کوشتنی ژنان، نەریت یان مێنتەڵێت

دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی و پلە دووی ژن، وەک سیمایەکیی بەرجەستەیی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی زۆرێک لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، بووەتە واقیع.
PM:11:17:03/04/2022
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


ژیان جەلال
نووسەر و یاساناس


دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی و پلە دووی ژن، وەک سیمایەکیی بەرجەستەیی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی زۆرێک لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، بووەتە واقیعێک، کە زۆرجار وا پاساویی بۆ ڕیز دەکرێت کەئەم جیاوازییە لەپێگەی کۆمەڵایەتیی لە سروشتەوەیە! بەواتا ئافرەت وەک ڕەگەزێکی جیاواز، بەسروشت لەپیاو کەمترە، بوونە کۆمەڵایەتییەکەشی دەرهاویشتەیی ئەو حەقیقەتەیە!.

شێری ئۆرتنەر"، ڕەخنەگرو توێژەرو نووسەری فێمێنیستی ئەمریکیی، لەیەکێک لە توێژینەوەکانیدا دەڵێت"پلە دووی ژنان، ڕاستییەکی جیهانییە; ئەم ڕاستییە، توانیویەتی سنووری هەموو کولتوورەکان ببڕێت"، ئەم تێکستە دەروازەیەکی ڕوونە بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ئەوئاریشە کۆمەڵایەتییەی ڕووبەڕووی دەبینەوە. بەواتا؛ ئافرەت تەنها لە کۆمەڵگەیەک، یان ئایینێک، کولتوورێک، بەکەمتر لەپیاو تەماشا ناکرێت، بەڵکو ئەم ئایدیا ڕادیکاڵە لەهەموو پنتێکی جیهان بەمجۆرەیە!.

هەرچەندە نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ژن وخەباتی ژنان، بەڵام ئەوە دەزانین کە بەڵێ ئافرەت وەک ڕەگەزی دووەم چەندین سەدەیە بەپلە دوو کراوە. هزری پیاوسەروەریی، هزری باڵای تەواوی کۆمەڵگەکان بووە، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەو هزرەشدا، ژنان تێکۆشانیان کردووە توانیویانە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیی بکەن وگۆڕان بەدیبهێنن.

چەوساندنەوەی ڕەگەزی مێ؛ کە ڕەگوڕیشەیەکی قوڵی کۆمەڵایەتیی هەیە، بەتەنها کولتوورێک نییە بەڵکو بووە بە مێنتەڵێتێک کە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە لە زهنییەتی تاکی ڕۆژهەڵاتیی ڕەگی داکوتیوە. باڵادەستیی نێر، پیاوسەروەریی، وەک ئیمتیازێکی کۆمەڵایەتیی لای بەشێک لە نێرەکان لەکۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیی تەماشا دەکرێت؛ بەواتا ئەوان مافی خاوەندارێتیی ژنیان پێدراوە، بۆیە ئامادەنین دەستبەرداریی  ئەو ئیمتیازە کۆمەڵایەتییە بن، کە شەهامەت و پیاوەتیی وکۆمەڵێک ئیعتیباری تر لەوەدا کۆدەکەنەوە کە دەبێت خاوەندارێتییەکی ڕاستەقینە بۆ مێییەنەکانی خێزانەکەیان بکەن. ئافرەت لەپرۆسێسە کۆمەڵایەتییەکەدا بە ئۆبژە کراوە. خاوەن ئیختیار نییە و پاسیفکراوە. دەبێت ئاڕاستەکراو وملکەچ و ئەڵقەلەگوێی زنجیرەیی کۆمەڵایەتیی پیاو، خێزان، بنەماڵە، عەشیرەت، کۆمەڵگە بێت، لادان لەم چوارچێوە بەنەریت کێشراوە، باجەکەی قورس دەبێت! 

"کەیت مێلیت" نووسەرو ئەکادیمیست: لە کتێبی(سیاسەتی ڕەگەزیی)، باس لەوە دەکات" کەپرسی ژن تەنها بەکۆمەڵایەتیی نەکراوە، بەڵکو بەسیاسییش کراوە"؛ مەبەست لەمەش دەسەڵات و هەژموونی گروپێکە بەسەر گروپێکی تر؛ واتا لەچەمکیی هێزو دەسەڵاتدا، گروپێک باڵادەسترن وحوکمی گروپی لاوازتر دەکەن، تەوزیفکردنی ئەم ڕایە، بەسەر باڵادەستی نێر بۆ مێ لەم جۆرە کۆمەڵگایانە، بەرچاوڕوونی زیاترمان دەداتی کە لەگەڵ چیدا ڕووبەڕوودەبینەوە!

کۆمەڵگەی کوردیش، وەک بەشێک لەم کۆمەڵگە نەریتییانە، تائێستاش بەئەندازەیەکی زۆر هەڵگری هزرێکی توندڕەویی دژە ژنە. ژمارەیەکی بەرزی هەیە لە کوشتنیی ژن بەپاساویی جۆراوجۆر بەتایبەتیش کوشتن بەناوی نامووسەوە! 

ساڵانێکە بزاڤی فێمێنیستی لەکوردستان چالاکە؛ سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت، پەرلەمان، ڕێکخراوەکان، بەڵام نەتوانراوە هزری کوشتنی ژن بسڕنەوە، ژن لێرە هێشتا خۆی نییە! وەک کاڵایەک خاوەندارێتیی دەکرێت، ژیان وەک مافێکی سروشتیی بۆ مێ، بەڕەوا نەبینراوە، کوشتن وەک سێبەر، وەک مۆتەکە بەدوای ژنەوەیە!

هێشتا لێرە کوشتنی ژن، ڕۆژانە هەواڵی گەرمیی میدیاکانە، کەم ڕۆژ هەیە تێپەڕێت، بەبێ هەواڵێکی کوشتن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ کێ ئەم مافەی بەنێر داوە؟ کێ دەتوانێت لێی بسەنێتەوە؟ چۆن ئەم دەسەڵاتە نێرسالارییە لەڕەگو ڕیشە دەردەهێنرێت؟ 

کەی کۆمەڵگەیەکی هاوسان ویەکسان دەتوانین بینا بکەین؟ چەندی تر کوشتنی ژن وەک لەکەیەک بەنەریتی ئێمەی کوردەوە دەمێنێتەوە! کەی ئافرەت لەکۆمەڵگەی ئێمە ژیانی بەدەست نێرەکانەوە نابێت، چەندی تر لەو ڕاستییە ناگەین کە نابێت نەریت و عەقڵیەتی کۆمەڵگە ژیانی ئێمە بەڕێوەببات! سووچ و تاوانی هەموو هەڵەو لادانەکان بەڕۆحی ژنێک تەواوببێت! خوێنی ژنێک هەموو گوناهەکان پاکبکاتەوە، دادگای خێڵ و بنەماڵە وعەشیرەت وگەڕەک وکۆمەڵگە لەکۆتایدا حوکمیان بە ڕژانی خوێنی ژنێک، بەعادیلانە بزانن!

تا ڕێژەی چەپڵەلێدان و ستایش کردن ودەستخۆشانە، بۆ بکوژان ئاوا زۆربێت، ئەوا بەردەوام بینەرو بیستەری کوشتنی زیاتردەبین.

ئەوەی گرنگ و جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە، لەپێناو سڕینەوەیی ئەم کولتوورە دزێو و نامرۆڤانەیەدا، پێویستە هەمووان نەفرینی لێ بکەین، هەمووان دژی بین، ئیدانەی بکەین، ڕای گشتیی لەسەر دروستبکەین، هەڵوێستمان هەبێت، چونکە قوربانییەکان لەئێمەوە دوور نین! دەکرێت قوربانییەکە ڕۆژێک لەهەریەکێک لەئێمەوە نزیک ببێتەوە.

شەڕی بەگژداچوونەوەی نەریتی چەوت، شەڕێکی هەمەگیرە، پێویستە هەموو کایەکانی کۆمەڵگە تیایدا بەشداربن. کۆتایهێنان بەپاوانخوازیی و پێودانگە کۆمەڵایەتییەکانیی هەڵاواردن، ئەرکە جێندەرییەکان و جیاکاریی زەقی جێندەریی وپلە دووی ژن؛ پێویستی بەشۆڕشی فکرییە؛ دەبێت پەروەردەو هزری تاک بگۆڕین، لە کەناردا بۆ چارە نەگەڕێین! بچینە قوڵایی، ستراکچەری ئەم زهنیەتە بدۆزینەوە، تا بە چەکی خۆی شەڕ دژی بەرپا بکەین. لەجێی هزرە توندو چەقبەستووەکان، پڕی بکەین لەهزری 
مرۆڤسالاریی وپلۆرالیزم و قبوڵکردنی جیاوازییەکانی یەکتر. دەبێت ئەو هزرە ئۆرگانیزە و تەبەنی بکرێت کە کوشتن بێ شەرەفییە نەک شەرەفپارێزیی!.

هاوکات دژی هەموو پرنسیپە مرۆڤایەتیی وئایینیەکانیشە! بەپێچەوانەوە ئەم کوشتاریی ژنە، پرسیاری جەوهەریی دروست دەکات لەسەر هەمووان، لەسەر ئایین و باوەڕ وئینسانیەت وئاستی هۆشیاریی وڕۆشنبیریمان، هەربۆیە وەستانەوە لەدژی بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیی و مرۆییە. چاوداخستن وبێ هەڵوێستیش، لە جەوهەردا پشکدارییە لە ڕەواجدان وهاودیدیمان بەرامبەر بەم زوڵم وکوشتن وبڕینە...


ئه‌م بابه‌ته 231 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر