گرنگى پەسەندکردنى دەستورى هەرێمى کوردستان

هەرێمى کوردستان خاوەن پرۆژەى دەستورە، ئەم پڕۆژەیە بێ ئەوەى هەنگاوە یاساییەکان تێپەڕێنێ و سیفەتى دەستورى هەمیشەیی وەربگریت، پڕۆژەکەیان گەڕاندەوە پەرلەمان و چوار ساڵە پەرلەمانى کوردستان خەریکى هەموارکردنەوەى بڕگە و ماددەکانى پڕۆژە دەستورەکەیە.
PM:06:53:11/03/2019
دۆسیە: دەوڵەت سازی
لە حالەتى مانەوەى یاساى هەڵبژاردن بەم شێوەیەى ئێستا و مەرجى کاندیدانى پەرلەمان گۆڕانکارى بە سەردانەیەت، باشترین ڕێگا بۆ پاراستنى سەقامگیرى سیاسى هەرێمى کوردستان پێداگیرییە لە چەسپاندنى سیستەمى سەرۆکایەتى لە دەستورى هەرێمى کوردستان.

هەڵوێست میرانی
پارێزەر

هەرێمى کوردستان خاوەن پرۆژەى دەستورە، ئەم پڕۆژەیە بێ ئەوەى هەنگاوە یاساییەکان تێپەڕێنێ  و سیفەتى دەستورى هەمیشەیی وەربگریت، پڕۆژەکەیان گەڕاندەوە پەرلەمان و چوار ساڵە پەرلەمانى کوردستان خەریکى هەموارکردنەوەى بڕگە و ماددەکانى پڕۆژە دەستورەکەیە، ئەم توێژینەوەیە گوزارشتە لە تێڕوانینى خۆم لە بارەى سیستەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، گەر لە دەستور دیارى بکرێت، لەو توێژینەوە کورتە، ھەوڵمانداوە بە زمانێکى سادە بنوسین،  خۆمان بە دووربگرین لە بەکارهێنانى کۆمەڵێک چەمکى ئاڵۆز، بۆ ئەوەى  بابەتەکە لاى خوێنەر ئاڵۆز نەبێت،  مەبەستمانە گرنگی پەسەندکردنی دەستوری ھەرێمی کوردستان، بخەینە بەرباس.

بۆ ئاشناکردنی خوێنەران بە دەستور لە بەشەکانی سەرەتاییدا بە پێویستم زانی لە سەرەتای توێژینەوەکە، باس لە  مێژووى سەرهەڵدانى  دەستور بکەم، لەگەڵ ڕێکارەکانی نوسینەوەی دەستور و رێگاکانی ھەموارکردن و گرنگی و باڵایی دەستور، لەگەڵ ئاماژەدان بەو سەرچاوانەى لە توێژینەوەکە بەکارهاتوون.


دەستور چییە؟


وشەی دەستور وشەیەکی فارسی یە، ( دەست ) لە زمانی کوردیشدا ھەر دەستی پێدەگوترێت، (ور) واتا خاوەن، بەشێک لە شارەزایانی دەستوری ئەو دەستەواژەیە بۆ مانای وەزیری گەورە یان دەستەڕاست دەگەڕێننەوە، بە عەرەبی پێی دەگوترێ (القانون الأساسي) بە کوردی واتا (یاسای بنەڕەتی )، بەڵام بە گشتی لە فەرھەنگی یاسایی عەرەبی و کوردیدا، وشەی دەستور بەکاردەھێنرێت.

دەستور بریتییە لە کۆمەڵێک بنەمای یاسایی، کە بنچینە سیاسییەکانی دەوڵەت ڕێکدەخات و پێکھاتەکان دیاری دەکات.


یاخود دەستور بریتییە لە کۆمەڵێک بنەمای یاسایی، کە تیایدا سیستەمی سیاسی دەستنیشان دەکات و دەسەڵاتە باڵاكان ڕێکدەخات و ماف و ئازادیەکان دەستنیشان دەکات.


دەستور بە دایکی یاساکان دادەنرێ، ئەو یاساو ڕێنماییانەی لە وڵات دەردەچن، لە ژێر ڕۆشنایی بڕگە و بنەما چەسپاوەکانی دەستور، یەکانگیرن و نابێت پێچەوانەی ناوەڕۆکی دەستور بن.


ڕێکارەکانی نوسینەوەی دەستور


یەکەم: کۆمەڵەی دامەزرێنەر

ئەم کۆمەڵەیە لە چەند کەسێکی شارەزا پێک دێن، لە لایەن گەلەوە، بۆ ئەرکێکی دیاریکراو ھەڵدەبژێردرێن، کە ئەویش نوسینەوەی دەستورە. یەکەمجار وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەم ڕێگایە دەستورەکەی نوسییەوە لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لەساڵی ١٧٧٦دا.


دووەم: گشتپرسی دەستوریی

دوای ئەوەی لە لایەن لێژنەیەکی پەرلەمانی بڕگەو ماددەکانی دەستور دەخرێتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت، لە ڕێگای گشتپرسییەوە ناوەڕۆکی دەستور دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی و ھاوڵاتیان دەنگی لەسەر دەدەن، ئەم جۆرە دەستورە کاری پێناکرێ، گەر بە فلتەری گشتپرسی تێپەڕ نەبێت و بۆچوونی ھاوڵاتیان لە بارەیەوە وەرنەگیرێت. ئەم ڕێگایە باشترین و گونجاوترینە بۆ پەسەندکردنی دەستور، چونکە گەل بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە دانانی دەستور دەکات. بەم شێوەیە ھاوڵاتیان بەشداریدەکەن لە دیاریکردنی سیستەمی سیاسی وڵات و ڕەزامەندی دەدەن، لەو ماف و ئازادیانەی لە ڕەشنوسی دەستورەکە، بۆیان دیاریکراوە، بەمەش ھۆشیاری سیاسی ھاوڵاتیان بەرز دەبێتەوە.


جۆرەکانی دەستور


دەستور کۆمەڵێک بنەمای پەیوەندیدارە بە ڕێکخستنی دەسەڵات و ژیانی خەڵک، ئەمیش لە ڕێگای بەڵگەنامەیەک کە ناوەڕۆکەکەی لە کۆمەڵێک بڕگە و ماددە پێکھاتوون، کە پێی دەگوترێ (دەستوری نـوسراو)، یاخود لە بنەماکانی دەستور لە ڕێگای عورف و پێشینەی دادوەری و مێژوویی یەوە کە بێ ئەوەی لە بەڵگەنامەیەک کۆبکرێنەوە، ئەمەش پێی دەگوترێ ( دەستوری نەنوسراو)
.


دەستوری نوسراو و نەنوسراو


یەکەم: دەستوری نوسراو،
ئەو دەستورەیە کەبڕگەو ماددەکانی نوسراونەتەوە و لە بەڵگەنامەیەک، یاخود لە چەند بەڵگەنامەیەکی فەرمی کۆکراونەتەوە. لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە، ڕێساکانی تایبەت بە ڕێکخستنى دەسەڵاتەکان ڕێکخراون و دەستنیشان کراون، ماف و ئازادیەکانی تاک وچۆنیەتی مامەڵەکردن بە داھاتی وڵات، زۆر پرس و بابەتی تری پەیوەندیدار بە ژیانی خەڵک، لە بەڵگە نامە دەستوریەکە جیگیر کراون.


دەستوری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەساڵی ١٧٨٧، بە یەکەم دەستوری نوسراو دادەنرێ. لە ئێستادا، زۆربەی دەستوری وڵاتان و ھەرێمەکان، نوسراونەتەوە و لە بەڵگەنامەیەک کۆکراونەتەوە. نمونەی دەستوری نوسراو، دەستوری ھەمیشەیی عێراقە لە ٢٠٠٥دا
.


دووەم: دەستورى نەنوسراو
، ئەو دەستورەیە کە بنەماکانی پێکھاتوون لە عورف و پێشینەی دادوەری و مێژوویی، کەپشتا و پشت لە لایەن پادشا و فەرمانڕەواکانەوە کاریان پێکراوە، ئەم عورف و پێشینە دادوەریە، سیفەتێکی دەستوریان پێدراوە. واتا  یاسادانەر ڕۆڵی لە دانانی دەستوری عورفی نیيە، بڕگە و ماددەکانیشی لە ھیچ بەڵگەنامەیەک کۆنەکراونەتەوە.


نمونەی دەستوری نەنوسراو، دەستوری ئینگلتەرایە. لە ئینگلتەرا بەڵگەنامەیەک نیيە پێی بگوترێ دەستور، کە تیایدا باس لە سیستەمی پاشایەتی و سیستەمی دوو پەرلەمانی و بەرپرسیاریەتی پاشا، یاخود بەرپرسیار نەبوونی بەرامبەر بە خەڵک، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت بکات. ئەو بنەما دەستوریانەی لە ئینگلتەرا کاری پێدەکرێ، وەرگیراون لە عورف و تەقالید و پێشینەی دادوەرییەوە،
لە پاڵ ئەوەشدا، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نوسراو ھەن گرنگی تایبەتی ھەیە بۆ داڕشتنی سیستەمی سیاسی ئینگلتەرا، لەوانە: پەیمانی مەزن ( مەگناکارتا ) ساڵى ١٢١٥، بەڵگەنامەی ماف ساڵى ١٦١٢، یاساى میراتگرى تەختى پاشایەتى ساڵى ١٧٥١، یاساى پەرلەمان سالى ١٩١١، یاساى چاودێرى تەختى پاشایەتى سالى  ١٩٣٧.

دابەشکردنی دەستور لە ڕووی ھەموار کردنەوە


دەستورى ڕەق و دەستورى نەرم
 


یەکەم: دەستوری ڕەق،
 بەو دەستورە دەگوترێ کە ماددە و بڕگەکانی بە کۆمەڵێک ڕێکاری توند و ئاڵۆز تێپەڕدەبن، ئینجا ھەموار دەکرێنەوە .


دووەم:دەستوری نەرم،
 ئەو جۆرەیە کە ڕێکارەکانی ھەموارکردنی زەحمەت نین و بڕگەو ماددەکانی، بە ڕێگای ئاسان و لە چوارچێوەی مامەڵەیەکی یاسایی ئاساییدا ھەمواردەکرێنەوە.


گەر باسی جۆرەکانی دەستور بکەین بە پێی کات و زەمەن، دەستوری ھەمیشەیی، بەو دەستورانە دەگوترێ کە فەترەیەکی زەمەنی بۆ دیارینەکراوە و ھەمیشە یاسا و ڕێنماییەکان، لە ژێر ڕۆشنایی بڕگە و ماددەکانی دەستوری ھەمیشەیی دەردەچن ، دەستوری کاتی، بەو جۆرە دەستورە دەگوترێ کاتین و بۆ فەترەیەکی زەمەنی دیاریکراو کاران، دوای تەواو بوونی فەترە زەمەنییەکە کار بە بڕگەو ماددەکانی ناکرێ.


دابەشکردنی دەستور لە ڕووی ناوەڕۆکەوە


ھەندێک لە دەستورەکان، ناوەڕۆکەکەیان دوور و درێژە و لە زیاتر لە بەڵگەنامەیەک کۆکراونەتەوە و چەندین بابەتەکانی پەیوەنديدار بە یاسا و سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ماف و ئازادیەکانی تاک بە درێژ و وردەکاریەوە باسکراون. لە بەرامبەردا، ھەندێک لە دەستورەکان، ناوەڕۆکەکەیان کورتە و بە کورتی باسەکانی پەیوەندیدار بە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و پرسە یاسایی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان، خراونەتە ڕوو.

 

گرنگى دەستور


دەستوری وڵات کۆمەڵێک گرنگی ھەیە، لێرە دەیانخەینە ڕوو.


یەکەم: لە ڕووی یاسایی یەوە،
دەستور بە مەرجەعی باڵا و بنەڕەتی یاساکانی وڵات دادەنرێت و دایکى یاساکانە ، ھیچ یاسایەک لە وڵات کاری پێناکرێت پێچەوانەی ناوەڕۆکی دەستور بێت .


دووەم:
لە ڕووی مافەوە،لە ناوەڕۆکی دەستور تەواوی ماف و ئازادییە سیاسی و ئایینی و ئایدۆلۆژی و مەدەنییەکانى ھاوڵاتیان فەراھەم کراوە .


سێیەم: لە ڕووی سیاسی یەوە، لە دەستور چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات دیاریکراوە، سیستەمی دەسەڵات سەرۆکایەتی یاخود پادشایی بێت، سیستەمی بەڕێوەبردن تیایدا پەرلەمانی یاخود سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتی بێت.
 


ھەروەھا پێکھاتەی ھەرسێ دەسەڵاتی ( یاسادانان، بەڕێوەبردن، دادوەری ) و لە ڕووی پێکھاتن و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکان بەپێی بڕگەو ماددەکانی دەستور دەبێت .


لە دەستوردا مافی کۆمەڵایەتی و ئابوری ھاوڵاتیان خراونەتەڕوو، ھەروەھا ڕۆڵی وڵات لە ڕێکخستنی چاڵاکیيە ئابوریەکان و فەراھەمکردنی یەکسانی نێوان بەرژەوەندی ئابوری کۆمەڵگاو تاک و چەسپاندنی دادگەری کۆمەڵایەتی لە دەستوردا چەسپاوە، لە دەستوردا ناسنامەی ئەو نەتەوانەی لە چوارچێوەی وڵاتدا دەژین، دیاریکراوە. مافی زمان و ناسنامە و کلتور و فەرھەنگیان، پارێزراوە.

 

باڵایی دەستور


باڵایی دەستور، باڵایی ڕێسا دەستوریيەکان بەسەر کۆی بنەما یاساییەکانی تر دەگرێتەوە کە لە وڵات پیادە دەکرێ ، ھەر یاسایەک لە وڵات دەربچێت، دەبێت لەگەڵ بنەماکانی دەستور یەکانگیر بێت، دەسەڵاتەکانی وڵات بە پێی دەستور مومارەسەی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان دەکەن، باڵایی دەستور یەکەمجار لە دەستوری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵی ١٧٨٧ ئاماژەی پێدرا، دواتر دەستوری فەرەنسی لە ئەورووپا، باڵایی دەستوری خستە ناو بەڵگەنامەی دەستورەکەی، باڵایی دەستور دابەش دەبێ بەسەر دوو لقی سەرەکی:


یەکەم: باڵای بابەتی، لەبەر ئەوەی دەستور یاسای سەرەکی وڵاتە و ئامانجی وڵات شیدەکاتەوە، بۆیە کۆمەڵێ بابەت و یاسای گرنگ و ھەستیاری تێدا جێگیر کراوە، ھێزی یاسایی دەداتە پاڵ بابەت و پرسەکانی ناو ناوەڕۆکی دەستور، کە بە پێچەوانەی یاسا ئاساییەکان، ئەو ھێزە یاساییەی دەستوریان نییە، لەدەستوردا ئەو بنەما ئایدۆلۆژییانە دەستنیشان دەکرێن کە سیستەمی سیاسی و ئابوری وڵاتی لەسەر بنیاد نراوە، باڵایی بابەتی لە دەستور چالاکی و بەرپرسیاریەتی پاشا و سەرۆک و بەرپرسانی تری وڵات، ڕێکدەخات، کە بە پێی ئەو ڕێوشوێن و ڕێسایانە ھەڵسوکەوت بکەن کە لەدەستوردا دیاریکراوە، بە پێچەوانەوە ھەر مامەڵەیەکی دەسەڵاتداران کە لەگەڵ بنەماکانی باڵایی دەستور یەکانگیر نەبێت، ھیچ شوێنەوارێکی یاسایی جێناھێڵێت.


دووەم: باڵای شێوەيي، باڵایی شێوەیی یان ڕواڵەتی ئەو ڕێگایانە دەگرێتەوە کە بۆ ھەموارکردن و دەستکاری بڕگەو ماددەکانی دەستور دەگیرێنە بەر، زەحمەتترە لەو ڕێگایانەی بۆ ھەمواری یاسا ئاساییەکان دەگیرێنە بەر، ھەمواری بڕگەکانی دەستور بە کۆمەڵێک ئیجرائات تێپەڕ دەبێت، ئەویش پەیوەندی بە گرنگی و ھێز و کاریگەری دەستور ھەیە لە وڵات، باڵایی شێوەیی تەنھا لە دەستوری ڕەق جێگای دەبێتەوە، چونکە ھەمواری دەستوری ڕەق پێویستی بە ڕێ و شوێنی جیاواز ھەیە بە پێچەوانەی یاسای ئاسایی، لە دەستوری نەرم  باڵایی شێوەیی بوونی نیيە، چونکە ھەموارکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستە کە ھەمواری یاسای ئاسایی پێیدا تێپەڕ دەبێت، باڵایی شێوەیی ھەموو بنەماکانی دەستور دەگرێتەوە کە لە  بەڵگەنامە دەستوریەکە ھاتووە، بێ جیاوازی بنەماکە ئەگەر بابەتیش بێت، ھەر بڕگە و ماددەیەکی دەستوری بە مەبەستی ھەموارکردن پێویستی بەو ڕێ و شوێنە تایبەتیانە ھەیە کە لە ناوەڕۆکی دەستورەکە ئاماژەی بۆ کراوە، باڵایی دەستور ئەو یاسایانە ناگرێتەوە کە لە بەڵگەنامە دەستوریەکە نەھاتووە، بەڵام سروشتێکی دەستوریان ھەیە وەک یاسای ھەڵبژاردن.

 

ڕێگاکانی ھەمـوار کردنەوەی دەستور


بنەما دەستوریيەکان، بە پێی ئەو بارودۆخ و ژینگە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیانە دەنوسرێنەوە، کە لە کۆمەڵگاکاندا باوە. بارودۆخەکەش بە پێی کات و زەمەن، تێپەڕدەبێت و گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بۆیە دەبێت ڕێسا دەستوریيەکان لەگەڵ گۆڕانکاریەکان بگونجێن، لێرەدا هەموارکردنی دەستور دەبێتە بابەتێکی پێویست و لە ناوەڕۆکی دەستور جێی دەکرێتەوە، هەموارکردنی دەستور بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەت تێپەڕ دەبێت، بەمەش هەمواری دەستور جیا دەکرێتەوە لە هەمواری یاسای ئاسایی ، ئەرکی هەمواری دەستور دەسپێردرێ بە دەسەڵاتێکی تایبەتمەند، ئەوانیش دەسەڵاتی یاسادانان یان جێبەجێکردن یاخود یەکێک لەم دوانەیە بە ڕەزامەندی ئەوەی تر. هەمواری دەستور بە قۆناغەکانی پێشنیارکردن، بڕیاردان تێپەڕ دەبێت.

قۆناغی پێشنياری هەمواری دەستور

دەستورەکان بە پێی ژینگە سیاسیيەکە و چۆنیەتی سیستەمی حوکمڕانی، ئەو مافە دەدەن بەو دەسەڵاتەی پێشنیاری هەمواری دەستور بکات، لە کۆتاییەکانی سەدەکانی حەڤدە و هەژدە، کە بە سەدەی سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی دەستوری نوسراو دەناسرێن، بەپێی دەستورەکانی ئەو کات مافی پێشنیار و دواتر بڕیاردان لە هەمواری دەستور، بە حکومەت درابوو. ئەمیش بە مەبەستی بەهێزی پێگەی سەرۆک کۆمار و زاڵ بوونی بەسەر دەسەڵاتی یاسا دانان، لەوانە دەستوری فەرەنسا ساڵی ١٨٥٢، لە بارەی هەمواری دەستور تەنها ئەو پێشنیارانەی بە دروست دەزانی کە لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە پێشکەشی ئەنجومەنی پیران دەکران، لە زەمەنی ئێستا دەستوری چەند وڵاتێک هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتی یاسا دانان و جێبەجێکردن دروست کردووە، و ئەو مافەی بە هەردوو دەسەڵاتەکە داوە تا پێشنیاری هەمواری بڕگە و ماددەکانی دەستور بکەن، لەوانە دەستوری تونس ساڵی ١٩٥٩، دەستوری فەرەنسا ساڵی ١٩٥٨، دەستوری میسر ساڵی ١٩٧١، دەستوری هەمیشەیی عێراق ساڵی ٢٠٠٥ کەمافی بە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەیەکەوە یاخود پێنج یەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران داوە پێشنیاری هەمواری دەستور بکەن .


قۆناغی بڕیاردان لە سەر هەموارکردن

زۆربەی دەستورەکان دەسەڵاتی بڕیاری هەموارکردن دەبەخشن بە دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پەرلەمان نوێنەرایەتی گەل دەکات، ئەمەش بە سیفەتی دیارترین دەسەڵات کە دەسەڵاتی گەلە، دوای ئەوەی پێشنیاری هەموارکردنی چەند ماددەیەکی دەستور دەکرێت، بە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بڕیار لە سەر هەموار کردنەکە دەدرێ، هەندێ لە دەستورەکان سەرەڕای ڕەزامەندی پەرلەمان مەرجی ڕەزامەندی گەلیان داناوە ئەویش لە ڕێگای گشتپرسی یەوە.

 

لە کارخستنی دەستور.


بنەما دەستوریيەکان تەعبیر لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا دەکەن و بە مەبەستی ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە ژێر ڕۆشنایی بیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی نوسراونەتەوە، بنەما دەستوریيەکان شوێنەواریان لەسەر ژیانی یاسایی و ئاسایی تاکەکانی کۆمەڵگا دەردەکەوێ، بۆ ئەوەی بنەما دەستوریيەکان چەقبەستوو نەبن و لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی سەردەم بگونجێن، یاسادانەری دەستوری هەموار و لە کارخستنی دەستوری وەک ڕێگایەکی یاسایی ناساند، هەر کاتێ بارودۆخی وڵات گۆڕا و سیستەمە سیاسیيە کۆنەکە هەڵوەشایەوە، پێویست دەکات دەستور هەڵوەشێنرێتە، لە پاڵ کۆتاییهێنان و هەڵوەشانەوەی دەستور لە کارخستنی دەستورمان هەیە، لەکارخستنی دەستور بە مانای هەڵوەشانەوەی دەستور نایەت، بەڵکو مەبەستی وەستاندن و کارنەکردنی بڕگەو ماددەکانی دەستورە، بۆ ماوەیەکی زەمەنی، جا ئەو ماوەیە کورت یاخود درێژ بێت، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخێکى نەخوازراو کە ڕووبەڕووى وڵات بۆتەوە، وەکو تەنگژەى دارایی و ڕوودانى جەنگ و قەیرانى سیاسى، کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى وڵات و سەلامەتى هاوڵاتیان و دامەزراوە نیشتیمانییەکان، ئەم ڕێ وشوێنە لە لایەن ئەو کەسانە پیادەدەکرێت کە دەسەڵاتیان لە دەستدایە، وەک سەرۆک سەرۆک کۆمار یاخود سەرۆک وەزیران.


گرنگى دەستورى هەرێمى کوردستان


پڕۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان، لە ٢٥ى ٦ى ٢٠٠٩، لە پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەند کرا، بە هۆى ناکۆکى سیاسى نێوان لایەنەکان لەسەر بەشێک لە بڕگە و ماددەکانى دەستور بە تایبەت ئەو بڕگانەى پەیوەندى بە جۆریەتى سیستەمى سیاسى هەرێم و چۆنیەتى بەڕێوەبردنى هەرێم هەبوو، پڕۆژەکەى وەستاند  و ناکۆکییە سیاسییەکان ڕێگر بوون لەوەى  پڕۆژەکە ڕێچکە یاساییەکەى تەواو بکات، و هەرێمى کوردستان بکاتە خاوەن دەستورى خۆى. لە ئێستادا پڕۆژەى دەستور گەڕاوەتەوە پەرلەمان و ماوەى چوار ساڵە لە لایەن لێژنەیەکەوە بڕگە و ماددەکانى هەموار دەکریتەوە، بەڵام پڕۆسەکە بە سستى بەڕێوەدەچێت و کەمتەرخەمى و بێ خەمى لە ئاست پرۆسەى هەموارکردنەوەى پڕۆژەى دەستور بەدیدەکرێت.

 
گرنگى دەستورى هەرێمى کوردستان لە چیدایە؟ بۆچى گرنگ بوو هەرێمى کوردستان خاوەن دەستورى تایبەت بە خۆى بێت، لە کاتێکدا قەوارەى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى سنورى جیوگرافى عێراقى فیدراڵ دایە، عێراقیش خاوەن دەستورى هەمیشەیی یە و  لە ناوەڕۆکى دەستورى هەمیشەیی عێراق مافەکانى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى ترى عێراق دەستنیشانکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا  گرنگى هەبوونى دەستورى هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە،  هەرێمى کوردستان لە ئێستادا تایبەتمەندی وڵاتى ھەیە، لە چوارچێوەى سنورى وڵاتێکى تر، لە ڕووى دیپلۆماسى و پەیوەندی بەستن لەگەڵ دونیاى دەرەوە، هەرێمى کوردستان قۆناغى هەرێمى تێپەراندووە، جیاواز لە هەرێمەکانى ترى ناوچەکە و  وڵاتەکانى ترى جیهان چاوى لێ دەکرێ، ئەم جیاکردنەوەیەش پەیوەندى بە تایبەتمەندى پێگەى جوگرافى هەرێمەوە هەیە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە چەقى ململانێى زلهێزەکانە.


لەو توێژینەوەیە تیشک دەخەینە سەر گرنگى دەستورى هەرێمى کوردستان، لە ئەگەرى پەسەند کردنى دەستورى هەرێمى کوردستان، هەرێم دەچیتە قۆناغێکى تر کە خۆى دەبینێتەوە لە پتەو کردنی پایەکانی دیموکراسی و خێراترکردنى ھەنگاوەکانی بە دیموکراتیزەکردنى هەرێم، لەگەڵ ئەمەشدا، لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستنیشانکردنی جۆری سیستەمی حوکمڕانی و زۆر پرس و بابەتی تری تایبەت بە ژیانی تاک و کۆمەڵگا، پرسی تایبەت بە جۆریەتی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن،  کە لە ڕابردوو بەشێک لە ناکۆکییە سیاسییەکان پەیوەست بوون بەو بابەتانە.


لە ژێر ڕۆشنایی دەستورێکی مۆدێرن، ماف و ئازادییەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان پارێزراو دەبن، ئەو یاسایانەی تایبەتن بە خۆپیشاندان، یاسای ڕۆژنامەگەری، پاراستنی ماف و ئازادییەکان، کە چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە بەشێکی ھەیە، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان لە ژێر ڕۆشنایی بڕگە و ماددەکانی دەستور، یاساکان ھەمواردەکرێنەوە، لە ژێر ڕۆشنایی بڕگە و ماددەکانی دەستوری ھەرێمی کوردستان پرسی ئابوری ھەرێم و مەلەفی نەوت و سامانە سروشتییەکان، شەفافانەتر لە ئێستا مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت،  پرسى نەوت و غاز و سامانى سروشتى دەکاتە موڵکى هەموو هاونیشتیمانیانى هەرێم.

گەر هەرێمى کوردستان خاوەن دەستور بێت، وئەوکات  لە چوارچێوەى مەبدەئى دەستورى، پرسى چاکسازى سیاسى و کارگێرى  دەخرێتە ڕوو، نییەتە دەستورییەکە زاڵ دەبێت بە سەر نییەتى سیاسى، ئەگەر نییەتى سیاسى نەرێنى بێت لە بەرامبەر پرسى چاکسازى.


دەستورى هەرێمى کوردستان، چۆنیەتى هێڵكارى بۆ سیاسەتى دەرەوەى هەرێم ونوێنەرایەتى دیبلۆماسى و سیاسەتى وەرگرتنى قەرزو واژۆكردنى و دەرچواندنى، سیاسەتى ئابورى و بازرگانى دەرەكى دەکێشێت، ئەویش  لە چوارچێوەى دەستورى هەمیشەیی عێراق، کە ئەو مافانەى بە هەرێمى کوردستان داوە.


لەبەرئەوەی ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی فرەنەتەوە و فرە ڕەنگ و فرە کلتورو فرە ئایین وفرە مەزھەبە، لە دەستوردا مافی تەواوی نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان دیاریدەکرێت و لە چوارچێوەی بەندەکانی دەستور پراکتیزەی مافە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکانیان دەکەن.

 

هەرێمى کوردستان لە ژێر ڕەحمەتى (سیستەمى پەرلەمانى)


لە ساڵانى ڕابردوودا ململانێیەکى بەهێز گۆرەپانى سیاسى هەرێمى کوردستانى گرتەوە، ئەویش پرسى هەموارى  یاساى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بوو، لایەنە سیاسییەکان دابەشى دوو بەرە بوون، بەشێکیان پێیان  وا بوو سیستەمى سیاسى سەرۆکایەتى بێت و سەرۆک بەو دەسەڵاتەى لە یاساى سەرۆکایەتى هەرێم ژمارە ١ ى ساڵى ٢٠٠٥ پێى بەخشراوە، لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان پڕۆژەى هەموارى یاساى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانیان ئامادە کرد و لە ڕێگاى پڕۆژەکانیانەوە دواى  سیستەمێکى پەرلەمانیان دەکرد، کە تیایدا سەرۆک بە دەسەڵاتێکى تەشریفاتییەوە لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

گەر دەستورێکمان هەبوایە، سیستەمى سیاسى هەرێمى کوردستان، لە ژێر ڕۆشنایی دەستور دەستنیشان دەکرا، بۆشایی دەستوریە هەرێمى کوردستان ناچار بووە بە یاسا دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانى کوردستان دیارى بکات کە ئەو یاسایانە هێزى دەستوریان پێ بەخشراوە، بەڵام نەیتوانیوە گۆڕەپانى سیاسى خاڵى بکات لە کێشە و ململانێی سیاسى، دەستور چارەسەرى بنەڕەتى سیستەمى سیاسى هەرێمى کوردستان دەکات، هەرێمى کوردستان لە لێڵی سیستەمى سیاسى دەرباز دەکات، ئالنگارى سیستەمى پەرلەمانى لەو توێژینەوەیە دەخەمە ڕوو.


گەر سیستەمى پەرلەمانى لە دەستورى هەرێمى کوردستان جێى بکرێتەوە داهاتووى وڵات دەخرێتە ژێر ڕەحمەتى پەرلەمانێکى لاواز کە تواناى چارەسەرکردنى کێشە سیاسى و ئیدارى و ئابوریەکانى نەبێت، بە سەرنجدان لە ماددەى (١) ى یاساى ژمارە (١٥)ى ساڵى ٢٠١٣ هەموارى حەوتەمى یاساى هەڵبژاردنەکان، کە تیایدا ڕێگە بە سیستەمى نیمچەکراوەیی یەک بازنەیی هەڵبژاردن دەدات، هەروەها بە سەرنجدان  لە ماددەى (٣) یاساى ژمارە (١) ى سالى ١٩٩٢ کە تیایدا مەرجى خۆ کاندیدکردن ئەوەیە تەنها خوێندن و نوسین بزانێت، هەروەها  ماددەى (٣) ى یاساى  ژمارە (٢) ى ساڵى ٢٠٠٩ لە مەرجى تەمەنى کاندیدانى کرد بە ٢٥ ساڵ.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم سێ سەرنجە یاساییە، دەردەکەوێت لە ئێستا و داهاتوو، پەرلەمان  ناتوانێ وەزیفەى خۆى بە دروستى ئەدا بکات، لەبەر ئەوەى مەرجى کاندیدبوون لە ئاست پێگە و گرینگى دامەزراوەى پەرلەمان نییە، ئەگەرچى  سیستەمى پەرلەمانى پایەکانى دیموکراسى پتەوتر و بەهێز تر دەکات لەو وڵاتانەى ئاستى هۆشیارى سیاسى دەنگدەران بەرزە و لە سەر بنەماى توانستى زانستى سیاسى و توانا و ژیرى یاسایی کاندیدەکان هەڵدەبژێرن، بە پێچەوانەوە، سیستەمى پەرلەمانى لە سەر ئەو بنەمایە پەلدەکێشێت بۆ فەوزا و دامەزراوەیەکى گرنگى وەک پەرلەمان دوور دەخاتەوە لە ئەداکردنى وەزیفەى ڕاستەقینەى خۆى، کە بەداخەوە ئەوەى دووەم لە هەرێمى کوردستان بە دیدەکرێت ئەویش ئەوەیە، دەنگدەرانمان خاوەن هۆشیارى سیاسى نین و بەشێکى زۆرى کاندیدەکانیش، پاڵەوانەکانى سەر شاشە و بێژەر و هونەرمەندن،  کە مەبەستى بەندە ئەوە نییە ئەو چینانە لە خۆ کاندیدکردن بێبەش بکرێن، بەڵام لە پاڵ ئەمانەشدا، هۆشیارى یاسایی و شارەزایی سیاسى و سیفەتى ئەکادیمى و زمانزانى مەرج و پێوەر بێت بۆ خۆکاندیدکردن.

 
گەر قەرارە ئەمانەتى سیستەمى سیاسى هەرێم و داهاتووى وڵات بخرێتە سەر شانى پەرلەمان، گرنگە ڕەچاوى ئەو خاڵانە بکرێت، ماددەى (١) ى  یاساى ژمارە (١٥) ى ساڵى ٢٠١٣ هەموار بکرێتەوە، هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان بە لیستى داخرا و بێت لە جیاتى لیستى کراوە، ڕێژەیەک لە کاندیدان ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى حزبەکان بن، هەموارى ماددەى (٣) ى یاساى ژمارە (١)ى ساڵى ١٩٩٢ دووبارە هەموار بکرێتەوە و مەرجى خۆکاندیدکردن لە بڕوانامەى دبلۆم کەمتر نەبێت و جگە لە زمانى دایک زمانێکى ترى زیندوو ( عەرەبى  یان ئینگلیزى ) بە باشى بزانێت و هۆشیارى یاسایی و شارەزایی سیاسى هەبێت، مەرجى تەمەنى کاندیدان بەرز کرێتەوە لە ٢٥ ساڵی بۆ ٣٠ ساڵ و ماددەى (٣) ى یاساى ژمارە (٢) ى ساڵى ٢٠٠٩ هەمواربکرێتەوە و پشت بە یاساى ژمارە (١) ى سالى ١٩٩٢ ببەسترێت، کە تەمەنى کاندیدان ٣٠ ساڵ کرابووە مەرجى خۆکاندیدکردن، بەم جۆرە پەرلەمان لە ئاست هەڵگرتنى ئەمانەتى سیستەمى پەرلەمانى دەبێت، بە پێچەوانەوە هەرێمى کوردستان توشى چەندین کێشە و ئاستەنگى سیاسى و یاسایی و زۆر بوارى تر دەبێتەوە.


لە حالەتى مانەوەى یاساى هەڵبژاردن بەم شێوەیەى ئێستا و مەرجى کاندیدانى پەرلەمان گۆڕانکارى بە سەردانەیەت، باشترین ڕێگا بۆ پاراستنى سەقامگیرى سیاسى هەرێمى کوردستان  پێداگیرییە لە چەسپاندنى سیستەمى سەرۆکایەتى لە دەستورى هەرێمى کوردستان، کە تیایدا سەرۆک ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت.

 

 

سەرچاوەکان :

١ – د. نزیة رعد: القانون الدستوري العام – المباديء العامة والنظم السياسية

٢ – د. خامۆش عومەر: تیۆرى گشتى یاساى دەستورى و سیستەمى سیاسى لە عێراق

٣ – د. احسان حمید المفرجی , د.أ مطران زفير النعيمة , د. رعد ناجى الجدة : نظرية العامة في القانون الدستوري والنظام السياسي في العراق

٤ – د. عبدالعزیز شیخا: مباديء الأنظمة السياسية .

٥ – د. خليل حميد عبدالحميد : القانون الدستوري .

٦ – د. منذر الشاوي : النظرية العامة في القانون الدستوري

٧ – ماڵپەرى جیهانى ویکیپیدیا

٨ – دیمانەى دکتۆر نورى تالەبانى لە کەناڵى ئێن ئاڕ تى

٩ – ماڵپەرى عەرەبى، https://mawdoo3.com 

 



ئه‌م بابه‌ته 397 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر