وەرگێڕانی گرێبەستی ڤێتینگی (2) کۆتایی

لە هیچ شوێنێکی وەرگێڕانی مائۆری باسی مافی پارانکراوی پاشایەتیی بریتانیا بۆ کۆنتڕۆڵی سەرجەم کڕین و فرۆشتنەکانی زەوی نەکراوە.
PM:09:00:13/05/2022
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


"وەرگێڕانی گرێبەستی ڤێتینگی، بەکارهێنانی وەرگێڕان بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵات"

لەم بەشەدا وشەی مافی لەپێشبوونی کڕین بە hokonga وەرگێڕاوەتەوە، وشەیەک کە مائۆرییەکان بۆ کڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی کاڵاکانیان کەڵکیان لێوەردەگرت. لە هیچ شوێنێکی وەرگێڕانی مائۆری باسی مافی پارانکراوی پاشایەتیی بریتانیا بۆ کۆنتڕۆڵی سەرجەم کڕین و فرۆشتنەکانی زەوی نەکراوە. 

وەرگێڕانی ماددەی سێهەم لە چاو بەشەکانی دیکە کەمتر بۆتە هۆی جیاوازی و ناکۆکی. دەقی ئینگلیزیی بەم شێوەیە:-

شاژن سەرجەم دانشتووانی نیوزلاند دەخاتە ژێر پارێزگاری و چاوەدێریی شاهانەی خۆی و ئەوان لە هەموو ماف و جیاوەکەکانی هاووڵاتییانی بریتانیایی بەهرەمەند دەبن.
و وەرگێڕانی مائۆریی بەم شێوەیە: (وەرگێڕانی پێچەوانە) شاژنی بریتانیا پاریزگاریی لە هەموو خەڵکی ئاسایی نیوزلاند دەکات و ماف و ئەرکی هاووڵاتیبوونیان هاوشێوەی خەڵکی بریتانیا دەبێت. 

لێرەشدا دیار نییە مائۆرییەکان پێمل و گوێڕایەڵی چ یاسایەک دەبن، هەڵبەت لە دەقی ئینگلیزیشدا دیاریی نەکراوە و چاوەڕێ نەدەکرا واژۆکەرانی مائۆریی بەم شێوە تەواو دەرکی بکەن. 

گرێبەستی وێتینگی هەڵبەت تەنها تاپۆیەکی نووسراو نەبوو. ڕێککەوتننامەیەکی زارەکیش بوو. مائۆرییەکان پێش ئامادە بوونی ئەورووپییەکان تەنها وشەکانیان دەبیست و هیچ وێنایەکیان سەبارەت بە ڕواڵەتی وشەکان لا نەبوو. دوای ئەوەی مائۆرییەکان بە یارمەتیی بانگەشەکارانی مەسیحی فێری خوێندەوایی بوون، هێدی هێدی هەلومەرجەکە ڕووی لە گۆڕان نابوو بەڵام ناتوانین لە مەڕ ئاستی خوێندەوارییان لە کاتی واژۆی گرێبەستەکەدا بە دڵنیاییەوە قسە بکەین. گوتە زارەکییەکان وەک جاران هێزێکی بەرچاویان هەبوو، و لێهاتوویی ئاخاوتنی باش بەردەوام لە نێو مائۆرییەکاندا بە لێهاتووییەکی گرنگ دەهاتە ئەژمار. زۆر بە وردی گوێ لە قسەی گەورەکان دەگیرا چون ئەوانیان بە خاوەنی هزری کۆیی و ئەزموون دەزانی. بە هۆی گرنگیی نەریتیی کەلامی زارەکیی لە کولتووری مائۆرییەکاندا، هۆبسن سەرۆکی عەشیرەکانی بۆ بییستنی دەقی گرێبستەکە و لێکدانەوەکانی هێنری ویلیامز ناگهێشت کرد. 

بەیانیی ڕۆژی پێنجەمی فێڤریڤێریی ساڵی ١٨٤٠، جەماعەتێکی زۆر لە وێتینگی کۆ ببوونەوە. سەربازەکان، بانگەشەکارانی مەسیحی، دانیشتووانی پێشوو، دانیشتووانی نوێ و زۆرێک لە سەرۆکی عەشیرە مائۆرییەکلان لەگەڵ مولازمەکانیان ئامادە ببوون. هۆبسن بە کورتی لێدوانێکی ئاراستە کرد و گوتی ئامانج لەم کۆبوونەوە وەرگرتنی ڕەزایەتی سەرۆکی عەشیرەکان بۆ واژۆ کردنی گرێبەستێکە. دواتر بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە خوێندەنەوەی دەقی ئینگلیزیی گرێبەستی وێتینگی. دوای ئەویش هێنری ویلیامز وەرگێڕانی دەقەکەی بە زمانی مائۆریی خوێندەوە. بێدەنگییەکی قورس باڵی بە سەر ئەو ناوەدا کێشا. "ویلیامز" لەگەڵ خوێندنەوەکەیدا هەندێ تێبینی و لێکدانەوەشی زیاد دەکرد. هەرچەند بەڵگە و تاپۆکان نیشانی دەدەن کە ئەم لێکدانەوانە ڕوونکردنەوەیەک نەبوو بۆ ناوەرۆکی گرێبەستەکە و تەنها لەسەر ئەو دەسەڵات و ئیختیاراتەی کە گرێبەستەکە بۆ بەرەو ڕوو بوونەوەی بێ‌یاسایی و ڕەفتاری زیاڕۆیانە بە بریتانیای دەدا، چڕ ببۆوە. باوکی ویلیامز کە پێشتر پەیامی خواوەند و بەها مەسیحییەکانی بە دیاریی بۆ هێنابوون لە کۆتایی وتەکانیدا پێوەندیی نزیکی شاژن و خەڵکی مائۆریی بیر هێنانەوە و ڕایگەیاند وەک خۆی لەگەڵ ئەم گرێبستە هاوڕایە. دوای بیستنی دەقی گرێبەستەکە بە زمانی مائۆری، سەرۆکی عەشیرەکان دەستیان کرد بە تاوتوێ کردنی و تا ئیوارەی هەمان ڕۆژ باس و مشتومڕی هاوڕا و ناهاوڕا بەردەوام بوو. 

بەیانیی ڕۆژی شەشەمی فێڤریڤێریی ١٨٤٠ سەرۆکی عەشیرەکان بڕیاریان دا کۆتایی بەم ڕاوێژە بێنن. خواردنیان لە تەواوبووندا بوو و زۆریان ڕێگەیەکی دوور و درێژیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەی خۆیان لە بەر بوو. ڕێوڕەسمی فەرمیی ئیمزای گرێبەستەکە زۆر بە پەلە ڕێکخرابوو و هۆبسن کە لە سەر عەرشەی پاپۆڕەکەی خۆیدا بوو و ئاگای لە ئەنجامی کارەکە نەبوو، بە پەلە گەڕایەوە بۆ وێتینگی. گرێبستەکە جارێکی دی لە لایەن ویلیامزەوە بە زمانی مائۆریی خوێندرایەوە. کاتێک کە ناوەکان یەک بە یەک دەخوێنرایەوە، زۆربەی زۆری سەرۆکەکان بۆ ئینمزای گرێبەستەکە دەهاتنە پێشەوە. پاشان گرێبەستەکە برایە بەشەکانی دیکەی دوورگەی باکووری و لە چەندین ڕێوەڕەسمی هاوشێوەدا ئیمزای زیاتر کۆ کرایەوە. هەر وەک کۆبوونەوەی وێتینگی، لە ناوچەکانی دیکەش جەخت لە پێوەندیی هاودڵانەی پاشا و مائۆرییەکان کرایەوە. ئەو باوەڕەی سەرۆکی عەشیرەکان بە بانگەشەکارانی مەسیحی و ڕاسپاردەی ئەوان بۆ واژۆی گرێبەستەکە هەیانبوو، دەربڕی ڕەهەندە مینۆکییە بەرینەکانی ئەم گرێبەستە بوو. ڕۆژی ٢١ی مانگی مەی ساڵی ١٨٤٠، هۆبسن حوکمڕانیی بریتانیای بە سەر دوورگەی باکوور بە هۆی گرێبەستی وێتینگی و بە سەر دوورگەی باشوور بە هۆی دۆزینەوەوە ڕاگەیاند.

هەر لە سەرەتاوە  گرێبەستی وێتینگی بە خەرمانەیەک لە تەم و مژ داپۆشرابوو. کاتێک کە بەڕێوەبەرایەتیی کۆلۆنیالیی بریتانیا چەندین نوسخە لە گرێبەستەکەی – هەریەک بە تۆزێک جیاوازیی لە چاو ئەویدی – لە هۆبسن وەرگرت پێدەچوو کە وەرگێڕانی دەقی مائۆریین. وەک پاشکۆی یەک لە نوسخەکان جەخت کردنەوەیەک لە لایەن هێنری ویلیامزەوە هەبوو بەم ناوەرۆکەوە کە دەقی ئینگلیزی وەرگێڕانیی وشە بە وشەی گرێبەستی وێتینگییە، کە هەڵبەت ئەمە درووست نەبوو. دەقی ئینگلیزی وەرگێڕانی پێچەوانەی گرێبەستەکە لە زمانی مائۆرییەوە نەبوو. مێژوو سەبارەت بە هانە و هاندەری هێنری ویلیامز بۆ ڕادەربڕینی پێچەوانەی ڕاستی و دانانی وەرگێڕانەکە وەک دەقی سەرەکی هیچ زانیارییەک بە دەستەوە نادات. 

هەرچەند لە مێژووی وەرگێڕاندا کەیسی هاوشێوەی ئەمە کەم نەبوو. چەندین و چەند وەرگێران وەک دەقی سەرەکی ئاراستە کراون و چەندین و چەند دەقی سەرەکی کە لە بەر هۆکاری جیاجیا وەک وەرگێڕان ناسێنراون. لێرەدا دەبێ گریمان بکەین کە ویلیامز بەتەواوی لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستانەی نوێی بریتانیا و بیر و ڕای کۆمەڵەی بانگەشەکارانی مەسیحی ئاگادار بووە و بە هۆی ئەم گوشارانەوە بووە کە دەقی مائۆریی وەک دەقی سەرەکیی ناساندووە. دەبێ هۆکاری بڕیاری ئەو بۆ لەپێشگرتنی دەقی مائۆریی لە چاو دەقی ئینگلیزی کاتی پێشکەش کردنی بە دەوڵەتی بریتانیا لە خواستی بۆ پەسەند کردنی گرێبەستی ئیمزاکراو لەلایەن دەسەڵاتە سیاسی و ئەخلاقییەکانی بریتانیادا ببینین. تەم ومژەکان کاتێک زیاتر بوو کە هۆبسن هەر دوو نوسخەی ئینگلیزی و مائۆریی نارد بۆ لەندەن لە حاڵێکدا کە لە سەر هەردووکیان نووسرابوو "گرێبەست". کاتێک کە بڕیار درا ئەم بەڵگانە بڵاو بکرێنەوە، دەقی مائۆریی وەک "گرێبەست" و دەقی ئینگلیزی وەک وەرگێڕان خرایە بەردەستی هەمووان و بەم چەشنە ئەم ئایدا لە بریتانیا هەڵخڕا و جێگیر بوو کە مائۆرییەکان بە تەواویی ئاگادار بوون کە بە ئیمزا کردنی ئەم گرێبەستە دەسەڵات لە وڵاتەکەیاندا بەدەستەوە دەگرن.
ساڵی ١٨٦٩ لە هەلومەرجێکدا کە شەپۆلێک هەستی دژە مائۆریی لە نێوان بەرپرسانی حکوومەتی و خەڵک بیچمی گرتبوو، فەرمان درا دیسانەوە دەقە ئینگلیزییەکە وەرگێڕدرێتەوە تاکوو بەم شێوە پێگەی مائۆرییەکان، بەڵێن و مافەکانیان وەک هاووڵاتیی بریتانیایی بە تەواوی ڕوون بکرێتەوە. دەوڵەتی بریتانیا گەیشتبووە ئەو ئەنجامە کە دەقی سەرەکی لە وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی "نفرەت هێنەری" مائۆری لە دەست چووە و تێکدراوە. دەستەوشەی حەیاتی و چارەنووس‌سازی ماف و ئیختیاراتی حکوومەت ئەمجارەیان بە هەموو دەسەڵاتە ئاساییەکان و حوکمڕانیی سەرۆکی عەشیرەکان وەرگێڕدراوەتەوە، وشەی خاوەندارێتی لە ماددەی دووهەمی گرێبەستەکەدا کە پێشتر بە rangatiratanga وەرگێڕدرابۆوە کە مانای سەرۆکی عەشیرەیی بوو، ئەمجارە بوو بە tuturutanga بە مانای گەرەنتیی بێ‌بەند و مەرج. هەرچەند ئەم دەقە تەنها وەرگێڕانێکی نوێ نەبوو بەڵکوو گرێبەستێکی جیاواز بوو بە نیسبەت ئەو شتەی کە سەرۆکی عەشیرەکان پێشتر پەسەندیان کردبوو.

کۆمەڵگای مائۆریی لە ڕێگەی نوێنەرانی مائۆریی پاڕلەمانی نیوزلاندەوە هێدی هێدی لە گۆڕینی مەرجەکانی گرێبەستەکە گەیشتن. گرێبەستێک کە ڕۆژێک هێمای دەستئاوەڵایی و گەشبینیی بوو ئەمڕۆکە لای شەپۆلی نوێی چالاکانی مائۆریی پیلانێکە بۆ ئەوەی کە زەوی و زارەکان، سەرچاوەکان و مافی سەربەخۆییان لە چنگیان دەربێنێت. واڵکێر نووسیویەتی: "ویلیامز تاقە کەسێکە کە دەبێ بە هۆی وەرگێڕانی هەڵەوە سەرکۆنە بکرێت". بەڵام بەڕاستی بۆ دەبێ "ویلیامز" سەرکۆنە بکرێت؟
فەزای وەرگێڕانی ئەمڕۆ لە بەر ناتوانایی لە ڕاگواستنی زانیارییەکانی دەقی سەرەکی کە بوو بە هۆی بەدەستەوەدانی دەقێک بە دەور و کارکردی جیاوازەوە، سەرکۆنەی دەکات. گەرچی دەقی سەرچاوە بە ڕوونی سەبارەت بە دان و ڕادەست کردنی مافی حوکمڕانیی بە بریتانیا ڕاشکاوە، لە وەرگێڕانی نووسراو و زارەکییدا ئەم بابەتە لە قاڵبی عەشق و دلۆڤانیی شاژن بەرامبەر بە مائۆرییەکان باس دەکات. دەقی سەرچاوە وەک بەڵگەیەکی حقووقی لە هەلومەرجێکدا نووسرا کە بە پێی هەندێ تیۆریی حقووقی تەنها حوکم و ڕوانگەکانی نەتەوە ژیارمەندەکان شیاوی گرنگیدان و پشت پێبەستنن. بەم حاڵەشەوە وەرگێڕانی گرێبەستەکە لە ڕوانگەی مائۆرییەکانەوە پەیمانێک بوو کە بەڵێن و وەعد و بەرپرسیارێتییەکانی هەڵگری هێزێکی پیرۆز بوو. 

لێکدانەوە نوێکان وەرگێڕانەکەی ویلیامز بە هۆی دەرکی ناڕاستی لە مەڕ دەوری وەرگێڕ وەک پێوەندیی نێوان دوو کلتووری جیاواز سەرکۆنە دەکات. لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە دەقەکانی سەرەکی و وەرگێڕدراو ڕەگیان لە دوو کولتووری دوور لە یەکدیدا بوو، وەرگێڕ وەک پردی پێوەندیی نێوانایان دەورێکی کلیدیی هەبووە. لە باتیی نێوەندگیری و ڕوونکردنەوەی مەبەستەکان، هەست و چاوەڕوانییەکانی لایەنەکان، لەم نموونە بەرچاوەدا دەبینین هەوڵ دراوە بە دەستێوەردان و لێ زیاد کردن و شاردنەوەی مەبەستی ڕاستەقینەی دەقی سەرچاوە، هاوڕایی کۆمەڵگای دووهەم بەدەست بهێنرێت. ویلیامز بەرهەمی کات، ئایینزا و ئایدۆلۆژیای زاڵی سەردەمی خۆیەتی. وەرگێڕانەکەی هەر سێی ئەمانە نیشان دەدات. ئەو بە توندی لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە لە ژێر حوکمڕانیی بریتانیادا زۆ باشتر خزمەت بە مائۆرییەکان دەکرێت، وەک چۆن لە سەر ئەو باوەڕەش بوو کە ئیمان بە خواوەندی مەسیحییەکان ڕۆحی مائۆرییەکان ڕزگار دەکات. وەرگێڕانی ویلیامز گەشە و نەشەی ستراتیژەکانی وەرگێڕانە لە سەر دەستی ئەو وەرگێڕانەی خزمەت بە دەسەڵات دەکەن. سەبارەت بە ویلیامز دەتوانێن بڵێین دەسەڵاتی ئەو جیهانەی ئەو خزمەتی پێ دەکرد لە ڕێگەی دەسەڵاتی مینۆکییەوە بەهێز و تۆکمەتر دەبوو. ڕوانگەی ئەو بەرامبەر بە جیهان و بەرامبەر بە پلە و پێگەی خۆی لەم جیهانەدا فاکتەرە سەرەکییەکانی دیاریکەری ستراتیژەکانی ئەو وەرگێڕانەی ئەو بەکاری هێناوە، بوون. 

ئەم لێکدانەوە تایبەتییە جەختکردنەوەیەکە لە سەر ئەو ڕوانگەی کە وەرگێڕانەکان تایبەتمەندییە پێگەییەکان و زەمەن و کولتووری خۆیان دەخەنە ڕوو. وەرگێڕەکان کە لە تۆڕێک لە پێوەندییە پاڕادۆکسیکاڵەکاندا گیریان خواردووە لە سەر بنەمای دەرک و تێگەیشتنیان لە پێگەیان و دەوریان لە کولتووردا، گرژی و ئاڵۆزییەکان چارەسەر دەکەن. هەروەها دەبینین کە چۆناوچۆن لە هەلومەرجێکدا کە کولتوورەکانی سەرچاوە ومەبەست جیاوازیی بنەڕەتییان نییە وەرگێڕان پڕ کێشەتر دەبێت. لە حاڵێکدا کە لە ڕووکردی سیستەمی چەندلایەنەی توێژەرانێکی وەک ئیتامار ئۆن زێهر، گید ئۆن تۆری و لێفۆردا ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە بەهاکانی کولتوورێک بەرامبەر بە بەهاکانی کولتوورێکی دیکە دابنرێت، بەڵام لە پێگە و دۆخەکانی پۆست کۆلۆنیالیستی ئەمە زۆر لە پەسەند کردن نایەت. کاتێک کە مەودای نێوان دوو کولتوور نایەکسانیی گرژی دەسەڵاتی لەگەڵدایە، کولتوور لە وەرگێڕان بەدەر دەبێت. وەرگێڕانی گرێبەستی وێتینگی لە ئینگلیزییەوە بۆ مائۆری لە هەلومەرجێکدا کە ئینگلیزی بە کولتووری زاڵ دەهاتە ئەژمار و مائۆریی کولتوورێکی خۆجێیی بوو، نموونەیەکە لەم نایەکسانییە. لە وەرگێڕان‌بەدەربوونی کولتوور کە هومی بابا باسی دەکات بە گرژترین شێوازی خۆی لەم نموونەدا دیارە واتا گواستنەوەی ڕووتی مانا کە ئەنجامەکەشی وەرگرتنەوەی ئازادی و ئیختیارە لە نەتەوەی خۆجێیی.

هەلومەرجی مێژوویی وەرگێڕان و ئیمزای گرێبەستی وێتینگی نموونەیەکە کە گرنگیی دەوری بانگەشەکارانی ئایینی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆژە کۆلۆنیالییەکان وهەروەها دەوری وەرگێڕان لە بەدیهێنان و سەپاندنی بونیادەکانی دەسەڵات نیشان دەدات.

بە وتەی سووزان بێسێنت "ناچارین دەور و ڕۆڵی وەرگێڕ لە گۆڕینی شێوازی دەقی سەرەکیی پشتڕاست بکەینەوە، دەورێک کە زۆر دوورە لە پاکی و مەعسوومییەت." سەبارەت بە وەرگێڕی گرێبەستی وێتینگی دەبێ بڵێین کە ئەو هەر دەورێکی گێڕا جگە لە دەوری مرۆڤێکی مەعسووم. هێنری ویلیامز بە گۆڕنی فۆڕمی دەقەکە، بەشێک لە جیهانی بۆ هەمیشە گۆڕی. کاریگەرییەکی سیاسیی کە ئەم وەرگێڕانەی هەیبووە بە ڕادەیەکە کە هەمیشە کاریگەریی لە سەر چۆنێتیی ئامادەیی دوو نەتەوەکە لە وڵاتێکدا داناوە. ئەم گرێبەستە بەم دواییانە ئەو دوو نەتەوەی نیوزلاندیان درووست کردووە، بەرامبەر بە یەکدی وەستاندووە. لەو ڕۆژەوە کە گرێبەستەکە ئیمزا کراوە تا ئەمڕۆ، نوسخەی ئینگلیزیی گرێبەستەکە لە بەر دەستدا بووە کە لە لایەن دەوڵەتەکانی نیوزلاندەوە تەفسیر کراوە و بەڕێوەیان بردووە. تا دەهەی ١٨٦٠ واتا ئەو کاتەی کە نیوزلاند شەپۆلێک لە کۆچ کردن لە بریتانیاوەی بە خۆوە بینی، حەشیمەتی مائۆرییەکان زیاتر بوو لە ئینگلیزییەکان، بەڵام بەرە بەرە ژمارەیان لە چاو ئینگلیزییەکان کەمی کرد.

سەردەمانێک کۆنتڕۆڵی مائۆرییەکان بە دەست سەرچاوە سروشتییەکان و چارەنووسیاندا بوو، بەڵام لە دوای ئیمزای گرێبەستەکەوە، هەموو ڕەهەندەکانی ژیانیان کەوتە دەستی ئەورووپییەکانی دانیشتووی نیوزلاندەوە. کاتێک کە ساڵی ١٨٧٧ جەیمز پرەندەرگاست، دادوەری گشتیی دیوانی باڵا، گرێبەستەکەی لە ڕووی یاساییەوە بە بێ ئیعتیبار دانا، بە کردەوە "گرێبەستەکەی تا کۆتایی سەدە تووشی سەرگەردانییەکی قەزایی کرد". دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕینی مائۆرییەکان بە هۆی کردەوەیی نەبوونی ماددە و پڕەنسیپەکانی گرێبەستەکە  بەردەوام دەبیسترا. نوسخەی مائۆریی گرێبەستەکە بوو بە هۆکارێک بۆ یەکگرتنیان و پێکهێنانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین و دوابەدوای ئەویش بەرە بەرە چالاکیی سیاسیی بەرفراوان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی مافەکانی نەتەوەی خۆجێیی. سالانی نێوان ١٩٧٥ و ١٩٨٥ نیوزلاند بە هۆی بانگەوازی مائۆرییەکان بۆ سەربەخۆیی و خاوەندارێتیی زەوییەکان تووشی شێوان و نائارامی بوو. ڕێپێوانی ساڵی ١٩٧٥ یەکەم حاڵەت لە چەندین حاڵەتی بەرەو ڕوو بوونەوەی دوو نەتەوەکە دێتە ئەژمار. کاتێک کە ڕێپێوانەکە گەیشتە وێلینگتۆن‌ی پایتەختی نیوزلاند، هەزاران کەسی پێوە پەیوەست ببوو و بەم شێوە بە حکوومەتیان ڕاگەیاند کە دەبێ بەرپرسیارێتییەکانی لە گرێبەستەکەدا جێبەجێ بکات. 

ئەنجامی زیاتر کە سەد ساڵ کێشمەکێش، پێکهێنانی لێژنەی چارەسەرکردنی ناکۆکیی لە گرێبەستی وێتینگیدا بوو. کە بە پێی یاسای پەسەندکراوی پەسەندکراوی ١٩٧٥ی گرێبەستەکە و پەیوەستکراوی ١٩٨٥ ئەنجام درا و بە هۆیەوە مائۆرییەکان توانییان بۆ نەهێشتنی نادادپەروەرییەکانی ڕابردوو داواکارییەکانی ١٨٤٠ گەڵاڵە بکەن. دەهەی ١٨٩٠ سێ داواکاریی سەرەکیی جێبەجێ کرا. یەکەمیان مەسەلەی مافی ماسی‌گرتن بوو کە تێیدا پاشای بریتانیا کۆنتڕۆڵی نزیکی ١٥%ی سەرچاوەکانی ماسیگریی وڵاتی گەڕاندەوە بۆ مائۆرییەکان. هەرچەند پارەیەک کە لەم گرێبەستە بەدەست هاتبوو دەبوو بە سەر عەشیرە جیاجیاکاندا دابەش بکرایە چونکە گرێبەستەکە پشکی عەشیرەکانی بە شێوەی جیاواز دیاریی نەدەکرد و هەموویانی پێکڕا لە بەرچاو دەگرت. دوو داواکاریی دیکە کە ساڵانی نێوان ١٩٨٦ و ١٩٨٨ جێبەجێ کرا Tinui و Ngaitahu بوون کە بەهای هەریەکیان ١٧٢ ملوێن دۆلاری نیوزلاند بوو. هەنووکە زیاتر لە پانسەد سکاڵای بچووکتر ماوەتەوە کە دەبێ چارەسەر بکرێن. هەندێ لە مائۆرییەکان لە بەر دواکەوتنی زیاتر لە چەند دەهە لە جێبەجێ کردنی سکالاکانیان، هەستی بێ هیوایی و دۆشدامایی بەنیسبەت بە بەڕێوەچوونی دادپەروەرییەوە دایگرتوون.

لە لایەکی دیکەشەوە کەسانێک هەن کە لایان وایە بازرگانیی سوودمەندی گەلاڵەکردنی داواکارییەکان زۆر پەرەی سەندووە. ئەمڕۆکە هەندێ دەنگی بەهێز هەن کە دەیانهەوێ بەشداریی ڕوو لە گەشەی مافناسەکان، مێژووناسەکان، توێژەران و ڕاوێژکاران لە تەوەری چارەسەرکردنی جیاوازی و ناکۆییەکاندا بوەستێنن. بەشداریی ئەوان لەم کارەدا لە ماوەی ساڵانی ٩٩-١٩٩٨ نزیکی ٤٦٠٢ ملوێن دۆلاری نیوزلاندی بۆ ئەوانەی باج دەدەن، تێچووە. ئەم بەرە هاوار دەکەن: بەسە! گرێبەستەکە هەرگیز لە لایەن پاڕلەمانەوە بە شێوەی یاسا کاری پێنەکراوە و هەر بۆیە ڕواڵەتی یاسایی نییە. کەسانی نەیار لە بەشە جیاجیاکانی باڵە سیاسییە بەهێزەکان لایان وایە دەبێ پێڕاگەیشتن بە هەموو سکاڵاکان بووەستێندرێت. ئەو کەسانەی دەستیان لە بڕیاردان سەربارەت بە داهاتووی گرێبەستی وێتینگیدایە، دەزانن ڕەفتاری ئەوان یان پێوەندیی نێوان نیژادەکان لە نیوزلاند دەخاتە مەترسییەوە یاخود ئەنجام ئەو هەلومەرجە ئارمانجییەی هۆبسن کاتی گووشینی دەستی سەرۆکی عەشیرەکان دوای ئیمزای گرێبەستەکە گوتی کردەوەیی دەبیت: He iwi tahi tatou/ ئێمە ئێستا یەک نەتەوەین.


نووسین: سابینا فێنتۆن و پۆل مۆن

وەگێڕان: چنوور فەتحی

  


ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر