لالشی نوورانی

پەرستگەی پیرۆز و هەرە دێرینی ئێزیدی سەردانێک بۆ لالش، چەند ساڵێک لەمەوپێش.
AM:12:37:04/08/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
نووسەر



لالش، ئەو پەرستگە دێرینەی ئاینی کوردی ئێزیدییە کە بەدرێژایی سەدان و بگرە هەزاران ساڵی مێژووی ئەو ئاینە سەدان لاپەڕەی خوێناویی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تۆمارکردووە و بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ نموونە و شایەتێکی زیندووی گیان فیدایی و خۆبەختکردنی مرۆڤە لەپێناو باوەڕ و بەهاکانیدا.

شیو یان گەلیی لالش، کە پەرستگەکەی تێدا دروستکراوە دوانزە کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری شێخان (عەین سوفنی، یان ئێسفنی)یەوە و چواردەوری بە چیای بەرز گیراوە و شوێنێکی قایم و سەنگەرێکی سەختی هەڵگرانی باوەڕ و ئاینی ئێزدییە و گومان لەوەدا نیە کەوا گەلێ نەبەرد و داستانی قارەمانانەی تێدا تۆمار کراوە بۆ پارێزگاریی لە پەرستگە و ئاینەکە. لالش شایەتحاڵێکی زیندووی پەیوەندیی ئاینی ئێزدییە بە میتراییەکانەوە و رەگێکی قووڵتری هەیە و دەچێتەوە سەر باوەڕە کۆنەکانی وڵاتی ئێران و میزۆپۆتامیا.

ئەوه‌ی لێرەدا جێی باسە سەرسامیی کەسانێکی کوردی غەیرە ئێزدییە کە سەردانی پەرستگەی لالشیان کردووە و دەیانەوێت واقیعیانە بڕواننە ئەم قەناعەت و باوەڕەی کە لە ناخی مێژوودا  ڕەگێکی قووڵی داکوتاوە و لە هەمان کاتیشدا رەگێکی تۆکمەی لە ناخی هەڵگرانی باوەڕەکەدا جێگیر کردووە، کە مرۆڤ لەئاستیدا سەرسام دەبێت و ئەندێشەکانی فراونتر دەبن لە ئاست دێرینی و رەگ داکوتاویی بەها و نەریت و ویرد و سەرچاوەی ئەو قەناعەت و باوەڕە و هەست دەکات کە ئیدارەی ئەو قەناعەتەی مرۆڤ بەهەر شێوەیەک بێت تاسەر ئێسقان داکۆکی لێدەکات و لە مێشکی خۆیدا شوورە و قەڵای مەحکەمی بۆ دروست دەکات و گەلێ جاریش باکی بە ژیانی خۆی نابێت و لە پێناویدا خۆی بەخت دەکات. ماوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش (لە پێش جینۆسایدی ئێزیدییانی ناوچەی شنگال لە سەر دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا)  بەکاری نزیکەی دوو هەفتەیەک، رێگەمان کەوتە دهۆکی بادینان و لەگەڵ چەند برادەرێک خولیای سەردانی ئەو پەرستگە دێرینەمان کەوتەسەر و دیدەنییەکی بنکەی رۆشنبیریی لالشمان کرد لە دهۆک، کە ئەرکی پاراستن و بووژاندنەوەی کولتووری ئێزیدییانی لەئەستۆ گرتووە، دەستەی بەڕێوەبەری بنکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین و چووینە گفتوگۆیەکی قووڵ و بەپێزەوە لە بابەتەکانی  پەیوەند بە مێژووی کولتووری ئێزدی و کۆششەکانی پەیوەست بە گردوکۆکردنەوە و برەودان پێیان و گفتوگۆ کردن لەسەر کۆنگرەی هانۆڤەر و ڕووداوەکانی نێو کۆنگرە و دواتر بەشە گرنگەکانی مەڵبەندەکەمان بەسەرکردەوە وەک کتێبخانە و مۆزەخانەی کولتووری و کەلەپووری. مایەی خۆشحاڵییە هەریەک لەوانە هەوێنی پرۆژەی گەورەتری لەخۆگرتنی بابەتە پەیوەستەکان بن بە مێژووی دێرین و بەهاداری ئاینی ئێزدییەوە. دواتر هەردوو بەڕێزان سەگڤان و تاریق، ئەندامانی شارەزای کولتووری ئێزدیی  هاوەڵییان کردین بۆ پەرستگەی دێرینی لالش، کە لەسەر زاری هەموو ئێزیدییەک بە لالشی نوورانی ناوی دەهێنرێت. ئەرکی رێبەری کردن و بەسەربردنی رۆژێکی پڕ ماندووبونیان گرتەئەستۆ و ورد ورد بە کوچە و کەلێنی پەرستگە و مێژووی پەرستگەکەدا رۆچوون و زانیارییەکی بەپێزیان بە ئێمەی تینووی سۆراخ کردنی هەموو شتێک لەبارەی ئەو ئاینە و مێژووەکەیەوە بەخشی.

وەرزی بەهار بەرەو کۆتایی دەچوو، چێشتەنگاوێکی زوو بوو کاتێ گەیشتینە دەربەندی لالش و دەروازەی پەرستگە و دیمەنی شاخە سەرکەشەکان و سەنگینیی پەرستگە نوقمی خەیاڵاتی مێژووی کردین و هەر لە دەرگاوە فەقیر، کە پایەیەکی ئاینی ئێزدییە و بەو کەسە دەبەخشرێت کە ئەرکی راییکردنی کاروباری ئاینیی پەرستگەکەی لەئەستۆیە و پێشوازییەکی گەرمی لێکردین و ئێمەش مەبەستی خۆمانمان تێگەیاند کە خەڵکی کوردی غەیرە ئێزدین، بەڵام چ ئاین و چ کولتووری دێرین و ڕەسەنی ئێزدییان بە میراتی باوباپیرانمان دەزانین و حەز دەکەین بەشێک لەو فەرهەنگ و میراتە ببینین کە بە درێژایی رۆژگارێکی دێرین  لە لالشدا پارێزراوە و پەیڕەوی دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە سەردەمی حوکمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا زیاد لە حەفتا جار هێرشی ناڕەوایان کراوەتەسەر و کۆمەڵکوژ کراون بە هۆکاری ئاینەکەیانەوە، بەڵام ئەمان شێلگیرانە بەرگرییان لە باوەڕ و قەناعەتەکەی خۆیان کردووە و نەچوونەتە ژێر باری خۆ ڕادەستکردن و گۆڕینی ئاینیانەوە و لەم پیناوەدا قوربانیی هێجگار زۆریا داوە. ئەم هێرش و پەلامارانە لە مێژووی ئێزدیاتیدا بە "فەرمان" ناوزەد دەکرێت، واتە فەرمانی هێرش کردنە سەریان و قڕکردنیان لەلایەن شەخسی سوڵتانی عوسمانیی خۆیەوە یان لە لایەن والییە عوسمانییەکانی مووسڵ و بەغداوە. 

سیما و خاسییەتی لالش لە دەرەوە بەو بورجە دەناسرێت کەوا تیژ لەسەر بینای پەرستگەکە راستبووەتەوە و پتر لە زەقوورەی سەردەمی بابلییەکان دەچێت. فەقیر کە پیاوێکی کەتەی بەهەیبەت بوو، دەستەجلێکی کوردیی لەبەردابوو و عەگاڵێکی لە سەر جامانەیەکی سووری لەسەرکردبوو، کە بە بۆچوونی ئێزدییەکان ئەمەش بە بەشێک لە پۆشاکی کوردی دادەنرا. فەقیر زۆر رێزی لێناین و بە پێی نەریتی پەیڕەیکراوی سەردانی پەرستگەکە دەبوو هەر لە دەروازەکەیەوە پێلاو دابکەنیت و بە پێی پەتی بچیتە ژوورەوە، بە هەموو بەشە جیاجیاکانیەوە. یەکێک لە نەریتەکانی تری سەردان پێ نەخستنە سەر کەوشکەنی (کەمە یان ئەتەبەی) دەرگاکان و لەوێوە چووینە سەر مەزاری شێخادی و میوانێکی زۆر لە شوێنە جیاکانی ئێزدینشینەوە هاتبوونە زیارەت و سێ جاران بەلای دەستی راستدا بە دەوری مەزارەکەدا دەسووڕانەوە و دۆعا و نزایان ئەخوێند و کۆمەڵە پەڕۆیەکی ڕەنگینی جوان لە سەر گۆڕەکە دانرابوو کە زیارەتکار و میوانەکان بە نیاز و نزا گرێیان لێدەدا کە ئەمە دیاردەیەکی بڵاوە لای هەموو خەڵکی کورد لە ئاینەکانی تریشدا.

مەزاری شێخادی، وەک فەقیر بۆی گێڕاینەوە لەهەمان شوێنی پەرستشی ئاسایی رۆژانەیدا نێژراوە کە ڕووەو خۆرە و بەیانیان یەکەم گزنگی رۆژی   بەردەکەوێت و لای راستی ئەشکەوتی خەڵوەتی عیبادەتی شێخ دەکات و پاشان لە ئەشکەوتەکەوە ژوورکەوتین کە بەهەمان شێوە پڕبوو لە میوان و لە لای چەپی بەردێکی زۆر زل هەیە و وەک جێ ئەتەبەیەکی چاککراو لە بەرزی   مەتر و نیوێک مشکییەکی کۆن دانراوە خەڵکی میوان بە دەم لێو جووڵاندنی   ڕاز و نیازەوە ئەو مشکییە لە دووریی سێ مەترەوە بە چاونووقاویی هەڵدەدەنە سەر ئەتەبەکە سێ جار بە ئۆقرەگرتن و نەگرتنی مشکییەکە ئیدی داواکار لە ئەگەر و نەگەری رازەکەی دڵنیا دەبێت. مەزاری شێخادیی ئێزدی وەک هاوەڵەکانمان دەیانگوت زۆر کۆن نیە لە نەریت و باوەڕی ئێزدیاندا و زیارەت کردنی ئەم زاتە جۆرە ڕێوڕەسمێکی تایبەتی خۆی هەیە و هەر لەو کاتەدا کە ئێمە لەوێ بووین کۆمەڵە ژنێکی خەڵکی باشیک و بەحزانی هاتنە سەری و بە دەم ویرد و دۆعا خوێندنەوە هەڵهەڵەیان لێدەدا. مەزارەکە لە بەشی کۆنی بیناکەدایە، کە وەک وتمان لە دەم دەروازەی ئەشکەوتەکەدایە و بووە بە بەشێک لە بیناکە و دەیان باستووقە و کووپەی پڕ لە رۆن زەیتوونی تێدایە بۆ بەکارهێنانی بە مەبەستی رووناکی لە بۆنە ئاینییەکاندا. هەموو شەوانی چوارشەممە و هەینییەک کە لە کۆچەڵەی تایبەتدا دەیسووتێنن وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمی ئاینەکە. لە پەڕی ئەوپەڕەوە و لە قوژبنی هۆدەکەوە مەزاری شێخوبەکر بوو لە بنی دیوارەکە و چووینە ئەوێیش، هەروەها لە دەرەوەی ژوورەکە چووینە سەر مەزاری شێخ حەسەنی کوڕی شێخادی. لەم ژوورەوە دەچیتە خوارەوە بۆ ئەشکەوتێک و تەنها تایبەتە بە خەڵکی ئێزدی، بەڵام لەبەر ئەو رێزە زۆرەی کە لە ئێمەیان نا رێگەیان داین بچینە خوارەوە و شەخسی فەقیر خۆشی لەگەڵمان هات، بەڵام دەبوو هیچ کەرەستەیەکی ئاگرکردنەوەت پێنەبێت لە چەرخ و شقارتە و شتی لەم چەشنە، چونکە ناو ئەشکەوتەکە یەکپارچە هەڵمی رۆن زەیتوونە و رەنگە بە دەنکە شقارتەیەک گڕبگرێت. لێرە ئاشگێڕێک ئاوی زوڵاڵ و سازگار دەردەچێت و پێیدەڵێن ئاوی زەمزەم، دەچیتە ناویەوە دەست و دەم و چاوتی تێدا دەشۆیت و ئەمە بە حەجی ئێزدییان لەقەڵەمدەدرێت و بۆت هەیە لە ناو ئاوەکەدا ناوی خەڵکیتر  بێنیت و حەجیان بۆ بکەیت. ئاینی ئێزدیی، وەک باوە لە ناو خەڵکدا، چ پەیوەندییەکی بە یەزیدی کوڕی معاویەوە نییە و وشەی (ئێزد) لە ئاینی زەردەشتی و پێشتریش میتراییەکانی ئێرانی کۆندا واتای خوای خێر یان ڕووناکی دەگەیەنێت و هەموو شتێک لە لالشدا وابەستەیی بەو کولتوورە دێرینەوە دەگەیەنێت. جارێ لالش لە نێو دۆڵەکەدا ڕووی لە ڕۆژهەڵاتە و یەکەم گزنگی خۆری بەیانیان لەوێ دەدات و ئەو کۆچەڵانەی رۆن زەیتوونی تێدا دەسووتێنن پەپکەییە و گەلێ شوێنەواری خڕ و پەپکەییمان بینی لەسەر بەرد هەڵکۆڵرابوون و پابەندبوونی ئەم نەریتەیان دەگەیاند، وەک رێزلێنانێک. بەڵام لەبەر ئەوەی ئاینی ئێزیدی بە درێژایی چەرخ و زەمانێکی دوور و درێژ بەر شاڵاوی زوڵم و زۆرێکی بێئامان کەوتووە و گەلێ جار لەسەر ئەوە کۆمەڵکوژ کراون، تەنها لەبەر ئەوەی ئێزدین و  بەدرێژای مێژوو بوختانی زۆریان بۆکراوە و ناویان زڕاندوون بەوەی گوایە شەیتان پەرستن. ئەمانیش لەبەرگرییەکی وێنەی قارەمانانەدا بەهەزارانیان گیانی خۆیی بەختکردووە و ئەم پەرستگەی لالشـەیان پاراستووە و ملیان کەچ نەکردووە بۆ زۆردار، بەڵام لەو پێناوەدا زۆریان لێ پەرتەوازەی چیا سەختەکانی قەوقاز و شوێنانیتر  بوون و لەوێ ئێستا زۆرینەی کوردی ئەو ناوچانەی پێکدێنن و ئەم ملنەدان و بەرەنگاربوونەوە مێژووییە ئەدەبێکی فۆلکلۆریی دەوڵەمەندی لای ئێزدییان   خوڵقاندووە و ڕەسەنایەتییەکی تەواوی بەخشیوەتە کولتوور و کەلەپووری کورد. 

بەڵام لە ئەنجامی دڕندەیی ئەو هێرش و پەلامارانە و سەختیی ئەو بارەی کەوا ئێزیدی و ئاینی ئێزیدیی تێکەوتووە، ‌حاڵەتێکی مێژوویی ساینکرێتیست (باتینی) دروستبووە، واتە جۆرە خۆگونجاندنێکی ئەو ئاین و باوەڕە کۆنانە لەگەڵ ‌عەقڵییەتی دەسەڵات و ئاینی  بەهەژموون و باودا و لێرەوەیە کەوا  چەردەیەک لە کولتوور و فەرهەنگی ئیسلامی چووەتە ناو ئاینی ئێزدییەوە و لە هەندێ تێرمی وەک ئاوی زەمزەم و کێوی عەرەفاتی لالشدا رەنگدەدەنەوە. لە ئەشکەوتەکەی ئاوی زەمزەمدا فەقیر پێیڕاگەیاندین کەوا "سەید ئەحمەدی رەفاعی لە مەککە تەزبیحەکەی و گۆچانەکەی کەوتووەتە ئاوی زەمزەوە و لە ئاوی زەمزەمی ئێرە گرتوویەتییەوە.

پاشان لەگەڵ برادەرانی یاوەرماندا بەپێی پەتی گەشتێکی ناو مەزار و بەشەکانی تری لالشمان کرد و چووینە سەر مەزاری شێخ شەمس و سەر کانیاوی (کانییا سپی) کە هەر یەکەیان قووچەکێکیان بەسەرەوەیە. لە حەوزی کانیاسپی دەست و دەموچاومان شۆرد، کە لە بەردەمیدا قاپێکی پڕ لە  خۆڵ و بەردی سەر مەرقەدی شێخ شەمس دانراوە و پێیدەوترێت (سەخرجن) و ئەو خەڵکەکەی کە دێن بۆ زیارەت کەمێک گڵ و بەردی ئەم قاپە لەگەڵ ئاوی کانیاسپی تێکەڵ دەکەن و لە ناوچەوانیانی دەسوون بۆ ئەوەی لە چاوی بەد بەدووربن. کانیا سپی لە فەرهەنگ و باوەڕی ئێزدییاندا جێگایەکی تایبەتی هەیە و لە ئاین و باوەڕی ئێزدیدا ئەفسانەی درووستبوونی گەردوون لە کانیە سپییەوە سەرچاوە دەگرێت. هەڵبەت ئەفسانەی دروستبوونی ئەرز و ئاسمان و گەردوون لای زۆربەی ئاینەکان رەگ و بووچوونی هاوشێوەی هەیە.

لە ناو پەرستگەکە و دەرەوەیدا چەند ژوور و هۆڵێک هەن کە هەر یەکە و بۆ عەشیرەت و بنەماڵەیەکی ئێزدییانە، کە لە بۆنە ئاینییەکاندا دێنە ئێرە و بۆ ئەوەیان دروستکردووە لەو چەند رۆژەدا کە لە لالش دەمێننەوە تیایدا بحەوێنەوە. لەو بۆنانەدا هەر بنەماڵە یا تیرەیەک یان خێزانێک ئاژەڵێک سەردەبڕن (مەڕ، بزن، گا یان گوێرەکە بێت) و دەیهێنن لێرە سەری دەبڕن و دەیکەن بە خێر پاش ئەوەی لەگەڵ گەنمە کوتاودا لێیدەنێن و بە چێشتیی دەیبەخشنەوە بەسەر ئەو خەڵکەدا کە هاتوون بۆ زیارەتی لالش و ئەنجامدانی رێوڕەسمی بۆنە ئاینییەکە و بەم چێشتە دەوترێت (سماتێ - سماط) و زۆر لە هەریسەی شیعەکان دەچێت کە بە بۆنەی عاشووراوە دەیکەن.
لە گەشتەکەماندا بەنێو پەرستگەکەدا چاومان بە پیر سمایلی پیر سڵێمان کەوت و زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکردین و بەخێری ‌هێناین. شیاوی باسە پیر پلەیەکی ئاینەکەیە و هەندێ خزمەتگوزاری ئەنجامدەدات. بۆ نموونە پیر سمایل کە برای خدری پیر سڵێمانە کە نووسەر و ڕۆشنبیرێکی ئێزیدییە دەیوت "من بە ناو گوندەکانی ئێزیدیدا دەگەڕێم و ئیجازەی خۆپاراستن لە دووپشک دەدەمە خەڵک و هەر ماڵێکیش لەبری ئەم خزمەتە کەڵەشێرێکم دەدەنێ"هەڵبەت دووپشک لە ناوچەی ژەنگار (شنگال، سنجار)  زۆرە و زیانی کوشندە دەگەیەنێتە خەڵک. شایانی باسە کەڵەشێر لە نەریتی ئێزیدیاندا پایە و مەقامێکی بایەخداری هەیە و تەنانەت ئێزدییەکانی قەوقاز دەستیان تێناچێت سەری ببڕن و بۆ خۆی هەر خرت و گەورە دەبێت، بەڵام پیر سمایل دەیوت ئێمە لێرە سەری دەبڕین و دەیخۆین.

بەردەرگای پەرستگاکە وێنەی دوو تاوسی لە سەر نەخشکراوە وەک رەمزێک بۆ مەلەک تاوس، کە لای ئێزدیی پیرۆزییەکی گەورەی هەیە و ئەمەش وەک بەهەڵە لە ناو نەیارانی ئەم ئاینەدا باوە هەرگیز شەیتان نیە و ئەمە تەنها بوختان و هەڵبەستراوە و ئاینی ئێزدی وای لێکدەداتەوە کە "مەلەک تاوس سەرۆکی فریشتەکان بووە و خودا پێی وتووە کەوا تەنها کوڕنووش بۆ ئەو ببات و کاتێ کە خودا ئادەم دروست دەکات و فەرمان بە فریشتەکان دەکات کوڕنۆشی بۆ ببەن، ئەم پێیدەڵێت من تەنها کوڕنۆش بۆ زاتی خواوەند دەبەم چونکە لە نوور دروستکراوم و کوڕنۆش بۆ ئەو خەڵقندەیە نابەم کە لە خاک و خۆڵ دروستکراوە". هەروەها وێنەی مارێکی ڕەشیش بە سەر دەرگای چوونە ژوورەوەی پەرستگەکەوەیە و باوەڕیان وایە کە ئەم مارە ڕەشە خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە و کاتێ کە لە تۆفاندا کەشتییەکەی نووح، کەوا لە هەموو جۆرە گیانلەبەرێک جووتێکی تێدا بووە، کونێکی تێبووە، ئەم مارە کونەکەی گرتووە و نەیهێشتووە نوقم بێت.

فەقیر لەبەر دەرگای پەرستگەکە هەندێ گڵی خڕهەڵدراوی پیشانداین کەوا لە گڵی سەر مەزاری شێخ شەمس و ئاوی کانیا سپی دروستکرابوو و پۆزشی ئەوەی بۆمان هێنایەوە کە بە غەیری ئێزدی نادرێت و ئەمە پێیدەوترێت (بەرات) و لە هەر ناکۆکییەکی نێو ئێزدییاندا ئەگەر ئەم بەردە بێتە حوزوور هەموو ناکۆکی و دڵئێشان و ساردییەکی کۆمەڵایەتی لە نێواندا نامێنێت و کەس ناتوانێت لە پیرۆزی وکاریگەریی مۆراڵی و  مەعنەویی ئەم بەردە پیرۆزە لابدات.

خەڵکی ئێزدیی لە ناو خۆیاندا پارە و یارمەتی کۆدەکەنەوە و دەیدەنە فەقیر و ئەمیش لەم پارەیە یارمەتیی ئەو کەسانە دەدات کە خزمەتی پەرستگەکە دەکەن و کاروباری ماڵ و دیوەخانەکەی خۆیشی پێ ڕایی دەکات.

ئێمە لە پاش سەردانی مەزار و بەشەکانی پەرستگەی لالشی نوورانی چووینەوە بۆ ماڵی فەقیر کە کۆمەڵێک پیرەمێردی ئێزیدی لەوێ دانیشتبوون و تاوێک لە خزمەتیدا ماینەوە و چەند فەرمایشتێکی ئاینی بۆ باس کردین لەبارەی لالش و دروستبوونی گەردوون و دنیاوە:

"لە پێش سەدان هەزار ساڵدا نە ئەرز هەبوو نە ئاسمان، بەڵکو تەنها لالش هەبوو، دنیا و گەردوون تەنها بریتیبوو لە هەڵم و هاڵاوێک و هیچیتر. لە کانیا سپیی لالشەوە ئاو بەرز دەبووەوە و دوڕێکی (گەوهەرێکی) تێدابوو، بوو بە دوو کەرتەوە و مەلەک تاووسی لێ هاتەدەرەوە و ئەوجا دنیا مەیی و ئەرز و ئاسمان لێکجیابوونەوە".
دواجار فەقیر زۆر خوڵکی کردین کە بۆ نانی نیوەڕۆ لای بمێنینەوە و ئێمەش زۆرمان پۆزش بۆ هێنانەوە و بەڵێنمان دایە کە لە دەرفەتێکی تردا بچینەوە خزمەتی. بەمجۆرە بە ڕێز و پیرۆزییەکی زۆرەوە بە بێ ورتە و بەئەسپایی ماڵاواییمان لە لالشی نوورانیی پەرستگەی پیرۆزی ئێزدییان کرد. 


ئه‌م بابه‌ته 202 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر