ئەدەبی ئیرۆتیکی ژنانی عەرەب

سێ هەزار ساڵ عەشق و شەهوەت و ژنانی نووسەری جیهانی عەرەب چ لە کاتی ئاشتی و ئارامی و چ لە سەردەمی قەیران و شەڕ و کۆیلەیی و یەخسیریدا.
PM:09:41:03/06/2022
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


چنور فەتحی
نووسەر

سێ هەزار ساڵ عەشق و شەهوەت ژنانی نووسەری جیهانی عەرەب چ لە کاتی ئاشتی و ئارامی و چ لە سەردەمی قەیران و شەڕ و کۆیلەیی و یەخسیریدا، دەستیان داوەتە ئێرۆتیک ‌نووسین و نووسین لە یاساخکراوی عەشق.

پەیکەرێکی بچووک لە نێو جامی حیفازی ژمارە ٣٨ی مۆزەخانەی نەتەوەیی  دیمەشق دانراوە پەیکەرێک لە (ئیشتار) کە ئیلاهەی جوانی و عەشقی ئاشووریەکانە. پەیکەرێکی ڕووت کە بە چاوانی ئەبڵەق و کراوەوە لە بینەر و سەیرکەری دەڕوانێ. گەر ئەم کتێبە و ئامانجێکەکانیشی، هێمایەکیان هەبێت، هەر ئەم پەیکەرە بچووکە و دەستە مست کراوەکانیەتی.

ئەمانە ڕستە سەرەتاییەکانی کتێی‌ی (ئێمە بە هێماکان دەنووسین – عەشق و شەهوەت بە قەڵەمی ژنانی عەرەب)ە کتێبێک کە گوڵبژێرێکی ئەدەبییە پێکهاتووه‌ لە ١٠١ بەرهەمی ئەدەبی (شیعر، چیرۆک، بەشێک لە ڕۆمان، وتار) لە ٧٥ ژنی نووسەری عەرەب لە سێ هەزار ساڵی ڕابردوودا. ژنانێک بە پێشینە و سەربوردەی جیاوازەوە، هەندێکیان پێشتر هەرگیز بەرهەمیان بڵاو نەکردۆتەوە، دوو کەسیان نەناسراون، ژمارەیەکیشیان بە هۆی جەبری زەمانەوە تەنها بە ناوی خوازراوەوە بوێریی ئەوەیان هەبووە بنووسن، هەندێکیشیان سەرەڕای ئەوەی کە بە ڕەچەڵەک عەرەب بوون بە زمانی عەرەبی هیچیان نەنووسیوە، ژنانێک لە ئەندۆلۆس و دەمیشقەوە تاوەکوو بەرلین و نیۆیۆرک.

سەلمی ئەلدەبباغ، نووسەری فەلەستینی – بریتانیایی ئەرکی سەرنووسەریی ئەو گوڵبژێرە ئەدەبییەی لە ئەستۆ بووە. دەبباغ کە دەهەی ١٩٨٠ی زایینی لە کوێت گەورە بووە، دەنووسێ ئەویش وەک زۆرێک لە ژنانی نەوجەوان و گەنج، لەگەڵ هەستی تووڕەیی و هەندێجار ڕق و قین لەو شوێن و کولتوورەی تێیدا گەورە دەبوو، گەشەی کردووە. ساڵانی دوایی کە دووبارە دەستی کردەوە بە سەفەرکردن بۆ وڵاتانی عەرەبیی و توێژینەوە لە سەر گەنجینەی ئەدەبیاتی عەرەب، تێگەیشت کە چەندە ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی عەرەب دوورە لە کڵێشەکان و چۆن بە تێپەڕبوونی هەزارەکان، ژنانی عەرەب لە نووسینەکانیاندا باسی عەشق، جەستە، چێژی سێکسی و شە‌هوەتیان کردووە و بەردەوامیشن و پێچەوانەی کڵێشە باوەکان، قەڵەمی خۆیان لە نووسین سەبارەت بە تایبەتیترین و ناڤۆکیترین مەیل و خواستەکان نەبوواردووە. 

(ئێمە بە نیشانەکان دەنووسین) وەک خۆی یەکەم بەرهەمە لەم بوارەدا. پێشتر گولچنێک لە بەرهەمی ئەدەبیی ژنانی عەرەب چاپ نەبووە کە هەموو نیشانەکان لە سەر میحوەری عەشق، شەهوەت و ئەدەبی ئێرۆتیکیی ژنانی عەرەب بێت.

ژنانێک کە سەر بە ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەکانی وڵاتە عەرەبییەکانن، هەندێكجار تەنانەت پێش پێغەمبەرەکانی خۆیان لە دایک بوون و ژیاون. ژنانێک کە تەنها نووسەر نەبوون، هەندێكجار کابان بوون و هەندێكجاریش پارێزەر، بڕێکیان ئەندازیار و کەسانێکیشیان زانکۆیی. تیایاندا بووە کەم‌خوێندەوار و تیاشیاندا بووە خاوەنی پلەی بەرزی زانستی، هەندێکیان دەوڵەمەند و زەنگین و هەندێکی دیکەشیان کۆیلە و یەخسیر و ... سەلمی ئەلدەبباغ، لە بیری نەچووە کە بەرهەمی ژنانی کووئییریش لەم گوڵچێنەیدا بگونجێنێت. زۆرێک لەم بەرهەمانە لە سەردەمی ژیانی نووسەرەکانیاندا یان تەنانەت هەر ئێستاش لە وڵاتەکانیاندا یاساخ کراون یاخود گیرۆدەی تێغی سانسۆڕ هاتوون.

ئەلدەبباغ ڕوونی دەکاتەوە چۆناوچۆن لێکۆڵێنەوە مێژووییەکان نیشانی دەدەن کە ژنانی جیهانی عەرەب، ساڵانێکی دوور و درێژ بەر لەوەی ژنان لە جیهانی ئینگلیزی‌زماندا دەست بۆ قەڵەم ببەن و کتێبێک بنووسن و بڵاوی بکەنەوە، دەیانووسی و خاوەنی دەنگی خۆیان بوون. پێش هەزار ساڵ لە بەغداد، ژنێکی شاعیر –جارییە ئەلناتفی – بوو بە ئەندامی گرنگترین گرووپی ئەدەبیی بەغداد بە ناوی (گرووپی مەجنوون) گرووپێک کە خۆشیان زۆربەی شیعرەکانیان هەڵگری ناوەڕۆکی ئێرۆتیک بوو.

هەڵبەستەکانی ئەم ژنە شاعیرە ئەوەندە ڕاکێشەر و باش بوو کە پیاوانی شاعیری ئەو سەردەمە لەوانە ئەبوو نەوواس ئێرەییان پێ دەبرد. شاعیرێک کە ناوی لە ئەدەبی کۆنی عەرەبدا بە گەلێک هۆنینەوە و شیعر لە سەر شەراب و سەرمەستییەوە پەیوەست بووە. 

لێکدانەوەکانی ئەو و دیتران نیشانی دەدات کە ژنانی جیهانی عەرەب هەم لە کاتی سوڵح و ئاشتی و هەم تەشقی قەیران و شەڕ و کۆیلەیی و ئەسیریدا، دەستیان داوەتە ئێرۆتیک‌نووسین و نووسین لە یاساخکراوی عەشق.

"کزبوون و تەشقی ئێرۆتیک‌ نووسینی ژنانی عەرەب"

دوو قۆناغی گرنگ، خەلافەتی بەنی ئومەییە و بەنی عەبباس بوو کە سەردەمانی ئارامی، ئۆقرەیی و ئیمکانیاتی زیاتر بوو و زۆرێک لە شاعیران و نووسەرانی ئەم قۆناغە لەوانە ژنانی نووسەر، بەرەو نووسین لە "چێژە دونیاییەکان" دەکشان. ئەو بەڵگانەی لەم قۆناغانە دەستکەوتوون نیشانی دەدەن کە لە چەند بڕگەیەکی خەلافەتی بەنی عەبباس، ژنان دەیانتوانی گەر لە پێوەندیی سێکسییان لەگەڵ هاوسەرەکانیان ڕازی نەبوون، داوای تەڵاق بکەن.

کەوتنی ئەندۆلس لە ساڵی ١٤٩٢ی زایینی بە خاڵێكی وەرچەرخانی خەماوی لە ئێرۆتیک‌نووسینی ژنانی عەرەب دێتە ئەژمار.نەک هەر زۆریی بەرهەمە پێشووییەکانیان لەم قۆناغەدا لە نێو برا و لەدەست چوو، بەڵکوو تاکوو چەند سەد ساڵ دواتریش ئەو ژنانەی بە نووسین لەم جۆرە تابۆیانەوە سەرقاڵ بوون لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕی یان ئەگەریش نووسیویانە بەرهەمەکانیان هەرگیز چاپ نەبووە و یان نەماوەتەوە. 

سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بە خاڵێکی وەرچەرخانی دیکە دێتە ئەژمار کە دیسانەوە شاعیر و نووسەرانی عەرەب بەرەو ئێرۆتیک‌نووسین چوونەوە. ئەدیب و نووسەران بە تایبەت لە ئیمپراتووریای عوسمانی و میسر دەستیان دایە ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵێک تەوەری وەک هاوسەرگیریی زۆرەملی و دووبارە بوێریی نووسین لە سەر مەیل و ویستی جەستە زیاتر بۆوە. 

زەینەب فەوواز، چیرۆکنووس و چالاکی مافەکانی ژنان لە شیعەکانی لوبنان بوو، یەک لە دیارتەین ژنانی قەڵەم بەدەستی ئەو قۆناغەیە کە هەم لە وتارەکانی خۆیدا لە ڕۆژنامەکان و هەم لەو چیرۆکانەدا کە دەینووسی، وێرابووی باسی پێداویستیی سێکسیی ژنان، عەشقی یاساخ و جەستەی ژن بکات و ڕەخنە لە هاوسەرگیریی زۆرەملیی بگرێت. 

ئەو کە خۆی کۆڕێکی ئەدەبیی پێک هێنابوو، لە یەکەم ڕۆمانی خۆیدا بە ناوی (کۆتایی خۆش) ئەو ئازایەتی و چاونەترسییەکی نواند کە بڵێ عەشق بێ ڕێزگرتنی دوو لایەنە، بەهایەکی نییە و ڕێز و حورمەتی بە پێویستیی بوونی فەزایەکی سیاسیی گونجاوەوە گرێدابوو.

ڕەنگە ئەو لەو یەکەم کەسانە بووبێت کە پرسی عەشقی تاکەکەسیی مرۆڤەکانی جیا و دابراو لە واقیعی سیاسیی نەدەبینی و لە نووسینەکانیدا باسی کاریگەریی هەندێجار وێرانکەر و تێکدەری فەزایەکی سیاسیی گەندەڵ لە سەر چواردیواریی عەشق کردووە. زەینەب فەوواز یەک لە ژنانی ئێجگار کاریگەر لە هاندانی ژنان بۆ بوێریی دەست بە قەڵم بوونیان بوو  تاوەکوو بنووسن سەبارەت بەوەی کە لە زەین و دڵیاندا دەگوزەرێت. 

"بەرپەرچدانەوەی کڵێشەکان و دەورە جێندەرییەکان" 

یەک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم گوڵبژێرە ئەدەبییە لەودایە کە سەلمی ئەلدەبباغ هەوڵی داوە لە بەرهەمەکاندا، هەوڵ و تەقەللای ژنانی عەرەب بۆ پێوەندیی خۆیان لەگەڵ شەهوەت، خواست و پێویستیی سێکسی و چێژی جەستە نیشان بدات.

ئەو ئاگادارە کە ئەم کڵێشە باوە بەر چەلێنج بدات کە ژنانی عەرەب هیچیان لە سەر مەیلی سێکسی و چێژی جەستە نەنووسیوە و بە بەڵگەوە نیشانی دەدات کە ئەوان بە هەزاران ساڵە لە نووسینەکانیاندا باسی ئەم بابەتانە دەکەن. بەڵام هاوکات ئەم ئالنگارییە هەمیشەییەش دەخاتە ڕوو کە ژنان چۆناوچۆن بەردەوام و تا بە ئەمڕۆش، تەنانەت لە زەینی خۆشیاندا، گیرۆدەی  تابۆ باوەکانی کۆمەڵگان و چۆن نووسین لەبارەی سێکس و عەشق و پێویستیی جەستە، نەک تەنها بوێریی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگا، بەڵکوو ئازایەتیی هەڵکردن لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە زەینییانەی خۆشیان داوا دەکات. لە نێو بەرهەمەکانی ئەم کۆمەڵەدا، ئەم ئاڵۆزی و تەقەللا زەینییە لە بەرهەمی ژنانی نووسەری هاوچەرخدا، بەرچاوترە لە چاو ئەو ژنانەی سەدان ساڵ پێش ئێستا لە ژیاندا بوون و دەیاننووسی.

لە یەک لە سەرنجڕاکێشترین بەرهەمەکانی ئەم کتێبەدا چیرۆکی (شیرین انجیر) لە سامییە عیسا، نووسەری لوبنانی دەخوێنینەوە کە بە ڕادەیەکی ئێجگار کاریگەر ئەم هەوڵ و تەقەللا وێنە دەکێشێت. چیرۆکەکە لە کەمپێکی پەنابەرانی فەلەستینی ڕوو دەدات. فاتمە کە ژنێکی چل و چەند ساڵان و بێوەژنە، نیوەشەو کە هەمووان لە خەودان دەچێتە تەوالێتی گشتیی کەمپەکە و لە تەنهاییدا (خودارچایی) دەکات. ڕەکعەت کە بەرپرسی(کۆمیتەی جەماوەری) کەمپەکەیە و لە لایەن هەمووانەوە ڕێزی دەگیرێت، هاوکات لەگەڵ فاتیمە و بێ ئەوەی کە ئەو بزانێ، دێتە تەوالێتی گشتیی پیاوانە کە دیوار بە دیواری تەوالێتی ژنانەیە و لە خەڵوەتی نیوەشەودا بە دەنگی ئاه و ناڵەکانی فاتیمە دەستپەڕ دەکات.

ئەو هەموو نیوەشەوێک زۆر دەترسێ کە کەسێک لە دانیشتووانی کەمپەکە بیبینێت و هەموو ئابڕو و ئیعتیبارێکی لە دەست بچێت. هەروەک فاتیمەش هەموو نیوەشەوێک دەلەرزێ کە نەوەک کەسێک بێتە ناو تەوالێتەکە و گوێی لە ئاە و ناڵینەکانی ئەم بێت و بێ حەیسییەت بێت. هاوکات هەردووکیشیان ناتوانن دەست لەم چێژە یاساخە هەڵبگرن. لە درێژەی چیرۆکەکەدا زۆر بە ئازارەوە ئەو ڕاستییە وێنە دەکێشرێت کە فاتمە تا ئەو کاتەی هاوسەری هەبوو، هەرگیز نەیزانی چێژی سێکسی چییە و جەستەی چ توانا و کارکردێکی هەیە. (پارچە گۆشت)ێک بوو لە دەستی حەز و مەیلی هاوسەرەکەیدا. دەبوو بـبێ بە بێوەژن تاکوو لە خەڵوەتی ترسناکی تەوالێتێکی گشتیدا تێبگات جەستەی چ تایبەتمەندییەکی هەیە و چ حەز و مەیلێک داوا دەکات. 

لە هەندێ لە بەرهەم کۆنەکاندا کە ئەلدەبباغ بۆ ئەو گوڵبژێرە ئامادەی کردووە، جەخت لە ڕۆڵی دووانەی(حەرەمسەرا) دەکرێتەوە: فەزایەک کە بە جوانی بە دژە ژنێتی، زیندانی کردنی ژنان و دەسەڵاتی پیاوانەوە گرێ دراوە. هاوکات شوێنێکیش بوو کە ببوو بە (فەزای ئەمن)ی ژنان بۆ کەشف و دۆزینەوەی جەستە و چێژەکان. تەنها شوێنێک کە دوور لە چاوی پیاوان و زاڵێتی و وەحشیگەری و ئیرادەی ئەوان، دەیانتوانی نەک هەر جەستەی خۆیان و ژنێکی دیکەش کەشف و ئەزموون بکەن، بەڵکوو دەرفەتێکیشیان بۆ ڕامان لە هەڵچوونی هەستەکان بۆ دەڕەخسا.  

غەلییە بنت ئەلمەهدی، خوشکی هاڕوون ئەلڕەشید، ژنێک بوو کە هاوکات هەم لەگەڵ پیاوان وهەم لەگەڵ ژنانیش پێوەندیی هەبوو. ناوی ئەم کتێبە (ئێمە بە نیشنه‌کان دەنووسین) لە شیعرێک لەبارەی غەلییە بنت ئەلمەهدی وەرگیراوە کە لە چوارچێوەکانی زەمانە تێپەڕیبوو. لە بەشێک لەم شیعرەدا دەگوترێ"ئێمە لە نێو هەموواندا، بە نیشانەکان دەنووسین، کینایە پاڵەکییەکان بێ خەت دەنووسین" لە زۆربەی بەرهەمەکانی کتێبەکەدا ئەم نیشانە، سیمبۆل و خوازانە بەرچاو دەکەون و دەرکێکی وردتر لە مەڕ مێژووی کولتووریی ئەم نیشانانە بە بەردەنگ دەدەن.

ئەلدەبباغ لە پێشەکیی کتێبەکەدا لێکی دەداتەوە کە ئەم هەموو کڵێشە و ئاستەنگیی سێکسی و ڕەگەزییە لە سەردەمی پێش ئیسلام و سەدەی یەکەم و دووهەمی پاش ئیسلامدا باو نەبوون یان بوونیان نەبووە. ئەوەی زیاتر لە هەموو شت پەرەی بەم دەریای کڵێشە و دەورە ڕەگەزییانە داوە، میراتی تاڵی ئەمپریالیزمە. زۆرێک لە بەرهەمە کۆن و کلاسیکە هەڵبژێردراوەکان لەم کۆکراوەدا، ناوەڕۆکی وەک هەڵبژاردنی چەند پارتنێری سێکسی، هەم بۆ ژن و هەم بۆ پیاو، هەیە. زۆرێک لە بەرهەمەکانی ژنانی هاوچەرخ، یان لە شوێنێکی نەزانراو ڕوو دەدات یان لە سەردەمانێکی دیکە. بۆ نموونە سەعیدە روواس، نووسەری بە ڕەچەڵەک مەراکیشی هاووڵاتیی لەندەن، لە چیرۆکی (داستانی کچێکی ئازاد)دا، گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمانی کۆن و عەشقی ئەفسانەیی (پسووخە و ئێرۆس)بە جۆرێکی دی وێنا کردووە و نووسیویەتەوە.

یۆسرا سەمیر عومران، نووسەری میسری، لە چیرۆکی (هیچ وابەستەییەکت نەبێت)دا بەسەرهاتی ژنێکی سەڵتی سی و چەند ساڵ تەمەن لە قەتەر دەگێڕێتەوە کە لە تویتەر لەگەڵ پیاوێکی خێزانداری خەڵکی سعوودیه‌ ئاشنا دەبێت. کابرا جارنە جارێک بە سەفەر دێت بۆ قەتەر و لە هۆتێلێک بە نەهێنیی ژنەکە دەبینێت. کابرا هەرکە دەزانێت ژنەکە هەستێکی بەرامبەری پەیدا کردووە، لە ناکاو ون دەبێت، ئەکاونتی تویتەرەکەی دەسڕێتەوە، ئیدی وەڵامی هیچ پەیامێکی ژنەکە ناداتەوە. چیرۆکەکە پڕە لەو نیشانە کولتوورییە گرنگانە کە دۆخی ئاڵۆز و چینایەتیی جێبەجێ کردنی خواستە سێکسییەکانە بەدەر لە چوارچێوەی زەواج و هاوسەرگیری، دەگێڕێتەوە. بۆ نموونە هەر ئەوەی کە ژن و پیاو تەنها لە هۆتێلە پینج ئەستێرە و لووکسەکان دەتوان ژوان ببەستن و یەکدیی ببینن، لە بەر ئەوەی کە تەنها ئەم هۆتێلانەن کە چاویان لە سەر ئەو ڕاستییە دەبەستن کە ژن و پیاوەکە هاوسەری یەکدیی نین. 

لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی ئەم کۆکراودا، بە شێوەیەک جەخت لە گرنگی و کاریگەریی وشەکان لە هەر پێوەندییەکی عاشقانە و جەستەییانەدا کراوەتەوە. وشەکان بە درێژایی سەدەکان، عاشقانیان لێک نزیک یان دوور کردۆتەوە. لە هەندێ لە بەرهەمەکاندا، ژنانی نووسەر بە جوانی وێنەیان کێشاوە کە ئەم شەرمە مێژوویییە سەپێنراو و هەستی گوناە بە سەر ژنانی عەرەبدا، چۆناوچۆن بەردەوام دەیانخاتە دۆخی هەڵپەسێردراوی و ئازارەوە. لە ڕوودامان لەگەڵ خۆیان، لەگەڵ هاوبەشی ژیانیان، لەگەڵ پیاو، ژنێک کە خۆشیان دەوێ و... و وێنە کێشانی چێژی ڕەسەن و یەکەی تێپەڕێن لەم شەرمە و لە ناچاربوون بە بێدەنگی و شاراوەکاریی مێژوویی. زۆرێک لە بەرهەمەکانی ئەم کۆمەڵە هەروەها وێنەیەک لە پێوەندیی نێوان ژنان و پیاوان هەم لە عەشق و هەم لە شەهوەت و هەم لە چواردیواریی ژوورەکانی نووستن، دەگێڕنەوە.
لە بەشێک لە ڕۆمانی (چاوی هەتاو) بە قەڵەمی ئەهداف سویف، نووسەری خەڵکی میسر، ئەم چەلێنج و ڕەنجەی پێوەندییە نایەکسانانە بە ڕوونی ڕەوایەت کراوە. کاتێک کە عورف و سوننەت و کڵێشە ڕەگەزییەکان، سێبەرێکی وەها ترسناک بە سەر پێوەندیی ژن و مێرددا دەسەپێنن کە وشەیان نییە تاوەکوو سەبارەت بە سێکسی خۆیان قسەی پێ بکەن، قسەیەکی ڕوون و ڕاشکاو و ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە. 

"ئێمە بە نیشانەکان دەنووسین"، کۆمەڵێک وێنەی فرەچەشن و سەرنجڕاکێشە لە مێژووی هەزاران ساڵەی ئێرۆتیک نووسینی ژنانی عەرەب، پەنجێرەیەک بەرەو جیهانێک کە زۆربەی جاران یان سانسۆڕ کراوە، یان بەهەند نەگیراوە و یاخود بە ئەنقەست بەرەو سووچێک ڕاو نراوە بۆ ئەوەی دوور لە چاوی بەردەنگ تۆزی لێ بنیشێت. 
وێنەیەک لە سەرکوت، ترس و تۆقین و نائەمنی، عەزابی ویژدان، جۆش و خرۆش و چێژی ژنانی عەرەب لە ئەزموون کردنی جیهانی پڕاوپڕ لە ئەبێ و نەبێ‌‌ ی جەستە و عاشقی‌کردن. ئەڵێی دەنگی هاواری ماندووی دژ بە بنت ئەلمەهدی لە سەردەمی خەلافەتی هاروون ئەلڕەشیدەوە تا هەنووکە دەنگ دەداتەوە. : خودایا ویستن و ئەم مەیلە تاوان نییە. 
   



ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر