پەرەی سیاسی (پێناسە و مانا)

دەرکەوتنی دەوڵەتە نوێ یه‌کان لە دەرەوەی کیشوەری ئەورووپا کە پاش کۆلۆنیالیزم ڕوویدا، ئەو بیر و ڕا و لێکدانەوە و بیرۆکانەشی هەژاند کە زانستە کۆمەڵایەتییەکانی بە پێی سوننەتی ئەورووپی بونیاد نابوو.
PM:03:16:19/07/2022
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


دەرکەوتنی دەوڵەتە نوێ یه‌کان لە دەرەوەی کیشوەری ئەورووپا کە پاش کۆلۆنیالیزم ڕوویدا، تەنیا ئەنجامی تێکچوونی نەریتە باوەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لێنەکەوتەوە، بەڵكوو ئەو بیر و ڕا و لێکدانەوە و بیرۆکانەشی هەژاند کە زانستە کۆمەڵایەتییەکانی بە پێی سوننەتی ئەورووپی بونیاد نابوو. 

لەو سونگەیەوە سەرەتا زانسی سیاسەت بوو کە لە سەردەستی لێکدانەوە نەهادگەرا و بەراوردکارییەکان کە بنەڕەتی‌ترین کەرستەکانی میتۆدناسی خستبووە خزمەت ئەم زانستە، ڕووبەڕووی هەژان هات. تێکشکانی خێرا لە بواری دامەزراندنی دەمودەزگا ئەوروپییەکان بە تایبەت پاڕلەمان لە وڵاتە ئەفریقی و ئاسیاییەکان و بێ‌هوودەیی و بێ‌واتا بوونی فوڕمولە کۆنەکانی هاوسەنگیی هێز سەبارەت بە جیهانی سێهەم، کاریگەریی لە سەر گۆڕینی ڕەوتی لێکدانەوە کلاسیکەکان دانا. لە هەمان کاتدا دەرکەوت کە ئەو کێشە سیاسییانەی باڵیان بە سەر جیهانی سێهەمدا کێشاوە، جیاوازیی بنەڕەتی و ئاشکرایان لەگەڵ ئەو کێشە و پرسانە هەیە کە زیاتر لە سەدەیەک ژیانی سیاسیی ئەورووپا و ئەمریکای باکوور لە نێویاندا کێنگڵی داوە.

هەموو کەس ئەم کێشە نوێیانە دەناسێت و بە پلەی یەکەم لەم کێشەوە سەرچاوە دەگرێت کە چ وڵاتێکی سیاسی بۆ پێداویستییەکانی نوێبوونەوەی ئابووری و پێویستیی دیاریکردنی عەقڵانییەت و ڕێبازە نوێکان، گونجاوە تاوەکوو کۆمەڵگایەک کە هێشتا لە ڕوانگەی حەشیمەت، تەکنیک و بەهاکانەوە بە کۆمەڵگایەکی کشت و کاڵی دێتە ئەژمار، بتوانێت بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەکی شاری و پیشەسازی. بەشێک لەم پرسانەش ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە دەسەڵاتی سیاسی و کردەوەیی حکوومەتەوە هەیە. ئەفریقیا، ئاسیا و تەنانەت ئەمریکای لاتینیش هەنووکە هەوڵ دەدەن بگەنە نوخبەی نوێ و ئەنجومەنێکی پێکهاتوو لە بەڕێوەبەران و سیاسەتمەدارانی پیشەیی و دەزگایەکی ئیداری. بە کورتی گەیشتن بە سەربەخۆیی پێویستی بە سەر لە نوێ درووستکردنەوەی دەوڵەت و ناوەندێکی ڕێبەرایەتییە کە بتوانێت خۆی بداتە تەحەمول کردن و لە کاتی پێویستدا بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی دارایی و مرۆیی دەست ببات بۆ زۆرداری. سەبارەت بە گەندەڵیی ئیداری لە جیهانی سێهەمدا زۆر باسکراوە و کاریگەرییەکانی ئەم گەندەڵییە لە ئاستێکدایە کە کەس ناتوانێت دەوری نەرێنی و نێگەتیڤی ئەم گەندەڵییە لەم سەر لە نوێ دامەزراندەنەوەدا لە بەر چاو نەگرێت.

ڕەخنەگرتن لەم بۆرۆکراسییە (دیوانسالاری) کاتێک زیاتر دەبێت کە بێنینەوە یاد ئەم دەوڵەتە سست و لاوازەی کە خەریکە لە دایک دەبێت و خاوەن شەرعییەتیش نییە، لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی پێگەیشتوودا دەرناکەوێت، بەڵکوو لە فەزایەکی تژی لە شەڕی ناوخۆ، ناکۆکیی عەشیرەیی و ڕەگەزیدا بەدی دێت کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سیهەمی تووشی نەهامەتی و کارەسات کردووە و لایەنێکی کارەساتباری دیکەی ئەم پرسە دەردەخات. بێ جێگە نییە ئەگەر پرسێکی دیکە لەمان زیاد بکەین و ئەویش پرسی درووستکردنی هەستی شوناسی نەتەوەیی، بەشداری و پێوەندی و گرێدراویی لە نێوان خەڵکدایە، واتا سەرجەم ئەو شتانەی زانستی سیاسەتی هاوچەرخ بۆ دەستەواژەی (هاووڵاتی) کورتی دەکاتەوە.

ئەمانە کۆمەڵێک تەوەر و بابەتن کە چیدی لێكۆڵەرانی ئەورووپی، لە ژیانی سیاسیی وڵاتی خۆیاندا بەرەو ڕووی نابنەوە، چونکە هاندەرێکی مەزن پێویستە تاوەکوو مرۆڤ لە قووڵاییەکانی مێژوودا  بگەڕێت بەو هیوایەی بتوانێت بابەتگەلی هەنووکەیی جیهانی سێهەم بەو بابەتانە بچوێنێت کە پاشایەتییەکانی ئەورووپا سێ سەدە بەر لە ئێستا لەگەڵی دەستەو یەخە بوون.

لە یەکەم سەرنجدا ئەم کێشانە سەبارەت بە نوێبوونەوەی ئابووریش دێنە ئاراوە: لە فەڕەنسا و چەند شوێنێکی دیکە پاشایەتیی ڕەها لە ژێر چاوەدێریی پیشەسازییەکدا  لە دایک بوو کە خۆی لە گەشەکردندا بوو، هەر زۆر زوو پێداویستییە سیاسییەکان بەەرو هاوسەنگ‌ کردنی کۆمەڵگای وەرزیڕی لەگەڵ عەقڵانییەتە نوێ ئابوورییەکاندا ملی نا بۆ ئەوەی نوخبە کۆنەکان بەرەو بازرگانی و پیشەسازی ڕابکێشێت و کۆمەڵگا ئەورووپییەکان بباتە سەردەمیکی نوێوە.

بۆ وەڵامی ئەم پێداویستییانە ئەم کۆمەڵگانە ئاشنای بابەتەکانی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی دەوڵەت و دەرکەوتنی دیوانسالاری و درووست بوونی کۆمەڵێک لە نوخبە سیاسییەکان کە هەر لە سەرتاوە نیگەرانی مانەوە و سەربەخۆیی خۆیان بوون، بوو. لێرەدا دەبێ ئاماژە بە کێشمەکێش و شەڕەکانی دەسەڵات بکەین کە لە درووست بوونی ئەشرافی تەنوورە لە پێ و دەزگای ئیداریی بەرخۆر، زیادە و مشەخۆرەوە سەرچاوەی دەگرت کە ئەم ئەشرافانە پەرەیان پێی دەدا. مێژووی ڕژیمی کۆن (ڕژیمی پێشووی فەڕەنسای پێش شۆڕش) بەم شێوە وەک مێژووی وەها ڕێکخراوێکی سیاسی خۆی دەنواند کە لەگەڵ کۆمەڵگای سوننەتی تێکەڵ نەدەبوو و ڕەت کرابۆوە. چونکە ئەم دەزگایە پشت ئەستوور بە خۆی بوو وه‌ بە خۆیەوە سەرقال بوو، زۆری دەنۆشی و کەمی دەبەخشی.

لە کۆتاییدا دەکەوینە ئەم دڕدونگییەیی کە ئەم ڕووکارە لە توخمە (هاولایەنەکان) (Convergences) کە لەگەڵ بە بیر هێنانەوەی سەر لەنوێ داڕشتنەوەی نەتەوەیی کە ئەورووپا هاوکات بەرەو ڕووی بووەوە، بگەیەنینە ئەنجام. سەدەی حەڤدەی بریتانیا بە گشتی سەدەی خوێنی یەکگرتنەوەی بریتانیای مەزن بوو. هەر لەم سەردەمەدا لە فەڕەنسا"یەکێتی" و فڕۆند (Fronde) (شۆڕشی خانزادەکانی فەڕەنسا لە دژی لووئی چواردەهەم) دوا هەژانەکانی لە ڕەوتی سەخت و درێژخایەنی درووستکردنی نەتەوەدا پێک هێنا. ئەم هەژانانە نیشانەی ئەو کێشانە بوون کە لە سەر ڕێگەی پەژراندنی ناوەندێکی یەکە واتا ناوکی گرێدراوبوونی یەکەیەکی نەتەوەییدا هەبوو.
ئەم چوواندنە لەگەڵ هەموو پەلەکارییەکی، خەڵەتێنەرە. دیارە ئەمە لە سەر ئەوانەی لایەنگری شیکردنەوەی سیاسیی جیهانی سێهەمن، کاریگەریی داناوە. ئەگەر ژیانی سیاسیی دەوڵەتە نوێکانی جیهانی سێهەم لەگەڵ ژیانی سیاسیی کۆمەڵگا هاوچەرخە ئەورووپییەکان بەراورد ناکرێت، بۆچی ئەوانە بە ژیانی سیاسیی ئەم کۆمەڵگایانە لە سێ سەدە پێش ئێستا نەچوێنین؟ بۆچی گۆڕانکارییەکانی ئەوان بە گەڕاندنەوە بۆ هەمان گۆڕانکاریی کە کیشوەری ئەورووپا پێیدا تێپەڕیوە، لێک نەدەینەوە؟ ئەم هزرە بەراوردکارانە لە ماوەیەکی کورتدا ئەندێشەی پەرەسەندنیان کردە لقی سەرەکیی لێکدانەوە سیاسییەکانی جیهانی سیاسی.

لەم بارەیەوە بابەتی کردەوەیی‌تر بوو به‌ جێی سەرنج. زۆری نەخایاند کە نەبوونی هاوسەنگی و ناجێگیریی ئابووری و سیاسی کە پاش لە ناوچوونی کۆلۆنیالیزم هاتە پێش، بوو بە بابەتی سەرەکیی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بیانوویەک بۆ یارمەتیدانی جیهانی سێهەم. ئەم سیاسەتە بە شێوەیەکی سرووشتی گەشەی بە تێڕوانینی گەشەسەندن دەدا. بەم جۆرە بوو کە لە 1959، واتا کاتێک کە توێژی سیاسیی ئەمریکا خۆی بە هۆگری یارمەتیدانی وڵاتانی پەرەنەستاندوو نیشان دەدا، ئەنجومەنی سیاسەتی بەراوردکارانە دەستپێشخەریی کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕانە سەبارەت بە نوێکردنەوەی سیاسی لە ئەستۆ گرت. دیارە تێڕوانینی (پەرەی سیاسی) لە ناوەندی کارەکانی ئەم ئەنجومەنەدا بوو وه‌ ژیانی سیاسیی جیهانی سێهەم لە دەستەواژەی (درەنگ کەوتن) یان دواکەوتن لە چاو نموونەی دیمۆکراتیکی ڕۆژئاوا، پێناسە کرا. بە پێی ئەم تێڕوانینە، یارمەتییە پێشکەش کراوەکان بۆ دەوڵەتە نوێ یه‌کان، وەک وەڵامێک بۆ پێویستییەکی دوو هێند، پاساوی بۆ دەهێنرایەوە. کەواتە لە لایەک یارمەتیی باشکردنی دۆخی ئابوورییان بدات و لە لایەکی دیکەشەوە ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسییەکان کە بە ناچاری دەبێ ئەوان بەرەو دیمۆکراسییەتی لیبڕاڵی ببات، خێراتر بکات. ئەوەندە بەسە بێنینەوە یاد کە تێکۆشان لە ڕێگەی دیمۆکراسی و ئازادی یەک لە بابەتە سەرەکییەکانی (یەکگرتوویی بۆ پێشکەوتن) بوو کە (جۆن ئێف کێنێدی) بۆ وڵاتانی ئەمریکای لاتین پێشنیاری کردبوو. 

بەڵام ئەم شێوە تێڕوانینە بۆ پەرەی سیاسی لە پێویستییەکانی سەردەمەوە سەرچاوەی نەدەگرت، بەڵکوو لە بنەڕەتدا هێزی خۆی لە سوننەتی فەلسەفی و زانستییەوە وەردەگرت کە پەرەی جەستەیی و ئەندێشەی پێشکەوتنی بەردەوامی گەڵاڵە دەکرد. ئەم سوننەتە دووهێندە، سوننەتێکی بەهێزە کە پێدەچێت یەکێک لە پتەوترین بنەماکانی لقە جیاوازەکانی زانستی کۆمەڵایەتی پێک دەهێنێت و کاریگەرییەکی قووڵ لە سەر ئابووری و دواتر سیاسەت دادەنێت.

لە سەرەتای پەنجاکانەوە شیکردنەوەی ئابووری دەوری پێشڕەو لە خوێندنەوەی دیاردەکانی نوێکردنەوەدا دەگێڕێت. شیکردەنەوەی ئابووری سەرەتا ڕوانگەی پەرەی موتوربەی ڕوانگەی "دەروونجۆشی" (Immanence) برەوی دایە ئەم ئەندێشەیە کە وەچی پەرە لە دەروونی هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە. (هیرشمان) هەر بەم شێوە هەوڵی دا بیسەلمێنێت کە هۆکاری دواکەوتوویی جیهانی سیهەم لە چاو ئەورووپا و ئەمریکا، جیاوازیی قووڵی خەڵکەکانی نییە، بەڵکوو دەبێ ڕیشەی ئەمە لە کێشەی گەشەی سەرچاوە شاراوەکاندا بدۆزینەوە کە لە هەموو شوێنێکی جیهانیشدا بەدی دەکرێت. لەگەڵ ئەم تێڕوانینە نوێیە، لەمە بە دوا پەرەسەندن وەک ڕەوتی گەشە و نەشە لە قەڵەم درا کە لە ناو ئەودا دەرفەت و ئیمکانە شاراوەکانی هەموو کۆمەڵگایەک خۆی دەردەخات و ئاشکرا دەبێت.

بەکارهێنانی تێڕوانینی (هەڵقوڵانی دەروونی) بەردەوامیی سرووشتیی خۆی لە یارمەتی وەرگرتن لە ژیانی قۆناغێکدا دەدۆزێتەوە کە قەرزداری (ڤاڵت رۆستۆ)ی ئابووریناسە. ئەم تێڕوانینەش لە شوێنی خۆیدا ئەندێشەی گەشەی ئارامی کۆمەڵگا دێنێتە پێش کە جێبەجێ بوونی بریتییە لە تێپەڕین لە پێنج قۆناغی جیاواز و لە دوای یەک، کۆمەڵگای سوننەتی، هەلومەرجی پێش دەستپێکردنی جووڵە، جووڵە و بزاوت، ڕۆشتن بەرەو پێگەیشتوویی و لە کۆتاییشدا سەردەمی بەرخۆریی جەماوەری(٤). "ڕۆستۆ" بە تێپەڕاندنی شیکارییەکی ئابووریی پەتی، دەڵێت بۆ هەر یەک لەم قۆناغانە مۆدێلێکی سیاسیی تایبەت گونجاوە و دوا قۆناغ لەگەڵ دیمۆکراسیی خەڵکیدا دەگونجێت. لە ئێستادا جیهانی سێهەم لە هەوڵی تیپەڕاندنی دووهەم قۆناغدایە و هەر بەم بۆنەشەوە لەگەڵ کێشەی ئابووری و سیاسی، هەر وەکچۆن وڵاتانی ئەورووپیی سەدەی هەژدەهەم لەگەڵی ڕووبە ڕوو بوون، دەستەویەخەیە.

لە زانستی سیاسەتدا لاسایی کردنەوەی ئابووری‌ناسەکان ئاشکرا بووە. بیرۆکە سیاسییەکانی پەرەسەندن یارمەتییەکی زۆریان لە ڕوانگەی قۆناغەکان، کە هەنووکەش ئیلهام دەداتە جۆرناسییەکان، وەرگرتووە. بەڵام لەوانەیە گرنگترین کاریگەرییەکانی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وەرگرتبێت؛ زانستی ئابووری لەگەڵ داهینانی جۆرێکی تایبەت بۆ چەمکی پەرە، هەناسەیەکی نوێی کردووە بە بەر سوننەتی پێگەیشتوویی‌خوازی و ئۆرگانیست کە بەردی بناغەی سوننەتە مەزنەکانی کۆمەڵناسیی سەدەی نۆزدەهەم بوو. یان باشتر بڵێین زانستی ئابووری بەهای بەکارهێنان و توانای خستنەکاری لە سەرجەم زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتیش زانستی سیاسەتی بەخشییە ئەم سوننەتە.
بیرۆکەی کلاسیکی کۆمەڵناسی خاوەن ئەم بەهرەیە بوو کە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ زانستی پەرە، چونکە سەرجەم تیۆرڤانانی سەدەی نۆزدە بە شوێن ئەوەوە بوون کە وەک ناوکی کارەکەی خۆیان، شیکردنەوەیەک بۆ پەرەی کۆمەڵگاکان بە دەستەوە بدەن. ئەوان بە گشتی ئێمەیان فێری ڕوانگەی بیدایەت و نیهایەت، بەدیهاتنی بە ئارامی و قۆناغی کرد. لەم ڕووەوە هەریەک لەوان کۆمەڵناسییەکی پەرەیان بە میرات بەجێ هێشتووە: ئۆگۆست کۆنت بە شیکاریی سێ قۆناغی یەک لە دوای یەک مێژووی تیمۆلۆژی، مێتافیزیک و پۆزیتیڤیزم؛ سپێنسەر بە شیکردنەوەی پەرەی کۆمەڵگاکان لە سەر بنەمای تێپەڕین لە قۆناغی هاوشێوە بۆ ناهاوشیوە؛ دوورکیم بە دانراوی دەرباز بوونی کۆمەڵگاکان لە دۆخی یەکگرتوویی مێکانیکی بەرەو یەکگرتوویی ئۆرگانیک. هەر ئەم ڕەوتە لە لای "تونیس" بە تێڕوانینی کۆمەڵ و کۆمەڵگا و لە لای "ماین" بە ڕوانگەی ستاتۆ (دۆخ) و پەیمان (کۆنترات) دەبینرێت.  مارکسیش لە دەرەوەی ئەم ڕێبازە نییە. ئەویش جێگیرکردنی سیستماتیک و پێویستیی شێوازە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان لە ناوەندی بیرۆکەی خۆیدا دادەنێت و بە ناچار دەگاتە کۆتا قۆناغی کۆمۆنیزم...

خاڵی هاوبەشی سەرجەم ئەم بیرۆکانە نەک تەنیا گەڵاڵە کردنی پرسیارگەلی هاوشێوە و پرسیار سەبارەت بە ئایندەی جیهانە، بەڵکوو وەڵامەکانیشیان خاوەن توخمی هاوبەشن کە بونیادی بیرۆکەی پەرەگەرایی دادەڕێژن. لە ڕاستیدا سەرجەم ئەم ئامۆژانە لە سەر بنەمای مێکانیزمی دەروونیی گۆڕانکار جێگیر کراوە کە سەرجەم کۆمەڵگاکان، خاوەن هەر دۆخێکی کات و شوێن بن، بە ناچار دەبێ پێڕەوی بکەن و لە ئەنجامدا دوا نموونەیەک بێننە ئاراوە کە وەچەکانی لە سەرجەم گەردووندا هەیە. ئەم نیسبەتە زانستییە بە پێی بەکارهێنانێکی دیاریکراو و ئۆرگانیستی ڕوانگەی پەرەیە کە بە وتەی نیسبێت؛ سەرجەم گۆڕانکارییەکان "ڕاستەوخۆ لە بونیادی جەوهەر یان سرووشتی هەمان شتەوە سەرچاوە دەگرێت کە خۆی بابەتی ئەم گۆڕانکارییانەیە". 

لەم ڕووەوە بیرۆکەی پەرەگەرایی هاوواتای بیرۆکەی گۆڕانکارییە و لە دۆخی ئێستادا بە بیرۆکەیەکی باڵا دەست دێتە ئەژمار. هێز و شەرعییەتی ئەم بیرۆکە لە ئامانجە بەرزەفڕ و هەروەک نیسبێت دەڵێت لە خواستی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە نێوان سەکنین و بزۆزی لە دووتۆی شیکردنەوەیەکی یەکەدا سەرچاوە دەگرێت. گۆرانکاری لەم مانادا وەک توخمی بونیادێک وێنا دەکرێت. تەنیا ئەو شتانەی کە بە ڕای نووسەران جیاوازن یاسای توانەوە و شوناسی کارگێڕی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییانەیە.
جگە لەمە، وا دیارە کە کۆمەڵناسیی هاوچەرخ، لە هێڵی ڕاستی ئەم ڕێبازە لای نەداوە. بۆ نموونە قوتابخانەی کارکردگەرای کلاسیک و بە دیاریکراویش قوتابخانەی پارسۆنز، پەرە وەک ڕەوتێکی عەقڵانی لە بەر چاو دەگرێت کە هەڵگری پاڕادایمی بگۆڕە کە هێمای سیستەمی کۆمەڵایەتین. بە کردەوەیی بوونی ئەم پاڕادایمە تێکچوونی دۆخی دیاریکراو و جێگیربوونی دۆخی بندەست و هەروەها جێگیر بوونی سیستەمی دەورە پسپۆڕییەکان لە باتیی سیستەمی دەورە پرش و بڵاوەکان و کە کۆتاییشدا؛ جێگیر بوونی سیستەمی گلۆباڵ لە باتیی سیستەمی تاک و تەرایە.

لەم ڕووەوە ڕێنوێن بوونی زانستی ئابووری، هۆکاری ڕاستەوخۆی دەرکەوتنی ڕوانگەی پەرەگەرایی لە زانستی سیاسەتدایە. لە ڕاستیدا سوننەتێکی زانستی هەڵگری ئەم ڕێنوێنییەیە. لەو کاتەوەی کە زانستی سیاسەت دەوڵەتە نوێکانی جیهانی سێهەمی لە چوارچێوەی گۆرانکارییەکاندا خستۆتە بەر باس، هەڵاتن لە ڕاکێشەریی ئەم سوننەتە ئەستەمە و بە پێی ئەوەش ناتوانێت گۆڕانکارییەکانی سیستەمی سیاسی وەک ڕەوتێکی هەڵقوڵاو، پێویست، بەردەوام و هاوبیچم کە بە هەندێک قۆناغی دیاریکراودا تێپەڕیوە و بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو ڕێگە دەبڕێت، لە بەر چاو نەگرێت. دیارە خوێندنەوەکانی پەرەسەندنی سیاسیش شێوەی خوێندەی ئەم ڕەوتە و تایبەتمەندییەکان و شێوەی بەکردەوەیی بوونیان لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا لە خۆ دەگرێت. بێ‌گومان جیهانی سێهەم ڕۆژەڤی سەرەکیی ئەم شیکردنەوانەیە؛ چونکە ئەمە جیهانی سێهەمە کە لە هەل و مەرجی ئێستادا قۆناغەکانی پێگەیشتنی پەرە بۆ ئێمە دەنوێنێت. بەڵام سیستەمە سیاسییەکانی دیکەش دەتوانن بەرەو ئەم چوارچێوەیە بگۆڕدرێن. چونکە هەموو سیستەمێک گرێدراوی یەکێک لە قۆناغە دیاریکراوەکانی پەرەسەندنە. لەگەڵ ئەم بانگەشە جیهانگیرە کە پەرەگەرایی بانگەشەی پێگەیەکی گرنگ لە زانستی سیاسەتدا دەکات. پەرەگەرایی کە وەک کەرستەی شیکاریی دەوڵەتەکانی جیهانی سێهەم لە بەر چاو دەگیرێت، بە خێرایی بانگەشەی قووڵبوونەوەیەکی هەمەلایەنە سەبارەت بە جەوهەر و زاتی سیاسەت دەکات.

لە هەمان کاتدا ئەم بیرۆکەیە بۆ پانتایی سیاسەت بێ کێشە و دژوازی نەبووە. ئەم بابەتە لە سەرەتادا تووشی هەندێک کێشە هات کە بەرۆکی سەرجەم ئەو شیکردنەوە نامومکینانەی سەرقاڵی زات و ئاستی سەربەخۆیی سیاسەت دەبوون، دەگرت. ڕوانگەی پەری سیاسی بێ ئەوەی بتوانێت بگاتە بونیادیکی ڕۆشن، خێرا لە دۆزینەی ڕیشەی وشەدا پنگی خوارد. یەک لە بەکارهێنەرانی ئەم بابەتە واتا کوسییەن پای زۆر ئازایانە دە جۆر چاوەڕوانیی جیاوازی لە چەمکی پەرە هەڵبژارد. ئایا دەبێ چاوەڕوانیی پەرەی ئابووری لە پەرەی سیاسی بکرێت؟ یان داهێنانی سیستەمێکی سیاسی کە لەگەڵ کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا یەکانگیر بێت؟ یان بەکردەوەیی بوونی کردەگەلێک کە نوێخوازانە لە قەڵەم دەدرێن (یاساتەوەری، شایستەسالاری، بەشداریی...؟) یان پێکهاتنی دەوڵەت و نەتەوە...؟ یان پەرەی ئیداری...؟ یان هەرەوەز کردنی هاوڵاتییان...؟ یان بە کردەوەیی بوونی دیمۆکراسی...؟ یان هاتنە ئارای گۆڕانکاریی جێگیریی ڕێک و پێک؟ یان باشتر بوونی کارابوونی سیستەمی سیاسی...؟ یان لە کۆتاییدا؛ لایەنێکی دیاریکراوی ڕەوتی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی...؟

ئەم کەم و کورتییە بۆ پێک گەیشتن لە سەر پێناسەیەکی دیاریکراوی پەرەی سیاسی بێ‌گومان یەکەمین هێمای لاوازیی ئەم بونیادانەیە. هەروەها پیشاندەری ئاستی ئەو باسانەیە کە ئەم پانتاییە زانستییەی سیاسەتی گرتووەتەوە، بەڵام لەوانەیە ئەمە خودی بابەتەکە نەبێت: بیرۆکەی پەرەگەرایی بە پلەی یەکەم گیرۆدەی ئەو ڕەخنە گرنگ و بنەبڕانەیە کە بە ئارامیی هاتۆتە سەر گشت بیرۆکەکە. ئەم بیرۆکەیە وەک بیرۆکەی زاڵ  لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا جگە لەوەی لە دەرەوە ڕەخنەی لێ بگیرێت، هیچی دیکەی لەگەڵ ناکرێت. و لەم ڕووەوە ڕەخنەی سەرەکی لە لایەن مێژووناسانێکەوە گیرا کە سەرەڕای قەبووڵی حەزی پەرەگەرایان بۆ خوێندنەوەی ڕابردوو، نەیانتوانی لەگەڵ چەمکی ڕووداو یان زەمەن بەو جۆرە ئەوان خواستیان لە سەر بوو، ڕێبکەون. میتۆدی مێژوویی شیکردنەوە کە ڕابردوو پشتڕاست دەکاتەوە کە شوناس و تاقانەیی بابەتی خوێندنەوە ئاشکرا بکات و دەرفەتی ڕەچەڵەک ناسیی ڕووداوەکان بڕەخسێنێت و لە سەر ئەم بنەمایەش میتۆدی مێژوویی بە ناچار لە بەرانبەر بیرۆکەی پەرەگەراییدا دەوەستێت کە بە پێچەوانەوە چوونە دەرەوە لە ڕووداوەکان بۆ گەیشتن بە ڕەوتێکی باشی کەوڵاوکەوڵ بوون وەک لایەنێکی هاوبەشی سەرجەم کۆمەڵگاکان پێشنیار دەکات.

ئەم باسە بە خێرایی سوودەکانی خۆی دەردەخات. ڕەخنە مێژووییەکان لەگەڵ ڕەتکردنەوەی هەندێک لە مەزندە یان بەشێک لە شیکردنەوە گشتییەکانی پەرەگەرایان، توانی بەشی حاشاهەڵنەگری تایبەتمەندییەکانی هەموو کۆمەڵگایەک وەک یەکەیەکی جیاواز، ئاشکرا بکات و لە مەترسیی دەست بردن بۆ یاسای هاوچەشنی گۆڕانکاری ئاگاداریان بکاتەوە. 

بەم حاڵەشەوە ئەم ڕەخنانە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی زانستی سیاسەتی پەرەی لێنەکەوتەوە، بەڵکوو بوو بە هۆی ئەوەی ئەم زانستە بە شێوەیەک بەرەو ئامانجی مەعریفەناسی و پێناسەی نوێ بۆ نوێژەن بوونەوە ئاراستە بکرێت. بە تایبەت بوو بە هۆی پەژراندنی نیسبەت یاخود قەبووڵی پێگەی بەرفرە بۆ لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگا جیاوازەکان کە خۆی بوو بە هۆکاری ورووژاندنی کۆمەڵێک بابەت نوێ.

بەم پێیە وا دەردەکەوێت کە سێ تەوژم بۆ خوێندنەوەی پەرەی سیاسی شێوەڕێژ بوون:

یەکەم: تەوژم لە سەر هێڵێ ڕاستی پەرەگەرایی کلاسیکە. ئەم تەوژمە بە شوێن بیرۆکەگەلی شیکاریی گلۆباڵەوەیە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سوننەتە مەزنەکانی کۆمەڵناسیی سەدەی نوزدە وەردەگرێت.

دووهەم: بە نیازی داڕشتنەوەی کۆمەڵناسی یان سیاسەتناسی لە ڕێگەی دابڕان لە بیرۆکەی مەزن و گشتی و ڕوونکردنەوەی نموونەی بەرچاوە کە بە شێوەیەکی خەیاڵی تەنیا بە شوێن دۆزینەوەی لایەنی هاوبەشی سەرجەم ڕەوتەکانی نوێژەنکردنەوەی سیاسەتەوەیە.

سێهەم: ڕەوت دەیهەوێ لەگەڵ گەڕانەوە بۆ مێژوو بگاتە شیکردنەوەی گشتگیر و تاقانە بۆ پەرەی سیاسیی هەموو کۆمەڵگایەک، ئەم ڕەوتە بە بێ گەشبینی و خۆش‌بڕوایی، ئیمکانی کەشفی ڕەهەندە هاوبەش و گشتییەکان بۆ خۆی دەپارێزێت. یەکەمین ڕەوت کە ڕووبەڕووی گەلێک ڕەخنە دەبیتەوە ئیدی ئیلهام دەری کاروبارێکی زۆر نییە. ئەمڕۆکە بنەڕەتی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەر بنەمای دوو ڕەوتەکەی دیکە، واتا پشتبەستن بە نموونە کۆمەڵناسانە فەرمییەکان و شیکارییە مێژووییەکان دادەمەزرێت.

پڕۆفسۆر بەرتراند بەدیع

وەرگێڕان: چنوور فەتحی




ئه‌م بابه‌ته 171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر