لەیلا بەدرخان "ئەستێرەی سەما و مۆسیقای کوردی

لەیلا بەدرخان لە ساڵی 1908 لە ئەستەمبۆڵ لە دایکبووە، قوتابخانەی باڵای هونەری بالیەی لە ئەڵمانیا تەواوکردووە. لە دوای ساڵی 1925 دەستی بە چالاکی سەر شانۆ کردووە.
PM:08:38:10/09/2022
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


لەیلا بەدرخان لە ساڵی 1908 لە ئەستەمبۆڵ لە دایکبووە، قوتابخانەی باڵای هونەری بالیەی لە ئەڵمانیا تەواوکردووە. لە دوای ساڵی 1925 دەستی بە چالاکی سەر شانۆ کردووە.

لەیلا بەدرخان لە ساڵانی 1930 شووی بە هونەرمەندێکی پۆڵۆنی کرد، تا ساڵی 1986 لە پاریس پێکەوە دەژیان.  هەر لە ساڵی 1986 کۆچی دوایی کرد و کچێکی لە دوا بەجێما بە ناوی Nevin)نیڤین) کە ئێستا لە فەڕەنسا دەژی و لە ڕۆژنامەیەکی میسریدا کار دەکات. لەیلا بەدرخان دەستە خوشکێکی نزیکی کچی محەمەد عەلی عەونی بوو، خاتوو دووڕەیە، کە ئێستاش هەر لە پاریس دەژی. مامۆستا شاکر فەتاح، تاقە نووسەرێکی کوردە، کە دێڕێکی لە بارەی ئەم کچە سەماکەرە کوردە نووسیبێت لە ژمارە (3)ی گۆڤاری نزار، ساڵی 1948.

"لەیلا بەدرخان"
    
کچە هونەرمەندی کورد، لەیلا بەدرخان، بێ ئەوەی تا ئێستا پێبزانین، بە پێی ئەرشیف و سەرچاوە فەڕەنسییەکان، دەردەکەوێ کە لە ساڵانی سییەکاندا یەکێک بووە لە ئەستێرە هونەرییە هەرە پرشنگدارەکانی ژیانی شەوبێری و شەو ئاهەنگە مۆسقایییەکانی ئەوروپا، هەروەها ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە ناساندنی سەما و مۆسیقای نەتەوەیی کورد بە خەڵکی ئەورووپا. لە ئەرشیفێکدا کە لە شێوەی دۆسیەیەکی دوازدە لاپەڕەییدا لە کتێبخانەی (لانگزۆ) لە پاریس دۆزیمانەوە. باسی ئەوە کراوە کە کچە هونەرمەندی کورد (لەیلا بەدرخان) لە ساڵانی سییەکاندا چەندین ئاهەنگی مۆسیقا و سەمای کوردی جۆراو جۆری لە وڵاتەکانی: ئەمریکا، بەلژیکا، هۆڵەندا، سویسرا، ئیسپانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا... پێشکەش بە خەڵکی ئەوروپی کردووە. بەم سەما و ئاهەنگە مۆسیقایە کوردییانەشی، سەرکەوتن و ناوبانگێکی فراوانی لەسەرتاپای وڵاتە ئەوروپییەکاندا بەدەست هێناوە. ئەم ئەرشیفە بێ ئەوەی بەروار و ساڵی نواندنی هەموو ئەو چالاکییە هونەرییانەی ئەم کچە هونەرمەندەمان بە تەواوەتی بۆ دەستنیشان بکات، باسی ئەوە دەکات کە (لەیلا بەدرخان) لە ڤیستیڤاڵێکی هونەری جیهانیشدا، لە ڤیزدیڤاڵی سالز بۆرگ Salz boug (نازانین لە چ بەروارو ساڵێکدا، بەڵام ئاشکرایە پێش 1935 بەشدارییەکی چالاکانە و کارامانەی کردووە، هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتی دەزگای (Lascala de Milan ) ئەندام بووەو شەرەفی ئەوەی دراوەتێ کە لە بالییەیەکی بەناوبانگی رۆژهەڵاتییانەدا رۆڵی بنچینەیی ببینێت؛ لە بالیەی (Respighi) بە ناونیشانی (بەلقیس شاژنی سەبا) بەداخەوە ئێمە نەمانتوانی هیچ شتێک لە بارەی ژیاننامەی (لەیلا بەدرخان) ساغ بکەینەوە، تەنیا ئەوە نەبێ کە دەزانین وەک لە سەرچاوە فەڕەنسییەکانیشدا پەنجە نوما کراوە؛ لەیلا بەدرخان کچی "عەبدولڕەزاق بەدرخان"ی شۆڕشگێڕی کوردە، کە لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا، هاوشێوەی چەندین رووناکبیرانی دیکەی کوردستانی تورکیا پەڕاگەندەی دیوی ئێران ببوون و لە دەوروبەری ساڵی 1912 لەشاری (خۆئی) گیرسابوونەوە. دیارە لەیلا بەدرخان لەو سەروبەندەی ساڵانی دەیەکاندا جارێ منداڵ بووە و ژیانی هونەریی دەستی پێنەکردووە، هێشتا پەڕاگەندە و ئاوارەی ئەوروپا نەببوو. ئاشکراشە کە دیدی ناسیونالیستانە و بیری پێشکەوتنخوازانەی باوکی، رووناکبیرێکی دنیا دیدەی وەک "عەبدولڕەزاق بەدرخان" کاریگەرییەکی زۆری نواندووە بەسەر پەروەردە بوونی روحی و هونەریی ئەم کچە هونەرمەندە. ئەگەر کاریگەری ئەم بیرە ناسیونالیستە پێشکەوتنخوازەی باوکی نەبوایە، ئەوا هیچ کچە کوردێک لە ساڵانی سییەکاندا جورئەتی ئەوەی نەدەکرد کە ببێتە (سەماکەر) و بێت لە ئەوروپا بەدوای شۆرەتی خۆیدا بگەڕێ.

وەک لە هەندێ نووسراوەکانی ناو گۆڤار و رۆژنامە فەڕەنسییەکانی ئەو سەردەمەدا بۆمان ساغ کرایەوە؛ لەیلا بەدرخان، نەک هەر شارەزایییەکی قووڵ و فراوانی لەبارەی هونەری سەماو مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیدا هەبووە، بەڵکو ئەم هونەرمەندە(سەما و مۆسیقا)ی بە شێوەیەکی ئەکادیمییانە و زانستییانەش خوێندووە، وەک هەر هونەرمەندێکی کارامەو هاوچەرخی سەردەمەکەی خۆی، بە تەواوەتی لەم هونەرە شارستانییە دانسقەیەدا قاڵ بۆتەوە، بەرهەمەکانیشی؛ بەری داری کۆشش و خوێندنەوەیەکی قووڵی ئەکادیمییانەی ئەون. جگە لەمانەش شارەزایییەکی فراوانی لەبارەی هونەری مۆسیقا و سەما جۆراو جۆرە رۆژهەڵاتییەکان هەبووە. لە هەمان کاتدا مۆسیقای ئەورووپی و هەندێ لە سەما ئەورووپییەکانیشی باش ناسیوە، تەنانەت لەباری پراکتیکیشدا، بۆ نموونە لە سەمای (بالیە)دا، سەماکەرێکی خاوەن ئەزموون و کارامە بووە . دەردەکەوێ کە لەیلا بەدرخان، دوا بەدوای هەر ئاهەنگێکی سەما و، هەر ئاهەنگێکی مۆسیقایی کە لە وڵاتێکی ئەوروپیدا گێڕابێتی، ئیتر رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو وڵاتە، بە لێشاو راپۆرت و وتاریان لە بارەیەوە بڵاو کردۆتەوە، چاوپێکەوتنی رۆژنامەنووسییان لەگەڵ سازکردووە، ژمارەیەک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە پاریسییەکانی ئەو سەردەمە، وەک فیگارۆ (Le figaro)، لێبێرتی (Le liberte)، دێب (Les Sem aine)، تەنانەت گۆڤارێکی ناودارو گرنگی وەک جیهانی مۆسیقا (Le monde Musical) و (رێبەری مۆسیقا Guid Musical)ش وتارو راپۆرتی تەرخانکراویان لەبارەیەوە بڵاو کردۆتەوە، وێڕای چەندین وێنە و پرۆپاگاندە و بیروبۆچوونی جۆراوجۆر.

کەواتە دیارە، لە وڵاتانی دیکەشدا (لە ئەمریکا و لە هۆڵەندا و ئیتاڵیا و بەلجیکا و ئیسپانیا و سویسرا) بەهەمان شێوە، لە ماوەی گێڕانی ئاهەنگەکانیدا، رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو وڵاتانە راپۆرت و وتاریان لەسەر بڵاوکردبێتەوەو ئێمە جارێ نەماندیبن.

هەموو لایەکمان ئاشکرایە، لەیلا بەدرخان وەختێ کە ئەم ئاهەنگە کوردییانەی لە پایتەختی وڵاتە ئەوروپییەکاندا ئامادە و پێشکەش کردووە، واتە لە ساڵی 1935دا مۆسیقا و سەمای کوردی لە ناوەوەی وڵاتدا (لە کوردستان)دا هێشتا بە هیچ شێوەیەک بەو شێوە تازە و فراوان و هاوچەرخەی خۆی لە دایک نەببوو، بۆیە لەیلا بەدرخان بە یەکێک لە یەکەمین ئەو ئافرەتە هونەرمەندە کوردانە لە قەڵەم دەدرێت کە هەوڵیان داوە بۆ بوونیادنان و بووژاندنەوەو بڵاو کردنەوەی هونەری سەما و مۆسیقای کوردی. بەداخەوە، ئەو هەموو "یەکێتی"و مەڵبەندە کولتورییانەی کورد لە ئەوروپان، کەچی هەرگیز غەم لە کۆکردنەوەی ئەم جۆرە ئەرشیف و تێکست و دۆکیۆمەنتە مێژووییانە ناخۆن. ئەگینا شەیتان دەزانێ داخوا چەند نەوارو فیلم و کاسێتی ڤیدیۆیی ئەم کچە هونەرمەندە کوردە و هی دەیانی دیکەش ئێستە لە ئەرشیفخانەکانی ئەوروپادا کەوتوون. 

هەر بۆیە بە شتێکی سەیر نازانرێ کە گەلێک لە شارەزایانی مۆسیقا و هەروەها ئامێری مۆسیقاناسە ئەوروپییەکان، بۆ نموونە لەوانە(فرانسوا رێنێ ترانشیڤۆر) بنەچەی گەلێک لە ئامێرە مۆسیقاییەکانی رۆژهەڵات، وەک (تەنبوور) و بوزک/بزخ Bazuq دەگێڕێتەوە بۆ کورد، دەڵێ کە لە سەرەتادا کورد ئەو ئامێرە مۆسیقاییانەی داهێناوە.


سەرچاوە:

د. فەرهاد پیرباڵ، کورد لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی کلتور، چاپی دووەم، ساڵی 2020.



ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر