بۆچی پۆپۆلیزم لە دیکتاتۆرییەتی مەترسیدارترە

لە خەسڵەتە دیارەکانی پۆپۆلیستەکان چەواشەکاری و فریودانی هاوڵاتیانە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بێگومان کارکردنی پۆپۆلیست یان ژینگەی لەبارە بۆ گەشەکردنی ئەم تەوژمە زیاتر لەکۆمەڵگا دواکەوتووەکاندایە.
PM:10:56:09/08/2022
دۆسیە: شیکار


ئەژی کاروان
نووسەر


زاراوەی پۆپۆلیستی لە کۆتایی سەدەی 19دا بەفراوانی دەرکەوت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک بزوتنەوەی پۆپۆلیستی ئەمریکا دانیشتوانە لادێییەکان و پارتی دیموکراتی لە دژی کۆمارییە شارییەکان هاندەدا. 

پۆپۆلیست، ئەو بزاوت و خەڵکانەن کە زیاتر کار لەسەر هەستی مرۆڤ دەکەن، وەک ئەوەی عەقڵیان ببزوێنن. لە خەسڵەتە دیارەکانی پۆپۆلیستەکان چەواشەکاری و فریودانی هاوڵاتیانە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بێگومان کارکردنی پۆپۆلیست یان ژینگەی لەبارە بۆ گەشەکردنی ئەم تەوژمە زیاتر لەکۆمەڵگا دواکەوتووەکاندایە، یان کارکردنە لەسەر زۆرینەیەکی ناهۆشیار، بۆیە دەکرێت پۆپۆلیست لەناو هەرە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا هەبێت، بەڵام بەکارکردنی زیاتر لەسەر هەست و سۆزی زۆرینە، بۆنمونە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا کەسێکی وەک دۆناڵد ترەمپ، سەردەکەوێت بۆ سەرۆکایەتی وڵات، کەکەسێکی پۆپۆلیستە و زیاتر کاری لەسەر بزواندنی هەستی ئەمریکییەکان دەکات، بەوەی ڕێگا نادات پەنابەر بێتە ئەمریکا و ئەوانەشی دەنێرێتەوە کە مافی پەنابەرێتییان نییە، لەکاتێکدا ئەم کارە پێچەوانەی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە.

"پۆپۆلیستەکان خۆیان بەنوێنەری هەموو خەڵک دەزانن"

پۆپۆلیستەکان، هەرچەندە کەمینەبن، بەڵام بەردەوام خۆیان بەنوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەزانن، پێیان وایە ئەوەی لەدەرەوەی ئەمانە خەڵک نین یان شایەنی ئەوە نین حسابیان بۆ بکرێت، لەکاتێکدا ئەم دیدە مەترسیدارترین دیدە چونکە دەیەوێت هەمووان قوتبدات یان هەمووان بخاتەژێر هەژمونی خۆیەوە، لە دوای شۆڕشی فەڕەنسا روبسپیێر دەیوت " من خۆم خەڵکم" بە هەمان شێوە کە بەر لە شۆرش پاشاکانی فەڕەنسا خۆیان بە ئیرادەی هەموو خەڵک دادەنا.

بەهەمان شێوەش کەسانی نزیک لە بێرلێسکۆنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتالیا داوایان لە خەڵک دەکرد کە خەیاڵیان ئاسوودەبێت، نیگەرانی هیچ شتێک مەبن، بچن لە ماڵەوە دابنیشن و سەیری تەلەفیزیۆن بکەن، چونکە وڵاتەکەمان داوەتە دەست بازرگانێکی ئەمینەوە کە ئیتالیاش بە هەمان شێوەی کۆمپانیاکانی زۆر سەرکەوتووانە ئیدارە دەکات.

"هەڵبژاردن لای پۆپۆلیستەکان"

پۆپۆلیستەکان بەردەوام باسی هەڵبژاردن دەکەن، بەتایبەتی ئەوکاتەی کەدەزانن وڵات لە دۆخێکی تایبەت یان لە قەیراندایە، لەوکاتەدا پێیان وایە کیرڤی جەماوەرییان بەرز بووەتەوە، بۆیە بەگەرمی پرس و باسی هەڵبژاردن دێننە رۆژەڤەوە، کاتێکیش دەدۆڕێن دان بەشەرعیەتی هەڵبژاردنەکاندا نانێن، بۆنمونە لەدوای ئەوەی شکست دەهێنن لە هەڵبژاردندا یان دەڵێن ساختەری زۆرکراوە، یان لۆمەی هاوڵاتیان دەکەن کەبۆچی دەنگ بەوان نادەن و هەزار و یەک تۆمەت ئاراستەی جەماوەر دەکەن، بەبێ ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوە یان لۆمەی خۆیان بکەن بزانن کەموکوڕییان لەکوێدایە هەتا چارەسەری بکەن و بەوەش بتوانن دڵی هاوڵاتیان بەدەست بهێنن.

هەربۆنمونە لە 59 یەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی 2020دا دۆناڵد ترەمپ، لە کۆمارییەکان و ڕکابەری سەرسەختی جۆبایدن بوو، رایگەیاند کە دیموکراتەکان لە چەند ویلایەتێکی ھەستیار بە تایبەتی پەنسیلڤانیا ھەوڵیانداوە دەستکاری دەنگەکان بکەن.

دوای ئاشکرابونی دەنگەکان لە ویلایەتەکانی پەنسیلڤانیا، ویسکۆنسین و میشیگان وتیشی"ئەمە بۆ وڵاتەکەمان زۆر خراپە" بەکورتی و بەکوردی پۆپۆلیستەکان تەنیا ئەوکاتە کێشەیان لەگەڵ هەڵبژاردن نییە، یان دانیپێدا دەنێنن، کەخۆیان سەربکەون.

"پۆپۆلیستەکان دوای ئەوەی دەگەن بەدەسەڵات"

پۆپۆلیستەکان هەروەک چۆن کار لەسەر هەست و سۆزی هاوڵاتیان دەکەن، بەردەوام دەیانەوێت کۆمەڵگا وەک مێگەل شوێنیان بکەوێت، لەم سۆنگەیەوە مەترسییەکی جدین بۆ سەر دیموکراسی، ئەمە بەو واتایە نییە کە نابێت گفتوگۆ و دیالۆگیان لەگەڵدا بکرێت، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئەو کێشانەی پۆپۆلیستەکان باسی دەکەن بە جدی وەریبگرن، بەڵام نابێت ئەو شێوازە چارەسەرییەی کە پۆپۆلیستەکان باسی دەکەن پەیڕەو بکرێت.

بەپێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی دەکەن دیاردەی پۆپۆلیزم خەڵک لەگەڵ سیاسەتدا ئاشت ناکاتەوە و نابێتە هۆی زیادبوونی بەشداری خەڵک لە بڕیاری سیاسییدا، بەڵام گەشەسەندنی دیاردەی پۆپۆلیزم سەلمێنەری ئەوەیە هەندێک چینی کۆمەڵگا هەیە کە حیزبەکانی دیکە نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی خواست و ئیرادەیان بکەن، بۆیە ئەو بەشە لە کۆمەڵگا لە هێزەکانی دیکە بێزاربوون و پشتگیری هێزێکی پۆپۆلیستی دەکەن.

"بۆچی پۆپۆلیزم لە دیکتاتۆرییەتی مەترسیدارترە؟"

پۆپۆلیزم هاوشانی دیکتاتۆری مەترسیدارە، بەڵام مەترسیە هەرە گەورەکە ئەوەیە پۆپۆلیزم بەئاسانی لەگەڵ هەست و سۆزی خەڵکدا خۆی دەگونجێنێت، واتا ستراتیژ و بنەمای نەگۆڕی نییە لە سیاسەتکردندا، بۆنمونە لە کوردستاندا، جۆرێک لە پۆپۆلیزم هەیە، ئەوەندە هات و هاواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاراستەی دەکەن، ئەوەندە بەرنامە و ستراتیژی خۆی نییە بۆ هاوڵاتیان، ئێ مەعلومیشە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە کوردستان هەر رۆژە و لەسەر مەزهەبێکن، واتە مرۆڤی ژیر و سیاسی بەهیچ شێوەیەک نابێت دوای شەپۆلی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەوێت، بەڵکو دەبێت سەرکردەی سیاسی یان کادر و دەستەبژێری سیاسی دەبێت توانای ئاراستەکردنی کۆمەڵگایان هەبێت، بەڵام کاتێک هێزگەلێک هەموو خەمیان جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵک بێت بەبێ ئەوەی چارەسەری واقیعیان پێبێت، ئەڵبەتە ئەگەر بەدیموکراسیش بگەن بەدەسەڵات، بەو مەرجەی گەمەکە نەشێوێنن، ئەوە تەمەنیان درێژ نابێت، چونکە یاریکردن لەگەڵ هەست و سۆزدا بابەتێکی ترەو پلان و ستراتیژ بابەتێکی ترە.



ئه‌م بابه‌ته 126 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر