جەنگ لە ئۆکراینا جەنگێکی کۆلۆنیالییە (1)

فرانز فانۆن‌ی فەیلەسووف، بەڵگاندن دەکات کۆلۆنیالیزەرەکان خۆیان بە هۆکار و ئەکتەری ئامانجدار لە قەڵەم دەدەن و دانیشتووانی ئەو شوێنەی دەستیان بە سەردا گرتووە بە کەرستەی بەدیهاتنی خەونە ئەمپریالیستییەکانی خۆیان دەبینن.
PM:02:12:02/07/2022
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


کاتێک ڤیلادیمیر پووتین بوونی وڵاتی ئۆکراینا بە ناواقیعی دەژمێرێت، بە زمانی ناسیاوی ئیمپراتووریی دەدوێ. بۆ ماوەی پانسەد ساڵ، ئەورووپییە داگیرکەرەکان ئەو کۆمەڵگایانەی بەرەو ڕوویان دەبوونەوە، بە ناوی "هۆز"ەوە ناو دەبرد و بە شێوەیک لەگەڵیان ڕەفتاریان دەکرد گوایە ناتوانن وڵاتەکەی خۆیان بەڕێوە ببەن. وێرانەکانی شارەکانی ئۆکراین و کردار و هەڵس و کەوتی ڕووسەکان لەو شارانەدا، لەوانە کوشتاری بەکۆمەڵ، لاقە و دەستدرێژی و ڕاوەدوونانی زۆرەملی، نیشانی دەدات کە  بانگەوازی نەبوونی وڵاتێک ئاسانکارییەکی کەلامییە بۆ لەنێو بردنی ئەو وڵاتە.

چیرۆکی ئیمپراتووریا، هۆکار لە هۆکرد جیا دەکاتەوە. هەروەک فرانز فانۆن‌ی فەیلەسووف، بەڵگاندن دەکات کۆلۆنیالیزەرەکان خۆیان بە هۆکار و ئەکتەری ئامانجدار لە قەڵەم دەدەن و دانیشتووانی ئەو شوێنەی دەستیان بە سەردا گرتووە بە کەرستەی بەدیهاتنی خەونە ئەمپریالیستییەکانی خۆیان دەبینن. پووتین دەهەی پێش ئێستا، کاتێک کە دووبارە وەک سەرۆک کۆمار دەسنیشان کرایەوە، گۆڕانێکی دیاری کۆلۆنیالیستییانەی لە میتۆدەکانی خۆیدا خستە ڕوو. ساڵی 2012 ڕووسیای بە "دەوڵەت – ژیار" ناو نا کە بە پێی سروشتی خۆی، کولتوورە بچووکترەکانی وەک ئۆکراین ڕادەکێشێت. ساڵی دوایی، ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕووسەکان و ئۆکراینییەکان بە "یەکگرتووییەکی مینۆکی" کۆ دەبنەوە. لە وتارێکی دوور و درێژدا سەبارەت بە "یەکگرتوویی مێژوویی" کە جوولای ساڵی ڕابردوو بڵاو کرایەوە، بەڵگاندن دەکات کە ئۆکراین و ڕووسیا وڵاتێکی یەکن کە سەرەتایەکی هاوبەش پێکەوە دەیانبەستێتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئێمە بەرەو ڕووی جیهانێکی چەند پارچەین کە دەبێ بە توندوتیژیی دووبارە یەک‌ پارچە بکرێتەوە. ڕووسیا تەنها لە ڕێگەی لەنیوبردنی ئۆکراینەوە دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی. 

ئۆکراینییەکان کە تەوەری سەرەکیی ئەم قسە و باسانە و ئامانجی ئەم جەنگە وێرانکەرەن کە لە ژێر ئەم ناوانەوە هەڵگیرساوە، زۆر بە باشی لە مانای ئەم قسانە تێدەگەن. هەڵبەت ئۆکراین خاوەنی مێژووی خۆیەتی و ئۆکراینییەکان بە ڕاستیی نەتەوەن. بەڵام ئەمپریالیزم بە پێی تایبەتمەندیی خۆی، بە کەرستە کردن بە سەر ناوچە پەڕاوێزییەکان و فەرامۆشی و لەبیرکردن بە سەر خەڵکی ناوچە ناوەندییەکاندا دەسەپێنێ. ئەمپریالیزمی مۆدێڕنی ڕووسیا کۆمەڵێک یاسای پێوەندیدار بە بیرگە لە خۆ دەگرێت کە باسی جددیی لە سەر ڕابردووی سۆڤییەت یاساخ دەکات. ڕووسەکان بۆیان نییە وشەی "جەنگ" سەبارەت به‌هێرش کردنە سەر ئۆکراین بەکار بێنن. هەروەها باسکردنی ئەو ڕاستییەش ڕێگەپێدراو نییە کە ستالین لە سەرەتای جەنگی جیهانیی دووهەمدا لەگەڵ هیتلەر یەکیان گرت بۆ هێرش کردنە سەر پۆڵۆنیا پاساوێکی هاوشێوەی هێرشی پووتین بۆ ئۆکراینی هەبوو. کاتێک کە مانگی فێڤریڤێری هێرش کردنەسەر ئۆکراین دەستی پێکرد، داوا لە دەزگاکانی چاپ و پەخشی ڕووسیا کرا کە هەر ئاماژەیەک بە ئۆکراین لە کتیبەکاندا بسڕنەوە. 

بەرەو ڕووبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەیەک لە خەیاڵ و تابۆ کە کرێملین بە شێوەی فەرمی گرتوویەتە بەر، ئەم وەسوەسە دێنێتە ئاراوە کە نیشانی بدەین پێچەوانەی ئەم بانگەوازانە درووستە ئەوەی کە ئۆکراین تاهەتاییە نەک ڕووسیا، ئەوەی کە هەمیشە ئۆکراینییەکان لە سەر حەقن نەک ڕووسەکان و هەندێ بانگەوازی لەم چەشنە. بەم حاڵەشەوە مێژووی ئۆکراین شتێک بەدەستەوە دەدات زۆر سەرنجڕاکێشتر لە ڕەوایەتێکی تەنها دژە ئیمپراتووریی. هەر لە سەرەتاوە هەستی نەتەوەیی لای ئۆکراینییەکان هەبوو. بەڵام لە ئۆکراینی هاوچەرخدا، مانای نەتەوە هێندە دژە کۆلۆنیالیی نییە و لەگەڵ نکوولی‌کردنێکی وەها لە دەسەڵاتی ئیمپراتووریا پەیوەست نەبووە بەڵکوو زیاتر پاش کۆلۆنیالییە و باس لە درووستبوونی شتێکی نوێ دەکات.  

بەشی باشووری ئۆکراین، واتا ئەو شوێنەی هەنووکە هێزەکانی ڕووسیا شارەکانیان گەمارۆ داوە و نەخۆشخانەکان بومباران دەکەن، لای خەڵکی کەونینە بە باشی ناسرابوو. لە ئوستوورەکانی تایبەت بە درووست بوونی ئەسینا، ئاتێنا، داری زەیتوون بە دیاریی دەدات بەم شارە. لە ڕاستیدا ئەم شارە تەنها لە بەر ئەوەی کە دەنکەکانی لە بەندەری دەریای ڕەشەوە هێنابوو، توانی زەیتون بنێت. یونانییەکان ئەم کەنارانەیان دەناسی، بەڵام ئاگایان لە ناوچەکانی ئەودیوی نەبوو، شوێنێک کە بە پێی وێنا و خەیاڵیی ئەوان بوونەوەرانێکی ئەفسانەیی پارێزگاریی لە کێڵگەی دەخڵ و دان و ئاڵتوون دەکەن. هەر لەو سەردەمەوە ڕوانگەیەکی کۆلۆنیالیی بەرامبەر بە ئۆکراین هەبوو: وڵاتێکی ڕۆئیایی و فانتازی کە هەر کەس داگیری بکات دەتوانێ خەونەکانی بە ڕاست بگێڕێت.

شاری کیف، له‌ سەردەمی کەونینە بوونی نەبوو. بەم حاڵەشەوە شارێکی زۆر کۆن و مێژووییە، کەم تا زۆر پانسەد ساڵ لە مۆسکۆ کۆنترە. لەوانەیە ئەم شارە سەدەی شەشەم یان حەفتەمی زایینی و لە لاندێکی باکووریتر لە هەموو ئەو ناوچانەی یونانییەکان داخوازییان لە سەر بوو و ڕۆمییەکان کۆنتڕۆڵیان دەکرد، بونیاد نراوە. ئیسلام لە پێشڕەویدا بوو و مەسیحییەت بەرەو ئەورووپی‌بوون دەچوو. ئیمپراتووریای ڕۆمی ڕۆژئاوا کەوتبوو و شێوازێک لە مەسیحییەتی جێهێشتبوو کە کەوتبووە ژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵی پاپا. ئیمپراتووریای ڕۆمی ڕۆژهەڵات (بیزانس) لە شوێنی خۆی مابۆوە و ئێستا ئەو شتەی بەدەستەوە بوو کە بە ناوی کڵێسەی ئۆرتۆدۆکس دەناسرا. هاوکات کە ڕۆم و قوستەنتەنییە لە سەر ڕاکێشانی نۆدینەکان پێکەوە ڕکابەرییان دەکرد، خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی کیف دەچوونە سەر ئایینیی ئیسلام. کیفییەکان بە زمانی سڵاڤی قسەیان دەکرد کە هێشتا خاوەنی خەت و سیستەمێک بۆ نووسین نەبوو و پێڕەوی جۆرێک لە کافری بوون کە بت یان پەرەستشگەیەکیشی تێدا نەبوو. 

ڕوانگەی (یەکگرتوویی) پووتین پێوەندیی بە پەیوەست ‌بوونی ئەم خەڵکە بە مەسیحییەتەوە هەیە کە لەم هەلومەرجەدا هاتە ڕوودان. سەدەی نۆهەم گرووپێک لە وایکینگەکان، کە بە ناوی ڕۆس Rus ناوبانگیان دەرکردبوو، گەیشتنە کیف. ئەوان کە بۆ بازرگانیی کۆیلە بە دوای ڕێگەیەکەوە بوون بیانگەیەنێتە باشوور، ڕووباری دێنیپرۆیان دۆزییەوە کە بە شارەکەدا تێپەڕ دەبوو. سەرکردەکانی ئەم گرووپە بۆ داگیرکردنی ئەو هەرێم و ناوچانەی ئەمڕۆکە بە ناوی ئۆکراین، بیلاڕووس و باکووری ڕۆژهەڵاتی ڕووسیاوە دەناسرێت، دەستیان بە شەڕکردن کرد و لەم ناوەدا کیف بەردەوام ئامانجی سەرەکییان بوو. کۆتاییەکانی سەدەی دەهەم وایکینگێک بە ناوی واڵدمار بە یارمەتیی لەشکرێک لە سکاندیناویی  دەستی بە سە ئەم شارەدا گرت. ئەو لە سەرەتای حکوومەتەکەی خۆیدا کافر و بتپەرەست بوو. بەڵام نزیکی ساڵی 987 کاتێک کە بیزانس تووشی شۆڕشێکی ناڤۆکی هات، هەستی کرد دەرفەتێک دەستی داوە. یارمەتیی ئیمپراتووری دا و لەگەڵ خوشکەکەی هاوسەرگیریی کرد. لەم پڕۆسسەدا واڵدمار بوو بە مەسیحی.

پووتین بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم زنجیرە شێواوە لە ڕووداوە یەک لە دوای یەکانە نیشانی دەدات کە ئیرادەی خواوەند لە سەر ئەوەیە کە ڕووسیا و ئۆکراین بۆ هەمیشە پێکەوە ببەسترێنەوە. دەکرێ سووک و سانا تێگەیشتنێکی ناڕاست لە مەڕ ئیرادەی خواوەند بەدەستەوە بدرێت، بە هەر چەشنە نەتەوە مۆدێرنەکان لەو سەردەمەدا بوونیان نەبوو وشەکانی "ڕووسیا" و "ئۆکراین" مانایان نەبوو. واڵدمار نموونەی تیپیکاڵی حاکمی کافر و بێ‌ دینی ئەورووپای ڕۆژهەڵاتی سەردەمی خۆی بوو پێش ئەوەی بۆ پەسەندکردنی ئایینیی یەکتاپەرەستیی تەلبژێری خۆی هەستێکی ستراتیژیکیی هەبێت، کەیسی یەکتاپەرەستیی دیکەشی لە بەرچاو گرتبوو. وشەی (ڕۆس) چیدی بە مانای وایکینگی کۆیلەدار نەبوو بەڵکوو ئاماژە بوو بۆ کۆمەڵگەیەکی مەسیحی. بنەماڵەی حاکم ئێستا ئیدی لە ڕێگەی پێوەندیی ژن و ژنخوازەوە لەگەڵ دیتران تێکەڵ ببوون و خەڵکی ناوچەکەیان بە ڕەعیەتگەلێک دادەنا کە دەبێ زەریبە بدەن نەک کۆیلە و بەردەیەک کە بتوانن بیانفرۆشن. 

سەرەڕای ئەمە، سەبارەت بەوەی کە دوای مردنی حاکم کێ لە کیف دەسەڵات دەگرێتە دەست، هیچ یاسایەک دیاریی نەکرابوو. ڕاستە کە واڵدمار شازادەیەکی بیزانسیی وەک هاوسەری خۆی دەسنیشان کردبوو، بەڵام بێجگە لە حەرەمی سەدان کەسیی پێکهاتوو لە هاوسەرەکانی، نیو دوو جین هاوسەری دیکەشی هەبوو. کاتێک کە ساڵی 1015 مرد، یەک لە کوڕەکانی خۆی بە ناوی سڤیاتۆپۆڵکی خستبووە زیندانەوە و لەگەڵ یەکێکی دی لە کوڕەکانی بە ناوی یارۆسڵاڤ لە شەڕدا بوو. سڤیاتۆپۆڵک دوای مردنی باوکی ئازاد کرا و سێ برای خۆی کوشت بەڵام لە شەڕ لەگەڵ یارۆسڵاڤ شکستی هێنا. کوڕەکانی دیکەش  هاتنە ناو بەزمەکەوە ویارۆسڵاڤ تا ساڵی 1036 تەنها خۆی حوکمی نەدەکرد. ئەم بەزمی جێنشینییە 21 ساڵ درێژەی کێشا. لانیکەم دە کەسی دیکە لە  کوڕەکانی واڵدمار لەم ماوەدا کوژران.

پێچەوانەی بانگەشەی پووتین ئەم ڕووداوانە دەلالەت لە بوونی ئیمپراتووریایەکی تاهەتایی ناکەن، بەڵام گرنگیی میحوەریی پڕەنسیپەکانی جێنشینی بیر دێننەوە، بابەتێک کە بۆ پێوەندیی ئۆکراین و ڕووسیا لە ئەمڕۆدا گرنگیی زۆری هەیە. شێوازی ئەدا کردنی واڵدیمار لە ئۆکراینی (ولۆدیمێر)ە واتا ناوی سەرۆک کۆماری هەنووکەیی ئۆکراین. لە ئۆکراین دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دیمۆکراتیکەوە دەگوازرێتەوە: کاتێک کە ولۆدیمێر زلێنسکی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ساڵی 2019 سەرکەوت، سەرۆک کۆماری پێشوو شکستی خۆی قبوول کرد. شێوەی ئەدا کردنی هەمان ناو بە ڕووسیی (ولادیمیر)ە. ڕووسیا هەستیارە و زوو دەشکێت(brittle) هیچ پڕەنسیپێکی جێنشینیی تێدا نییە و دیار نییە کاتێک کە ولادیمێر پووتین دەمرێ یان دەسەڵاتی لێ دەستێندرێتەوە چی ڕوو دەدات. پەستان و گوشاری ئەخلاقی ئەندێشەی ئەمپریالیستیی بەهێز دەکات. ستەمکارێکی بەساڵاچوو کە بە وەسواسەوە بیر لە میراتی خۆی دەکاتەوە، خۆی بە وێنایەکی خەیاڵی لە گەورەیی و شکۆوە هەڵدەواسێ کە نەمریی پێدەبەخشێ.

"یەکگرتوویی ڕووسیا و ئۆکراین"

لە چیرۆکە کەونینەکانی ئیسلاند، یارۆسلاڤ بە شەل ناوبراوە. لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات وەک حەکیم و داڕێژەری یاسا دەیناسن. بەم حاڵەشەوە ئەو کێشەی جێنشینیی چارەسەر نەکرد. لە دوای حکوومەتەکەی ئەو هەرێمەکانی دەور و پشتی کیف چەندین جار پارچە پارچە بوو. ساڵی 1240 شارەکە تەسلیم بە مەغۆلەکان بوو، دواتر زۆربەی بەشە کۆنەکان کە (ڕۆسە)کان خاوەنی بوون لە لایەن دووکی گەورەی لیتوانیا دەستی بە سەردا گیرا کە لەو سەردەمەدا گەورەترین وڵاتی ئەورووپا بوو. لیتوانیا بەرنامە سیاسییەکانی کیف و بەشێکی زۆر لە یاساکانی بە قەرز وەرگرت. بۆ ماوەی دوو سەدە دووکە گەورەکانی لیتوانیا حوکمڕانیی پۆلۆنیاشیان دەکرد. بەڵام ساڵی 1569 دوای ڕووخانی پاشایەتیی لیتوانیا، یەکیەتییەکی لیتوانیایی  پۆڵۆنیایی بیچمی گرت و خاک و ناوچەکانی ئۆکراین کەوتە ژێر حوکمڕانیی دادوەریی پۆڵۆنیاوە.
ئەمە گۆڕانکارییەکی دیاریکەر بوو. لە دوای ساڵی 1569، کیف چیدی سەرچاوەی یاساکان نەبوو، بەڵکوو یاساکانی بە سەردا جێبەجێ دەکرا. واتا شێوازێک کە لە هەلومەرجی کۆلۆنیالیدا بەڕێوە دەبرێت. کۆلۆنیال بوو کە ئۆکراینی لە ناوچەکانی پێشووی ڕۆسەکان جیا دەکردەوە و بە هۆیەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی لە ئۆکرایندا هاتە ئاراوە کە ئەمڕۆکەش دەتوانین بەدییان بکەین. بەدبینی بەرامبەر بە دەوڵەتی ناوەندی، قەیران لە ڕێکخستن، و ئەندێشەیەک لە ئازادی کە بە مانای پاراستنی ڕوخساری خودە سەرەڕای بوونی دراوسێیەکی بەهێز. 

لە ماوەی سەدەکانی شازدەهە و حەڤدەهەم، پێدەچوو هەموو هێزەکانی جیهانی‌سازیی ئەورووپا ئۆکراینیان خستۆتە چنگی خۆیانەوە. کۆلۆنیالیزمی پۆڵۆنیا هاوشێوەی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپییەکان بوو لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا و تا ڕادەیەک مومکینی دەکرد. ئەشرافی پۆڵۆنیایی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی زەوییان برەو پێدا و بەڕێوەبەرانی زەوییان کە زۆربەیان جوو بوون، دادەمەزراند و هەر ئەمەش وای لێکردن کە گەلێک فارم و کێڵگەی پڕسوود و قازانج درووست بکەن. فەرماندە سەربازییە ناوچەییەکان لە ئۆکراین دەستبەجێ ئەم سیستەمەیان کردە مۆدێل و هەندێ توخمیشیان لە کلتووری پۆڵۆنیایی وەرگرت. لەوانە مەسیحییەتی ڕۆژئاوایی و زمانی پۆڵۆنی. لە سەردەمی دۆزینەوەکاندا، ئەو جووتیارانەی بۆ کاری زۆرەملی ناچار کرابوون، بۆ بازاڕێکی جیهانیی کاریان دەکرد. 

کۆلۆنیالیزەیشنی ئۆکراین لەگەڵ ڕێنێسانس و هەروەها چروگرتنی(Flowering)بەرچاوی کولتووری پۆڵۆنیایی هاوکات بوو. توێژەرانی پۆڵۆنیایی هاوشێوەی بیرمەندانی دیکەی ڕێنێسانس زانستی کۆنیان زیندوو کردەوە و هەندێجاریش بێ ئێعتیباریان کرد. کۆپرنیک کە میراتی کتێبی (المجسگی) بتلمیووسی هەڵوەشاندەوە و گەڕانی زەوی لە دەوری خۆی سەلماند، خۆی پۆڵۆنی بوو. پۆڵۆنییەکی دیکە بە ناوی مۆچێ میچویتا جوگرافیای بتلمیووسی ڕاست کردەوە و نەخشەی ئۆکراینی وەک وڵاتی خۆراکی خواکان و زێڕ وەلا نا. بەڵام هەر وەک سەردەمانی کەونینە کێڵانی زەوی سامانێکی زۆری بەرهەم دەهێنا و ئەو پرسیارەی دەهێنایە بەرکار کە بۆچی ئەو کەسانەی کار دەکەن و ئەوانەی لەم کارە سوودمەند دەبن، چارەنووسی جیاوازیان هەیە. 

سەردەمی ڕێنێسانس لە ڕوانگەی زمانەوە سەیری پرسی شوناسیان دەکرد. لە سەرتاسەری ئەورووپا باسێک لە ئارادا بوو کە ئایا لاتین کە ئێستا ئیدی زیندوو کرابۆوە تەواوە بۆ کولتوور و یان بۆ ئەم کارە زمانە لۆکاڵییە باوەکانیش پێویستە. سەرەتاکانی سەدەی چواردەهەم، دانتی لەم مشتومڕەدا لایەنی زمانی ئیتاڵیی گرت، نووسەرانی زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانیایی و پۆڵۆنیایی بە داڕشتنی زمانە لۆکاڵییەکانی دیکە، چەندین زمانی ئەدەبیی دیکەیان بەدی هێنا. لە ئۆکراین، زمانی ئەدەبیی پۆڵۆنیی بە سەر زمانی خۆجێی ئۆکراینیدا زاڵ بوو و بوو بە زمانی بازرگانی و ونوخبە فیکرییەکان. ئەم بابەتە تا ڕادەیەک ئاسایی بوو: پۆڵۆنیایی زمانێکی مۆدێڕن بوو، هاوشێوەی ئینگلیزی و ئیتاڵیایی. بەڵام لە ئۆکراین، زمانی لۆکاڵیی خەڵکەکە پۆڵۆنیایی نەبوو. وەڵامی ئۆکراین بۆ مەسەلەی زمان زۆر قووڵ کۆلۆنیالییانە بوو لە حاڵێکدا کە لە شوێنەکانی دیکەی ئەورووپا دەتوانین ئەم وەڵامە بە زۆریی بە دیمۆکراتیک ببینین.  

چاکسازیی ئایینی وەکیتر ئەنجامێکی هاوشێوەی لێکەوتەوە: نوخبە لۆکاڵییەکان سەرەتا بەرەو پڕۆتستانیزم کشان و دواتر بە فیرقەی کاتۆلیکی ڕۆمەوە پەیوەست بوون، کارێک کە بوو بە هۆی ئەوی مەودایەکی زیاتر لە بەرەی ئۆرتۆدۆکس بگرن. بەریەککەوتنی کۆلۆنیالیزم، ڕێنێسانس و ڕیفۆڕمی ئایینیی تایبەت بە ئۆکراین بوو. دەهەی 1640، موڵکدارە گەورەکانی زەوی زیاتر بە زمانی پۆڵۆنیایی قسەیان دەکرد و کاتۆلیک بوون، و ئەوانەی کاریان بۆ دەکردن بە ئۆکراینی قسەیان دەکرد و ئۆرتۆدۆکس بوون. بە جیهانی‌بوون کۆمەڵێک جیاوازی و نایەکسانیی هێنابووە ئاراوە کە خەڵکی بەرەو سەرهەڵدان و یاخیگەری هان دەدا.

ئەمڕۆکە ئۆکراینییەکان لە حاڵی جەنگ، بۆ بەرامبەرکێ لەگەڵ ڕەوایەتی پووتین پشتیان بە هیچ چیرۆکێکی کۆن قایم نییە. گەر پێشینە و ڕابردوویەک هەبێت کە بەلایانەوە گرنگ بێت، مێژووی (کازاک)ەکانە، خەڵکانێکی ئازاد کە لە ستێپە دوورەدەستەکانی ئۆکراین دەژیان و قەڵاکانی خۆیان لە دوورگەیەک لە ناوەڕاستی دێنیپرۆ بونیاد دەنا. ئەوان کە لە سیستەمی موڵکداری و کشتوکاڵی وەرزێڕیی پۆلۆنیا هەڵهاتبوون، دەیانتوانی هەڵیبژێرن کە بە شێوەی فەرمی وەک(کازاک) تۆمار بکرێن و بۆ خزمەتەکانیان بە سوپای پۆڵۆنیا حەقدەست وەربگرن. بەم حاڵەشەوە ئەوان بە هاووڵاتیی نەدەژمێردران و ژمارەیەکی زۆریشیان دەیانویست وەک (کازاک) تۆمار بکرێن، بەڵام پاڕلەمانی پۆڵۆنی – لیتوانیی ڕێگەی نەدەدا.

سەرهەڵدانی کازاکەکان ساڵی 1648 دەستی پێکرد. کازاکێکی دیار و کاریگەر بەناوی بوهدان کملنیتسکی بە چاوی خۆی بینی کە خانەدانێکی پۆڵۆنی زەوییەکەی داگیر کرد و هێرشی کردە سەر کوڕەکەی. کلمنیتسکی کاتێک دی یاسا پشتیوانیی لێ ناکات، پەنای برد بۆ کازاکەکانی هاوهۆزی خۆی تاوەکوو دژ بە دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنی‌زمان و کاتۆلیک شۆڕشێک ڕێبخەن. سکاڵا کەڵەکەبووە کولتووری، ئایینی و ئابوورییەکانی خەڵک بە خێرایی  گۆڕا بۆ شتێکی هاوشێوەی شۆڕشێکی دژە کۆلۆنیالی و توندوو تیژی نەک تەنها دژ بە سوپا و ئەرتەشی تایبەتیی ئەم دەسەڵاتدارانە، بەڵکوو دژ بە هەموو پۆڵۆنی و جووەکان دەستی پێکرد. دەسەڵاتدارە پۆڵۆنییەکان جووتیار و کازاکەکانیان سزا دەدا و سەریان دەکردن بە سەر نێزەکاندا. شۆڤالییە پۆڵۆنی – لیتوانییەکان چوونە شەڕ لەگەڵ خەڵکانێکدا کە خۆیان بە منداڵی هەر لەوان بوون. لایەنەکانی شەڕەکە زۆر بە باشی یەکیان دەناسی. 

ساڵی 1651 کازاکەکان تێگەیشتبوون کە پێویستیان بە یارمەتیی هەیە، یارمەتیی دەسەڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی، واتا مۆسکۆ کە شتێکی ئەوتۆشیان لە بارەوە نەدەزانی. کاتێک (ڕۆس)ەکانی کیف کەوتن، زۆربەی زەوییەکانیان لە لایەن لیتوانییەکانەوە دەستی بە سەردا گیرا، بەڵام هەندێ لە زەوییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی جێنشینەکانی مەغۆلەکاندا مایەوە. لەوێ لە شارێکی نوێ بە ناوی مۆسکۆ، ڕێبەرانێک کە بە ناوی تێزارەوە ناو دەبران، دەستیان کردبوو بە فراوانکردنێکی نائاسایی و بەرینی ناوچە و خاکی خۆیان و شانشینەکەیان تاکوو باکووری ئاسیا بەرین و فراوان کردبوو. ساڵی 1648، واتا هەر ئەو ساڵەی شۆڕشی کازاکەکان دەستی پێکرد، گەڕیدەیەکی(Explorer)خەڵکی مۆسکۆ بۆ یەکەم جار گەیشتبووە ئۆقیانووسی ئارام. 

نووسین: تیمووتی سنایدەر
وەرگێڕان: چنوور فەتحی



ئه‌م بابه‌ته 173 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر