شێخ خالید و ڕێبازی نەقشبەندی
بەشی یەکەم

ئەو پیاوەی کە ئەم تەریقەتەی بە ناوەوە کراوە، "بەهائەدین موحەممەدی نەقشبەندە"، کە ساڵی ٧١٧ / ١٣١٧ لە گوندێکی نزیک بوخارا لەدایکبووە و ژیانی هەر لەو ناوچەیە بەسەربردووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە لە ساڵی ٧٩١ / ١٣٨٩دا.
PM:02:37:21/09/2022
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد



نووسین: ئەلبەرت حۆرانی

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

لەم ساڵانەی دواییدا، باس و بابەتی زۆر لەسەر بزووتنەوە نوێکانی ئیسلام و نووسراوە و بنەچە و ئاڕاستەی هەندێکیان لە ئێستادا بە باشی بنەچە و ئاڕاستەیان زانراوە؛ کە جەختکردنە لەسەر چالاکیی کارا و خاوێن، پوخت و ڕاستگۆیە لە ڕووی گووتار و گفتاری نەریتیی دیاریکراوەوە، بەڵام لەڕاستیدا بە چاوێکی سووک دەڕوانێتە بیری "زانستیی" سەدەی نۆزدەی ئەوروپییەکان و هەندێ جاریش بە لای نهیلیزمی شۆڕشگێڕانەدا دایدەشکێنێت، کە جیاکردنەوەیەکی تووندە لە نێوان ئەوەی کە بنەڕەتی بووە لە ئایندا و ئەو  یاسا و نەریت و پراکتیزانەدا کە ملکەچی پرەنسیپی پێشکەوتنن و بەو پێیەش دەکرێ بەر گۆڕانکاری و ڕەتکردنەوەیەکی "پرۆتستانەی" ئیسلام بکەون، وەک ئەوەی لەواقیعدا پەرەیسەندووە و بە شێوەیەکی تایبەتیش ئاڕاستەکانی سۆفیگەری کە بوو بە مۆرکی مێژووی دواتری ئیسلام بە ناوی پاکژیی ڕاستەقینە یان خەیاڵکردی ئەم باوەڕە لە یەکەم قۆناخیدا. 

هەڵبەت پەیوەندیی نێوان ئەم جۆرە بزووتنەوانە یەکەمجار وا دێتە بەرچاو کە ڕوون نەبێت. من لە کتێبێکمدا کە چەند ساڵێک لەمەوپێش بڵاو کرایەوە، هەوڵمداوە ئەوە ڕوونبکەمەوە کەوا گەڕانەوە بۆ سادەیی و سەرەتایی و دڵگەرمیی باوەڕ ڕەنگە کاریگەرییەکی پێچەوانەی ئەوەی هەبێت کە مەبەست بێت و کەم تا زۆر سەر دەکێشێتەوە بۆ سێکولاریزمێکی تەواو١. بێجگە لەوەش، پێگە و هەڵوێستی ئەوانەی کەوا بیر و تێڕوانینی "نوێگەرییان" هێناوەتە پێشەوە و وا دیارە هیچ کاتێ بەدەر نەبووە لە تەمومژ. بێگومان ئەمە ڕیزپەڕیشی تێدا بووە، چونکە هەموو ئەوانەی "محەممەد ڕەشید ڕەزا" نووسیویانە مۆرکی لۆجیکێکی ڕەق و تووندیان پێوەیە  کەوا هیچ سازشێک قبووڵ ناکات. بەڵام مرۆڤ چەند خوێندنەوە لە  بیر و هزری "محەممەد عەبدە"دا بکات ئەوەندە وێنە و هێڵە گشتییەکانی لەلا کەمدەبێتەوە. بەتایبەتی دەبێ ئێمە زۆر بەئاگابین لەوەی کە ئەم ڕەتکردنەوەی لێکدانەوەی سۆفیگەرانەی ئیسلام دەدەینە پاڵی کەوا بیر و هزری ڕەشید ڕەزا و ئەوانیتر جیادەکەنەوە لە شوێنکەوتووە سوورییەکانی. ڕاهێنانی بەرایی ئاینیی ئەو لە جوغز و کایەی نەریتی سۆفیگەرانەدا بوو. هەروەها پەیوەندییە بەراییەکانی لەگەڵ جەمالەدیندا شتێک لە پەیوەندیی مورید و مورشیدی تێدابوو، کە تا کۆتایی ژیانی وایدەبینی کەوا پێویستە پابەندبوونی دەرەکیی باوەڕ تێپەڕێنێت بۆ باوەڕە "ناوەکییەکە" کەوا خاڵی دەستپێکردنی سۆفیگەرییە و بەهای جۆرێک لە دیسپلینی ڕۆحیی بۆ دەگەڕێتەوە کەوا شێخە ئوسووڵییەکانی ڕێبازی سۆفیگەری زیاتر ڕێنمایی و ئیرشادی بۆ دەکەن. ئەو جارێکیان بە ڕەشید ڕەزای وتووە: "ئاخۆ من نائومێد بم لە چاکسازیی ئەزهەر، نەخێر من دە قوتابی هەڵدەبژێرم و لە ماڵەکەی خۆمدا لە عەین شەمس شوێن و ڕێیان بۆ تەرخان دەکەم و لەوێ کار لەسەر پەروەردە کردنی سۆفییانەیان دەکەم تا خوێندن تەواو دەکەن"٢. 

ڕەتکردنەوەی سۆفیزم لە لایەن ئەو موسڵمانانەوە کە چوونەتە بەر خوێندنی مۆدێرن لەڕاستیدا پەرەسەندنێکی نوێی ناتەواوە. بە درێژایی سەدەی نۆزدە، زۆربەی خوێندەوارە موسڵمانەکان کە ئاینەکەیان بە تووندی و جیددی گرتووە لەو چوارچێوەیەدا لێکیانداوەتەوە کەوا گەورە زانایانی ژیانی ڕۆحی دایانڕشتووە و تا ئێێستاش زۆرێکیان پابەندن بە یەکێک لەو ڕێباز و برایەتییانەوە کە ئەوان دایانمەزراندووە یان لە ژێر ناوی ئەواندا کار دەکەن. دوور لە لاوازبوون و داڕووخان، لە گەلێ ڕووەوە ئەم ڕێباز و برایەتییانە بووژانەوە و پەرەسەندنیان بە خۆیانەوە بینیوە. هەندێک لەمانە چالاک بوون لە ڕێکخستن و ڕابەری کردنی بەرگریی داگیرکاریی ئەورووپیدا. بۆ نموونە نەقشبەندی لە قەوقاز و سنووسی لە لیبیادا. هەڵبەت ڕێباز و تەریقەتی تری نوێ دامەزران  و هەندێ لە کۆنەکان ئاڕاستەیەکی نوێیان گرتەبەر، لە هەندێکیشیاندا پێداگرتن دەبینین لەسەر پابەندبوونی توند بە یاساوە و داواواکاری و ئیددیعا کردنی ئەوەی کە بە شێوەیەکی ڕەها ڕاستی لای ئەوە و بەمەش زەمینەی خۆش دەکرد بۆ ئەو بزووتنەوە "نوێگەرانە" کە لە کۆتاییدا دژ بەو ڕێباز و برایەتییانە خۆیان  دەوەستانەوە.

ئەمەی خوارەوە هەوڵدانێکە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ بەشێکی بچووکی ئەم بابەتە کە بێبایەخیش نییە لەم بوارەدا و ئەویش بڵاوبوونەوەی تەریقەت یان ڕێبازی نەقشبەندییە لە ناوچە یان هەرێمێکی جیهانی ئیسلامیدا.

ئەو پیاوەی کە ئەم تەریقەتەی بە ناوەوە کراوە، "بەهائەدین موحەممەدی نەقشبەندە"، کە ساڵی ٧١٧ / ١٣١٧ لە گوندێکی نزیک بوخارا لەدایکبووە و ژیانی هەر لەو ناوچەیە بەسەربردووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە لە ساڵی ٧٩١ / ١٣٨٩دا. ئێستا مەزاری ئەم پیاوە هەمیشە بووە بە مەڵبەندێکی گەورەی سەردانی کردنی، نەک تەنها بۆ گوند و شارنشینانی ناوچەکە، بەڵکو بۆ موسڵمانە باوەڕدارەکانی دوور دووریش تا دەگاتە چین٣. بەڵام ئەم ڕێبازە لەلایەن "بەهائەدین نەقشبەند" خۆیەوە دانەمەزراوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا شوێنکەوتووانی ئەم ڕێبازە ڕەچەڵەکی ڕۆحیی خۆیان بە سێ هێڵ دەبەنەوە بۆ سەر پێغەمبەر:- یەکەم لە ڕێگەی عەلی کوڕی ئەبوتالیب، ئیمام حوسەین، ئیمامەکانی شیعە، مەعرووفی کەرخی و جونەید. دووەم لە عەلییەوە بە ڕێگەی حەسەنی بەسری و دیسان بۆ جونەید. سێهەمیش (کە لە سەردەمی نوێدا پەسەندتر و شوێنکەوتووی زیاترە) لە ڕێگەی ئەبوبەکری سیددیق، سەلمانی فارسی و ئەبو یەزید ئەلبوستامییەوە٤. هەروەها نووسەرانی ئەم ڕێبازە قۆناخی جیاجیا دەسنیشان دەکەن لە مێژووی ڕێبازەکەدا کە بە ناوی جۆراوجۆر دیاری دەکرێت. لە ئەبوبەکری سیددیقەوە بۆ ئەبو یەزید تەیفووری بوستامی پێیدەوترێت "سیددیقییە" و لە ئەبو یەزیدەوە بۆ عەبدولخالیق ئەلغوجدەوانی پێیدەوترێت "تەیفوورییە" و لە غوجدەوانییەوە بۆ بەهائەدینی نەقشبەند پێیدەوترێت "خۆجەگانی" و لە نەقشبەندەوە بۆ شێخ ئەحمەدی سرهندی پێیدەوترێت "نەقشبەند" و لە ئەحمەدی سه‌رهندییەوە بۆ شێخ خالید پێیدەوترێت "موجەددیدی" و لە پاش شێخ خالید پێیدەوترێت "خالیدییە"٥. ئەم گۆڕانکارییانە لە ناودا ئاماژەن بۆ وەرچەخانی دیاریکراو لە ژێر کاریگەریی کەسایەتییە بەهێز و دەسەڵاتدارەکاندا.

بنەچە و پەرەسەندنەکانی ڕێبازەکە لە ژمارەیەک نووسینی گرنگدا توێژینەوەیان لەسەر کراوە لە لایەن م. مۆلەوە٦. بە پێی لێکدانەوەی ئەو، ڕەگ و بنەچەی ئەم ڕێبازە دەچێتەوە سەر نەریتی سۆفیگەریی خوراسان و ئەمە لە خۆیدا کاردانەوەیەکە بە ئاڕاستەی سۆفیگەرییەکانی بەغدا لە سەدەی چوارەمی ئیسلامیدا. سۆفیزم لە خوراساندا بەتەواوی سووننی بوو، بەڵام لەژێر کاریگەریی ڕێنماییەکانی مەلامەتیدا بوو rnaldmati، کە مرۆڤ دەبێت خۆی بە کەم دابنێت لەبەرچاوی ئەوانیتر لە ڕێگەی ئەو کار و کردەوانەوە کە وا دەردەکەوێت پێچەوانەی یاسا بن، چونکە ناو و ناوبانگی دنیایی هیچ بایەخێکی بۆ دانەدەنرا و نەریتی فتووە futwuua و یادەوەریی حەللاجی پاراستبوو. لە ناو ئەم کۆمەڵە بیر و ئایدیایانەدا چەندین دژواریی زیمنیی هەبوو و وردە وردە سۆفییەکانی کەرت و دابەش بوون بە سەر  دوو کۆمەڵی سەرەکیدا و هەردوو لا خۆیان دەبردەوە سەر یوسفی هەمەدانی. هێڵێک لەمە بە ئەحمەدی یەسەویدا تێدەپەڕێت و بە ڕێبازی بەکتاشی کۆتایی دێت و ئەویتریان بە عەبدولخالیقی غوجدەوانیدا تێدەپەڕێت بۆ بەهادینی نەقشبەند.

بێگومان کارێکی ئاسان نییە شوێن پێکەوەبەستن و جیاوازیی ئەم دوو هێڵە بکەویت، کە هیچ کامێکیان ئەویتری ڕەتنەدەکردەوە؛ حاجی بەکتاش خودی خۆی نەقشبەندی بوو، بەڵام مۆلە توانیی هەندێ جیاوازیی دروست بکات. یەکەمجار ئەم دوو گرووپە هەندێ جیاوازیی دیاریکراوی لە نێواندا هەبوو. یەسەوی و ئەو لقەی لێ جیابووبووەوە کە بەکتاشی بوو بە شێوەیەکی سەرەکی تورک بوون، بەڵام بەهائەدینی نەقشبەند خۆی تاجیک بوو (لە ناو کورددا و بەتایبەتی سۆفییەکان بە شاهی نەقشبەند بەناوبانگە - وەرگێڕ) و لە ڕۆژگاری بەراییدا ڕێبازەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناو دانیشتووانی فارسی زمانی ناوەڕاستی ئاسیادا بڵاو بووەوە. بەڵام ناکرێ زۆر پێ لەسەر هێز و بایەخی ئەم تایبەتمەندییە دابگرین، چونکە نەقشبەندی خۆی جۆرە پەیوەندییەکی هەبووە لەگەڵ شێخە تورکەکانی سەردەم و زەمانی خۆیدا و وەک دواتر دەبینین ئەم ڕێبازەی کە دوای کۆچی دوای خۆی بە ناویە ناونرا دواتر لە وڵاتانی تورکی زماندا بڵاو بووەوە. یەک لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی نەقشبەندی جەختکردنەوە بوو لەسەر باوەڕ و هەڵوێست لە بەرانبەر شەریعەتدا.

جەختکردنەوەی سەرەکیی ڕێنماییەکانی نەقشبەندی هەمیشە پێویستی بە ژیانێک بوو کە بەتەواوی ڕوو لە خودا بێت، وەک ئەوەی لە حوزووریدا بژی، پڕ بێت لە خۆشەویستی لەئاستیدا، ڕوو بکاتە پەرستنی ئەو بێ هیچ نێوەندگیرێک و بێ خەڵات و پاداشتێکی ئەرزی و دنیایی و بگرە خەڵات و بەراتی مرۆڤیش. تەنانەت لە کاتی قسەکردنیشدا بۆ خەڵکی تر دەبێ خودی ناوەوەی کەسەکە ڕوو لە خودا بێت. دەگوترێت کەوا ناوی "نەقشبەند" (نیگارکێش) لەو سۆنگەیەوە  لە بەهادین نراوە کە شوێن شێوەی تەواوەتی هەمیشەیی کەوتووە لە دڵیدا٧. ئەو بە پەیڕەوی کردنی نەریتێکی تایبەتی سۆفییانە هەمیشە خۆی دوورگرتووە لە دەرباری حوکمڕانان، چونکە دەسەڵات چنگ لە دڵ دەدا لە کاروباری دنیادا و لە خوا دوورت دەخاتەوە. ئەو لە سەرەتای ژیانیدا ئەزموونێکی تایبەتی هەبوو لە ژیانی گشتیدا، کاتێ کە یەکێک لە مامۆستا و ڕێنماییکارانی بە ناوی شێخ خەلیل بۆ ماوەیەک بوو بە حوکمڕانی ترانسۆخیانا (ئەمە لە ئەدەبیاتی عەرەبیی کۆندا بە بلاد ماورا‌و النهر ناسراوە - و)، بەڵام پاش ئەوەی خەلیل لە  دەسەڵات کەوت بەهائەدین دەسبەرداری هەموو شتێکی دنیا بوو. یەک لەو قسە و باسانەی لەسەری دەکرێت کەوا لەو خواردنەی نەخواردووە کە پاشای هیرات بۆی ئامادە کردووە٨.

دووەم، "fidele a la grandeur austere de 1‌islam sunnite"، پابەند بوون بە مەزنیی ئیسلام و بە شەریعەت وەک  ئەوەی ئەهلی سوننە تێیگەیشتوون٩. وەک ڕێبازێکی سۆفیگەری، چاودێریی دەرەکیی یاسا لەخۆیدا مەبەست نەبوو، لە لایەکی ترەوە خۆ دوورگرتن لە مەترسیی دژواریی یاسای چەسپاو لە ڕێنمایی مەلامەتیدا (بەڵام نەک هەموو ئەوانەی پەیوەستن پێیەوە پارێزراون لەم مەترسییە، چونکە قەلەندەرییەکانی کە پێوە بەسترابوون کەمتر توند بوون لە پابەندی بە شەریعەتەوە١٠ و بەم دواییە سی. جەی. ئەدمۆندس تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا نەقشبەندییەکان لە گوندە کوردییەکاندا، نەک لە شارەکاندا، گەلێ شتی سەیر و نامۆیان پەیڕەویی دەکرد)١١. ڕۆڵی ئەم ڕێبازە بە شێوەیەکی ئوسووڵییانەی زیاتر نەریتی بوو، کە ئەویش بەرگریی کردن بوو لەو هێرشانەی دەکرانە سەر سوننەگەرایی، بەڵام بە قبووڵ کردنی و تێکەڵ کردنی لە سیستەمێکی زیاتر ئاڵۆزدا. ئامانجی سۆفییە نەقشبەندییەکان گەیشتنە بە تێڕامانی ڕاستەوخۆ بۆ خودا، لە ڕێگەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆوە بە پێغەمبەر و ئەولیاکانی خۆشەویستی خودا، ئەگەر بکرێت و پێویستیشە ڕاستەوخۆ بناسرێت، ئەوە دەبێت زاڵ بین بەسەر پێویستیی بە مامۆستایانی بینراودا و پەیوەست بین بە گەورە نەبینراوەکانەوە، واتە بە مردووانی پایە بەرزەوە. (لێرەدا گرنگیی ناوەرۆکی ئیددیعای خودی بەهائەدین دەردەکەوێت کە ئوەیسی بوو. ئاماژە کردن بۆ ئوەیسی  قەرەنی 'یان وەیسی قەرەنی - و'. ئاماژە کردن بۆ ئوەیسی قەرەنی، کە هاوچەرخی پێغەمبەر بووە و بێئەوەی بیبینێت بووەتە موسڵمان  و بەو پێیە ئوەیسی ئەو کەسەیە کەوا گەیشتووەتە ئاستی زانیاریی ڕۆحی بە بێ بینینی ڕێنماییکار یان مورشید)١٢.

ئەم ئامانجە هەردوو ڕێوڕەسمی گشتی و تایبەتی ڕێباز یان تەریقەتەکەی دیاری کردووە. لە لیتورجیی گشتیدا (واتە قوربانیی پیرۆز)، هیچ مووزیکێک یان یارمەتییەکی دەرەکیی نەبووە و بە سانایی چەندبارە کردنەوەی ناوی خودا، ئەڵڵا یان لا ئیلاهە ئیللاڵڵاه (لا إلە إلا اللە)، هاوڕێ لەگەڵ چەند "فێڵێکی" دیاریکراوی هەناسەدان یان هاوسەنگیی جەستە. پێدەچێت سرووت و ڕێوڕەسمی گشتی بایەخی کەمتر بووبێت لە زیکری بەکتاشی (کە پراکتیزەکردنێکی هاوبەشە لەگەڵ بەکتاشییەکان) و بەتایبەتی ناوی خودا بە بێدەنگی دەهێنرێت بە بەردەوامی و تەنانەت لە تێکەڵبوون بە چالاکیی تریش، بە چڕبوونەوە و ئاڕاستەبوون (تەوججوه)، بە چاوی داخراو و هەموو هەستەکان وەرچەرخێن بەرەو دڵ. بۆ هەمان مەبەست،  دیسیپلینی مۆراڵی ڕێبازەکە بەستراوە بە وێنەی مورشید یان ئەولیاوە کە ئامادە دەبێت لە ناو دڵدا. بۆ هەمان مەبەستیش دیسپلینی مۆراڵی ڕێبازەکە بەندە بە ڕێز و ملکەچیی بۆ مورشید یان شێخ، بەڵام وەک بەرزبوونەوەی ڕۆح وێناکراوە لە هەنگاوی یەکەمدا؛ لە فەنا فیلنەفس (فنا فی النفس) لە مورشیددا، لە ڕێگەی ئەولیا و پێغەمبەرەوە، بۆ توانەوەی خود لە خودادا (فنا فی الژات الإلهیه‌)١٣.

لە ئێران و ترانسۆخانیا (پشتی ڕووبار)، چەرخی مەزنی نەقشبەندی سەردەمی تیمۆرییەکان بوو. ڕاستییەکەی لە ژێر سایەی ئەواندا بوو بە ڕێباز یان تەریقەتێکی باڵادەست و باو، بەڵام دەسەڵات و کاریگەرییەکەی ڕووی لە کزی کرد لەگەڵ هەڵکشانی دەسەڵاتی سەفەوییەکان لە ئێران و ئۆزبەکەکان لە پشتی ڕووباری ئۆکسووسەوە (سەیحوون). بەڵام لە بوخارا هەر بە گرنگی و بایەخەوە بەردەوام بوو، هەروەها کایەیەکی نوێی فراوانبوونی لە هندستاندا دۆزییەوە و لەوێ لە لایەن خواجە باقی بیللاوە (١٠١٢ / ١٦٠٣ مردووە) تەشەنەی کرد. وادیارە نەقشبەندییەکانی هندستان دەسبەرداری ئەو ڕێبازە بوون یان پرەنسیپ و بنەمایەکی نوێیان داهێناوە کەوا دەبێت خۆ دووربگرن لە دانەڕۆ و دەمچەور کردنی دەسەڵات و خۆیان وا ڕێکبخەن کە کاریگەری و دەسەڵات بەدەستبێنن "خۆشگوزەرانیی پاشا خۆشگوزەرانیی جیهانە". ئەوان لە دەرباری مەغۆلیدا پێشوازیی گەرمیان لێکرا، کە ئەمان خۆیان لە بنەچەیەکی تیمۆرین. لە ماوەی کاردانەوەی ئوسووڵیی دژ بە ڕێنماییە باتینییەکان بۆ ئەکبەری ئیمپراتۆری مەغۆلی.

تەشەنە کردنی ڕێباز یان تەریقەتەکە لەم ماوەیەدا زۆر لە نزیکەوە بەستراوە بە شێخ ئەحمەدی سه‌رهندییەوە (ساڵی ١٠٣٤ / ١٦٤ مردووە)، کە بۆ شوێنکەوتووانی وەک موجەددید یان نوێکەرەوەی ئیسلام ناسراوە و لە سەرەتای هەزارەی دووەمی ئیسلامیدا دەردەکەوێت. (لێرەوە ڕێبازەکە ناوی موجەددیدیی لێنرا لە قۆناخی دواتری مێژووەکەیدا). پیاوێکی خاوەن کاریگەری و دەسەڵات لە دەرباری مەغۆلدا و دوژمنێکی نوێکردنەوەی (بیدعەی) شێخ ئەحمەد و هەروەها نووسەرێک کە کارەکانی لەو بوارەدا دەبینرێت، پرۆسەیەک کە بەو پێیە تێیدا باوەڕەکان لێکدەدرێن و لە خۆیدا مەترسیدارە لە سەر باوەڕی ئوسووڵی. ئەو پێویستیی بە ئیجتیهاد قبووڵ کرد، بەڵام بەتوندی لە چوارچێوەی سنووری قورئان و سوننەدا، کە ڕێنمایی بە ڕێگەی سۆفیگەریی بکات بۆ پێشکەوتنی ڕۆحیی بەرەو ناسینی ئەزموونگەرانەی خودا، بەڵام متمانەی بە مەستیی (جەزبە) سۆفی نەبووە و وەستا، وەک ئەوەی نەقشبەندی بە درێژایی ژیانی کردوویەتی، بۆ تۆکمەیی بیر و کاری سکهەڵگوشین و ڕێبازی سۆفیگەریی "یەکێتیی بوون" (وحده‌ الوجود)یان ڕەتکردەوە و ئەمەش ڕەوتێكە  لەبارەی مانای تەواوی ئەوەی کە هەندێک ناکۆکی هەیە، بەڵام ئەوە لە هندستان دەبێت کەناڵێکی هەبێت و تێیدا تاکلایەنیی هندۆسی سەرڕێژ بکات بەسەر ئیسلامدا. لەوەش زیاتر، ئەو بابەتێکی هێناوەتە پێشەوە کە یەکسانە بەوەی لە سنووری ئوسووڵیدایە، کە ئەویش ئایدیای فیکرەتول شوهوود بوو (فکره‌ الشهود) و یەکێتیی ئەزموون بوو. خودا بە گەوهەری خۆی بوونی هەیە و شتەکانی تر لە ڕێگەی بینین و تێڕوانینی ئەوەوە بەرجەستە دەبن و مرۆڤ دەکرێت خۆی بە هاوشێوەی خودا ببینێت لە ئەزموونێکی سۆفییانەدا، کە ناکرێت لە ساتەوەختیکی ڕاگوزەر تێپەڕێت. ئەو مەزهەبی شیعەی ڕەتکردووەتەوە و شیاوی باسکردنە کە لەم کاتە بەدواوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ڕێبازەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بنەچە و سەرچاوەی ڕۆحیی دەچێتەوە سەر ئەبوبەکر١٤.

لە دەوروبەری نزیکەی هەمان سەردەمدا ڕێبازەکە لە ڕۆژئاوای ئاسیادا بڵاو بووەوە و لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی پانزەهەمدا گەیشتە ئەستەمبووڵ و هەر زوو بووە مایەی پەسەندیی "عولەماکان" (مەبەست پیاوە ئاینییەکانی ئیسلامە - و) و زەمانەتیان پێدا کە ئۆرسۆدۆکسی یان ئوسووڵییەتێکی بێ ڕکابەرە. پێدەچێت تەشەنە کردنی ڕێبازەکە لەم کاتەدا پەیوەندیی بەو بزووتنەوەوە بێت کەوا سەڵتەنەتی عوسمانی لە ڕێگەیەوە پشتی کردە هەڵوێستە و بیروڕا پێچەوانەکانی مێژووی پێشووی  heterodoxyو بەرپرسیارێتیی خۆی لەئەستۆگرت وەک پارێزەر و حوکمڕانی بەشی ڕۆژاوای جیهانی ئیسلامی. هەژموونی ڕێبازەکە بەسەر دانیشتووانی پایتەختەوە نەک هەر بەردەوام بوو، بەڵکو بە تێپەڕینی کات تا دەهات ڕوو لە زیاتر و بەهێزتر دەبوو. لە سەدەی حەڤدەدا، ئەولیا چەلەبی دەڵێ کەوا لە ڕشتەی خوێندەواری و ڕۆشنبیریدا پیاوە مەزنەکان یان سەر بە ڕێبازی سۆفیگەریی خەڵوەتی بوون یان نەقشبەندی و  لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا، دی ئۆسۆن سەرنجی داوە کە ڕێبازەکە جەماوەرێتیی خۆی هەبووە لە ناو پیاوانی هەموو چینەکاندا، لە سەدەی نۆزدەدا، "جەی. پی. براون" لیستێکی بە پەنجا و دوو تەکیەی سەر بەم ڕێباز یان تەریقەتە ئامادە کردووە لە تەنها ئەستەمبووڵ خۆیدا١٥. ڕێبازەکە دوور لە پایتەختیش بڵاو بووەتەوە و هەسڵوک ژمارەیەک لە مەزاری نەقشبەندیی تۆمار کردووە لە وڵاتانی بەڵکان و ئاسیای بچووکدا١٦ و فەرهەنگ یان قامووسە بایۆگرافییەکانیش بەڵگەی بوونیانن لە شارە عەرەبییەکاندا. بۆ نموونە، سۆفی و تیۆلۆجیی بەناوبانگ عەبدولغەنیی نابلوسی (١٠٥٠ / ١٦٤١ – ١١٤٣ / ١٧٣١) لە گەنجێتیدا فێری یاسا و ڕێسای تەریقەتی نەقشبەندی بووە لەسەر دەستی شێخ سەعد ئەلبەڵخی لە دیمەشق١٧. 

شەپۆلێکی نوێی فراوانبوون دەستی پێکرد کاتێ کەوا کاریگەریی "ئەحمەد سه‌رهندی" و خەلیفەکانی لە لقی موجەددیدی لە دەرەوەی هندستان کەوتنە بڵاوکردنەوەی. ئەم تەشەنە کردن و بڵاوبوونەوەیە بەستراوە بە بنەماڵەی مورادییەوە، کەوا ژیاننامەیان لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیەوە نووسراوە. یەکەم شت کە دەیخوێنینەوە تێیدا لەبارەی مورادی دامەزرێنەری بنەماڵەکەیەوە (١١٣٢ / ١٧٢٠ مردووە)، کە لە بنەچەدا خەڵکی بوخارایە و لە هندستان خوێندوویەتی و لەسەر دەستی شێخ موحەممەد مەعسوومی کوڕی ئەحمەد سرهندی چووەتە سەر ڕێبازی نەقشبەندی. ئەم پیاوە لە پاش گەشت و گەڕانێکی دوور و درێژ لە دیمەشق جێگیر بووە و بنەماڵەیەکی دامەزراندووە کە مێژووی ئەم دواییەیان بە ڕوونی ئەوە پیشاندەدا کە چۆن پیرۆزی و ڕێنمایی ئاینی خزمەتی کۆمەڵگەی ئیسلامی دەکات وەک خاڵێک کە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی لە دەور کۆدەبێتەوە. عەلی و حوسەینی نەوەکانی ئەم پیاوە بە دوای یەکدا بوون بە موفتیی حەنەفیی شار (دیمەشق) و خەلیلی کوڕەزای گەورەشی، کە مێژوونووس بوو، دیسان هەر موفتی بوو و هەروەها نەقیبی ئەشرافیش، بۆ سەردەمەکانی دواتریش ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە هەر پێگە و پۆستی دەوڵەتیان هەبوو. سوڵتان مستەفای دووەم، زەویوزارێکی زۆری بەخشییە موراد لە ویلایەتی دیمەشقدا و بەو هۆیەوە بنەماڵەکە زۆر دەوڵەمەند بوون و قوتابخانەیان دروست کرد وەک: مەدرەسەی مورادییە (مدرسه‌ المرادیه‌) و مەدرەسەی نەقشبەندییەی بەڕانییە (المدرسه‌ النقشبندیه‌ البرانیه‌) لە سووق سەروجە. وەک باس دەکرێت کەوا موفتی حوسەین کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر حکوومەت  و سەرۆکایەتیی (ڕیئاسەی) شاری بەدەستەوە بووە١٨.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا قۆناخێکی تر دەستی پێکرد لە مێژووی ڕێبازەکەدا، بەلای کەمەوە لە بەشی ڕۆژاوای جیهانی ئیسلامیدا. جارێکی تریش لەگەڵ کەسایەتییەک دەستپێدەکات بە ناوی ئەبولبەها‌و زیائەدین خالید ئەلشەهرەزووری (أبو البها‌و چیا‌والدین خالد الشهرزوری)، کە لای شوێنکەوتووانی بە مەولانا خالید ناسراوە١٩ و لە قەرەداخ لەدایکبووە لە ناوچەی شارەزووری کوردستان و ئەگەر هەیە کەوا لە نێوان ١١٩٠ / ١٧٧٦ -١٧٧٧ و ١١٩٤ / ١٧٨٠ لەدایک بووبێت. ناوچەکە بنەماڵەی بابانەکان حوکمیان کردووە و خالید سەر بە بنەماڵەیەک بووە لە هۆزی جاف کە ئیددیعای ئەوە دەکەن گوایە ڕەچەڵەکیان دەچێتەوە سەر خەلیفە عوسمان. خالید خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچکەکەی خۆیدا تەواو کردووە و پاشان چووە بۆ سلێمانیی پایتەختی بابانەکان (کە شارێکی نوێ بووە و لە لایەن مەحموود پاشای بابانەوە دروستکراوە و بە ناوی سولەیمان پاشای والیی بەغداوە ناوی ناوە) (زۆربەی سەرچاوەکان باس لە ئیبراهیم پاشا دەکەن - و). ساڵانێکی پێشتر، مەعرووفی بەرزنجی، کە شێخێکی ڕێباز یان تەریقەتی قادری بووە، خۆی لە سلێمانی دامەزراندووە و لەگەڵ کەسانێکی سەر بەم بنەماڵەیەدا، کە عەبدولکەریم و عەبدولڕەحمانی برای بوون، خالید لەسەر دەستی ئەمان ماوەیەک لە سلێمانی خوێندوویەتی. پاشان لە ساڵی ١٢٢٠ / ١٨٠٥- ١٨٠٦ چووە بۆ دیمەشق و لەوێوە ڕۆیشتووە بۆ حەجی مەککە. وا دیارە لە دیمەشق پێشوازییەکی باشی لێکراوە لە ڕێگەی چوونیدا بۆ مەککە و گەڕانەوەی هەر بەوێدا و ماوەیەک لە دیمەشق بۆ دەرس خوێندن لەلای هەردوو شێخی بەناوبانگ موحەممەد ئەلکوزبەری و موستەفا ئەلکوردی، کەوا لەسەر دەستی ئەمانیش تەمەسوکی کردووە بە تەریقەتی قادرییەوە. لەم گەشتەیدا دوو ڕووداو تۆمار کراون، ئەگەر بتوانین قبووڵیان بکەین، کە پێشبینییەکی ژیانی دواتری خالیدیان تێدا بەدیدەکریت. لە مەککە پیاوێکی پیرۆز پێیوتووە کەوا نیعمەتی ڕۆحی و نوور و ڕووناکی لەوێ بۆ ئەم نایەت بەڵکو لە هندستانەوەیە. رووداوەکەی تر، کە لە دیمەشق بووە و زۆر قورسە بۆ ئەوی بگێڕیتەوە. والیی دیمەشق لەو ماوەیەدا، یوسف گەنج پاشا بووە و ئەمیش کورد بووە. لە ساڵی ١٢٢٢ / ١٨٠٧- ١٨٠٨دا، تێبینیی دەکرا کەوا گۆرانکارییەکی کوتوپڕ بەسەر کەسایەتیدا هاتووە و کەوتووەتە دەرکردنی بڕیاری نامۆ و   سەیر و سەمەرە، وەک ئەوەی نابێت موسڵمانان ڕیشیان بتاشن و گوێ لە مووزیک بگرن لە قاوەخانە و چایخانەکاندا، یاسای دەستبڵاوی بەتوندی دژ بە کریستیان و جووەکان پەیڕەوی کرا و هەندێ فشاریش خرایە سەر کریستیانەکان بۆ ئەوەی ببنە موسڵمان. دوو لێکدانەوە لە لایەن مێژوونووسە ناوخۆییەکانەوە باس کراون. پێدەچێت ئەم کارانەی یوسف پاشا هەندێک پەیوەندییان بە بارودۆخی حیجازەوە بووبێت کە وەهابییەکان شارە پیرۆزەکانیان گرتبوو و تەگەرە و ئاستەنگیان لە بەردەم حەجدا دروستکردبوو و گومانی ئەوەیان لە حاجییان دەکرد کە موسڵمانی ڕاست و دروست بن. لەڕاستیدا تەنها لە پاش ساڵێک وەهابییەکان لە حیجازەوە هێرشێکیان کردە سەر حۆران کە سەر بە ویلایەتی دیمەشق بوو. وادیارە حاکمی عوسمانیی شارەکە ئەوەی نواندبێت کەوا خۆی و حکوومەتەکەی کەمتر لە وەهابییەکان بایەخ بە پاراستنی حوکمی دروستی و دادپەروەریی ئیسلامی نادەن. دووەم لێکدانەوە لەلایەن هەندێک لە مێژوونووسانەوە ئەوەیە کەوا یوسف ئەم بڕیارانەی لە ژێر کاریگەریی شێخێکی کورددا دەرکردبێت. دواجار "عولەماکان" هۆشدارییان داوەتێ کە ئەوەی ئەو دەیکات پێچەوانە و دژ بە ئیسلامە و پێشینەی نەبووە و پێویستە ئەم شێخە دەربکات کە ڕاوێژ و تەگبیری پێدەکات، بۆیە ئەویش وایکرد و گەڕایەوە سەر ئەقڵ و ئاوەزی ئاسایی خۆی٢٠.

ئەو کەسەی ئەم قسە و باسەی گێراوەتەوە ناوی ئیبراهیم عەورەیە و دەڵێ گوایە ئەو شێخەی پەیوەندیی بەم مەسەلەیەوە هەبووە خالید بووە و ئەمەش دەقی گێڕانەوەکەی ئیبراهیمە "لەو ماوەیەدا شێخێکی کوردی دیاریکراو هاتووە بۆ لای یوسف پاشا و وا خۆی دەرخستووە کە دیندار و خواپەرستە و ئیددیعای ئەوەی کردووە کە شێخێکی ڕێبازی نەقشبەندییە و ناوی شێخ خالید بووە. ئەم پیاوە بە زۆری هاوەڵێتیی یوسف پاشای دەکرد و هێناوێتیە سەر ڕێبازی نەقشبەندی و ڕەوشت و خووی ئاسایی گۆڕیوە"٢١.    

بەڵام نووسەرانی تر ناوی خالیدیان نەهێناوە و پێویستە دوودڵ بین لەوەی کە ڕاستی و دروستیی ئەم چیرۆکەی بۆ بگێڕینەوە، چونکە ئەو لەو کاتەدا گەنج بووە و بە ڕەوتەنی سەردانی دیمەشقی کردووە و عەورە بە ماوەیەکی زۆر لەدوای ئەم ڕووداوەوە کتێبەکەی خۆیی نووسیوە و پاش ئەوەی خالید (وەک دواتر دەیبینین) لە دیمەشقدا نیشتەجێ دەبێت  و لەوێ ناوبانگ پەیدا دەکات. بەڵام ئەگەر ئەمە ڕاستیش بێت ئەوە خەسڵەتەکانی ڕێنمایی و چالاکییەکانی وێنا دەکات کە لە قۆناخەکانی تری ژیانیدا خۆیان دەخەنەڕوو کە بریتین لە دڵڕەقییەکی تایبەت لە پێداگرتنیدا لە سەر گرنگیی ملکەچبوونی توند بۆ شەریعەت و دید و تێڕوانینی لە بەرانبەر غەیرە موسڵمانەکاندا، کە ئەمەش خیانەتی ڕێنماییکاریی ئەو دێهاتنشینەیە کە لە ناوچەیەکەوە هاتووە و ڕاستی و دروستیی ئاین و باوەڕی جێی دڵنیایی نییە و وادیارە خراپەکاریی لەگەڵ میراتگرانی کولتووری ئیسلامیدا کردووە لە شارە عەرەبییە گەورەکاندا.

لە گەڕانەوەی خالیددا بۆ سلێمانی، سۆفییەکی هندی بە ناوی میرزا ڕەحیموڵڵا، کە بە دەروێش موحەممەد ناسرابوو، ئەو ئامۆژگارییە دووپات دەکاتەوە کە پیاوە پیرۆزەکە لە مەککە پێی وتبوو کەوا ئەو (واتە خالید) دەبێت بڕوات بۆ هندستان و لەوێ بەدوای عیلم و زانستدا وێڵ بێت. پاشان خالید لە ساڵی ١٢٢٤ / ١٨٠٩ - ١٨١٠دا، لە ڕێگەی وشکاییەوە بەرەو هندستان کەوتەڕێ و چەند مانگێکی لە دەلهیدا بردەسەر و لەگەڵ کەسانی تر خەریکی خوێندن بوو لەگەڵ عەبدولعەزیزی دەهلەویی کوڕی شاه وەلیوڵڵادا و هەرچەندە ئەم پێکەوە مانەوە کورت بوو بەڵام یەکلاکەرەوە بوو، چونکە لێرە بوو کە پەیوەست بوو بەو ڕێباز و تەریقەتە گەورانەوە کە لە هندستانی ئیسلامیدا گەشەیان کردبوو، وەک سوهرەوەردی، کوبرەوی، چیستی و لقی موجەددیدیی نەقشبەندی.  پاشان خالید گەڕایەوە بۆ کوردستان لە ڕێگەی کەنداو و ئێرانەوە و جارێکی تریش ڕووداوێک تۆمارکراوە کە هەڵوێستی توندی دەردەخات لە بەرانبەر ئەوانەی کەوا لە دەرەوەی سوننەگەرایین"خالید لە بەندەری مەسقەتەوە بەڕێکەوت بۆ ناوچەکانی شیراز و یەزد و ئەسفەهان و بچوایەتە هەر شوێنێک جاڕی لە هەق و ڕاستیی دەدا و گەلێ جار هەندێ کەسی شیعە پێکەوە کۆدەبوونەوە بۆ لێدانی یان کوشتنی، چونکە نەیاندەتوانی وەڵامی ئارگومێنتەکانی بدەنەوە چ بەپێی لۆجیک بوایە یان دەسەڵات. بەڵام ئەو بە شمشێرە تیژەکەی هێرشی دەکردنەسەر و ئەوانیش پاشگەز دەبوونەوە و لە شەڕەکە دەچوونە دواوە و هەڵدەهاتن٢٢".

لە ساڵی ١٢٢٦ / ١٨١١ - ١٨١٢ وەک مامۆستا (مودەڕیس) لە سلێمانی ژیانی دەستپێکردەوە. لە قۆناخە نوێیەدا تووشی دوژمنایەتی بوو لەگەڵ بنەماڵەی بەرزنجی و شوێنکەوتووانیان لە تەریقەتی قادری. لێرەش وەک دیمەشق، ڕەنگە توندییەکەی ئازاری موسڵمانانی تری دابێت کە ڕەگی قووڵیان ڕۆچووەتە نەزمی کۆمەڵایەتییەوە و بەو پێیە بە لای پاڵپشتی کردنی ئایدیای سوننیدا دایانشکاندووە کە لێبووردەییەکی بەرفراوانی هەبووە لەپێناوی ئاشتی و یەکێتی سەقامگیریی کۆمەڵایەتیدا. هەڵبەت هۆکاری تریش هەبوون بۆ دوژمنایەتی. ناوبانگی ڕوو لە زیادی وەک مامۆستا ئەو ئیددیعایانە پاڵپشتییان دەکرد کە توانای پێشبینی کردنی پاشەڕۆژی هەیە و کەسانی زیندوو لە زیان و ئازار دەپارێزێت و پەیوەندی کردن لەگەڵ ڕۆحی مردوواندا. ئیددیعا کردنی لەم چەشنە لە ڕەگی دەسەڵاتی ڕۆحیی بەرزنجییەکانی دا، بەوەی کە پیرۆزی و بەرەکەتێکی لەوان زیاتری دەبەخشییە خەڵکی شار و گوندنشینانی کوردستان. بە هەمان شێوە بووبووە مایەی هەڕەشە بۆ دەسەڵات و کاریگەریی بنەماڵەی بابانەکان و تەنانەت ماڵ و سامانیشیان، چونکە بە پشتبەستن بە ئەوقاف کۆنترۆڵی دەست و دیاریی شوێنکەوتووانیشی کردبوو. 

چەندین ڕووداو تۆمار کراون کە تێیاندا ئەم دوژمنایەتییە خۆی دەنواند. وەک باس دەکرێت کەوا پیلانگێڕییان لەدژی خالید کردووە لە سلێمانی و ناچاریان کردووە بچێت بۆ بەغدا. بە گوێرەی سەرچاوەکانی نەقشبەندی، دیسان لەوێش ویستوویانە لای پاشا بەدناوی بکەن بەڵام سەرنەکەوتوون و پاشا فەرمان بە لێکۆڵینەوە لەو مەسەلەیە و دەرکەوتووە کە خالید بێتاوان بووە و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی ڕاست نەبوون. ئەوجا زۆری پێناچێت مەحموود پاشای حاکمی بابان داوای لێدەکات کە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام کاری ئەو لەوێ هێندە ناخایەنێت و لە ساڵی ١٢٣٦ / ١٨٢٠دا بە ڕووداوێک کۆتایی دێت کە لەوانی پێشوو دراماتیکیتر دەبێت و ئەمەش نەک هەر تەنها نووسینی ئەندامانی ڕێبازی نەقشبەندییەوە گەیشتووەتە ئێمە بەڵکو لە باس و گێڕانەوەیەکی جیاوازیشەوە لە لایەن کڵۆدیۆس جەیمس ڕیچەوە، کە بریکاری بەریتانیی جێگیری بەغدا بووە و لە گەشتێکیدا بۆ ناوچەکانی کوردستان ئاوهای دەگێڕێتەوە: 

"پیاوێکی پیرۆزی موحەممەدیی مەزن لە سلێمانی دەژی و ناوی شێخ خالیدە، بەڵام کوردەکان هیچ ناوێک و نازناوێک بە کەمتر لە حەزرەتی مەولانا، یان کەسی پیرۆزی خۆشەویست بە شیاو نازانن بۆ ئەو و وا باس لە وتە و قسەکانی دەکەن وەک ئەوەی حەدیس بن یان سرووش و ئیلهام بۆهاتوو بن. ئەم پیاوە کە سەر بە هۆزی جافە و دەروێشێکی ڕێباز یان تەریقەتی نەقشبەندییە، کەوا لە دەلهی وەریگرتووە و پێوەی پابەند بووە لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێنمایی سۆفییەکی بەناوبانگدا کە ئەویش سوڵتان عەبدوڵڵا بووە.  خالید ١٢ هەزار شوێنکەوتووی هەیە لە بەشە جیاجیاکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبدا و هەموو بە ئەولیا و پیرۆز ناوی دەبەن و ژمارەیەکی زۆریان نزیکە بە هاوشانی پێغەمبەرەکەیانی دابنێن. عوسمان بەگ، کەوا لەگەڵ پاشا و کوردە سەرەکییەکانی تر مورید یان قوتابیی ئەون، پێیوتم کە ئەو بە لایەنی کەمەوە یەکسانە بە شێخ عەبدولقادری پیاوی پیرۆزی موسڵمانان.

٢٠ی ئۆکتۆبەر - ئەم بەیانییە شێخی گەورە خالید هەڵات و هەرچەندە هەڵاتنەکەی نهێنی و لەناکاو بوو، بەڵام توانیوێتی هەر چوار ژنەکەی لەگەڵ خۆی ببات و تا ئێستاش نەزانراوە ڕوویکردووەتە کوێ. تا دوێنێش کوردەکان تەنانەت لە سەرووی عەبدولقادریشەوە دایاندەنا و پاشا لە بەردەمیدا دەستەونەزەر دەوەستا و قلیانەکەی بۆ پڕدەکردەوە و دایدەگیرساند، بەڵام وا ئەمڕۆ پێیدەڵێن کەوا کافر بووە و هەندێک قسە و باس دەگێڕنەوە لەبارەی  کوفر و گومڕاییەکەیەوە. ئەو ڕێز و سەنگی خۆی لە مردنی کوڕی پاشادا لەدەستدا، چونکە گوتبووی کەوا ژیانی ڕزگار دەکات و تۆمارەکانی خودای لەبارەوە پشکنیوە و .. تاد. هۆکاری ئەم هەڵاتنەی بە شێوەیەکی جۆراوجۆر دەگێڕدرێتەوە. هەندێک دەڵێن کەوا ناکۆکیی بەرپا کردووە لە نێوان پاشا و براکانیدا و تەحەدای کردوون، خەڵکێکی تر دەڵێن گوایە نەخشە و پلانی بوو بۆ دامەزراندنی تایفەیەکی ئاینیی تر و خۆی بکاتە گەورەیەکی دینی و دنیاییان. هەڵبەت گوناه و تاوانێکی زۆر لە ڕاستیی زیاتریان داوەتە پاڵی. هەموو عولەما و سەیدە ئاساییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە شێخ مەعرووفیش، ڕقیان لە شێخ خالید بوو، کە تا ئەو کاتەی هێز و دەسەڵاتی بڕیکرد، ئەوانی تووڕدابووە پشتەوە"٢٣. 
 سەرچاوەکانی نەقشبەندی بە شێوەیەک باس لەو ڕووداوە دەکەن کەوا کەمتر ناوبانگی خالیدی تێدا لەکەدار بێت. سەدەیەک دواتر ئەدمۆندس گوێی لە گێڕانەوەیەکی زارەکی دەبێت و تێیدا دیارە وا باس لە هۆکاری کەوتنی خالید دەکات کەوا کەوتووەتە ڕکابەرییەکی پەرجوو (موعجیزە) نواندنەوە لەگەڵ شێخ مەعرووفی بەرزنجیدا سەبارەت بە چێکردنی بەرەکەتێک لەدژی ئەویتر٢٤. بەهەرحاڵ، لەڕاستیدا هەرچییەک ڕوویدابێت، مێژوونووسانی کوردستان جەختمان لەسەر ئەوە بۆ دەکەنەوە کەوا گرژی و ئاڵۆزیی نێوان قادری و نەقشبەندییەکان لە "جیاوازیی سادەوە" سەریهەڵداوە و لەدوای خۆیشیەوە دوژمنایەتیی هەمیشەیی و بەردەوامی بەجێنەهێشتووە٢٥.
 خالید پاشماوەی ژیانی لە دیمەشق بردەسەر. ئەو لەلایەن موفتیی حەسەن ئەلمورادی و کەسانی ترەوە بانگهێشت کرابوو (کە مورادی خۆیشی لە بنەماڵەیەکی نەقشبەندی بوو) و یەکێک لە ژنەکانی سەر بە بنەماڵەیەکی ناوداری دیمەشقی بوو، بە نەریتی خوێندن و خواپەرستیی غەزییەوە. ئێمە لە ڕێگەی ئەو نووسەرانەوە کە سەر بە ڕێبازەکەی بوون هەندێ وردەکاریمان لە سەر ماوەی دوا ساڵەکانی ژیانیمان دەستکەوتووە. هەندێک لەوانە هەمان وشکی و توندیی ئەومان بۆ دەردەخەن، کەوا کاتێ لە ڕێگەیدا بۆ دوا حەجی مەککەی لە قودس لایداوە، ڕەتیکردووەتەوە کە سەر بکات بە کەنیسەی پیرۆزی هەڵسانەوەدا (قیامەدا):

"پێیانوتووە 'بەڵام شێخ عەبدولڕەحمانی کوزبەری چووەتە ناو ئەم کەنیسەیەوە'. ئەویش لە وەڵامدا وتوویەتی "زۆر سەیرە کەوا کارێکی وای کردووە! چونکە ئەو لە بانگەشەکارانی حەدیس بووە و دەبوو پەیڕەویی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری بکردایە کەوا: 'ئەو کەسەی دەچێتە کەنیسەیەکەوە وەک ئەوە وایە کە بچێتە ناوە خانەیەکی ئاگرەوە"٢٦.

بەڵام خەڵکی تر دیوێکی تری تەریقەتی نەقشبەندی دەخەنەڕوو، کە بریتییە لە کشانەوەی دڵ لە شتەکانی ئەم جیهانە. کاتێ کە کوڕەکەی خالید کۆچی دوایی کرد قسەکانی خۆڕادەست کردنی دەنواند:

"جارێکیان پیاوێک داوای دۆعا و شەفاعەتی لێکرد کە تووشی تاعوون نەبێت. ئەمیش دەستی بۆ پیاوەکە بەرز کردەوە و وتی: 'خودای من، ئەم کارە بۆ خۆشم بکە'. ئەویش، ڕۆحی پیرۆز بێت، وەڵامی دایەوە: 'بەدڵنیاییەوە هەست بە شەرمەزاری دەکەم لە بەردەمی خودای خۆمدا ئەگەر  حەز نەکەم بە دیداری زاتی ئیلاهیی بگەم'. ئێستا وا ڕۆژی چوارشەممەی ٢٦ی شەووالە و شێخ بەهائەدینی کوڕی پەتای تاعوونی گرتووە. ئەم کوڕەی لەو کاتەدا تەمەنی پێنج ساڵ بوو، تایبەتمەندی و جیاوازییەکی تێدا بوو، شێخ خالید لە هەموو ڕوویەکەوە خەم و ترس دایگرت و پاشان لە بەیانیی ڕۆژی هەینیدا خودا بردیەوە بۆ لای خۆی. لێرەدا شێخ، ڕەحمەتی خوای لێبێت، دەستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و وتی: 'شوکرانەبژێری خودای بانی سەرم بەو ئارامی و دڵخۆشییەی پێی بەخشیوم. وا ئەم منداڵەم لە پێش خۆم نارد و ئینشائەڵڵا بۆم دەبێتە گەنجینە لای خودای خۆم. ئەو بۆ من دەبێتە بەردەباز و ئێمەش هەموو شوێن ئەو دەکەوین'. پاشان بزەیەک بە دەموچاوی پیرۆزیەوە دەرکەوت و دەستی کردە قسە کردن لەبارەی خێر و نیعمەتی مردنی منداڵ و ئۆقرەیی و ئارامی بۆ ئەوە و چۆن پێیان دەخەنە ناو دەرگای بەهەشت و هەر کە چوونە ژوورەوە شەفاعەت بۆ باوک و دایکیان دەکەن"٢٧.  

لە ساڵی ١٢٤٢ / ١٨٢٧دا کاتێ کە خودی شێخ خۆی تووشی نەخۆشیی تاعوون بوو و زانی کەوا مردنی نزیکبووەتەوە، بۆیە هەر سێ ژنەکەی خۆی پێکەوە بانگ کرد و تکای لێکردن پێکەوەبن و چاودێریی تەریقەتەکە بکەن و پاشان دەسبەرداری هەموو ماڵ و مڵکێکی دنیایی بوو. لە کۆتاییشدا -  قوددیسە سیڕوهوو - وتی: "تکاتان لێدەکەم، لە ئێستا بەدواوە هیچ پرسیارێکم لێمەکەن. من بۆ ئێوە و خەلیفەکانم هیچم نەهێشتووەتەوە پرسیارم لێبکەن لەبارەیەوە و تەنها ئاواتم ئەوەیە و بەتەواوی خۆم ساغ بکەمەوە بە لای خودای خۆمدا. ڕێگە بە هیچ کەس مەدەن لە یەک جار زیاتر بێت بۆ لام  و بەوانە بڵێن کە دێن من حەز ناکەم کەس قسەم لەگەڵ بکات"٢٨.

لە ناو ئەو نووسینانەی کە شێخ خالید جێیهێشتوون، دیوانە شیعرێکە بە فارسی، شیکردنەوە و لێدوان لەسەر مەقاماتی حەریری، کۆکراوەیەکی نامەکانی لەسەر کاروباری ڕۆحی، باس و بابەتێک لەبارەی تەریقەتی نەقشبەندییەوە و یەکێکی تریش لەبارەی جیاوازیی نێوان ئەشعەری و ماتوریدی سەبارەت بە ئازادیی خواست و ئیرادە٢٩.


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر