری مەرگ رایگرتبوون، بە سەختی رێگای چوونە دەرەوەی شاریان گرتەبەر، بەتایبەت بۆ گووندەکانی "باوە کوچەک، بامۆک، سازان، عەبابەیلی، عەنەب"، ئەوانەی ئەم دیمەنە دەگێڕنەوە وا وێنای دەکەن کە راکردن بوو لە مەرگی حەقیقی. ھەرلەم کاتەدا بۆمباران بەردەوامە، شارەکە وەک کورەی تەندروو یەک پارچە گڕی گرتوەو دەسووتێ. ئەوانەی دەرنەچوون و لەناو ژێرزەمینەکانیان مابوونەوەو پێیان وابوو بەم رێگایە رزگاریان دەبێ و دەپارێزرێن، بە پێچەوانەوە بۆنی گازی سیانیدو خەردەل و دووکەڵ خنکاندنی، خنکاندێک وەسف ناکرێ!

 

شاھێدحاڵ و سکاڵا کارەکانی دۆسیەی ھەڵەبجە، ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە، بۆمبارانی شارەکە لەلایەن فڕۆکە عێراقیەکانەوە، تا کاتژمێری "٣"ی پاش نیوەڕۆی ١٦-٣-١٩٨٨ بەردەوام بوە. ماڵ و شەقامی گشتی و کۆڵان و ژێرزەمینەکان پڕبوون لە تەرمی "ژن و پیاو، مناڵ و پیر". ئەو وێنانەی کە وێنەگرو رۆژنامەنووسەکانی ئێران و تورک و بیانی گرتبوویان، مەگەر تەنیا ئەو وێنانە وەک خۆیان بتوانن وێنای مەرگ و خنکاندنی چەند سوچێکی ھەڵەبجەمان بۆبکەن.

 

یەکێک لە سکاڵاکارەکانی دۆسیەی ھەڵەبجە لەبەردەم دادگا دەڵێ": من لەسەر چیای گوڵان بووم، فڕۆکە عێراقیەکان لە لای دەربەندیخانەوە دەھاتن لە رۆژی ١٦-٣-١٩٨٨. شارەکەی بە بۆمبی کیمیاوی بۆردومان کرد، چەندین لاشەم بینی لەلێواری رێگاکان کە دەتوت رۆژی حەشرە. فڕۆکەکان تا دیوی سنووری ئێران بەدوامانەوە بوون، بەڵام ھێزی بەرگری ئێران وڵامیان دانەوە. دوای ماوەیەکی کەم گەڕامەوە بۆ ھەڵەبجەو بیست رۆژ مامەوە، لەمانگی ٤-١٩٨٨ ھێشتا شارەکە لەلایەن عێراقەوە تۆبباران دەکرا بەتایبەت لە قۆڵی "سەید سادق"وە کە دەکاتە رۆژئاوای ھەڵەبجە. دواتر گەڕامەوە بۆ نەخۆشخانەکانی تاران، بۆ گەڕان بەدوای چارەنووسی کەس و کارەکەم. کۆمەڵێک وێنەی لاشەی مردووەکانم بینی زیاتر لە "١٠٠" کەس دەبوون و ھەموویان ھەڵەبجەیی و مەدەنی بوون. ھەروەک سکاڵاکارەکانی تریش "دلێر لەتیف، کوێستان ئەکرەم، ھۆشیار عومەر، نەزیف تۆفیق، مەحمەد فەرەج سەعید، سۆیبە سەعید، نەرمین کەمال، شعریە سەعید، سەڵاحەدین مەحمود"یش جەخت دەکەنەوە فڕۆکەکەکان عێرقی بوون و لە ئاراستەی دەربەندیخانەوە ھاتوون و شاری ھەڵەبجەیان بۆمباران و کیمیاباران کردووە. باسی ئەوەش دەکەن لە ١٦ تا ١٨-٣-١٩٨٨ بۆمباران بەردەوام بوەو بوەتە ھۆکاری ھەزاران شەھیدو بریندارو خنکاندنی شارەکە.

 

ئەو هێرشە بە فەرمانى تایبەتى "عەلى حەسەن مەجید" وەزیرى بەرگرى عێراقەوە ئەنجام درا کە دواتر ناسرا بە "عەلى کیمیایی" و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە ساڵى ٢٠١٠ دا سزاى لەسێدارەدانى بەسەدا سەپاند و جێبەجێکرا.

 
ئێستاى هەڵەبجە


لە ئێستادا شارى هەڵەبجە " هەڵەبجەى شەهید" سمبواى ئازادى و بەرخودانە، بە بڕیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ١٣ ى ئادارى ٢٠١٣، هەڵەبجە کرا بە پارێزگا ولە کاتى ئێستادا هەڵەبجە خاوەنى پارێزگارى خۆیەتى، هەروەها ئەو شارەى کە بە شارى هونەرمەندان و شاعران و زانایان ناسراوە زانکۆى تیادا کراوەتەوە، هەروەها کار دەکرێت بۆ ئەوەى کە شارى هەڵەبجە ببێتت خاوەنى دەروازەیەکى سنوورى نێودەوڵەتى فەرمى کە ئەوە کاریگەرى تەوا دەکاتە سەر بەرزبوونەوەى ئاستى بژێوى دانیشتوانى شارى هەڵەبجە.

 

سەرچاوەکان:

(١) سایتى الحرة

(٢) تەها سلێمان: جینۆسایدى هەڵەبجە، ئاوڕێک لە ڕابردوو، ڕامانێک لە ئێستا و داهاتوو.



ئه‌م بابه‌ته 174 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر