ڕواندا، له‌ خۆڵه‌مێشی شه‌ڕی ناوخۆوه‌ بۆ داگیركردنی بۆشایی ئاسمان

لێره‌ له‌ ناوچه‌ی ده‌ریاچه‌ گه‌وره‌كانی ناوه‌ڕاستی ئه‌فریقادا، ده‌وڵه‌تێكی بچوك هه‌یه‌، ده‌وڵه‌تێك شه‌ڕی ناوخۆ و بۆنی خوێن و باروت و قه‌سابخانه‌كان ته‌واو شه‌كه‌ت و ماندووی كرد.كه‌چی ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، ئێستا قیبله‌نمای ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئاماژه‌ ده‌كات بۆ چیرۆكی سه‌ركه‌وتن و گه‌شه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ر، بگره‌ ئاماژه‌ ده‌كات بۆ خوڵقاندنی ئه‌فسانه‌یه‌ك له‌ گه‌شه‌ی ئابوری. گه‌شه‌یه‌ك به‌جۆرێك سه‌رسامت ده‌كات، پێت خۆشه‌ تێیدا بتوێیته‌وه‌و شاره‌زای ببیت و باسوخواسی له‌باره‌وه‌ بكه‌یت. ڕواندا كه‌ بۆماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌ناو زه‌لكاوی خوێناوی شه‌ڕی ئه‌هلیدا گێنگڵی ده‌دا، هێنده‌ی نه‌برد ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ی له‌خۆی ته‌كاندو، له‌ژێر خۆڵه‌مێشی ئه‌و جه‌نگه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌و، ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانی گرت به‌ره‌و پێشكه‌وتنێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر.
PM:04:19:07/03/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی
چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كانی تر بۆ دروستكردنی ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتوو له‌كوردستان به‌سوده‌. ناوه‌ندی چاوی كورد له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌زمونه‌ دانسقه‌كان ده‌كاته‌ كوردی.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و وڵاته‌ تاجی پێشكه‌وتنه‌كانی له‌سه‌رنا، به‌وه‌ی یه‌كه‌م مانگی ده‌ستكردی خۆی بۆ بۆشایی ئاسمان ڕه‌وانه‌كرد.ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پلانێكی تێروته‌واو بۆ به‌ستنه‌وه‌ی گوند و ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌كان به‌ ئینته‌رنێتی خۆڕاییه‌وه‌. هاوكات به‌مه‌به‌ستی په‌یوه‌ست بوون به‌ تۆڕی كێبڵی ڕووناكی، بودجه‌ی پرۆژه‌كه‌ش 2 میلیار دۆلاره‌.

جه‌نگی قڕكردنی ڕه‌گه‌زی

له‌نێوان ساڵانی 1993و 1995دا، ڕواندا بووبه‌ نێچیری جه‌نگێكی خوێناوی ترسناك له‌نێوان هه‌ردوو پێكهاته‌ی "هۆتۆ" كه‌زۆرینه‌ی وڵات پێكدێنن به‌ڕێژه‌ی 80%. له‌گه‌ڵ هۆزه‌كانی "توتسی" كه‌ 20%ی دانیشتوانی وڵاته‌كه‌ پێكدێنن.

له‌سه‌ره‌تادا زۆرینه‌ی هۆتۆ به‌سه‌ر توتسیدا سه‌ركه‌وت، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه‌ك به‌ناوی " بۆل كاگامی" كه‌بووه‌ته‌ ناوێكی دیار و مێژوو ده‌یپارێزێت، ڕیزه‌كانی "به‌ره‌ی نیشتمانی" له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕواندا ڕێكخسته‌وه‌، ئه‌و توانی سه‌ركردایه‌تی جه‌نگێك بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بكات و له‌ساڵی 1995دا پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی كۆنترۆڵكرد.

ژماره‌ی قوربانییه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ ترسناكه‌ له‌ یه‌ك ملیۆن مرۆڤ نزیك بووه‌وه‌، له‌كاتێكدا كۆی دانیشتوانی وڵات له‌وكاته‌دا 11 ملیۆن كه‌س بوو. نزیكه‌ی 2 ملیۆن كه‌س له‌دانیشتوانی هۆتۆ له‌ترسی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ئاواره‌ی وڵاتی زائیر بوون. له‌ناوخۆی وڵاته‌كه‌یشدا، ژماره‌ی زیندانییه‌كان گه‌شته‌ 120 هه‌زاركه‌س، سه‌رجه‌میشیان به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی پاكتاوی نه‌ژادی ده‌ستگیركرابوون.

له‌دوای ئه‌و جه‌نگه‌ "به‌ره‌ی نیشتمانی" توانی كۆنترۆڵی وڵاته‌كه‌ بكات و "كاگامی" وه‌ك جێگری "بیزی مۆنژۆ" ده‌ستنیشانكرا. كه‌چیوڵات كه‌وته‌ ناوگێژاوی پاشاگه‌ردانییه‌كی ترو، حكومه‌تیش شكستی هێنا له‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بكات.

وڵاته‌كه‌ كه‌وته‌ نێو دژوارترین پاشاگه‌ردانییه‌وه‌، له‌هه‌موو ڕووه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسییه‌وه‌ بێسه‌روبه‌رییه‌كی كوشنده‌ ده‌ستیپێكرد. تاده‌هات ئاسۆكانی ده‌رچوون له‌و ته‌نگه‌ڵانه‌ به‌رته‌سكتر ده‌بوه‌وه‌، له‌كۆتاییدا سه‌رۆكی حكومه‌ت "مۆنژۆ" ساڵی 2000 له‌به‌رژه‌وه‌ندی "كاگامی" وازی له‌پۆسته‌كه‌ی هێنا.

كاگامی وه‌ك سه‌رۆكێكی فریادڕه‌س

له‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، كاگامی دوو ئامانجی سه‌ره‌كی دیاریكرد: یه‌كه‌میان یه‌كخستنی گه‌ل، دووه‌میش ده‌رهێنانی وڵات له‌هه‌ژاریی. بۆ ئه‌م دوو ئامانجه‌ سه‌رۆك پلانێكی له‌چه‌ند بڕگه‌و ته‌وه‌رێك ئاماده‌كرد. له‌سه‌ره‌تای پلانه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی درابوو، هه‌روه‌ها هه‌نگاوی دووه‌م بریتی بوو له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی نوێ، تیایدا به‌كارهێنانی ناوه‌كانی "توتسی و هۆتۆ" قه‌ده‌غه‌كرا. هاوكات به‌كارهێنانی گوتاری ئیتنیكی به‌تاوان ناسێنرا.

پلانه‌كه‌ی حكومه‌ت بۆ هێنانه‌كایه‌ی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ریگرت. ئاواره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌یان. دادگای تایبه‌تمه‌ندی لۆكاڵی دیاریكران بۆ گه‌راندنه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌ن ماف.

له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی دۆسیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، حكومه‌ت ڕوویكرده‌ پێشخستنی سێكته‌ره‌كانی ئابوری، پسپۆڕان و شاره‌زایان پلانێكیان بۆ حكومه‌ت ئاماده‌كرد به‌ناوی" دیدی 2020" كه‌ 44 ئامانجی له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا دیاریكردبوو.

ئه‌و پلانه‌ چونكه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێكرا، توانی موعجیزه‌ دروست بكات، به‌ڕاده‌یه‌ك له‌ساڵی 2015دا داهاتی تاكه‌كه‌س سیی به‌رانبه‌ر جاران به‌رز بووه‌وه‌. ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ بیست ساڵی پێشوو.

ئه‌زموونه‌كانی ئه‌وانی تر

"كلیت نییكزا" گه‌وره‌ پسپۆڕێكی ئابوری ڕواندایه‌و پێی وایه‌ ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌ هیچ موعجیزه‌یه‌كی تێدانیه‌. ئه‌و ده‌ڵێت: بۆئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو دروست بكه‌یت، پێویستت به‌وه‌ نیه‌ سه‌رله‌نوی ئه‌زموونێك دروست بكه‌یت، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌سود له‌ئه‌زموونه‌كانی ئه‌وانی تر وه‌ربگریت". له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ حكومه‌ت چه‌ندین شاندو نێرده‌ی له‌بواره‌ جیاجیاكاندا نارده‌ وڵاتانی دیكه‌ بۆ سود وه‌رگرتن.

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئابورییه‌، له‌لێدوانێكدا بۆ "جه‌زیره‌ نێت" ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بتوانی وابكه‌یت فڕۆكه‌خانه‌ خاڵی بێت له‌ به‌رتیل و گه‌نده‌ڵی، خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت له‌وڵاتدا خێرابێت، ڕێوشوێنه‌كانی وه‌به‌رهێنان سوك و ئاسان بن، گه‌نجانی وڵات به‌ئینگلیزی بدوێن، ئه‌وا تۆ ده‌وڵه‌تێكی كارات ده‌بێت، به‌وه‌ش هه‌موو كۆمپانیاكان ڕووده‌كه‌نه‌ وڵاته‌كه‌ت".

حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ توانی سیسته‌می "یه‌ك په‌نجه‌ره‌" بۆ وه‌به‌رهێنان دابهێنێت، له‌كاتێكدا له‌وڵاتانی تر كه‌سێكی وه‌به‌رهێن پێویستی به‌چه‌ند هه‌فته‌و چه‌ند مانگێك هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت، كه‌چی چیرۆكه‌كه‌ له‌ڕواندا جیاوازه‌، چونكه‌ كه‌سی وه‌به‌رهێن ده‌توانێت له‌یه‌ك جێگه‌دا هه‌موو ڕێكاره‌كانی دامه‌زراندنی كاره‌كه‌ی ته‌واو بكات. واته‌ له‌یه‌ك ڕۆژدا ده‌توانیت كۆمپانیایه‌ك دروست بكه‌یت، هه‌ندێجاریش به‌چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م كۆمپانیاكه‌ت دروستده‌كه‌یت.

خێراترین له‌پێشكه‌وتندا

له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا ئابوری ئه‌و وڵاته‌ له‌هه‌موو ئه‌فریقادا خێراترین پێشكه‌وتنی به‌خۆوه‌ دیوه‌، له‌ماوه‌ی ساڵانی 2000-2015 ئابوری ئه‌و وڵاته‌ ساڵانه‌ به‌ڕێژه‌ی 9% گه‌شه‌ی كردووه‌. بۆیه‌ بوه‌ته‌ یه‌كێك له‌گرنگترین ڕووگه‌كانی وه‌به‌رهێنان و گه‌شتوگوزار له‌جیهاندا.

ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ 60% دابه‌زیوه‌ بۆ 39% هاوكات ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له‌ 50% دابه‌زیوه‌ بۆ 25%. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی تایبه‌تی ده‌زگاكانی په‌یوه‌ندیدار له‌ئه‌فریقا، له‌ساڵی 2005ه‌وه‌، به‌رده‌وام ئابوری ڕواندا گه‌وره‌ترین پێشكه‌وتنی له‌سه‌رئاستی جیهان به‌ده‌ستهێناوه‌. له‌ئه‌نجامیشدا كۆی داهاتی به‌رهه‌می ساڵانه‌ی وڵات له‌ 2.6 ملیار دۆلار له‌ 2005 به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 8.5 ملیار له‌ 2016دا.

له‌سه‌ر ئاستی ئه‌فریقاش، وڵاته‌كه‌ بووه‌ته‌ یه‌كه‌م ڕووگه‌ی گه‌شتوگوزار، شاری "كیگالی" پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ش، یه‌كه‌م شاری ئارام و پڕله‌دڵنیاییه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌فریقادا، یه‌كێكه‌ له‌جوانترین و خاوێنترین شاره‌كانی ئه‌فریقاش، ته‌نها له‌ساڵی 2016دا داهاتی بواری گه‌شتوگوزاری ئه‌و وڵاته‌ گه‌شتۆته‌ 400 ملیۆن دۆلار.

مانگی ده‌ستكرد

بۆ دانانی تاجی سه‌ركه‌وتن له‌سه‌ر ڕه‌وتی پێشكه‌وتنه‌كان، ڕۆژی 27ی مانگی شوبات 2019 ڕواندا توانی یه‌كه‌م مانگی ده‌ستكردی تایبه‌ت به‌خۆی بنێرێته‌ بۆشایی ئاسمان. مانگه‌كه‌ له‌ سه‌نته‌ری "كۆروا" ی ئاسمانیی فه‌ره‌نسییه‌وه‌ ئاراسته‌كرا. ئه‌وه‌ش له‌پێناوی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بردنی سیسته‌می فێركاری وڵات.

به‌گوته‌ی " لیبۆلا ئینگابێرا" ژنه‌ وه‌زیری ته‌كنه‌لۆژیاو زانیاری ڕواندا، مانگه‌ ده‌ستكرده‌كه‌ ده‌توانێت ناوچه‌كانی وڵات پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌.

ئه‌و خاتونه‌ وه‌زیره‌ ده‌ڵێت: وه‌به‌رهێنان له‌ته‌كنه‌لۆژیای ئاسمانیدا، یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ركه‌ گه‌وره‌كانمان، به‌وه‌ش ده‌توانین هه‌لی یه‌كسان بۆ وه‌ده‌ستكه‌وتنی زانیاری بۆ هه‌موو لایه‌ك بڕه‌خسێنین.هاوكات ده‌رفه‌تی دیجیتاڵ بۆ ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌كانیش ده‌ڕه‌خسێنین و هه‌موو ناوچه‌كانی وڵات پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستینه‌وه‌".

ژێده‌ر: سایتی جه‌زیره‌ نێت.



ئه‌م بابه‌ته 896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر