کورد و هەڵاوسانی ئابووریی جیهانی، بەهۆی گرانی نرخی وزەوە

چوار فاکتەری گەورە هەڕەشە لەم هەسارەیە ئەکەن، لەنگەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان تێک و پێکداوە.
PM:08:19:23/10/2022
دۆسیە: ئابوری


بەهرۆز جەعفەر
بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی (میدیتریانە)


چوار فاکتەری گەورە هەڕەشە لەم هەسارەیە ئەکەن، لەنگەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان تێک و پێکداوە:-

1-گۆڕانی کەشوهەوا، بەهۆی پیسبونی ژینگە و گەرمبونی گۆی زەوی و وشکە ساڵییەوە، لە لایەک بۆتە هۆی کارەساتی سرووشتی (تەنها لە مانگێکدا بە بەهای ٣٠ ملیار دۆلار لافاو زیانی لە پاکستان داوە) لە لایەکی تریش بۆتە هۆی قەیرانی کەم ئاویی و هەڕەشە لە بەرنامەی خۆراکی جیهانیش ئەکات.

2-قەیران و لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیاو خۆرئاوا. کە تێچووی ئەم جەنگە لە ٢٤ ی شوباتی ٢٠٢٢ ەوە تا ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بە (٣) تریلیۆن دۆلار ئەخەمڵێنرێت. گەورەترین لێکەوتەی ئەوەیە کە قەیرانی گازی سرووشتی و گرانی بازاڕی وزە وایکردووە هەڵاوسانێکی ئابووریی بێوێنە لە ئەوروپاو ئەمریکا دروست ببێت.

3-قەیرانی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی. جگە لە (٥) ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش چەندین وڵاتی وەکو پاکستان و ئیسرائیل و ئێران و کۆریای باکوور، دەستیان گەیشتووە بە چەکی ناوەکی یان نزیکن لەو بەرنامە ئەتۆمییە.

4-قەیرانی بڵاوبونەوەو تەشەنەسەندنی "نایەکسانی" لە تەواوی وڵاتانی دیموکرات و نا-دیموکراتدا، چینی ناوەڕاست ڕووی لە کەمبوونەوەیە. لەم ساتەدا تەنها لە یەمەن (٧٥٠) هەزار منداڵ پێویستیان بە خۆراکەو تووشی برسێتی بوون.

لەگەڵ ئەمانەشدا، ئامارەکان و ئاماژەکان بۆ ئەوروپا بە تایبەتی و جیهان بەگشتی نیشانی ئەدەن، سیستەمی سەرمایەداری- خۆرئاوایی تاقەتی بەڕێوەبردنی دونیای نەماوە:-

- پێش قەیرانی ئۆکراینا و گرانبونی بازاڕی وزە، کۆرۆنا ڤایرەس لە (٢٠٢٠ و ٢٠٢١) دا دەیان تریلیۆن دۆلار زیانی بە ئابووریی جیهانی و کۆی گشتی ئاستی بەرهەمهێنان لە تەواوی جیهاندا گەیاندووە.

- بە گوێرەی سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا "دەنیس شیمخاڵ" جەنگ زیانی (٧٥٠) ملیار دۆلاری لە ئۆکراینا داوە و، (١٠) ملیۆن ئۆکراینیش ئاوارەی پۆڵەنداو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بوون.

-  تەنها لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ەوە، نرخی وزە لە ئەوروپا (٨٤٪) هەڵکشاوە.

- ئەڵمانیا (٢٠٠) ملیار یۆرۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرانی نرخی وزە لەم زستانەدا تەرخان کردووە. لە (٥) وڵاتی ئەوروپیش خۆپیشاندان دژی گرانی بازاڕی سوتەمەنی دەستی پێکردووە.

-بەهای پاوەندی بەریتانی لە ساڵی (١٩٧٦) ەوە قەت وەکو ئێستا دانەبەزیوە، بەهای یۆرۆ لە هەموو تەمەنی دراوەکەدا کە (٣٠) ساڵێكە قەت وەکو ئێستا دانەکشاوە. 

"کورد چاوەڕێی دەرفەت بکات؟"

کونێک (تەنها کونێک) کەوتە هێڵی بۆڕیی گازیی نۆرت ستریم-٢، ئیتر شارستانییەتی خۆرئاوا کەوتە لەرزین و خۆی خستە ژێر پرسیارەەوە! هەزاران ساڵە و لە زەمانی تیروکەوانەوە هەرچی چەکێک دروست بووە بە سەر کورددا تاقی کراوەتەوە، هەزاران جار کۆمەڵکوژی کراوە، هێشتا کورد هەر ماوە و شارستانییەت و زمان و کولتوورو ئاڵاو هێماکانی ئەگەشێتەوە.

"گۆڕان" ئەشێت باش بێت، ئەشێت "خراپ" بێت. بە بڕوای من کورد سوودی گەوره‌ی لە "مۆدێرنیتی" خۆرئاوایی بینی. ئەیتوانی سوودی زۆر زۆر گەورەتری لێ ببینیێت، بەڵام چونکە تێی نەگەیشت، یان درەنگ تێی گەیشتن، نەیتوانی وەک پێویست خۆی هاوتای کاروانە جیهانییەکان بکاتەوە. لێرەدا بەگشتی:-

-وەک دەرئەکەوێت، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوت و گازی سرووشتی بەشێوەی بەرچاو بەرز ئەبێتەوە. لە هەموو حاڵەتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت ئەچێتە نێوان (١٢٥ بۆ ١٥٠$) دۆلاری ئەمریکی. بەدڵنیاییەوە لە ساڵانی ئایندەدا نرخی نەوت دائەبەزێت بۆ ٤٠ دۆلار یان ٥٠ دۆلار. ئەگەر ئەمڕۆکە خێرا کورد سوود لەم دەرفەتە نەبینێت و، ژێرخانێکی بەهێز چێ نەکات و، ئابووریی هەمەچەشن و سەرچاوەی داهات هەمەڕەنگ نەکات، کەی سوود لە دەرفەت وەرئەگیرێت؟

-بایەخدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپا لەلایەک و چین و ڕووسیا لەلایەکی ترەوە ئەگاتە ئەوپەڕی. بەهۆی فاکتەری جیۆپۆلەتیک (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکەوێتە ناوەندی هەرسێ کیشوەری ئاسیا و ئەوروپاو ئەفریکا) ەوە، کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لەم سەرزەوییە بەشێکی گرنگ یان بزوێنەری ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ئێران و سوریاو ئێراق و تورکیاش. هەروەها فاکتەری بازاڕ (بازاڕ واتە ڕەگەزە سەرەکییەکەی لیبراڵیزم) زیاتر لە (٤٠٪) کاڵاو شمەکی جیهانی بە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عوماندا بەرەو جیهان دێن و ئەڕۆن، هێشتا نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵیان هەیە لەسەر نرخدانانی جیهانی (وەک لە دواییین بڕیاری ئۆپیکدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بینیمان).

گەورەترین هەڕەشە لەسەر کورد، لەسەر خەڵک و تاک و دەزگای کورد ئەوەیە کە هەمیشە خۆی بە کەم ئەزانێت. هەستی خۆ-بەکەمزانینی کورد بەرانبەر نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەر، هەستی خۆ بە کەمزانی تاکی کورد و تەنانەت نوخبەو بیرکەرەوەی کوردیی بەرانبەر بە جیهانی دەرەوە، ئەو پاڵنەرە دروست ناکات کە لە ناوخۆدا پشت بە خۆی و لە دەرەوەش پاڵپشتی بە‌هێز بۆ خۆی دەستەبەر بکات. لەم چرکەساتەدا تەنها و تەنها بیر لە ناو شەقامە شەستییەکەی سولەیمانی دەوروبەری ئەکەمەوە، دەیان حیزب و گرووپ و کوتلەی جۆراوجۆری تیایە، چۆن بجوڵێیتەوە بەر یەک- دووانێکیان ئەکەویت، نە ڕوئیا هەیە نە خیتابێکی دیار! بە هەرکامێكیان ئەڵێی: تۆ بۆچی هەیت؟ ئەیهێنێت و ئەیبات، تەنهاو تەنها ئەوەیە لەداخ و لە ڕقی ئەویتریان ئەمیش هەیە!. ئینجا وێنەکە گەورە بکە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، ئینجا بۆ هەموو کوردستان.



ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر