جینۆسایدی هەڵەبجە و سەردەشت لە دادگای لاهایدا

(34) ساڵ بەسەر جینۆسایدی هەڵەبجە و (35) ساڵ بەسەر جینۆسایدی سەردەشتدا تێدەپەڕێت، لە جینۆسایدی ئەو دوو شارە کوردییەی دوو بەشی کوردستاندا، بە تەنها حکومەتی ئێراق بەرپرسیار نییە.
AM:02:01:30/06/2022
دۆسیە: شیکار


دکتۆر ئاوارە حسێن
دکتۆرا لەیاسا و پسپۆڕی بواری جینۆساید، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە


''هەڵسەنگاندنێکی یاسایی بۆ کەیسی فرانس ڤان ئانرات''

پێشەکی

(34) ساڵ بەسەر جینۆسایدی هەڵەبجە و (35) ساڵ بەسەر جینۆسایدی سەردەشتدا تێدەپەڕێت، لە جینۆسایدی ئەو دوو شارە کوردییەی دوو بەشی کوردستاندا، بە تەنها حکومەتی ئێراق بەرپرسیار نییەو تێوە نەگلاوە. بەڵکو چەندین کۆمپانیا و بازرگان لەسەر ئاستی جیهان بەرپرسیارێتی تاوانکارییان دەکەوێتە ئەستۆ و لە تاوانەکەدا تێوە گلاون.

ئێمە لەم وتارەدا شیکاریی و هەڵسەنگاندن بۆ کەیسی یەکێک لەو بازرگانانە دەکەین کە لەسەر کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەردەشت و چەند گوند و ناوچەیەکی تری کوردستان وەک بازرگانێکی بەرپرسیار لەلایەن دادگای شاری لاهای هۆڵنداوە دادگایکراوە و سزادراوە.

فرانس ڤان ئانرانت کێیە؟

فرانس ڤان ئانرات هاووڵاتییەکی هۆڵەندییە لە ساڵی (1942) لە دایک بووە، بازرگانێکی هۆڵەندی بووە لەنێوان (19/4/1984 بۆ 25/8/1988) بە مەبەستەوە یانزە تەن مەتری تایۆدیگلیکۆڵی کیمیاوی (گازی خەردەل) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژاپۆن کڕیوە و کارەکەی لە ڕێگای کۆمپانیا جیاوازەکانی وڵاتانەوە بووە و چەکە کیمیاوییەکەی دابینکردووە بۆ حکومەتی ئێراق. لەپاش ساڵی (1984) تاکە دابینکەری ئەو ماددە کیمیاوییە بووە بۆ حکومەتی ئێراقی. لە ساڵی (2005) لە دادگای شاری لاهای دادگایکرا و سزادرا، ئەو تۆمەتانەشی خرایە ئەستۆی بریتی بوون لە (یارمەتیدان و هاندان بۆ جینۆساید، کە لەلایەن سەددام حسەین و عەلی حەسەن مەجید تکریتی، کە لە دژی دانیشتوانی کورد ئەنجامدراون).

فرانس ڤان ئانرات یەکێکە لەو تاوانبارانەی، کە لە دادگای شاری لاهای هۆڵندا لەسەر بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی کەسیی و پرەنسیپی کەسێتی ئەرێنی دادگاییکراوە و سزادراوە. پێواژووی دادگایکردنەکە لە (18/3/2005) لەدژی ئانرات دەستیپێکرد و پاش (16) دانیشتنی دادگایکردن لە دادگای بابەت، دادگا لە (23/12/2005) ئانراتی وەک بەشدار لە تاوانەکانی جەنگ بە (15) ساڵ زیندانیکردن سزادا و بڕیاریدا کە ئەو ماوەیەی لای پۆلیس ڕاگیرابوو لەگەڵ ماوەی ڕاگرتنی قۆناغی پێش دادگاییکردن لە سزاکەی کەمبکرێتەوە.

"گرنگی کەیسەکە"

ئەم کەیسە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لەبەر ئەوەی پەیوەندیی تەواوی بە پرسی کوردەوە هەیە و بەشێکی سزاکەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە تاوانە ئەنجامدراوەکان، کە ئانراتی لەسەر سزا دراوە لەدژی کورد و بەتایبەتی هەردوو شاری هەڵەبجە و سەردەشت بووە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا (15) سکاڵاکار، کە داوای پێبژاردنەوەی زیانەکانیان کردبوو قەرەبوکرانەوە.

دادگایکردن و سزادانی تاوانبارێکی ئەوروپی و خۆرئاوایی بۆ یەکەمین جار لە دادگاکانی ئەوروپا بایەخێکی قووڵی هەیە، کە ناوی کورد و شار و گوندەکانی ڕۆشتووەتە ناو قۆناغە یاساییەکانی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن و بەجۆرێک لە جۆرەکان تاوانە نێودەوڵەتییە ئەنجامدراوەکانی دژ بە کورد بە نێودەوڵەتی بووە و تا ئاستێکی باش لە سەر ئاستی جیهان ناسراوە، کە کورد وەک گروپێکی نەتەوەیی و ڕەگەزیی بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی ڕووبەڕووی تاوانی نێودەوڵەتی بووەتەوە، سزادانی ئەم بازرگانە تاوانبارە ئەو پەیامە یاساییەش دەگەیەنێت کە تۆمەتباران ناتوانن لە سزای یاسایی هەڵبێن با ماوەیەکی درێژیش هەبێت لە نێوان کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان و دەستگیرکردن و ڕادەستکردنیان بۆ دادگایکردن.

"ئاڕاستەکردنی تۆمەتەکان و چەسپاندنی تاوانەکان"

وەک ئاماژەمان بۆ کردووە تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکانی دژ بە ئانرات بەشداریکردن بووە لە جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ. بەڵام دادگا سەبارەت بە جینۆساید بێتاوانی دەسەلمێنێت ئەویش نەک لەبەر ئەوەی کە هێرشی کیمیاوی دژ بە هەڵەبجە و سەردەشت جینۆساید نین، بەڵکو دادگا بڕیاردەدات، کە جینۆساید جیاوازە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تر، بەهۆی هەبونی مەبەستی تایبەت لە جینۆسایددا، کە لەسەر بنەمای لەناوبردنی هەموو یان بەشێکی گروپێک خەڵک بنیادنراوە. لەبەرئەوە تاوانبارکردنی بە بەشداریکردن لە جینۆساید گونجاو دەبوو گەر تۆمەتبار زانیاری هەبوایا لەسەر مەبەستی جینۆساید لای ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکە. لەبەر ئەوە ئانرات زانیاری دروستی لانەبووە سەبارەت بە هەبونی مەبەستی جینۆساید لای ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکە، دادگا باوەڕی بەوەنەهێنا، کە بە یاسایی و قایلکەرانەوە ئەوە بسەلمێنێت، کە ئانرات ئەو زانیارییەی هەبووە لە کاتی دابینکردنی چەکە کیمیاوییەکاندا. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت، کە ئانرات زانیاری دروست و تەواوی لا نەبووە، کە سەددام حسەین ئەو چەکانە بۆ جینۆسایدکردنی کورد بەکاردەهێنێت، هەربۆیە وەک تاوانباری جینۆساید تۆمەتەکان لە دژی نەچەسپا.

دادگا لە درێژەی بڕیارەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە "بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ جیاوازە، تاوانەکانی جەنگ پێویستی بە مەبەستی تایبەتی ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکە نییە. مەبەستی داواکراو یان پێویستی بەشداریکردن لە دەزگای دادپەروەریی تاوانکاریی نێودەوڵەتییدا بەشێوەیەکی بنەڕەتیی جیاواز نییە لە یاسای هۆڵەندی سەبارەت بەم بابەتە'' ئەمەش بە مانای ئەوە دێت گەر تۆمەتبار زانیبێتی، کە ئەنجامدەری سەرەکی مەبەستی ئەنجامدانی تاوانی جەنگە یاخود نا ئەوا بەرپرسیارێتی تاوانکاریی بۆ دروستدەبێت بەو بەشدارییەی، کە لە تاوانەکەدا کردویەتی.

"بەشداری تاوانیی ئانرات لە هێرشی ئێراق دژ بە هەڵەبجە"

سەبارەت بەو بەشدارییە تاوانییە کە ئانرات لەگەڵ ئێراقدا هەیبووە بۆ تاوانەکانی دژ بە کورد لە ناو ئێراقدا. دادگا دەگاتە ئەو بڕیارەی، کە ''ئانرات بە نیاز ومەبەستەوە ماددەی تایۆدیگلیکۆڵ و کلۆریدی فۆسفۆڕ و ماددەی تری دابینکردووە بە نیازی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی (گازی خەردەل و گازی دەمارەکان) بۆ کۆماری ئێراق و ڕاوێژی بە حکومەتی ئێراق کردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاوی و کارەکەی بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی قازانج بووە، کە بەشدارییەکی بنەڕەتیی لە پرۆگرامەکانی جەنگی کیمیاییدا کردووە لە ئێراق. ئەو چەکە کیمیاییانەش لەلایەن سەددام حسەین و عەلی حەسەن مەجید تکریتی و ئەوانی تر بە مەبەستەوە لەدژی (هەڵەبجە و گوندەکانی، زێوە، گۆپتەپە و بیرجینی) بەکاریانهێناوە بە مەبەستی سڕینەوەی تەواوەتی یان بەشەکی ئەو گروپە نەتەوەییە یان ڕەگەزییە. لە ئەنجامدا بووەتەهۆی کوشتنی منداڵ، هاوسەران (پیاو ژن) و ئەندامانی خێزان و زیاندانێکی سەختی جەستەیی و هزریی ئەوانەی، کە لە مردن ڕزگاریان بووە و ڕزگاربووەکان ساڵانێکی زۆرە غەمێکی بەردەوام دەچێژن، کە تا کۆتایی ژیانیان دەمێنێتەوە. ئەو هێرشانەش سەلمێنەری ئەوەن، کە تاوانێکی زۆر مەترسیداری جەنگن.

بە تەنها لە بڕیاری کۆتایی دادگای شاری لاهای و سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای پێداچوونەوەی شاری لاهای، دادگای باڵای هۆڵندا و دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، (95) جار ناوی هەڵەبجە، (35) جار ناوی زێوە، (7) جار ناوی گۆپتەپە و (4) جار ناوی بیرجینی هاتووە.

"بەشداری تاوانیی ئانرات لە هێرشی ئێراق دژ بە سەردەشت" 

سەبارەت بە بەشدارییەکەی لە هێرشی ئێراق دژ بە ئێران دادگا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەناو ئێرانیشدا هێرشدەکەنە سەر کەسە سەربازیی و سڤیلەکان و دەبێتەهۆی کوشتن و ئازاردانێکی توندی جەستەییان، ئەو چەکە کیمیاییانەی، کە بەکارهاتوون دژی کەسانێکیش بووە، کە بەشدارییەکی ڕاستەوخۆییان لە ململانێکاندا نییە، وەک سڤیلەکانی (خوڕەمشەهر، ئالوت، سەردەشت، ڕەشە هەرمێ، زەردە و شنۆ).

بە هەمان شێوە بە تەنها لە بڕیاری کۆتایی دادگای شاری لاهایدا (57) جار ناوی  سەردەشت، (13) جار ناوی شنۆ، (15) جار ناوی ئالوت، (12) جار ناوی ڕەشە هەرمێ  و (18) جار ناوی زەردە دەهێنێت، ئەم شار و گوندانەش کوردنشین و کوردستانین کە ڕوبەڕووی هێرشی کیمیایی حکومەتی ئێراق بونەتەوە.

"چەکە کیمیاییە دابینکراوەکان"

سەبارەت بە چەکە کیمیاییە دابینکراوەکان دادگای شاری لاهای لە درێژەی بڕیارەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ناوبراون بە مەبەستەوە چەکە کیماییەکانی (گازی خەردەل و گازی دەمارەکان)یان بەکارهێناوە و یاسا و نەریتەکانی جەنگیان پێشێلکردووە و تاوانەکانیان بووەتەهۆی کوشتن و بریندارکردنی سەختی جەستەیی ئەو گروپە دیاریکراوە، کە ئەوەش پێچەوانەی یاسایی نەریتی نێودەوڵەتییە، بەتایبەتی پرۆتۆکۆڵی ژنێفی ساڵی (1925)، پێشێلکردنی ماددەی (147) (پێشێلکاری گەورە)ی پەیماننامەی چوارەمی ژنێف بۆ پاراستنی کەسانی سڤیل لە کاتی جەنگدا و هەروەها پێشێلکاری ماددەی سێهەمی پەیماننامەکانی ژنێفی ساڵی (1949)، کە ئێراق وەک حکومەتێک ئەندامیانە و چەندین جار بە سیستماتیک بەشێکی گروپی دانیشتوانی کوردی تۆقاندووە لە کاتێدا ئەو چەکە کیمیاییانە لە دژی کەسانێک بەکارهاتون، کە بەشدارییەکی ڕاستەوخۆییان لە ململانێکاندا نەکردووە و کیمیاییەکە بووەتەهۆی توشکردنی مامەڵەیەکی نامرۆیی، ستەمکارانە، شێواندنی جەستە و بەسەرهێنانی ئازارێکی مەترسیداری مەبەستداری ئەو کەسانە.

"ئامانجی دابینکردنی چەکە کیمیاییەکان"

سەبارەت بە ئامانجی دابینکردنی چەکە کیمیاییەکان لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، کە ''تۆمەتبار بە لێکۆڵەرانی تاوانکاریی وتووە، کە ئامانجی دابینکردنی کیمیاییەکە بۆ بواری پیشەسازیی چنین و پێکەوەنوساندنی ڕەنگ بووە لەسەر قوماش'' بەڵام دادگا بەشێوەیەکی یاسایی و قایلکەرانە مەبەست و نیازی ئانراتی بۆ دەسەلمێت سەبارەت به‌ بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ و دەگاتە ئەو بڕیارەی، کە هەموو ئەو کیمیا ییانەی، کە ئانرات دابینیکردووە توانراوە بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی گازی ژەهراوی، دادگا ئەوەشی بینی، کە پەیوەندییەکی دوانەیی ئاڵوگۆرکراو هەیە سەبارەت بەوەی، کە ئەو کیمیاییانە لە ڕاستیدا بۆ بەکارهێنانی گازی ژەهراوی بەکارهاتوون. کەسێک، کە کیماییەکان دابین دەکات دەزانێت، کە بۆ بەکارهێنانی گازی کیمیایی بەکاردێت لەلایەن دەوڵەتێکەوە، کە لە جەنگێکی بەردەوامی درێژدا سەرقاڵە، کە لەلایەن هەمان دەوڵەتەوە دەست بە جەنگەکە کراوە. پێکهێنەرەکانی گازی ژەهراوی، لە ڕاستیدا نەک بە تەنها پێشبینیکراوە، کە بۆ هێرشی کیمیایی بەکاردێت، بەڵکو بە نزیکەیی لە سەدا سەدە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت دەوڵەتی ئێراق، کە ئانرات چەکە کیماییەکانی بۆ دابینکردووە جەنگی لەگەڵ ئێران هەڵگیرساندووە و لە جەنگدایە لەگەڵی، بۆیە هیچ پاساوێک نییە سەبارەت بەوەی، کە ئانرات بڵێت چەکەکانم بۆ بواری گەشەسەندن و پیشەسازی چنین بۆ ئێراق دابینکردووە.

"سەپاندنی سزاکان و هێنانەدی دادپەروەریی"

سەبارەت بەو سزایەیی، کە بەسەر ئانراتدا سەپاوە، دادگا لە بڕیارەکەیدا دەڵێت ''بە بۆچونی دادگا و ڕاستینە سەلمێنراوەکان تەنانەت بەرزترین سزاش بسەپێنین ئەوا نابێتەهۆی دادپەروەرییەکی تەواو بۆ قوربانیان. هەروەها تۆمەتبار دەستبەجێ لەپاش بینینی وێنەی قوربانیانی هێرشەکەی سەر هەڵەبجە، ویستویەتی بەردەوامیبدات بە بازرگانییە کیمیاییەکەی و لە (28/7/1988) یان لەو نزیکانەدا گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد و بە فەرمانبەرەکانی وتووە لە ئەوروپا بە هیچ کەسێک مەڵێن، کە لە کوێ بووە و هەروەها هیچ پەشیمانییەکی پیشاننەداوە. هەروەها دادگا هیچ جۆرە غەمخواردن، پەشیمانیی یان هاوسۆزییەکی لە تۆمەتبار نەبینی بۆ ئەو بابەتە. هەربۆیە بۆ بەشداریکردن لە تاوانی جەنگدا سزاکەی بریتییە لە (15) ساڵ زیندانیکردن'' ئەم سزایەش بەگوێرەی بەشی پێنجەمی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی هۆڵندا، گونجاوە، کە سزای تاوانەکانی جەنگی بە زیندانیکردنی هەمیشەیی یان سزایەک، کە لە (30) ساڵ تێپەڕنەکات دیاریکردووە. سزای (15) ساڵ زیندانیکردن بۆ ئانرات لەلایەن دادگا شاری لاهایەوە لەوەوە بنەمای گرتووە، کە ئانرات بەشداربووە لە تاوانەکە نەک ئەنجامدەری سەرەکی بوبێت.

هەروەها لە ماوەی پێداچوونەوەی کەیسەکەیدا لە دادگای پێداچوونەوەی شاری لاهای لە (9/5/2007) سزاکەی ئانرات زیادکرا بۆ (17) ساڵ زیندانیکردن. بڕیاری سزادانی ئانرات وەک تاوانباری جەنگ لەلایەن ''دادگای باڵای هۆڵنداوە لە (30/6/2009) پەسەندکرایەوە، بەڵام سزاکەی بۆ (16) ساڵ و نیو زیندانیکردن کەمکرایەوە.

وە پاشتر ئانرات لە دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ بەگوێرەی ماددەی (34)ی پەیماننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە دادگاکە سکاڵا و دادخوازی لە تاکە کەسانیش وەردەگرێت نەک بە تەنها دەوڵەت، سکاڵای پێداچوونەوەی سزاکەی کرد، ''دادگاکە لە (6/7/2010) داواکەی ڕەتکردەوە و ئەو سزایەی، کە بەسەریدا سەپابوو پەسەندی کردەوە.


سەرچاوەکان:

 (1) Netherlands act containing rules concerning serious violations of international humanitarian law (international crimes act), 2003.
(2) Netherlands district court of The Hague, criminal law section, case no. 09/751003-04, public prosecutor v. Frans Cornelis Adrianus van Anraat, on December 23, 2005.
(3) Netherlands, court of appeal The Hague, 2200050906–2, the criminal proceedings against Van Anraat, on May 9, 2007.
(4) Netherlands, the Supreme Court of the Netherlands, 07/10742, Frans van Anraat case, on June 30, 2009.
(5) European court of human rights, third section decision as to the admissibility of application no. 65389/09 by Frans Cornelis Adrianus VAN ANRAAT against the Netherlands, on July 6, 2010.


ئه‌م بابه‌ته 151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر