به‌لوچە وبەلوچستان

بەلوچ، وەک کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و خاوەن زمانی سەربەخۆ و کەلەپووری خۆیانن، نیشتمانی ناوەندییان بەلوچستانە، کەوتووەتە نێوان پاکستان، ئێران و ئەفغانستان.
PM:03:33:14/11/2022
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا-دەوڵەتەکان


هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


"به‌لوچەکان کێن؟"

بەلوچ، وەک کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و بەلوچەکان خاوەن زمانی سەربەخۆ و کەلەپووری خۆیانن، نیشتمانی ناوەندییان بەلوچستانە، کەوتووەتە نێوان پاکستان، ئێران و ئەفغانستان و هەزاران ساڵە لەوێ دەژین.

مێژووی به‌لوچ تا ڕاددەیەک ئاڵۆزە، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی بیروڕا سەبارەت بە سەرەتاکانی به‌لوچ هەندێک دەڵێن، دەگەڕێتەوە بۆ "یعرب بن قەحتان" بەهۆی ئەوەی به‌لوچییەکان نەوەی "محەمەد کوڕی ئیسحاق، کوڕی یەشجەب کوڕی یەعرەب کوڕی قەحتان کوڕی هود"، هەندێکیش هەن دەڵێن: لە ئازەرییەکانی کوڕی شەمسین، لە کتێبی موعجیم بلدانی یاقووت حەمەوی، کە ئەوان کوڕی "بنوسەلیمی کوڕی مالیک مەلیک مکران و کرمانن"، ئەوەی کە لە براکانی ڕایکرد دوای ئەوەی بەهەڵە باوکی خۆی لە شاری مکران کوشتووە، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و ڕۆژئاوای پاکستان، کە دەیڕوانی بەسەر ڕووباری عەرەب لەژێر دەسەڵاتی سەڵتەنەی عومانیدا بوو، کەسانێکیش هەن دەڵێن بەڕەگەز لە نەتەوەکانی هندۆئەورووپین و لە ناوچەکانی ڕووباری قەزوین بڵاوبوونەتەوە.

هەیە دەڵێت؛ لە نێوان شارەکانی هەردوو ڕووبارەکەوە هاتوون و بە ڕەگەز بابلین، هەیە باوەڕی وایە هۆزەکانی به‌لوچ لە ناوچەکانی قەزوین کۆچیان کردووە پێش دوو هەزار ساڵ پێش زایین، شاعیری ئێرانی فیردەوسی لە شیعرەکانیدا دەڵێت: هێزەکانی فارس لە سەردەمی سیرۆس و قمبیس سەربازی به‌لوچی تێدابووە. بەڵام نووسەرانی به‌لوچی لە نێوانیاندا قازی عەبدول سەمەد سربازی لە کتێبی به‌لوچ و به‌لوچستان دەڵێت "به‌لوچییەکان نەتەوەیەکی جیان هەروەک نەتەوەکانی تر لە جیهاندا".

"ڕۆڵی به‌لوچەکان و ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو"

لە سەدەی شانزەیەم، پرتوگالییەکان توانییان بگەنە کەناراوەکانی مکران لەدوای جەنگێکی زۆر لەنێوان پرتوگالییەکان و به‌لوچەکان لەسەر شاری جەوادر و بەسنەی لە به‌لوچستانی ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتیی سەرۆکی هۆزی هۆت "محەل کوڕی جبهند" ئەو سەرکردەی شەڕەکە بوو، دواتر شەڕێکی گەورەی لە کەناراوەکانی مکران کرد لە (980)ی زایینی.

ساڵی (1688/1649)ی زایینی، لەم کاتەدا به‌لوچەکان هاوپەیمانییان هەبوو لەگەڵ عوسمانییەکان لە سەردەمی (ئیمام یعربی سوڵتان کوڕی سه‌یف) توانییان پورتوگالەکان دەربکەن لە مەسقەت و مەترەح و لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا لە ممباسا، ئەوەی کە لە دواییدا به‌لوچەکان داگیریان کرد لەژێر سەرکردایەتی یعاربە هەروەک شارەکانی کلوە و مالیندی و بمبا، ساڵی (1783) به‌لوچەکان لەناو هێزەکەی خەلیفە بوون، ئەوەی بەحرەینیان لە دەستی فارسەکان ڕزگارکرد و شیخ بۆ عەجلی وتووە، کە خێزانی بوسیف کوڕی ئەحمەد فازڵ خێزانی برلت و خێزانی ڕاشید کوڕی سەعید بەشداریان کردووە لە ڕزگارکردنی بەحرەین لە دەستی فارسەکان.

پاشان ئیمام ئەحمەد کوڕی سەعید لە خێزانی سەعید به‌لوچ کۆتایی هێنا بەو دووبەرەکییانەی هەبوو لە نێوان ئەوان و غافرییەکان لە هۆزەکانی باکوور، لەدوای کوشتنی سوڵتان کوری ئەحمەد لەسەر دەستی بەدر کوری سەیف عەلی لە مەسقەت بە یارمەتیی سعودییەکان، کە دواتر بەهۆی ئەو کارەیانەوە دیاری پێدان کردنی بە ژێردەستەی خۆی لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری برکائی، بەڵام بەدر هەڵسوکەوتی زۆر خراپ بوو لەگەڵ به‌لوچەکان هەمیشە هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەدان بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی سعودییەکان، ئەوەش وایکرد ڕقی به‌لوچەکان هەڵبسێنێت، بۆیە به‌لوچەکان پەنایان برد بۆ سەعید کوڕی سوڵتان ئەوەی بەهۆی وەفای به‌لوچەکانەوە دەسەڵاتی زۆری هەبوو و بە یارمەتی ئەوان بەدریان کوشت و دەستی گرت بەسەر مەسقەت لە  (1806)زاینیدا.

پاشان به‌لوچەکان و عەمانییەکانی ممباسا چوونە ژێر دەسەڵاتی خێزانە کشتوکاڵییەکانی عەرەب، کە لەژێر دەسەڵاتی سوڵتان سەعید کوڕی سوڵتاندا بوون دواتر چەندین شوێنی تر لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا کەوتنە ژێر دەسەڵاتییەوە. لە ساڵی (1839) بەریتانیا مەملەکەتی به‌لوچستانیان داگیرکرد بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ ولشر، لەدوای شەڕێکی زۆر مەلیکی به‌لوچ "میر مهاب کوڕی مەحمود خان" کوژراو وە پایتەختەکەیان "کلات" داگیرکرا.

ساڵی (1856) لە کاتی کۆچی دوایی سوڵتان سەعید کێشە دروستبوو لە نێوان هەردوو کوڕەکەی بۆ جێگرەوەی دەسەڵات "ماجد و برگش" بەڵام زۆرینە ماجدیان دەویست بەهۆی یارمەتییەکانی ئینگلیزەوە و به‌لوچ دەستیگرت بەسەر زنجبار. دواتر کێشەیەک لە نێوان ماجد و براگەورەکەی شوێنی سەرکردەی مەسقەت لە دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە بۆ جیابوونەوەی مەسقەت لە زنجبار بە تەواوی هێزی هەردوو براکە لە به‌لوچ بوو، دواتر هەردوو لایەنەکە ڕێککەوتن لەسەر دەسەڵاتی بەریتانیا بە سەرکردایەتی لۆرد کاننج جێگری مەلیکی بەریتانیا لە هندستان ئەو ئیمپراتۆرەی عه‌مانییە دابەشکرا بۆ دوو بەش، بەشی ئەفریقا، کە ئەویش سەڵتەنەی زنجبار بوو لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، و بەشی دووەم ئاسیاوی بوو، ئەویش سەڵتەنەی مەسقەت و عەمان بوو لەگەڵ ئەوانەش، کە لەگەڵی بوون "جوادر و مکران".

لە ساڵی (1894) بەریتانیا بەشێک لە به‌لوچستانی ڕۆژئاوای کردە سەر ئەفغانستان، کە ڕووبەرەکەی (53333) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ناونراوە بە بلوچستانی باکوور. لە ساڵی (1896) شۆڕشی جووتیاران لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ممباسا و شۆڕشی هۆزە ئەفریقییەکانی مساری لە هەردوو جەنگەکەدا بەریتانیا پشتی بەست بە هێزەکانی بلوچ بە داواکارییەک لە سوڵتانی زنجبار. لەساڵی(1915) به‌لوچەکان و لایەنگرانی بەریتانیا لە نێویاندا سەربازانی هند ڕووبەڕووی شەڕێک بوونەوە لەنێوان فەلج لە مەسقەت بۆ شۆڕشەکانی عەرەب ئەوانەی، کە دەیانویست دەسەڵاتی سوڵتان تەیمور کوڕی فەیسەڵ کۆتایی پێبهێنن. پاشان(1929) ئێران به‌لوچستانی ڕۆژئاوای خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە لە سەردەمی شا ڕەزاخان و دەستگیرکردنی ئەمیر دوست محەمەد خان بارکزئی سەرکردەی به‌لوچستان ڕۆژئاوا دواتر لە سێدارەدرا بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە ئیمزا بکات بۆ چوونەژێر دەسەڵاتی ئێران.

لە ساڵی(1947)وە، لەدوای ئەوەی بەریتانیا بلوچستانی داگیرکرد بۆ ماوەی (108) ساڵ حکومەتی بەریتانیا دانی نا بە مەملەکەتی به‌لوچستانی ڕۆژهەڵات و دواتر دەرچوو لەو خاکە، سەرەڕای ئەوەی دوای (288) ڕۆژ لە سەربەخۆیی به‌لوچستان حکومەتی پاکستان به‌لوچستانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکرد لە (1947) و مەلیکی به‌لوچی "ئەحمەد یارخان"یان دەستگیرکرد لەدوای شەڕ لەنێوان هەردوولادا. بەو شێوەیە به‌لوچستان دابەشکرا بۆ سێ دەوڵەت (پاکستان57.9%ی ڕووبەرەکەی برد و ئێران 30.3% ئەرزەکانی به‌لوچی دەستکەوت و ئەو ڕووبەرەی کە مایەوە بۆ بلوچستان و ئەفغانییەکان تەنیا 11.8% بوو. هەروەها لە هەندێ بڕگەی مێژووییدا ویلایەت و حکومەتی سەربەخۆ یان نیوە-سەربەخۆی خۆیان هەبووە. لە سەردەمی هاوچەرخدا بەلوچستان سێ بەشە و دابەش کراوە بە سەر سێ وڵاتی ناوبراودا کە بەشە گەورەکەی لە پاکستانە. بەلووچستان یەکێک لە چوار پارێزگای کۆماری فێدراڵی ئیسلامی پاکستانە کە کوێتە پایتەخت و گەورەترین شاریەتی. بەوەشەوە هەمووی ئەو پارێزگایە بەلووچ نین و دانیشتوانەکەی زۆری پەشتوون و نەتەوەکانیشی لێی دەژین.

"واتای وشەی به‌لوچستان"

وشەی به‌لوچستان لە دوو وشە پێکهاتووە؛ به‌لوچ، دەڵێن وشەیەکە لە زمانی میدییەکانەوە هاتووە واتە "گەشتی بەرز"، هەشە باوەڕی وایە بۆ ناوی مەلیکی بابل "بلیوس" دەگەڕێتەوە، هەندێکیش دەڵێن: وشەیەکی سانسکریتییە بە واتای "شۆڕشگێری ئازا"، هەشە باوەڕی وایە مانای "دانیشتووانی بیابانە" وشەی ستان واتای خاک ئەو شوێنەی به‌لوچەکانی تێدا نیشتەجێبوون. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەورووپی، به‌لوچەکان (30)ملیۆن کەس دەبن، ژمارەی ئەو کەسانەی کۆچیان کردووە لە نێوان (6-8) ملیۆن کەس دەبن، زۆرینەی به‌لوچەکان نیشتەجێی کەنداوی عەرەبین، بەڵام هەرە زۆرینەیان دەکەونە سەڵتەنەی عومانەوە (48%)ی دانیشتووان پێکدەهێنن و (70%)یان لە پایتەختەکەی مەسقەت دەژین. لە شانشینی یەکگرتووی ئیماراتیش (25%)ی دانیشتووان پێکدەهێنن، کە بە دووەم شوێن دادەنرێت، کە زۆرینەیان لەوێ بن، (60%)ی به‌لوچەکان لە پاکستان دەژین و (25%)یشیان لە ئێرانن، وە لە چەندین شوێنی تریش بوونیان هەیە وەک ئەفغانستان و تورکمانستان.

"ئایین و زمانی به‌لوچەکان"

به‌لوچەکان باوەڕیان بە ئایینی ئیسلامە، دوای مەزهەبی حەنەفی کەوتوون و کەمێکیان نەبێت شیعەن. به‌لوچییەکان بە زمانی به‌لوچی قسە دەکەن و شەش زمانیان هەیە و شەش شێوەزاری تێدایە، لە وانیشەوە چەندین شێوەزاری تری لێدەکەوێتەوە. زمانێکە لە گرووپی زمانە ئێرانییە ڕۆژاواییەکان، کە نزیکایەکی زۆری لە‌گەڵ زمانەکانی کوردی، تاتی، گیلەکی و تاڵشی ھەیە. زمانی بەلوچی لە شێوەزاری کوردیی زازاکی و ھەورامی نزیکە. ئەم زمانە نزیکەی ((20 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن کە زۆربەیان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران، پارێزگای بەلوچستانی پاکستان، باشووری ئەفغانستان و سوڵتانشینی عوممان دەژین. هەروەها بەلوچی زمانی فەرمی ھەرێمی بەلوچستانی پاکستانە، سێ شێوەزاری هەیە: به‌لوچی خۆرهەڵات، به‌لوچی خۆرئاوا، باشوور. ئەم زمانەی به‌لوچەکان یەکێکە لە هەرە زمانە کۆنەکانی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ (1500) ساڵ پێش زاین، بەپێی ئەوەی کە دەرکەوتووە دەڵێن: زمانێکی سامییە و دەگەڕێتەوە بۆ سام کوڕی نوح "ڕەزای خوای لێبێت" و کوڕەکانی، کە لە زەویی "مکران کوڕی فارک کوڕی سام کوڕی نوح " ژیاون، ئەرزەکەش هەر بەناوی ئەوە ناونرابوو، باوەڕ وایە زمانەکانی فارسی و سندی و ئەوردیە و چەندینی تر لە بلوچییەوە جیابوونەتەوە.

هەروەها سەرەتای دروستبوونی هرمز دەگەڕێتەوە بۆ (1300)ساڵ پێش زایین تا (1622) زایین، لەو کاتەدا به‌لوچەکان دەورێکی گەورەیان هەبوو لە ناوچەکەدا و دەستی گرتبوو بەسەر بەڕێوەبردن و بازرگانی لە کەنداو و بەبێ ڕکابەر دەسەڵاتی هەبوو بەسەر زەوی و زارێکی زۆریی کەنداو و وڵاتی بەحرەینی بەڕێوە دەبرد، پێش جەنگەکەی فرس ساڵی (1602) بە سەرکردایەتی خان سیزار، کە دەستی گرت بەسەر بەحرەیندا.

"ئیسلام و به‌لوچ"

ئیسلام دەستیکرد بە ڕزگارکردنی زەوییەکانی به‌لوچ لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب "ڕەزای خوای لێبێت" ئیسلام بەردەوام بوو لە کردنەوەی مکران، ئەوە تەواو نەبوو لە سەردەمی ئەمەوییەکان، مکران و کرمان کرانەوە، سوپای به‌لوچی چووە ڕیزی سوپای ئیسلام و یاریدەدەرێکی گەورەبوون لە بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە هند و سند و چین، هەروەها لەگەڵ سوپای عەمانی بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی پورتوگالییەکان لە کاتی هاتنیان بۆ داگیرکردنی هورمز لە سەرەتای سەدەی شانزەیەم دواتر هاتنی سوپای فارس لە ساڵی (1622) بە یارمەتیی سوپای بەریتانی.

"به‌لوچەکانی پاکستان"

ویلایەتی بەلوچستان گەورەترین ویلایەتی وڵاتی پاکستانە کە 44٪ی خاکی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و ناوەندەکەی شاری کوێتەیە، ساڵی 1871ی زاینی بەپێی پەیماننامەی "گوڵدسمیت” لە سەردەمی قاجاڕەکان لە ئێران جیاکرایەوە و بووە بەشێک لە پاشاهی بەریتانیا، کە دواتر و لە ساڵی 1947 هاوکات لەگەڵ سەربەخۆیی پاکستان، درایە ئەو وڵاتە. بەپێی ئامارەکانی وڵاتی پاکستان (ساڵی2017)، ویلایەتی بەلوچستان 12 ملیۆن و 344 هەزار و 408دانیشتووی هەیە، هەروەها لە ویلایەتەکانی پەنجاب وسندیش نزیکەی 12 ملیۆن بەلوچی دیکە دەژین. ویلایەتی بەلوچستانی پاکستان سەرەڕای ئەوەی سەرچاوە و سامانێکی زۆری هەیە، بەڵام یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی پاکستانە، لێکۆڵەران باوەڕیان وایە ئەو سەرچاوە نەوتی و گازیانەی لە بەلوچستان و نزیک سنوورەکانی ئێران دۆزراونەتەوە، چەندین بەرابەری سەرچاوە نەوتییەکانی وڵاتێک وەکو کوەیتە.

لە پاکستان بە هۆی فێدراڵی بوونی وڵات و هەبوونی ویلایەتی بەلوچستان، وەک ناوچەیەکی خودموختار کە حکوومەت و پارلەمانی هەرێمی خۆیان هەیە، بەلووچەکان زیاتر مافیان رەچاو کراوە و لە دەسەڵاتی هەرێمی بەلوچستاندا رۆڵی بەرچاویان هەیە و شوناسی خۆیان پاراستووە، وێرای ئەوەی کە هەندێ هەوڵ بۆ سەربەخۆیی هەبووە. لە ئەفغانستانیشدا وێرای حەشیمەتی کەمیان ئازادی سیاسی کۆمەڵایەتی زۆر و بەشداریی سیاسییان هەیە و بە زمانی خۆیان دەخوێنن.

"به‌لوچەکانی ئێران"

لەساڵی (1935) حکومەتی ئێران بڕیاریدا بە گۆڕینی ناوی فارس بۆ ئێران، ئەوەش بەهۆی بیرۆکەی تاکڕەوی و بەس بیرکردنەوە لە خۆی بۆ ئەوەی بێجگە لە نەتەوەی ئێران ناوچەکانی تریش بێنێتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، وەک ئەوەی کە ڕایگەیاند بنجابیەکان لە بنەڕەتدا ئارین و لەو مێژووەوە به‌لوچییەکان بە دەست دوولایەنی بنەڕەتی نەتەوەیی و مەزهەبی دەناڵێنن، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی به‌لوچەکان سوننین و حکومەتی ئێران ڕێگری کرد لە زمانی بلوچی و هەموو نوسراو و بڵاوکراوەکانی بە زمانی بلوچی بوو داخستەوە زمانی فارسی بەزۆر پێ بڵاوکردنەوە و جلوبەرگی به‌لوچی قەدەغەکرد، هەروەها حکومەت دەستیکرد بە گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە به‌لوچییەکان لەو ناوچەیە و خێزانی فارسی لە جێگایان دادەنا بۆ ئەوەی سونییەکان لەو ناوچەیە کەم بکەنەوە، هەروەها دەستیکرد بە گۆڕینی ناوی شار و دێ و شوێنە مێژووییەکانی لە عەرەبیەوە بۆ فارسی بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنێت بەو پەیوەندییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیە لەنێوان نەوەکانی ئەو شارانەدا هەبوو، بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بە زۆرینە ببێت بە فارس، ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لە سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامییش بەردەوام بوو، سەرەڕای ئەوەی نەوەکانی به‌لوچ بەشداری لەگەڵ گشت نەتەوەکانی تر لە شۆڕشەکانی دژ بە دەسەڵاتی شا بەشدارییان دەکرد، هەروەها تێکدانی مزگەوتە سونییەکان و لە سێدارەدانی کەسانی زانای سونی و چەندین کەسی تر لە سەردەمی کۆماری ئیسلام بەردەوامی هەبوو.

هەربۆیە لە ئێراندا بەلوچەکانیش وەک نه‌ته‌وه‌كانی دیکە چەوساونەتەوە. بەڵام بێجگە حکوومەت کە مافی نەتەوەییانی پێشێل کردووە، خوشیان بە هەندێ هۆکار لەوانە زاڵبوونی ئایین، سەبارەت بە شوناسی نەتەوەییان کەمترخەم بوون و ئەو شوناسە لە بەر مەترسیدا بووە. زمان و زۆرێک لە لایەنە کەلەپوورییەکانی ئەوان لە بەر مەترسیدایە و وایلێهاتووە کە زیاتر ئایینزای سونە وەک فاکتەری جیاکەرەوەی خۆیان دەبینن و بەشدارییەکیان بە شوناسی خۆیانەوە لە دەسەڵاتدا، چ لە ئاستی خۆجێیی و چ لە ئاستی وڵاتدا نییە. بەلوچستان لە ئێرانی ئەمرۆدا بەشێکە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، کە دراوسێی ئەفغانستان و پاکستانە. سیستانییەکان فارس و شیعەن و بەلوچستانییەکان، بەلووچ و سونە. خودی بەلوچستان لە ئێراندا لە باکوورەوە لکاوە بە سیستان و کرمان و لە باشوورەوە لەسەر زەریای عومان و لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنووری پاکستانە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران (2016)، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای بەلوچستان نزیکەی سێ ملیۆن کەسن، هەروەها بەراورد دەکرێت کە لە پارێزگاکانی دەورو بەریش نزیکەی دوو ملیۆن بەلوچی دیکە دەژین، کە بە گشتی ژمارەی بەلوچەکانی ئێران پێنج ملیۆن کەس دەخەملێنرێت.هاوشیوەی گەلانی دیکەی بندەستی ئێران، بەلوچەکان لە هەژارترین گەلانی ناو ئێرانن، بە شێوەیەک کە هەر ساڵە و دوای پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە یەکێک لەو پارێزگایانە دادەنرێت کە زۆرترین ڕێژەی بێکاریی تێدایە، لەلایەکی دیکەشەوە هەندێکیان هێشتا ناسنامەیان نییە و زۆربەی گوند و شارۆچکەکانی ئاوی خواردنەوەیان نییە. لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەک لە منداڵانی بەلوچ کە ناچار بوون بۆ هێنانی ئاوی خواردنەوە بچنە سەر ‘هوتەکەکان‌ (شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی باران)، بوونەتە قوربانیی تیمساحەکان و دەست و قاچیان لەدەست داوە و ژمارەیەکیشیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە پاش شۆڕشی 1979 چەندین رێکخراو سەریان هەڵدا، کە هەندێکیان هەڵوەشانەوە و هەندێکیش ئێستا لە دەرەوەی ئێران چالاکن. لەو رێکخراوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێ بە بەرەی یەکگرتووی به‌لوچستان – ئێران (کۆمارخوازەکان)، بەرەی خەڵکی بەلووچستان، حزبی خەڵکی به‌لوچستان ئاماژە بکرێت کە هەرسێکیان لەگەڵ هەندێ حیزبی تری سەر بە نەتەوەکانی ئێران بە تایبەت کوردەکان ئەندامی رێکخراوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵن. لە دیکەی حزبە نەتەوەییەکان دەکرێ بە سوپای رزگارکەری به‌لوچستان (BLA) ئاماژە بکرێت کە لە گرووپە چەکدارەکانە و لە دژی هەردووکی ئێران و پاکستان بۆ رزگارکردنی هەموو خاکی بەلوچستان خەبات دەکات. لە هێزە ئایینییە تووند ئاژۆوەکان کە هاوکات بە دوای مافە ئایینی و نەتەوەییەکانی نەتەوەی بەلووچن دەکرێ بە جوندوڵڵا و دواتر "جەشولعەدل" و "حەرەکەی ئەنساری ئێران"، "ئەنسار ئەلفورقان" و هەندێ وردە گرووپی تر ئاماژە بکرێت. بەڵام ئەمانەش کە خاوەن ئایدۆلۆژی جیهادخوازی سەلەفین ئەوەندە سەرنجی لایەنی ئایینییان داوە، سەرنجی لایەنی نەتەوەییان نەداوە.

هەربۆیە لە بواری سیاسییدا و بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا؛ ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان و هاووڵاتییانی به‌لوچ بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارت و ڕیکخستنە دژبەرەکان، لەسێدارەدراون یان زیندانی کراون.

"بەلوچەکانی ئەفغانستان"

بەلوچەکانی ئەفغانستان لە ویلایەتی نیمڕۆز و بەشیکیشیان لە ویلایەتی قەندەهار دەژین، کە بەپێی دوایین ئامارەکانی ئەفغانستان (2013)، بە گشتی نزیکەی سێ ملیۆن بەلوچ لە ئەفغانستان دەژین.

"بەلوچ لە وڵاتانی عەرەب"

هەروەها ژمارەیەک لە بەلوچەکان لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو دەژین و بە هاووڵاتی ئەو وڵاتانە هەژمار دەکرێن، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان 500 هەزار لە عومان، 500 هەزار لە ئیمارات، 50 هەزار لە قەتەر، 42 هەزار لە بەحرەین،  20هەزار لە کوێت و 16 هەزاریش لە سعودیە دەژین.

"کوردەکانی بەلوچستان"

بە هۆی کۆچ و دوورخستنەوەی نەتەوە جۆراوجۆرەکان بۆ بەلووچستان، لە نەتەوەکانی تریش لەوێدا دەبینرێن؛ تاڕادەیەکی زۆر لە ناو بەلووچەکاندا تواونەتەوە. بۆیە هەندێ بەلوچ بنەچەی خۆیان بە کورد، هەندێ بە عەرەب و هەندێ بە ئەفغان دەزانن. لە کۆتایی سەردەمی ساسانییەکان و سەرەتای سەردەمی ئیسلامیدا هەندێ لە مێژووزانە عەرەبەکان ئاماژەیان بە هۆز و خێڵە کوردییەکان لە ناوچەی بەلوچستان کردووە. لە سەردەمانی دواتریشدا هەندێ لە کوردان بەرەو ئەوێ کۆچیان کردووە یان کۆچێندراون. تەنانەت لە ئێستاشدا هەندێ خێڵیان بە کورد دەناسرێن و ناوی بنەماڵەییان پاشگری کوردی پێوەیە، هەرچەند لە شوناسی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە. یەکێک لە خێڵە کوردەکانی ئەوێ لەو کوردانەن کە لە سەردەمی سەفەوییەکاندا بە فەرمانی شا عەباس بۆ ئەوێ دوورخرانەوە. بەوەشەوە، هەندێ لەسەر ئەو باوەڕەن کە زۆرێک لەم خێڵانە لە دانیشتووانی کۆنی ئەوێ بوون و تەنیا ناوی "کورد"یان لەسەرە کە لە فارسی کۆن یان دەریدا بە واتای جیاواز، لەوانە "بیابان نشین"، بەکارهێنراوە و لەڕاستیدا کورد نەبوون و جیاوازن لە خەڵک و نەتەوەی کورد کە لە کوردستان نیشتەجێن.


سەرچاوەکان:

1- ڕۆڵی سیاسی کەمینەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نووسینی، د،موسلیح خزر جبوری، وەرگێرانی: هەڵگورد جەلال، چاپی دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە، چاپخانەی حەمدی، چاپی یەکەم، ساڵی 2017.

2- ئایین و چالاکی نەتەوەیی لە بەلووچستانی رۆژئاوا – ئێران نووسینی، سەباح موفیدی، چاپی ئەلیکترۆنی، ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان، ساڵی 2017.

ئینتەرنێت
3- وتاری نووسەر دژوار کرماشان، بەلوچەکان بۆچی دەستیان بە خۆپیشاندان کردوە؟



ئه‌م بابه‌ته 130 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر