هەرێمی کوردستان و گەمەی نەتەوەیی گەورە

مرۆڤەکان هەمیشە لە ململانێ و کایەکانی ژیاندا بە ئاستی جیاواز بیردەکەنەوە و ڕەفتار دەکەن. ئەو مرۆڤانەی کە گەورە بیر دەکەنەوە و گەورەش هەڵسوکەوت دەکەن زیاتر هەلی بەرەو پێشچوون و گەشەسەندنیان هەیە، وەک مرۆڤێک و پەرە بەژیانی خۆیان دەدەن لە ڕووی: چۆنایەتی و چەندایەتییەوە.
PM:09:52:10/03/2019
دۆسیە: نەتەوەسازی
نەتەوەسازی گەمەی نەتەوەیی گەورەی پێویستە، ئەمەش ئەرکی هەرێمی کوردستانە.

کۆسار وەڵەد بەگى
نوسەر

مرۆڤەکان هەمیشە لە ململانێ و کایەکانی ژیاندا بە ئاستی جیاواز بیردەکەنەوە و ڕەفتار دەکەن. ئەو مرۆڤانەی کە گەورە بیر دەکەنەوە و گەورەش هەڵسوکەوت دەکەن زیاتر هەلی بەرەو پێشچوون و گەشەسەندنیان هەیە، وەک مرۆڤێک و پەرە بەژیانی خۆیان دەدەن لە ڕووی: چۆنایەتی و چەندایەتییەوە.

هەرچی ئەو مرۆڤانەش کە بچوک دەڕوانن و ئاستی بیر کردنەوەیان نزمە، تاڕادەیەک لە ژیان دواکەوتوون و بێ بایەخن. ئەم تێڕوانینە بۆ دەوڵەتان و میللەتانیش هەر ڕاستە، جا لە ئاستێکی باڵاتر. لە میژووی مرۆڤایەتیدا، هەموو ئەو نەتەوە و دەوڵەتانەی کە پێگە و ڕێگەیەکیان بۆ خۆیان پاوان کردووە و خاوەنی هێز و گەوەرەیی بوون، ئەو نەتەوانە بوون کە ئامانجی نەتەوەیی گەورەیان هەبووە.

ئەمیش، بەهۆی بیرکردنەوەی گەورە و قوڵەوە بووە. گەمەی بچوکی نەتەوەییان نەکردووە، بۆیە گەورە بوون. هەمو گەمەکەرە بچوکەکان، بوون بەژێر دەست و پێی گەمەکەرە گەورەکانەوە.

ئەوەی کە دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم، ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستانە لە گەمەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. لەوانەیە سەیربێت لای هەندێک کەس، کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک کێشەی گەورە و ستراتیژی هەیە، بەڵام دیسانەوە یاریکەرێکی دیار و بەرچاوە لە هاوکێشەکاندا، چ ناوچەیی چ نیودەوڵەتی.

بۆ زیاتر بەهێزبوون و بوون بە گەمەکەرێکی باشتر لەسەر ئەو دوو ئاستە، هەرێم دەبێت گەمەی نەتەوەیی پەرە پێ بدات. گەمەی نەتەوەیی، بەو مانایەی کە زۆرترین تاکی ئەو نەتەوەیە، پەیوەست و پابەند بێت بەو هەرێمە یان وڵات و ڕێکخراوەوە وکار بکرێت بۆ فراوان کردنی سنوری کاریگەریی و دەسەڵات بۆ دەرەوەی ئەو زەمینەی کە کۆنترۆڵی کردووە. هەموو بە گوێرەی توانای خۆیان، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان وپاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی کاری تاکە کەسی و دەستەیی بکەن، خاوەنی یەک ناوەندی بڕیاردان بن.

 
نەتەوەی کورد، یەکێکە لە نەتەوە گەورەکانی جیهان، بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت دێتە هەژمارکردن، دەکرێت بڵێین یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو کارەساتی بێ دەوڵەتییەی کورد، نەبوونی گەمەی نەتەوەیی گەورەیە. یەکێک لەو کێشانەی کە هاتوونەتە بەردەم نەتەوەی کورد، بۆ گەمەی نەتەوەیی گەورە، بریتی بووە لە نەبوونی یەک ناوەندی بڕیار، یاخود سەرکردایەتی بۆ ئەم نەتەوە گەورەیە، بە جۆرێک، لە تەواوی ئەو ناوچانەی کە کوردی لێ دەژی و لە سەردەمانی پێش ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانەی ئێستاشدا، یەک سەرچاوەیی بڕیاردان و یەک دەستی، نەبووەتە کلتورێک و ڕێگری سەرەکی بووە لەبەردەم زۆر لە بەدی هاتنی ئامانجەکانیدا.

هۆکارەکانی ئەمە چین؟ ئەوەیان جێ دەهێڵم بۆ کەسانی تر و لە کاتی تردا دەکرێت لێی بدوێین. لە ئێستادا، ئەم بەشەی کوردستان زیاتر گونجاوە بۆ ئەوەی کە گەمەی نەتەوەیی گەورە ئەنجام بدات لەبەر ئەم هۆکارانە:

١- لە ناو عێراقدا کە دەوڵەتی سەردەست و داگیرکەرە، خەسڵەتێکی فەرمی هەیە و لە دەستوردا دانی پێدانراوە و لە چەند ڕوویەکەوە لە دەوڵەتی سەردەست پێشکەوتوو تر و لە زۆر بواردا لێی بە تواناترە.

٢- لە لایەن دراوسێ داگیرکەرەکانی ترەوە، بە خۆشی بێت یان بە ناخۆشی، دانی پێدانراوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و هەندێک جاریش پێشبڕکێیانە کە کامیان زیاترین پەیوەندی هەبێت لەگەڵیدا.

٣- لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، خاوەنی پێگەیەکی باش و دان پێدانراوە و هەندێک جار، وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و نوێنەرو کونسوڵی زۆر وڵاتانی لێیە.

٤- لە ناوخۆدا، خاوەنی حکومەت و دامودەزگا و ئاڵا و پەرلەمان و ژێرخانی ئابوری و هەموو پایەکانی بوون بە دەوڵەتە.

٥- ئابورییەکی تا ڕادەیەک باشی هەیە، ئەگەر کێشەی گەورە ڕوو نەدات دەکرێت زۆر باشتر بێت لە داهاتوودا بە هۆی هەبوونی سەرچاوەی جیاوازی بەهێزکردنی ئابوری (نەوت و گاز)، سەرچاوەی دیکەی سروشتی.(ئەم هۆکارەیان زۆر کاریگەر و گرنگە).

٦- ناوی فەرمی قەوارەکە کوردستانە و قەوارەیەکی تەواو نەتەوەییە، واتە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئەو زوڵم و زۆرەی کە دەرهەق بە گەلی کورد کراوە، دەستەبەر کراوە و پاڵپشتی وڵاتانی خاوەن بڕیاری هەیە.


ئەو گەمە نەتەوەییەی کە دەبێت هەرێم بیکات بە دروستی، بریتییە لە وابەستەکردنی کوردی هەموو جیهان بە خۆیەوە. واتە نابێت تەنها لە ڕازیکردن و بەڕێوەبردنی کوردی باشور خۆی ببینێتەوە، بەڵکو دەبێت پێگەی خۆی و هەستی پابەند بوون بە هەرێمەوە، لای هەموو کوردانی جیهان، بەهێز بکات. باشوری کوردستان، ببێتە سەنتەری بڕیاردان وبەڕێوەبردنی هەموو کورد. لەوانەیە ئەمە بە لای هەندێک کەسەوە وەکو خەون وابێت، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە زۆر بچوک و تەسک بیر دەکەنەوە، بەڵام بۆ مرۆگەلێک کە بیرکردنەوەیان گەورە و قووڵ بێت، ئامانجێکی نەتەوەیی باڵایان هەبێت، ئاستەم نییە.

بەرپرسیاریەتی ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، هەموو ئەمانەش دەزانرێت پارتی دیموکراتی کوردستان تێیدا باڵادەستە، ئەمەش هۆکاریکی ترە بۆ ئەوەی سەرکەوتنی پڕۆژەکە مسۆگەر بکات، بەو پێیەی لە ئێستادا پارتی، نەتەوەیی ترین پارتی ڕامیارییە و کادر و ئەندامان و لایەنگرانی زیاترین هەلوێست و بۆچوونی نەتەوەییان هەیە بە بەراورد بە پارتەکانی دیکە.


گەمەی نەتەوەیی و نەتەوەسازیی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەرێم لە هەموو ڕووەکانەوە، پێگەی هەرێم لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە بەهێز دەبێت، دۆزی ئەم نەتەوە گەورە بێ وڵاتە زیاتر دەچێتە پێشەوە، مافەکان بە ئاسان تر بەدەست دێن و بە ئامانج دەگات. ئەمە شتێک نییە کە نەکرێت و هەستی نەتەوەیی و پابەند بوون بە هەرێمەوە، لە لایەن کوردانی جیهانەوە لە چەند بۆنەیەکدا دەرکەوتووە.

لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، خۆشی و شادی و ئاهەنگ دەربڕین لە لایەن کوردانی جیهانەوە، ئاماژەیە بەوەی وابەستەن و پێیان وایە کە چارەنوسیان بەندە بەم قەوارە ڕامیارییە، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم کە ئەم پەیامە بە ڕوونی لە لایەن بەڕیوەبەرانی هەرێمەوە وەرگیرابێت، یاخود توێژینەوەی لەسەر کرابێت، تەنانەت کەمترین نوسەر و لێکۆڵەریش لەسەری نوسیوە و وتووە.

ئەمە کێماسییەکی گەورەیە و چینی دەستەبژێری کورد دەبێت خۆی بە ناکۆکی و کۆمەڵێک شتی لاوەکی و شەڕە دەنوک و کێبڕکێی بێسوود سەرقاڵ نەکات، گەورە بیر بکاتەوە و هەوڵ بدات گەمەی گەورەی نەتەوەیی بەرجەستە بکات. کەمترین نوسەرمان ئێستا لەسەر بابەتە نەتەوەییەکان دەنوسێت زۆرینە کەوتوونەتە ناو ئەو گێژاوەی شەڕە دەنوکی ناوخۆیی.

نوسەرەکان و بە تایبەتیش ئەوانەی کە نزیکن لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوانەش کە سەربەخۆن (نەتەوەییەکان)، دەبێت بزانن نەتەوەسازیی و گەمەی نەتەوەیی گەورە، وا پێویست دەکات کە کەمترین کاتیان بە ناکۆکییە ڕامیارییەکانی ناوخۆی هەرێم بە فیڕۆ بدەن، زیاتر لەسەر ئامانجە باڵاکان بنوسن و توێژینەوە بکەن، چونکە دواجار زۆرینە دەکەوێتە شوێن ئەو کەمینەیەی کە بیر دەکاتەوە.

ڕاستە کۆمەڵێک پێنوسی فرۆشراو و سیخوڕ هەن کە دەزانرێت ئامانج و مەبەستیان چییە و کێ هانیان دەدات و پێویست دەکات وەڵامیان بدرێتەوە، بەڵام نابێت هەموو نوسەرە نەتەوەییەکانمان بەمانەوە سەرقاڵ بن، بەڵکو دەتوانرێت بە چەند کەسێکی بە توانای بە ژمارە کەم جاشقەڵەمەکان بۆڕ بدرێن کە بە بیانوی دژایەتی گەندەڵی هەستی جاشایەتی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە.

 
لێرەدا کە باسی کوردی جیهان دەکەم، زیاتر مەبەستم لە سێ پۆلێنە و باشوری کوردستان و کوردانی باشورم لە تاراوگە فەرامۆش کردووە، چونکە ئەوان ئازادن و لە ژێر دەستی داگیرکەردا نین(هەرچەندە لە ڕووی هەستی نەتەوایەتییەوە ئەمانیش دەبێت کاری زۆریان لەسەر بکرێت)، بەجێی دێڵم بۆ خەڵکانی دیکە کە کاری لەسەر بکەن. ئەو سێ پۆلێن کوردەی کە دەبێت کاریان لەسەر بکرێت ئەمانەن:

یەکەم: کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان (باکور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا)

دووەم: ئەو کوردانەی کە لە دەرەوەی کوردستانی گەورە دەژین و بەڵام هەستی نەتەوایەتی زمان و ناسنامەی کوردانەی خۆیان پاراستووە (کوردانی خۆراسان، فەیلی، کازاخستان، ئەرمینیا، ئازەربایجان، قیرقیزستان، ڕوسیا، ئەوکوردانەی لە شارە گەورەکانی وەکو تاران و ئەستەنبوڵ و دیمەشق و...هتد دەژین).

سێیەم: ئەو کوردانەی کە لە دەرەوەی کوردستانی گەورە دەژین و زمانی کوردی نازانن بەڵام ناسنامای خۆیان وون نەکردووە و خۆیان بە کورد دەزانن (کوردانی  ئیسرائیل، ئەردەن، لوبنان، میسر، یەمەن، کوێت، سودان،...هتد).

 

کارکردن لەسەر ئەم دۆسیانە بە جیا، ئەرکێکی هەنوکەییە کە زۆر دەمێکە فەرامۆش کراوە. دەبا بەڕێوەبەرانی هەرێم، زوو بیریان بۆ ئەم بابەتە بچوایە و کاریان لەسەر کردبا. خۆ ئەگەر لەبەر ئەو گەمە نەتەوەییەش نەبێت، بۆ بەرژەوەندی هەرێم و بەهێزبوونی لە بەرامبەر دۆست و نەیاردا، پێویستییەکی وتووێژ لەسەر نەکراوە.

گەمەی نەتەوەیی گەورە، ئاسایشی نەتەوەیی دابیندەکات. نەبووە و نەبینراوە نەتەوەیەکی بندەست و بێ دەوڵەتی وەکو کورد، کە لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدایە نەیتوانیبێت یەک ناوەندی بڕیاردانی هەبێت. بەشیکی ئەمەش پەیوەستە بەوەی کە زۆرینە و تەنانەت ئەو چینە دەستەبژێرەش کە بڕیارە سەرکردایەتی ئەم نەتەوە بکات، بچووک بیری کردووەتەوە، گەمەی نەتەوەیی گەورە نەبووەتە پیشەیان.

 

لێرەدا زۆر بە کورتی، بە پوختی، ئەو هێڵە گشتییانەی گەمەی نەتەوەیی گەورە دەخەمە ڕوو کە دەبێت هەرێمی کوردستان بیکات. جێگەی باسە کە دەبێت ئەوە بزانین بۆ ئەم گەمەیە، دەکرێت یان پێویستە کە کەڵک لە کاریزمای بارزانی وەربگیرێت، یاخود خودی بارزانی و بارەگاکەی، ڕاستەوخۆ بەشدار یان سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە بکەن. بارزانی ئەزمونێکی زۆری هەیە و خاەنی کاریزما و خۆشەویستییە لای زۆرێک لە کوردانی جیهان و ناسراوە، واتە ئاسانترە بۆ ئەو کە بتوانێت گەمەی نەتەوەیی گەورە بکات. لە ئێستادا لە گۆڕەپانەکە کەسی تری تێدا نییە بتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت، دەرکەوتیش کە تەنانەت دوای دەستلەکار کێشانەوەشی هەر کاریگەر و خاوەن پێگەیە. بۆیە ئەرکی ئەو گەمە نەتەوەییەش دەکەوێتە سەر شانی، واتە دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی کە ببێت بە مەرجەعی هەموو کوردانی جیهان، ڕاستە کە جیاوازی حیزبی و ئایدۆلۆژی هەندێک پارتی ڕامیاری دەکرێت ڕێگر بێت، بەڵام دەبێت دڵ و دەروونی زۆرینەی خەڵکی ئاسایی کورد لە جیهان، بەلای دا ڕابکێشرێت بۆ دروست بوونی یەک ناوەندی بڕیاردانی کاریگەر، بۆ ئەم نەتەوە گەورە بن دەستە.

 

كوردانی پارچەکانی دی (باکور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات)، کوردانی ئەم پارچانە و بە تایبەتیش باکور و ڕۆژهەڵات و تەنانەت ڕۆژئاواش، کەمترین کاریان لە لایەن باشورەوە لەسەر کراوە، کە نەدەبوو بەم شێوە هەرێم پشتگوێیان بخات و بەجێیان بهێڵیت و لە ژێر کاریگەریی خۆیدا نەبن. ئەڵبەتە دەزانین کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەم قۆناغەدا ئاستەمە، بەڵام دەبوو کارێک بکرایە کە هیچ نەبێت وابەستەیەکی دەروونی خەڵکی ئەم پارچانە، بۆ ئەم حوکمڕانییەی باشور هەبوایە، بۆ ئەوەی بتوانرێت یەکێتی نەتەوەیی و یەک سەرچاوەیی بڕیار دروست ببێت. لە چەند ڕوویەکەوە دەبێت کاریان لەسەر بکرێت بەم شێوەیە:

 

لە ڕووی ڕامیارییەوە: کارێکی باش نابێت ئەگەر باشور هەستێت بە هاوکاری کردنی ڕاستەوخۆی سەربازی کوردانی پارچەکانی دیکە بە تایبەتی باکور و ڕۆژهەڵات، دەبێت هەرێم خۆی بە دوور بگرێت لەم بابەتە، بۆ ئەوەی فشار و کێشەی زیادە و لە توانا بەدەر لە خۆی دوور بخاتەوە، فشار لە پارتەکانی ئەو پارچانە بکات کە دۆخەکە هەرچۆنێکە ڕەچاو بکەن. باشور بەشی خۆی دەرگیری جۆرەها کێشەیە و نابێت بۆی زیاد بکرێت. بەڵام پتەوکردنی پەیوەندی ڕامیاری لەگەڵ ئەو پارتانەی کە خەباتی سیڤیل دەکەن لەو پارچانە، هاوکاری کردنیان لە هەموو ڕوویەکەوە گرنگە.

ڕۆڵگێڕان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان لە لایەن هەرێمەوە، کارێکی بنەڕيتییە و پێویستە بەم ئەرکە هەستێت و لە چەند بۆنەیەکدا پێی هەستاوە و دەبێت زیاتر بکات. ڕۆڵگێڕان لە پرۆسەی ئاشتی باکور لە لایەن هەرێمەوە، جوڵەیەکی ڕامیاری زۆر باش بوو بە ئاڕاستەی هەبوونی ڕۆڵ لەو چارەسەرییەدا.

هەروەها دەستپێشخەری کۆکردنەوەی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەمیش کارێکی زۆر باش بوو، هەردووکیان بە سەنتەربوونی ڕۆڵی هەولێریان بەرەو پێش برد کە بە داخەوە هەردوو هەوڵەکە بە هۆی کۆمەڵیک هۆکار نائاکام مایەوە.

لە باکور دەبێت پەیوەندی توندی ڕامیاری لەگەڵ ئەو پارتانەی کە مۆڵەتیان هەیە دروست بکرێت، هەرێم هاوکارییان بکات بە تایبەتی هاوکاری ماددی و مەعنەوی، هەژموونی خۆی زیاد بکات لەو ڕێگەیەوە.

لە ڕۆژهەڵات تا ئێستا پارتێکی لەو چەشنە نییە پێم وا بێت، بۆیە دەکرێت کە هەوڵ بدرێت کە کۆمەڵەیەک، یاخود پارتێکی سیڤیل لە چەشنی ئەوەی باکور هەبێت کە داکۆکی لە کورد بکات و هەرێم پەیوەندی لەگەڵیداهەبێت و هاوکاری تەواوی بکات و هەژموونی خۆی زیاد بکات.

لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە خۆشبەختانە ئێستا ئازادە و لە دەستی کورددایە، دەبێت هەرێم هەوڵ بدات پەیوەندی لەگەڵ بەڕیوەبەرانی ئەو بەشەی کوردستان پەیوەندییەکی چڕ و پڕ و دۆستانە بێت، بە شێوەیەک کە دیدار و کۆبوونەوەی بەردەوام هەبێت و ئاشتەوایی هەموو لایەنەکان لە لایەن باشورەوە پەرەی پێ بدرێت. هەرێم کاری زۆر باشی ڕامیاری بۆ ڕۆژاوا کردووە، سەرانی هەرێم بە گوێرەی توانا لە ڕووی ڕامیارییەوە هاوکار بوون و دەبن، بەڵام ئەوەی کە ڕێگری دەکات لە بەرەو پێش چوونی ئەو پەیوەندییە و ڕێگری دەکات لەوەی کە هەڕیم هەژموونی ڕامیاری هەبێت، کێبڕکیێ حیزبییە و دەشێت دەستی ئەملا و ئەولاشی تیدا بێت.

بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەبێت تێبگەن لەوەی کە هەژموون و پێگەی ڕامیاری هەریم لە ناوچەکە و جیهان بۆ ئەوان بە سوودە، ئەگەر هەڵەی ڕامیاری نەکەن و کێبڕکێی حیزبییانە ڕێگرییان لێ نەکات، ئەوا بە هەموو شێوەیەک لەژێر هەژموون و کاریگەریی باشور بن باشترە و نەتەوەیی ترە لەوەی بکەونە ڕکێفی لایەنی بیانی.

هەرێم دەتوانێت کێشەی ڕامیاری نێوان ڕۆژئاوا و تورکیا کەم بکاتەوە و مەترسی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بڕەوێنێتەوە، ئەگەر بەڕێوەبەرانی ئەو پارچەیە واز لە هەندێک بابەتی لاوەکی بێنن و یەکێتی نەتەوەیی پێش بخەن و ڕیگە بدەن هەموو لایەنەکان ڕۆڵێکی چالاکیان هەبێت و لە شوێنی دیکەوە بڕیاریان بۆ نەدرێت. ڕۆژئاوای کوردستان زۆر قەتیسە و مەترسیی زۆری لەسەرە و لە ڕووی ڕامیارییەوە جیگیر نییە، دەبێت لەگەڵ باشور کۆنفیدراسیۆنێک پێکبهێنێت و گەرەنتی پاراستنی خۆی بکات.

 

لە ڕووی ئابورییەوە: سەرەڕای ئەوەی کە باشور لەم چەند ساڵانەی دوایدا تووشی قەیرانێکی دارایی بوو، بەڵام وا خەریکە بارودۆخەکە باش دەبیت و هەرێم بەرەو بووژانەوەی ئابوری دەچێت. ئەرکی بەرپرسانی هەرێم لە ڕووی ئابورییەوە دەبێت تەنها هاوڵاتیانی هەرێم نەبێت، بەڵکو پارچەکانی تریش دەبێت خەمیان لێ بخورێت و یارمەتی بدرێن. مەبەستم ئەوە نییە بودجە، یاخود ڕاستەوخۆ پارەیان پێ بدریت، بەڵکو دەکرێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکاری بکرێن کە تا ئێستاش بە شێوەیەک لە شێوەکان کراوە.

پەیوەندی توندو تۆڵی ئابوری و بازرگانی لە نێوان باشور و ئێران و تورکیا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سوودی بۆ هاوڵاتیانی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵات هەبووە. ئاشکرایە کە سنووری هەرێم بە ئەو دوو وڵاتەوە سنوورە بە دوو پارچەی دیکەی کوردستان، کەواتە هەر زیاد بوونێک لە ئاڵوگۆری بازرگانی بە قازانجی باشور و کوردانی ئەو دوو پارچەیە و پاشان ئەو دوو وڵاتەیە.

باشور دەبێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا هەیەتی هەوڵ بدات، کە دەروازەی سنووری زیاتر لەگەڵیاندا بکاتەوە. کردنەوەی دەروازەی زیاتر واتە بازرگانی و ئاڵوگٶڕی زیاتر، ئەمەش واتە باشتربوونی باری دارایی هاوڵاتیانی هەرێم و باکور و ڕۆژهەڵات.

دەبێت چەند ناوچەیەکی بازرگانی ئازاد لە نێون هەرێم و ئەم دوو وڵاتەدا هەبن و هاتوچۆ و ڕێکارەکانی ڤیزە هەوڵ بدرێت زۆر ئاسان تر بکرێن، بۆ ئەوەی کە لە ڕووی تێکەڵ بوون و کۆمەڵایەتیشەوە ئاسانکاری هەبێت و کوردانی پارچە جیاوازەکان بە ئاسانی تێکەڵ ببن و هاتوچۆ لە نێوان بەشەکاندا ئاسان بێت. گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو فڕۆکەخانەکەی باشور لەگەڵ شارەکان باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبن، زیاد بکرێن و ئاسانکاری پێشکەش بکرێت. لە کاتی ئەو بوژانەوە ئابورییە دا باشور پێویستی بە توانا و ئەزموون و دەستی کار دەبێت، ئەمانە هەمووی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەست دەکەون، بۆیە پیویست ناکات کە ئەمە بە دەستی کاری عەرەب پڕبکرێتەوە کە لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆریان هەن و دەبنە مەترسی دیمۆگرافی و ئاسایشیی.

کوردانی پارچەکانی دیکە هەم دەستی کاری کاریگەرن و هەمیش نابنە مایەی کێشە و مەترسیی گۆرینی دیمۆگرافی، ئەرکێکی نەتەوەییشە کە کاریان لە کوردستان پێ بدرێت و لە کۆتایشدا هەر سوودەکەی بۆ کوردە.


سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان، دەبێت ئەوە بزانرێت کە شادەماری ئەوێ باشوری کوردستانە، تاکە دەروازەی ئەو بەشەی کوردستان هەرێمەو کاری باشی لە لایەن هەرێمەوە بۆ کراوە لە ڕووی ئابورییەوە. هاونیشتیمانییەکی زۆری ڕۆژئاوا لە هەرێم گیرساونەتەوە و کار دەکەن و دەخوێنن و دەژین و زۆر چالاکن و بازرگانی و هەموو ئاڵو وێڵیکیش هەر لە ڕێی هەرێمەوەیە. کارێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر دەروازەیەکی تر بکرێتەوە و بازرگانی زیاد بکرێت و کۆمپانیاکانی هەرێم پشک و باشدارییان هەبێت لە ئاوەدان کردنەوە و پێشخستنی ئەو بەشەدا، بە مەرجێک ڕێگریی و کێبڕکێی حیزبی نەبێت.

هاوئاهەنگ لەگەڵ ئەم هەموو هەوڵانەدا دەبێت لە ڕیگەی ڕاگەیاندنەوە ڕیکلامێکی باش بۆ ئەم کارانە بکرێت و دڵ و دەروون و سۆزی کوردانی پارچەکانی دی بەدەست بهێنرێت. دیارە باشور سەرەڕای ئەو هاوکارییانەی کە دەیکات، بەڵام پێزانین و زانیاری ئەوتۆ نییە کە ببێتە هۆی یەکدەستی و بەسەنتەربوونی، بۆیە دەبێت ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆی ببینێت.

 

لەڕووی فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییەوە: هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی هێزی نەرم و کاریگەر، کاریگەرییەکی بەرفراوان لەسەر کوردانی پارچەکانی دیکە دابنێت و بەرەو خۆی کەمەندکێشیان بکات.

دەزگا ڕۆشنبیرییەکان وکەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت بە چڕ و پڕی کار لەسەر کوردانی ئەو پارچانە بکەن، کارێک بکەن کە وابەستە بەکوردستان و تەلەفزیۆنەکانی ئێرەیان بکەن. دەبێت کاتی زیاتر بۆ ڕومالێ ئەو پارچانە تەرخان بکرێت، زۆرترین دۆکومێنتاری لەسەر ئەو پارچانە بکرێت. یان دەکرێت کەناڵی تەلەفزیۆنی تایبەت بە هەر پارچەیەکی کوردستان دابنرێت، بەم جۆرە هاوبەستەیی ئەو خەلکە بە کوردستان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی ئێرە، دەبێت زۆرترین کار و چالاکی بۆ کوردانی پارچەکانی دیکە ئەنجام بدەن، زیاترین ئەکادیمیست و هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانی ئەو پارچانە گرنگییان پێ بدرێت، هاوکاری بکرێن لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی کەلتوری و ڕۆشنبیری و هۆکارەکانی مێدیایی بینراو و بیسترا و نوسراودا بە گوێرەی دەرفەت.

واتە بە کورتی و کرمانجی، باشور دەبێت ڕۆڵی برا گەورەیی خۆی بنوێنێت و هەموو کەناڵە بەردەستەکانیان لە خزمەتدا بێت. لەڕووی فەرهەنگییەوە، باشور دەتوانێت زۆر کاری گەورە و گرنگ بکات بۆ پارچەکانی تر، بە تایبەتی زۆرێک لەو کارانەی کە ئەوان ناتوانن بیکەن، چونکە ژێر دەستن. هەموو هۆکارە کلتوری و ڕاگەیاندنییەکان دەبێت بە گوێرەی پێویست لە خزمەتی ئەو ئامانجەدا بێت. واتە دەبێت لە بەشی خۆمان بگرینەوە بۆ ئەوان، ئەمەش کارێکی زۆر گران نییە و ئەو توانا داراییەی کە هەرێم هەیەتی دەبێت بۆ ئەم مەبەستە سوودی لێ ببینرێت.

وابەستە بوونی ڕۆشنبیری و هونەری  بە باشورەوە، هۆگربوونی خەڵک بە کەناڵە بیسترا و بینرا و نوسراوەکان، دەبێتە هۆی پتەبوونی هەستی نەتەوایەتی، هەروەها لەداهاتووشدا وابەستەبوونی ڕامیاری دروست دەکات. هێزی نەرم ئەو  هێزەیە کە زۆر لە وڵاتان پەنای بۆدەبەن بۆ ئەنجام دانی کایەی ڕامیاری گەورە و ئامانجی گەورەی پێ دەپێکن، سوود وەرگرتن لەم هێزە بۆ کورد، بابەتێکی گفتوگۆ لەسەر نەکراوە، کە بە داخەوە دوژمنەکان لە ڕێگەی ئەم هێزەوە تا ڕادەیەک، توانیویانە کار لەسەر کاڵکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بکەن. بۆیە ئەرکێکی هەنوکەیی و پێوستییەکی ژیانییە بۆهەرێم، کە قەوارەیەکی ڕامیاری دان پێدانراوە، هێزی نەرمی خۆی بخاتە گەڕ و بەرهەڵستی ئەو شەپۆلە دژەکوردەی لە ناوچەکەدا پێ بکات.


کار کردن لەسەر کوردانی پارچەکانی دیکە دەبێت بە شێنەیی و دوور لە کردەی ڕامیاری زەق بێت، بۆ ئەوەی بیانوو نەدات بە دەستی ئەو وڵاتە سەردەستانەوە کە کێشە و سەرئێشە بۆ باشور دروست بکەن. دەکرێت سوود لە ڕا و بۆچوونی کەسانی پسپۆڕ بە بابەتەکە وەربگیرێت.

 

ئەو کوردانەی کە لە دەرەوەی کوردستانی گەورە دەژین و زمان و ناسنامەی خۆیان وون نەکردووە، سەرمایەیەکی گرنگ وگەورەی کوردن و نابێت بە هیچ شێوەیەک پشتگوێ بخرێن. بە داخەوە لەم ڕووەوە، کێماسییەکی گەورە هەیە و کارێکی ئەوتۆ نەکراوە لە لایەن هەرێمەوە. ئەگەر کار وا بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەم هەستی نەتەوەیی و هەمیش ئەو توانا مرۆییە گەورەیە، لە دەست باشور دەربچێت.

کوردە فەیلییەکانی بەغدا، وا خەریکە لە ڕەوتی کوردانە بە تەواوی دەردەچن و دەچنە ناو ڕەوتی تری ئەوتۆ کە بە کوردەوە پەیوەندییەکی نییە. توانا و هێزی کوردانی فەیلی بۆ کورد لە باشور زۆر کاریگەر دەبوو، ئەگەر، کاریان لەسەر کرابا. ئەمانە لەبەر ئەوەی لە عێراقدان، کەواتە لە ڕووی ڕامیاریشەوە دەکرێت بە ڕێکخستن بکرێن بە گەوێرەی بەرنامەیەکی تۆکمە و پتەو.

هەروەها لە ڕووی فەرهەنگی و ڕاگەیاندنیشەوە، دەبێت زۆرترین کاریان لەسەر بکرێت. دەکرێت چەند کاژێرێک لە تەلەفزیۆنەکان بۆیان تەرخان بکرێت، کە لە هەموو ڕووەکانەوە لەسەریان بدوێن و ڕووماڵی لایەنە جیاوازەکانی ژیانیان بکەن. ڕێکخراویان بۆ دابمەزرێت و پارتی ڕامیاری لەسەر ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردییان بۆ دابمەزرێت.

ئەو کوردانەی کە لە خۆراسانی ئێران دەژین و ماوەی سەدان ساڵە زمان و نەریت و ناسنامەیان وون نەکردووە و پاراستویانە، مایەی دەست خۆشی لێ کردن و سوپاسگوزارین و کاری زۆریان دەبێت لەسەر بکرێت. لە ڕووی ڕامیارییەوە دەشێت سەرئێشە و گرفت لەم قۆناغەدا بۆ باشور دروست بکەن، بەڵام لە بواری فەرهەنگییەوە، کە زۆرجار بە شێوەیەکی سروشتی کاریگەریی ڕامیاریش دروست دەکات، دەبێت گرنگییان پێ بدرێت. هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو نوسراو، دەبێت زۆر بە چڕی کار لەسەر کلتورو کەسایەتی و مێژوو و لایەنەکانی تریان بکەن، ئەگەر بکرێت چەند کاژێرێک لە کاتی خۆیانیان تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی کە بەو زاراوەیە و بە شێوازی خۆیان بەرنامە پێشکەش بکەن، خۆ ئەگەر کەنالێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەوە زۆر باشتر دەبێت. کۆمەڵەی فەرهەنگییان بۆ دەبمەزرێنرێت، بۆ ئەوەی لە دەوری کۆببنەوە و چالاکیان هەبێت و پەرە بە فەرهەنگیان بدەن و زمان و زاراوەیان پێش بخەن، هاوکاری بکرێن لە دامەزراندنی دەزگای ڕۆشنبیریی تایبەت بە خۆیان، بۆ ئەم مەبەستانە دەکرێت باشور بە تەواوی هاوکاریان بێت.

کەسایەتی و ڕۆشنبیر و هونەرمەند و ئەکادیمیستەکانیان دەبێت بانگهیشت بکرێن و دیدارو چاوپیکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت، ئەمانە لەوانەیە وەکو کاری بچووک بێنە بەرچاو، بەڵام کاریگەرییان لە داهاتوودا زیاتر دەردەکەوێت.

ئەو کوردانەی کە لە کازاخستان، قیرقیزستان، ئەرمینیا و هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سنووری یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، دەبێت پەیوەندییان پێوە بکرێت وهاوکاری بکرێن لە دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان، لە ڕووی ڕامیاریشەوە هاوکاری بکرێن و هەوڵ بدرێت کە کەسانی ڕامیارکاری بە ئەزموون و بە توانایان بچنە ناو کایەی ڕامیاری ئەو وڵاتانەی کە تییدا دەژین، کاری لۆبیکردن بۆ کورد بکەن.

دیسان بە هەمان شێوە دەبێت هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو و نوسراو، گرنگییان پێ بدات و کەسایەتی و میژوو و کلتوریان ڕووماڵ بکرێت، هاوکاری بکرێن لە هەموو ڕووەکانەوە.  

هەمان بەرنامە دەبێت بۆ کوردانی شارە گەورەکانی وەکو ئیستانبوڵ و تاران و دیمەشق و ئەوانی تریش جێبەجێ بکرێت و نابێت پشتگوێ بخرێن.

 

سەبارەت بەو کوردانەی کە لە چەند وڵاتێکدا هەن و ناسنامەی کووردبوونیان پاراستووە، بەڵام بە هۆی دوورکەوتنەوە لە کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر، کە زۆرینەیان چەند سەدەیەک دەبێت و زمانی کوردییان لەبیر کردووە، دەبێت هەمان میتۆدی پێشوو بگیرێتە بەر.

واتە لە هەنگاوی یەکەمدا کۆمەڵە و ناوەندی تایبەت بە خۆیان هەبێت و لە بواری فەرهەنگی و ناسنامەییدا چالاک بکرین، لە بارودۆخی ئەماندا دەکرێت لە ڕووی ڕامیاریشەوە چالاک بن وکەسانی بە توانایان پێ بگات و لۆبی بۆ کورد بکەن. کاری ئەوتۆ نەکراوە لەسەر ئەم کوردانە، تەنها ئەوە نەبێت کە چەند بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کراوە دەربارەیان و لیکۆڵینەوەی ورد لەسەریان نییە و هەوڵ نەدراوە سوودیان لێ ببینرێت، یاخود بناسرێن بە تەواوی.

ئەمانە ڕاستە کە زمانی کوردی نازانن، بەڵام تەنها هێشتنەوەی ناسنامە کوردیەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە زەبری ڕۆژگار و دووری لە زێد نەیتوانیوە ناسنامەکەیان لێ وەربگرێتەوە. واتە سۆزیان بۆ نەتەوە هەیە و دەبێت ئەو هەستەیان تێدا بهێڵدرێتەوە، لەو کایە نەتەوەییە گەورەیە بەشدار بن.

ئەم کوردانە، لە وڵاتەکانی وەکو: ئیسرائیل و لوبنان و ئوردن و میسر و سودان و یەمەن و ووڵاتی دیکەدا هەن. دەبینین کە هەندێک وڵات هەژموونی خۆیان لەناو نەتەوە گەلێک بەهێزدەکەن کە هیچ هاوبەشییەکیان لەگەڵیاندا نییە و سەرکەوتووشن، هەندێکیان تەنها لە ڕێگەی ڕاگەیاندن، یاخود درامای تەلەفزیۆنی، یان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێی دەزگای خێرخوازی کاریگەریی دروست دەکەن و گەمەی ڕامیاری کاریگەر بەڕێوەدەبەن.

کەواتە ئێمە بۆ نەتوانین هەژموون و کاریگەریمان لەسەر نەتەوەی خۆمان هەبێت، ئەمە زۆر سەخت نییە و کردنی تا ڕادەیەک ئاسانە بەو پێیەی کە ئێمە سۆزی نەتەوایەتی یارمەتیدەرمانە ئەگەر ویست هەبێت و کات و وزە و سەرچاوەی پێویستی بۆ وەگەڕ بخرێت.

 

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵیم، کە دەرچوون لەم چوارچێوە تەسک و بازنە داخراوەی گەمەی ڕامیاری و نەتەوەیی بۆ ئێمەی کورد لە باشور کە تا ڕادەیەک هەڵسوکەوتی دەوڵەتمان لەگەڵ دەکرێت، پێویستییەکی هەنووکەییە. نابێت و ناکرێت، کە هەموو توانا وسەرچاوە و وزەمان لە کێشمەکێشمی ناوخۆیی و کێبڕکیی بێ مانادا بە فێڕۆ بدەین. کاتی ئەوە هاتووە کە بازنەی گەمە نەتەوەییەکە فراوان بکەین و هەنگاوی یەکەمی نەتەوەسازی بە پەیوەندیکردن و هاوپەیوەست کردن و هاوکاری کردنی کوردی هەموو جیهان هەڵبهێنین.

نەتەوەسازی گەمەی نەتەوەیی گەورەی پێویستە، ئەمەش ئەرکی هەرێمی کوردستانە، کە پێی هەستێت وخۆی بە بەرپرسیاری هەموو کورد بزانێت و دەستی هاوکاری و خاوەندارێتی درێژ بکات بۆ هەر پۆلێنێک بە گوێرەی بارودۆخی خۆی. ئەمە تەنها زۆر کورت و پوخت و سەرەپێنوسێک بوو کە دەکرێت زیاتری لەسەر بنووسرێت و کۆڕ و سیمینار و مێزگردی تایبەتی لەسەر ئەنجام بدرێت، خەڵکانی شارەزا و بە ئەزموون و پسپۆڕ بابەتەکە دەوڵەمەند بکەن و پڕۆژەکە فراوان بکرێت و لە کاتی گونجاودا جێبەجێ بکرێت.

 

 



ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر