میدیا و سەرکووتی کەمینەکان، ئەرکی میدیای کوردی

میدیای بەردەنگ تەوەر لە ڕوانگەی بوردیۆ، ئەو میدیایە کە ناورۆکی بەلاوە گرینگ نییە و ئەوەی بەلایەوە گرینگیپێدراوە هەبوون و زیادکردنی بەردەنگە.
AM:01:40:20/05/2022
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا


شەمزین ئەحمد نەژاد
نووسەر و ڕۆژنامە نوس


پیر بوردیۆ لە کتێبی سەبارەت بە زاڵبوونی تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەوانی دا کە سەبارەت بە دەوری تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامە و شیکاری ئەو دوو دیاردە بڵاوی کردووەتەوە، چەمکێکی هاروژێنەر دەکات بە چەقیی یەکێک لە باسەکانی. ئەو چەمکەش میدیای بەردەنگ تەوەرە.

"میدیای "بەردەنگ تەوەرە" ، خوڵقێنەری تووندووتیژی هێمایی یان سێمبولیک"

میدیای بەردەنگ تەوەر لە ڕوانگەی بوردیۆ، ئەو میدیایە کە ناورۆکی بەلاوە گرینگ نییە و ئەوەی بەلایەوە گرینگیپێدراوە هەبوون و زیادکردنی بەردەنگە. ئەم میدیایە حەشیمەت، باوەڕ، بەها و نۆرمە زۆرینەکان دەکاتە پێوەری ناوەرۆک و پێکهاتەی بەرنامە و پڕۆگرامەکانی و لانیکەم زۆر لە پرۆگرامەکانیتر زیاتر گرینگیان پێدەدات. بە واتایەکیتر ئەم زۆرینە و کەمینەی لە ڕووی فەرهەنگی و گوتارییەوە لە نێو کۆمەڵگەدا هەیە، جارێکی دیکە و ئەمجارە لە ڕێگەی میدیا و تەلەویزیۆنی گەورە و دەسترۆیشتوو لە ڕووی داراییەوە بەرهەم دێنێتەوە و دان دەنێ بە سەردەست بوون و سەردەست مانەوەیان. کەمینە دەپەراوێز دەخات و زۆرینە دەکاتە سووژەیەکی هەردەم بیندراو. ژیل دولوز ئەم چەشنە لە گووتاری میدیایی بە تووندووتیژی هێمایی یان سیمبولیک ناوزەد دەکات و دەشڵێ  لەم تووندووتیژی نواندنەدا چ ئەو کەسانەی تووندووتیژیان بەرامبەر دەکرێت و چ ئەوانەی هۆکاری ئەنجامدانی تووندووتیژین، تێید ا بەشدارن، لەبەر ئەوەی هەردوو لایەن ئاگاداری کردەوەکانیان نین.

نووسەری بواری میدیا، پاتریک شامپاین لە هەژاری کۆمەڵگەدا بەشێکی خوێندنەوەکانی تەرخان کردووە بۆ شێوەی نیشاندانی دیاردە پەراوێزەکان. پەراوێزەکان واتا، ئەو دیاردانەی کە لە نەزمی زاڵی جیهانی ئەمڕۆدا بە لاواز و کەم دەسەڵاتترەکانەوە دەناسرێنەوە. شامپاین باس لە چۆنیەتی ڕوانیینی میدیا بەرامبەر بەو دیاردە و گرووپانە دەکات و لەمە دەکۆڵیتەوە کە چۆن ژورنالیست و میدیاکارەکان بەهۆی پێویستییەکانی کارەکەیان  و جیهانبینی و لۆژیک و پێویستی پیشەکەیان، دەبنە بەرهەمهێنەرەوەی چەشنێک تووندوتیژی بەرامبەر بە ئەویترەکانی زۆرینە و بەهێزەکان.

بە گووتەی شامپاین ، میدیاو ڕۆژنامەکان بە درووستکردنی ئەو پرۆگرامانە، پێکهاتەیەکی شاراوە دادەڕێژن کە تێیدا فۆڕمۆڵی بینینی دیاردەکان دیاری دەکرێ و ئەو ئاگاییە لە زەینی بینەر و بیسەردا درووست دەکەن کە چ شتێک پێویستە ببیندرێت و چ شتێکیش پێویستە نەدیرێت.

"کاریگەری ڕاستەقینە، لێوارە تیژەکەی سەرکوتی مافی کەمینەکان"

ئەو مەترسییە سیاسیەی کە لە کاتی بڵاو کردنەوەی بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنی لەم چەشنەدا هەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستییەک کە ڕەخنەگرە ئەدەبییەکان ناویان ناوە کاریگەری ڕاستەقینە.کاریگەری ڕاستەقینە باسی ئەوە دەکات کە دیمەن دەتوانێ هەندێ شت نیشان بدات و لە قۆناغی دووهەمدا بەرامبەر بەو شتانەی نیشانی دەدات لەناخی بینەردا باوەڕ درووست بکات. لە ڕاستیدا جۆرێک پشتراستکردنەوەی بۆچوونەکانی شامپاینە. بەپێی ئەوەی میدیا، "زۆرینە تەوەری" کردووەتە پلانی سەرەکی کاریی خۆی و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە بینەری میدیای ئیکس لە میدیای ئیگرێگ زیاتر بێت، بۆیە ئەم کاریگەریە ڕاستەقینە، دەکەوێتە خزمەتی هەژمۆنیی باوەڕ و بایەخەکانی زۆرینە. لەم حاڵەتەدا ئەم پرۆگرامانە لایەنی سیاسی بەهێزیان دەبێت و بێگانەدژایی و بڵاوکردنەوەی ڕق و قین ونەفرەت بەرامبەر بە هەر ئایدیایەک کە جێگەی پەسەندی زۆرینە نەبێت،ئاکامەی کەدەبێت. 

ئەم میدیایە کە وەک لە سەرەوە باس کرا لەناخی خۆیدا هەڵگری سانسۆرە، بە نەبوونی ستراتژییەکی بەرنامەیی پیشەیی و پێشکەوتووانە و لانیکەم دادگەرانە، دەبێتە ئامرازی دەستی زۆرینە بۆ نواندنی تووندووتیژی بەرامبەر بە کەمین.

"کێبەرکێیی میدیایی بۆ بەرهەمهێنانەوەی گووتاری زۆرینە"

بە سرنجدان بەو ڕاستییە کە تەلەڤیزیۆن دەورێکی پاوانخوازانەی لە بێچمدان بە بیرکردنەوەی بەشی هەرە زۆری خەڵک هەیە و لە هەمانکاتدا بۆ ڕاکیشانی زۆرترین بینەر لە ناو زۆرینەدا، کێبەرکێیەکی گەورە دەکەوێتە نێوان تەلەڤیزیۆنە جیاوازەکانەوە، لەم حاڵەتەشدا دیسان ئەوەی دەهاردڕێت، مافی کەمینەکانە. ئالێن کاردۆ لە کۆمەڵە چاوپێکەوتنێکدا کە دەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان ڕێکیخستووە، ئەم ڕاستییە نیشان دەدات کە  لەبەر ئەوەی کاناڵێک هاتنی لافاوی ڕووماڵ کردووە، ئەوانیتریش بەهەمان شێوە دەچن ڕووماڵی دەکەن. لێرەدا دەکرێ دەیان بابەتیتر لە جێگەی لافاو دابندرێت و بە نمونە باسیان بکرێت.

"میدیای بەردەنگ تەوەر لە کوردستان"

لە ڕاستیدا دانانی یەک ڕۆژ بۆ چاودێری میدیای کوردی ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە بەشی بەرچاوی تەلەڤیزیۆنەکانی کوردستان،" ڕۆژنامە و گۆڤارەکان کەمتر"، گەلێک جاران بەبێ ئەوەی ئاگاداری ڕاستەوخۆی چەشنی مامەڵەی خۆیان بن، دەکەونە ئەو فۆڕماسیۆنە لە درووستکردنی گووتاری میدیایی کە ئەقڵیەتی زۆرینە بەرهەم دێنێتەوە و خزمەتی دەکات، ئەم ڕاستییەی کە ژیل دولوز باسی لێوەکردووە. گرینگی پێدانێکی زۆر بە بۆنە و باوەڕەکانی کوردێکی سووننە لە بەرامبەر کوردێکی شیعە، گرینگیپێداێکی زیاتر بە وێژمان و ئایدیاکانی کوردێکی سوننە لە بەرامبەر کوردییەکی ئیزدی و هتد. نیشانەناسی ئاشکرا و شاراوەی ئەم گووتارە لە میدیای کوردی بابەتێکی چەتوون نییە و ساناترین نیشانەکان تەنانەت بە شاراوەیی دەتوانن، گرینگی و لە کۆتاییدا هێزێکی زیاتر بەو لایەنە ببەخشن کە ئاماژەیان بۆ کردووە.

هەر ئێستا کاکەییەکانی باشوری کوردستان لە بەردەم پڕۆسەیەکی نوێی تەعریب و هەڕەشە و دەرکردن و دەست بەسەر زەویداگرتنی عەڕەبی هاوردە و داعشدان. میدیای کوردی چەندە ئەم پرسەی بەلاوە گرینگ بووە و چەندی کات و ووزە داناوە بۆ ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی؟ 


ئەنجام

میدیا دەورێکی گرینگی لە درووستکردنی نەتەوە و ناسیۆنالیزەکردنی تاک و کۆمەڵگەکاندا هەیە، لە هەمانکاتدا دەورێکی گرینگی لە درووستکردنی کەشێکی دێموکراتیکی ژیانی نێوان ویژمانە جۆربەجۆرەکان هەیە و ئەم تواناییە گەورەیە دەبێ بە ئاراستەی خزمەت بەو دوو ئاجێندایە کەڵکی لێوەرگیرێت نەک ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ببێتە ئامرازی دەستی وێژمان یان نیزامێکی باوەڕی لەبەرامبەر وێژمان یان نیزامێکی باوەڕی دیکە. بۆیە پێویستە سیاسەتی میدیایی لە کوردستان بە بەردەوامی لەلایەن نوخبەی نەتەوەیی و سێکۆلاری کوردستانەوە هان بدرێت بۆ ئەوەی شوێنی پێکگەیاندنەوەی کورد لە مانا گشتییەکەی خۆی دابن. گەلی کورد خۆی گەورەترین قوربانی ڕوانینی زۆرینە و کەمینە لە دوای دامەزرانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە بووە و بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستان کە ئاڵاهەڵگری یەکسانی و دێموکراسی و مافی بەرامبەر بوون، ڕاست بۆ ئەوە بووە کە بەم شێوەیە دیواری سەختی ئەو فاشیزمە تێکبشکێنن کە عەرەب، تورک و فارس لەسەر کوردستانیان درووست کردووە. هەڵەیەکی گەورەیە بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە شەڕی نەرمی داگیرکەران بەتایبەت لە باشوری ئازاد کراو بەشێوازێکی دیکە کەلێن دەخاتە نێو ڕیزەکانی گەلی کوردستانەوە، میدیای کوردی لە ڕووی وشیاری یان ناوشیارییەوە ئاو دەئاشی ئەم سیاسەتە بکەن.

هەوڵ دەدەم لە درێژەی ئەم بابەتەدا و لە بابەتی داهاتوودا، ئاوڕێک لە پرسی ناسیۆنالیزم و سوڵتەی میدیایی بدەمەوە.


ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر