پوکانەوەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و چارەسەر

سەر لەبەری لایەنەکانی کۆمەڵگەکەمان، لە پەیوەندیەکان تا دەگاتە مامەڵە و کارکردن و شێوازی هەڵسوکەوت و ژیانکردن لە کۆمەڵگەی خۆمان پێویستی بە پێداچوونەوە و داڕشتنەوە هەیە.
PM:03:49:03/07/2022
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


یادگار ئیسماعیل
مامۆستای زانکۆ


کۆمەڵگە لە پاشکەوتن و پوکانەوەی فەرهەنگییدا لە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار دایە!

هۆکار و چارەسەر...
 
سەر لەبەری لایەنەکانی کۆمەڵگەکەمان، لە پەیوەندیەکان تا دەگاتە مامەڵە و کارکردن و شێوازی هەڵسوکەوت و ژیانکردن لە کۆمەڵگەی خۆمان پێویستی بە پێداچوونەوە و داڕشتنەوە هەیە. کۆمەڵگەکەمان لە قۆناغێکی مەترسیداری پووکانەوەی فەرهەنگیی دایە. بۆیە زۆر پێویستە لە پێناو پیرۆز ڕاگرتنی شکۆی یاسایی و کۆمەڵایەتی مرۆڤ و پیشەییبوون و ماف و خواستەکانی تاک، ئێستا یاسا بەردەستەکان وردتر و خیراتر جێبەجێ بکرێن ئینجا هەموار بکرێنەوە و یاسای نوێ بخرێنە دەنگدانەوە و پەسەند بکرێن، کە بە تەواویی شکۆی تاک لە کۆمەڵگەیەکی چەقبەستوو کۆنەپارێز بپارێزێت.

ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕووداوەکانی تەقەکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی بە شێوازە سەرەتاییە کۆنەپەرستیەکەی، لە ئازاردان تا دەگاتە کوشتن، زیاتر دەبن ئەم کێشانە لەسەر چەند پرسگەلێک ڕوودەدەن کە دەکرێت چارەسەر بکرێن. بێگومان سنووردارکردن یان توندوتۆڵکردنی رێکارەکانی پشکنین و قەدەخەی چەک کاریگەری ئەرێنیان لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکان و تاڕادەیەکیش کەمکردنەوەی ڕووداوەکان دەبێت، بەڵام ئەوەی زۆر زیاتر جێی نیگەرانیە ئەوەیە تاک و خێزانەکانیش چیتر لەم کۆمەڵگایە هەست بە پارێزراویی ناکەن، لەهەر کات و ساتێک تەنیا بە دەربڕینی خواستێکی سەرەتایی یان دەربڕینی بۆچوونی کەسیی دووچاری کێشە دەبن لە لایەن تاکەکانی دیکەوە. ئەمە بە ڕادەیەکە خەڵکی بە تایبەتی لەم دواییانە تەواو ڕەشبین بوونە تا ڕادەی جێهێشتنی وڵات.

لایەنێکی دیکەی زەقتر دەرکەوتنی پووکانەوەی فەرهەنگیی کۆمەڵگە و خەسڵەتە شارستانیە کۆمەڵایەتییەکان بریتیە لە نەمانی متمانە لە نێوان خەڵک و دامەزراوەکان. ئەو بێمتمانەیە فرەڕە‌هەندە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو بێمتمانەیی و پاشەگەردانێ و لادانە نائاکارییانە بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە تاکەکان پێان وایە دامەزراوەکان دەستەبەری مافە سەرەتاییەکانیان ناکەن. ئەمە بۆ تەواوی دامەزراوەکان دروستە و گەورەترین داڕووخانیش لە کایە جیاوازەکان لە پەروەردە تا خوێندنی بەڵا ئەو کاتە دەبێت متمانە لە نێوان هاوپێشەکان خۆیان و لەنێوان قوتابیان لە لایەک و لە لایەکی دیکە پەنابردنە بەر ڕێکارە لادەرە نایاساییەکانە، کە سەرئەنجام کۆمەڵگە ئەوەندی دیکە ناشرینتر دەکات. ئەو گومانە ڕووی ڕەشی چەند ساڵێکە و هی ئێستا نیە، هەرچەندە گۆڕانکاریی یان جێگۆڕكی یان شێوازەکەش بگۆڕدرێت، متمانە هەر بە لاوازی دەمێنێتەوە، مەگەر گۆڕانێکی رادیکاڵ لە ئاڕاستەی دامەزراوەکان ببینین، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردووی کۆمەڵگەکەمان شتێکی پشبینی نەکراوە و بەو پێیەش پووکانەوەی کۆمەڵگەی شارستانی و فەرهەنگیی، کە تروسکاییەکی بۆ بەدی بکرێت، نیە و زەمینەی هزری و کۆمەڵایەتی بۆ ساز نەکراوە.

یەکێک لە هۆکارە هەرەزەقەکانی پووکانەوەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بەردەوام بوونی ڕووداوی کوشتن و تەقەکردنە. ئەمە دەکرێت دەرەنجامی سستی یەکلایی کردنەوە دۆسیەکان لە دامەزراوەکان و دادگەکان و هاوکات لە هەندێک باریش پابەند نەبوونی خودی کۆمەڵگەیە بە یاساکان. ئەمە دەکرێت دەرئەنجامی بێهیوایی بێت یان سالارنەبوونی یاسا بێت لە ڕوانگەی ئەو خەڵکە. ئەمە بە ڕادەیەکە لە دۆسیەی وەک بەرگری کردنی تاک لەخۆی کێشەکە بە کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێت و بەرگریکار سزای بارمتەی خوێن بە خوێن و داراییش بدات ئەمە بۆ کێشەکانی دیکەش هەر ڕاستە. ئەوەشی لەوە زیاتر جێی نیگەرانیە ئەوەیە، کۆمەڵگە وەک جێگرەوەی یاسا، لە کێشە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان دەڕوانێت و پەنا بۆ دیوەخانەکان دەبات، کە بە ڕادەیەکی زۆر لە یەکلایی کردنەوە کێشەکان بوونەتە جێگرەوەی دادگە و دامەزراوەکان. ڕوونە کۆمەڵگەکەمان (هەموو کۆمەڵگەیەک بە گشتی) خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی و دەبێت ڕێز لە پێگە کۆمەڵایەتییەکان بگیرێت، بەڵام بەو مەرجەی خاوەنی ئەو پێگە کۆمەڵایەتیانە ملکەچی یاسا بن نەک ببنە شوێنگرەوەی دادگە و دامەزراوەکان. بێجگە لەمەش، کێشە مەزنەکە ئەوەیە لەو ڕووداوانە پرسەکان بە کەسیی، خێزانیی یان بنەماڵەیی دەکرێن وەک بڵێی تاک بوونی نیە لەو کۆمەڵگەیە، تا لەسەر کەموکوڕییەکانی لە دادگە و دامەزراوەکان تەنیا خۆی سزابدرێت، بەڵکو دەبێت دەوبەروبەریشی ببنە قوربانی ئەو سزا کۆمەڵایەتیانەی بوونەتە جێگرەوەی سزا یاساییەکان، ئەو جێگرتنەوەیەش تا دێت کۆمەڵگە لاسار دەکات و یاساشکێنی دەکاتە ڕۆتین و کارێکی ئاسایی.

پووکانەوەی فەرهەنگیی و کەلتوری کۆمەڵگە بە هۆاکری دیکەشەوە بەندە، بەڵام هەر چۆنێک بێت پێکهاتەی واتایی بۆ تاک زۆر لاوازە و تاک بەهیچ شێوەیەک توانای بڕیاردانی لە چارەنووسی خۆی نیە و بڕیاری لە جیاتی دەدرێت، ئەمەش بەشێکی سەرەکی بەردەوامیی و زۆربوونی ڕووداوەکانی رووبەڕووبوونەوە و کێشەیە لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی ڕوانگەیەکی کۆنەپارێزی چەقبەستوی نێرسالار. بۆ نێرسالارەکان پرسەکان هەرچۆنێک بن دەیانکەنە پرسی تایبەت و کەسیی. زۆرجاریش بابەتی ڕەوشت بە زەوی و موڵک یانیش تەنیا بە مێ دەلکێندرێت و هەمان کەس، کە ئامادەیە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نابەدڵ و لەسەر مێیەک کەسێک بکوژێت، خۆی لەژێر پەردە و بە ئاشکرا ئەو کارە ئەنجام دەدات و مامەڵەی زۆر خراپتر لەگەڵ مێ دەکات و لە کەسایەتی و پێگەی دەدات، لە هەردووک باریش مێ قوربانی یەکەمی هەوەستبازیی نێری نێرسالارە.

بەشێکی دیکەی لادانە ئاکاریی و نایاساییەکان، کێشەکان بە گشتی، زۆربوونی کوشتن و بەریەککەوتنە کۆمەڵایەتییەکان پوکانەوە و پاشکەوتنی رۆشنبیری و شارستانیەتە. لەم کۆمەڵگەیە لە دوورەوە و بە هات و هاوار و قسە و گۆتە گۆت دژایەتی بەرامبەر دەکرێت، کە ڕەنگە بە هیچ شێوەیەک کێشەیەک نەبێت یان ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت بەو شێوەیە نەبێت کە لە پشت مۆبایلەوە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە لە وتارێکی دیکەمدا ئاماژەم بۆ کردبوو (کەی جنێودان و لێدان لە شکۆی مرۆڤ بەرۆکمان بەردەدەن؟) کە چەندە گرنگە مرۆڤی سەردەمیی سوود لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و رووبەڕوو ببینیت بە زمانێکی شیاو بۆچوونەکان ئاڵوگۆڕ بکەن، نەک وەک مرۆڤی سەرەتایی بە زمانی هێزو وشە نەبیستراوەکان جێگرەوە بۆ گفتوگۆ بدۆزرێتەوە. کۆمەڵگە وەها خراپ ئاڕاستەی گرتووە رەنگە بە دەیان کۆڕبەند و توێژینەوە نەتواندرێت پەنجە بخرێتە سەر وردەکارییەکان. ئەو گەندەڵیە ئاکارییەی هەیە تەنیا لەو ڕووداوانە دەچن لە دەقە ئایینییەکان کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیان لەسەر لەناوچووە. ئەگەر چەند نمونەیەکی زەق بخەینە بەرباس و رۆژانە گوێ بیستیان دەبین و بەردەوامیش دەبن، بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنەوە  یەکێک لە هۆکارەکان بێ ئیشی و ناسەرقاڵی خەڵکە بە پیشەیەک یان ژیانی تایبەتی خۆیان، یانیش کەمتەرخەمیی لە ئیش و کار کاتێکی زۆریان دەخاتە بەردەست لە بری ڕێکخستنی ژیانی خۆیان ژیانی خەڵکی تێک بدەن. هۆکاری دووەمیشی ئەو گەندەڵیە کۆمەڵایەتیەیە کە لەسەر بێئاکاریی و لەسەر بنەمای ڕق و ئیرەیی، چینایەتی، بیرکردنەوەی سیاسی و ئایینی دروست کراوە. بەو پێیە نێرسالارە کۆنەپارێزە نەریتیەکە هەرچۆنێک بێت کەسی چینێک یان توێژێکی دیکە بە لاواز یان بێ کەسایەتی لەقەڵەم دەدات و دژایەتی دەکات یان سووکایەتی پێدەکات. سێیەم هۆکار ناپیشەیی بوونی خەڵکە بە گشتی، گشتگیری کردن نەبێت. تێبینی کراوە، کە پایە و پێگەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت، خزم و خۆیی و هاوڕێکانیان بەکار دەهێندرێن، یان پێگەیان تەواو دەخەنە بەرژەوەندی تەسکی خۆیان. بەو پێیە ئەو پێگەیە بۆ دەرخستنی ماسولکەکانی قۆڵ و خۆدەرخستن و چەوساندنەوەی بەرامبەر بەکار دەهێنێت. ئەمەش وای کردووە پیشەکان و پێگەکان لای گشتی هیچ مانێکی بەرجەستە و هیچ بەهایەکی نەمێنێت.

لایەنە سیاسیەکان و تایبەتتر ڕاگەیاندنەکانیان هۆکارێکی دیکەی ئەو پووکانەوە فەرهەنگیەی کۆمەڵگەن. بەداخەوە ڕاگەیاندکار و راگەیاندنەکان وەک چۆن لە پرسی کۆرۆنا سیاستیان بە پەتا کە دەکرد، ئێستاش بۆ فشار و مانۆڕی سیاسی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە کۆمەڵگەیان ئەوەندەی دیکە شیواندووە. ئامانجێکی سەرەکی ڕاگەیاندن بریتیە لە گەیاندنی هەوڵ و زانیاریی، بەڵام زۆربەی ڕاگەیاندنەکان لە بری گواستنەوەی هەوڵ، بوونەتە نووسەری چیرۆک و دەرووناس ئاسا شیکار بۆ ڕووداوەکان دەکەن. ئەمە وای کردووە گێژەڵوکی هەواڵی داتاشراوی دژیەک دروست ببن و زانیاریی و ڕاستییەکان لە ڕای گشتی بشێوێنن و هاوکات ببنە دادگە پرسەکانیش چارەسەر بکەن. کەواتە لەم نێوانە دەبێت وەزارەتەکانی داد و وردتر داواکاری گشتی و وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و ناوەخۆ رژدتر بێنە پێشەوە. ڕەنگە ئەوەش چارەسەرێکی یەکلاکار نەبێت و لەوە گرنگتر جاڕنامەیەکی بەرپرسیارانەی نێوان پارت و بزووتنەوە سیاسییەکان بێت، کە ڕاگەیاندن وەک ئامرازێکی ئەرێنی بەکاربهێندرێت و ڕێگەنەدرێت دەرهاویشتەی سیاسەت کردنەکانیان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست بکات.

هۆکارێکی دیکە هۆگەلی گواستنەوە و خیرا گەیاندنی زانیارییە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان کێشەیەکی وەها نیە و کێبڕکێ دەکرێت لەسەر گەیاندنی هەواڵ و زانیاری لە کاتی خۆی و پەیوەندییەکانیش لە کاتی پیویست ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کۆمەڵگەی خۆمان، ئەو پێشکەوتن و ئامرازانەی پەیوەندییەکان بۆ هەمان ئەو دەنگۆ و گۆتە گۆت و سیخوڕی کاری دیکە ئەنجام دەدرێن، کە ڕەنگە لە ڕووبەڕوو و گفتوگۆ بە شێوەیەکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. بۆیە دەرئەنجام مرۆڤەکان وێنایەکی ترسنۆکانەی دزێوی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، کە بەرجەستە و دەربڕی ئەو کەسایەتیە نیە لە راستیدا هەیانە و ئەو هێزەشیان نیە بە ڕووبەڕوو و گفتوگۆ ڕاستیەکان دەربخەن یانیش بۆچوونی خۆیان بە بێ ناوزڕاندن و دژایەتی و نابابەتیی بوون دەرببڕن. لەم خاڵە سەیر لەوەدایە، هۆکاری پێشکەوتن و پێشڤەچوونی شارستانیەتی مرۆڤ، کە تەکنەلۆجیایە، بۆ ئێمە بۆتە بەڵا و کێشەیەکی مەزن، کە هەم متمانەی نەهێشتووە، هەمیش پرسەکان بە گشتی زیاتر بەلاڕێدا دەبات.

سیاساندن و بەسیاسییکردنی هەموو پرسەکان لای خەڵک و لایەن و کەسە سیاسی و گشتیش هۆکارێکی دیکەی بەریەککەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و دواجار پووکانەوەی فەرهەنگیی و کەلتوری کۆمەڵگەکەمانە. بێجگە لە بەسیاسیکردن، تەنانەت هەموو تاکێکی کۆمەڵگە، تەنانەت ئەو تاکەش کە توانای دەربڕینی دوو قسەی لەبەردەم کامێرەکان نیە، لەسەر سیاسەت قسە دەکات. ئەم دیاردەیە لە هیچ کۆمەڵگەیەکی دیکە وەها بەو شێوەیە نیە. بێگومان واباشترە هەر کەسە و لە چوارچێوەی بابەتەکە دەرنەچێت و هۆاکر و دەرئەنجامی ڕووداوەکان شی بکاتەوە، ئینجا بیخاتە ڕوو ناشبێت بڕیاری یەکلاکاری لەسەر بدات.

بیردۆزی پیلانگێڕیی یەکێکی ترە لە هۆکارەکان. بیردۆزی پیلانگێڕیی یان بیرۆچکەی خەتابارکردنی کەسی سێیەم ڕەگێکی قوڵی هەیە. لێرە بە بێ زانیاری ورد و دروست و بەڵگە، تاکەکان و کۆمەڵگە بەگشتی شیکردنەوە بۆ رووداوەکان دەکەن. ئەمە رەگێکی قوڵی هەیە و دەکرێت بۆ نەریتی دژە جوو ی بەشیک لە عەرەبەکان سەرچاوەی تەشەنەکردنی ئەو بیرۆچکانە بن. واتا چۆن ئەوان شکستی خۆیان دەخەنە ئەستوی جوو و ئیسرائیل (لێرەش بەربرڵاوە)، بە هەمان شێوە، شکستی خۆیان دەخەنە ئەستۆی کەسانی دیکە و دەستی پیسی خۆیان بەو کەسانه‌ دەسڕن کە گومانیان لێدەکەن. ئەمە ئەوە دەر دەخات، پەروەردە و خوێندنی باڵاو و خوێندنە تایبەت و ئایینییەکانیش بە گشتی لە گەیاندنی پەیامەکانیان شکستیان هێناوە.

بە کورتی، بە بەتایبەت دوای ئەو ڕووداوە یەک لەدوای یەکە خراپ و کارەساتبارانە، کە کوژرانیان لێکەوتۆتەوە، وا پێویست دەکات پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دابڕێژرێنەوە و هەمووان پێکەوە پابەندی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکان بن، نەبادا مرۆڤەکان ببنە کۆیلەی ئارەزوو و بڕیاری هەڵە و نا بابەتی و  خووە خراپەکان. لە لایەکی دیکە زۆربوونی دانیشتوان و لەبەرامبەر دەستەوەستان بوون لەبەرامبەر پەروەردەیەکی دروست و رانەهێنانیان بە سزا و پاداشت وا دەکات بەشێک لە مرۆڤەکان بەهۆی نەبوونی چۆنایەتی ئەرێنی لە کەسایەتیان و ڕاستنەکردنەوەیان هەبوونیان زیانێکی زۆری هەبێت و لەسەر گەندەڵترکردنی کۆمەڵگە بە شیوازێکی ستوونی و ئاسۆیی زنجیرەبەند بەردەوام بن. کەواتە، گەڕانەوەی سزاکان، کاراترکردن و خێراترکردنی ڕۆڵی دادگەکان و هەموارکردنەوەی یاساکان ڕۆڵی خێرا و بەرچاویان دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕووداوی نەخوازراو و کارەساتبار. ئەمە وێڕای ئەوەی پێویستە یاسادانەران و پەڕلەمانتاران کار لەسەر یاسای نوێ و هاوچەرخ بکەن، کە تیایاندا پێناسەی ئەو کێشانە بکەن، کە لە یاساکاندا نین یان دەربڕی پێویستییەکانی مرۆڤی سەردەم نین. بێگومان، ئێستا کاتی بەخۆداچوونەوەی هەموو مرۆڤێکی کوردستانییە،  تایبەت کاربەدەست و قەڵەمە بەدەستەکان لەکاتێک، کە ڕۆژانە ڕووداوی کوشتن و هەڕەشە و تۆقاندن ڕوودەدەن، تا بتواندرێت لە پەنجە خستنە سەر هەڵەکانەوە دەست پێبکرێت و شەرم لە خاڵ خستنە سەر پیتی کێشەکان نەکرێت. ئەمە هەموو لە پێناو  داهاتوویەکی ئەرێنی و گەشاوە و پڕشنگدار و بەرهەمهاتوو بە هەستی بەرپرسیاریەتی، هەستی لێبوردەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەمەش پرسێکە پێویستی بە پاڵپشتی و خەمخۆریی هەمووانە، بە تایبەت هەرسێک سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەکادیمیست و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران و کەسایەتیە پەروەردەیی و یاساییەکان. هاوکات، پێویستە هەر تاکێک لە ئێمە مرۆڤسالارانە و بابەتیانە مامەڵە بکات و نەبێتە بەشێک لەو بێسەروبەرییەی هەیە و پێویستیشە پیشەییانە لە دژی ئەو دیاردە نەخوازراو و بێزراوانە بوەستنەوە.

 


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر