پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست
بەشی پێنجەم و کۆتایی

تورکمانستان تاکە دەوڵەتە کە سنوری وشکانی ئێران بە ئاسیایی ناوەڕاست دەبەستێتەوە، لەنێوانیاندا 1000 کیلۆمەتر سنوری وشکانی هاوبەش هەیە.
AM:01:18:19/09/2022
دۆسیە: شیکار


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ


پێنجەم: پەیوەندی نێوان ئێران و تورکمانستان

کاتێک کازاخستان دبلۆماسیەتی چالاک و سیاسەتی دەرەوەی فرە ڕەهەند پەیڕەو دەکات بۆ کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان لەسەرخۆی، تورکمانستان لە 12ی کانونی یەکەمی ساڵی 1195 ستاتۆی بێلایەنی هەمیشەیی هەڵبژاردووە. لەم ڕووانگەیەوە تورکمانستان بەیەکێک لەدەوڵەتانی دونیا دەژمێردرێت. کەواتە سیاسەتی دەرەوەی کازاخستان و سیاسەتی دەرەوەی تورکمانستان نوێنەرایەتی دوو ئاراستەی جیاواز دەکەن لە ئاسیای ناوەراست. تێڕوانینی سیاسەتی دەرەوەی هەردوو دەوڵەتیش بەباشترین شێوە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکات، بە هەمان شێوەی سیاسەتی دەرەوەی کازاخستان، سیاسەتی دەرەوەی تورکمانستانیش ئابووری بە خاڵی مەرکەزی دادەنێت. ئەشق ئاباد بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی سیاسی و پیلانگێڕی لە ڕێگای سیاسەتی بێلایەنی، هەموو هێز و تواناکانی خۆی خستۆتەگەڕ لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و هەناردەکردنی سەرچاوەکانی وزە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، لەم ڕوویەوە ئێران بۆ تورکمانستان هاوبەشێکی گرنگە.

تورکمانستان تاکە دەوڵەتە کە سنوری وشکانی ئێران بە ئاسیایی ناوەڕاست دەبەستێتەوە، لەنێوانیاندا 1000 کیلۆمەتر سنوری وشکانی هاوبەش هەیە. هەموو ئەو ڕێگا وشکانی و ئاسنینانەی کە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە دێت لێرەوە تێپەڕدەبن. لەبەر ئەمە تورکمانستان بۆ ئێران خاوەن شوێنێکی ستراتیژی گرنگە و دەروازەی وشکانی کرانەوەی ئاسیای ناوەراستە بە ئێران. لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکمانستان لە سەرەتاوە بە گەشبینی دەستی پێکرد و ئێران یەکەم دەوڵەت بوو دانی نا بەسەربەخۆیی تورکمانستان. 

گرنگی ئێران بۆ تورکمانستان لە سێ خاڵدا دەردەکەوێت؛

1-ستاتۆی یاسایی دەریای قەزوین.

2-  پێشکەشکردنی گازی سروشتی و پەتڕۆڵی تورکمانستان بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

3- بارودۆخی نزیکەی دوو ملیۆن کەمینەی تورکمان لە ئێران.

دەربارەی ستاتۆی یاسایی دەریای قەزوین هەردوو دەوڵەت خاوەنی ڕووانگە و دیدگای جیاوازن، تورکمانستان زیاتر پشتگیری لە کارکردن بە پێوەری هێلی ناوەڕاستی دەریاکە (تالوک) دەکات، لە کاتێکدا ئێران بەرگری لەو تێڕوانینە دەکات کە دەبێت دەریاکە بەشێوەی پرەنسیپی یەکسان دابەش بکرێت لەنێوان دەوڵەکان. هەروەها ئەم دیدگا جیاوازەی هەردوو دەوڵەت بۆ بابەتەکە ڕێگری دروستکردووە بۆ گەشەپێدانی هەماهەنگی نێوان لە بوارەکانی دیکە، بەتایبەتی لەبابەتی ئابووریدا کاریگەرییەکانی ئەم تێڕوانینە جیاوازە دەردەکەوێت. لە ڕاستیدا ستاتۆی بێلایەنی تورکمانستان ئەشق ئابادی لە یارییە جیۆلۆلیتیکییەکان دوورخستۆتەوە. هەروەها ئێرانیش رازییە لەم هەڵوێستەی تورکمانستان.

بابەتی کەمینەی تورکمانی لە ئێران، بەپێی تێڕوانینی هەریەکە لە توێژەران ئیرۆل و ئیکینجی (Erol & Ekinci)؛ 

"سەرۆک کۆماری پێشووی تورکمانستان سەپار موراد نیازۆڤ (Saparmurad Niyazov) لە ساڵی 1992 خۆی کاندیدکرد بۆ سەرکردایەتیکردنی تورکمانەکان لە جیهان و کۆنگرەی جیاوازی ڕێکخست لەمیانەی دامەزراندنی )یەکێتی مرۆڤایەتی تورکمان لە جیهان( بۆ ئەو دەوڵەتانەی لە ناوچەکە تورکمان لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی ئێران تووشی ناڕەحەتی بوو چونکە نفوسی تورکمان لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێرانی ڕێژەیەکی بەرچاو پێکدەهێنن. دوای ماوەیەک تورکمانستان دەستی لەم هەوڵە ڕۆمانتیک و هەیەجانەی بەردا  بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بە هەر هۆکارێکی جیاواز بێت بەرەو ڕووی پێکدادانان و ناکۆکی نەبێتەوە. بەڵام بە هەر حاڵ دەرکەوتنی بارودۆخی بێ متمانەیی لە پەیوەندییە سیاسییەکان بووە هۆکاری دووبارە چاوخشانەوە بە سیاسەتە ئەمنییەکانی ئێران"

لە قۆناغی ئێستادا هەردوولایەن پەرۆشن بۆ ئەوەی بابەتی کەمینە لە دەرەوەی ڕۆژەڤەوە بێت، هەروەها تورکمانەکانی ئێران کە ژمارەیان نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەبێت  و لە بیابانەکانی تورکمان لە ئێران دەژین، پرسی تورکمانەکانی ئێران زوو یان درەنگ دەبێتە یەکێک لە بابەتەکانی ڕۆژەڤ لە پەیوەندی نێوان ئێران و تورکمانستان. بەهۆکاری شەڕەکانی گۆک تەپە لە میانەی داگیرکاری ڕوسیە بۆ ناوچەکە و دابەشکردنی خاکی تورکمانەکان لە نێوان ڕوسیاو ئێران بە دیاریکردنی چەمی ئێتریک وەک سنوری نێوانیان دواتر ئەمە لە بیرەوەری و زیهنییەتی تورکمانەکان بە بەردەوامی مایەوە، ئەم بابەتە لە خوارەوە لە چوارچێوەی تێگەیشتنێک گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین. هەروەها ئەو خاڵەی کە پێی گەیشتووین ئەوەیە کە ڕەهەندی ئابووری لە پەیوەندییە دوولایەنییەکان زیاتر بەدیدەکرێت.

لە بواری ئابووریدا ئێران دووەمین هاوبەشی بازرگانیە لە دوای وڵاتی ڕوسیا، ئێران یەکەمین وڵات بوو کە قۆرخکاری ڕوسیای لە هەناردەکردنی گازی تورکمانستان بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی تێکشکاند. لە ساڵی 1998 دروستکردنی هێلی گواستنەوەی گازی (کۆرپێچ کورتکۆی) لە نێوان تورکمانستان و ئێران، ئەمش بووە هۆی خستنە دەرەوەی ڕوسیا لە بابەتەکە و گەیشتنی  گازی تورکمانستان لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. هێلی بۆڕی گازی سروشتی نێوان ئێران و تورکمانستان لە ساڵی 2010 لەگەڵ هێلی بۆڕی(دەوڵەت ئاباد – سەرخەس - خانگیران ) بەهێز و تۆکمە بوو،  ئێران بۆ گازی تورکمانستان بۆتە دەوڵەتێکی بەکارهێن و ترانزێت. لایەنی ڕوسیش لەم بارودۆخەدا بێ دەنگ نەبوو، دروستکردنی هێلی بۆڕی گازی سروشتی نێوان تورکمانستان، کازاخستان و ڕوسیا لە ساڵی 2012  پێگەی ڕوسیای لەو وڵاتە بەهێزکرد. وەک دەرئەنجامی هەموو ئەمانە، ئەشق ئاباد ڕوسیا لەبەرامبەر ئێران و ئیڕانیش لە بەرامبەر ڕوسیاوەک فاکتەری هاوسەنگی بەکاردێنێت.

ئێران ئەلیکتریک لە تورکمانستان دەکڕێت و ئەم کارەبایەش ڕەوانەی تورکیا دەکات. هەردوو دەوڵەت لە بواری وزە و بیناسازیدا بەیەکەوە کاردەکەن، پردی دۆستایەتی یەکێکە لە بابەتە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و تورکمانستان. جگە لەمەش لە ساڵی 2009 سەد پڕۆژەی پیشەسازی لە تورکمانستان لە ڕێگەی یارمەتیدانی ئێرانەوە ئەنجامدران. هەروەها  گەشەپێدانی ڕێگای وشکانی و ئاسنین لە نێوان تورکمانستان و ئێران بۆ تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە خاوەنی گرنگییەکی ستراتیژییە، لەبەر ئەوەی ئاسیای ناوەڕاست بە ڕۆژئاوای ئاسیا و کەنداوی بەسرە/فارس دەبەستێتەوە. لەم ڕووانگەیەوە هێلی ئاسنینی نێوان کازاخستان، تورکمانستان و ئێران کە لە ساڵی 2016 کراوەتەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو لە زیادکردنی ڕێگاکانی بازرگانی بە ئاراستەکانی باکور – باشور و ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا. 

بە کورتی، تورکمانستان هەم لە ڕووانگەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست هەمیش لە ڕووانگەی ئێران دەولەتێکی گرنگە. ستاتۆی بێلایەنی، تورکمانستان دەپارێزێت لە هەژموونی ئیسلامی ئێران، لەلایەکی ترەوە ئەم ئاراستەیە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئێران زیاتر ئەمانتر بێت وەک دەوڵەتێکی هاوسێ. بە گوزارشتێکی تر، ئێران بۆیە دژی سیاسەتی بێلایەنی تورکمانستان نەوەستاوەتەوە بۆی ئەوەی هەژموونی ئەمریکا نەچێتە نێو  وڵاتەکە.

سەرەڕایی هاوسێی هەردوو دەوڵەت لە رووی جوگرافییەوە، لە ڕووانگەی کلتوورییەوە تورکمانستان بەڕێژەیەکی زۆر لە کلتووری ئێران دوورە، لەبەر ئەوەی تورکمانەکان ئەو کەسانەن کە پێگیری بە ڕووحی ئازاد دەکەن لە دەرکەوتنیان لە بیابان، ئەو ژیانەی شار کە لەسەر بنەمای کلتووری فارس بنیاتنراوە وەک (ئەوانی دیکە) هەژمار دەکات، نموونەش کازاکی و قیرقیزییەکانن. بەڵام کاتێک بەراوردی ڕووانگەی تورکمانەکان لە نێوان ڕوسیا و ئێران دەکرێت، ئەوا ڕووانگەیان بۆ ڕوسیا خراپترە لە ئێران. لە ساڵی 1879 لە شەڕی یەکەمی گۆک تەپەدا ڕووسیا لەبەرامبەر تورکمانەکان بەرەو رووی شکست بوویەوە، دواتر لە شەڕی عوسمانی – ڕوسی سەرکەوتنی بەدەست هێنا لە هەمان سەردەم کە جەنگەکە بە ناوی "جەنگی 93" ناونرا بوو، لە ژێر فەرماندەی جەنەڕال سۆبلۆڤ کە بە هەموو هێز و تواناکانی خۆی دەستی بە پروپاگەندە کرد بوو ، هەروەها لە شەڕی دوومی گۆک تەپە لە ساڵی 1881 بە هەزاران تورکمان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بەرەو ڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە. ئەم کۆمەڵکوژییە تا ئێستاش لە بیرەوەری و زیهنییەتی تورکمانەکان بە زیندووی ماوەتەوە. بە پێچەوانەوە شەڕەکانی نێوان تورکمان و کزلباشەکان زۆر کەمن و بە گشتی ئەو جەنگانەن کە ژێر حوکمی خانەدانەکانی ئۆزبەکیدا ڕوویانداوە. لەبەر هۆکاری ئەم دوژمنایەتییەی ڕوسیا، تورکمانەکان شاری خۆیان ناوناوە "تورکمانستان" لە جیانی وشەی "تورکمانیە" کە لە لایەن ڕوسەکانەوە بەکاردەهات. بە مانایەکی تر، ئەوان ناوی وڵاتی خۆیان بە زمانی فارسی لا پەسەندترە.

دەرئەنجام، ئێران بۆ ئەوەی لە ڕووی ئایینیەوە کاریگەری بکاتە سەر تورکمانستان و بیروباوەڕی سیاسی ئیسلامی بۆ ئەو وڵاتە هەناردە بکات، سەرەتا پێویستە چەمکی "ئەوانی دیکە" تێبپەڕێنێت. هەروەها تورکمانەکان میللەتێکن بە بەراورد لەگەڵ کازاک و قیرقیزییەکان زیاتر پەیوەستە بە دابونەریتەکانی، ئەمەش  دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێران بە زەحمەت بتوانێت بیرۆکەی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی لەسەر تورکمانستان جێبەجێ بکات. لەبەر ئەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ڕێگای هەماهەنگیە ئابوورییەکانەوە بەرەو پێش دەچن. بەپێی دواین شرۆڤەکردن، تورکمانستان بۆ ئێران خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژی گرنگە، هەڵکەوتەی نزیکی جوگرافیای هەردوو دەوڵەت وای کردووە هەماهەنگی و هاوکاری لەنێواناندا ببێتە حاڵەتێکی ناچاری. تورکمانستان لە ڕێگای ئێرانەوە بەرەو ڕووی دەریا، واتە کرانەوە بە ڕووی ئاوە نێودەوڵەتییەکانەوە، لە کاتێکدا ئێرانیش لە ڕێگای تورکمانستانەوە بەرەو ناوەوەی ئاسیا دەچێت. لەبەر ئەوە چاوەڕواندەکرێت پەیوەندییە دوولایەنی هەردوو دەوڵەت بە ئاراستەیەکی ئەرێنی بەرەو پێش دەچن. 


پەراوێزەکان:

(1) Dr. Dinmohammed AMETBEK, İran ve Orta Asya: Tarih, Kültür ve Politika, ANKASAM Yayınları, No:12, 2017.
(2)Dr. Kaan DİLEK, İran‌ın Orta Asya Politikalrı, 2011.



ئه‌م بابه‌ته 114 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر