ئەلێکساندر ژابا و مەلا مەحموودی بایەزیدی

ئەلێکساندر ژابا بوو کە هانی مەلا مەحموودی بایەزیدیی دا بۆ ئەوەی بە کوردی بنووسێت و خزمەتی ئەدەبیاتی نەتەوەکەی خۆی بکات.
PM:05:15:30/10/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر

"ڕۆڵی ئەلێکساندر ژابا و مەلا مەحموودی بایەزیدی، لە خزمەتکردنی ئەدەب و فەرهەنگی کوردیدا"

ناساندنێکی گشتی بۆ ئەلکزەندەر ژابا و مەلا مەحموودی بایەزیدی:

لە سایەی کوردناسی رووس، بە بنەچە پۆڵۆنی، بە زمان فەرەنسی، ئەلێكساندر ژابا(Alexandre JABA)، ئەمڕۆ (44) دەستنووسی پەخشان و چیرۆک و مێژووی کوردەواری، بە زمانی کوردی- کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا نووسراون- لە بەردەستی ئێمەدان. ئەم دەستنووسانە بەڕاستی گەنجینەی ئەدەبیاتی کوردیی سەدەی نۆزدەهەمن. ڕاستییەکەشی، بەرهەمەکانی ژابا- کە بەشی هەرە زۆریان بە هاوکاریی مەلا مەحموودی بایەزیدی (1799_1867) ئەنجام دراون- سێ چارەگی ئەدەبیاتی پەخشانی کوردیی سەدەی نۆزدەهەم پێکدەهێنن.

کوردناسی ناودار "م.پ. رۆدنکۆ"، لە پێشەکیی (عادات و رسووماتنامەی ئەکرادیە)دا ، دەڵێ: "ئەگەر هاریکاری بایەزیدی و ئەلکزەندەر ژابا نەبوایە، تا ئێستاش بەشێکی بەنرخ لە گەنجینەی ئەدەبی کوردیی سەدە ناوەنجییەکان نەدەزانرا". هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا، زیاتر ڕۆڵی ژابا روون دەکاتەوە دەڵێ: "ژابا لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا، سەرەتای لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردی سەدەکانی ناوەڕاستی دامەزراند". رۆژهەڵاتناسی رووس، چیخاچیف، لە ڕێگای لێکۆڵینەوەو دەستنووسەکانی ژاباوە زانیبووی کە کورد خاوەنی ئەو ئەدەبە رەسەنەیە: لەبارەی ئەلکزەندەر ژاباوە دەڵێ: "لێکۆڵینەوەکانی ئەم ڕۆژهەڵاتناسە بە توانایە لەبەرئەوە هێندە جێگای سەرنجن، چونکە ئەم تاکە کەسێکە کە لەم ڕۆژەدا ئاوا سەرکەوتووانە خەریکی زمانی میللەتێکە، هێندە کەم ناسراوە و هێندەش دێرینە."

"ژیانی ئەلێکساندر ژابا"

ئەلێكساندر Alexandre یان (هەندێ جار ناوی لە خۆی ناوە ئۆگەست Auguste) ژابا JABA، لە (15ی "ئاب"ی1803) لە پۆڵۆنیا لەدایکبووە. باوکی ئاغا و گوند دار بووە. لە (1824) دەبێتە وەرگێڕ لە وەزارەت. پاشان زەمالەیەکی خوێندن وەردەگرێت و لە (1828) خوێندنی باڵا تەواودەکات و لە ساڵی (1830) دەبێتە وەرگێڕی زمانی تورکی لە بەشی زمانە رۆژهەڵاتییەکان لە یافا. لە ساڵی (1832) دێتە ئەستەمبۆڵ و لە (1835) دەچێتە سمێرنا. لە ساڵی (1843) بە بریاری ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی ئیمپراتۆر دەبێتە سکرتێری دیوانی سەرۆکایەتی. لە (1848) دەبێتە کونسوڵی رووسیا لە ئەرزەڕۆم و لەوێ خۆی فێری کوردی دەکا. لە (1853) کۆنسوڵ دادەخرێ. لە (1856) دەکرێتەوە و ئەویش دەست بە کارکردن دەکاتەوە. ئەلێكساندر ژابا پۆڵۆنی و رووسی و تورکی و ئینگلیزی و فەرەنسی و کەمێک عەرەبی و کوردی و فارسیشی زانیوە. ژابا لەمەڕ شارەزایی خۆی لە بارەی زمانی کوردی، لە نامەیەکیدا کە بۆ دۆرنی ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی نووسیوە، دەڵێ: من بە رادەیەکی ئەوتۆ زمانی کوردیم خوێندووە و فێری بووم کە بتوانم خۆم خەریکی کارکردن و وەرگێڕان بم.

ئەلێكساندر ژابا کاتێ كونسوڵی رووسی بووە لە وڵاتی عوسمانیدا- لە شاری ئەرزەڕۆم و ئیزمیر- لەلایەن ئەکادیمیای باڵای زانستیی سانت پێترسبۆرگەوە لە رووسیا لە ڕێگەی رۆژهەڵاتناسی ئەڵمانییەوە، بێرنهاردت دۆرن، داخوازیی لێدەکرێ کە کۆمەڵێک دەسنووسی کوردی کۆبکاتەوە و چەند لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کولتوور و زمان و ئەدەبیاتی کوردی بنووسێ. 

بۆ ئەم مەبەستە، ئەلێكساندر ژابا لە سەرەتای ساڵی (1856) بەملاوە کۆمەڵێک مەلا و فەقێ و میرزا (خوێندەوارانی ئەو سەردەمە) لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە. مەلا مەحموودی بایەزیدی یەکێک بووە لەو مەلایانەی کە بوونەتە هاوڕێی هەرە نزیکی ئەو. لەو ماوەیەدا مەلا مەحموودی بایەزیدی نیشتەجێی شاری ئەرزەڕۆم بووە. ئیتر بایەزیدی لەساڵی (1856) بەملاوە بۆتە سکرتێر و خواجە و هاوکار و راوێژکارێکی تایبەتیی ژابا بۆ کاروباری رۆشنبیری و خوێندەواریی کوردی. ئەلێكساندر ژابا لەگەڵ مەلا مەحموودی بایەزیدی لە بواری مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا جمکانەی یەکترن: بۆیە - بۆ ئەوەی لە ژابا تێبگەین، پێویستە دێڕێک لە بارەی مەلا مەحموودی بایەزیدییەوە بزانین.

"مەلا مەحموودی بایەزیدی"

مەلا مەحموودی بایەزیدی، قورئانناس و مەلایەکی شارەزا و نووسەرێکی بەتوانا بووە. لە رەوانبێژی و زمان و ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسی و تورکیدا شارەزاییەکی بێ وێنەی هەبووە. لە نازناوە ئەدەبییەکانی: مەحموود ئەفەندی، فەقیر مەحموود ئەفەندی، خواجە مەحموود ئەفەندی. شارەزایی بایەزیدی لە زمانە رۆژهەڵاتییەکاندا هێندە فراوان بووە کە لەناو نووسەرەکانی شاری ئەرزەڕۆمدا تەنیا روو لە بایەزیدی دەکرا بۆ نووسین بە فارسی یان بۆ وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ تورکی. م.م بایەزیدی لە هەموو بەرهەم و نووسراوەکانی ژابادا رۆڵی هەبووە: کەچی ناوی خۆی لەسەر ئەم هاوکارییانە و تەنانەت لەسەر بەرهەمەکانی خۆیشی تۆمار نەدەکرد و هەر بە ناوی ژاباوە دەڕۆیشت. ئەمە وای کردووە کە زۆربەی ئەم بەرهەمانە ببێتە تەنیا موڵکی ئەلکزەندەر ژابا. ژابا خۆیشی لە پێشەکییە فەرەنسییەکەی عادات و رسووماتنامەکەیدا دەڵێ کە بایەزیدی نەیویستووە ناوی خۆی بەسەر نووسین و هاوکارییەکانەوە بێت. هۆی ئەوەیش کە بایەزیدی ناوی خۆی لەسەر بەرهەمەکانی خۆی نەنووسیوە، بە ڕای پرۆفیسۆر مارف خەزنەدار، رەنگە لە ترسی ئەوە بووبێ  کە بۆ مەلایەکی وەکو ئەو کارێکی بەجێ نەبێ لە یەکێکی وەکو ژابای ناموسوڵمان نزیک ببێتەوە و هەرەوەزیی لەگەڵدا بکا.

د.ئەوڕەحمانی حاجی مارفیش لەم بارەیەوە هەمان رای هەیە. ژابا خۆیشی هۆی ئەم دیاردەیەی روون کردۆتەوە و هەمان شت دەڵێ.

رۆدنکۆ لە پێشەکییە رووسییەکەی عادات و رسووماتنامەی ئەکرادیەدا دەڵێ: "ژابا واتا کوردییەکانی بەتەواوەتی وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانی فەرەنسی"، "لەوە دەچێ بۆیان گێڕابێتەوە و ژابا وەریگێڕابێ". ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێ کە مەلا مەحموود تەنانەت لە تەرجەمەکردن بۆ سەر فەرەنسیش یارمەتی ژابای داوە. بێگومان لەو ئاستانەی کە پەیوەندییان بە زمانی کوردییەوە هەبووبێ. لەم بارەیەوە پێویستە ئەوە روون بکەینەوە کە دەستنووس و کتێبەکانی ژابا، هەمیشە بە دوو زمان (کوردی و فەرەنسی) بوونە. بەشە کوردییەکان، بێگومان بە پێنووسی بایەزیدی نووسراون. بەشە فەرەنسییەکانیش ئاشکرایە دەبێ کە ژابا بە هاوکاری بایەزیدی تەرجەمەی سەر زمانی فەرەنسی کردبن.

مەلا مەحموودی بایەزیدی، کەواتە دانەر و وەرگێڕی گەلێک لە دەستنووسەکانی ژابایە. لە نامەخانەی گشتیی شاری سانت پەترسبۆرگ لە رووسیا، (54) دەستنووس هەن. لەمانە (44)ی بە زمانی کوردییە و (4)ی بە فارسییە و (3)ی بە تورکییە. هەموو ئەم دەسنووسانە لەلایەن ئەلێکسەندەر ژاباوە کە بەشێکی زۆریان بە یارمەتی و هاوکاریی مەلا مەحموودەوە نووسراون و کۆکراونەتەوە.

بەشی هەرە زۆری دەستنووسە کوردییەکانی ژابا بە هاوکاری و یارمەتیدانی مەلا مەحموودی بایەزیدییەوە نووسراون. دەتوانین بە کورتی بڵێین: لە کارەکانی ژابادا ئەوەی بە کوردییە نووسراوی بایەزیدییەو ئەوەی بە فەرەنسییە نووسراوی ژابایە. 

بەرهەمە گرنگەکانی ژابا بە هاوکاریی بایەزیدی ئەمانەن:

یەکەم: چیرۆکی مەم و زین (هاوینی1856)، نووسراوی بایەزیدییە، بە دیالێکتی کرمانجی. بایەزیدی بە دەست و خەتی خۆی نووسیویەتی، پاشان لە لایەن ژاباوە کراوەتە ئەلفابێی لاتینی و تەرجەمەی فەرەنسی کراوە. لەگەڵ پێشەکییەک بە فەرەنسی بە پێنووسی ژابا.


دووەم: چیرۆکی لەیلا و مەجنوون (1859)، بەرهەمی بایەزیدییە. بە دیالێکتی کرمانجی بایەزیدی بە دەست و خەتی خۆی نووسیویەتی، پاشان لە لایەن ژاباوە خراوەتە سەر ئەلفابێی لاتینی و تەرجەمەی فەرەنسی کراوە.لەگەڵ پێشەکییەک بە فەرەنسی بە پێنووسی ژابا.

سێیەم: ریسالەتی حەکایەتان، چل چیرۆکی کوردییە، بایەزیدی نووسیوونی و ژابا تەرجەمەی فەرەنسی کردوون، لە (1860) لە پیترسبۆرگ بە زمانی کوردی و فەرەنسی لەگەڵ پێشەکییەک بە پێنووسی ژابا بڵاوکراونەتەوە.

لەبارەی ئەم کتێبەوە، ژابا لە مانگی مارتی (1859) بۆ رۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی، دۆرن دەنووسێ: توانیم کۆمەڵێک چیرۆک لەزاری کوردی ناوچە جیاجیاکانی مووش و بەتلیس و وان و بایەزید و قارس و ئەرزەڕۆم و ئەرزەنجان کۆبکەمەوە.

چوارەم: عادات و رسووماتنامەی گەوایفی ئەکرادیە و ئوسووڵی نیزاماتی کورمانجی، بەرهەمی بایەزیدییە بە دیالێکتی کرمانجی بە خەتی بایەزیدی خۆی نووسراوە، ژابا تەرجەمەی فەرەنسی کردووە، ئەلێساندر ژابا دەستنووسی ئەم کتێبەی لە ئارشیفخانەی سالیکۆف شیدرین لە لینینگراد لە رووسیا پاراستووە.

پێنجەم: تەرجەمەی کورتەی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەتلیسی بۆ کرمانجی، بە ناونیشانی تەواریخی قەدیمی کوردستان، لە (1858)دا لەلایەن بایەزیدییەوە کراوە. پاشان ژابا تەرجەمەی فەرەنسی کردووە.

شەشەم: دانان و بڵاوکردنەوەی قاموسێکی کوردی-فەرەنسی بە ناونیشانی (Dictionnaire-Kurde-Francais)ساڵی (1879)دا لە سانت پیترسبۆرگ بڵاوکراوەتەوە، بایەزیدی یارمەتی داوە.

حەوتەم: هاوکاریی کردووە لە دانانی قامووسێکی دیالێکتی هەکاری و رەوەندی- فەرەنسی لەگەڵ بایەزیدی.

هەشتەم: لاوێژک، کۆمەڵێک گۆرانییە کە پیاوان دەیڵێن و زۆربەی بەیتەکانی بە لۆلۆ دەلۆ دەست پێدەکات.

نۆیەم: پەندی پێشینان و قسەی نەستەقی کوردەوارین بایەزیدی لە کۆتایی ساڵانی (1850)دا نووسیونی و ژابا رێکی خستوون و وەریگێراون و پێشەکیی بۆ نووسیون.

دەیەم: دانانی فەرهەنگێکی رووسی-فەرەنسی-کوردی و کوردی-رووسی-فەرەنسی. ئەم فەرهەنگەی ژابا، لە(1865) یەکەمین بەشی فەرهەنگە رووسی-فەرەنسی-کوردییەکەی دەنێرێ بۆ ئەکادیمییای ئیمپراتۆری کە بریتی بوو لە (15000) وشە لە (721) لاپەرەدا. بەشی دووەمیشی کوردی-رووسی-فەرەنسییە (600) لاپەڕەیە. لە (1869_1872)دا نووسراوە. تا ئێستا چاپ نەکراوە و لە ئەکادیمییای زانستەکانی سۆڤیەت لە لینینگراد پارێزراوە.

بەم شێوەیە، ئەلێكساندر ژابا رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی لە بواری ئەدەبیاتی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا هەبووە. ئەگەر ژابا نەبووایە، چل و چوار دەستنووسی دانسقەی سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی نۆزدەهەم لە ئەدەبیاتی کوردیدا بزر دەمانەوە. ژابا بوو کە هانی مەلا مەحموودی بایەزیدیی دا بۆ ئەوەی بە کوردی بنووسێت و خزمەتی ئەدەبیاتی نەتەوەکەی خۆی بکات.

هەروەها ژابا، وەرگێڕێکی بەهرەدار، قامووسەوانێکی بەتوانا، ئارشیفیست و کۆکەرەوەی تێکستی فۆلکلۆریی کوردی بووە، ژابا بە شادەماری جموجۆڵی پەخشانی کوردی دەژمێردرێت لە سەدەی نۆزدەهەمدا.


سەرچاوە:

د. فەرهاد پیرباڵ، کورد لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی کلتور، چاپی دووەم، ساڵی2020.


ئه‌م بابه‌ته 209 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر