دەنگی کوردی لە ڕادیۆ یێریڤانەوە

ڕادیۆی نەتەوەیی یێریڤان بە زمانی کوردی، یان "ڕادیۆ یێریڤانە" لە بیرەوەریی هەزاران کورد لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەورووپا و کۆمارییەکانی سۆڤییەت کاریگەری و ئاسەواری قووڵی بەجێهێشتووە.
PM:11:50:09/08/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


"ڕادیۆیەک لە سۆڤییەت کە بوو بە بیرەوەریی هاوبەشی کوردەکان"

ڕادیۆی نەتەوەیی یێریڤان بە زمانی کوردی، یان بەو شێوەی لە ناو کوردەکاندا بەناوبانگە "ڕادیۆ یێریڤانە" لە بیرەوەریی هەزاران کورد لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەورووپا و کۆمارییەکانی سۆڤییەت کاریگەری و ئاسەواری قووڵی بەجێهێشتووە. 

بە درێژایی ساڵانێک کە زمان و کولتووری کوردیی لە بەرچاو نەگیراوە یان یاساخ بووە، ڕادیۆ یێریڤان پردێکی پێوەندیی لە نێوان خەڵکی کورد و کولتوورەکەیان بووە و بەشێکی گرنگی بیرەوەریی هاوبەشیانی درووست کردووە. 

بەشی کوردیی ڕادیۆ یێریڤان ساڵی 1955 لەسەر بڕیاری دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤییەت بە مەبەستی بانگەشە بۆ "ژیاری سوسیالیستی"  لە نێو کوردەکاندا وەک بەشێک لە بەرنامەی "ڕوبەڕووبوونەوەی یەکسان" دامەزرا. ئەم ڕادیۆیه‌ لە ڕێگەی برەودان بە کولتوور، هونەر، موسیقا و ئەدەبیاتی کوردی و کۆبوونەوەی ئەرشیفێکی مەزنی کولتووریی یارمەتیی داوە و بەرە بەرە بووە بە یەک لە هەڵگرانی گرنگی کولتوری کوردیی بەتایبەت لە نێو کوردەکانی تورکیادا. 

ئەحمەد کایا، گۆرانیبێژی ئەفسانەیی کورد، لە سەر کاریگەریی ئەم ڕادیۆ دەڵێ: "من بۆ یەکەمجار لەم ڕادیۆوە گوێم لە مووسیقای فرەدەنگی کوردی گرت. میلۆدیی (Kerr u Kuli) بە دەیان جار لەم ڕادیۆوە بڵاو بۆوە و من هه‌ست گۆڕانم تێدا دروست بوو. هەم سەربەرز بووم و هەم گۆڕام.

"لێکدانەوەی کوردیی لە سۆڤییەت، مێژوویەکی کەمتر باسکراو"

کوردەکان بۆ ماوەی چەندین سەدە لە هەندێ ناوچەی قەوقازی باشووردا ژیانیان بردۆتە سەر. بەڵام لە دوایی جەنگەکانی ڕووسیا لەگەڵ عوسمانی و ئێران، بەشێکی دیکەی کوردەکان لە قەوقاز و ڕووسیا گیرسانەوە. گوشاری حکوومەتەکانی تورکیا و ئێران وەکیتر کۆچکردنی کوردەکان بۆ قەوقاز و ئەودیوی قەوقازی خێراتر کرد. هەڵبەت کوردەکانی سۆڤییەت زیاتر ئەو ئیزدییانە بوون کە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەم و لە دوای کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، لە ئازاری دەوڵەتی عوسمانی هەڵهاتبوون و لە قەوقازی باشوور و بەتایبەت لە ئەرمینیا جیشتەجێ ببوون.

چالاکیی کولتوری و فێرکاریی کوردەکان لە سۆڤییەت لە دەهەی 1920ی زایینی و بە سەرکەوتنی بۆلشۆڤیکەکان لە وڵاتانی قەوقاز دەستی پێکرد. لە ماوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، بەشێکی زۆر لە کوردەکان بەم شۆڕشەوە پەیوەست بوون و هەندێ کەسایەتیی وەک "عەرەبی شەمۆ (Erebe Semo)، نووسەری یەکەم ڕۆمانی کوردیی بە ناوی "شوانی کورد" چالاکییەکانیان بۆ پشتیوانیی لە بۆلشۆڤیکەکان بوو. 

ساڵی 1923 بە هۆی بڕیاری دەوڵەتی تازە دامەزراوی بۆلشۆڤیکی، قوتابخانەی (شەمس) لە تیفلیس بە زمانی کوردیی دەستی بەکار کرد.  کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیری وەک ئەمینە ئۆداڵ، ئەحمەد میرازی و کامیل بەردی‌خان وانەیان دەوتەوە. ئەم هەوڵانە بە پشتگیریی ئەرمینیای سۆڤییەت، ڕێگەی بۆ کردنەوەی قوتابخانەی کوردیی دیکە، نووسینەوەی دەیان کتێبی دەرسیی بە زمانی کوردی و داهێنانی ئەلفوبێی لاتینی کوردیی کردەوە.

ئەم ئەلفوبێ کە توێژەران بە یەکەم ئەلفوبێی لاتینی کوردیی ناوی دەبەن هەر لەم قۆناغەدا لە سەر دەستی (عەرەبی شەمۆ) و زمانناسی سووریانی ئیسحاک مارگۆلۆف (Ishak Margulov) ئامادە کرا. هەروەها فیلمسازە ئەرمینیاییەکان یەکەم فیلمی کوردی بە ناوی (زارە)یان لە ساڵی 1927دا درووست کرد. هەر لەم سەردەمەدا کوردەکانی ئەرمینیا مافی خوێندن بە زمانی دایکیی خۆیان بەدەست هینا.

ئەم چالاکییانە کە بە مەبەستی پەرەدان بە هزری سوسیالیستی لە نێو کوردەکاندا ئەنجام دەدرا لەگەڵ توندتر بوونەوەی سیاسەتەکانی سەرکوتی ستالینی لە ساڵەکانی 1937 و 1938 ستۆپی کرد. پریشکی ئەم سەرکوتکردنە بەر نووسەر و ڕۆشنبیرانی کوردیش کەوت و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانی کورد بە تاوانی (چالاکیی دژە شۆڕش) دەستگیر کران و دواتر بە   دەستپێکردنی سیاسەتەکانی سڕینەوەی ستالین، فەزا بۆ درێژەدان بەم چالاکییانە دووبارە ئاوەڵا بۆوە و بڕیار درا بەشی کوردیی لە ڕادیۆ یێریڤان بکرێتەوە، بابەتێک کە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە پەرە و گەشەی کولتوور و موسیقای کوردی.

"هەموو کوردان برای یەکدین" 

ئایدیای سەرەکیی ئەم ڕادیۆ، کە لە لایەن (جاسم جەلیل) دامەزرا و بەڕێوە دەبرا ئەوە بوو کە: "هەموو کوردەکان برای یەکدین" جاسم جەلیل ساڵی 1908 لە تورکیا و لە پارێزگای کارس لە بنەماڵەیەکی ئیزەدیی لە دایک بوو. لە تەمەنی دە ساڵان و کاتی هەڵهاتن لە ئیمپراتووریای عوسمانی هەموو خێزانەکه‌ی جگە لە پووری کە کاتی پەڕینەوە لە ڕووباری سەر سنوور یارمەتیی دا، کوژران. ئەو چووە هەتیوخانەی گیومێری کە ببوو بە ماڵی هەزاران منداڵی بێ دایک و باوک کە لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان ڕزگاریان بوو. جاسم دوای تێپەڕینی قۆناغی نەوجەوانی بۆ کار و خوێندن ڕووی کردە یێریڤان. لەو کاتەدا یێریڤان پایتەختی وڵاتی تازە دامەزراوی ئەرمینیای سۆڤییەت بوو کە لە پاڵ تیفلیس و باکوو بە یەک لە ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی ناوچەکە دەهاتە ئەژمار. 

ئەو لە خانەی هەتیوان فێری ئەرمەنی و ڕووسی ببوو، لە تیفلیس و باکوو دەستی بە خوێندن کرد. هۆگرییەکی زۆری بۆ ئەدەبیات هەبوو. هەرگیز زمانی دایکیی خۆی فەرامۆش نەکرد. لە دوای گەڕانەوەی بۆ یێریڤان، یەکەم شیعر و وەرگێڕانەکانی کە ڕۆژنامەی کوردیی Rya Taze  ڕێگای تازە چاپ کرا.

ئەو کە جگە لە کوردی بە زمانەکانی ڕووسی و ئەرمەنیش دەینووسی، پێش دەرچوونی لە زانکۆ ببوو بە ئەندامی یەکیەتیی نووسەرانی سۆڤییەت و پێوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی ئەرمەنیی هەبوو. 

جاسم جەلیل لە یەکەم نووسەرانی ئەدەبی مۆدێڕنی کوردیش بوو. ئەو ساڵی 1954 یەکەم کتێبی خۆی بە زمانی کوردیی لە یێریڤان چاپ و بڵاو کردەوە. هەر لەم ساڵەدا بوو بە بەرپرسی دامەزراندنی ڕادیۆیەکی کوردیی لە یێریڤان.

"بڕوابە خۆبوون و بوێریی لە سەر شەپۆلی ڕادیۆ"

ڕێکەوتی ١ی ژانڤییەی 1955 ڕادیۆ کوردیی یێریڤان بە شێوەی فەرمیی دەستی بە کار کرد. یەکەم ڕستەی ئەم ڕادیۆ کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دووبارە دەبۆوە و تەنانەت ئێستاش یەک لە ڕستە کلیدی بەڵام ئایرۆنیکەکانی کوردەکانی تورکیایە، ئەمە بوو "یێریڤان هەواڵ دەدات. بیسەرانی ئازیز، ببیسن هەواڵەکانی ئێمە، بە زمانی کرمانجی ...[١]

بەرنامەکانی ئەم ڕادیۆ سەرەتا سێ جار لە حەفتەدا و تەنها 15 خولەک بوو. ساڵی 1961 ماوەی پەخش‌کردنی بوو بە یەک کاتژمێر و نیو و ئەو شوێنانەی ڕادیۆکەی تێدا دەگیرا، فراوانتر بوو. و لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کۆمارییەکانی سۆڤییەت دەهاتە بیستن.

ڕادیۆ یێریڤان ڕووداوێکی تایبەت لە نێو کورداندا بوو و بە خێرایی بوو بە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەیان و بیسەران بە ناردنی نامە و دواتر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، لەگەڵ ڕادیۆکەدا پێوەندییان دەگرت. زەری ئینانج، نووسەری کتێبی دەنگی کوردیی دەڵێ: "پێشوازیی لەم ڕادیۆ بە ڕادەیەک زۆر بوو کە زۆربەی خەڵک کارەکانی خۆیان بە پێی کاتی پەخشی ڕادیۆکە ڕێکدەخست. کەم تا زۆر هەر کوردێک کە گوێی لە بەرنامەکانی ڕادیۆ یێریڤان گرتبێت، قسە و چیرۆکێکی لە بارەوە لە یاد ماوە. بیستنی چیرۆکی کەسێکی لادێی کە بۆ گوێگرتن لە ڕادیۆ یێریڤان دەستی لە بەبایەخترین دارایی خۆی واتە ئەسپەکەی هەڵگرتووە، بە ڕاستی کاریگەرە."
هەڵبەت تا پێش دامەزراندنی ئەم ڕادیۆ دوو ڕادیۆی کوردیی دیکە لە ئێراق و ئێران بە زمانی کوردیی پەخش دەکران. بەڵام کوردیی ئەم دوو ڕادیۆ بە هۆی کاریگەری‌وەرگرتنیان لە زمانی عەرەبی و فارسی هێند لە لایەن کوردەکانی تورکیا و کوردانی دانیشتووی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە پێشوازیی لێنەدەکرا. بەڵام ڕادیۆ یێریڤان بە پێچەوانەوە، چونکە بە شێوەزاری فامکراو لە لایەن کوردەکانی تورکیاوە بەرنامەی پەخش دەکرد، ڕووکردیانی بۆ ڕادیۆ گۆڕی.

ئەو خەڵکانەی لە مافی خوێندن و خوێندەنەوە بە زمانی دایکییان بێبەریی بوون، دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسابوو لە ڕێگەی ڕادیۆوە گوێبیستی ئەم زمانە بن و هەروەها لایەنە جۆراوجۆرە کولتوورییەکانی، بەتایبەت مووسیقاکەی، کەشف بکەن. ئەم ڕادیۆ جگە لە گرنگییەک کە لە پاراستنی کولتوور و زمانی کوردیدا هەیبوو ڕۆڵێکی گرنگتریشی گێڕا، بڕوا بەخۆبوونی کورد بوون و بوێریی بەیان کردنی. 

بۆ خەڵکانێک کە زمان و کولتووریان بە ساڵان بێ‌بەها کرابوو، بیستنی زمان و موسیقای کوردی لە ڕێگەی ڕادیۆوە کە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای ئەو سەردەمە بوو سەیر و سەمەرە بوو و هەستێکی تایبەتی بەتایبەت لە شارە بچووکەکان و لادێکان، پێ دەبەخشین. هەستێک کە لای خۆیان بیر لەوە دەکەنەوە کە کولتوورەکەیان"ئەوەندەش بێ‌بەها نییە"

ڕادیۆ یێریڤان لە سەر بونیادنان و بەدیهاتنی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردیش زۆر کاریگەریی هەبوو. کامەران ئەلەند، کە کتێبی ئاوازی شوناسی لە سەر کاریگەریی ئەم ڕادیۆ لە سەر پاراستنی کولتوور، زمان و موسیقای کوردیی نوسیوە، لە وتوێژێكدا دەڵێ "یەک لە قۆناغە هەرە گرنگەکانی بە نەتەوەیی بوونی کۆمەڵگایەکی هۆزەکی (عەشیرەیی)، بوونی زاکیرەی کۆیی و مێژوویی کۆمەڵگا، بە تایبەت فۆلکلۆرەکەیەتی. گەرچی ڕادیۆ یێریڤان کارکردی جیاجیای لە مەڕ مێژوو و کولتووری کوردیدا هەیە، بەڵام ئەو لایەنەی تایبەت و تاقانای دەکات ئەوەیە کە لە شوێنێکدا کە نکوولی لە شوناس و زمانی کوردیی کرابوو، ئەم ڕادیۆ هەست و بیری بەهاداربوونی ئەو شوناسە کوردییەی بە بیسەرانی دەدا.

ڕادیۆ یێریڤان توانی بە سەرگەرم کردنی بیسەرەکانی، بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، تەمەن و چینی کۆمەڵایەتی، شوناس و زمانی کوردییان بۆ بگوازێتەوە و لە ژێر یەک سەقفی هاوبەش لە دەوری یەکدیی کۆیان بکاتەوە... بەم چەشنە یارمەتیی دان تاوەکوو باوەڕ بەخۆبوون و بوێریی بەدەست بێنن."

"ڕادیۆ وەک ئەرشیڤ"

لەگەڵ کەوتنی یەکەیتیی سۆڤییەت، ڕادیۆ یێریڤان تا قۆناغێ داخستن چوو. کەم تا زۆر هەموو کارمەندەکانی ڕادیۆکە، واتا 12 کەسەکە، ئەرمینیایان بەجێهێشت. تەنها کەسێک کە مایەوە، (کەرەمی سەییاد) بوو کە 55 ساڵ لە ڕادیۆدا کاری کردبوو. کوڕەکەی کە ئێستا بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆ یێریڤانە دەڵێ "نە کارەبا هەبوو نە هاتوچۆ و گواستنەوە، زستانیش کەش و هەوا زۆر سارد بوو، بەڵام باوکم مەودای 8 کیلۆمەتری لە ماڵەوە تا ڕادیۆ بە پێ دەبڕی بەو هیوایەی کە دۆخەکە باشتر بێت. ئەو دەیزانی گەر بەشی کوردیی ڕادیۆکە دابخرێت، ئیدی هەرگیز ناکرێتەوە."

بە هەوڵەکانی ئەو بەشی کوردیی ڕادیۆ یێریڤان زیندوو مایەوە و پەخشی ئەم ڕادیۆ ئێستاکەش بەردەوامە بەڵام ئەو کاریگەرییەی جارانی نەماوە. لە لایەکەوە بە کۆتایی هاتنی سوسیالیزمی سۆڤییەت، سیاسەتی کۆماری ئەرمینیا بەرامبەر بە نەتەوە و گرووپە نائەرمەنییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتبوو و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی دامەزرانی کەناڵی تەلەفزیۆنیی بە زمانی کوردی لە وڵاتە جیاجیاکان، تەلەفزیۆن شوێنی ڕادیۆی گرتبوو. بەڵام ئەرشیڤی ڕادیۆ یێریڤان هێشتا دەور و ڕۆڵی خۆی لە کولتووری کوردیدا پاراستووە. ئەم ڕادیۆ و کاریگەرییەکانی لە سەر کولتوور، زمان و موسیقای کوردی، بەتایبەت کوردەکانی تورکیا، لەم چەند ساڵەی دواییدا لە لایەن توێژەرانەوە گرنگیی زۆری پێدراوە. چەندین  کتێب و وتار سەبارەت بە ڕادیۆ و کاریگەرییەکانی لە سەر خۆ وشیاریی کوردی هاتۆتە نووسین و ئەرشیڤی ڕادیۆ یێریڤان بە کانێکی ڕەسەن لە موسیقای کوردیی دێتە ئەژمار. 

بەرنامە تۆمار کراوەکانی ڕادیۆ یێریڤان، پشکێکی گرنگی لە تۆمار و ڕاگرتن، پاراستن و بەقای ئاواز و میلۆدییە فۆلکلۆرە کوردییەکاندا هەبووە. بە وتەی ئارمێن ئەمیریان، بەڕێوەبەری ڕادیۆ یێریڤان، ئەم ڕادیۆ یەک لە گرنگترین ئەرشیڤەکانی موسیقای کوردیی جیهانی لە لایە و شانازیی پێوەی دەکات. زۆێک لە مەقامەکان و بەرهەمە بێ‌ناوە تۆمار کراوەکان بۆ یەکەم جار و دواجار لە ڕادیۆ یێریڤاندا تۆمار کراون و پارێزگارییان لێ دەکرێت. ئەرشیڤی ئەم ڕادیۆ زیاتر لە 10000 بڕگەی تۆمار کراوی، لە میلۆدییە ناوچەییەکان و شانۆییە کوردییەکان، لە خۆ گرتووە. لە نێو ئەو موسیقازانانەی بەرهەمەکانیان لەم ڕادیۆوە پەخش دەبۆوە دەتوانین ئاماژە بە ناوی ئارام تیگران، کاراپت خاجۆ، فاتمە عیسا و ئاسیلکا قادر بدەین. 

ساڵی 2020 "دامەزراوەی کولتوری کوردی – ئەڵمانی"، دوای چوار ساڵ کار کردن، 900 گۆرانی تۆمار کراو لەم ڕادیۆی دیجیتاڵیزە کرد و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە بڵاوی کردەوە بە شێوەیەک کە هەموو خەڵک بتوانن کەڵکیان لێ وەربگرن. ئەم دامەزراوە جگە لە بڵاو کردنەوەی ئەم بەرهەمانە، ناوی گۆرانییەکان، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژەکانی ڕاست کردۆتەوە و ڕێپێراتۆرییەکی بێ‌وێنەی موسیقای کوردیی خستۆتە بەر دەستی هەمووان.

 
سەرچاوەکان:

Sosyalist Sovyetler Birliginde Kurtule (1917-1956) by Huseyin Can,2021
Kimligi Terenum Etmek” by Kamran Elend, 2020
"Di Radyoya Erivane de denge Kurdi”, by Zeri Inanacc, 2017

[1] Yerevan Xeber dide, guhdaren eziz, bibihen xeberdana me bi zimane kurmanci… 

نووسین: مەهدی شەبانی

وەرگێڕان: چنور فەتحی




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر