مەلا موستەفا بارزانى

PM:07:52:14/03/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

سەرکردەیەکى سیاسی وسەربازى و تێکۆشەرێکى کوردە، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بووە لەساتى دامەزراندنیەوە تا ئەو کاتەى لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و لە ساڵى ١٩٧٩ کۆچى دوایی کرد، موستەفا بارزانى تەواوى ژیانى خەبات بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوایەتییەکانى نەتەوەى کورد لە عێراق وبەدەست هێنانى مافە سیاسی و مەدەنییەکان وکلتوری و کۆمەڵاتییەکانى کورد لە عێراقدا.

 

لەدایک بوون و پەروەردەکردن

موستەفا بارزانى لە ١٤ ى ئادارى ساڵى ١٩٠٣ لە گوندى بارزان لە کوردستانى باشور لەدایک بووە، لە ڕەچەڵەکدا دەگەڕێتەوە سەر میرەکانى میرنشینى ئامێدى، لەتەمەنى منداڵیدا باوکى لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیرکراوە، دواتر بۆماوەى ساڵێک لەگەڵ دایکیدا لە گرتوخانەى موسڵ زیندانى کراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانى دەوڵەتى عوسمانییەوە، لەو کاتەدا تەنیا تەمەنى سێ ساڵان بووە، لە ژینگەیەکى ئایینى و نیشتمان پەروەریدا گەورە بووە، دواتر لەلایەن براکەیەوە " شێخ ئەحمەد بارزانى" سەرپەرشتى و پەروەردە کراوە، موستەفا بارزانى نازناوى مەلا موستەفاى وەرگرتووە، دواتر بووە بە شۆڕشگێڕ و داکۆکى لە مافی نەتەوەیی میللەتەکەى کردووە، پاشان نازناوى "جەنەڕاڵ" لێنراوە.

 


گرنگترین قۆناغەکانى ژیانى

لەگەڵ برا گەورەکەى "شێخ ئەحمەد بارزانى" سەرۆکایەتى بزووتنەوەى شۆڕشگێڕى کردووە و داواى مافە پێشێلکراوەکانى نەوەکەیان کردووە، بەڵام حکومەتى پاشایی و بە یارمەتى هێزى ئاسمانى بەریتانیا ئەو شۆڕشەیان هەرەس پێهێنا، لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانى بەریتانیاوە گوندى بارزان بۆمب باران کرا، لە ئاکامدا زیاتر لە ١٠٠٠ کورد شەهید بوون، پاشان مەلا موستەفا و شێخ ئەحمەد ڕوویان کردە تورکیا بەڵام حکومەتى تورکیا ڕادەستى عێراقی کردنەوە و لە ساڵى ١٩٣٥ لە لایەن حکومەتى لە شارەکانى باشورى عێراق نیشتەجێکران، دواتر گواسترانەوە بۆ شارى سلێمانى.

 

لەدواى کۆچى دوایی شێخ ئەحمەدى بارزان، مەلا موستەفا سەرۆکایەتى گرتە دەست و لەو ماوەیەدا لەگەڵ پارتى هیوا پەیوەندییەکانى ڕێکخست و دواتر لە ساڵى ١٩٤٢ لە ڕێگاى مەهابادەوە گەڕایەوە بۆ بارزان. جارێکى دیکە مەلا موستەفاى بارزان توانى هێزەکانى خۆى ڕێکبخاتەوە و نزیکەى ٥٠٠٠ پێشمەرگەى لەدەورى خۆى کۆکردەوە، ئەمەش حکومەتى عێراقی ناچارکرد کە چارێکى دیکە ناوچەکە چۆڵ بکات و لەڕێگاى یەکێک لە وەزیرەکانیەوە "نورى سەعید" دەست بکات بە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرانى شۆڕشەکەدا کە مەلا موستەفا سەرۆکایەتی دەکرد. لە ئاکامدا هەردوو لا گەیشتنە ڕێکەوتن بەڵام لەو کاتەدا "نورى سەعید" دەستى لەکار هەڵگرت و ئەمەش بوو بەهۆى جارێکى دیکە دەست پێکردنەوەى پێکدادانەکان.

 

لە ساڵى ١٩٤٥ بەشداری کرد لە دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد لە کوردستانى ڕۆژهەڵات، ناوبراو بوو بە سەرۆکى ئەرکانى سوپاى کوردستان لەو کۆمارەدا کە لە لایەن قازى محەمەدەوە سەرۆکایەتى دەکرا، لە ماوەى یانزە مانگدا کە تەمەنى کۆمارەکە بوو مەلا موستەفا لە تەواوى ئەرک و فەرمانەکانى کۆمارەکەدا ڕۆڵێکى کاریگەرى هەبوو، دواى هەرەسپێهێنانى کۆمارى کوردستان لەگەڵ ٥٠٠ پێشمەرگەدا ولەژێر زەبرى هەر سێ وڵاتى تورکیا و ئێران و عێراقدا توانى بگاتە یەکێتى سۆڤییەت و لەوآ بۆ ماوەى ١٢ ساڵ مایەوە.

 

لە ١٥ ى ئابی ساڵى ١٩٤٥ پارتى دیموکراتى  کوردستانى دامەزراند کە هەنگاوێکى نوێ بوو لە خەباتى سیاسی و چەکداریدا، هەروەها لەو کاتە بەدواوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ڕەوتە چەپەکان و حیزبی شیوعی پتەو کرد، پارتى دیموکراتى کوردستان ئەو چەترە بوو کەسەرجەم سەرکردە سەربازى و سیاسی و دڵسۆزەکانى کوردى لە کوردستانى باشوور گرتبووە خۆى و خەباتى دەکرد لە پێناو بەدیهێنانى مافە ڕەواکانى کورد لە عێراقدا.

 

ساڵى ١٩٥٨ و دواى ئەوەى لە ڕێگاى کودەتایەکى سەربازییەوە کۆتایی بە حوکمى پاشایەتى لە عێراق هات، مەلا موستەفا بارزانى گەڕایەوە عێراق و لەلایەن "عەبدول کەریم قاسم" سەرۆک کۆمارى عێراق و سەرکردە عێراقییەکانەوە پێشوازى لێکرا، بەمەبەستى بەدیهێنانى مافەکانى گەلى کورد، حکومەتى عێراق لەگەىڵ پارتى دیموکراتى کوردستان کەوتنە گفتوگۆ، بەڵام گفتوگۆکان نەیانتوانى هەردوولا بەیەکەوە بگەیەنن، بۆیە جارێکى دیکە و لە ساڵى ١٩٦١ شۆڕش دەستى پێکردەوە.

 


لە نیسانى ١٩٦٤ حکومەتى عێراق و شۆڕشى کورد گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چەند مافێکى کلتورى وسیاسی لەلایەن حکومەتى عێراقەوە سەلمێندرا بەڵام بەهۆى ناڕەزایەتى شۆڤێنییە عەرەبەکان ئەو ڕێککەوتنە هەرەسی هێنا و جارێکى دیکە پێکدادانەکان دەستیان پێکردەوە.



 

لەساڵى ١٩٧٠ ڕێککەوتننامەى ١١ ى ئادار لە نێوان هەردوولادا سەلمێندرا، بەڵام پاش ئەوەى کە حکومەتى عێراقی لە بەڵێنەکانى خۆى پەشیمان بوویەوە جارێکى دیکە شۆڕش دەستى پێکردەوە، لە ئاکامدا حکومەتى عێراق و بەمەبەستى هەرەس پێهێنانى شۆڕشى کورد بە ڕابەرایەتى بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستان لەگەڵ حکومەتى شاى ئێران ڕێککەوتننامەى جەزائیرى واژۆکرد.



 

کۆچى دوایی


لەئاکامى توش بوونى بە نەخۆشی شێرپەنجەى سییەکان ناوبراو لە ساڵى ١٩٧٩ و لە نەخۆشخانەى جۆرج واشنتۆن لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کۆچى دوایی کرد، تەرمەکەى لە ئێران بەخاک سپێردرا، بەڵام دواى ڕاپەرینى بەهارى ١٩٩١ لە گەڵ تەرمى شەهید "ئیدریس بارزانى" کوڕى و بەئامادەبوونى جەماوەرێکى زۆر و سەرجەم سەرکردە سیاسییەکانى کوردستان گەڕێنرانەوە بۆ خاکى پیرۆزى هەرێم و لە بارزان بەخاک سپێردرایەوە.

 

   



ئه‌م بابه‌ته 310 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر