درەختەکانی شەقامی گۆران دێنە دەنگ

هەرکەسێک بەشەقامی گۆرانی شاری سلێمانیدا تێپەڕێت چەندین سەرنج و پرسیار لەلای دروست دەبێت کەبۆچی درەختەکانی ئەم شەقامە قڕکراون، شەقامی گۆران کە لەساڵی ١٩٥٧ەوە بونیاد نراوە و شەقامی ئۆرزدیشی پێ دەوترێت.
PM:02:57:24/07/2022
دۆسیە: نیشتمانسازی


نەوزاد صالح
نوسه‌ر و شاره‌زای بواری سیسته‌مه‌كانی هه‌ڵبژاردن


بەڕێز/پارێزگاری سلێمانی 

بەڕێزان/ قائیمقام و شارەوانی شار 

بەڕێزان / ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

بەڕێز/ فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی 

ڕەنگە خۆتان یان هەرکەسێک بەشەقامی گۆرانی شاری سلێمانیدا تێپەڕێت چەندین سەرنج و پرسیار لەلای دروست ببێت کەبۆچی درەختەکانی ئەم شەقامە قڕکراون شەقامی گۆران کە لە ساڵی (١٩٥٧)ەوە بونیاد نراوە و شەقامی ئۆرزدیشی پێ دەوترێت لەبەر بوونی ئەوبازاڕە حکومیەی کە بە (ئۆرزدی باک)لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا تیایداکرایەوە وەک هەریەکێک لەپارێزگاکانی ئێراق. پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەرئەم بابەتە بکەین  بۆچی درەختەکانی شۆستەی ئەم شەقامە بڕاونەتەوەو بەمەش سیمای جوانی شەقامەکە تێک چووە و ئەوسێبەرانەی کە جاران لە دارستانێک دەچوو ئێستا نەماوە؟ درەختەکان قڕکراون و تەنانەت شوێنی هەندێکیان کۆنکرێت کراوە یان پڕکراونەتەوە.

ئەی درەختەکان چیان لێ هات؟

بێ ویژدانی هەندێک لە دوکاندارەکان بە ئاشکرا دیارە لە بری ڕواندنەوەی درەختێک لە شوێنی درەختە وشک بوەکان کە جوانییەکی بەخشیوە بەبازاڕو شەقامەکە کەچی شوێنی درەختەکەی پڕکردوەتەوە! درەختە بڕاوەکان جێگاکانیان بە شتایگەر پڕکراونەتەوە! ئەی ڕۆڵی چاودێری شارەوانی ئەم شەقامە چییە؟ لەگوێی چ گایەکدا نوستوە و لە کوێی کایەی خزمەتگوزاریدایە کە پیشەکەی چاودێری کردنە واهێندە کەم تەرخەمە؟ 

شەقامی گۆران یەکێکە لە شەقامە دێرین وجوانەکانی شاری سلێمانی ولەگەڵ دروست بوونی ئەم شارەدا ئەم شەقامەش بوونی هەبووە و یەکێکە لە شەقامە سەرەکیەکانی شار کە لە سەرەتای بانکی ڕەشیدی سەراوە دەست پێ دەکات هەتا دەستپێکی خانووە کۆنەکەی (رەشید سەلیم میران)و بۆ سەرەتای شەقامی ئیبراهیم پاشا، کە لە راستیدا ئەم شەقامە بەناوی شاعیری گەورەی کورد(عبدوڵابەگی سلێمان بەگ)گۆرانەوە ناونراوە، ئەم بابەتە باسی مێژووی گەڕەک و شارنییە، بەڵکو خەمێکی گشتی یەکێک لە شەقامەکانی شارەکەی (شێخ محمود)ە کە پێویستە لە خەمیدابین وەک ژینگە دۆستێک و دڵسۆزێکی شار بەداخەوە لەم شەقامەدا زیاتر لە (٣٠)درەختی سەرشۆستەی شەقامەکە بڕاونەتەوە و شوێنەکانیان بە چیمەنتۆ و شتایگەر پڕکراونەتەوە یان بە بۆشی ماونەتەوە کە وێنەی سەرجەم شوێنی درەختەکانمان وەک دیکومێنت خستوەتە بەردەستان، بەڕاستی جێی نیگەرانیە لەم سەردەمەدا کە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکانی جیهان کێشەی ژینگەییە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە بۆئەم مەبەستەش جیهان لە بیری سەوزکردنی گۆی زەویدایە و ڕێکخراوەکان لە هەوڵی ڕواندن و سەوزکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکاندان کەچی لە جوانترین و دێرینترین شەقامی شاری ڕۆشنبیریدا درەختەکانی کە تەمەنی هەندێکیان سەد ساڵیان تێپەڕاندووە دەبڕدرێنەوە و لەناو دەبرێن بێ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەنگاوێکی بۆ نۆژەنکردنەوە و چارەسەری ئەم کێشەیە نابێت کە ئەم بابەتە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە لە سەر ئەوکەسانەی هەڵدەستن بەوکارە دوژمنی ژینگە و ئاوەدانین و چاویان بە جوانی ئەم شارەشدا هەڵنایەت و پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدابکرێت، چونکە بڕینەوەی درەخت سزای یاسایی لەسەرە.

هەرچەندە لە میدیاکانەوە هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە لە (٢٠٢٢/٢/١٩) وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەی(١٠٠,٠٠٠)سەد هەزار نەمام بۆ سەوزکردنی شۆستە و شەقامەکانی سلێمانی دابین دەکات، بەڵام دوای پێنج مانگ بەسەرتێپەڕینی ئەو هەواڵەدا ئەوپرۆژەیەمان نەبینی و ئەم وێنانەش نوێترین وێنەی ئەوشەقامەن! وێڕای هەوڵی بێ وچانی ژینگە دۆستان و دەیان ڕیکخراو جگە لە دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت کار لەسەر ئەم بابەتانە دەکەن، بەڵام هەست بە کەمتەرخەمی زۆر دەکرێت لەم بابەتەدا و وێنەکان گوزارشتی تەواو لە بیابان بوونی شەقامەکانی شار دەکەن کە ئەمەش بۆ کەمتەرخەمی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و بێ ئاگایی شارەوانی شار دەگەڕێتەوە جگەلەوەی کە گوزارشتیشە بۆ ئاستی دڵ نەسوتانی کاسبکار و دوکاندارەکان و لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری ئەوان دەردەخات دەرهەق بە پاراستنی ژینگە و جوانیی شەقام و شارەکەیان کە ئەودۆخە بەڕەوادەبینن و بە بینینی ئەو دیمەنانە موچرکەیەکیان پیادانایەت و درەختێک لەوشوێنانە ناڕوێننەوە کە بەهەر هۆکارێک وشک بوون یان بڕاونەتەوە. 

خەمساردی کاسبکار و دوکاندارەکان لەسەرئەم بابەتە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ئاستی پەیوەندیەکانی شارەوانی شار و کاسبکارەکان کە وەک پێویست هەماهەنگ نین لەئاستی پارێزگاریی لە ژینگەی شارەکەیاندا کە ئەوئەرکە هی هەموانەو هەربەتەنها ئەرکی شارەوانی نییە و پاراستنی ژینگە ئەرکی هەمووانە. هەڵبەتە هەر هۆکارێک لەپشتی وشك بوون و تیاچوون و بڕینەوەی درەختی سەر شەقامەکانەوەبێت زیاتر ئەرکی شارەوانی شارە بەدواداچوون بۆئەم بابەتە بکات، چونکە ئەرکی دامەزراوەکانی ژینگە پارێز و جوانی شار کاتێک دەردەکەوێت کە شار و شەقامەکان سیمای شارستانیەتیان پێوە دیاربێت و بەدرەختی جوان ڕازابنەوە نەک وەک شەقامی ئێستای گۆران کە خەریکە سیمای تێک دەچێت و ناشرین دەبێت.

هەر بۆیە بەم یاداشتە بیری هەموو ئەوبەڕێزانەی دەهێنینەوە کە ئەرکیانە بە هاوکاری کاسبکارو دوکاندارە بەڕێزەکان جارێکی ترشوێنی ئەم درەختانە ڕێکبخەنەوە کە ئەم دۆخەی لە شەقامی گۆراندا هەیە بێگومان لە شەقامی مەولەوی و شەقامی کاوە، شەقامی پیرەمێردیش هەمان دۆخیان هەیە و پێویستە چارەسەربکرێن و ڕێزم بۆ هەمووان.

ژینگە دۆستێک


ئه‌م بابه‌ته 289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر