بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە ئیسلامییەکان

بەراوردی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هاوچەرخ نیشانی دەدات کە هەموویان خاوەنی سیمایەکی ژانووسین. لە لایەکەوە مۆدێڕن و لە لایەکی دیکەشەوە موحافیزکارن.
PM:02:37:05/08/2022
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


بەراوردی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هاوچەرخ نیشانی دەدات کە هەموویان خاوەنی سیمایەکی ژانووسین. لە لایەکەوە مۆدێڕن و لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە (پێشکەوتوو) و خوازیار و تامەزرۆی دەستڕاگەیشتن بە دیمۆکراسی و پەڕەی ئابوورین و لە لایەکی دیکەشەوە (موحافیزکار) و شەرعییەتخوازن و بانگی سەختگیریی مینۆکی و دونیایی لە کۆمەڵگادا هەڵدەدەن. ئەنجام، گرژیی بە تایبەتمەندیی ناڤۆکی و زاتیی زۆربەی هەرە زۆری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ئیسلامییەکان دێتە ئەژمار. سەیر ئەوەیە، ئەم گرژی و ئاڵۆزییە لە نێوان سیمای "پێشکەوتوو" و شەرعییەت خواز"ی بزووتنەوە دینییەکان بۆتە سەرچاوەی داهێنان و تازەگەریی ئایینیی. بەداخەوە زۆرێک لە توێژەرانی ئیسلامی سروشتی ئاڵۆزی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ئیسلامییەکانیان دەرک نەکردووە و ویستوویانە لە سەر بنەمای دەقگەرا یان (جەوهەرگەرا) یان ڕووکردی تقلیلگەرای ئابووریی بۆ ئیسلام (کۆنتێکستوالیستی) خوێندنەوەی بۆ بکەن. ئەم کتێبە دەیهەوێ ئەم تەعبیرانە بەر چەلێنج و ئالنگاریی بدات و لە بەرامبەردا بەڵگاندن دەکات کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان بە پەسەندکردنی فەزاگەلی دەرفەتی تایبەت لە پانتایی گشتیدا، توانیویانە ببنە مۆتیڤی هێزەکانی بسگ یابندەی ئابووریی، دیمۆکراتیزاسیۆن و قبووڵكردنی زۆرێک لە دەرکەوتەکانی مۆدێڕنێتی.

لە سەر ئەو باوەڕەم کە ئەو ڕووکردە سێهەمەی کۆنستراکتیڤیستەکان پێشنیاری دەدەن، توانستی دەستەبەر کردنی چوارچێوەیەکی تیۆریکی زۆر قووڵتر و وردتر بۆ شیکردنەوەی بەدیهاتنی شوناسی ئیسلامی سیاسی لە بزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکاندا هەیە. هەر بۆیە من بۆ جیاوازی دانان لە نێوان فەزاکانی دەرفەت لە بونیادی دەرفەتی سیاسیی دەوڵەت، ڕووکردی کۆنستراکتیڤیستیم بەکار هێناوە و دواتر ئەو ڕێگایەی کە موسوڵمانەکان لە بەکارهێنانی ئەم فەزا بە مەبەستی گەیشتن بە خواستەکانیان لە ڕێگای ڕۆنانی شمولی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی جگە لە دادپەروەریی بەکاریان هێناوە، تاقی دەکەمەوە. بە تایبەت لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی دووبارەی پێوەندیی دووبەدووی نێوان سیاسەتە دەوڵەتییەکانی تورکیا و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی، توانیومە جۆرینەناسییەکی نوێ لە مەڕ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی – ئیسلامییەکان بەدەستەوە بدەم کە لە سەر بنەمای پەرە و ئاستەنگیی فەزاکانی دەرفەت دامەزراون. 

"ڕووکردەکانی لێکدانەوەی ئیسلامی سیاسی"

سێ ڕەوتی سەرەکیی تیۆریک بۆ لێکدانەوەی دین و سیاسەت بریتین لە جەوهەرگەرایی، دەقگەرایی و کۆنستراکتیڤیزم. پێوەندیی و دانووستانی interaction نێوان ئەم سێ ڕووکردە جۆراوجۆرە، بەردەوام دژبە یەک و ناکۆک بوون. بە ڕێکخستنی ئەم دەستەبەندییە ئاگادارم کە تایبەتمەندیی جیاوازیدانان و سادەکردنەوەی ڕاڤەیەکی قووڵم لە پێوەندیی لەگەڵ کەیسێکی تایبەت، بە هەند نەگرتووە بەڵام بە مەبەستی ئۆرگەنایز کردنی جەستەی مەزنی ئەدەبیاتی پێوەندیدار بە زانستە کۆمەڵایتییەکان باش و بەسوود دەبێت کە سنوورەکانی ئەم سێ وتەزا چەمک‌تەوەرە بەرینە دیاریی بکەین. 

جەوهەرگەرایی: دەق و پەرەگرتنە سیاسییەکان، جەوهەرگەرایی بە نیازی کەمکردنەوە و تەقلیلی شەپۆلە جۆراوجۆرەکانی پێوەندییە مرۆییەکان بۆ چەند فاکتەری cause (جەوهەری) و دیاری کردنی هەندێ لە تایبەتمەندی و دەقەکان وەک (کلید)ێک بۆ تێگەیشتن لە ئایینی جڤاتە کولتوورییەکانە. ئەم خواستە tendency کە لە (تێکستوالیزم)ی بێرنارد لووئیزدا بەدەی دەکرێت، دەورێکی بنەڕەتیی لە بەدیهاتنی مۆدێڕنیزاسیۆن و (غیانی دەستەبەندیی) لە سەر دەستی پسپۆڕانی پەرەگرتن گێڕاوە. سوننەت و مۆدێڕنێتی [هێزی] هاوکێشکەری [یەکدی] و لەخۆگری خاڵی ئەخلاقی بۆ تیۆریسیەنەکانی مۆدێڕنیزاسیۆنن  بۆ ئەوەی کە سوننەت لە پێگەی تەواوکەری سەرەکی و وەک ڕەوتی پێشکەوتن و پێشڤەچوون نمایش بکەن. ئەم چڕبوونەوە لە سەر سەرچاوەکانی ئیحیاگەرای revivalism ئیسلامی لای زۆربەی توێژەرانی هاوچەرخ ئەم مانا پاڵەکییەی لە خۆ گرتووە کە موسوڵمانەکان ئەوەی لە ڕەوتی پەرەگرتنی کۆمەڵگادا واتای موسوڵمان‌بوونیان پێ دەبەخشی، نەیانتوانیوە دووبارە وێنەسازی و دووبارە جەمسەربەندی بکەن و تەنها لە سەر بنەمای پرەنسیپە ئیسلامییە نەگۆڕەکان کاریان کردووە. بۆ نموونە لووئیز بەڵگاندن دەکات کە ئیسلام سوننەتێکی نەگۆڕ و لەمێژینە و سیستەمێکی کولتوورییە. کتێبی (بەسام تیبی) بە ناوی (ئیسلام و کولتووری سازان لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان) یەکێکی دی لەم جۆرە نموونانەیە بریتیه‌ لە جەوهەرەی نەگۆڕی ئیسلام. تیبی بەڵگاندن دەکات کە ئیسلام پێکهاتووە لە کۆمەڵێک دەقی نەگۆڕ، دۆکترینی ئامۆژە و پڕاکتیکێک کە لە لایەن هەستەکانی خودی تاکی موسوڵمانەوە دیاریی کراوە. (گوتاری ئایینی) لای تیبی بە ڕواڵەت لە بۆشاییەکی سەرداخراو و بێ کەل و کونی بەرهەمی گۆڕینی بەستێن و تەفسیر، بەرهەم هاتووە. لە کۆتاییدا ئەو مۆدێلێک لە ئیسلامی خۆجێیی بەدەستەوە داوە کە نیمچە مێژووییە و لە کاریکاتێری بناژۆخوازەکان لە حەقیقەتی ئیسلام دەچێت. تایبەتمەندیی هۆکارێتی agency  جەوهەرگەراکان بۆ ئیسلام وەک دامەزراوە و کۆمەڵەیەکی جێگیر و نەگۆڕ لە ئامۆژەکان، بەڵام نێگەتڤ بەرامبەر بە هۆکارێتی دووبەدووی موسوڵمانەکان بەرامبەر بە یەکدییە.  بۆ نموونە تیبی گەیشتۆتە ئەو ئەنجامە کە "ئیسلامی سیاسی بەرجەوەنێکی داهێنەرانەی بۆ داهاتوو تەیار نەکردووە، بەڵکوو تەنها و تەنها ڕوانگەیەکی ڕۆئیاییە بۆ داهاتووە لە پێگەی سەقامگیریی دووبارەی ڕابردوو... بەم پێیە ئیسلامی سیاسی – وێڕای هەندێ ئاستەنگ – دەکرێ وەک ئۆتۆپیایەکی خوازیاری ڕابردوو تەفسیر بکرێت. لووئیزیش هاوشێوەی تیبی بەرەو ئەم پێش‌گریمانە چووە کە "بەراورد بە توخمەکانی دیکە، ئیسلام خۆی بە تەنها بە بنەڕەتی کۆتایی شوناس، وەفاداریی و شەرعییەت دێتە ئەژمار". سیاسەتی جەوهەرگەرا شوناسی ئیسلامی وەک بوونێكی ئەزەلی و خاوەنی بریتی‌بوون و شموولی گشتی و هێزی دیاریکەر نیشان داوە." هەر بەم شێوە، ئیمانۆئێل سیوان بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ژیاندنەوەی ئیسلامی لە حاڵەتێکدا کە ئەکتیڤیست و میلیتارییەکان – بەم شێوە بەرگریی لە جەوهەرگەرایی بکەن، بە جۆرێک لە ئۆپەراسیۆنی ڕێگریی لە مۆدێڕنێتیی دێتە ئەژمار." سیوان کێشەکە لە زاتی سرووستی دژە مۆدێڕنی ئیسلامدا دەبینێتەوە و دەگاتە ئەو ئەنجامە کە گرووپە ئیسلامییەکان "هەموویان بە هۆی دوژمنایەتیی توندی دوژمنی دوژمنەکان" واتا "مۆدێڕنێتی" یەکیان گرتووە. مۆدێڕنێتیی بە شێوەی زاتی نامۆیە بە ئیسلام.

(لووئیس، تیبی و سیوان) سەبارەت بە کاریگەریی دۆکترینی ئیسلامی لە سەر ڕەفتاری تاکەکەسی و مۆدێلە دامەزراوەییەکان زیاڕۆییان کردووە. جگە لەمە ڕووکردی پڕابلێماتیک بەرامبەر بە مەسەلەی بریکاری agency، بەرەو ئەو بەڵگاندنە دەچن کە ئیسلام زمانێکی سیاسی و زاراوەیەکی نەگۆڕە کە ڕەفتاری موسوڵمانەکان بەرەو سپێهری گشتی ڕێنمایی دەکات. کەوابوو، توێژەرانی زاتگەرا ، جەوهەرگەرا بە شێوەیەک لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان و ڕکابەرێکی وەک بزووتنەوە یەکدەستە ئایدۆلۆژیکەکان بەرەو ڕوو بوون کە گوایە هەر لە سەرەتاوە لە ژێر کاریگەریی قورئان و نووسینەکانی کەسانێکی دیاریکراوی وەک ئەبوئالاعەلی مەودوودی (1903-1972)، سەیید قوتب (1906-1964)، حەسەن ئەلبەنا (1906-1949) و محەمەد حسێن فەزلوللە (1935)دا بوون. ئەم ڕووکردە پشتیوانیی لەو ڕوانگە دەکات کە سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هاوچەرخەکانی ئیسلام لە لایەن جیهانبینیی ئیسلامییەوە هاندراون و ڕینمایی کراون. یەک لە ئامانجەکانی ئەم کتێبە نیشاندانی ئەو بابەتەیە کە فرەچەشنیی باوەڕ و کرداری موسوڵمانەکان لەگەڵ ئەو توێژینەوانەی کە ئیسلام وەک بنەڕەتی هەموو ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی سیاسییانەی خۆیان بە ئیسلامی ناو دەبەن یان بەنیازن بە شێوەی یەکپارچەیی نەگۆڕ و سەکنیو و لە گۆڕان نەهاتوو نمایش بکەن، ناگونجێت. 

جگە لەمە، توێژەرانی جەوهەرگەرا لە ڕێگەی بەکارهێنانی پێناسەی ئێتنۆسێنتریک (ئێتن میحوەر)ی تێئۆلۆژیکاڵی سەبارەت بە مۆدێڕنێتی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆمەڵگا موسوڵمانەکان بە شێوەی زاتی سوننەتین و توانستی مۆدێڕنیزاسیۆنیان نییە. لە ڕاستیدا ژمارەیەک لە توێژەرانی مۆدێڕنیزاسیۆن، شکستی دێمۆکراتیزاسیۆن و کاپیتاڵیزم لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان دەدەنە پاڵ "کۆمەڵێک لە نەبوونەکان، نەبوونی چینی مامناوەند و نەبوونی شارەکان و نەبوونی مافی سیاسیی" بۆ نموونە دەنیەل پ. لێرنەر بەڵگاندنی کردووە کە ئیسلام وەک ئایدۆلۆژیایەکی نەریتی، کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بە مۆدێڕنێتی و سەبارەت بە تورکیا، ناچارییەک بووە بۆ هەڵبژاردن لە نێوان مەککە و مێکانیزاسیۆن! گومانی تێدا نییە کە توێژەرانی تورکیا لە ژێر کاریگەریی گونجاندن و چوونیەک‌کردنی ئەم ڕووکردە پۆزیتیڤیستییە "کۆنتی"یە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی کەمالیستیی، چوارچێوەی کاری  لێرنێریان بۆ لێکدانەوەی پەرەی سیاسیی لە وڵاتەکەیاندا پەیڕەو کردووە. ئەوان هاوشێوەی ژمارەیەک لە توێژەرانی ڕۆژئاوایی بەرەو ئەو لایە کشاون کە وەک کاردانەوەی هێزە شەڕکەرەکان و کارێکی بێ‌سود دژ بە ڕەوتی بەڕۆژئاوایی‌کردن و سێکۆلاریزەیشن، بەرەو ڕووی بزووتنەوە ئیسلامنییەکان ببنەوە. ئەم جۆرە تیۆرییانە حەزیان لێیە ڕەفتاری مرۆیی لە سەر بنەمای دووپارچەیی dichotomies سادەی وەک مۆدێڕن و سوننەتی لێکبدەنەوە، لە حاڵێکدا کە لە مێکانیزمە هۆکارە کاریگەرەکان لە سەر کامڵبوونی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، گەشە و پەرەی ئابووری، ئەندێشەی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان چاوپۆشی دەکات.

لە تورکیا، تیۆریی مۆدێڕنیزاسیۆن بە سەر توێژینەوەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا زاڵە و تێگەیشتنی ڕاشکاو سەبارەت بە کۆن دژ بە نوێ، نەریت دژ بە مۆدێڕنێتی، دین دژ بە سیکۆلاریزم، هەنگاوی پتەوی بەرەو ڕۆژئاوایی‌بوون و کۆمەڵێک کاردانەوەی کۆمەڵایەتی سیاسیی فاناتیزمی ئایینیی بیچم‌گرتووی لەم لێکدانەوانەدا خەلق کردووە. ئەوان دامەزرانی ڕژیمی کۆمارییان وەک دواهاتی سەرهەڵدانی حاشاهەڵنەگری تورکیای مۆدێڕن پێناسە کردووە و بنەڕەتەکانی ئایدۆلۆژیای کەمالیستییان وەک کامڵبوونی قەدەر و چارەنووسی حەتمیی هێزە مۆدێڕنیزەکارەکانی تورکیا وێنا کردووە. ئەم خوێندنەوە تیئۆلۆژیکاڵە، دەوڵەت – میحوەر و بونیادگەرایانە srtacturalist بۆ سیاسەت و کۆمەڵگای تورکی خۆی لە تیاچوونی destruction مووزائیکی ئانادۆڵ، ئەرمەنییەکان، ئاسوورییەکان، یوونانییەکان، کوردەکان و بەرە و کۆمەڵە ئەتنیکی و ئایینییەکانی دیکە نەبان کردووە. تاریق – ز- تونایا، نیازی برێکس و بێرنارد لووئیس ئەم چوارچێوەیان بۆ لێکدانەوەی پێوەندیدار بە تورکیا و لە سەر بنەمای "دۆزینەوەی" ناسیۆناڵیزمی تورک وەک شوناسێکی ئەزەلی کە لە سەر دەستی موستەفا کەمال و سیاسەتە پێشکەوتنخوازە سیکولاریستییەکانی ئەو کە ئەم شوناسەی لە توخمە ئیسلامی – عوسمانییەکان سڕیبووەوە، ڕێک خراوە. سەرپاکی ئەم نووسەرانە بە فوکس‌کردن لە سەر مێژووی ئایدیاکان لەگەڵ دەوڵەت وەک "ئەیجێنتی ئەرێنیی" بۆ دانانی "مۆێڕنێتیی لە "پڕاکتیکدا" ڕەفتار دەکەن. ئەم تێگەیشتنە لە دەوڵەت وەک هێزێکی پێشکەوتوو توێژەرانی کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکان بەم شێوە بیچم دەدات کە وەک "فاناتیزمی موسوڵمانان" لەگەڵیان هەڵس و کەوت بکەن. جگە لەمە ، ئەم بەرهەمانە چاویان لە دابڕانی قووڵی ئەتنی و ئایینیی لە کۆمەڵگای تورکیا و توندوتیژیی دەوڵەتیی پێریۆدیکاڵ کە سەرکوت‌کردنی داخوازییە شوناس‌تەوەرەکانیشی لە خۆ دەگرت، داخستووە. تەنها بەرەی نوێی توێژەرەکان و کەسانێکی وەک (نیلووفەر گولێ، ڕەشاد کاسا، شەریف ماردین، ڕۆبێرت ئێلسۆن و مارتین ڤان بروینسەن) خوێندنەوەی ناسکیان بۆ پێوەندییەکانی دەوڵەت – کۆمەڵگا کردووە. لەم ڕووەوە ئێمە خوازیاری دەرکێکی تیۆریکی زۆر پێشکەوتووتر لە ڕووی تیۆریکییەوە سەبارەت بە پڕۆسسێکین کە شوناسە ئەتنی و ئایینییەکان بۆ وەڵامدانەوی کێشە و گرفتە ئابووری و سیاسیەکان بەهۆی ئەو دەرکە و تێگەیشتنەوە لە کۆمەڵگایەکی مۆدێڕنی وەک تورکیا بەسیاسیی بووە.


سەرچاوە: بەشی یەکەمی کتێبی: Islamic Political Identity in Turkey: M. Hakan. Yavuz


وەرگێڕانی چنوور فەتحی



ئه‌م بابه‌ته 125 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر