مەولانا خالید لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا
بەشی دووەم و کۆتایی

مەولانا خالید ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە پێکهێنانی شێوازی گوزارش کردن لە ئیسلام لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.
PM:03:05:10/09/2022
دۆسیە: نیشتمانسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


نووسین: مارتن ڤان بروونەسن

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
 
تێبینی: ئەم پەیپەرە پێشکەش بە "دیداری جیهانیی مەولانا خالید" کراوە، سلێمانی، هەرێمی کوردستان، ئێراق، ٢٧ - ٢٩ی نیسانی ٢٠٠٩

"شێخەکانی مەککە لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا"

پێدەچێت وەک کاردانەوەیەک بۆ سەردانەکەی ئیسماعیل بۆ ناوچەکە ژمارەی ئەو حاجییانەی کە دەیانویست بچنە سەر تەریقەتی خالیدی لە کاتی مانەوەیاندا لە مەککە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. لێرە زاویەی (تەکێی) ساخی ئەبو قوبەیس دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون بابەتی سادە و ساکار بخوینن و فێرببن و ئیجازەیەکی نووسراوی پێبەخشیون بۆ ئەوەی لە ماڵەوە پیسانی خەڵکی بدەن. لە دیدی گەلێ لە مەکییەکانەوە شێخی ئەم مەنزڵگە سۆفییە کارێکی پڕ خێر و قازانجی بەڕێوەبردووە. 

پاشئەوەی ئەوەی لە سەروەختێکدا سولەیمان ئەلزوهدی بوو بە شێخی تەکێکەی جەبەل ئەبوقوبەیس، شێخێکی تری خالیدیش لە مەککەدا نیشتەجێ بوو. ئەمیش خەلیل حەمدیی داغستانی بوو، کە باوکیشی یەحیا ئەلداغستانی خەلیفەی عەبدوڵڵای ئەرزنجانی بوو. هەڵبەت مەسەلەیەکی نائاسایی بۆ شێخێک کە لە شار یان ناوچەیەکدا زیاد لە خەلیفەیەک دابنێت، چونکە بە بێ قەید و شەرت ئەوە دەببێتە مایەی دژواری و پێکدادان لە دەسەڵاتدا. گەیشتنی خەلیل بۆ مەککە و ئیددیعا کردنی کەوا ئەمیش خەلیفەی عەبدوڵڵای ئەرزنجانییە گرژی و ئاڵۆزییەکی مەترسیدارتری دروستکرد وەک لەوەی کە لە نێوان شێخەکانی لقە جیاوازەکانی ڕێبازەکەدا دروست دەبێت. بەو پێیە جێی سەرسوڕمان نەبوو کە ئەم دوو هاوپیشەیە بکەونە ناکۆکی و ململانێیەکی توندەوە و بە هەموو جۆرێک دەنگ و سەدای بگاتە ئیندۆنیسیاش.

"سنۆک هۆرخرۆنجە"، کە ساڵی ١٨٨٥ پێنج مانگی لە مەککەدا بەسەربردووە، کە تەنها دوو ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر دەستێوەردانی حکوومەتدا بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە، وەسفێکی سەرنجڕاکێشی ململانێکە دەکات هەرچەندە هاوسۆزی هیچکام لەو دوو لایەنی نەبووە. بێجگە لەوەش، هەرردوو شێخەکە وتار و نامەیان دەنووسی کەوا هەندێ زانیاریی زیاتریان دەدا. سنوک تێبینیی ئەوە دەکات کەوا هەردوو شێخەکە ژمارەیەکی زۆری مورید و شوێنکەوتەی ئیندۆنیسییان هەبووە و لە واقیعدا هەردوکیان دوو ڕابەری خاوەنی زۆرترین ناوبانگ بوون لە مەککەدا و گوایە هەردوکیان "پسپۆڕ" بوون لەوەی ئیندۆنیسییە سادە و ساکارە نەخوێندەوارەکان و (هەروەها تورکەکانیش) لە پەیوەست کردنیان بە تەریقەتەوە، کە لە پاڵ خاسییەتەکانی تریدا دەبێ پرۆژەیەکی ئابووریی پڕ قازانج بێت. سنۆک وایبۆدەچێت کە هۆکاری سەرەکیی ناکۆکی و ڕکابەرییان ململانی بووە ئەم داهاتە گرنگە. ئەوان هەردوکیان دەکرێ ئیددیعای ئەوە بکەن کە جێگرەوەی ڕاستەقینەی عەبدوڵڵای ئەرزنجانین، هەرچەندە سولەیمان، بەو پێیەی کە شێخی ئەبوقوبەیسە، ئیددیعاکەی قەناعەتبەخشتر بووە. خەلیل، شانازیی بەخۆوە دەکرد کە نزیکترە لە ڕابەری پایەبەرزیەوە و ئیددیعای ئەوەی دەکرد کە حەوت ساڵ خزمەتی خزمەتی خاکی بەرپێی خودی شێخ عەبدوڵڵا خۆی بووە، پاش ئەوەی لەسەر دەستی باوکی تەمەسوکی کردووە. سەرەڕای ئەوەش بە بنەچە نەوەی حوکمڕانانی داغستان بووە و لە دەزگای بیرۆکراتیی عوسمانیدا کاری کردووە وەک ئەوەی نازناوی پاشا ئاماژەی پێدەکات (سنۆک بەردەوام بە خەلیل پاشا ناوی دێنێت) و بێجگە لەوەش پەیوەندیی باشی هەبوو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتدا لەککەی موکەڕەمە.

وەک چۆن شێخە ڕکابەرەکان گەلێ جار دەیکەن، هەر یەکەیان ئەویتری بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی نەقشبەندی لایداوە. سولەیمان ئەفەندی بابەتێکی نووسی و تێیدا خەلیل پاشای بەوە تۆمەتبار کردبوو کەوا سەماکردن و جوولەی توندی جەستە بەکاردێنێت بۆ بەدیهێنانی فڕاندنی ڕۆحی، کە بە عادەت ڕێگەی نابەجێن لە لایەن نەقشبەندییەکانەوە. خەلیل پەنای بردە بەر دۆستە سیاسییەکانی و لەنێویاندا والیی حیجاز و ئەحمەد بن زەینی دەحلانی موفتیی شافیعی، بۆ ئەوەی سولەیمان ناچار بکات کەوا لە تۆمەتەکانی پاشگەز بێتەوە. لە ساڵی ١٨٨٣دا وا دەرکەوت کە خەلیل براوەیە. پاشان چوار لەو کەسایەتییانەی مەککە کە دواتر کردنیە خەلیفە بە نامەوە ناردنی بۆ لای نەقشبەندییە ناودارەکان لە ئیندۆنیسیا و ئاگاداری کردنەوە کە سولەیمان ناچاری ئاشتەوایی کراوە لەگەڵ خەلیل حەمدی و تۆمەتەکانی کێشاوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکەوتنی کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ سولەیمان ئەلزوهدی، چونکە ژمارەی ئەو نەقشبەندییانەی کە سیلسیلەکەیان لە ڕێگەی خەلیلەوە بوو شتێکی ئەوتۆ نەبوو بەراورد بەوانەی کە لە سەر خەتی سولەیمان بوون.

سنۆک کەمێک هاوسۆزیی هەبووە لەگەڵ هەردوک ئەم شێخانەدا و بە پەستی و نیگەرانییەوە لەبارەی ململانێکەیانەوە دەنووسێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە ڕێزێکی گەورە دەردەبڕێت بۆ نەقشبەندییەکی تر، کە شێخ موحەممەد ساڵح ئەلزواوییە، کە بەم شێەوەیە وەسفی دەکات "پیاوێکی دانا و ژیرە و زانایەکی خواپەرستە و سۆفییەکە بەقووڵی ڕۆچووەتە ناو نهێنییەکانی تەریقەتەوە". بەپێچەوانەی سولەیمان ئەفەندی و خەلیل پاشاوە، موحەممەد ساڵح قایل نەدەبوو ئەو کەسانە بێنە ناو تەریقەتەوە کە ئاشنایی تۆکمە و چەسپاویان نەبوو بە زانستە ئیسلامییەکان.

"پەرەسەندنەکانی ساڵانی ١٨٨٠کان لە سۆمەترەدا"

"سنۆک هۆرگرۆنجە" لە ماوەی مانەوەیدا لە مەککە لە ساڵی ١٨٨٥دا، تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا هەموو ئەو سۆمەترییانەی نیشتەجێی ئەوێن سەر بە تەریقەتێکن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا  ئەم تەریقەتە نەقشبەندییە یان قادری (ئەوەی کە سنۆک مەبەستێتی قادری و نەقشبەندیی عەبدولکەریم بەنتینە). تەشەنە کردنی خێرای نەقشبەندی لە ڕۆژئاوای سۆمەترە لە ماوەی ١٨٦٠کاندا، کە تازە ئاماژەی پێکراوە لەسەرەوە. ئەو گەشەکردنەی بەردەوام بوو لە سەردەمی سولەیمان ئەلزوهدی و عەلی ڕەزای کوڕەکەی (یان زاواکەیدا) و هەردوکیان خەلیفەیەکی زۆریان هەبوو لە ناوچەکەدا. دەبوو سۆمەترەی ڕۆژئاوا بە بەشێک بمایەتەوە لە ئەرخەبیل کە نەقشبەندیی خالیدی تێیدا چەسپاوترینە. کاتێ کەوا مەککە، لە ژێر حوکمی سعوودیدا، پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی لەدەستدا وەک سەنتەری تەریقەتەکە، ئەوە سۆمەترەی ڕۆژئاوا بوو بەو سەنتەرەی کەوا نەقشبەندی لێیەوە بەردەوام بوو لە بڵاوبوونەوە و تەشەنە کردن لە ناو ئەرخەبیلدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکەوتووترین خەلیفەی شێخ سولەیمان ئەلزوهدی لە سۆمەترە لە مێنانکاباو نەبوو بەڵکو کەسێکی مەلایۆ بوو لە کەناری ڕۆژهەڵات و ئەویش عەبدولوەهاب ڕۆکان بوو. شێخ عەبدولوەهاب بێ قەید و شەرت پڕ بەرهەمترین نەقشبەندی بوو بە ڕەهایی. ئەو نزیکەی سەدەیەک ژیا (یان بگرە ١١٥ ساڵیش، بەپێی ئەفسانەیەکی خێزانی) و بە لای کەمەوە بیست و حەوت ژنی هێناوە و سی و چوار منداڵی بووە و سەد و بیست خەلیفەی دامەزراندووە، کە زۆربەیان لە سۆمەترە بوون بەڵام هەشتیشیان لە زەویی وشکایی سەرەکیی مالایا بوون١٠. یەکێک لەم خەلیفانە حاکمی سەڵتەنەتی مەلایۆی لانگکاتی نزیک مێدان بوو، کە شێخ لە سەر خاکەکەی مەزرا و گوندێکی بنیاتنا و کوڕ و نەوەکانی تێیدا نیشتەجی بوون، کە بابوسسەلام بوو (یان بە گۆکردنی لۆکاڵی، پێسیلام). ئەمە تا ئێستا یەکێکە لە سەنتەرە سەرەکییەکانی نەقشبەندییەکانی ئیندۆنیسیا بێت و ڕەنگە گەورەترینیشیان بێت، لەگەڵ تۆڕێکدا کە ئەو شوێن و ناوچانە دەگرێتەوە کەوا بە زمانی مەلایۆ دەئاخڤن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سۆمەترە و خاکی سەرەکیی مالیزیاش.

"تێبینیی گشتی"

لەجیاتیی ئەوەی چیتر لە بەرفراوانبوونی زیاتری نەقشبەندیی خالیدی بدوێم لە ئیندۆنیسیادا، پێمخۆشە ئەم پەیپەرە بە هەندێ سەرنج و تێبینیی گشتی کۆتایی بێنم.

1. گەورەترین کۆمەڵانی تەریقەتی خالیدیی نەقشبەندی، لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا، دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە کە ژمارەی خالیدییە نەقشبەندییەکان تێیدا بە سەدان هەزارن. بەم واتایە، دەکرێ بڵێین کەوا مەولانا خالید ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە پێکهێنانی شێوازی گوزارش کردن لە ئیسلام لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

2. لانی کەم لە بوارێکدا، خالیدییە لە ئیندۆنیسیادا شێوازێکی بەرهەمهێنایەوە و فرەجار تێبینی دەکرێت کە نموونەییە بۆ نەقشبەندی:  ڕابەر و مامۆستاکان کۆششیکی گەورەیان کردووە بۆ ئەوەی لە لووتکەی هەرەمی کۆمەڵایەتییەوە بچنە ناو کۆمەڵگەوە لەبری ئەوەی بەدوای شوێنکەوتەی میللیدا بگەڕێن. یەکەم خەلیفەی ئیندۆنیسیی خالیدییە، کە بە ناو دەیناسین و ئیسماعیلی مینانکاباوی بووە، پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ حاکمی سەڵتەنەتی ڕیاوی مەلایۆ دامەزراندووە، کە بووە بە مورید و شوێنکەوتەی و دواتریش خەلیفەکان نێوان خۆشییەکی باشیان هەبووە لەگەڵ سوڵتانەکانی لانگکات و دێلی (کە دوو سەڵتەنەتی تری مەلایۆن و دەکەونە باکووری سۆمەترەوە) و هەروەها لە حوکمڕانە جیاجیاکاندا لە ڕۆژئاوای جاوادا (ئەمانە حوکمڕانی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو ناوچانەن و پێیاندەوترێت بوپاتی bupati). 

3. لەگەڵ ئەوەشدا، مورید و شوێنکەوتەش پەیدابوون و وا دیارە بڵاوبوونەوەی خالیدییە لە ئیندۆنیسیادا بە هۆی ئەوەوە بووە کە ئیندۆنیسییەکان بەپەرۆش بوون بۆ بەدەستهێنانی ئیجازەی تەریقەتەکە نەک دڵگەرمی و پەرۆشیی تەبشیر و مژدەپێدانی. زاوییە یان تەکێکەی خالیدی لە ئەبوقوبەیسی مەککە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا بوو بە ئامانجێکی دڵبەندی ئەو حاجییە ئیندۆنیسییانەی بەدوای بەدەستهێنانی عیلم و زانیارییەوە بوون لە خاک و حەرەمی پیرۆزدا. زۆرێک لە ئیندۆنیسییەکان لەوێ خەڵوەتیان دەکێشا و فێری بنەما سەرەکییەکانی ئادابی نەقشبەندی دەبوون و بە ئیجازەیەکی شکۆدارەوە دەگەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، شێخ سولەیمانی زوهدی (کە بەزۆری بە سولەیمان ئەفەندی ناوی دەهێنرا) و لە دوا چارەکی سەدەی نۆزدەدا ناوی دەرکرد وەک دووەم جێگرەوەی عەبدوڵلای ئەرزنجانیی خەلیفەی مەولانا خالید لە مەککە، تۆڕێکی چڕی جێگر و خەلیفەی بۆ خۆی دروتکرد کە زۆربەی شوێن و ناوچەکانی ئیندۆنیسیا و مەلایۆی گرتبووەوە.

4. بەپێچەوانەی کوردستان، پێناچێت لێرە تۆڕی خەلیفەکانی خالیدی و شوێنکەوتووانیان کارا کرابێتن لەپێناوی جۆشدان و جووڵاندنی مەسەلەی نەتەوەییدا (ناسیۆنالیستیدا). لە واقیعدا چەندین ڕێباز و تەریقەتی تر تێکەڵ بە بزووتنەوەکانی ناڕەزایی دەربڕینی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون. لێرە بەزۆری نەقشبەندیی جێی گومان بوو لای دەسەڵاتەکانی هندی هۆڵەندی گوایە لەبەر "دڵگەرمی و دەمارگرژییان" (کە بەزۆری ئەداکردنی توندڕەویی ئاینی دەگرێتەوە)، بەڵام ڕێک و ڕەوان بەهۆی نزیکییانەوە بوو لە دەسەڵاتە ڕەسەن و خۆوڵاتییەکانەوە بوو، دەنا هەرگیز تەحەدای جیددیی نەزم و سیستەمی کۆڵۆنیاڵییان نەکردووە، بەڵکو بەشداری کردنیان لە سیاسەتدا بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی دوای سەربەخۆیی.

5. پراکتیزەکردنی خۆڕاهێنانی چڕ لە ماوەی خۆدابڕینی خەڵوەتکێشاندا (یان سلووک) فاکتەریکی سەرەکی بوو بۆ سەرکەوتنی ئەم تەریقەتە و بە هەمان شێوەش پەەیڕەوی کردنیپەیوەستبوون بە شێخەوە (ڕابیتە بیلشەیخ - رابگه‌ بالشیخ). ئەم دوانە هەردوکیان بەشێک لە تەکنیک و زەخیرەی خواپەرستیی نەقشبەندی، بەڵام بە خاسییەتێکی تایبەتی  فێرکردن و ڕا‌هێنانی خالید. لانی کەم تا کۆتایی سەدەی  نۆزدە نەقشبەندییە ئیندۆنیسییەکان بەردەوام بوون لە وێناکردن و خەیاڵی پەیوەستبوون بە شێخ خالیدەوە لە ڕابیتەدا. ڕوونیش نییە کەوا ئەم پەیڕەویکردنە کەی وەستاوە و کەی شێخە بەراییەکانی ئیندۆنیسیا داوایان لە موریدەکانیان کردووە وێنا و خەیاڵی خۆیان بکەن.

6. تا داگیرکردنی سعوودی، لقە ئیندۆنیسییەکانی تەریقەتی نەقشبەندیی خالیدی چاویان خستبووە سەر مەڵبەندێکی دەرەوەی وڵات، واتە مەڵبەندەکەی جەبال ئەبوقوبەیس. بەڵام کاتێ ئەم مەڵبەندە نەما، ئەوە کۆمەڵگە یان کۆمیونیتییە ئیندۆنیسییەکان هاوکۆیی و یەکگرتنیان تێدا نەما و ژمارەیەک  مەڵبەند لە ئیندۆنیسیا خۆیدا پەیدابوو و پراکتیزەکانی خواپەرستی وردە وردە ڕەنگ و ڕووی تایبەتی ئیندۆنیسیی لەخۆگرت.

 
پەراوێز:

1 C. Snouck Hurgronje, Ambtelijke adviezen van C. Snouck Hurgronje, vol. II, ed. E. Gobée and C. Adriaanse, The Hague: Nijhoff, 1957, pp. 1182 - 83.  
سنۆک هۆرگرۆنجە، "ئامۆژگاریی فەرمی" ....
٢ ئەم دەقە یەکەم چاپکراوە لە پەراوێزی وەرگێڕانە عەرەبییەکەی ئەلمەنزیلاوی بۆ مەکتووباتی سرهندی (مەککە ١٣٠٦ / ١٨٨٩. من لە ئیندۆنیسیا کۆپییەکم لە دوا چاپێکی دەستکەوت. الرحمه‌ الهابگه‌ ... ساڵی ١٨٢١ تەواوکراوە، کاتێ کە شێخ خالید هێشتا لە ژیاندا بووە.
٣  سلیمان الزهدی الخالدی "مجموعه‌ الرسائل"، إسگنبول، ١٢٩٨ / ١٨٨١، ص ١٩ - ٢٠. 
٤  لە مەملەکەتی مەلایۆدا تەمەنگۆنگ بەرپرسیارێتییەکی ڕەسمی بووە بۆ ئاسایشی ناوخۆ و یەکێک بووە لە پۆستە باڵاکان و هێزەکانی پۆلیس و هێزی تریش دەکەوتنە ژێر فەرماندەیی ئەمەوە. تەمەنگۆنگ ئیبراهیمی جۆهۆر تەنانەت پێگە و پۆستێکی لەمەش کاریگەرتری هەبوو کە لەم ناونیشانەدا ئاماژەی پێکراوە؛ لە ساڵی ١٨٣٩ (کاتێ ئەو بە ڕەسمی وەک تەمەنگۆنگ دامەزراوەتاوەکو مردنی لە ساڵی ١٨٦٢دا. ئەو دەسەڵاتدارێکی ڕاستەقینە بوو لەبری ئەوەی سوڵتانێکی لاواز بێت، (ترومبوڵ ١٩٧٢: ل ٢٧١ ٢٨٧؛ عادیل ١٩٨٠: ل ٢١١ - ٢٤٥). 
٥ لەبەر نووسینەوەی دوا ڤێرژنی الرحمه‌ الهابگه‌ ... (لاپەڕە ٧٢ - ٧٣) مێژووەکەی ١٢٦٩/ ١٨٥٣ و باس لە پشتگیریی أمیر إبراهیم إبن المرحوم أمیر عبدالرحمن دەکات، تەمەنگۆنگی (ئەلتەمەنقومی) سەری مەهاراجا. هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ شێخ ئیسماعیل دانیشتووی کامپونگ تەلۆک بلانگاه، ئەو شوێنەی کە تەمەنگۆنگ تێیدا نیشتەجێ بووبوو.  
6 L.W.C. van den Berg, 'Over de devotie der Naqsjibendijah in den Indischen archipel', Tijdschrift voor Indische Taal-, Land - en Volkenkunde 28, 1883, 258 
 ڤان دێن بێرگ، "لەبارەی خواپەرستیی نەقشبەندییەوە لە ئەرخەبیلدا"، گۆڤاری زمانی هندی و خاک و زانستی ڕەگەز و ئیتنیک، ژمارە ٢٨، ساڵی ١٨٨٣، ل  ١٧٥ - ٢٥٨.
7 Letter from the resident of Priangan to the Governor General, dated 29 - 9 -1885, enclosed in Mailrapport no. 642a (Arsip Nasional, Jakarta). 
 نووسراوی کۆمیسیاری باڵای پریانگان  بۆ حاکمی گشتی، لە ٢٩ / ٩ /  ١٨٨٥ ...
٨ هەمان کۆمیسیاری باڵالە نامەیەکی دواتردا، بە نەقشبەندییەکانی جیانجوری وتووە "شوێنکەوتووانی ڕێبازی ئیسماعیلی مینانکاباو (MGS 12 - 4 - 1886, no. 58/c, Arsip Nasional, Jakarta).    بەهەرحاڵ، ئەمە لە سیاقی چەند و چوونێکدا لە سەر نووسراوێک لە لایەن سەید عوسمانەوەیە کە هێرش دەکاتە سەر تەریقەتی نەقشبەندی و بە دیاریکراوی  شێخ ئیسماعیل و ئەم کۆمیسیارە ڕەنگە ناوی ئیسماعیلی تەنها لەو نامە و نووسراوەوە بیستبێت، لەبری ئەوەی لە کەسانی پەیوەندیدارەوە بیستبێتی.  

9 A. W. P. Verkerk Pistorius, 'De priester en zijn invloed op de samenleving  Tijdschrift voor Nederlandsch - Indie 3/2, 1869, 423 - 455, especially pp. 450 -451. "پیاوی ئاینی یان کاهین و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە"، گۆڤاری دوورگەکانی هندی هۆڵەندی. نووسەر کە باس لە تەریقەتەکە دەکات ناوی ناهێنێت وبەهەڵە باس لە مەزهەبی حەنەفی دەکات، بەڵام لەبارەی سەرنج و تێبینییەکانیەوە لەسەر پراکتیزە کردنی ڕووندەبێتەوە  کە دەبێ مامەڵە لەگەڵ نەقشبەندیدا بکەین و پەیوەندیمان پێیەوە هەبێت. 
١٠ بڕوانە ها. ئە. فوئاد سەعید،  Syekh Abdul Wahab Tuan Guru Babussalam          شێخ عەبدولوەهاب ڕابەر و مامۆستای بابوسسەلام. مێدان: کتێبخانەی بابوسسەلام  ١٩٨٣      [١٩٦٠ ]؛ ناوی ئەو ژن و منداڵانەی  (لەبیر ماون) لە لاپەڕە ١٧٠ – ١٧٢، خەلیفەکان لە لاپەڕەی ١٣٤ - ١٣٩. نووسەر خۆی یەک لە ٢٠٧ کوڕەزا و کچەزاکانی شێخە.     
                                                                                             
11 This process is described in some detail in Martin van Bruinessen, 'After the days of Abû Qubays: Indonesian transformations of the Naqshbandiyya -Khâlidiyya', Journal of the History of Sufism, 5, 2008, 225 - 51 and idem, Tarekat Naqsyabandiyah di Indonesia. Survei historis, geografis, dan sosiologis, Bandung: Mizan, 1992.        
ئەم پرۆسەیە بە هەندێک وردەکارییەوە باسکراوە لە لێکۆڵینەوەیەکی مارتن ڤان بروونەسن "لە پاش ڕۆژگاری ئەبوقوبەیس: وەرچەرخانی ئیندۆنیسییەکان بۆ سەر نەقشبەندیی - خالیدی"، گۆڤاری مێژووی سۆفیزم ....... هەروەها "تەریقەتی نەقشبەندی لە ئیندۆنیسیا، ڕووماڵی مێژوویی و جوگرافی وکۆمەڵایەتی"، باندۆنگ: میزان، ١٩٩٢.




ئه‌م بابه‌ته 74 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر