تێدامانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئایندا

دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتورەکان و کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزم، نەتەوە ژێردەستەکان بوون بەخاوەن دەوڵەتی خۆیان. زۆریک لەو نەتەوانەش بۆ سەربەخۆی سوودیان لە ئاین بینی، ئاینیان خستە خزمەت نەتەوەوە.
PM:10:17:02/09/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


موحسین عیسا
نووسه‌ر


دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتورەکان و کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزم، نەتەوە ژێردەستەکان بوون بەخاوەن دەوڵەتی خۆیان. زۆریک لەو نەتەوانەش بۆ سەربەخۆی سوودیان لە ئاین بینی، واتە ئاینیان خستە خزمەت نەتەوەوە. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئاین بدەینەوە، ئەوا دەبینین کە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا خۆی دەبینێتەوە. ئەگەر بێت پیناسەی ئاینیش بکەین، ئەوە وشەی ئاین لە ئینگلیزیدا لە بەرامبەردا وشەی (Religion) بەکاردێت و لە چەند ڕوانگەیەکی جیاوازیشدا پێناسە بۆ ئاین کراوە، یەکێک لەو ڕوانگانە کە چوارچیوەی ئەم باسە لە خۆی دەگرێت ڕوانگەی کۆمەڵناسییە. لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵناسی ئینگلیزی ئەنتۆنی گیدێنز لەبارەی ئاینەوە دەڵێت ''ئاین بریتییە لە کۆمەڵێک ڕەمز، کە داوای هەستی رێزگرتن و ترس دەکەن و پەیوەندیان بە چەند ریتواڵ و رێورەسمەوە هەیە، کە لەلایەن کۆمەلی دیندارانەوە ئەنجامدەدریت'' ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئاین وەک لایەنێکی روحی و ئەخلاقی لای مرۆڤەکانەوە قبووڵ کراوە و بووتە بەشێک لە رێکخستنی ژیانی رۆژانەیان. لە پاڵ ئەمەشدا بە تێپەڕ بوونی قۆناغەکای ژیانی مرۆڤ ئاینیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چوارچێوەیەکی سیاسی وەرگرتووە، ئەمەش وایکرد ئاین خۆی لەناو سیاسەت ببینێتەوە و ببێتە بەشێکی گرنگ لە کایە سیاسیەکاندا. 

ئاین ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە زۆرێک لە نەتەوەکان بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستیدا. واتە نەتەوە داگیرکراوەکان توانیویانە ئاین بخەنە خزمەت ناسیۆنالیزمەوە. ئەگەر بێت و باس لە سەرهەڵدانی میژووی ناسیۆنالیزم بکەین، ئەوا پیویستە ئاوڕێک لە شۆڕشی پیشەسازی بدەینەوە، کە لە ناوەراستی سەدەی هەژدەهەم لە ئەوروپادا سەری هەڵدا، چونکە لە ئەنجامی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لایەنی بەرهەمهێنان و کەڵەکە بوونی سەرمایە گەشەسەندنیکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی، ئەمەش بووبە هۆی ئەوەی وڵاتە ئەوروپیەکان بیر لە بازارێک بکەنەوە  بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان تێدا ساغبکەنەوە، هەربۆیەش وڵاتە ئەوروپییەکان هەڵسان بەداگرکردنی وڵاتان و کردنیان بە بازارێک بۆ بەرهەمەکانیان. هەروەها شۆڕشی پیشەسازی بووبە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئەوروپی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی گەورە ببێتەوە و چینێکی نووێ لە کۆمەڵگەدا سەر هەڵبدات، ئەم چینەش چینی بورژوازی بوو. هەڵبەتە ئەم چینە ئامانجی دەستگرتن بەسەر ئامرازەکانی  بەرهەمهێنان و دەرهێنانی دەستەلات بوو لەژێر دەستی کلێسا و پاشادا. بۆ ئەوەی ئەم چینە بەهێزبێت و دەستەڵات بەدەست بهێنێت ئەوە پێویستی بە دروستکردنی دەوڵەتێک هەبوو. ئەمەش بەو مانایەدێت کە شۆڕشی پیشەسازی دەرگە بەڕووی ناسیۆنالیزمدا دەکاتەوە، کە ئامانج لێی دروستکردنی دەوڵەتە. هەروەک (جۆرج حەنان) لەم بارەیەوە دەڵێت ''شۆڕشی پیشەسازی بووبە هۆی ئەوەی کە پێکهاتەی دەرەبەگ و ئاینییەکان بتوێنەوە و پیکهاتەی نەتەوەی جێگای بگرێتەوە'' کەواتە لێرەدا دەتوانین بڵێین چینی بورژواز چێنێک بووە هەوڵیداوە کۆمەڵگە لە قۆناغی خێڵەکییەوە بۆ قۆناغی مۆدێرن بگوازێتەوە. 

لە لایەکی تریشەوە هەوڵەکانی لۆک، مۆنتسکیو و رۆسۆ لە دارشتنی تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا، کە لە گرێبەستی کۆمەلایەتیدا ئەوەیان باسکردبوو کە دەبیت لەنێوان گەڵ و دەوڵەتدا  ڕێکەوتنێک هەبێت و مافی تاکی تێدا پارێزراوبیت، کە خواستێکی چینی بورژوازی بوو، ئەمەش بووبە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی فەرەنسی لە ساڵی 1789 دا، ئەم شۆڕشەش هەڵگری گوتاری گواستنەوەی دەستەڵات لە تاکەوە بۆ دەوڵەت بوو. هەروەها چەمکی نەتەوە وەک ئایدۆلۆژیا لە شۆڕشی فەرەنسی دەرکەوت، کە بانگەشەی دامەزراندنی نەتەوەی نووێی دەکرد.

لێرەشدا دەتوانین بڵێین کە مێژووی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم دەگەرێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی 18 و دواتریش بەشیوەیەکی بەرفراوان لە جیهاندا بڵاو بووەوە و شێوەی ئایدۆلۆژیای جیاوازی لەخۆگرت، دواتریش لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ دا بە هەموو ئەوروپادا بڵاو بوویەوە. هەروەها بەهۆی کاریگەری ناسیۆنالیزم بەسەر نەتەوە ژێردەستەکان و دروستکردنی گوشار بەسەر ئیمپراتوریەتی نەمسای، هەنگاری، ڕووسیا، عوسمانی و...تاد، ئەوا ناچار بوون دان بە سەربەخۆیی هەندێک نەتەوە ژێردەستەکانیان دابنێن.

هەروا گرنگە بزانین وشەی ناسیۆنالیزم لە وشەی (Nationalism )ی ئینگلیزی، یان(Nationalite)ی فەرەنسیە، کە لە وشەی( Nation )وەرگیراوە. ئەم وشەیەش مانای گروپێکیی نەژادی دەگەینێت کە لە هەرێمێکی دیاریکراودا لە دایکبوون و سەر بە یەک هەرێمن. لە هەمان کاتیشدا ئەگەر بێت و پێناسەی ناسیۆنالیزم بکەین، ئەوا  لە ''فەرهەنگی ئۆکسفۆرد''ی ئینگلیزیدا هاتووە '' ناسیۆنالیزم ویست و ئارەزووی گروپیکی مرۆییە کە هاوبەشە لە رەگەز، کولتوور، زمان و...تاد، بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ''  ئەمەش بەو واتایە دێت بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بونیات بنێین، ئەوا پێویستی بە دروستکردنی یەکێتییەکە لەسەر ویستی هابەشی کۆمەڵە خەڵکێک، کە لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی دیاریکراودا دەژین و خاوەنی چەند بنەمایەکی هاوبەشن.

ئەوەی لەم نووسینەدا گەرەکمە بیخەمە بەرباس، ڕۆڵی ئاینە لە بەروپێشبردنی ناسیۆنالیزمدا. هەڵبەتە پەیوەندی ئاین و ناسیۆنالیزم پەیوەندیەکی مێژووییە، لە مێژووشدا ژمارەیەکی زۆری نەتەوە هەن توانیویانە پرسی نەتەوەیی خۆیان لە ڕێگەی ئاینەوە بەرەو پێشەوە بەرن، واتە ئاینیان بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان بەکارهێناوە و کردووتیانە هێزێک بۆ جودا خوازی و بونیاتنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیان، وەک ئەوەی لە وڵاتی هنددا ڕوویدا، کاتێک هند لە کۆلۆنیالیزمی بەریتانیی ڕزگاری بوو ئەوا پاکستان بەشێک بوو لە خاکەکەی، بەڵام دواتر بەهۆی جیاوزی ئاینیەوە لێی جودا بووەوە و بووە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. بەهەمان شێوەش وڵاتی سودان بەهۆی ئاینەوە دابەش بوو، ئەم دابەش بوونەش بووە هۆی ئەوەی باشووری سودان لە باکووری سودان جیا ببێتەوە. لە پاڵ ئەمەشدا زۆرێک لە نەتەوەکان لە ڕێگەی دروستکردنی مەزهەبێکی جیاواز لە نێو ئاینێکدا بوون بە خاوەن دەوڵەتی خۆیا،  بۆ نموونە: سەفەویەکان بەهۆی دروستکردنی مەزهەبێکی تایبەت بەخۆیان لە نێو ئاینی ئیسڵامدا توانیان خۆیان لە هاوئاینەکانیان جودا بکەنەوە، ئەمیش بە دروستکردنی مەزهەبی شیعەبوو، بەهۆی ئەم رەوتە ئاینیەی کە تایبەت بەخۆیان بوو، ئەوا توانیان یەکێتییەکی نەتەوەی دروست بکەن و ببن بەخاوەن دەوڵەتی خۆیان. واتە توانیان ئاین لە فۆرمی ناسیونالیزمدا وێنا بکەن. 

لە دوای ئەوەی دەوڵەتی مەرکەزی ئێران دامەزرا  لە سەردەمی مەشروتیەکاندا، ئەوا مەزهەبی شیعە لە قانوونی ئەساسی ئەم وڵاتەدا کرا بە بنەمای سەرەکی نەتەوەی ئێران، تاکوو ئێستەش مەزهەبی شیعە بنەمای سەرەکی نەتەوەی ئێرانە. لە لایەکی تریشەوە ئێرانییەکان ویستیان بەهۆی ئەم مەزهەبەوە سۆزی کەمایەتیەکانی تری موسڵمانی وەک: تورکەکانی ئازەربایجان، کورد و عەرەب، بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.

 لێرەدا دەتوانین بڵێین جگە لەوەی ئاین لە خزمەت نەتەوە بەکار هاتووە، لە هەمان کاتیشدا بووتە چەکێکیش بۆ نەتەوەی سەردەست، کە نەتەوە ژێردەستەکان لە نێو خۆیدا بتوینێتەوە، ئەمیش بەهۆی دروشمی بریقەداری برایەتی ئاینییەوە، هەروەک ئەوەی عوسمانی و سەفەویەکان لە ژیر ناوی برایەتی ئاینەوە هەوڵیانداوە سۆزی کورد بەڵای خۆیاندا رابکێشن و لە نێو خۆیاندا بیتوێنەوە. سەڕەرای ئەمەش نەتەوە داگیرکەرەکانی کورد، هەر لە ژێر ناوی ئاینیەوە شەرعیەتیان بەخۆداوە بۆ قەڵاچۆکردنی کورد، وەک ئەوەی عێراقی فاشڵ لەسەردەمی بەعسدا بە پشت بەستن بە دەقی ئاینی کوردی ئەنفاڵ کرد.

 یەکێک لەو بەربەستانەی بەردەم دروستبوونی دەولەتی کوردیدا هەبووە، بەربەستی ئاینی بوو، چونکە هەمیشە بەهۆی ئاینەوە داگیرکەران کوردیان وابەستەی خۆیان کردووە، بێ ئەوەی کوردیش توانی بێتی وەک گەڵانی تری جیهان ئاین بخەتە خزمەت نەتەوەکەیەوە. هەرچەندە زۆربەی شۆرشە کوردییەکان لە ڵایەن پیاوانی ئاینییەوە سەرکردایەتی کراون، بەڵام نەیانتوانیوە ئاین بخەنە خزمەت نەتەوەکەیانەوە. واتە شۆڕشەکەیان هەڵگری گوتارێکی ئاینی و ناوچەیی بووە، نەک گوتارێکی نەتەوەی، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی ئەم شۆڕشانە زیاتر لە ژێر کاریگەری ئاین و خێڵدا بوونە. راستە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی چەق بەستووە و نەیتوانیوە گەشە بکات لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کە بتوانێت لە قۆناغی خێڵەکی دەربازی ببێت، هەربۆیەش یەکگرتنی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی شتێکی ئەستەمە بە هۆی ئەو جیاوازیە بنچینەیانەی کە خێڵێک هەیەتی لەگەڵ خێڵێکی تردا، جگە لەوەش تاکی خێڵەکی ئینتیما و خۆشەویستی بۆ خێڵەکەی لەپێش هەموو شتێکی ترەوەیە. بەڵام کورد دەیتوانی خۆی لەو پەرتەوازەیە ڕزگاربکات کە بەهۆی ئه‌و کۆمەڵگە خێڵەکیەوە هەیبووە، ئەمیش لە ڕێگەی سوودبینین لە ئاین، چونکە  زۆربەی کورد وابەستەی ئاینەکەیانن و لە ئایندا هاوبەشن، ئەوا دەتواندرا ئاین بکاتە چەترێک و تاکی کورد لە ژێر ئەم چەترەدا کۆبکاتەوە و یەکێتییەکی نەتەوەی دروست بکات. واتە ئاین بخاتە خزمەت ناسیۆنالیزمی کوردییەوە. بەڵام کورد نەک هەر نەیتوانی سود لە ئاین ببینێت بۆ پاراستن و ڕزگاری نەتەوەکەی، بەڵکوو لە ڕێگەی ئاینەوە خۆیان هەڵواسی بە نەتەوە داگیرکەرەکان و خۆیان بە بەشێک لە داگیرکەر بینی. داگیرکەرانی کوردستانیش توانیان لە ڕێگەی ئاینەوە گەشە بەناسیونالیزمی خۆیان بدەن و کاریگەریەکی گەورە لە سەر هزری تاکی کوردا دروست بکەن، کە وایان لە تاکی کورد گەیاندبوو موسڵمان و ئیسلام یەک ئۆمەتن، نابیت بیر لە نەتەوە و دەوڵەتی تر بکرێتەوە، هەر بۆیەش کاتێک لە نێو کورددا باس لە دەوڵەتێکی سەر بەخۆ دەکرا، ئەوا  بەکوفریان دەزانی و پێیان باشتربوو لە دونیا کەیتردا ئازادبن نەوەک لەم دونیایەدا. ئەم تێگەیشتنەش بۆ نەبوونی ئاستی هۆشیاری نەتەوایەتی لە نێو تاکی کورددا دەگەرێتەوە، کە تاکی کورد بەشیوەیەک کەوتبوونە ژێر کاڕیگەری ئاینێکەوە کە خزمەتی بە ناسیۆنالیزمی داگیرکەر دەکرد و دەبووە هۆی توانەوەی خۆی لە نێو نەتەوەی داگیرکەردا.

ئەگەر ئاورێک لە مێژووی کورد بدەینەوە، ئەوا دەبینین مێژووەکەی تژییە لەو حوکمڕانیانەی کە بەهۆی کاریگەری ئاینەوە بونەتە قوربانی و لە ناو چوون، یەکێکیش لەو حوکمڕانیانە حوکمڕانی شێخ عوبەیدوڵای نەهرییە، شێخ عوبەیدوڵا خاوەن پێگەیەکی ئاینی و سەرۆکی تەریقەتی نەقشبەندی بوو، کە لە ساڵی 1980 دا  لە ناوچەکانی شەمزینان، هەکاری و مەهاباددا شۆڕشی لە دژی دەستەڵاتی عوسمانی و قاجاریەکان بەرپا کرد. هەڵبەتە دوای لە ناو چوونی میرنشینە کوردیەکان بۆشاییەکی سیاسی گەورە لە کوردستاندا دروست بوو، تەنها شتێک کە ئەم بۆشاییە سیاسیە توانیبا پڕبکاتەوە، پیاوانی ئاینی بوون، بەحوکمی ئەوەی کە شێخ عوبەیدوڵا پێگەیەکی ئاینی هەبووە  و خاوەن مورید و نفوسێکی زۆر بووە، ئەوا توانیی جڵەوی دەستەڵات بگرێتە دەست. هەرچەندە شێخ عوبەیدوڵا کەسێکی ئاینیی بوو، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا کەسیکی نەتەوەیش بووە، کۆششی بۆ ڕزگاری نەتەوەکەی دەکرد و هەوڵیدەدا کورد بە جیاواز لە ئەوانیتر بناسینێت. بۆ ئەم مەبەستەش شێخ عوبەیدوڵا زۆر بەلێزانانە توانی کار لە سەر هەستیارترین لایەنی ڕوحی تاکی کورد بکات، ئەویش لایەنی ئاینی بوو، چونکە تاکی کورد تاکێک بوو وابەستەی ئاینەکەی بوو، کە ئەویش ئاینی ئیسلام بوو، بەهۆی ئەوەشەوە بوو ویستی لە ڕێگەی ئاینەوە برەو بە ناسیۆنالیزم بدات. هەروەها هەر لە ڕێگەی ئاینەوە توانی داگیرکەرانی عوسمانی و قاجاریەکان لە نێو کورددا وا وێنا بکات کە لە ئیسلام لایانداوە و خوا نەناسن، وای لەتاکی کورد گەیاند کە چیتر خۆی بە برای دینی داگیرکەران نەبینێت و هەستی خۆ بە بێگانە زانین لای چەکەرە بکات.  

هەرچەندە شێخ هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئاینەوە برەو بە ناسیۆنالیزمی کوردی بدات و ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەو پێشەوە ببات، بەڵام لە هەمانکاتدا هەر بەهۆی ئاینەوە ناسنامەی نەتەوەکەی بۆتە قوربانی، چونکە شێخ عەبەیدوڵا بە هۆی هاوسۆزی ئاینییەوە وەلای بۆ خەلیفە و خەلافەتەکەی هەر هەبوو، ئەمەش بە ڕوونی لە قبولکردنی داواکاری سوڵتان عەبدول حەمید دەردەکەویت، کاتێک داوا لە شێخ عوبەیدوڵا دەکات بێتە بەرەی خەلافەتەکەی(عوسمانی) دژ بە دەستەلاتی روسی بجەنگێت لە ساڵی 1877-1878 دا، ئەویش داواکەی سوڵتانی عوسمانی قەبوڵ کردوو لە دژی ڕووسەکان چووە جەنگەوە. قەبوڵکردنی ئەم داوایەی سوڵتانی عوسمانی لە لایەن پیاوانی ئاینی بەرز نرخێندرا و پشتگیری خۆشیان بۆ شێخ عوبەیدوڵا دەربڕی، کە لەگەڵ وڵاتێکی ناموسڵمان چووتە جەنگەوە. 

ئەم لایەنگرییەی شێخ دەرخەری ئەوەیە کە نەیتوانیوە ئاین لەرێگەی ناسیونالیزمەوە تیۆریزە بکات و لە ڕوانگەیەکی نەتەوایەتییەوە سیاسیانە سوود لەو دۆخە سیاسیە لاوازییەی دەستەڵاتی عوسمانی وەربگرێت، چونکە بە چوونە جەنگی عوسمانی لە گەڵ ولاتاێکی وەک ڕووسیادا، ئەوا لە بەرژەوەندی کورددا دەبوو، چونکە هەر لەسەرەتاشدا جوڵانەوەکەی شێخ عوبەیدوڵا بۆ ڕزگار بوون لەژێر دەستی عوسمانی بوو، گەر هاتبا و پشتیوانی عوسمانیشی کردبا، ئەوا دەبا بەشیوەیەک پشتیوانی لێ کردبا کە لە قازانجی میلەتەکەی دابا. بەڵام شێخ لەڕیگەی ئاینەوە فریوی خواد و نەیتوانی ئاین بکاتە وەسیلەیەک بۆ ڕزگار بوون لە ژیر دەستی. شێخ عوبەیدوڵا دژی بەرەیەک چووە جەنگەوە(ڕووسیا) کە ئەگەر هاتبا کوردستانشی داگیر کردبا، ئەوە تەنها بەچاوی داگیرکەرەوە لە کوردستانی دەڕوانی و تەنها ئاماج لێی بەتاڵان بردنی سامانی کوردستان بوو، کەچی پشتگیری لایەنێکی کرد کە نەک هەر کوردستانی داگیر کردبوو و سامانەکەشی بە تاڵان دەبرد، بەڵکوو بەچاوی ئەوە سەیری خاکی کوردستانی دەکرد کە کوردستان بەشێکە لە خاکەکەی. هەڵبەتە ئەو لایەنگرییەی شێخیش لە بەرئەنجامی کاریگەری ئاین و هاوسۆزی بۆ خەلیفە بوو، کە بەمەش شێخ دەستەلاتەکەیی وەک بەشێک لە سیاسەتی خەلافەتی عوسمانی وێناکرد.

لێرەدا دەتوانین بڵێین کە شێخ عوبەیدوڵا نەیتوانی لە ڕێگەی ئاینەوە یەکێتییەکی نەتەوەیی لە نێو کورددا دروست بکات و بتوانێت تەریقەتی نەقشبەندی بکات بە ڕێبازێکی ئاینی تایبەت بە کورد و هەموو کورد بەدەوری ئەم ڕێبازە ئاینیە کۆ بکاتەوە، دواتریش هەر لەم ڕێگەیەوە کورد هانبدات بۆ ڕزگاری نیشتیمان، چونکە ئەم تەریقەتە تایبەت بە جوگرافیایەکی بەرتەسکی دیاریکراو نەبوو، کە وەک خێڵێک تایبەت بە ناوچەیەک بێت، بەڵکوو سنورێکی جوگرافی بەرفراوانی هەبوو، تەنانەت شوینکەوتوانی لە وڵاتانی تریشیدا هەبوو، هەروەها لایانگرانی ئەم تەریقەتە سۆزیکی گوێڕایەڵیان بۆ شێخ و تەریقەت هەبوو، ئەوا دەکرا ئەم تەریقەتە ببێت بە بنەمایەکی سەرەکی لە کۆکردنەوەی کورد بەدەوریدا، دواتریش ئەم ڕێبازە ئاینییەیان خستبایە خزمەت نەتەوەکەیانەوە.

لە ئێستەشدا چەندان پیاوی ئاینی و پارتی ئاینی لە کوردستاندا هەن، بەڵام ئەوەندەی لە خەمی مەزهەبی داگیرکەراندان، ئەوەندە لە خەمی گەلەکەیاندا نین، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەریتەوە کە کورد نەیتوانیوە ئاین بە کوردی بکات و لە گەڵ تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا بیانگونجێنێت، چونکە هیچ ئاینێک نەیتوانیوە بەوشێوەیەی کە هەیە جێبەجێبکرێت، بەڵکوو خۆی گونجاندووە. هەربۆیە ئەو پارتە ئاینیانەی لە کوردستاندا هەن، درێژە پێدەری ئەو مەزهەب و ئاینە هاوردەیەن کە لەلایەن وڵاتە داگیرکەرەکانەوە بۆ برەودان بەناسیۆنالیزمی خۆیان هاوردەیان کردووە و سۆزی کوردیان بەلای خۆیاندا ڕکێشاوە.

بۆ ئەوەی کورد لە ژێردەسی رزگاری بێت، ئەوا پێویستە هەموو بیروڕا جیاوازەکان لە دەوری یەک ئامانج کۆ بکاتەوە، کە ئەویش ئامانجی ڕزگاری نیشتیمانییە. لە لایەکی تریشەوە، پیویستە تاکێک پەروەردە بکرێت کە نەتەوەکەی لە پێشەوەی هەموو شتێکەوەبێت و وابیربکاتەوە بەبێ بوونی نەتەوە شتەکانی تر هیچ مانایەکیان نابێت. هەروەها نابێت ڕۆلی پیاوانی ئاینیش لە بیر بکرێت، چونکە زۆربەی تاکی کورد سۆزی گوێڕایەلیان بۆ پیاوانی ئاینی هەیە. هەربۆیە پیاوانی ئاینی ڕۆڵیکی گرنگیان لە ئاڕاستەکردنی تاک و دروستکردنی خۆشەویستی نیشتمان هەیە و پێویستە وا لە تاک بگەینرێت کە ئامانجی ئاین ڕزگارکردنی مرۆڤە لە ژێردەستی، هەربۆیەش رزگارکردنی نیشتیمان ئەرکیکی ئاینییە.

لە کۆتایی ئەم نووسینەشدا دەگەین بەو دەرئەنجامە، کە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی و دروستبوونی چینی بوورژوازی لە ئەوروپادا بووە. دواتریش بەهۆی شۆڕشی فەرەنسی ناسیۆنالیزم وەک ئایدلۆژیای جیاواز بە جیهاندا بڵاوبووتەوە. هەروەها ئاین و ناسیۆنالیزم پەیوەندیەکی مێژووییان هەیە، زۆرێک لە نەتەوە ژێردەستەکان بە هۆی دارشتنی تیۆریکی ئاینی نەتەوەیی بوون بە خاوەن دەوڵەتی خۆیان. واتە لە ڕیگەی ئاینەوە پەڕەیان بەناسیۆنالیزمدا، وەك: تورک و فارس. بەڵام کورد  لەم ڕووەوە نەیتوانی سود لە ئاین وەربگرێت و بیخاتە خزمەت نەتەوەکەیەوە، ئەمیش بەهۆی ئەو تێدامانەی بزوتنەوە کوردیەکان لە نێوان ئاین و نەتەوەدا. 


ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوودیان لێوه‌رگیراوه‌:

• سەعید، هیوا عەزیز(٢٠٠٠). ناسیۆنالیزمی کوردی(١٨٨٠_١٩٣٩).لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری(ی.ن.ک).
• سەلام، گۆران(٢٠٠٤). کاریگەری خێڵ وئاین لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە نێوان ساڵانی ١٨٤٧_ ١٨٨١.  چاپی سێیەم، چاپخانەی جەمال عیرفان، هەولێر.
• عەلی،جەحفەر(٢٠١٣).ناسیونالیزم و ناسیونالیزمی کوردی.چاپی دووەم،چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر.
• قەرەداخی، عەتا(٢٠٠٧). گوتاری ناسیونالیستی کوردی_ بەرگی یەکەم. چاپی یەکەم، چاپخانەی رەنج.
• ناسیونالیزم و ئاین،٢٠٢٠. {online}. پەیجی چوارباغ، ١١\١٢\٢٠٢٠، کەناڵی یوتوبی کورد، ٣\١١\٢٠٢١، https://youtu.be/q48aRyyqSMw.
• هاڵیدا، فرید، (٢٠١٧).ناسیۆنالیزم رێبازێکی سیاسی بۆ بونیات نانی وڵات. و:د.ئەنوەرمحەمەد فەرەج، چاپی یەکەم، سلێمانی، چاپخانەی سەردەم
• ئیروانی، موسڵح عەبدولقەهار، ٢٠٠٢. ئاین و ناسیونالیزم؛ ڕۆڵ و کاریگەری و پەیوەندی نێوانیان لەدوای راپەرینی ١٩٩١ لە هەریمی کوردستاندا. کۆلیژی ئاداب _ زانکۆی سەڵاحەدین.
• ئەمبن، سەمیر(٢٠١٨).ناسیۆنالیزم. و:هاوار محەمەد، سلێمانی، چاپخانەی حەمەدی.



ئه‌م بابه‌ته 221 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر