مێژووی کتێبخانەی گشتی کەرکوک و پەراوێزخستنی کتێبی کوردی

ڕژێمی بەعس دەستی کرد بە ناردنی کتێب بۆ کتێبخانەی گشتی کەرکوک، بەتایبەتی ئەو کتێبانەی بیروبۆچونی خۆی تێدابوو، هەروەها ئەو کتێبانەی لەگەڵ سیاسەتەکەی نەدەگونجان دووری دەخستنەوە.
PM:03:29:14/09/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


بیرۆکەی دامەزراندنی کتێبخانەی گشتی کەرکوک لەساڵی (1932) لەلایەن جەمیل رەئوف، پشکێنەری مەعاریفی لیوای کەرکوک و پشکێنەری تایبەتمەندی ئەو کاتە سەریهەڵدا، لەسەرەتاوە بەناوی کتێبخانەی (یانەی مامۆستایان) دامەزراوە، بریتی بوو لە یەکێک لە ژوورەکانی بەڕێوەبەرایەتی مەعاریف، چەند مامۆستایەک ئەرکی هەڵسوڕاندنی کاروبارەکانیان خرابووە ئەستۆ، تا ساڵی (1936) بەوشێوەیە کارەکانی بەڕێوە دەبران. لە ساڵی (1937) شوێنێکی تری شاری کەرکوکیان بۆ ئەو کتێبخانەیە دیاریکرد، کە شوێنەکەی لە نزیک (چەمی خاسە) بوو بەرامبەر کتێبخانەی گشتی ئەمڕۆ. لە لایەن دانیشتوانی شارەکە و بەڕێوەبەرایەتی یانەی فەرمانبەران، ژمارەیەکی زۆر لە کتێب و چاپکراوی هەمەجۆر کۆکرانەوە و بەدیاری بۆ کتێبخانەکە نێردران. لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، بەهۆی کاریگەری دوو ڕووداوی یەک لەدوای یەک، کە لە خوارەوە باســیان دەکەین، زۆربەی کتێبەکانی ناو کتێبخانەکە لەناوچوون، لە کۆی (17) هەزار کتێب و گۆڤارو چاپکراوی هەمەجۆر (9) هەزار مایەوە.

یەکەم ڕووداو:- ئەو لافاوە بووە کە لەساڵی (1953) لەئاکامی بارانێکی زۆر هەستاو کتێبخانەکەی گرتەوەو زیانی پێگەیاند.

دووەم ڕووداو:- بەهۆی ئاگربەربوون لە کتێبخانەکە.

دوای ئەم دوو ڕووداوە لەساڵی (1954) بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیەتی نەخشەیەکی بۆ دروستکردنی بینایەکیی تازە دانا لەشێوەی "ئەندەلوسی" لەسەر ئەو پارچە زەویەی کە سەر بە مزگەوتی خانەقا بوو. لەساڵی (1958) دروستکردنی بیناکە تەواو بوو کتێبخانە کۆنەکەیان بۆ گواستەوە، کە تائەمڕۆ ئەو کتێبخانەیە لەشوێنی خۆی ماوەتەوە و لە کارە خزمەتگوزارییەکانی بەردەوامە.

"چەند گۆڕانکارییەک بەسەر کتێبخانە لقەکاندا"

دوای ئەوەی لەساڵی (1976) بە مەرسومێکی کۆماری ژمارە (45) ناوی پارێزگای سەلاحەدین راگەیەنرا، چەند گۆڕانکارییەک بەسەر کتێبخانە لقەکاندا هات، کە ئەمەش درێژکراوەی گۆڕانی دیموگرافیای ناوچە کوردییەکان بوو کە بەعس ئەنجامی دەدا لەو کاتەدا:-

1ــ کتێبخانەی گشتی کفری لەسەر کتێبخانەی گشتی کەرکوک لابراو خرایە سەر کتێبخانەی گشتی دیالە.

کتێبخانەی گشتی دووز خورماتوو لەسەر کتێبخانەی گشتی کەرکوک لابراو خرایە سەر کتێبخانەی گشتی سەلاحەدین (تکریت).

دوای (36) ساڵ بڕیاردان لەسەر کردنەوەی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ لەساڵی (1976) ئەم کتێبخانەیە بە فەرمی کرایەوە، دوای ئەوەی چەمچەماڵ لە کەرکوک دابڕێنراو خرایە سەر سلێمانی.

لەساڵی (1987) کتێبخانەی گشتی "زاب" کرایەوە و خرایە سەر کتێبخانەی گشتی کەرکوک، بەڵام کتێبخانەی گشتی داقوق، تەنها مەرەکەب بوو لەسەر کاغەز، چونکە لە ڕۆژی 1/7/1961دا بڕیاری دامەزراندنی کتێبخانەی گشتی بۆ داقوق دەرکرا، بەڵام جێبەجێ نەکرا.

لەساڵی (1990) لەلایەن پارێزگای کەرکوکەوە بڕیاردرا لەسەر گواستنەوەی کتێبخانەی گشتی "زاب" بۆ داقوق، بەڵام دووبارە سەری نەگرت.
کتێبخانەی گشتی دووبز، لەسەردەمی حوکمڕانی حەرەس قەومییەکان بڕیاردرا لەڕۆژی (10/5/1965) کتێبخانەی گشتی بۆ دووبز دابمەزرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا. دوای پڕۆسەی ڕزگاری ئیراق، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکانی گەرمیان حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی) کتێبخانەی گشتی دووبز لەساڵی (2005) کرایەوە.

"بڵاوکراوە عەرەبییەکان؛ ژمارەیان لە بڵاوکراوە، بە زمانەکانی تر زیاتره‌" 

لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق تا دوا ڕۆژی حوکمڕانیی ڕژێمی بەعس، زمانی فەرمی لە هەموو فەرمانگەکان عەرەبی بوو. ئەمەش وایکردبوو بوار لەبەردەم چاپکردنی کتێب و چاپەمەنی بەزمانی عەرەبی زیاتر بڕەخسێت لە چاو زمانەکانی دیکە. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕێژەی چاپکراوەکان بە زمانی عەرەبی لە هەموو کتێبخانەکانی ئێراق زیاتر بێت لەچاو زمانەکانی دیکە. مەبەست لە زۆرکردنی کتێب بەزمانی عەرەبی لەچەند کتێبخانەیەک ئامانجی سیاسی لە دواوە بوو، کتێبخانەی گشتی کەرکوک یەکێکە لەو کتێبخانانە. لابردن و دوورخستنەوەی کتێب و چاپەمەنییەکانی کتێبخانەی گشتی کەرکوک حکومەتەکانی ئێراق لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، هەوڵی ئەوەیان داوە ئەو کتێب و چاپکراوانەی دژی بەرژەوەندی و بیرو بۆچونەکانی ئەوان بوون، لە کتێبخانەی گشتی کەرکوک دەرکرێن، ئەم سیاسەتە بەچەند قۆناغێک تێپەڕیوە:

رووداوەکانی سەر ئێراق و کاریگەرییان بەسەر کتێبخانەی گشتی کەرکوکەوە، ڕژێمی بەعس هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی بەسەر ئێراقدا دەهاتن، دەستی کرد بە ناردنی کتێب بۆ کتێبخانەی گشتی کەرکوک، بەتایبەتی ئەو کتێبانەی بیروبۆچونی خۆی تێدابوو، هەروەها ئەو کتێبانەی لەگەڵ بەرژەوەندی سیاسەتەکەی نەدەگونجان دووری دەخستنەوە.

"چەند نمونەیەک لەو بەڵگەنامانه‌"

دوای ئەوەی رژێمی بەعس ڕێکەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران ئیمزاکرد لەپێناو شکستهێنان بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد، حکومەت دەستی کرد بە ناردنی ئەو کتێبانەی هەڵگری بیروبۆچونی خۆی بوو، دەربارەی کێشەی کورد، بۆ نموونە بەپێی نووسراوی وەزارەتی ڕاگەیاندن ــ پەیوەندییە گشتیەکان ــ ژمارە (2520) لەڕۆژی (21/1/1975) هاوپێچی ژمارەیەک لە کتێبی (خفایا وملابسات المسالە الکردیە) نێردراوە بۆ کتێبخانەی گشتی کەرکوک. هەروەها لە ڕۆژی (12/3/1975) لەلایەن نووسینگەی ڕۆشبیری سەر بەسەرکردایەتی نەتەوەیی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی، نووسراوێک بۆ هەموو کتێبخانە گشتییەکانی ئێراق نێردراوە، کۆپییەک لەو نووسراوە بۆ کتێبخانەی گشتی کەرکوک رۆیشتوە، هاوپێچ لەگەڵ ئەو نووسراوە سێ(3) کتێب بە دیاری بۆ هەر یەک لەو کتێبخانانە نێردراوە، یەکێک لە کتێبانە بەناوی (المسٲلە الکردیە الوضع الراهن وافاق المستقبل)ە،وەیە.

سەرەڕای ئەو دوو کتێبەی تایبەت بوون بە کێشەی کوردەوە، کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان لەم ماوەیەدا زۆربەی ئەو کتێبانەی بۆ کتێبخانەکە دەنێردران بابەتەکانیان تایبەتبوون بە بیرو بۆچوونی ڕژێمی بەعس. لەلایەکی ترەوە حکومەت ئەو کتێبانەی دوورخستەوە، کە ناوەڕۆک و دەقەکانیان نەدەگونجان لەگەڵ پەیڕەو و پڕۆگرامی بەعسدا بەتایبەتی ئەو دیوانە شیعر و کتێبانەی دەربارەی شۆڕش و کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکانی کورد نوسرابوون. هەروەها ئەو کتێبانەی بابەتەکانیان لەسەر مێژوو بیرو بۆچوونی کوردبوون .لە کۆی (59) کتێب، تەنها (13) کتێب لە کتێبخانەی گشتی کەرکوک بوونیان هەبووە. دوای ئەوەی لە ساڵی (1979) سەدام حوسێن بوو بە سەرۆکی ئێراق تا دواڕۆژی مانەوەی لە دەسەڵات بە بەردەوامی ئەو چاپکراوانەی هەڵگری بیرو بۆچوونی ئەو بوون بۆ کتێبخانەکە دەنێردران. بە بۆنەی هەڵگیرساندنی جەنگ لەنێوان (ئێراق و ئێران) حکومەت دەستیکرد بە دەرکردن و دورخستنەوەی ئەو کتێبانەی کە بیرو بۆچوونی شیعە مەزهەبەکانی لەخۆ گرتبوو، تەنیا نموونەیەک لەوبارەوە:

بەپێی نووسراوی ژمارە (168) لە ڕۆژی (27/8/1980) بەرزکراوەتەوە، کتێبخانەی گشتی کەرکوک پارێزگای کەرکوک ئاگادار دەکاتەوە، کە هاوپێچی ئەم نوسراوەیە دوو کتێبی (محەمەد باقر سەدر)ی لەگەڵدایە بۆ لەناوبردنیان داوا دەکات ئاگادار بکرێنەوە.

لە شەڕی ئێراق- ئێراندا، حکومەت سەرەڕای ئەوەی ترسی لە دەرەوە هەبوو، هاوکات ترسی لەناوەوەی ئێراقیش هەبوو، بەتایبەتی لەشیعە و کورد، بۆیە ڕژێم دەستیکرد بە دورخستنەوەو لەناوبردنی ئەو کتێبانەی پەیوەندیدار بوون بە کێشەی کورد و بیرو بۆچوونی شیعە مەزهەبەکان. بەپێی نووسراوێک ژمارە (1880) لە ڕۆژی (15/2/1984) پارێزگای کەرکوک وەڵامی وەزارەتی حوکمی محەلی دەداتەوە، کە نووسراوی ژمارە (2016)، لەڕۆژی (4/1/1984) لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە نێردرابوو بۆ هەموو پارێزگاکان و کۆپییەکی لەڕێگەی ئێمەوە نێردرا بۆ کتێبخانەی گشتی کەرکوک، بەپێی فەرمانێکی، کارگێڕی هەموو ئەو کتێبە قەدەغە کراوانەی لە کتێبخانەکە دەرکراون و نێردراون بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی گشتی، بە پێی ئەو فەرمانە کارگێڕییە (201) کتێب لە کتێبخانەی گشتی کەرکوک دورخراوەتەوە، لەو لیستە کتێبە (5)یان تایبەت بوون بە کورد، کە ئەمانەی خوارەوەن:

1- پورتنا فی شمال العراق/ عبدالمنعم الغلامی.

2- الواقعیە فی الادب الكردی/ د.عزالدین مصطفی رسول.

3- من یحرك البرزانی/ هاشم البنا‌و.

4- تاریخ الكرد و كردستان/ محمد امین زكی.

5- القچیە الكردیە والقومیە العربیە فی معركە العراق/ محمود الدرە.

"دوای جەنگی کەنداو"

کتێب لە دەرەوە بۆ کتێبخانەی گشتی کەرکوک نەدەهات، دوای جەنگی کەنداو بەهۆی سەپاندنی ئابلۆقەی ئابووری بەسەر ئێراقدا، کتێبخانەکان لە دەرەوەی ئێراق کتێبیان بۆ نەدەهات، کتێبخانەی گشتی کەرکوک یەکێک بوو لەو کتێبخانانە کە لەو ڕوەوە بێبەشبوو، تەنها ئەو کتێبانە دەنێردران بۆ ئەم کتێبخانەیە، کە لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئێراق چاپ و بڵاو دەکرانەوە، کە زۆربەیان گوزارشتیان لە بیروبۆچونی حکومەتی بەعس و سەرکردەکەی دەکرد، ئەم حاڵەتە بەردەوام بوو تا حوکمڕانی بەعس کۆتایی هات. لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991) و ڕزگاربوونی سێ پارێزگای کوردستان: سلێمانی، هەولێر، دهۆک، لە دەسەڵاتی بەعس تا ئەو ڕۆژەی حوکمڕانی بەعس لە ئێراق کۆتایی هات، لەو ماوەیەدا قەدەغە بوو کتێبخانەی گشتی کەرکوک هیچ کتێبێک بکڕێت (کە لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستان) چاپکرابێت.

کتێبی کوردی تەنها لەڕێگای دەزگای ڕۆشنبیری کوردی لە بەغداو بەدیاری دەنێردرا بۆ کتێبخانەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کتێبانە پێش وەرگرتنیان لەلایەن کتێبخانەی گشتی کەرکوکەوە دەنێردران بۆ بارەگای لقی (تەئمیم)ی حزبی بەعس و، لەوێ بڕیار دەدرا چ کتێبێکی پەسەندە و چ کتێبێکی نەگوونجاوە. بەپێی نووسراوی ژمارە (4633) لە ڕۆژی (20/11/1997) پارێزگای کەرکوک ئاگاداری کتێبخانەی گشتی کەرکوک دەکاتەوە، کە ئەو کتێبانەی لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی بەدیاری ناردویانە چاودێری هەموویان بکرێت. ئەو کتێبانەی لەڕێگای نووسەرانی شاری کەرکوکەوە بەدیاری دەنێردران بۆ کتێبخانەی گشتی کەرکوک، دەبوایە کتێبخانەکە ڕەزامەندی سەرکردایەتی لقی (تەئمیم)ی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی وەرگرتایە لەبارەی پەسەندکردنیان.

"کتێبە کوردییەکان لەو ماوەیەدا گرنگیان پێ نەدرابوو"

ئەو کتێبە کوردییانەی لەو ماوەیەدا لە کتێبخانەکە بوون، بێ کارت لەسەر ڕەفەکان دانرابوون، ئەمە ببووە هۆی ئەوەی خوێنەر نەزانێ چ کتێبێکی کوردی بوونی لە کتێبخانەکەدا هەیە. ئەو کەسەی بۆ گەڕان لەدوای کتێبێکی کوردی هەوڵی بدایە، دەبوایە چاوی بکەوتایە بە تۆماری تایبەت بە کتێبە کوردییەکان، ئەو تۆمارەش نەدەدرا بەدەستی کەسەوە لەبەرئەوەی زانیاریی سەبارەت بەهۆی دورخستنەوەی کتێبە کوردییە دورخراوەکان لە خۆ گرتبوو. لیستی ئەو کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییانەی لە کتێبخانەی گشتی کەرکوک لابراون و دورخراونەتەوە نەماون، ژمارەی چاپکراوە(کتێب و گۆڤار)ە کوردییەکانی کتێبخانەی گشتی کەرکوک لە تۆماری گشتی بەشی کوردی (859) چاپکراو نووسرابوو تا ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس، دوای لابردن و دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆریان تەنها (328) ژمارەیان مابوو.
"خاتوو ئایشە ئەوەی بینی دەیگێڕێتەوە"

ئایشە ئەمین رەشید لەساڵی (1943) لە دایکبووە و، لەساڵی (1977) لەسەر میلاکی ئیدارەی خۆماڵی لەپارێزگای کەرکوک، بە ناونیشانی کرێکاری خزمەتگوزار، لە کتێبخانەی گشتی کەرکوک دادەمەزرێت. دەربارەی چۆنێتی لابردن و فەوتاندنی چاپەمەنییەکانی کتێبخانەی گشتی کەرکوک، خاتوو ئایشە بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە "لەو ماوەیەی لەو شوێنە کارمەند بووم، بەچاوی خۆم دەمبینی چۆن چاپکراوەکانی ناو کتێبخانەکە بەشێوەیەک دەردەکران، نەمدەزانی بۆ کوێ دەبرێن، ئەم حاڵەتە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی لەم شوێنە کارمدەکرد، هەروەها دەربارەی چۆنێتی سووتاندنی چاپکراوەکان، خاتوو ئایشە ووتی: زۆربەی ئەو چاپکراوانەی دەسوتێنران لە ساڵانی (1987-1988- 1989) بوو، گەرچی نەخوێندەواربووم بەڵام لە ڕێگای کارمەندێکی ترەوە کە ناوی سەعدوڵڵا بوو خوێندەواری هەبوو، پێی دەووتم: ئەو چاپکراوانەی دەسوتێنرێن زۆربەیان کوردین.

سەرچاوە:

حمەدیان، مێژووی قەدەغەکردنی کتێب لە کتێبخانەی گشتی کەرکوکدا، چاپی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ساڵی چاپکردن 2008 .


ئه‌م بابه‌ته 145 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر