ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییانی ئەنفال

دوای راپەڕینی بەهاری 1991، کە سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی ئێراقی لەگەڵ سەرانی بەعس کۆکردەوە، عەلی حەسەن مەجید سەرکردایەتی کوردی تاوانبار کردبوو بە زیادەڕۆییکردن لە ژمارەی قوربانیانی ئەنفال.
AM:12:27:04/08/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


سەردار عەبدوڵا
نووسەر


لە میانی ئەو دانوستانانەی کە دوای راپەڕینی بەهاری 1991، کە سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی ئێراقی لەگەڵ سەرانی بەعس کۆکردەوە، عەلی حەسەن مەجید سەرکردایەتی کوردی بە تاوانبار کردبوو بە زیادەڕۆییکردن لە ژمارەی قوربانیانی پڕۆسەی ئەنفال و وتبووی؛ هەموو ئەوانەی کوشتومانن لە سەد هەزار کەس تێپەڕناکەن!
 
لەدوای ئەو ڕۆژەوە، بەلای بەشێکەوە رووداوە ڕاستەقینەکە کە کەنفالە گرنگ نەبووە، بەڵکوو ئەوە گرنگ بووە چۆن گومان بخەنە سەر ئەو تاوانانەی کە بەسەر تەواوی نەتەوەیەکدا هاتووە. نزیکترین ڕێگەش بۆ ئەو مەبەستە، هەوڵدانە بۆ گومان خستنە سەر ژمارەی ئەنفالکراوەکان، کە دەگوترێت 182 هەزارە.
 
کێشەکە لەوەدایە ئەو کەسانە چاوپۆشی لە دڕندەیی تاوانەکە و سروشتە وەحشیگەرییەکەی دەکەن کە ئامانجی ڕاستەقینەی لەناوبردنی نەتەوەیەک بووە، بەڵکوو یاری بە ژمارەکان دەکەن. ڕوونە کە ڕوحی مرۆڤی دەستکردی خوا، گرانبەهایە و پێویستە بپارێزرێت، چ جای ئەوەی بە کۆمەڵ و تا ئاستی سەد هەزار ڕوح پێکەوە لەناو ببرێن. بەڵام ئەوەی لە ناوجەرگەی تاوانەکانی ئەنفالدا روویدا زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە بە هزری مرۆڤدا دێت.
 
ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوویدا وێرانکردنی هەزاران گوند و قڕکردنی زۆرینەی دانیشتووانیان بوو بە تەواوی، نەک هەر ئەوەندە، تەنانەت کانیاوەکانیش لە کاری تاوانکاری پارێزراو نەبوون، چونکە کانیاوەکانیش بە چەندان تۆن چیمەنتۆ کوێرکرانەوە.
 
کێشەی بنەڕەتی کە کەس پەی پێ نابات، ئەوەیە پرۆسەی هەژمارکردنی قوربانییانی ئەو تاوانە بە یەکێک لە قوڕسترین کارەکان دادەنرێت و بە کۆمەڵێک بەربەست و ئاستەنگ دەورە دراوە کە وا دەکەن گەیشتن بە ژمارەی ڕاستەقینە تاڕادەیەك مەحاڵ بێت. لەم ڕووەیشەوە ڕاستیگەلێکی گرنگ و چارەنووسساز هەن، بەڵام مایەی داخە کە هەمووان ئەوانەیان لەیاد کردووە، ئەمەیش دەرگای کردووەتەوە لەبەردەم هەوڵەکانی یاریکردن و گومان خستنەسەر تاوانەکە.
 
ڕاستە هەمووان ئاماژە بە بڕیاری ژمارە (169)ـی (ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس) دەدەن، بەڵام ڕووداوگەلێکی گرنگ هەن کە بە ڕاستەوخۆیی پەیوەندیدارن بە پرسی ژمارەکانەوە و کەچی لەبیر کراون، بۆیە ئەم کەشە پڕ لە گێژاوە خولقێنراوە و ئەوەش بنچینەی ڕووداوەکەیە.
 
ئەوکاتە (ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس) لە بەرواری 29-3-1987 بڕیاری ژمارە 160ـی دەرکرد و عەلی حەسەن مەجیدی کرد بە حاکمی ڕەهای (ناوچەی باکور)، هەروەها تەواوی دامودەزگا حیزبی، مەدەنی، سەربازی و هەواڵگرییەکانی خستە ژێر فەرمانی ئەوەوە تاوەکو سیاسەتی (سەرکردایەتیی قوتر)و (ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش) بەعس جێبەجێ بکات لە پاکتاوکردنی شۆڕشی کوردستان و داماڵینی کوردستان لە دانیشتووانەکەی، دوای ئەوەش دیارە کە چی ڕویدا.
 
دادگای تاوانەکانی عێراق هەستا بە دیاریکردنی سزا، ئەوەش دوای زنجیرەیەکی درێژ لە دانیشتن کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرا و بەشێک لە دڕندەیی ئەو تاوانانەی بۆ جیهان گواستەوە، کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانی ئەنفالدا دەرهەق بە مرۆڤایەتی کروان. هەر ئەوەش پاڵی بە دادگاکەوەنا حوکمی تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی بخاتە پاڵ تاوانباران. بەم بۆنەیەشەوە ئەم بڕیارەی دادگا زەمینەی  یاسایی ڕەخساند بۆ پۆلێنکردنی ئەو تاوانانەی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون. ئەوەی سەیر بوو بەشێک لە تۆمەتباران، لەنێویشیاندا عەلی حەسەن مەجید  ئەو تۆمەتانەیان ڕەتنەکردەوە کە ئاراستەیان کرابوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە ئەگەر کات بگەڕێتەوە، ئامادەن هەمان تاوان ئەنجام بدەنەوە، ئەمەیش گشت ڕێگا ودەرگاکانی گومانکردن لەمەڕ قەبارەی تاوانەکە دادەخات.
   
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وێرانکردنی کوردستان و داماڵینی لە دانیشتووانە ڕەسەنەکانی لە ئاستە هەرە باڵاکانەوە نەخشەی بۆ کێشراوە و بڕیاری لێدراوە، هەروەها هەموو ڕێکارەکانیش بەپێی پلانێکی شەیتانی ڕێکخران کە بە هزری مرۆڤدا نایەت. یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێکارەکانیش پرۆسەیەکی (سەرژمێری گشتی دانیشتوان) بوو کە ئەنجامدرا و کەس گرنگی پێ نەدا. ئەم (سەرژمێری)یە نهێنیی سەختیی گەیشتن بە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییانی تاوانەکانی ئەنفال ئاشکرا دەکات، کە من هەر لەسەرەتاوە مەبەستەکەم لەم نوسینە ئەو بابەتە بوو.
 
ئەوە ڕوونە کە جاران عێراق هەر (دە)ساڵ جارێک سەرژمێری گشت ئەنجام دەدا، سەرژمێری ساڵی (١٩٨٧) کە لە حەڤدەی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدرا، جیاواز بوو لە سەرژمێرییەکانی پێش خۆی، دەسەڵات لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە سەرژمێرییەکەی ئەمجارە ئەو ناوچانەی نەگرتووەتەوە کە لە نێو ناوچە (قەدەغەکراوەکان)دا پۆلێنیان کردوون و هەروەها بەمەرجی دابوو کە ئەو ناوچە فراوانانەیش کە ئەوکاتە لەلایەن شۆڕشی کوردەوە ئازاد کرابوون بۆ ئەوەی سەرژمێری بیانگرێتەوە دەبێت دانیشتووانەکانیان گوندەکان بەجێبهێڵن وئاوارەی ئەو کۆمەڵگە زۆرەملێیانە ببن کە ئامادەیان کردبوو بۆ لەخۆگرتنیان.  هەرکەسێکیش ملکەچی ئەم فەرمانانە نەبووایە، لەو ڕۆژەوە بە هاووڵاتیی عێراقی هەژمار نەدەکرا. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دانیشتوانی هەزاران گوندی کوردستان لەم سەرژمێرییەدا تۆمار نەکران.
 
من خۆم ئەو قۆناغەم وەک ئەندامێکی پێشمەرگە ئەزموون کرد و شاهیدی دوودڵیی خەڵکی گوندەکان و جێهێشتنی ماڵەکانیان و هۆگرییان بە زێدی باوک و باپیرانیانەوە بووم.
 
ئەو بەڵگەیەی جێی مشتومڕ نییە، ئەوەیە کە زۆرینەی ڕەهای قوربانیانی تاوانەکانی ئەنفال دانیشتووی ئەو گوندانەن کە لە تۆمارە فەرمییەکانی ئەو سەرژمێریەی دەوڵەتدا تۆمار نەکراون، گوند و ناوچەگەلێک هەن کە بەتەواوی وێران بوون و هیچ کام لە دانیشتووانیان نەماون ، کەواتە چۆن دەتوانین ژمارەی ڕاستەقینە بزانین لە کاتێکدا ناو و ناونیشانی هەزاران قوربانیمان لەبەردەستدا نییە، هەروەها تۆماری فەرمی ناوەکانیان بوونی نییە؟
 
وا دیارە ئەو عەقڵە شەیتانییەی کە پلانی ئەم تاوانانەی داناوە، حسابی بۆ کوشتنی هەزاران کەس کردووە کە لە تۆمارە فەرمییەکاندا هیچ شوێنەوارێکیان نەبووە، پاشان بۆ تەواوکردنی ئەم ڕێککارانە کە تەنانەت بە مێشکی شەیتانیشدا نایەن، دەسەڵات لە کۆتایی ساڵی(1988)دا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی وێرانکردنی کوردستان و قڕکردنی دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی، بە سەرژمێرییەکی (تەواوکاری) رزگاربووانی گوندەکان ئەوانەی کە لەو کاتەدا توانیویانە بە نهێنی بگەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵات و بەڵام لە سەرژمێری گشتیدا نەبوون، دووبارە هەژمارکرانەوە، ئەمەش وەک تەواوکەرێک بۆ ئەو سەرژمێرییەی پێشوو کە ئاماژەی پێکرا. بێ گومان لێکۆڵینەوەیەکی قووڵتر لەم ڕاستییانەی باسکران، زۆر ڕاستی تر ئاشکرا دەکات.



ئەم وتارە لە (١٢ / ١ / ٢٠٠٨) لە ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاوکراوەتەوە، لەبەر گرنگی ناوەرۆکەکەی، چاوی کورد وەریگێڕاوەتە سەرکوردی.



ئه‌م بابه‌ته 633 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر