پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست
بەشی چوارەم

ئۆزبەکستان وەک تاجیکستان وڵاتێکە کە لە ڕووی مێژووییەوە لە ڕێڕەوی کلتووری فارسیدا بووە و لە ڕووی سیاسییشەوە گرێدراوی دەوڵەتەکانی ئێرانە لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا.
PM:10:51:09/09/2022
دۆسیە: شیکار


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ


چوارەم: پەیوەندی نێوان ئێران و ئۆزبەکستان

ئۆزبەکستان وەک تاجیکستان وڵاتێکە کە لە ڕووی مێژووییەوە لە ڕێڕەوی کلتووری فارسیدا بووە و لە ڕووی سیاسییشەوە گرێدراوی دەوڵەتەکانی ئێرانە لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا. ئەو داگیرکەرانەی کە لە باشورەوە هاتوون بە )ئەوبەری ڕووبار( ناوی دەبەن، لای فارسەکان بە فەروود، لای یۆناییەکان بە ئەو بەری ڕووباری ئۆکوز  و لای عەرەبەکانیش بە Vووباری دۆڵی نێوان دوو ئاوان دەناسرێت. یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆر گفتوگۆی لەسەر دەکرێت ئەوەیە ئایا ناوچەکە وەک ئیتنیک سەربە فارسە یان  تورکە؟ لە شانامەدا ناوی توران بۆ ئەو دیوی ڕووباری ئامو دەریا بەکاردەهێنیرێت. پاشان چەمکی توران گوڕانکاری بەسەرداهات لەگەڵ وڵاتی تورک یان تورکستان ) ناوچەی تورکەکان(  لەبەر ئەوە کاتێک تورکناسەکان ناوی توران بە تورکەکان دەبەستنەوە، فارسەکانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چەمکی توران ڕەهەندێکی فارسی هەیە. دەرئەنجام، ئەم ناوچەیە لە کۆنەوە خاڵی یەکتربڕ و بەیەکەوە بوونی هەردوو شارستانییەتی تورک و فارسەکان بووە. 

 ئۆزبەکییەکان کە لە ماوەی 500 ساڵی ڕابردوودا لە دامەزراندنی ناسنامەی تورکی لە ناوچەکەدا و دیاریکردنی ئەم ناسنامەیە بە دژە ئێرانی/ سەفەوی/قزلباشەکان، کە لە باکورەوە کۆچیان کردووە بۆ هەرێمەکە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی لە کۆتایی سەدەی 15دا و هەیمەنەی خۆیان دامەزراند. ئۆزبەکییەکان کە هێزی سەرەکی لای ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆری مەغۆڵیان پێکدەهێنا،  دوایین شەپۆلی تورکیایە کە لە ناوەندی جیهانی تورکیاوە تا سنوورەکانی دەرەوەی خۆی بڵاوبوویەوە. کاتێک لە سەدەی 16 خانەدانەکانی کازاکی حاکمییەتییان لەسەر ناوچە دەشتاییەکان "بۆزکر – قۆنیا" چەسپاند، لە ناوچەکانی باشوریش خانەداناکانی ئۆزبەک وەک هیڤا، هۆکاند و بوهارا حاکمیەتییان دەستەبەر کرد. لەگەڵ دەست بەسەر داگرتنی ناوچەکە لەلایەن ڕوسیالە سەدەکانی 18 و 19، ویلایەتی بۆزکر لەسەر خاکی خانەدانەکانی کازاکییەکان لە شوێنی خانەدانەکانی ئۆزبەک ویلایەتی تورکستانییان دامەزراند.

لە ساڵانی سەرەتای دەرکەوتنی ئیسلامەوە تا وەکو ئێستا نەریتی سوننەکان هەمیشە دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەی دۆڵی دوو ئاوان دا پاراستووە. لە ڕاستیدا ئەبو حەنیفە و ئەبو مەنسوور ماتوریدی کە لە جیهانی عەرەبیدا مەزهەبی سوننەگەرییان پاراست لە دژی شیعەگەرایی، لە پیاوانی ئایینی ئاسیای ناوەڕاستن. بۆیە ئۆزبەکییەکان بە هەمان شێوەی سەلجوقییەکان و عوسمانییەکان کە پێشتر لەم هەرێمە هاتوون، خۆیان بە توندی وابەستە و پێناسە دەکرد بە سوننە و دەستیان کرد بە جەنگ لەگەڵ شیعەی سەفەوی ئێرانی. لەبەر ئەمەش ) ئەوی تر(ی دەوڵەتی ئۆزبەک، دەوڵەتی ئێرانە؛ )ئەوی تر(ی کلتووری ئۆزبەک/تورک، کلتووری تاجیک/فارس بووە. 

لەسەردەمی دوای یەکێتی کۆمارەکانی سۆسیالیستی سۆڤیەت پەیوەندییەکانی تاران – تاشکێنت هەر لەسەرەتاوە بە کێشە دەستی پێکرد. ئەمەش جەند هۆکارێکی هەیە؛ یەکەمیان، ئۆزبەکییەکان لەچاو خەڵکی تورکی ئاسیای ناوەڕاست زۆرتر پەیوەستن نە ئایین و پێگری لە بنەما ئایینییەکان دەکەن. تەنانەت حکومەتی ئەتایزمی سۆڤیەتیش نەیتوانی ئەم دیندارییەی ئۆزبەکییەکان لەناو بەرێت. لەبەر ئەوە ئاسان بوو لە ڕێگەی ئایینیەوە کاریگەری ئەو پڕوپاگەندانەی کە لە دەرەوە دەکرێت لەبەرامبەر ئۆزبەکییەکان. هەروەها ئۆزبەکستان لە باشورەوە لەلایەن ئەفغانستان و تاجیکستانەوە گەماڕۆدراوە. دەسەلات لە ئێران بە ڕێگەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەو ساڵانەی لە ئەفغانستان تالیبان لە بەهێز بووندابوو، لە تاجیکستانیش پارتە ئیسلامییەکان لە سیاسەتدا بە هێز بوون. ئەگەر وا دابنرێت لە ئۆزبەکستان ئەوانەی بە زمانی تاجیکی/فارسی قسە دەکەن ڕێژەیەکی زۆر و بەربلاو پێکبهێنن، پێناچێت کە ئایدۆلۆژیا ئایینییەکانی دەوروبەر لە ئۆزبەکستانەوە تێبپەڕێنن و فەرمانی دەوڵەت بەرەو سەرەوە ببەن. 

هۆکاری دووەم، پەیوەستە بە بوونی ڕێژەیەکی زۆری کەمینەی تاجیکی لە ئۆزبەکستان، ڕێژەی ئەم کەمایەتییەی تاجیک لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکان پشتڕاست ناکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕان ڕێژەی تاجیکییەکان بە لە 5٪ی کۆی کۆمەڵگەی ئۆزبەکستان دیاری دەکەن.  زیادبوونی کاریگەری ئێران لە ئاسیای ناوەڕاست ، تاشکێنتی نیگەران کردووە کە دەبێتە هۆی وروژاندنی ناسیونالیزمی فارس.  بەشێوەیەک گشتی لە نێو دانیشتووانی تاجیکییەکان لە شارەکانی سەمەرقەند و بوخارا ئەوانەی بە ئێرانییەکان ناودەبرێت بە زمانی فارسی قسە دەکەن بە گشتی کەمینەی شیعە مەزهەبییەکان دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان بە ڕوونی نازانرێت، بەڵام وا مەزەندە دەکرێت لە شاری سەمەرقەند ژمارەیان 200 هەزار، لە شاری بوهاراش ژمارەیان لە دەوروبەری 100 هەزار کەس بێت.  تاشکێنت ئەم کەمایەتییانە وەک هەڕەشە دەبینێت لەسەر یەکپارچەی خاکی ئۆزبەکستان، سەرەڕایی ئەوەش لەلایەن تاشکێنت ئەگەری ئەوە لەبەرچاو گیراوە، کە تاران لە ڕێگەی ئەم گرووپانەوە ئایدۆلۆژیای مەزهەبی خۆی بۆ ئۆزبەکستان هەناردە دەکات.

هۆکاری سێیەم، ئۆزبەکستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست ، پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ئەمریکا دا دامەزراند تا ڕووداوەکانی شاری ئەندیجان لە ساڵی 2005 بۆ دەرچوون لە ژێر کاریگەری ڕووسیا. ئەم بارودۆخەش بەشیوەیەکی سروشتی کاریگەری بەسەر پەیوەندییەکانی تاشکێنت – تاران جێهێشتووە. تەنانەت ئۆزبەکستان لەساڵی 1995 دا بە تەنها دەوڵەتی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بوو کە پاڵپشتی ئەمریکای کرد لە گەماڕۆکانی سەر ئێران. بە وتەی (Feruza Jani) فەروزا جانی ئۆزبەکستان هەوڵیداوە وەک وڵاتێک نیشانی  ڕای گشتی ڕۆژئاوا بدات کە دژایەتی نفوزی ڕوسیا و ئێران دەکات لە ناوچەکەدا.  ئۆزبەکستان وەک دەوڵەتەکانی (گورجستان، ئۆکراینا، ئازەربایجان و مالدۆڤا) لە چوارچێوەی ڕێکخراوی گوام بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و ئابووری لە پاڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ڕوسیا، ئێرانیش لەبەرامبەر دەوڵەتانی ڕۆژائاوا لەگەڵ ڕوسیا کاردەکات بۆ پێشخستنی هەماهەنگی و هاوکارییەکان، ئەم دۆخە پاڵی بە هەردوو دەوڵەت ناوە کە هەر یەکەیان لەگەڵ لایەنی دژ هەماهەنگی ئەنجام بدەن.

کاتێک سەیری هاوکێشە ناوخۆییەکانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست دەکرێت، وا دەردەکەوێت تاشکێنت رووبەڕووی ئێران بۆتەوە بە پشتگیری کردنی لە ئیسلامییەکان چونکە لە شەڕی ناوخۆی تاجیکستان پشتگیری لە حکومەتی فەرمی وڵات دەکرد. ئەگەر ئەو گریمانەیە راست بێت کە دەگوترێت ئێران یان هەندێک لە گرووپە توند ئاژووکانی وەک گاردی شۆڕش لە ئێران پشتگیری ئیسلامییەکان لە تاجیکستان دەکەن، کەواتە هەر یەکە لە ئێران  و ئۆزبەکستان لەم شەڕە ناوخۆییە لە بەرەی جیاوازدا دەردەکەون. بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی شاری ئاندیجان ئەو ڕەخنانەی لەلایەن ڕۆژائاواوە ئاراستەی تاشکێنت دەکرێت، ئۆزبەکستانی خستۆتە بەرەی مۆسکۆ – پەکین. لە کۆتاییدا تاشکێنت لەگەڵ تاران بە ناچارەی چارەنووسی خراوەتە نێو هەمان کەشتی.

کاتێکک دێیتە سەر بابەتی باسکردن لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و ئۆزبەکستان، تاشکێنت گومانەکانی خۆی سەبارەت بە  تاران لابرد لە ساڵانی سەرەتاییدا  دەستی کرد بە دروستکردنی پەیوەندی تەندروستتر لە ساڵانی 2000 ەکانەوە بە دواوە. لەم ڕوویەشەوە کۆمسیۆنی نێوان حکومەت ئێران-ئۆزبەک کە لەسەر پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری و زانستی و تەکنەلۆجییەکان کاردەکات، بە شێوەی خولیی کۆدەبێتەوە. 116 بازرگان لە ژێر سایەی وەبەرهێنانی ئێران لە ئوزبەکستان کار دەکەن.  بەتایبەتی هاوکاری و هەماهەنگی لە بابەتی گواستنەوە و هاتووچۆ لە نێوان ئێران – ئۆزبەکستان گرنگی زۆری پێدەدرێت. هەردوو وڵات لە ساڵی 2011ەوە لەگەڵ تورکمانستان و عومان لەڕێڕەوی هێڵی ئاسنی ئۆزبەکستان- تورکمانستان- ئێران- عومان  بەیەکەوە کار دەکەن.

دەربارەی بابەتی هێلی ئاسنین و ڕێگەی وشکانی لە نێوان ئێران و ئۆزبەکستان خستنەڕووی ئەم زانیارییانە سوودی دەبێت: شوێنی ناوەندی ئۆزبەکستان لە ئاسیای ناوەڕاست سوودی لە بواری گواستنەوە و هاتووچۆ بۆ تاشکێنت دەستەبەر کردووە. هەموو هێڵی ئاسنین و ڕێگاکان لە چینەوە دێن لە ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەی دەوروبەری بە ئۆزبەکستان تێپەڕدەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا کێشە بەردەوامەکانی حکومەتی تاشکێنت یان یەکە کارگێڕییە ناوخۆییەکان لەسەر هێڵی ئاسن و گواستنەوەی ڕێگا، وڵاتانی ناوچەکەی ناچارکردووە پەنا بۆ ئەو ڕێگایانە ببەن کە لە ئۆزبەکستان لەکاردەکەون. بۆیە هێڵی ئاسنی کازاخستان- تورکمانستان- ئێران لە ساڵی 2016دا تاشکێنتی لاواز کرد. بە هەمان شێوە لەگەڵ دەست پێکردنی چالاکییەکانی هێلی ئاسنینی نێوان تاجیکستان – ئەفغانستان – ئێران سەروەرێتی و دەستڕۆیشتووی ئۆزبەکستان لە ناوچەکە بەرەو لەناچوون دەبات.

لە ئەنجامدا، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئۆزبەکستان دەست بە بەهێز بوون دەکەن، کێشەی سەرەکی لە نێوان هەردوو دەوڵەت گرفتی ئاسایشە. گەشەپێدانی هەماهەنگی ئێران لەگەڵ تاجیکستان و ئەفغانستان کە وەک بەرەیەکی فارسی بە ناودەکرێت، وەک ئەوە دەبینرێت کە لە بەرەی باشورە تاشکێنتی گەماڕۆداوە، ئۆزبەکستان گومان دەکات تاران کەمینەی تاجیکی لەو وڵاتەدا بەکار بهێنێت. بە گوزارشتێکی تر، تاجیکستان هەمیشە  هاوکێشەکەدایە لە پەیوەندی نێوان تاران و تاشکێنت.

لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەدا، بەراورد بە سیاسەتی دەرەوەی فرە ڕەهەندی کازاخستان و دۆخی هەمیشەیی بێلایەنی تورکمانستان و سیاسەتی دەرەوەی ئۆزبەکستان؛ تاشکێنت پێی وایە دەبێت سیاسەتی دەرەوە بەپێی بارودودۆخی تایبەت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، لەسەر ئەم بنەمایەش کاردانەوە بە پەسەند دەزانێت نەک سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای گشتگیریی و پەیوەست بوون. بۆیە ئەو هەڵبەز و دابەزەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئۆزبەکستان لە ماوەی چارەکە سەدەیەک بە خۆیەوە بینیووە لەوە سەرچاوەی گرتووە، لە پەیوەندییەکانی تاشکێنت لەگەڵ تاران ئەم بارودۆخە بەدی دەکرێت، لەگەڵ ئاراستەی ئێران  بەرەو ڕۆژهەڵات کاریگەرییەکانی لەسەر ئۆزبەکستان زیاد دەکات. هەروەها ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە  ئۆزبەکستان لە ڕووی جوگرافییەوە  دەکەوێتە مەرکەزی ئاسیای ناوەڕاست و ژمارەی دانیشتووانیشی نزیکەی 30 ملیۆن کەس دەبێت کە بە قەرەباڵغ ترین دەوڵەت لە ناوچەکە هەژمار دەکرێت، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە گەشەپێدان و بەرەو پێش بردنی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان ئێران و ئۆزبەکستان شتێکی حەتمییە.

پەراوێزەکان

(1) Dr. Dinmohammed AMETBEK, İran ve Orta Asya: Tarih, Kültür ve Politika, ANKASAM Yayınları, No:12, 2017.
(2)Dr. Kaan DİLEK, İran‌ın Orta Asya Politikalrı, 2011.


ئه‌م بابه‌ته 139 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر