دەوڵەتشاری کەونینەیی (2) کۆتایی

بەسەرهاتی سوكڕات زۆر بە باشی سروشتی دەوڵەتشاری كەونینەیی دەخاتە ڕوو و بە شێوەیەكی خەماوی نیشانی دەدات كە تاك لە پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتشاردا چ سەربەستی و دەسەڵاتێكی نەبووە.
PM:01:23:08/05/2022
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


2ـ بەرەوڕوو بوونەوەی تاك و دەوڵەتشار؛ هەوڵی سوكرات.

بەسەرهاتی سوكڕات زۆر بە باشی سروشتی دەوڵەتشاری كەونینەیی دەخاتە ڕوو و بە شێوەیەكی خەماوی نیشانی دەدات كە تاك لە پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتشاردا چ سەربەستی و دەسەڵاتێكی نەبووە. ئەم بەسەرهاتە لەو ڕووەوە كە دادگاییكردنی سوكڕات لە ساڵی 399ی پێش زایین ئەو ساتەوەختە بوو كە دیمۆكراسی لە ئاسیا بناغەی خۆی پتەو كردبوو، ڕۆشنگەرە. لە بەر ئەوە سەركۆنەی ئەو فەیلەسووفەیان دەكرد كە بەرامبەر بە ئایینی دەوڵەتشارەكە و لێرەوە بەرامبەر بە دەوڵەتشارەكە خۆی تووشی تاوان ببوو. سوكڕات لە ڕاستیدا هەم بە بێ‌بڕوایی بە خواكانی دەوڵەشتار و قسەكردن لە خواوەندێكی نوێ و هەم بە گەندەڵ‌كردنی لاوان (بەو مانا كە هۆكاری ڕوو وەرگێڕانی گەنجان لە خواكانی دەوڵەتشار بوو و دەیانیكرد بە هاووڵاتییانێكی ناپەسەند و نەگونجاو) تاوانبار دەكرا. هەر بۆیە لە بەر ئەم دوو هۆكارە كە ئێجگاریش مەترسیدار دەهاتنە ئەژمار، سوقڕات پاش دادگاییەكی ئاسایی و هەڵبەت بە زۆرینەیەكی لاوازەوە (128 دەنگ لە كۆی 502 دەنگ) سزای مەرگی بەسەردا سەپا.
سوكڕات، بەوتەی پێڕەوكەرانی ـ ئەفلاتوون و گزنفۆن ـ نەچووە ژێر باری تاوانی بێ‌باوەڕی بە خواكان بەڵكوو بە پێچەوانەوە ڕایگەیاند باوەڕێكی بەهێز و پڕی پێیان هەیە. ئەو بۆ سەلماندنی لە سەرحەقبوونی خۆی دەستەوداوێنی پەیامهێنەری خودای دۆڵف بوو كە ڕایسپاردبوو و دەبوو گوێڕایەڵی بێت. بەم چەشنە سوكڕات سەرەڕای وەفاداربوونی بەخواكانی ئەسینا باسی لە خوایەكەی بیانی دەكرد كە بە‌ مەزنتر و سەرتری دادەنا. كەوابوو سەركۆنە دەكرا چونکە خوایەكی بیانیی بەخوایی هەڵبژاردبوو و دەیویست لە باتیی خواكانی شار ئەو دابنێت كە بێگومان ئەمە تاوانێكی قورس بوو بەرامبەر بە شارەكە بكرێ. سوكڕات لە ڕاستیدا بەم ئاكارەی ڕێگەی جیابوونەوە لە ئەسینا گرتەبەر تاكوو ئیلهامەكەی خۆی لای خواوەندێكی بیانی و لە ‌شوێنێكی دیكەدا بدۆزێتەوە. ئەو بەرامبەر بە خواوەندە ڕەسمییەكان، خوایەكی بیانیی دەسنیشان كردبوو كە بە‌گەیاندنی بروسكەیەكی تاكەكەسی، ئەركێكی تایبەتیی پێ ڕاسپاردبوو. پێویستە بگوترێ سوقڕات نە بەنیاز بوو ڕۆڵێكی كۆمەڵایەتی بگێڕێت و نە دەستی دابووە چاڵاكییەكی كۆمەڵایەتیی لەشارەكەدا. ئەوەی ڕاستی بێت ئەو وەكوو تاكێكی جیا لە شاردا دەژیا و ڕەفتاری دەكرد، ئەو خوازیاری بوونێكی سەربەخۆ لە شارەكە بوو. لەو ڕووەوە كە شێواز و مێتۆدێكی وا تاكەكەسی و تایبەتی بوو و بە ململانێ لەگەڵ شاردا دەژمێردرا، لەلایەن شارەوە قبووڵ نەدەكرا.

ئەرك و بەرپرسیارێیتی سوكڕاتیش مانایەكی هاوشێوەی ئەمەی بوو، چونكە بەپێی ڕامان بە شێوەیەکی تاکەکەسی و تایبەت بەخۆ و بەكارهێنانی زەینی ڕەخنەگرانەی بوو. ئەم فەیلەسووفە وێڕای گەڕانەوە بۆ سرووشتی لاهووتی، ڕوون وگەش بە بەرپرسانی دادگا دەڵێ:- «خواوەندێك ئەم ئەركەی خستە سەرشانی من كە بە ڕامانی فەلسەفی و توێژینەوە لە مەڕ خۆم و دیتران بژیم». کەواتە، بەم چەشنە سوكڕات كە لە پێویستیی پێڕەوكردنی فەرمان و گوتە خواییەكان گەیشتبوو و هێزێكی ناڤۆكیی بەرەو پێشی دەبرد، لەگەڵ ڕامان و داوەریكردن لە سەر بنەمای هزری خۆی دەستیپێكرد و گەشتە ئەو قەناعەتە كە زانایی ڕاستەقینە گەشتن لە نەزانیی خۆد و وشیاریی لە مەڕ ئاستەنگییەكانی زانایی خودە. ئەو لای وایە ‌زۆربەی هاوشارییەكانی كە شانازی بە زانایی خۆیانەوە دەكەن، بەتاڵن لەم شكۆ و پلەیە: «بە تاقیكردنەوەی بەناوبانگترینیان بەپێی ئەندێشەی ئەو خواوەندە بۆم دەركەوت جگە چەن ڕیزپەڕی دەگمەن، هەموویان لە هەڵەدان، كەچی دیتران ـ هەمان ئەوكەسانەی زیاتر بە خوار و سووك دادەنرێن ـ لاموایە ساختر و ڕاستتر بن.» سوقڕات سەرەتا ڕاستیی تیۆرەكەی خۆی لە مەڕ سیاسەتوانان و پاشان لە سەر شاعیران و كاسبكاران نیشاندا و بەم كارە ئاگری گەلێك دوژمنایەتیی لەدەوروبەری خۆیدا هەڵكرد. جگە كەسەكان، ئەو هەروەها بەچاوی دوودڵی و گومانەوە دەیڕوانییە نەریتە پەسنكراوەكان و داب و بەها جێگیرەكان. سوكڕات لەواقیعدا بە وێرانكردنی دەوڵەتشارێك هەستا كە بناغەكانی كەوتبوونە لەرزین و سەقامی ڕوو لە هەژین دەبۆوە. 

جگە لەمە سوقڕات لە نێو گەنجاندا چەندین بیسەری دۆزیبۆوە كە پێڕەویان دەكرد (تاوانی گەندەڵكردنی لاوان لێرەوە بوو). سوقڕات لە ڕاستیدا بە ڕامانی فەلسەفی، واتە ئەندێشەی ئازاد و خستنە ژێر پرسیاری هەموو شتێك خوازیاری مافی ژیان وەكوو تاك ـ بەرامبەر بەشار و كە پێویستیش بوو دژ بە‌شار ـ بوو. بەڵێ ئەو بە ئەندێشەی ئازاد و ڕەخنەگرانە لە شار دابڕا، لە كەم‌كردنەوەی خۆی وەكوو هاووڵاتی دەستی هەڵگرت و بەم شێوە هەستییەكی تایبەتی سەربەخۆی بەدەست‌هێنا.

بە بڕوای سوكڕات، ئەم ئامانجە ڕووگەیەكی ڕەهای بوو چونكە هەم باڵاتر لە شار بوو و هەم ڕوو وەرگێڕان لێی نامومكین بوو. كەواتە سوقڕات نەیدەتوانی بە چ شێوەیەك چاو لەڕامانی فەلسەفی دابخات، ‌چونكە وەها كارێك جگە نەفیكردنی خۆی و دەستهەڵگرتن لە زانایی (فرەزانی) چ مانایەكی نەبوو. ئەو تەنانەت لای وابوو بەرپرسیارێتی و ئەركەكەی بایەخ و سوودی زۆر بە شار دەگەیەنێت و هەربۆیە دەیگوت: «دەزانم هەرگیز بۆ ئەم شارە بابەتێكی سوودمەندتر لەم تاسە و كەفووكوڵەی من بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دەستوورە بەدینەهاتووە.»

ڕووگەی ڕەهای بۆچوونی سوكڕات بە دوو شێوە جەختی لێدەكرێت: «سەرەتا بە پەسەندكردنی مەرگ و دووهەم بە باسكردن لە دەستووری خوایی. لە ڕاستیدا، سوكڕات ویستی بمرێ، بەڵام لە ئەنجامدانی ئەركەكەیدا درێخی نەكات. وەكیتر، ئەو لە بەر ئەوە لە مەرگ نەدەترسا كە هیچكەس نازانێ مەرگ چیە و ناكرێ بگوترێ خێرە یان شەڕڕ. بەهەر چەشنە، سوكڕات بێگومان بوو لەوەی ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە تا وەكوو گرینگی و لەپێشبوونی ئەندێشەی تاكەكەسیی خۆی بۆ ‌جیهان دەربخات. لەلایەكی دیكەوە، سوكڕات بۆ تێبینی هێنانەوە بۆ ئەم ڕووكردەی خۆی پەنای بۆ فەرمانی خودایی دەبرد كە چۆن بەرین و بەربڵاو بوو بە سەر ئەویشدا وەك دیتران دەسەپا و نەیدەتوانی ملی لێبادا. بەم چەشنە، سوكڕات بە ڕاگەیاندنی سەرچاوەی خوایی بەرپرسیاریێتییەكەی لە ڕاستیدا هەم پیرۆزبوون و هەم نامومكین‌بوونی دژایەتیكردنی دەسنیشان كرد. هەربۆیە بنەبڕانە بە دادگارییكەرانی گوت: «من زیاتر پێمل بە خواوەند و گوێڕایەڵی ئەوم تاكوو ئێوە، كەواتە دڵنیا بن تا دوا هەناسەی ژیانم دەست لە ڕامانی فەلسەفی، لە هاندانی ئێوە و فێركردن و ئامۆژگاری‌كردنی هەریەك لە ئێوە هەڵناگرم.»

سوكڕات بەم ڕەفتارە لەواقیعدا داوای سەربەخۆیی تایبەتیی خۆی لە هاوشارییەكانی و لە كۆی دەوڵەتشارەكە دەكرد، كە هەڵبەت نارەزایی دەربڕین بەرامبەر بە دەوڵەتشار، هەژاندنی كۆڵەكەكانی، بە هەڕەشەیەكی جیددی بۆ سەر شارەكە دەهاتە ئەژمار. بەڵێ قسە لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی بنەڕەتیی تاك و شار بوو، بە چەشنێك كە تاك ویستیاری ژیان و ڕامانی ئازادانە بوو و شار نەیدەتوانی ئەم مافە‌ ڕووخێنەرەی پێبدات. ئەم واقیعەی مەحكووم‌كردنی سوقڕات بە مەرگ و ئێعدام‌کردنی، بەرپەرچدانەوەی جەستەیی و بنەبڕی لە شار لێکدەداتەوە. بە هەموو ئەمانەشەوە پێویستە بگوترێ مەحكوومبوونی ]سوكڕات[ بە زۆرینەی دەنگ نا، بەڵكوو بە زۆرینەیەكی لاواز پەسەند كرا و ئەمە نیشانی دەدات كە لە ئەسینای ئەو سەردەمەدا، كەمینەیەكی بەرچاو بۆچوونەكانی ئەوی پەسەند دەكرد یان لانیكەم بۆ شار بەشیاو و گونجاو دایدەنا.

سوكڕات كە خۆی بە تاوانبار نەدەزانی لە سەر حوكمەكە چ قسە و مشت و مڕێكی نەكرد (لە حاڵێكدا یاسا ڕێگەی پێدەدا) و ویستیاری گۆڕانیشی بۆ شاربەدەركردن نەبوو. هەروەها هەڵنەهات، هەرچەن بە یارمەتیی هاوڕێكانی ئەم دەرفەتەی بۆ دەڕەخسا. جگە لەمە، بەڕێوەچوونی حوكمەكە ـ واتە خواردنەوەی شەوكەران ـ پێویستی بە بەشداریی چالاكانەی ئەو بوو و بۆ نەفیكردنی خۆی بەدەستی خۆی هانیدەدا. ڕەفتاری سوكڕات تەنیا بە ڕواڵەت سەیر دیارە چونكە دەبێ بیرمان نەچێت ئەو لە مەرگ، كە لەوانە بوو خێر بێت، سڵی نەدەكرد، بەتایبەت بە‌ پەسەندكردنی مەرگی خۆی، بەرامبەر بە شار خۆی وەكوو تاك سەلماند و ئەم كارەی بە شێوەیەكی ڕەها و هەمیشەیی ئەنجامدا. هەڵبەت ملدانی ئەو بە یاساكانی شار بە ڕەچاوكردنی ئەو بابەتەی كە ئەو بە شك و گومانەوە دەیڕوانییە شارەكەی خۆی، جێگەی سەرسووڕمانە، بەڵام هۆی ئەم كارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە نەیدەتوانی كارێكی دیكە بكات. دیارە سوكڕات نەیدەتوانی دام و دەزگای ئەسینا بگۆڕێت و كە هانای بۆ شارێكی دی دەبرد دام و دەزگا و پرس و بابەتی هاوشێوەی ئەمانەی بەدی‌دەكرد. لەم ڕووەوە، بەباشی زانی لە ئەسینا بمێنێتەوە و بمرێ و بەم شێوە بە خودی خۆی وەفادار بێت و ئەركەكەی بە تەواوی كۆتایی پێ‌بێنێت. سوكڕات بە مردنی بوو بە سیمبۆلی ئەو تاكەی بۆ خۆی و سەربەخۆ لەشار بوونی بوو و ژیا. بەڵێ ئەم فەیلەسوفە گیانی خۆی بۆ داكۆكیكردن لەم بەها بەرزە فیدا كرد. بەڵام نابێ بیرمان بچێت مەرگی ئەو وەكوو شكستێك بۆ دەوڵەتشار لە قەڵەم دەدرا، چونكە بوونی كەم و كورتییەكی بنەڕەتیی، واتە بە ڕەسمی دانانی تاك وەكوو تاك و قایلبوون بە ئازادیی ڕامان و بیركردنەوەی دەخستەڕوو. سەیر لەوەدایە ئەم كەم و كورتییەی لە ئەسینا بەدیار كەوت كە بەهەرحاڵ خاوەنی سیستمێكی دیمۆكڕاتیك بوو و سوقڕات لەوێ هەندێ یارمەتی و كارئاسانی بۆ دەكرا. كەواتە كەم و كورتییەكە بە پلەی یەكەم لە‌ دەوڵەتشارەكانی دیكەی یوونان و بەگشتی لە دەوڵەتشارە كەونینەییەكاندا بوونی بوو. 

فۆستل دۆكۆلانژیش بەم شێوە ڕووكردی سوقڕات شرۆڤە دەكات و بە ئاماژە بۆ ‌بونیادی ئایینیی دەوڵەتشاری یوونانی، لایەنی تازەگەرانە و تەنانەت ناڕەزاییانەی ئەم بۆچوونە دەخاتە بەرباس.  بەڕای ئەو، لە ڕاستیدا سوكڕات داب و نەریتە داسەپاوەكانی ئایینی پووچەڵ دەكردەوە و بۆ گەڕان لە حەقیقەت و ئەنجامدانی كارێكی شیاو یارمەتیی لە ویژانی تاكەكەسی وەردەگرت: «ئەو حەقیقەتی بانتر لە داب و نەریتەكان و دادوەریی لە سەروو یاساوە دانا، ئەخلاقی لە كۆت و بەندی ئایین ڕزگار كرد (...) و دەسنیشانی كرد كە پڕەنسیپی ئەرك، ڕەگی لە گیانی مرۆڤدایە. ئەو بەم كارە، خۆوشیار یان ناخۆوشیار شەڕ لەگەڵ ئایینەكانی شاری هەڵگیرساند (...) و ئایینێك دژ بە ئایینی شاری هێنایە ئارا.» بەڵام فۆستل دۆكۆلانژ باسی ئەوە ناكات كە سوقڕات سەربەخۆیی تاك و ئازادیی ڕامانی ڕاگەیاند. 
بەڵام پیپەر هادۆ بەم دواییانە گوتوویەتی: «سوقڕات بە یەكەم تاكی مێژووی ئەندیشەی ڕۆژئاوا دەژمێردرێ.» بە بڕوای ئەو، تاك لە ڕێگەی ئەو کردەی سوقڕاتەوە، لە ڕاستیدا بەرامبەر بە شار خۆی سەلماند: «واتای قووڵی دادگایی كردن و مەرگی سوقڕات ئەوەیە كە دڵنیگەرانبوون بۆ چارەنووسی تاكەكەسی ناتوانێ ببێتە هۆی دووركەوتنەوە لە پەرەگرتنی دژایەتی و ململانێ لەگەڵ دەوڵەتشاردا.»

بەسەرهاتی سوكڕات سروشتی ڕاستەقینەی دەوڵەتشاری كەونینەیی ڕوون دەكاتەوە و تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە ئەم دەوڵەتشارە نەیدەتوانی ئازادیی تاكەكەسی و بوونی سەربەخۆی تاك پەسەند بكات. دەوڵەتشاری كەونینەیی تەنانەت دیمۆكراتیك ـ نە جیاوازی و جیایی نێوان پانتایی تاكەكەسی و تایبەتی و پانتایی گشتی و هەروەها جیایی نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگای دەناسی و نە پێی قایل بوو. بەم چەشنە، پێناسەی دەوڵەتی پێش مودێڕن واتە كۆمەڵەی هاووڵاتییان كە لەودا تاك خاوەنی بوون و هەستیی تایبەتی نییە، بە تەواویی ڕاست و دروست دەكەوێتەوە. خاڵی جێ سەرنج لێرەدایە كە ئەسینا بەسزادانی سوكڕات بە مەرگ تەنیا بەرگری لە ئایینی ڕەسمی نەكرد، بەڵكوو لەواقیعدا، مودێڕنێتیی سیاسی ڕەتكردەوە. بەڵێ دیمۆكراسیی ئەسینا خۆی لە بەردەم هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مودێڕنێتیی سیاسیدا بینییەوە. بەڵام ڕاشكاوانە ڕەتیكردەوە و بێگومان جگە ئەم‌ كارەش نەیدەتوانی كارێكی دی بكات و ڕووكردی ئەسینا خاوەنی بەهایەكی نموونەییە و دەریدەخات كە بە گشتی دەوڵەتشاری كەونینەیی چ پێوەندییەكی بە مودێڕنێتیی سیاسییەوە نەبووە. هەنووكە ئەم پرسیارە دێتە ئارا كە ئاخۆ مەسیحییەت چ گۆڕانكارییەكی لەم بابەتەدا پێشكەش كردووە. ئەم پرسیارە قسەی زۆر هەڵدەگرێ.

سەرچاوە: بەشی یەکەمی کتێبی مۆدێڕنێتیی سیاسیی

نووسین: مووریش باربییە


وەرگێڕان: چنوور فەتحی

 



ئه‌م بابه‌ته 63 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر