پەیامی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا

لە نوێترین سەردانی مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی بۆ بەغدای پایتەختی ئێراق پەیامی خۆی و حکومەتەکەی گەیاندە بەرپرسانی بەغدا و ڕێگا چارەی پێداون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا.
PM:02:43:25/07/2022
دۆسیە: شیکار


دییە عەلی مەحمود
ژمێریار


لە نوێترین سەردانی مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی بۆ بەغدای پایتەختی ئێراق لە ڕۆژی 23-7-2022 پەیامی خۆی و حکومەتەکەی گەیاندە بەرپرسانی بەغدا و ڕێگا چارەی پێداون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا، کەماوەی 17 ساڵە بەردەوامیان هەیە. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەریەکە لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئێراق لەبارەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێرەوە کۆبووەوە. لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، لەتویتێکدا نوسیبووی "زۆر بابه‌ت هه‌یه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین، نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ده‌ستووریمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ ئارادان،‌ چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ش له‌ خزمه‌تی سه‌رتاسه‌ری ئێراقه‌، به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌".

لەم تویتەدا مەسرور بارزانی پەیامەکەی ڕوونە کەدەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستور و چارەسەری دەستوری بۆ کێشەکان، ڕوونیشە بەغدا زیاتر لە 50 ماددەی دەستوری پێشێل کردووە کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی شیعە نییە. سەردانەکەی مەسرور بارزانی وەڵامدەرەوەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بوو کە بەردەوام باسیان لەوە دەکرد مەسرور بارزانی پێویستە خۆی بچێتە بەغدا، چونکە ئەو دەسەڵاتداری ڕاستەقینەیە و شاندەکان ناتوانن ڕێککەوتن بکەن، بەڵام ئەو بۆچوونە ڕاست نەبوو، چونکە شاندەکانی هەرێم لەماوەی کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 25جار چوونەتە بەغدا و ڕێککەوتنیشیان کردووە، بەڵام بەهۆی نالەباری دۆخی سیاسی ئێراق و گۆڕانکاری لەسەرۆک وەزیران و خۆپیشاندانەکان و فشارە بەردەوامەکانی شۆڤێنییەکانی ناو شیعە کار بەڕێککەوتننامەکان نەکراوە و بەغدا پابەند نەبووە بەڕێککەوتننامەکانەوە.

هەرچەندە مەسرور بارزانی، پێش دەستبەکاربونی لەگەڵ بارزانی باوکدا چووە بەغدا و لەگەڵ زۆربەی لایەنە کاریگەرەکانی ناو شیعە کۆبووەوە، لەوێش ئەو پەیامە بەهەمووان درا، کە هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو دانوستانێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەماوەی پێشوشدا و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێک کە بۆچی مەسرور بارزانی خۆی ناچێتە بەغدا؟ ئەوکاتیش مەسرور بارزانی گوتی: هەرکات پێویست بکات خۆم دەچم، بەڵام کێشەکان تەکنیکین شاندەکانمان خەڵکانی لێهاتوون.

لەوبارەیەوە لەنوێترین سەردانی بۆ بەغدا، کە بەدەستپێشخەری کازمی بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەویش دوای بڕیارەکانی دادگای بەناو فیدراڵی، لەدژی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کەلای هەمووان ئاشکرایە تەواو بڕیارەکە سیاسییە و وڵاتێکی ئیقلیمی لەپشتی بڕیارەکانی ئەو دادگایەوەن، هەر لەسەرەتاوە حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی ڕەتکردەوە وتی بەهیچ شێوەیەک پابەندی بڕیارەکە نابن. ئەمجارەش مەسرور بارزانی پەیامی ئاشکرا و ڕوونی نەتەوەیی کورد و کابینەی نۆی بە بەرپرسانی حکومەتی ئێراق وتوە و دواتریش دەردەکەوێت بەرپرسانی ئێراق تاچەند بەتەنگ ئێراق و کەیسی کوردەوەن.

بەپێی زانیارییەکان مەسرور بارزانی لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراق بەڕاشکاوانە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی بەسەرکردە ئێراقییەکان گەیاندووە و جارێکی تر ڕەتی کردووەتەوە کە پابەندی بڕیاری دادگای بەناو فیدراڵی بن و هەتا شەرعیەتی دادگاکەی بە پێی دەستوور خستووەتە ژێر پرسیاری قورسەوە بەوەی دادگایەک لە ئێراق نییە بەناوی دادگای فیدراڵی، چونکە ئەو دادگایە بەپێی دەستور دروستنەکراوە.

بارزانی کوڕ، لەدرێژەی پەیامەکەیدا بەرگری تەواوی لە قەوارەی دەستووری هەرێم کردووە و ڕەخنە لە مامەڵەی حکومەتی ئێراق گرتووە کە پابەندی سیستمی فیدراڵی نەبووە و دەیەوێت بە مەرکەزی کۆنتڕۆڵی هەرێم بکات، کە ئەوەش قابیلی قبوڵ نییە، چونکە هەرێمی کوردستان خاوەنی ناسنامە و تایبەتمەندی خۆیەتی و هەزاران خەڵکی کوردستان لەم پێناوەدا شەهیدبوون.

مەسرور بارزانی لەکۆبونەوەکاندا داکۆکی سەرسەختانەی لە دەستوور کردووە، کەمافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە و وتویەتی "ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان بین و دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا ناکەین، چونکە مافێکی دەستووری خۆمانە، نە من و نەهیچ کەسێکیش لە کوردستان ئەو مافەی نییە دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بێت".

هەر بەپێی زانیارییەکان مەسرور بارزانی، رەخنەی لە حکومەت و لایەنە شیعییەکان گرتووە بەوەی کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تەنیا لە بابەتی نەوت و گاز و شایستە داراییەکان کورت کردووەتەوە، بەڵام ئەوە بەشێکی کێشەکەیە، کورد بەدەیان مافی تری لە دەستووردا پێدراوە، بەڵام پێشێلکراوە و کەس خۆی نەکردووە بەخاوەنی، لەوانەش قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال، کیمیاباران و خاپوورکردنی کوردستان.

بارزانی کوڕ ئامادەی کابینەکەی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەربڕیوە لە ناویاندا کێشەی نەوت و گاز، کە بەدەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە پەرلەمانی ئێراق دەکرێت و ئەوکات ماف و ئەرکەکانی هەر لایەک دیاریدەکات و لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت. ئەوەی لەم نێوەندەدا بەڕوونی دیارە، مەسرور بارزانی وەک پارێزەرێکی ڕاستەقینە، بەبێ گوێدان بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی سەرسەختانە بەرگری لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەو پەیامەشی پێداون، کەهەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەبن چۆک لە بەردەمتاندا دادەین، سازش لە مافە دەستوورییەکانی گەل و نەتەوەکەمان بکەین، بەڵکو ئەمرۆبێت یان سبەی دەبێت مافە دەستوورییەکانمان جێبەجێبکرێت و نەتەوەی کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی تر بەمافەکانی بگات هەتا دەگەینە خەونی ڕاستەقینەمان، کە دەوڵەتی کوردییە.
 



ئه‌م بابه‌ته 219 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر