وەرگێڕانی گرێبەستی ڤێتینگی (1)

گرێبەستی ڤیتینگی ساڵی ١٨٤٠ لە لایەن "ڤیلیام هابسن" نوێنەری پاشای بریتانیا و زیاتر لە پێنسەد کەس لە بەرپرسانی هۆزەکانی مائۆرییەوە ئیمزا کراوە.
PM:03:24:06/05/2022
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


"وەرگێڕانی گرێبەستی ڤێتینگی، بەکارهێنانی وەرگێڕان بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵات"

گرێبەستی ڤیتینگی ساڵی ١٨٤٠ لە لایەن "ڤیلیام هابسن" نوێنەری پاشای بریتانیا و زیاتر لە پێنسەد کەس لە بەرپرسانی هۆزەکانی مائۆرییەوە ئیمزا کراوە. ئەو تاپۆی کە مائۆرییەکان ئیمزایان کرد نوسخەی وەرگێڕدراوی پەیمانەکە لە ئینگلیزییەوە بۆ زمانی مائۆر بوو. ئەم پەیماننامە ساڵانێکی زۆر بە هێمای لەدایکبوونی نەتەوەی نیوزیلاند دەهاتە ئەژمار. لە قۆناغێکیدا کە داخڵبوونی نەتەوەیەکی بەهێز بۆ وڵاتێکی دیکە و بەدەستەوە گرتنی حکوومەتی خۆجێیی هێندەش نائاسایی نەبوو، ئەم پەیماننامە بە بەڵگەیەکی گرنگ لە قەڵەم دەدرا. گرێبەستی ڤیتینگی دەربڕی شێوازی نوێی بەرەو ڕوو بوونەوەی کۆلۆنیالیزم لەگەڵ پڕەنسیپە ئەخلاقییەکان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی مافەکانی خەڵکانی خۆجێیی کۆلۆنییەکە بوو. ئەمە جگە لەوەی کە بە کەیسە دەگمەنەکانی بەرەو ڕو بوونەوەی نائاسایی پاشایەتیی بریتانیا بۆ ڕێکخستنی گرێبەستەکەش دادەنرێت.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی نیوزیلاند، دەیڤید لانژ، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم گرێبەستە "دەتوانێ بەهێزترین سیمبۆلی یەکگرتووییمان بێت." هەرچەند لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە مائۆرییەکان و نیوزیلاندییە بە ڕەچەڵەک ئەورووپییەکان، ڤیتینگی بە کڵاوچییەتی دەزانن. ئەم گرێبەستە بە ڕواڵەت دوو کولتووری جیاوازی لە فەزایەکی هاوڕێی ڕێز وباوەڕی بەرامبەر لێکدی نزیک کردبۆوە بەڵام "وەرگێڕان" بە ڕادەیەکی زۆر بوو بە هۆی لە نێوچوونی ئەم باوەڕە و گەلێک بشێوی و تاڵیی لێکەوتەوە.

"هێنری ویلیامزی" بانگەشەکاری کڵێسەی ئینگلیزی و وەرگێڕی ئەم گرێبەستە، پێشتر کاری وەرگێڕانی ئەنجام دابوو و ئاگاداری ئامانجە ستراتیژیکییەکانی ئەم گریبەستە کۆلۆنیالیستییە بوو. ئەو بۆ ئەوەی لە ڕێککەوتن لەگەڵ مائۆرییەکان دڵنیا بێت، هەندێ وشەی تەمومژاوی و نادیاری لە وەرگێڕانەکەیدا بەکار هێنابوو. وەرگێڕانەکەی لەو ڕووەوە کە مائۆرییەکان ئیمزایان کرد، سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەتەواویی وەرگێڕانی وەفادار و بەئەمەگی دەقە ئینگلیزییەکە نەبوو. ئەمڕۆکە بەڵگەی زۆر کەم سەبارەت بە هاندەری ویلیامز بۆ درووستکردنی ئەم جۆرە نادیاری و تەمومژانە لە بەردەستدایە. بۆ دۆزینەوەی تێبینییەک بۆ ئەوەی کە ئەم وەرگێڕانە چۆناوچۆن دەسەڵاتی لە نەتەوەیەکی ئازاد و سەربەخۆ سەندەوە، دەبێ هەلومەرجە مێژووییەکانی وەرگێڕانەکە لێک بدەینەوە. دەکرێ لەم ڕێگەوە لەو هێزانەی کاریگەرییان لە سەر وەرگێڕ دانابوو و یارمەتییان دابوو وەرگێڕانەکە بەم شێوە بیچم بگرێت، تێبگەن.  ڕۆژی ٢٩ی ژانڤییەی ١٨٤٠ کاپتن ڤیلیام هابسن گەیشتە نیوزلاند لە حاڵێکدا کە لە لایەن دەولەتی بریتانیاوە بەتەواوی دەستی ئاوەڵا و خاوەنی دەسەڵاتی تەواو بوو تاکوو بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ پاشای بریتانیا لەگەڵ مائۆرییەکاندا دانووستان بکات. ئەم ڕووداوە بەرهەمی حەفتا ساڵ "پێوەندیی بەسوود" لە نێوان مائۆرییەکان و بریتانیاییەکاندا بوو. 

سەرەتا بریتانیاییەکان هێند خوازیاری دەستێوەردانی فەرمی لە نیوزلاند نەبوون، چونکە "نیوزلاند بە بازاڕێکی ئاستەنگ دەهاتە ئەژمار و بۆ سەرمایەداڕشتن لەوە نەدەچوو کە پێگەیەکی باشی هەبێت"، جگە لەوەش دەوڵەتی ئەوکاتی بریتانیا زۆر حەزی لە پەرەدان بە ئیمپراتووریاکەی نەبوو. هەروەها هەستی مرۆڤدۆستیی بەهێزی ئەو قۆناغە و هەستیاریی بەرامبەر بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان بوو بە هۆی ئەوەی کە بریتانیا قازانجە کۆلۆنیالیستییەکانی خۆی بەناوکۆی بانگەشەکارانی بریتانیایی و ئاژانسەکانی کەرتی تایبەت بەدەست بێنێت. بەرپرسانی بریتانیایی سیاسەتی کەمترین دەستێوەردانیان بە نیسبەت نیوزلاندەوە گرتبووە بەر. جەنگ و شۆڕشەکانی ئەفریقیای باشوور، هیندستان و کەنەدا ئیمکانیات و توانستی بەرتەسک کردبوونەوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی دەهەی ١٨٣٠دا گۆڕانێکی بەرچاو لە ڕوانگەی بریتانیا سەبارەت بە نیوزلاند هاتە ئاراوە.  پرس و بابەتەکانی تایبەت بە نیوزلاند بە جۆش و خرۆشەوە لە پاڕلەمان و لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەخرایە بەر باس و دوو بەرەی بەتەواویی ڕێکخراویش پەرەیان بەم قسە و باسانە دەدا: کۆلۆنی‌نشینەکان لە لایەکەوە و گرووپە مرۆڤ‌دۆستەکان و بانگەشەکارانی کڵێسەی بریتانیا لە لایەکی دیکەوە. سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم نیوزلاند وڵاتێکی ناپیشەسازیی بوو کە کەم تا زۆر هەموو حەشیمەتەکەی سەرقاڵی کێڵگەداری و جەنگەڵوانی بوون. مائۆرییە خۆجێیەکان هێشتا تەنها بۆ بەدەست هێنانی بژیوی ژیان و خۆراک کشت و کاڵیان دەکرد و ساڵانێک دوای ١٨٤٠یش زۆربەی دانیشتووانی وابەستەی ئەم جۆرە ئابوورییەی مائۆریی بوون. بەدەسەڵاتترین دامەزراوە لە نێو کۆلۆنی‌نشینەکاندا کۆمپانیای نیوزلاند بوو. کۆمپانیایەک کە کاریگەریی زۆری لە سەر گۆڕانی سیاسەتی بریتانیادا هەبوو. ئەم کۆمپانیا هاوشێوەی زۆرێک لە کۆمپانیاکانی دیکەی کۆلۆنیالیی لە سەر دەستی ئیدوارد گیبن ویکفیڵد دامەزرابوو. 

"ویکفیڵد" کەسایەتییەکی جەنجاڵیی بوو کە تیۆرییەکانی لە مەر کۆلۆنیالیزم، کاریگەریی زۆری لە سەر بەکۆلۆنیال کردنی نیوزلاند دانابوو. بە بڕوای ئەو "کۆلۆنیالیزم" کارێکی بەسوود بووە هەم بۆ کۆلۆنییەکە و هەم بۆ بریتانیا. لە بەر ئەوەی کە لە هەژاری و زۆربوونی حەشیمەت ڕزگاری دەکردن. تیۆریی "ویکفیڵد" گرێدراوی فرۆشتنی زەوییەکان بوو، کە کرێکاری پیشەسازییەکان دەیانتوانی لەو ڕێگەوە ببنە موڵکدار و ئەرباب. کۆمەڵگای کۆلۆنیی نوێ، دەبووە هاوشێوەی کۆمەڵگای بریتانیا. تیۆرییەکانی ویکفیڵد لە زۆر ڕووەور هەم پێشکەوتوو بوو و هەم دواکەوتووانە. کۆمەڵگای کۆلۆنیی ئایدیالی ئەو تایبەتمەندییەکانی لە کۆمەڵگای بریتانیای پێش شۆڕشی پیشەسازیی وەرگرتبوو. ئەو نیوزلاندەی ئەو وێنەی بۆ کێشابوو وڵاتی سپی پێستەکان بوو و کەمترین گرنگیی بە خۆجێیەکانی ناوچەکە درابوو.  سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم مرۆڤدۆستیی بریتانیا لە تەشقی کاریگەریدانانی خۆیدا بوو. تا ساڵی ١٨٣٣ بازرگانیی کۆیلە لە ئیمپراتووریای بریتانیا یاساخ کرابوو و قۆناغێکی نوێ بە هاوکاریی ئەنجومەنی بانگەشەکارانی کڵێسە، ئەنجومەنی پشتیوانیی لە خۆجێییەکان و ئەنجومەنی ژیاری ئەفریقیی دەستی پێکرد. ئەم فازە نوێیە، ژیارە سەرەتاییەکانی نێو ئیمپراتووریای بە ئامانج گرتبوو. دامەزراندنی کۆمیتەی هەڵبژێردراوی پاڕلەمانی عەوام بۆ کار و باری خۆجێیەکان لە ساڵی ١٨٣٧، ترووپکی کاریگەریدانانی گرووپە مرۆڤدۆستەکان بوو. ئەم کۆمیتە بەنیاز بوو باشترین ڕێگاکانی باشترکردنی هەلومەرجی خۆجێییەکان لە کۆلۆنییەکانی بریتانیادا لێک بداتەوە. یەک لە ڕاسپاردەکانی کۆمیتەکە پارێز لە بەستنی پەیمان و گرێبەست لەگەڵ خۆجێیەکان بوو جگە لە حاڵەتێکدا کە مافەکانیان لە بەرچاو بگیریەت.

ئەم ژێستانە بۆ بەرپرسانی کڵێسە و سیاسەتمەدارە پلە خوارەکان لە لەندەن باش بوو بەڵام مەودایەکی زۆری لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی بریتانیادا هەبوو، لە بەر ئەوەی کە ڕووداوەکانی نیوزلاند هەڵمەتی دەستبەجێی دەوڵەتی دەویست.  ساڵی ١٨٣٩ کۆمپانیای نیوزلاند سەبارەت بە زەوییە کڕدراوەکان لە لایەن ئەوانەوە لە نیوزلاند بانگەشەی سەیر و سەمەرەی دەکرد. ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هەزاران دۆنم زەوییان بەدەستەوەیە و ئامادەن بە باڵاترین نرخی پێشنیارکراو بیفرۆشن. ژانڤییەی ١٨٤٠ ویلیامز ویلیامزی بانگەشەکاری کڵێسە لە نامەیەکدا بۆ ئەی. مارش باس لە نائەخلاقی‌بوونی ئەم کڕینانە دەکات:-"ئەورووپییەکان هەوڵ دەدەن لە هەموو شوێنێک زەوی بکڕن و بە دانانی واژۆی خۆجێییەکان لە ژێر ئەو وەرەقانەی پارێزەرەکان لە سیدنی ئامادەیان کردووە فێڵیان لێ دەکەن و بەم شێوە بێ هیچ لێکدانەوەیەک \ زەوییەکانیان لە چنگ دەردێنن". 

بەڵام جگە لە گوشارەکانی کۆلۆنی‌نشینەکان و گرووپێکی مرۆڤدۆست، کێشەیەکی سیهەمیش لە ئارادا بوو؛ کێشەکانی تایبەت بە بێ‌یاسایی لە ڕادەبەدەرە لە نیوزلاند. بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بە خراپ بەکارهێنانی خواردنەوە ئەلکولییەکان، توندوتیژی و تاوان و جینایەتی نێوان ئەورووپییەکان بکەین، بەڵام لەو ڕووەوە کە نیوزلاند لە ژێر حوکمڕانیی بریتانیادا نەبوو، بەرامبەر بەم بێ‌یاساییانە بە کردەوە نەیدەتوانی هیچ کارێک بکات. دانیشتووانی بەڕێزی نیوزلاند، بانگەشەکارانی بریتانیایی و گەورەکانی مائۆرییەکان چەندین جار بە ئیمزاکردنی تۆمار داوای پشتگیرییان لە دەوڵەتی بریتانیا کردبوو و خوازیاری کۆنتڕۆڵ کردنی هەلومەرجی قەیراناویی وڵات بوون. 
لە ساڵی ١٨٣٧ بەملاوە بەرپرسانی بریتانی زیاتر و زیاتر لەم واقیعە گەیشتن کە دەستێوەرانی بریتانیا لە نیوزلاند حاشاهەڵنەگرە و ئەم پرسیارە گەڵاڵە کرا کە ئەم دەستێوەردانە چۆناوچۆن ئەنجام بدرێت. گرنگیدان بە هەلومەرجی نیوزلاند و لە بەرچاو گرتنی بیر و ڕای گشتی لە هەر دوو وڵاتی بریتانیا و نیوزلاند گەلێک گرنگ بوو. ئەنجام کاتێک کە کۆمپانیای نیوزلاند، کۆڵۆنێل ڤیلیام ویکفیڵدی بۆ کڕینی زەوی و جێگیربوون بۆ نیوزلاند نارد، کاتی کردەوە هاتبوو و پێویست بوو دەوڵەتی بریتانیا بۆ کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییانی بریتانیا لە لایەکەوە و دابین کردنی ئاسایشی مائۆرییەکان لە لایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتی ڕەهای لە نیوزلاند بەدەستەوە گرتبا. کاپتن ڤیلیام هابسن ئەرکی بەستنی گرێبەستێک لەگەڵ مائۆرییەکانی پێ سپێردرا کە بە هۆیەوە بریتانیا بەرامبەر بە دەسەڵاتی ڕەها لە نیوزلاند، هاووڵاتی‌بوونی بریتانیا و پشتیوانیی بەرامبەر بە دەسەڵاتە بیانییەکانی بە مائۆرییەکان دەدا. 

"هابسن" لە حاڵێکدا کە تاپۆیەکی داڕێژراوی بەدەستەوە نەبوو و تەنها لە لایەن بەرپرسانی باڵاوە کۆمەڵێک ڕێنمایی گشتیی سەبارەت بە شوناس و ناوەرۆکی گرێبەستەکەوە پێ کرابوو،  چووە نێو کۆمەڵە دوورگەکانی نیوزلاندەوە. ڕاسپاردەکانی کۆرد موڕمان بی، وەزیری کۆلۆنییەکان، ڕەنگی هەستی مرۆڤدۆستیی ڕاستگۆیانەی ئەوی پێوە بوو بە نیسبەت مائۆرییەکان و چارەنووسیانەوە. هەرچەند کاتێک کە قسەی وردەکارییەکانی سیاسەتەکانی ئەوان لە نیوزیلاند دەهاتە گۆڕێ، ئەم هەستانە بە ڕادەیەکی بەرچاو بە هۆی ڕوانگەی واقیعبینانە و کردەگەراییانەوە هێور دەبووەوە. پەیام و ناوەرۆکی ڕێنماییەکان بە تەواویی دژ بە یەک بوون. بۆ هابسن هیچ گومانێک نەمابووەوە کە ئەرکی ڕاگواستنی دەسەڵات و حوکمڕانیی بۆ بریتانیای کەوتۆتە ئەستۆ بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە جەخت کرابووەوە کە ئەم ڕاگواستنە دەبێ " لە سەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ڕاستگۆیی، دادپەروەری و نیازپاکی جێبەجێ بکرێت". لۆرد نۆڕان بی، لە پێشەکییەکەیدا باس لە "دەستدرێژی و لاقەی" بریتانیاییەکان دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە جەخت دەکاتەوە کە مائۆرییەکان ڕێگەیان نییە بچنە نێو ئەو گرێبەستانەوە کە لەبارەیەوە زانیارییان نییە.  بەرپرسیارێتیی هەستیاری زاڵبوون بە سەر ئەم پاڕادۆکسانە و پێکانی مەبەست، کەوتبووە ئەستۆی هابسن. گرێبەستەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێک دوای چوونی هابسن بۆ نیوزلاند داڕێژرا و لەو ڕووەوە کە ئەو زانستی حقووقیی نەبوو، سوودی لە یارمەتیی جەیمز بازبی و جەیمز فریمان کە هەر دووکیان نوێنەری دەوڵەتی بریتانیا لە نیوزلاند بوون، وەرگرت. ئەو ئەنجامەی لێی دەرچوو کۆمەڵەیەکی تەڤلی هەڤ بوو بە ناوی گرێبەستی ڤێتینگی.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارەمی فێڤریڤەریی ١٨٤٠، هابسن بڕیای دا ئەم پەڕە لە گرێبەستەکە وەربگێڕێتە سەر زمانی مائۆری تاکوو بەیانیی ڕۆژی دواتر بۆ ئیمزاکردن ڕادەستی کۆڕی سەرۆک عەشیرەکان بکرێت. هێنری ویلیامز، بەرپرسی کۆمەڵەی بانگەشەکاری کڵێسە لە نیوزلاند، بۆ وەرگێڕانی گرێبەستەکە هەڵبژێردرا. هابسن و ویلیامز هەردوویان لە بابەتەکانی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بریتانیا هاوڕا بوون. پێش ئەوەی هابسن لە بریتانیاوە بەڕێ بکەوێت، ڕاسپێردرابوو لە یارمەتی و هاریکاریی ئەو بانگەشەکارانەی دەتوانن بەمەبەستی پشتگیریی گرێبەستەکە کاریگەریی لە سەر مائۆرییەکان دابنێن، کەڵک وەربگرێت. لە لایەکی دیکەشەوە ئۆسقۆفی باڵای ئۆسترالیا داوای لە هێنرەی ویلیامز کردبوو دەسەڵاتەکەی بۆ کاریگەریدانان لە سەر سەرۆکی عەشیرەکانی نزیک لە خۆی بەکار بێنێت تاوەکوو ئەوان بە خواست و حەزی خۆیان دەسەڵات بە پاشا بسپێرن. بێگومان هێنری ویلیامز لە نێو بانگەشەکارە ئایینییەکاندا سیمایەکی دیار بوو و لە ماوەی دوازدە ساڵ مانەوەی لە نیوزلاند حورمەت و ستایشی ژمارەیەکی زۆر لە مائۆرییەکانی بەدەست هێنابوو. لە زۆربەی ناوچەکانی نیوزلاند دەیانناسی و ڕیزیان لێدەگرت. پیاوێک بوو بەرپرس، بوێر و بەهێز کە بە "باوکی ڕاستەقینەی هەموو هۆزەکان دەهاتە ئەژمار".

بانگەشەکارانی کڵێسەی بریتانیا ساڵی ١٨١٤ وەک کۆمەڵەی بانگەشەکارانی کڵێسە چوون بۆ نیوزلاند. هەر لە سەرەتاوە ئەرکیان تەنها بانگەشە کردن بۆ ئینجیل نەبوو بەڵکوو بەردەوام هەوڵیان دەدا ئەو ئایدیا درووست بکەن کە پاشایەتیی بریتانیا گرنگییەکی باوکانە بە بەختەوەری و کامەرانیی مائۆرییەکان دەدات. ئەوان گرووپێک لە ڕێبەرانی مائۆرییشیان بە کۆڕ و جڤاتە حکوومییە بریتانیاییەکانی سیدنیی ئۆسترالیا و بریتانیا ناساند. ساڵی ١٨١٢ جۆرجی چوارەم، پاشای بریتانیا، لە دیدارێکدا چاوی بە سەرۆک عەشیرەکانی مائۆریی کەوت. ئەم دیدارە بە پێی شرۆڤەی مائۆرییەکان بە مانای بەستنی پێوەندییەکی تایبەت و هاوڕێیانە لە نێوان مائۆرییەکان و پاشا بوو.

هەندێ دۆخ و پێگەی دیکەش کە لە دەهەکانی دواییدا هاتە ڕوودان، وەکیتر داکۆکییەک بوو لە سەر نیازپاکیی پاشا بەرامبەر بە سەرۆکی عەشیرە مائۆرییەکان. ساڵی ١٨٤٠ دەسەڵاتی کڵێسە و کاریگەرییەکانی لە سەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیان لە نیوزلاند، گەشتبووە تەشق و ترووپکی خۆی. کڵێسە لە مەیدان و گۆڕەپانی سیاسیدا دەورێکی دووانەی دەگێڕا:- هەم پشتیوانی و پشتگیریی لە نوێنەرانی پاشای بریتانیا لە نیوزلاند دەکرد و هەم لە سەرۆکی عەشیرە مائۆرییەکان. 

کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی کڵێسە پێش کاریگەرییە ڕوحانییەکەی کەوتبوو. بانگەشەکاران تەنها مۆعیزەیان نەدەکرد بەڵکوو چالاکانە بەشدارییان لە  کۆمەڵگا و ژیانی مائۆرییەکاندا دەکرد. ئەوان مرۆڤخۆری، کۆیلەداری و فرەژنییان سەرکۆنە دەکرد. چاوەدێریی نەخۆشەکانیان دەکرد و لە دابین کردنی ئاشتیی لە نێوان ئەو عەشیرانەی کە لە شەڕدا بوون، ناوەندگیرییان دەکرد. ئەوان هەروەها زمانی نووسینی مائۆرییان بەدیهێنا بە شێوەیەک کە مائۆرییەکان لەوانەوە فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانەکەکان بوون. بەرهەمهێنانی قامووسی مائۆری و وەرگێڕانی دەقە ئایینی و حقووقییەکان چلاکییەکی دیکەی بانگەشەکارە بریتانیاییەکان بوو. دەهەیە ١٨٣٠ یەکەم مائۆری هاتە سەر دینی مەسیحی. زۆرێک لەو مائۆرییانەی ببوون بە مەسیحی بیر و باوەڕە تازەکانیان لەگەڵ چالاکییە ئایینییە نەریتییە مائۆرییەکان ئاوێتە کردبوو. یەک لە هۆکارە گرنگەکانی هۆگریی و خواستی مائۆرییەکان بۆ مەسیحییەت بەدەستهێنانی خوێندەواری بوو. ئەوان زۆریان پێ خۆش بوو فێری خوێندنەوە و نووسین بن. مامۆستاکانیان بانگەشەکارانی مەسیحی بوون و تاکە سەرچاوە و کتێبێک کە مائۆرییەکان لەو سەردەمەدا دەیانتوانی بیخوێننەوە ئینجیل و دەقە ئایینییەکانی دیکە بوو. مائۆرییەکان لەو کاتەوە کە ببوونە هاونیشتیمانیی نیوزلاندییە بەڕەچەڵەک ئەورووپییەکان تێگەیشتبوون کە ئەورووپییەکان گرنگییەکی زۆر بە دەق و تێکستە نووسراوەکان دەدەن. بانگەشەکارە مەسیحییەکان پێیان دەوتن کە وتەی خواوەند بەو شێوەی کە لە ئینجیلدا هاتووە لە ڕاستیدا پەیمانێکە لە نێوان خواوەند و پەیڕەوانی مەسیح. ئەم ئامۆژانە بوو بە هۆی ئەوەی کە مائۆرییەکان گرێبەستی ڤیتینگی بە پەیمانێک لە نێوان شاژن و خۆیاندا ببینن و بانگەشەکارانی مەسیحیش پەرەیان بەم ڕوانگە دەدا. 
بەرپرسیارێتیی هەستیاری وەرگێڕانی دەقی گرێبەستەکە سپێردرا بە هێنری ویلیامز. ئەو بۆ ڕیک و پێک‌کردنی دوو کولتووری جیاواز تەنها چەند کاتژمێری شەوی بەدەستەوە بوو. "ویلیامز" زمانی مائۆریی زۆر بە باشی دەزانی، ڕەوان و پاراو قسەی دەکرد و بە ساڵان سەرقاڵی وەرگێڕانی دەقە ئایینییەکان بۆ سەر زمانی مائۆریی بوو. ویلیامز وەرگێڕێکی پسپۆڕ نەبوو بەڵام ئاگاداری هەندێ لە ڕەهەندە تیۆرییەکانی وەرگێڕان بوو.

"ئیدوارد"، کوڕی بیست ساڵانی "ویلیامز"، کە لە نیوزلاند گەورە ببوو و بە شێوەزاری ناوچەکە ئاشنا بوو لە وەرگێڕانەکەدا یارمەتیی دەدا. لەو تەمەنەدا پێدەچوو دەرکی بڕێک لە چەمکەکانی ئەم گرێبەستەی لە ئینگیزییەکەشدا بەلاوە دژوار بێت، چ بگات بە توانستی وەرگێڕانیان بۆ زمانی حقوووقیی مائۆریی. لە هیچ شوێنێکدا باسی ئەوە نەکراوە کە ئاخۆ کەڵک لە یارمەتیی مائۆرییەکان بۆ وەرگێڕانی گرێبەستەکە وەرگیراوە یان نا. لە ڕاستیدا هەلومەرج و پێویستیی ئەو ڕۆژە هۆکار بوو تاوەکوو ویلیامز و کوڕەکەی وەک وەرگێڕی ئەم تاپۆ هەرە گرنگە حقووقییە دەسنیشان بکرێن. کەسانێکی دیکەش هەبوون کە لێهاتوویی و تواناییەکی زۆر زیاترین هەبوو بەڵام دوور بوون. هابسن بە هۆی فەوریی بوونی بابەتەکەوە ناچار بوو سوود لەو کەسانەی لەو نزیکانەدا بوون و هەڵبەت ویستیاری هاوکاریش بوون، وەربگرێت. بە بەراورد کردنی دوو دەقی ئینگلیزی و مائۆری دەکرێ لە ستراتیژەکانی ویلیامز لە وەرگێڕانەکەدا تێبگەین. هەروەک خۆشی گوتوویەتی، ئەو وشانەی لە زمانی مائۆریدا هاوواتای ڕاستەوخۆیان نییە لە وەرگێڕانەکەدا سڕاونەتەوە. دەقی ئاڵۆز و پسپۆڕانەی ئینگلیزی گۆڕاوە بۆ دەقێکی سادەی مائۆری ئەویش بەو سڕینەوە هەرە زۆرانەوە. لە وەرگێڕانی هەندێ وشەی دیاریکەر و چاەنووس‌ساز لە باتیی ئەوەی کە نزیکترین وشەی سروشتیی زمانی مائۆریی بەکار بهێنن، کەڵکیان لەو وشە و چەمکانەی بۆ وەرگێڕانی ئینجیل بۆ سەر زمانی مائۆری بەکار هاتووە، وەرگرتووە. مائۆرییەکان بە زۆری دەرکێکی جیاوازیان بە نیسبەت ئەم وشە و چەمکانەوە هەبوو. 
بەراوردی وەرگێڕانەکە لەگەڵ دەقی سەرەکی بە لەبەرچاو گرتنی تایبەتیی ژمارەیەک پاڕامێتری کلیدیی وەک حوکمڕانی و خاوەندارێتیی زەوی، نیشانی دەدات کە چۆناوچۆن وەرگێڕانی گرێبەستەکە، پێوەندیی نێوان مائۆرییەکان و نیوزلاندییە بەڕەچەڵەک ئەورووپییەکانی کردووە بە دوو جەمسەریی.  گوایە لەو سەردەمەدا مائۆرییەکان هیچ دەرکێکیان لە مەر چەمکی حوکمڕانیی یان سەربەخۆیی نەبووە و هەر بۆیە هیچ وشەیەکی بەرامبەر بۆ ئەم چەمکانە لە ئارادا نەبووە. بەڵام مێژوو پێچەوانەی ئەمە نیشان دەدات. ساڵی ١٨٣٥، سی و چوار کەس لە سەرۆکەکانی عەشیرە و هۆزە مائۆرییەکان وەک کاردانەوە بەرامبەر بە پەرە و گەشەی بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسییەکان لە نیوزیلاند، ڕاگەیەندراوی سەربەخۆییان ئیمزا کرد کە لە لایەن نووسینەگەی کۆلۆنیالیی دەوڵەتی بریتانیاوە بە فەرمی وەرگیرا. ڕاگەیەندراوی سەربەخۆیی لە ڕاستیدا جەخت کردنەوەیەک بوو لە مافی سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیی مائۆرییەکان کە بە هاندانی نوێنەری دەوڵەتی بریتانیا لە سەر دەستی کەمتر لە ١١%ی سەرۆکی عەشیرە مائۆرییەکان ئیمزا کرا، کە هەڵبەت دوای سێ ساڵ بە کردەوە بێ‌ئیعتیبار کەوتەوە. سەیر ئەوەیە لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەوشەی سەربەخۆیی نیوزیلاند بۆ وشەی tranga tiratanga وەرگێڕدراوە کە لە لایەن بریتانییەکانیشەوە پەسەند کرابوو. وشەیەکی دیکەش هەیە کە بە بڕوای مائۆرییەکان چەمکی ئاڵۆزی حوکمرانیی بە ڕوونی دەردەبڕێت و ئەویش وشەی manaیە. هەر دوو وشەی ناوبراو دەربڕی مەعریفەی مائۆرییەکان بە نیسبەت خۆیانەوە وەک نەتەوەیەک لە نێو نەتەوەکانی دیکە و هەڵگری دەوری خۆیان لە کۆولتووری خۆیاندایە. هەر دوو وشەکە بە ڕێژەیەکی زۆر لە ساڵی ١٨٤٠دا بەکار هێنراوە. 

"هێنری ویلیامز" لە باتیی بەکارهێنانی ئەم وشە و دەستەوشە مائۆرییانە بڕیاری دا بۆ چەمکە دیاریکەرەکانی حوکمڕانی و سەربەخۆیی kawanatanga بەکار بێنێت، وشەیەک کە لە سەر دەستی بانگەشەکارانی مەسیحییەوە درووست بووە و لە kawa  بە مانای فەرماندار وەرگیرابوو. ئەو مائۆرییانەی تازە ببوون بە مەسیحی باش ئەم وشەیان دەناسی چون هەم لە ئینجیلدا بەکار هاتبوو و هەم لە دەقە ئایینییەکانی دیکەی وەرگێڕدراو لە لایەن بانگەشەکارانی مەسیحییەوە. 

وشەی kawanatanga لە ئینجیلدا بۆ ئاماژە بە پۆنس پیلات و فەرماندارییەکەی بەکار هاتبوو، و kawanatanga بە مانای پاشایەتیی خواوەند لە ئینجیلی کینگ جەیمزدا بەکار دەهێنرا. پێدەچێت بەکار هێنانی وشەی kawanatanga لە نوسخەی مائۆریی گرێبەستەکەدا بۆتە هۆی ئەوەی کە سەرۆکی عەشیرەکان لایان وابێت بە دەسەڵاتی بەرتەسکی بریتانیاییەکان لە ناوچەکەدا قایل دەبن و سەربەخۆیی و حوکمڕانیی تەواو و پڕاوپڕی مائۆرییەکان بەردەوام دەبێت. 

لە وەرگێڕانی بڕگەی دووی گرێبەستەکەشدا هەندێ کێشە لە ئارادا بوو. لە دەقی ئینگلیزیدا گوتراوە شاژن خاوەندارێتیی پاوانکراو و تەواوی سەرۆکی عەشیرەکان و خەڵکی عەشیرە و هۆزەکانی نیوزلاند و بنەماڵە و کەس و کاریان بە سەر زەوییەکان، موڵکەکان، جەنگەڵەکان، سەرچاوە دەریاییەکان و سامان و داراییەکانی دیکەیان کە بە شێوەی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ هەیانە بە فەرمی دەبینێت و گەرەنتییان دەکات، تا کاتێک کە بە خواست و حەزی خۆیان ئەم داراییانە ڕادەست بکەن. 
ئەم ماددە لە وەرگێڕانی مائۆرییەکاندا بەم شێوە هاتووە: (وەرگێڕانی پێچەوانە) شاژنی بریتانیا ڕازییە بەوەی کە لە سەرۆکی عەشیرەکان و هۆزە بچووکترەکان و هەموو خەڵکی نیوزلاند بەرامبەر بە چالاکیی ناکارامە، پارێزگاریی لە زەوی و زار و لادی و گەنجینەکانیان بکات. 

لە وەرگێڕانە مائۆرییەکاندا نەک هەر مەرجی خاوەندارێتیی تاکەکەسی و کۆیی سڕدراوەتەوە بەڵکوو جەنگەڵەکان و سەرچاوە و زیندەوەرانی ناو دەریاش لە کۆمەڵەی ئەو داراییانەی گەرەنتیی دەکرێن دەرکراوە و لە باتیی ئەوان وشەی نادیاری tangakatoa بە مانای گەنج یان گەنجینەکان بەکار هاتووە. وەرگێڕانی دەستەوشەی گەرەنتیی خاوندارێتی کە لە دەقی ئینگلیزیدا هاتووە بۆ دەستەوشەی tetino rangatiratanga وەکیتر بۆتە هۆی سەرلێشێوان و نادیاری. چون ئەم چەمکە لە زمانی مائۆرییدا زۆر بەربڵاوترە لە خاوەندارێتیی لە زمانی ئینگلیزیدا. ئەم چەمکە لە زمانی مائۆریدا ئۆتۆریتی و مافی کۆنتڕۆڵ کردن دەگرێتەوە و زۆر لە مانای ئینگلیزیی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی ڕەها نزیکە. مائۆرییەکان بە شێوەی نەریتی بە سەر زەویدا خاوەنی خاوەندارێتیی نەبوون. هەر عەشیرەیەک ناوچەیەکی لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بوو، بەڵام زەوی هی نەوەکانی پێشوو، هەنووکە و داهاتوو بوو. زەوی کاڵایەک نەبوو بکرێ بگوێزرێتەوە یان ئاڵوگۆڕ بکرێت. خەڵک لە ڕاستیدا بەشێک بوون لە زەوی، نەیاندەتوانی خاوەنی بن. ئەم دوو وێنا زۆر جیاواز و ناهاوشێوە سەبارەت بە وتەزای زەوی، گەیشتنی دوو لایەنی گرێبەستەکەی بە دەرک و تێگەیشتنێکی بەرامبەر، ئەویش بە وەرگێڕانێک بە پێێ دانانی وشە لە باتیی وشە، نامومکین دەکرد. ئەم گرێبەستە تایبەتمەندییەکانی کولتووری مائۆری و دەرکی ئەوان بە نیسبەت وتەزای زەویی، کە لە یەکگرتوویی کولتوورییاندا گرنگیی تایبەتیی هەیە، لەبەرچاو نەگرتووە. بەشی دووهەمی ماددەی دووی گرێبەستەکەش باسی کڕین و فرۆشتنی زەوی دەکات. لە نوسخەی ئینگلیزیدا هاتووە: "سەرۆکی عەشیرە هاوپەیمانەکان و سەرۆکی عەشیرە سەربەخۆکان مافی لەپێشبوونی کڕینی ئەو زەوییانەی خاوەنەکانی بەنیازی فرۆشتنین، بە شێوەی پاوانکراو دەدا بە شاژن".

نووسین: سابینا فێنتۆن و پۆل مۆن

وەگێڕان: چنوور فەتحی




ئه‌م بابه‌ته 71 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر