کوردەکانی ئێران لەنێوان رابردوو و ئێستادا

لە كاتێكدا خۆپیشاندان لە ناوخۆی ئێران بەردەوامە، بەڵام دەبینیین دەسەڵاتدارانی تاران بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران وەڵام دەدەنەوە.
PM:02:12:02/11/2022
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد



 

"کوردەکانی ئێران لەنێوان رابردوو و ئێستا؛ مێژوویەکی خوێناوی"


نووسین: سه‌وسه‌ن مه‌هنا 


وه‌رگێڕان: یەکەی وەرگێڕانی ناوەندی چاوی کورد 


لە كاتێكدا خۆپیشاندان لە ناوخۆی ئێران بەردەوامە، وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە گیان لەدەستدانی ئەو ژنە كوردە تەمەن 22 ساڵە بەناوی مەهسا ئەمینی كە لە كاتی دەستبەسەر بوونی لەلایەن "پۆلیسی ئەخلاق"ەوە گیانی لەدەست داوە، دەسەڵاتدارانی تاران بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران وەڵامیان داوەتەوە. وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە: "لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا لانیکەم ٨٣ کەس کوژراون کە منداڵیان تێدایە" و دەیان چالاکوان و خوێندکار و هونەرمەندیش دەستگیرکراون 29ی سێپتەمبەر، سوپای پاسداران لە بەربزین، لە ناحیەی "سێدکان”، هەروەها لە پەراوێزی گوندەکانی هورنە، بن بریز، دەرهۆڵ و بن ڕەشکین لە سنووری برادۆست لە هەولێر، بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران-کوردی کردە ئامانج و بۆردومانیکردن. کوردستانی ئێراق، وەک میدیا کوردییەکان پشتڕاستیان کردۆتەوە، سوپای پاسداران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی ناوچەکانی سیدەکان و چۆمانی کردووە و، ڕوونی دەکاتەوە، ئەو ناوچانەی کە بۆردومان کراون ئەو شوێنانەن کە "پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران" و پارتی ژیانی ئازادی کورد "پژاک"ـی تێدا جێگیرن.

"ئێران خۆپیشاندان بە تێکدانی ئاسایش تۆمەتباردەکات"

 

کەناڵی پرێس تیڤیی سەر بە دەوڵەتی ئێران بڵاوی کردبووەوە، کە هێزەکانی ئێرانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی تۆپخانەیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی باکووری ئێراق کردووە. کەناڵەکە دەڵێت: "بە بەکارهێنانی تەقەی تۆپخانەکان لە بنکەی حەمزە، سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر بنکەکانی تیرۆریستانی دژە ئێران لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران و هێرشی کردە سەر هەندێک بنکە لە سنووری وڵاتەکەمان". تاران گرووپە کوردییەکانی سەر سنوور بە تاوانی ناردنی چەک و دەستپێکردنی هێرش لە ناوخۆی وڵاتدا دەزانێت. ئاژانسی هەواڵی فارسی نیمچە فەرمی لە بەرامبەردا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، "هێرشی تۆپخانەیی (سوپای پاسداران) لە وەڵامی ئاژاوە و هەڵسوکەوتی چەتەکاندا هاتووە، بە ئامانجی سزادان و لێدانی ئەم چەتانە”.

"کوردستان"

 

کورد خۆی بە پارتێکی سیاسی نازانێت، مەزهەب و گەلێکی نامۆ نییە بە ناوچەکە، بەڵکو بەشێکە لە نەتەوەی کورد و بەهرەمەندە لە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی کە مافی دەوڵەتیان پێدەبەخشێت. هەروەها دەوڵەت بۆ ئەوان منەت و بەخشش نییە، ئەوان زمانی کوردیی خۆیان هەیە و کوردستان واتا "نیشتمانی کورد". کوردستان هەرگیز وڵاتێکی سەربەخۆ و سنوورێکی سیاسی دیاریکراوی نەبووە، هەرچەندە گەلێکە چەندین پێکهاتەی جیاوازی لەخۆگرتووە. وشەی "کوردستان" وەک زاراوەیەکی جوگرافی بۆ یەکەمجار لە سەدەی ١٢ی زایینی لە سەردەمی سەلجوقییەکان سەریهەڵدا، کاتێک سنجاری سوڵتانی سەلجوقییەکان بەشی ڕۆژئاوای ناوچە شاخاوییەکەی جیاکردەوە و کردی بە دەوڵەت لە ژێر دەسەڵاتی سولەیمان شای خزمی خۆی ناوی ناوە کوردستان. ئەم ویلایەتە زەوییەکانی نێوان  ئازەربایجان و لوڕستان (ناوچەکانی سنە، دینور، هەمەدان، کرماشان و هتد)ـی دەگرتەوە، جگە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای چیای زاگرۆس، وەک شاره‌زوور  و کۆیە. کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی بەسەر سێ وڵات دابەش دەبێت کە بریتین لە ئێراق، ئێران و تورکیا و بەشێکی بچوکیش لە سوریا هەڵکەوتووە، لە کاتێکدا ژمارەیەک کورد لە هەندێک وڵاتی دروستبووی دوای ڕووخانی  یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو سەریان هەڵداوە. ڕووبەری کوردستان بە گشتی هێندەی نزیکەی کۆی ڕووبەری ئێراقی مۆدێرنە.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کوردەکان لە نێوان 25 بۆ 40 ملیۆن کەس دەبێت، کە بەم شێوەیە بەسەر وڵاتان دابەش بوون: لە تورکیا بە ڕێژەی 46%، لە ئێران بە ڕێژەی 31%، لە ئێراق 18% و لە ئەرمینیا و سوریاش 5%. کورد لە تورکیا و سوریا و بەشێکیشیان لە هەردوو ئێران و ئێراق بە شێوەزاری بادینی قسە دەکەن، لە کاتێکدا زۆربەی کوردەکانی ئێراق و ئێران بە شێوەزاری سۆرانی قسە دەکەن. ئایینی ئیسلامی ئایینی زۆرینەی رەهای کوردستانە و زۆرینەی رەهایان شافیعی سووننەن و چەند شیعەیەکیشیان لەنێواندا هەیە، لە باشووری کوردستان چڕبوونەتەوە.


"کوردەکان لە ئێران"

هەموو ناوچە کوردنشینەکان وەک بەشێک لە خاکە مێژووییەکانی ئێران مانەوە تا ئەوکاتەی لە شەڕی چاڵدیران لە ساڵی 1514 لە نێوان دەوڵەتەکانی عوسمانی و سەفەویدا دابەشکران، دوای ئەوە ڕووبەرێکی فراوانی ئەو ناوچانە ژێردەستە کران، دواتر بە کوردستانی عوسمانی ناو نران و "باکوری کوردستان"، "ڕۆژئاوای کوردستان" و "باشووری کوردستان"ـی گرتەوە و کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە لە شەڕەکەدا سەرکەوت. بە وتەی سابر كۆل ئەنباری، نووسەر و لێكۆڵەری ئێرانی، "ئەم شەڕانە دوا هۆكاری كۆنتڕۆڵكردنی زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكانی عوسمانییەكان نەبوون، بەڵكو سەركردە و میرەکانی كورد بە سەرۆكایەتی شێخ ئیدریس بەدلیسی، ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا ڕۆڵی لە دەستپێکردنی هاندانی جەماوەریی دژی دەوڵەتی سەفەوی، ئەوەش بە پاڵنەری تایەفەگەری و بۆ ڕاکێشانی کوردەکان بەرەو پەیوەستبوون بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

 


"ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا مایەوە، بەڵام لە پێکدادانێکی بەردەوامدا بوو لەگەڵ دەوڵەتی سەفەوی، ئەوەش لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم سەفەوی کە بەزۆر هەوڵی سەپاندنی مەزهەبی شیعەی دەدا، بە تایبەت لە سەردەمی شا ئیسماعیلی یەکەم، شای دامەزرێنەری ئەو دەوڵەتە. سەردەمی سەفەوی وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی کوردەکانی ناوچەکەدا، جگە لە دابڕانی ناوچە بەرفراوانەکانی کورد لە ئێران، پەیوەندی دژبەرانەی نێوان کورد و سەفەوی تۆوی ناسیۆنالیزمی لە ویژدانی کورد لە ئێراندا چاند و هەستیان بەوە کرد کە ئەوان "جیاوازن".

هەندێك لە مێژوونووسان، كورد بە دووەم نەتەوە لە دوای فارس و ئازەربایجانی ئێرانی دەزانن و دەڵێن، کوردەکان نزیكەی 10%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن. بەڵام بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (CIA)، ئەوان وەك سێیەم نەتەوە لەسەر خاکی ئێران یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان پۆلێنكراون، کە کوردەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران بەم جۆرە ناوی دەبەن، زۆرێکیان پێیانوایە لە ژێر داگیرکاری ئێراندایە، چونکە فارسەکان تەنیا 35%ـی  کۆی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پێکدەهێنن، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە سەر بە نەتەوە و پێکهاتەی جۆراوجۆرن، لە کورد، عەرەب، ئازەری و بەلوچی، بەڵام ڕژێم بە زۆر فەرهەنگ و زمانی فارسی خۆی بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت.

ژمارەی کورد لە ئێران لە نێوان 8 بۆ 10 ملیۆن کەسە و بوونی ئەوان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا و لوڕستان، لە باکوور و رۆژئاوای ئێران، جگە لە پارێزگاکانی خوراسان و تاران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات چڕبووەتەوە. مێژووی بوونی کورد لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 1500 پێش زایین، کاتێک هۆزە ئاریەکان لە حەوزی ڕووباری ڤۆلگا کۆچیان کرد، بۆ ئەوەی لە کەناری دەریای خەزەر نیشتەجێ بن. ئەم هۆزانە لە سەردەمی دواتردا توانیان چەند دەوڵەتێک دروست بکەن، کە گرنگترینیان "دەوڵەتی میدیا" بوو، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین و لە سەدەی شەشەمی پێش زایین گەیشتە لوتکەی هێز و دەسەڵات. 

"ئێران بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی لەگەڵ نەیارانی ناوخۆیی، سنوورەکان ئاگر دەکاتەوە"

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا و دوای هاتنی ئیسلام، چەندین میرنشینی کوردی لە ناوچەکەدا دەرکەوتن، وەک میرنشینی حەسنەوی (٩٥٩-١٠١٥) و ئەلعەنەزیە (٩٩٠ - ١١١٧)، لە ماوەی حوکمڕانییاندا، سەفەوییەکان هەوڵیاندا خێڵ و میرنشینە کوردەکان لەژێر کاریگەری ئەواندا بندەست بکەن و، ئەم هەوڵانەش ناکۆکیی خوێناویی لێکەوتەوە و بە شکستی کوردەکان کۆتایی هات و، لە سزادا سەفەویەکان لە سەردەمی تەحمەسپی یەکەم (١٥١٤ - ١٥٧٦) زۆربەی گوندەکانی کوردستانیان وێران کرد و دانیشتووانیان ئاوارە کرد بۆ چیای ئەلبۆرز و خوراسان، کە تا ئێستاش لەوێ بوونیان هەیە. شەڕی قه‌ڵای دمدم کە کوردەکان بە "داستانی دمدم" ناوی دەبەن، یەکێکە لە گرنگترین شەڕە مێژووییەکان، کە لە مێژووی خۆیدا بەڵگەی لەسەر کراوە و لە ساڵی ١٦٠٩ لە نزیک دەریاچەی ورمێ ڕوویداوە، سەفەوییەکان لە زستانی 1609ەوە گەمارۆی قەڵاکەیان دا تا هاوینی ١٦١٠ و دواتر سەفەوییەکان هەڵمەتێکی قڕکردن و ئاوارەکردنیان لەو ناوچەیەدا ئەنجامدا. ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ لایه‌ن کورده‌وه‌ وەک داستانێکی مێژوویی بایه‌خێکی گه‌ورەی پێدەدرێت.

هەوڵەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی فارس تا مێژووی مۆدێرنیش بەردەوامییان هەبوو؛ لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم، لە ناوچە کوردنشینەکان لە دژی دەسەڵاتی قاجاری ئێران، بە سەرۆکایەتی سمکۆ ئاغای ڕێبەری کورد لە هۆزی تورکۆڤۆن، ڕاپەڕینێک ڕوویدا. ئەم ڕاپەڕینە وەک یەکەم هەوڵ بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ لە ناوخۆی ئێراندا دەبینرێت. دوای ئەوەی لە پەیمانی سیڤەر لە ساڵی 1920 دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی دیاریکرا، بەڵام دواتر پەیمانی لۆزان لە ساڵی 1923 هەموو هیوایەکی بۆ دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە لەناوبرد، بەو پێیەی مەرجی دابەشکردنی کورد لە نێوان چوار وڵاتدا، تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا دیاریکردبوو. سەرەڕای ئەمەش، سمکۆ ئاغا بڕیاریدا بەردەوام بێت لە شۆڕشەکەی تا ئەو کاتەی داواکارییەکانی بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بەدی دێت، بەو پێیەی ڕاپەڕین و یاخیبوون دژی دەسەڵاتی ئێران تا ساڵی ١٩٣٠ بەردەوام بوو، کاتێک حکومەتی ئێران سمکۆ ئاغای بانگهێشت کرد بۆ شاری "شنو" بە مەبەستی دانوستان و، بەڵام بۆسەی بۆ دانایە و بە زوڵم تیرۆریان کرد. لە پاییزی ساڵی 1931ـیشدا بزووتنەوەی چەکداری جەعفەر سوڵتان هۆرمان لە هەمەدان دەرکەوت، کە بە توندی سەرکوت کرا و لە ئەنجامدا نوێنەری کورد لە مەجلیسی ئێران ”دانی بەوەدا نا” کە هیچ کێشەیەکی کورد لە ئێران بوونی نییە و کورد خۆی بە ئێرانی دەزانی، بەمەش ڕێگرییان لێکرا لە بەکارهێنانی زمانەکەیان و لە پۆشینی جلی نەتەوەیی خۆیان.

نزیكەی 10 ساڵ دوای بزووتنەوەی هۆرمان، لە ساڵی 1941دا بزووتنەوەیەكی عەشیرەتی چەكدار سەریهەڵدا بە سەرۆكایەتی شێخ حەمەڕەشید خان، كە دەستی بەسەر مەهاباد و پارێزگای سەقز و بانەدا گرت، بەڵام زۆری نەخایاند سوپای ئێران دەریان كرد و لە ساڵی 1942دا پەنایان بۆ ئێراق برد کاتێک شکستیان هێنا. جارێکی تر لە ساڵی 1945 لەگەڵ گروپێک لە 200 پیاوەکەی گەڕایەوە ئێران، بەڵام بزووتنەوەکەی بەبێ هیچ ئەنجامێکی بەرچاو کۆتایی پێهات. دوای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا لە ساڵی 1941 لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا چوونە ناو ئێران بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی لایەنگری نازیەکانی ڕەزا شای پەهلەوی، ئەزهەر دامەزراندنی حکومەتێکی چەپی سەربەخۆی لە باکووری ئێران ڕاگەیاند، کە لە ڕووی دارایی و سیاسییەوە لەلایەن ڕووسیاوە پاڵپشتی دەکرا و هانی دەدرا. دواتر کوردەکان لە 22ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1946ـدا بە سەرۆکایەتی قازی محەممەد کۆماری کوردستانیان دامەزراند و شاری مەهابادیان کردە پایتەختی کۆمارەکە.

بەڵام ئەو گوشارە گەورەیەی شاڕەزاشا خستبووە سەر ئەمەریکا کە لە بەرامبەردا گوشاری لە یەکێتی سۆڤیەت کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی، بەس بوو بۆ ئەوەی 11 مانگ دوای دامەزراندنی، ئەو کۆمارە تازە لەدایکبووە لەناو ببات و قازی محەممەد لە مانگی ئازاری ساڵی 1947 لە گۆڕەپانی گوجارە لە مەهاباد لەگەڵ سەدر قازی برای کە ئەندامی مەجلیسی ئێران بوو، لەگەڵ سەیف قازی ئامۆزای، وەزیری بەرگری مەهاباد و چەندین کەسی دیکە لە سێدارە دران. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، بارزانییەکان بەردەوام بوون لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئێران، هەروەها ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانیان بە فڕۆکە بۆردومان کران، ئەمەش وای لێکردن بەرەو ئێراق بڕۆن، کە هێزە ئێراقییەکان لەوێ چاوەڕێیان بوون و لەگەڵیاندا جەنگان، دواتر بارزانییەکان ناچار بوون ئەوەی منداڵ و ژنان لە بارزان بەجێبهێڵن، لە کاتێکدا پیاوەکان (کە دەوترێت ژمارەیان ٥٠٠ كه‌س بوو)، چوونە ناو تورکیا، لەوێوە دووبارە گەڕانەوە بۆ ئێران بۆ بەردەوامبوون لە جموجۆڵی چەکدارییان تا لە ڕووباری ئاوراس پەڕینەوە و وەک پەنابەر چوونە ناو یەکێتی سۆڤیەت، و تا دوای شۆڕشی ئێراق لە ساڵی 1958 نەگەڕانەوە بۆ ئێراق.

"هێرشی سەر کوردەکان"

 

لە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە هێرشی یەک لە دوای یەک، لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پەهلەوی، کورد بەشداریی لە شۆڕشی دژی دەوڵەتی شا-دا کرد و، لە سەردەمی "شۆڕشی خومەینی" ساڵی 1979دا بەشداربوون لە ڕووخانی، هەروەها هێزی تایبەت بە خۆیان بە ناوی "پێشمەرگە" دروستکرد. بە هۆی ئەوەی خومەینی، ڕێبەری باڵای شۆڕش ڕەتیکردەوە ئۆتۆنۆمی بە کورد بدات (بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان)، لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستاندا کەوتنە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئێران و لە لایەن "سوپای پاسداران"ـی ئێرانەوە تووشی هێرشی تووند بوونەوە. بەوەش پێشمەرگە ناچار بوو پەنا بباتە بەر شاخ. دوای شۆڕش حكومه‌تی نوێی ئێران لیژنه‌كانی لێکۆڵینەوەی نارد بۆ ئه‌وه‌ی لە واقیعی ئه‌و زوڵمه‌یه‌ی لە كورد کراوە بکۆڵنەوە، به‌ڵام ئه‌و دوو لایه‌نه‌ نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك، ئەوەش له‌ ژێر رۆشنایی سه‌قفی به‌رزی داواكارییه‌كانی كورد، كه‌ گه‌یشته‌ خاڵێک داوای مافی خۆبەڕێوەبەری کرد. دوابەدوای شکستی دانوستانەکان، یاخیبوونی کورد لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ساڵی 1357ـی هەتاویدا سەری هەڵدا و، بووە گەورەترین ڕاپەڕینەکانی سەر ئاستی دەوڵەت لە ئێران دژ بە ڕژێمی نوێ. دوای ئەوەی چەكدارانی كورد هەندێك دەستكەوتیان بەدەستهێنا، روحوڵا خومەینی، رێبەری باڵای شۆڕش "جیهادی" دژی كورد راگەیاند و شارەكانیشی بە فڕۆكە بۆردومان كرد، ئەم راپەڕینەش تا كۆتایی ساڵی 1983 بەردەوام بوو، كاتێك سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی بەرفراوانی كردە سەر ناوچە كوردستانییەكان کە بووە هۆی شەهیدبوونی هەزاران کورد.


"جەنگی ئێراق-ئێران"

 

لە سەرەتای شەڕی نێوان ئێراق و ئێران لە ساڵانی 1980-1988، کە لەو ماوەیەدا کورد تووشی چەندین نسکۆ و کۆمەڵکوژی بووەوە، لەوانە کۆمەڵکوژییەکانی هەڵەبجە، کۆیە، بادینان لە ساڵی 1988، بەڵام دواجار دۆخەکە هێور بووەوە و ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی ئێران بوونە شتێکی پچڕپچڕ و لاوەکی. لەم قۆناغەدا ژمارەیەک سەرکردەی کورد لە تاراوگە تیرۆر کران، دیارترینیان عەبدولڕەحمان قاسملۆ ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو .

دوای رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و، هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی ئێراق و پێدانی ئۆتۆنۆمییەکی دانپێدانراو بە کوردستانی ئێراق، پاڵنەرێکی بە کوردانی ئێران بەخشی کە کەرتی سنووری ئێران و ئێراق وەک زەوییەک بۆ کەمپەکانیان بەکاربهێنن و زۆر باس لە هێرشی ناوە ناوە بۆ سەر هێزەکانی ئێران دەکرا، لە کاتێکدا کە هەندێک جەختیان لەوە دەکردەوە کە سەرکردەکانی کورد و بە تایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستان، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوان پێشمەرگەی خۆیان هەیە و بەپێی بارودۆخی خۆیان چالاکی دەکەن.





ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر