دوا شێخی گەورەی نەقشبەندی لە هەرێمی ڤۆڵگا
بەشی دووەم

"شێخ زەینوڵڵا" لە ٢ی شوباتی ١٩١٧دا کۆچی دوایی کردووە، ڕێک لە کاتی ڕووخان و کۆتاییهاتنی حوکمی تساریدا (قەیسەریدا). ئەو لە تەمەنی هەشتا و چوار ساڵیدا کۆچی دووای کرد.
PM:03:59:28/10/2022
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


"شێخ زەینوڵڵا ڕەسووڵۆڤ، دوا شێخی گەورەی نەقشبەندی لە هەرێمی ڤۆڵگا -  ئووراڵی ڕووسیادا"

نووسین: حامید ئاڵگەر

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

ئەو هەڵوێستە دوژمنکارییەی بەرانبەر "زەینوڵڵا" نوێنرا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕووسیاوە زۆر بەزەحمەت لێکدەدرێتەوە، لە هەلومەرجی ئەو تۆمەتانەدا کە موسڵمانە هاودین و هاونیشتمانەکانی خۆی دابوویانە پاڵی، مەگەر هەر ئەوە بێت کەوا درکیان بەو مشتومڕانە کردبێت وەک سەرچاوەیەک بۆ ئاڵۆزی و پشێویی مەترسیدار لە هەرێمی ڤۆڵگا - ئووراڵدا. لویستیان کلیمۆڤیچ، کە نووسەرێکی تووند و داخ لەدڵی ناسراوە بەرانبەر بە مێژووی ئیسلام لە ڕووسیای تساریدا، وای بۆ دەچێت کە هۆکاری ئەم سزا و ئازاردانەی زەینوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا "حوکمی ئۆتۆکراتی، لەم حاڵەتە تایبەتییەدا، نەیخواستووە لێبووردە بێت لە بەرانبەر ناکۆکی و جیاوازیی پیاوانی ئایینیی ئیسلامدا یان شێخێکی ئەڵقەلەگوێ [ئاوها] بخاتە پێگە و مەقامێکەوە کە بەتەواوی تاقینەکرابێتەوە. کاتێکیش کە تاقیکرایەوە و لێی دڵنیا بوو ئەوە وەک ئیمام دادەمەزرێت"٤٠. ئەو بۆچوونەی کەوا زەینوڵڵا یان دەستەمۆ کرابوو یان وەک کرێگرتەیەکی حکوومەت هێنرابووە ژێربار لە ماوەی بەندکردن و دوورخستنەوەیدا وا دیارە هیچ پاساوێکی ئەوتۆی نەبووە. بەپێچەوانەوە زیاتر پێدەچێت کەوا ڕووسەکان هەستیان کردبوو کە زەینوڵڵا بووە بە مایەی کێشەی سیاسی، یان بە هۆی ژمارەی مورید و شوێنکەوتووانیەوە یان بە هۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیەوە، چونکە سەرباری هەموو شتێک؛ زیائودین گویمویشخانەڤی مورشیدی بەشداریی شەڕی کردبوو دژ بە هێزەکانی ڕووسیا، کاتێ کەوا زەینوڵڵا لە تاراوگەدا دەژیا. ئەوە ڕاستە کە نە خودی زەینوڵڵا نە مورید و شوێنکەوتووانی هیچ شەڕ و پێکدادانێکی وایان نەبووە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تساریدا، بەڵام هەندێک لە موریدەکانی بەشدار بوون لە چالاکییە سیاسییەکاندا لە ماوەی یەکەم دەیەی سەدەی بیستەمدا و - لە هەمووشی گرنگتر - چالاکییە پەروەردەیی و کولتوورییەکانی زەینوڵڵا بەدیاریکراوی و کاریگەرانە دژ بە جەختکردنەوەی سەرەکیی سیاسەتی ڕووسیا بووە.

لە پاش ساڵێک لە بەربوونی، زەینوڵڵا جارێکیتر ڕۆیشتەوە بۆ حەج و سوودی لەو دەرفەتە وەرگرت بۆ ئەوەی ئەمجارەش سەردانی گویمویشخانەڤی ڕابەر و مورشیدی بکاتەوە. ئەوجا لە پاش ماوەیەکی کورت لە گەڕانەوەی، لە ترۆیتسک نیشتەجێ بوو وەک ئیمامی مزگەوتێکی تازە دروستکراو لە سەر شەقامی ئاموور و مەسەلەکە بەخێرایی ڕوونبووەوە، وەک مەنزیلاوی بە ڕەزامەندییەوە تێبینیی دەکات کەوا "ئەوانەی ئێرەیی دەبەن ناتوانن لە کەمترین هەڵوێستی بیهێننە خوارەوە"٤١. ئەو هەر زووبەزوو لە ناو موسڵمانەکانی شارەکەدا کاریگەرییەکی وای پەیداکرد کە بتوانێت ناوی شەقامی ئاموور بە شێوەیەکی ئیسلامییانە بگۆڕێت بۆ مەعموورییە٤٢. لەوەش گرنگتر ئەو ڕاستییە بوو کە بە هەوڵ و کۆششی زەینوڵڵا هاتەدی و وا ئێستا ترۆیتسک بووە بە مەڵبەندێکی بنەڕەتیی خوێندن و فێرکردنی موسڵمانان لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا و لە هەمان کاتیشدا بووە بە بنکەیەکی ئیزافی بۆ بڵاوبوونەوەی ڕێبازی خالیدیی نەقشبەندی.

زەینوڵڵا ڕەسووڵۆڤ، لە تەنیشت ئەو مزگەوتەوە کە تێیدا بووبوو بە ئیمامی ڕەسمی، مەدرەسەیەکی دامەزراند، کە دوای ئەو بە ڕەسوولییە ناسرا و  تەتار و باشکیر و کازاخەکانی وەک یەک بۆ خۆی کێشدەکرد و هەر زوو ناوبانگی ڕۆیشت وەک یەکەمین دەزگا و دامەزراوەکانی خوێندن و فێرکردنی ئیسلامی لەو خاک و ناوچانەی ژێر حوکمی ڕووسیادا و کۆچکردوو "ئەلێکساندەر بێننیگسن" تەنانەت لەوە دوورتر دەڕوات لە وەسفکردنیدا کەوا چۆن "بووە بە باشترین دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە جیهانی ئیسلامیدا"٤٣. مەدرەسەکە بەهرەمەند بوو لە پشتیوانیی مادیی  ئاڵتینسارین ناوێک، کە بازرگانێکی دەوڵەمەندی کازاخ  بووە و نیگەران بووە لە پەرەسەندن و پێشکەوتنی زمان و فەرهەنگی ڕووسی لە ناو موسڵماناندا کە بەدوای خوێندن و فێرکردنێکی زیاتر جۆراوجۆر و مۆدێرندا دەگەڕان وەک لەوەی کە مەدرەسەی نەریتی بتوانێت دەستەبەری بکات٤٤.  

لە ڕاستیدا سەرکەوتنی ڕەسوولییە تا ڕادەیەک لەوەوە بەدەستهاتبوو کە پەیڕەویی مێتۆدەکانی بنەماکانی پەروەردەی نوێی دەکرد. بابەتێک کە بەتایبەتی جێی مشتومڕ بوو لە ناو تەتار و باشکیرەکاندا و لە وەرچەرخانی سەدەدا خوێندن بوو بە زمانی تورکیی کازانی بە مێتۆدی فۆنەتیکێکی نوێ لەبری فۆنەتیکە نەریتییەکە، بەڵام بە مێتۆدی بڕگەیی ناکارا و لایەنگرانی ئەوی پێشوو بە جەدیدییەکان ناسرابوون و داکۆکیکارانیش لەمەی دوایی بە قەدیمییەکان، وەک ئەوەی ئەم مەسەلەیە هەموو جیاوازییەکانی داخستبێت لە نێوان نوێگەران و موحافزەکاراندا٤٥. لە سەرەتای ساڵی ١٩٠٨وە ڕۆژنامەکانی تەتار وتار و بابەتی عولەماکانی ترۆیتسکیان بڵاودەکردەوە و - لە نێویشیاندا بابەتی زەینوڵڵا ڕەسووڵۆڤ -  بە دید و بۆچوونێکەوە کەوا مێتۆدی فۆنەتیک  پێچەوانە بوو لەگەڵ تێگەیشتنی ئاینیدا. بەڵام لە شوباتی هەمان ساڵدا، زەینوڵڵا لەگەڵ سێ زانای تری ترۆیتسکدا، ناڕەزایینامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئیشارەتیان دا بەوەی کە مێتۆدی فۆنەتیک لە ڕەسوولییە و مەدرەسەکانی تری ترۆیتسکدا لە ساڵی ١٨٩٣وە جێبەجێ کراوە. هەروەها بەردەوام بوو لە سەر وتنی ئەوەی کەوا عولەماکانی ترۆیتسک لارییان نییە لە سەر فراوانکردنی پرۆگرامی مەدرەسە بۆ ئەوەی زانستە سێکولارەکانیش لەخۆبگرێت، بەڵام لە حاڵەتێکدا کەوا زانستەکانی قورئان و سوننە وەک بنەمای مەنهەجەکە بمێنێتەوە. ئەو برۆشەرەی (بڵاوکراوە - و) کەوا فەتواکەی زەینوڵڵا و هاوڕێکانی چاپکرد بەردەوام چاپ و بڵاودەکرایەوە و یەکلاکەرەوە بوو لە دەستەبەر کردنی تا ڕادەیەک قبووڵکردنی مێتۆدی فۆنەتیک لە کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا٤٦.

سەرەڕای پشتگیری کردنی زەنوڵڵا لە مێتۆدی فۆنەتیک و ئەو ڕاستییەی کەوا ئەو یەکێک بووە لەو کەمە شێخانەی سۆفی کە دەبوو لە لایەن جەدیدیستەکانەوە ڕێزی لێبنرێت ناکرێت بیر لەوە بکرێتەوە کەوا خودی زەینوڵڵا خۆی وەک جەدیدیستێک پۆلێن کرابێت. لە ڕاستیدا ڕەسوولییە وا وەسفکراوە کە مەدرەسەیەکی جۆری تێکەڵ یان ناوەندییە (پۆڵۆڤینچاتی)٤٧ و ئەو بێجگە لە بواری فێرکردنی ئەلفابێت (ئەلفبێ) وەک پردێک کاری دەکرد بۆ پێکەوە بەستنی بۆشایی نێوان جەدیدییەکان و قەدیمییەکان. لە واقیعدا وا دیارە زەینوڵڵا توانایەکی بەرچاوی هەبووە بۆ لێکدان و تێکەڵ کردنی نەریتی و مۆدێرن. بەو پێیە لەپێناوی چارەسەر کردنی دەردی مورید و شوێنکەوتووانی، نەدەبوو هەر تەنها دۆعا و نووشتەیان بداتێ، کەوا ئەرک و فەرمانێکی شێخی سۆفی بوو، بەڵکو دەبوو ئەو دەرمانەشیان بۆ دابین بکات لە دەرمانخانە یان نەخۆشخانەکەی خۆیەوە. زەینوڵڵا بەهرەمەند بوو لە ناوبانگێکی گشتی بۆ "زانیاریی دەرەکی"، بە گریمانەی ئەوەی خۆبەخۆ بەدەستیهێنابێت لەو کتێب و نامیلکە زانستییانەی بە شێوەیەکی میللی بە زمانی تورکیی کازان بڵاو دەبوونەوە٤٨.

هاوچەرخێکی شێخ زەینوڵڵا ڕەسووڵۆڤ، کە "عەبدولڕەحمان ئەلمەعازی" بوو، نووسینێکی ڕێنمایی بەجێهێشتووە لەبارەی ڕٶژانەی کارکردنیەوە لە ڕەسوولییەدا. چالاکیی جەماوەریی ئەو لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دەستی پێدەکرد بە سەردان لە لایەن موریدەکانی و خەڵکی ترەوە کە پێویستیان بە ئیرشاد و ڕێنمایی، خێر و سەدەقە یان هاوکاری و یارمەتیی پراکتیکی بوو. لێرە سەماوەر هەمیشە دەکوڵا بۆ چای خواردنەوەی میوانەکان. لە کاتژمێر یانزەدا دەچووە سەر وانە وتنەوە و ڕێنمایی دان لە سەر دەقە بنەڕەتییەکانی وەک "سەحیحی بوخاری - صحیح البخاری" و "تەفسیری جەلالەین - تفسیر الجلالین" تا کاتی نوێژی نیوەڕۆ. دوای نیوەڕۆ ڕەنگە بچووبایە بۆ هەر کۆبوونەوەیەک یان چاوپێکەوتنێک لە دەرەوەی مەدرەسە کە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو، ئەوجا هەمدیس جارێکیتر لەگەڵ سەردانیکەران و خاوەن داواکاریی جۆراوجۆردا کۆدەبووەوە، پاشان ماوەیەک پشووی دەدا تا نوێژی عەسر. دوای ئەوەش گەلێ جار هەر لە مزگەوت دەمایەوە تا نوێژی ئێوارە و لەگەڵ موریدەکاندا کۆڕیان گەرم دەکرد و لەگەڵیان پێکەوە خەتمی خواجەگانیان ئەدا دەکرد، کە دۆعا و نزا خوێندنی تایبەتی ڕێبازی نەقشبەندییە. لە ڕۆژانی هەینی و ڕۆژەکانی تر کاتێ کەوا گوژم و لێشاوی موریدەکان بەتایبەتی دەهاتن بۆ بەجێهێنانی خەتمی خواجەگانی گەورە کە دەبوو دوو جار بەدوای یەکدا بخوێنرێت. لە ڕەمەزاندا خشتەی بەجێهێنانی ئەم ئەرکە زیاتر ڕێکدەخرا و تێیدا شێخ زەینوڵڵا دواینیوەڕوان ئیرشاد و ڕێنمایی دەدا لەجیاتیی بەیانیان و ماوەی دوا دە ڕۆژی مانگەکەش ئیعتیکافی - إعتکاف - دەکرد (واتە لە مزگەوت دەچووە خەڵوەتەوە)٤٩.

بۆ تێگەیشتنی بایەخی تەواوی ڕەسوولییە، دەبێ ئەوە بیربهێنیتەوە کەوا تەتارەکانی کازان و باشکیرەکان دەراوسێی کازاخەکان بوون و هەندێ دوورتر خەڵکەکانی تری هەردە و دەشتاییەکانیش لە سەدەی شانزەهەمەوە. لەگەڵ فراوانبوونی چینی بازرگانیی تەتار لە سەدەی نۆزدەهەمدا، بازرگانەنی تەتار زیاتر هاتوچۆی دەشتایی و بانی کازاخ و ڕۆژاوای سیبریایان دەکرد و وەک بریکار و بانگەشەکاری بەئیسلامکردن کاریان دەکرد بۆ هەر شوێنێک بچوونایە. بەهەرحاڵ، کاریگەریی کولتووری و ئایینیی بازرگانەکان بەدڵنیاییەوە سنووردار بوو و لە ڕێگەی هێنانی کازاخەکانەوە بوو بۆ خوێندن لە مەدرەسەکانی تەتار و باشکیردا و ئەمەش ئەگەری چاندن و بڵاوبوونەوەی ئاین و فەرهەنگ و خوێندەواریی ئیسلامیی قووڵتر و زیاتر کرد.

دیاردەی خوێندنی کازاخەکان لە مەدرەسەکانی تەتاردا وا دەردەکەوێت کە لە دوادوایی سەدەی هەژدەوە دەستی پێکردبێت کاتێ کەوا فاتیمەی کچی موحەممەد جان، کە یەکەم سەرۆکی دوخۆڤنۆی سۆبرانی (کۆڕی ڕۆحانی) بوو، شووی کرد بە خانێکی کازاخەکان و قەناعەتی پێکرد کە ژمارەیەک لە گەنجەکانی کازاخ بنێرێت بۆ خوێندن لە مەدرەسەکانی ئیستەرلیتماک و ئیستەرلیباش لە سەر خەرجیی خۆی٥٠. تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم کاریگەریی تەتارەکان لە سەر کازاخەکان گەیشتبووە ئاستێک کەوا چاودێرانی ڕووس و ڕووسۆفیڵی (هەوادارانی ڕووسیا - و) نیگەران کربوو کەوا مەترسییەکی ڕوونیان دەبینی لە سەر سیاسەتەکانی بەڕووس کردن. بەو پێیە چۆکان وەلیخانۆڤی کازاخ، کە لە گەلێ ڕووەوە خزمەتی سیاسەتی ڕووسیای دەکرد، وای بە بیردا هات کەوا گونجاوە لە یاداشتێکی نهێنیدا و لە دودوایی ساڵی ١٨٦٣ و سەرەتای ١٨٦٤دا وەک پێشنیاز بەرزیکردبووەوە، کەوا بان و دەشتاییەکانی کازاخ لە دەسەڵاتی ئیدارەی ڕۆحانیی ئۆرێنبورگ بکێشرێتەوە و ئیدارەیەکی ڕۆحانیی جیا بۆ کازاخەکان دابمەزرێت، "چونکە لێرە خەڵکی لە تەتارەکان جیان لە ڕووی پیادەکردنی باوەڕەوە" و هەروەها بواری  ئیشان و خواجەکانی سەر بە مەدرەسەکانی تەتار نەدرێت کە لە ناو کازاخە کۆچەرەکاندا نیشتەجێ ببن (لە بەر مەبەستێکی ڕوونە) و لە سەروو هەموو شتێکیشەوە، دەبێ ئەوانە لە ژێر چاودێرییەکی توونددا بن "بۆ ئەوەی ڕێگەیان لێبگیرێت کۆڕ و کۆمەڵی دەروێشی و سۆفیگەری دابمەزرێنن، وەک ئێستا دەیکەن  لە ناوچەکانی بەیان - ئەول و کارکارالینسک"٥١.  

ماوەی بیست ساڵێک دواتر، قامووسسازی بەناوبانگ، "ویلهێلم ڕادلۆف"، بە دڵەڕاوکێیەکی هاوشێوە سەرنجی داوە، لە کارەکەیدا لە سیبیریا  Aus Sibirien، کەوا بە چاکە و کۆششی چالاکی بازرگانە تەتارەکان، "کاریگەریی ئیسلام لە دەشتایی و بانی ڕۆژاوا هێندە بەهێزە کەوا سەدان کەس لە گەنجە کیرغیزەکان [= کازاخەکان] کە خوێندنێکی سەرەتاییان بۆ دابین بووە لە وڵاتی خۆیاندا ئێستا بچن بۆ مەدرەسەکانی تەتار لە باکووری ڕووسیا و لەوێ بەتەواوی زانستە ئیسلامییەکان بخوێنن"٥٢. ئەو سەرنجی ئەوەی داوە کەوا گوندی ئیستەرلیباش بەتایبەتی بۆ گەلێ دەیە کە ساڵانە سەروو ١٥٠ کازاخ وەربگرێت، کە بە لای کەمەوە دە ساڵی خوێندنە لەوێ. وەک سەرنج دەدرێ، ئیستەرلیباشیش مەڵبەندێکی نەقشبەندی بوو و مەدرەسەکەی لە لایەن ئیشان نیعمەتوڵڵا سەرۆکایەتیی دەکرا، کە خەلیفەیەکی تری نیازقولیخانی تورکمانی بوو٥٣.

ترۆیتسک لە ساڵی ١٧٤٣دا دروستکراوە وەک شارۆچکە قەڵایەک لە سەر لێواری خاکی ڕووسیادا و بەو پێیە دەکەوێتە نزیکی دەشتایی و بانی کازاخەوە و شوێن و ڕێیەکی نموونەیی بوو بۆ مەدرەسەیەک بۆ کێشکردنی قوتابییان لە ناو تەتار و باشکیر و کازاخەکاندا. ژمارەی ئەو قوتابییانەی بە مەدرەسەی ڕەسوولیدا تێپەڕیون نەزانراوە، ئەگەرچی مەعازی ژمارەی ٣١١ دەدا بۆ ئەو کاتەی تێیدا نووسیوێتی و پێدەچێت لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بووبێت٥٤. پشکی گرووپە ئیتنیکییە جۆراوجۆرەکان لە ناو قوتابییەکانیشدا دیسان نەزانراوە، بەڵام هەموو باسوخواسەکانی ئەرک و کاری زەینوڵڵا کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جۆراوجۆرییە و بە هەمان شێوەش ئەو ژمارە زۆرەی مورید و شوێنکەوتووان. بۆ نموونە، جەمالەدین وەلیدۆڤ دەڵێ "دەیان هەزار مورید، کەوا زۆربەیان کیرغیز [= کازاخ] و باشکیرن"٥٥. هەموو ئەم موریدانە بەزەروورەت لە سەر دەستی زەینوڵڵا لە ڕەسوولییە نەیانخوێندووە، چونکە ئەو دەبوو قوتابییەکانی بنێرێتە دەرەوە بۆ بان و دەشتاییەکە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئیسلام و ئاستی زانیاریی ئاینی بەرز بکاتەوە لە ناو کازاخەکاندا. بە پێی گێڕانەوەیەک، زەینوڵڵا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا "سەدان مەلای خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە لە زۆرێک لە شارۆچکە و دێهاتەکانی ڤۆڵگای خواروو، ئووراڵ و سیبریادا"٥٦

پەلکوتان و بڵاوبوونەوەی کاریگەریی "زەینوڵڵا" و بەو شێوەیەش لقی خالیدیی تەریقەتی نەقشبەندی لە سیبیریادا بەتایبەتی جێی سەرنجە، چونکە بەو زووە بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە خاک و وڵاتێکدا کە سەروەختێک لە لایەن خانەکانی سیبیریاوە دیسان پەیوەست بوو بە تەریقەتی نەقشبەندییەوە. بە گوێرەی خورافە یان ئەفسانەیەک کەوا سەروەختێک زۆر بڵاوبووبووەوە لە سیبیریای ڕۆژئاوادا، خواجە بەهائەدینی نەقشبەند، لە ساڵی ١٣٦٦دا هەندێ لە هاوەڵانی ناردووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلام لە ناو شامانییەکاندا بە درێژایی ڕووباری ئیرتیش. (شامان خەڵکانێک بوون زیاتر خەرێکی کاری ڕۆحانی و جادوو بوون و مەڵبەندی سەرەکییان سیبیریا و ئاسیای ناوەڕاست بووە - وەرگێڕ). ئەوان لەم کۆششەیاندا ١٧٠٠ جەنگاوەر پشتیوانییان لێدەکرد، کە لە لایەن شەیبان خانی حاکمی پێدەشت و بانی قیبچاقەوە نێردرابوون٥٧. ڕەنگە ئەم ئەفسانەیە لەو یادەوەرییە تەمومژانەوە سەرچاوەی گرتبێت گوایە بە هەوڵی کازم خانی حوکمڕانی خاننشینی سیبیریا بووە لە دەوروبەری ١٥٧٠ تا ١٥٩٨ بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلام لە مەملەکەتەکەیدا، بە هاوکاریی ئەو شێخە نەقشبەندییانەی کە لە لایەن عەبدوڵڵا خانی حاکمی شەیبانیی بوخاراوە نێردرابوون٥٨.

چالاکییەکانی خوێندن و فێرکردنی زەینوڵڵا کاریان بۆ بەهێزکردنی هۆشیاریی ئیسلامی دەکرد لە ناو کازاخەکان و لە سیبیریادا و پاڵپشتی کردنی کاریگەریی تەتار و باشکیر لە سەر حیسابی کۆنترۆڵی ڕووسیا، ڕوون و ئاشکرا دژایەتی کردنی سیاسەتی ڕووسیا بوو و لە ساڵی ١٩٠٦دا ئیجرائاتی فەرمی گیرایەبەر بۆ سنووردار کردنی بوونی تەتار لە کازاخستاندا، لە بەر هۆکاری نەزانراو٥٩. هەمدیس زەینوڵڵا بووەوە بە ناحەزی باڵی ئاینیی دەسەڵاتی ڕووسیا، چونکە وا باس دەکرا کە مسیۆنێرەکانی کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕووسی نیازیان وا بووە کازاخستان بکەنە کریستیان  و ئەمیان بە "کەسێکی بەتایبەت قێزەون" دادەنا٦٠

هەردوک کەنیسە و دەوڵەت هەستیان بە تەحەدا و سووکایەتی دەکرد لەو سەرچڵییانەی کەوا "زەینوڵڵا" دەستی دابوویە و بڵاویدەکردنەوە. لە ساڵی ١٩٠٨دا، لە ئۆرێنبورگ کەوتە بڵاوکردنەوەی مێژووی بوڵگارەکانی ڤۆڵگا، باشکیرەکان، تەتارەکانی کازان، کازاخەکان و ئۆزبەکەکان لە ژێر ناونیشانی "تەلفیقولئەخبار - تلفیق الأخبار"دا. ئەم کتێبە بە عەرەبی نووسرابوو لە لایەن "شێخ موراد" ڕەمزییەوە، کەوا کەسێکی باشکیر بوو و لە بوخارا خوێندبووی، بەڵام لە حیجاز نیشتەجێ بووبوو و هەموو هاوینێک سەردانی زێد و نیشتمانی خۆی دەکردەوە. کتێبەکە بە تۆنێکی ناسیۆنالیستیی بەهێزەوە بەردەوام ئیشارەت بە ڕووسیا دەدا وەک یاجوج و ماجوج و بانگەشە بۆ یەکێتیی گەلە موسڵمانە بە ڕەگەز تورکەکان دەکات٦١ (مەبەست گەلە تورکی زمانەکانی Turkic ناوەڕاستی ئاسیایە، وەک تەتار و باشکیر و ئۆزبەک و کیرغیز و .. تاد - وەرگێڕ). هەر زوو لە پاش دەرچوونی کتێبەکە لە لایەن سانسۆرەوە قەدەغە کرا بەو پێیەی سووکایەتی تێدایە بۆ ئیمپراتۆر ئەلێکساندەری سێهەم و کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕووسی وەک "هاندانی موسڵمانان دژ بە ڕووسەکان بەگشتی"٦٢. ئەوەی جێی تێبینییە کەوا زەینوڵڵا چاودێری و سەرپەرشتیی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەی کردووە بە شێوازی پان تورکییەکەی و هەروەها جەختکردنەوە ئیسلامییەکەیەوە. بێگومان ئەو هاوڕا و هاوبۆچوونی نووسەرەکەی بووە کەوا ئامانجی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بۆ ئەوە بووە کە "هەموو ڕێگاکانی زانست و زانیاری لە موسڵمانەکان دابخەن، ڕێگەی ڕووسیا نەبێت، لەپێناوی ئامانجێکی ڕوون و ئاشکرادا کە ئەویش وەرچەخان بوو بۆ مەسیحییەت"٦٣.  

مێتۆدەکانی "زەینوڵڵا" لە بەگژداچوونی سیاسەتی ڕووسیادا وا دیارە بە حەسری ئاینی و کولتووری و خوێندن بووە و هیچ باس و زانیارییەکی ئاشکرای لە سەر نەبووە لەبارەی چالاکیی سیاسییەوە. بێجگە لەوەش، وا لەقەڵەمدرابوو کە لەگەڵ خولیا و مەرامی ئەو تەتارانە و موسڵمانەکانی تری ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیدایە، کە ماوەیەک هەوڵی هاوپەیمانێتییەکیان دەدا لەگەڵ بۆرجوازییە لیبراڵەکانی ڕووسیادا لەپێناوی چاککردن و پێشخستنی دۆخی موسڵمانەکاندا. بەو پێیە ئەو پەیامێکی نیازپاکیی نارد بۆ سێهەم کۆنگرەی موسڵمانانی تەواوی ڕووسیا کە لە نێوان ١٦ و ٢٠ی ئابی ١٩٠٦دا لە نیژنی نۆڤگۆرۆد بەسترا٦٤. عەلیمجان باروودیی سەرکردەی ئیتتیفاقول موسلیمین (إتفاق المسلمین)، کەوا کۆمەڵەیەکی ئیسلامی بوو و لەو کۆنگرەیەدا گۆڕابوو بۆ حیزبێکی سیاسی، شوێنکەوتوویەکی بەناوبانگی "شێخ زەینوڵڵا" بوو. لە ساڵی ١٩٠٨ بەملاوە، ڕوونبووەوە کەوا ڕووسەکان ناخوازن داواکاریی موسڵمانەکان جێبەجێ بکەن و سیاسەتی میانڕەوی ئیتتیفاقول موسلیمین لە بەرژەوەندیی لایەنە ڕادیکاڵەکان هەرەسی هێنا. هەڵبەت زەینوڵڵا هیچ پەیوەندییەکی نەبوو بەم مەسەلانەوە. 

لە کاتێکدا کە مورید و شوێنکەوتووی زەینوڵڵا، بە هەموو پێوەر و گێڕانەوەیەک، هێجگار گەورە بووبوو، بەڵام تا ڕادەیەک کەم لە موریدە ناودارەکانی بە ناو ناسرابوون. عەلیمجان باروودی، سەرەڕای چالاکییە سیاسییەکانی، بەڕێوەبەری مەدرەسەی موحەممەدییەش بوو لە کازان، کە دامەزراوەیەک بوو پەیڕەویی مێتۆدی نوێی پەروەردەی دەکرد و بە ٣٠٠ - ٤٠٠ قوتابییەکەیەوە گەورەترین مەدرەسە بوو لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا. لە مایسی ١٩١٧دا، بوو بە موفتیی ئوفا و بۆ ساڵی دواتریش بوو بە سەرۆکی بەشی ئایینیی ئیدارەی نیشتمانیی موسڵمانان، کە بنکە و بارەگاکەی لە هەمان شاردا بوو. لە پاش نۆبەتێکی کورتخایەن وەک موفتیی ئۆرێنبورگ، لە ساڵی ١٩٢١دا لە مۆسکۆ کۆچی دوایی کرد. دەگوترێت کەوا ئەو هەر تەنها موریدێکی "شێخ زەینوڵڵا" نەبووە بەڵکو جێگرەوەشی بووە لە ڕێبازی خالیدیی نەقشبەندیدا٦٥.
شوێنکەوتوویەکی تری ناودار و دەرکەوتووی زەینوڵڵا، سابیر جان حەسەنیی موفتیی ئوفا بووە بۆ گەلێ ساڵ. ئەم پیاوە ناوبانگێکی بەرزی هەبووە لە خوێندن و فێرکردنی ئایینیدا لە ناو هەموو موسڵمانانی ڕووسیادا. لە ساڵی ١٩١٠دا، ئیسماعیل بەگی گاسپیراڵی (گاسپینسکی) پرسیارێکی لە خانمە بارۆنێکی ناسراوی نەمساوییەوە لێکراوە کە بیری لێکردووەتەوە ببێتە ئیسلام، بەڵام دوودڵ بووە لەبەر ئەوەی پێویست بووە  سەرپۆش و ڕووبەند بکات. گاسپیراڵی پرسیارەکەی ناردووە بۆ سابیر جان حەسەنی، کە وەڵامی داوەتەوە کەوا ڕووبەند کردن، بەو مانایەی کە جەستەی مێینە بەتەواوی داپۆشرێت و ئافرەتان دووربخرێنەوە لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، هیچ بنەمایەکی لە شەریعەتدا نییە و لە هیچ حاڵەتێکدا نەزانراو بووە لە زۆرێک لە ناوچەکانی ڕووسیادا٦٦. هەروەها لە ساڵی ١٩٠١دا بەرچاو ڕوونیی بەربڵاو و بایەخی داوە بە کۆکردنەوەی پارە بۆ یارمەتیدان لە دروستکردنی هێڵی ئاسنینی حیجازدا٦٧.  مێژووی مردنی سابیر جان حەسەنی نەزانراوە.

شوێنکەوتوویەکی ناوداری تری "شێخ زەینوڵڵا"، ڕیزائەدین بن فەخرەدین بوو، نووسەر و پەروەردەکاری ناسراو کە وازی لە پیشەکەی خۆی هێناوە وەک قازیی ئۆرێنبورگ بۆ ئەوەی خۆی تەرخان بکات بۆ کاری وانە وتنەوە و توێژینەوە. گرنگترینی نووسینە زۆرەکانی کتێبی "ئاسارە"، کە قامووسێکی ژیاننامەیە (بایۆگرافییە) و بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ زاناکان و پیاوانی ئایینیی تەتار و باشکیرن و هەروەها هەندێک لە خەڵکانی داغستانی و ئاسیای ناوەڕاستیشی گرتبووەوە. ڕێز و شكۆدانانی ڕیزائەدین بۆ شێخ زەینوڵڵا ڕوون و ئاشکرایە لە گەلێ شوێنی ئەم باسەدا و هەندێک باسوخواسیش بەتەواوی پشتی بەستووە بەو زانیارییانەی کە ئەو داوێتی. لە دیسەمبەری ١٩١٧دا ڕیزائەدین گەڕایەوە بۆ کاری فەرمیی دەوڵەت، کاتێ کە بە جێگری موفتیی شاری ئوفا دانرا و لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٢یشەوە بوو بە موفتی بە دوای مردنی عەلیمجان باروودیدا.  لە هەمان ساڵدا، سەرۆکایەتیی وەفدی سۆڤیێتیی کرد بۆ کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئیسلامی لە مەککە. لە ساڵی ١٩٣١دا، لە لایەن دەسەڵاتدارانی سۆڤیێتەوە بانگهێشت کرا بۆ بەئاشکرا سەلماندنی ئەوەی کە ئازادیی ئایینیی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا دەستەبەرە. بەڵام ڕەتکردنەوەی ئەم مەسەلەیە بوو بە مایەی بێزار کردن و تەگەرە و کێشە بۆ دروستکردنی تا کۆتایی ژیانی و لە نیسانی ١٩٣٦دا کۆچی دوایی کرد، لە دۆخێکی پڕ هەژاری و نەداریی گەورەدا٦٨. ئاساییکردنەوەی دۆخی پاش مردن بڵاوکردنەوەی کورتەیەکی ستایشنامەی بایۆگرافی بوو لە ساڵی ١٩٨٤دا لە کتێبی موسڵمانانی ڕۆژهەڵاتی سۆڤیێتیدا Les Musulmans de l’Orient Sovietique٦٩.

کەسایەتییەکی تر کە بەوە ناسرابوو مورید و خەلیفەیەکی "شێخ زەینوڵڵا" بووە، باوکی تورکناس و مێژوونووسی ناودار زەکی وەلیدی تۆگان بوو، کە مامۆستا و ڕابەرێکی ئایینی بووە و لە مەدرەسەکەیدا وانە و ڕێنمایی دەدا بە نزیکەی دووسەد  شاگرد و خوێندکاری باشکیری. ئەم باوک و کوڕە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک سەردانی شێخ زەینوڵڵایان دەکرد لە ترۆیتسک، بەڵام زەکی وەلیدی سەرەڕای ڕقلێبوونەوەی لە سۆفییەکان، کە بە کەسانی مەراییکەری لەقەڵەم دەدان، کەچی ڕێزی لە زەینوڵڵا دەگرت (لەگەڵ ژمارەیەکی تری شێخەکاندا) وەک "پیاوانی دڵسۆز و ڕاستگۆ و نموونەی مۆراڵ و بەهای بەرز"٧٠. باوکی زەکی وەلیدی ئیجازەی لە زەینوڵڵا وەرگرتووە بۆ ئەوەی پابەندبوونی تەریقەت بداتە خەڵکی لە ڕەوتی خالیدیی نەقشبەندیدا، بەڵام ئەو تەنها جارێک ئەو دەسەڵاتەی بەکارهێناوە و بە پێی قسەی کوڕەکەی بێت لەبەر ئەوە بووە کەوا "چیتر کاتی سۆفیگەری نەماوە"٧١.

"شێخ زەینوڵڵا" لە ٢ی شوباتی ١٩١٧دا کۆچی دوایی کردووە، ڕێک لە کاتی ڕووخان و کۆتاییهاتنی حوکمی تساریدا (قەیسەریدا). ئەو لە تەمەنی هەشتا و چوار ساڵیدا مرد و هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکی کەم بوو کە وازی لە دەرس وتنەوە هێنابوو، بەڵام هێشتا هەر چالاک بوو بۆ بەردەوامیدان  بە ڕاییکردن و ئیدارەدانی مورید و شوێنکەوتووە زۆرەکانی٧٢. ئاخۆ ئەم پیاوە هیچ سەرنجێکی دەربڕیوە لە سەر ئەو گۆڕانکارییانەی دواتر بەردەوام بوون ئەوە نازانرێت، بەڵام کارێکی کاریگەری دانان کە ئەو زیرەکیی خۆی تێدا بەکارهێناوە دەرکەوتنی هاوەڵەکانێتی،  چەشنی باروودی و ڕیزائەدین لە کاروباری دەستەی نیشتمانیی موسڵماناندا کەوا لە ٢٢ی تەمووزی ١٩١٧دا، ئۆتۆنۆمیی موسڵمانانی ناوەوەی ڕووسیا و سیبیریای ڕاگەیاند.



ئه‌م بابه‌ته 118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر